سێ وڵاتی رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند بەهۆی ئەو پێشلکاریانەی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی و یاسای 2231ی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیکات، ئێران لە هەمو کاتێک زیاتر پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەستداوە. ئەو سێ وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا داوایان کردوە ئێران هاوکاریی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا نەکات و چەک رادەستی گروپە چەکدارە شیعەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەکات. ئەو سێ وڵاتە کە هاوکات بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان و ئێران و وڵاتانی 5+1ن جەختیان لەوە کردوەتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە ئێستادا مایەی نیگەرانییە لە جیهان بە تایبەت کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرز کردوەتەوە. بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە کۆتایی بەیاننامەکدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەبێت ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی بێت و هاوکات ئەو سێ وڵاتەش رێگە نادەن تاران بە هێچ شێوەیەک بۆمب و چەکی ئەتۆمیی دروست بکات. بەیاننامەکەی ئەو سێ وڵاتە لە کاتێکدایە دوێنێ دوشەممە کەمال خەرڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێیەم لوتکەی تاران رایگەیاند وڵاتەکە توانای ئەتۆمیی بەهێزی هەیە بەڵام ئامانجی دروستکردنی بۆمبی نییە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ له ئوردن گهڕی دووهمی لوتکەی بهغداد بۆ هاریكاری و ئاشتی بهڕێوهدهچێت، كه تایبهته به دۆخی عێراق و ئامانج لێی پشتیوانیكردنه له سهروهری و سهقامگیری ئهو وڵاته، بڕیاریشه هەریەکە لە عێراق، فەرەنسا، ئوردن، میسر، کوێت، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، عومان، بەحرێن و ئێران و چاوەڕوان دەکرێت تورکیاش لە کۆنفرانسەکە بەشدار بێت. ئهحمهد سهحاف وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی عێراق رایگهیاند، ئهو چالاكییه كه به لوتكهی بهغداد ناسراوه و زۆربهی تهوهرهكانی، خۆی له پرسه ئهمنییهكاندا دهبینێتهوه، له ناوچهی دهریای مردووی شانشینهكه ئهنجامدهدرێت و ئامانج لێی جهختكردنهوهیه لهسهر پاڵپشتیكردن له عێراق و سهروهری، ئاسایش و سهقامگیرییهكهی. سهحاف راشیگهیاند، میوانداریكردنی ئهو لوتكهیه لهلایهن وڵاتی ئوردنهوه له سهر داواكارى شا عهبدوڵڵای دووهم، شای ئوردن بوو. دهشڵێت: “لوتكهكه به ههماههنگیی نێوان شا عهبدوڵڵا لهگهڵ ههریهك له ئیمانوێل ماكرۆن، سهرۆكی فهرهنسا و محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق، بهڕێوهدهچێت”. وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی عێراق روونیشیكردهوه، جگه له ئامادهبوونی ئهو سێ سهركردهیه، ژمارهیهک سهركرده و نوێنهری وڵاتان تێیدا بهشداردهبن، لهوانهش، میسر، سعوودیه، ئیمارات، قهتهر، بهحرهین، كوهیت، عومان، توركیا و ئێران، وێڕای بهشداریكردنی ههریهک له ئهمینداری گشتیی كۆمكاری عهرهبی، ئهمینداری ئهنجوومهنی هاریكاری وڵاتانی كهنداو، نوێنهرانی نهتهوهیهكگرتووهكان، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و یهكێتی ئهوروپا. ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی کۆنفرانسەکە رایگەیاند "ناونیشانی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە چۆن پێکەوە کاربکەین لە پێناو پشتیوانیکردنی عێراق؛ پشتیوانیکردنی ئاساییشەکەی، سەقامگیرییەکەی، ئابوورییەکەی و دەستکەوتەکانی." د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت کۆنفرانسەکە بکەنە دەرفەتێکی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئەنەقەرە و تاران بۆ سەر عێراق. ئاساییشی خۆراک، دەرمان و وزەی ناوچەکە و جیهان، تەوەری دیکەی کۆنفرانسی دووەمی بەغدان لە عەممان کە فەرەنسا سەرپەرشتی دەکات.
هاوڵاتی بەڵگەفیلمی سینەمایی 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد نگین ئەحمەدی و لە بەرهەمهێنانی ئیلاهە نەوبەخت، لە بەشی پێشبڕکێی 'نەوەکان' لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا وەرگیراوە لە بەشی کێبڕکێدایە. بەشداری 'دەروازەی خەونەکان' لە فێستیڤاڵەکەدا، یەکەم نمایشی جیهانی دەبێت و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی 'نەوەکان' دەکات. بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵ کاتی خایاندووە، چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە نێو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانێیەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە. بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمەکە، لە ئەستۆی رێکخراوەی سینەمایی ئیلی ئیمەیجە بە بەرپرسیارییەتی ئیلاهە نەوبەختە. ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی ئیلاهە نەوبەختە وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین؛ ساڵی رابردوو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی 'رۆژی سێو' لە دەرهێنانی مەحموود غەفاری لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو. حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بە بەرپرسیاری ماریتێ ریسێنبێک و بە بەرپرسیاریەتی هونەری کارلۆ چاتریان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک و ... لە رۆژانی 16 تا 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. لە(ڕووداو)ەوە وەرگیراوە
بەگوێرەی راپرسیەکی دیکە کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدراوە، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن لەپێش هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتەوەیە. کۆمپانیای لێکۆلینەوەی سارۆسی تورکیا راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا. لە راپرسیەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە، 'ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت دەنگ بە چی لایەنێک دەدەیت؟ ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٣.١٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٥.٩٪ پارتی باش ١١.٥٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١١٪ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ٦.٣٪، بەم شێوەیە مەهەپە لەژێر بەندی هەڵبژاردنەکان کە لەسەدا حەوتە دەمێنێتەوە و ناچێتە پەرلەمانەوە. لە راپرسیەکەدا هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە، ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت، دەنگ بە کام هاوپەیمانی دەدەیت؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە؛ هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن ٤٣.٧٪ هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵات ٤٠.١٪ هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان (هەدەپە و پارتە چەپەکان) ٨.٨٪ پارتەکانی دیکە ٧.٢٪ کۆمپانیای سارۆس پرسیاری لە بەشداربووانیش کردووە کە دەنگ بە کام کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەدەن و ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە؛ کەمال کلچدارئۆغلۆ ٣٠.٧٪ مەنسور یاڤاش ٢٨.٠٪ سەلاحەدین دەمیرتاش ٥.٣٪ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ ٥.٢٪ عەلی باباجان ٢.٩٪ عەبدوڵلا گول ٢.٢٪ مەڕال ئاکشەنەر ١.٣٪ ئەحمەد داودئۆغلۆ ١.٠٪ خۆم یەکلایی نەکردووەتەوە ١٦.٣٪ ئەوانی دیکە ٧.١٪ ئەگەر بە تەنیا ئەردۆغان و کلچدارئۆغلۆ کاندیدی سەرۆکایەتی بن، ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە ٥٠.٥٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ٤٩.٥٪ ئەگەر ئەردۆغان و مەنسور یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە کاندید بن، ئەنجامەکە بەم شێوەیەیە؛ مەنسور یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەنقەرە ٥٠.٩٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ٤٩.١٪ ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و ئەردۆغان کاندید بن، ئەنجامەکە بەم شێوەیەیە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ٥٣.٥٪ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ ٤٦.٥٪ ئەگەر مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش و ئەردۆغان کاندید بن، ئەنجامەکە بەم شێوەیەیە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ٥٤.٦٪ مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش ٤٥.٤٪ ئەگەر عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) و ئەردۆغان کاندید بن، ئەنجامەکە بەم شێوەیەیە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ٥٤.٨٪ عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن ٤٥.٢٪ ئەگەر سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە و ئەردۆغان کاندید بن، ئەنجامەکە بەم شێوەیەیە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ٦٢.١٪ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە ٣٧.٩٪
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا سوپای عێراق ئاشکرایکردووە شەوی دووشەممە، لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە شەڕ لە نێوان دوو هۆزدا روویدا؛ پۆلیسی دیالە دەڵێت: هەشت کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. سوپای عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، لە گوندی ئەبوبالی لە سنووری شارۆچکەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، شەڕ لە نێوان دوو هۆزدا روویدا. لەوبارەیەوە، عەمید نیهاد عەبادی، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە ڕایگەیاندووە: بەهۆی شەڕەکەوە هەشت کەس کوژراون. ئەو بەرپرسەی پۆلیسی دیالە دەڵێت، " لە رووبەڕووبوونەوەکاندا سێ کەسی دیکەش برینداربوون." لە سەرەتای رووداوەکەدا بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان باسیان لەوە کرد، کوژرانی ئەو ژمارە هاووڵاتییە، بەهۆی هێرشی داعشەوە بووە، بەڵام دوای گەیشتنی هێزەکانیان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوت رووبەڕووبوونەوەی لە نێوان دوو هۆزدا روویداوە.
هاوڵاتی لە ئەمریکا، لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس، پێشنیازی تاوانبار کردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ وەزارەتی داد کردووە. لیژنەکە، ئەمڕۆ لە دوایین دانیشتی ئاشکرایدا تاوتوێی ئەو راپۆرتەی کرد کە ٢١ی کانوونی یەکەم لە دەنگدانی کۆتاییدا بۆ رای گشتی بڵاوی دەکاتەوە. ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، جامی راسکین لە گوتارێکیدا لە دانیشتنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەڵگانەی لیژنەکە بەدەستی هێناوە لەگەڵ لایەنە یاساییەکان بەشدارییان پێکردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری هەیە ترەمپ تاوانی وەکو "درووست کردنی کاریگەری لەسەر یاخی بوونەکە، هاوکاری کردنی یاخی بوون و ئامادە کردنی کەش بۆی"، "هەوڵدان بۆ رێگری کردن لە پرۆسەیەکی فەرمی"، "پیلان گێڕی بۆ تێکدانی سستەمی ئەمریکا"ی ئەنجامدابێت. لەو دەنگدانەی کە لە لیژنەکە ئەنجامدرا، بە دەنگی تەواوی هەر نۆ ئەندامەکە ئەوە پەسەند کرا کە دەبێت پێشنیازی وەزارەتی داد بکرێت کە ترەمپ بەم تاوانە تاوانبار بکات. بە ئەگەرێکی زۆر چاوەروانی ئەوە دەکرێت کە ئەو پێشنیازەی لیژنەکە ئاراستەی وەزارەتی داد-ی کردووە هەر بە رەمزی بمێنێتەوە. وەزارەتی داد، ناچار نییە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئەو پێشنیازانە بکات کە لە لیژنەکانەوە پێشکەشی دەکرێت و لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر رووداوەکانی ٦ی کانوونی دووەم بەڕێوەدەبات. لەلایەکی دیکەوە، لیژنەکە پێشنیازی گرتنەبەری رێوشوێنی رێکاری لە دژی سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کێڤن ماک کارتی و ئەندامەکانی دیکەی کۆمارییەکان پێشکەش کردبوو.
هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا وەزیری بەرگری پۆڵەندا، ماریۆز بلاسچاک ئاشكرایكرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەڵمانی لە خۆرهەڵاتی وڵاتهكهیان جێگیر دەکرێت. لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رادیۆیەکی وڵاتهكهی، ماریۆز بلاسچاک ئاماژهی بهوهكرد، دوای ئەوەی مانگی رابردوو مووشەکێک له خۆرهەڵاتی پۆڵەندا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، حکوومەتی ئەڵمانیا پێشنیازی پێشكهشكردنی سیستمی پاتریۆتی بۆ وارشۆ کردووە. بلاسچاک ئاماژهی بهوهش كرد، هیوادارن دۆخێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و رایگهیاند: "سیستمهكان لە ناوچەی لوبلین خۆرهەڵاتی پۆڵەندا، لەسەر سنووری ئۆکراینا جێگیر دەکرێن". سهرنجی بۆ ئهوهش راكێشا ئەو مووشەکەی له خاکی پۆڵەندا کەوتووهته خوارهوه، چەند چرکەیەک لە ئاسمانی وڵاتهكهدا ماوەتەوە و رایگهیاند: "ههربۆیە رێگریکردن لە رووداوێکی لەوشێوەیە ئێجگار قورسە. ئەم جۆرە سیستمانە ئەگەر لە رۆژئاوای ئۆکرانیا جێگیر بکرێن، کاریگەرتر دەبن". رۆژی ١٥ی تشرینی دووهم، مووشەکێک كه سهرچاوهكهی نهزانرابوو، له گوندی پرزێودۆوی پۆڵەندا لهسهر سنووری ئۆکرانیا کەوته خوارهوه و بههۆیهوه دوو كهس گیانیان لهدهستدا.
ئەمریکا رایگەیاند پشتگیریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکەن و داواکاران وڵاتانی دیکەی جیهان پشتیوانیی ئەو ناڕەزایەتییانە بکەن. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕی و جەختی لە مافە رەواکانی خەڵکی ئەو وڵاتە کردەوە و وتیشی کار دەکەن بۆ دابینکردنی ئازاد بۆ دانیشتوانی ئێران بە هاوکاریی ئەوروپا . پرایس ئاماژەی بەوەکردوە دەسەڵاتی ئێران بە ئامانجی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دنیشتوانی وڵاتەکە لە ئینتەرنێت بێبەش دەکات بۆ ئەوەی لە جیهان دایانبڕێت بۆیە واشنتۆن لەو بوارەدا چی لەدەست بێتم، دەیکات. ئەوە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تەواوەتی روبەڕوی فیلتەر و سنوردارکردنەوە بوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش رایانگەیاندوە بەمزوانە پڕۆژەی تۆڕی ئینتەرنێتی ناوخۆی دەخەنە بوار جێبەجێکردنەوە و ئەوەش وا دەکات دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لە جیهانی دەرەوە داببڕێن.
شەوی دوشەممە لە شارەکانی کەرەج و تاران و مەشهەد و رەشت خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی فراوان دەستی پێکردەوە و جەماوەر دروشمیان دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەرمی کوژراوێکی دیکەی ئەشکەنجەدان بەخاک سپێردرا و لە چەند شارێک دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ بە رێوڕەسمی جەماوەریی تەرمی محەمەد حاجی رەسوڵپور کە بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدابو لە گۆڕستانی گوندی ئالی کەند لە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخاک سپێردرا. محەمەد حاجی رەسوڵپور، کە بەهۆی ئەشکەنجە لە زیندان بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان بو، بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە گیانی لەدەست دا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردوە دۆخی تەندروستیی دەستگیرکراوێکی شاری سنە بە ناوی سیروان محەمەدی بەهۆی ئەشکەنجەوە تێکچوە و رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کراوە. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا 12 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کرابون لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. لە شاری مەهاباد بە رێوڕەسمێکی جەماوەریی یادی چلەی مەرگی فایەق مام قادری کرایەوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرابو. لە شارەکانی کامیاران، سنە و سەقز، روانسەر و کوزاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە جموجۆڵی سەربازیی لە سنورەکانی ئەو بەشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و هێلی کۆپتەری سەربازیی بە ئاسمانی سەردەشت و پیرانشار و شنۆ و سەلاسی باوەجانی سوڕانەتەوە. ئەمڕۆ دوای حەوت رۆژ لە گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران یادی لەدایکبونی شادمان ئەحمەدی کرایە و مۆمی 33 سالەی تەمەنی لە سەر گڵکۆکەی ئەو گەنجەی داگیرسێنرا و پەتی سێدارەش سوتێنرا. رۆژی دوشەممە پەرلەمانی ئێران دانیشتنی خۆی تایبەت کرد بە پێداچونەوەی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەویش بە هۆی ئەو پشتیوانیانەی کە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە لە ناڕەزایەتییەکان دەیکەن و هاوکات تا ئێستا زیاتر 30 پەرلەمانتاری وڵاتانی ئەوروپا ئامادەییان دەربڕیوە ببنە کەفیل یان دەستەبەری یاسایی بۆ ئەو گەنجانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. باڵیۆزی سویسرا لە تاران رایگەیاند وڵاتەکەی رێگریی کردوە لە جێبەجێکردنی سێدارەی دەستگیرکراوێکی لاو کە تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بوە و وتیشی بە راشکاوی بە بەرپرسانی ئێران راگەیەنراوە سویسڕا بە توندی دژی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستگیراوانی ناڕەزایەتییەکانە. داواکاری گشتی شاری قەزوێن لە ئێران بڵاوی کردەوە پێنج کافتریا و رێستۆران و خواردنگەیەک بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ژنان و کچانی بێ سەرپۆش لە شارەکە داخراون. مانی حەقیقی، ئەکتەری ناوداری ئێران لە وەڵامی وەزیری کەلتور و فەرهەنگی ئێران کە داوای کردبو کۆنسێرت و کارە هونەرییەکان دەستپێبکەنەوە، رایگەیاند؛ رۆژانە تەرمی گەنجان و لاوان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەخاک دەسپێردرێن و "ئێمە شین دەگێڕین بۆیە کات و دەرفەتی سەما و ئاهەنگمان نییە". رۆژنامەی (جمهوری ئیسلامی) کە نزیکە لە زانا ئاینییەکانی شیعە لە لاپەڕەی سەرەکیدا هۆشداریی داوە کە بەرپرسانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت بە هەڵەکانیان وڵاتەکە هاوشێوەی لیبیا و عێراق لێبکەن. رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بە باڵی توندڕەوی دەسەڵاتداری ئێرانە نوسیویەتی: ریفۆرمخوازن و محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکە هاوسارە و رێشمەکەیان بە دەست ئەمریکاوەیە بۆیە دەبێت دادگایی بکرێن. بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە 94 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 502 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون.
بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، بەشداری لە دانیشتنی دادگاییکردنی پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بکات راگەیەندراوێکی دژی پارتەکە بڵاوکردەوە. بەکر شاهین بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەیوەندی هەدەپە لەگەڵ پەکەکە هەیە و وتی، " هەدەپە هەژمارە داراییەکانی خەزێنەی دەوڵەت بۆ هاوکاریکردنی پەکەکە بەکاردەهێنێت. پێویستە هەموو هاوکاریەکی خەزێنە بۆ هەدەپە بلوک بکرێن." دانیشتنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ ١٠ی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو دواخراوە. بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا کە دوژمنێکی سەرسەختی هەدەپەیە، لەدژی پارتەکە بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکات. دواتر بەڕێوەبەرانی هەدەپە لە بەرامبەر قسەکانی بەکر شاهین، بەرگری لە پارتەکەیان دەکەن. پرۆسەی بەڕێوەچوونی دۆسیەی هەدەپە لە دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا، ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کرابوو و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. کۆمسیۆنی یاسایی هەدەپە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، دۆسیەی بەرگرینامەکەی رادەستی دادگای دەستووری کردبوو. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سێیەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی تورکیایە و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا، ١١.٧٪ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان بووە خاوەنی ٦٧ کوردی. حکومەتی ئاکەپە لە چەند ساڵی رابردوودا مافی پارێزبەندی لە ١٠ پەرلەمانتاری پارتەکە سەندەوە و لە ئیستادا ٥٧ کوردی پەرلەمانی بەدەستەوە ماوە. بەڵام لە ئێستادا بە بیانوی 'پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە' بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵای لەدژیی تۆمار کردووە بۆ ئەوەی پارتەکە دابخرێت و قەدەغە بکرێت. ئەوەش لەکاتێکدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت و مەترسی ئەوە هەیە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات و بەم شێوەیە ئاستەنگی بۆ پارتەکە دروست بکات کە نەتوانێت بە ئاسانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.
هاوڵاتی هەسەدە لە سنوری دێرەزۆر سەركردەيەکی داعشی دەستگیرکرد و ڕایگەیاند، کە ئەو كەسە بەرپرسیارە لە ڕێکخستنی شانەکانی داعش لە لە ناوچەکەدا. هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ماڵپەڕی فەرمییدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرکردەیەکی چەتەکانی داعش لە ناوچەی ئەلکەسرەی دیرەزۆر دەستگیرکراوە. هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانیان و هاوپەیمانی هاوبەشی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوامە و لە دوو هەفتەی ڕابردوودا پێنج ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە. وتوشیەتی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو ١٦ی کانوونی یەکەم ئەنجامداوە و سەرچەتەیەکی ناوخۆیی داعشیان دەستگیرکردووە کە بەرپرسیارە لە ڕێکخستن و کارکردنی شانە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا. قەسەدە باسی لەوەشکردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین بەڵگەنامە دەستی بەسەردا گیراوە، کە کەلوپەلی پەیوەندیەکان لە ناویاندا هەیە.
هاوڵاتی ناوەندى چاپەمەنی و راگەیاندنى هەپەگە ناسنامەى سێ گەریلای شەهیدی راگەیاند کە لە ناوچەکانى سنوری مەتینا شەهید بوون. لە راگەیەنراوێکدا هەپەگە بڵاویکردەووە، هەرسێ گەریلا(ئارین میتان، رێناس ئەحمەد، سەردار رۆژهەڵات) لە ١٠ی کانوونی ٢٠٢٢ لە سنوری مەتیناو لە بەرخودانێکى مێژوویدا لەدژی دوژمنی گەلی کورد و دوای سزادانى ژمارەیەکی زۆر داگیرکەر شەهید بوون. هەپەگە دەڵێت، هەڤاڵانی ئێمە بەشێوەیەکی مێژوویی لەدژی سوپای داگیرکەری تورک بە فکری ئاپۆیی شەهید بوون و بەرگریان لە گەل کرد و شەهیدبوون، ئەو هەڤاڵانە لە هەرە هەڵبژاردەی گەریلای ئاپۆچی بوون. هەرسێ گەریلا خەڵکی بەشێکى جیاوازی کوردستان بوون، بەڵام بۆ ئازادی گەلی کورد تێکۆشانیان کردوەو شەهید بوون، هەىروەها وەک سمبولی یەکێتی ئازادی و دیموکراتیکی گەلی کوردستان تێکۆشانیان کرد. ئاماژە بەوەشکراوە، ئارین مەتین خەڵکی هەرێمی کۆبانێیە لە رۆژئاوای کوردستان، رێناس ئەحمەد خەڵکی شاری ئامەدی باکوری کوردستانەو سەردار رۆژهەڵات خەڵکى شاری دیواندەرەی رۆژهەڵاتى کوردستانە. لە راگەیەنراوەکەی هەپەگەدا باس لەوەشکراوە، هەرسێ گەریلای شەهید لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێز بوون و هەر لە منداڵیەوە تێکەڵی و نزیکایەتى لەگەڵ پەکەکە هەبووەو دواتر خۆیان گەیاندوەتە چیاو لەدژی داگیرکەران و دوژمنانى گەلی کورد تێکۆشانیان کردوە.
هاوڵاتی گۆڤاری دێر شپیگل "Der Spiegel" بڵاوی کردەوە کە لەوانەیە کێشەکانی سوپای ئەڵمانیا لە بوارەی کەرەستەی سەربازیی و لۆجستییەوە، ببێتە مایەی جێبەجێ نەکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ کە ئەوەیش ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە داھاتوودا، پەک دەخات. راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زرێپوشەکانی "Puma" سەربە سوپای ئەڵمانیا لە میانی مەشقە سەربازییەکاندا، بەرەوڕووی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە و تا ئێستا، ١٨یان لەکارکەوتوون. بڕیاربوو مانگی داھاتوو، ئەو زرێپۆشانەی فیرقەی ١٠ی تانکەکان سەربە ھێزی ئەرکە ھاوبەشەکانی باڵای ناتۆ (VJTF) جێگیر بکرێن. سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیبرھاد زۆرن لە تویتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە کێشە لە کەرەسەتە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەیدا ھەیە و رایگەیاندووە کە سوپای ئەڵمانیا زنجیرەیەک رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ دەگرێتەبەر. ئیبرھاد زۆرن نووسیوویەتی: "ھەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی دووبارە زرێپوشەکانی Puma بۆ کارکردن ئامادە بکەینەوە". ئاماژەی بەوەیشداوە کە سوپای ئەڵمانیا لەگەڵ شارەزایانی پشەسازیی بەرگریی لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە ناتۆ جێبەجێ دەکات. میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای ئەڵمانیا پلانی داناوە کە لە ساڵی داھاتوودا، ئۆتۆمبێلە کۆنە سەربازییەکانی "Marder" لە ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەربە ناتۆ جێگیر بکات.
هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ، لەبارەی هێرشی دوێنێ سەر فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری پارتەکەیان کە پۆلیسێک لەبەرچاوی کامێراکان زلەیەکی لێدا، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان ساز کرد، بەڵام هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر هاوسەرۆکان و ئەندامانی پارتەکە و گەمارۆدران. سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا هێرشی هێزە ئەمنیەکانیان شەرمەزار کرد. ئەمڕۆ پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی هێرشی دوێنێ سەر فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتارەکەیان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ ساز کرد کە بەرپرسێکی پۆلیس بە جلی مەدەنیەوە زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجودا و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە. پەروین بوڵدان: زۆری نەماوە، ئاکەپە دەدۆڕێت و دەڕوات هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئاکەپە، رێگەیان نەدا میدیاکان رۆماڵی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی هاوسەرۆکانی هەدەپە بکەن. پەروین بوڵدان کو گوێی بە فشارەکانی هێزە ئەمنیەکان نەدا، بۆ بەشداربووان قسەی کرد و قسەکانی لە رێگەی تەلەفونەوە تۆمارکران و بڵاوکرانەوە. بوڵدان لە قسەکانیدا رایگەیاند، ئەو زلەیەی لە فەرهاد ئەنجو دراوە، لە هەموو خەڵکی رۆبۆسکی دراوە کە فەرهاد ئەنجوش خەڵکی رۆبۆسکیە و ١١ ساڵ لەمەوبەر ٣٦ گەنجیان لە سنوری هەرێمی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کۆمەڵکوژکران و وتی، " زۆری نەماوە، ئاکەپە دەڕوات و دەدۆڕێت." دواتر هێزە ئەمنیەکان هێرشیان کردە سەر هاوسەرۆکان و ئەندامانی هەدەپە و گەمارۆیاندان و رێگە نەدرا، بەردەوامی بە خۆپیشاندان و کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیەکە بدرێت. ئۆپۆزسیۆن گەمارۆدانی هاوسەرۆکانی هەدەپەیان شەرمەزار کرد لەمبارەیەوە سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا تویتیان بۆ پشتگیری لە هەدەپە بڵاوکردەوە. سەرەتا کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نابێت هیچ سەرۆکێکی پارتێک، رووبەرووی هێرش و گەمارۆی پۆلیس ببێتەوە و وتی، " گەمارۆدانی هاوسەرۆکانی هەدەپە کە شەرمێکە، شەرمەزار دەکەن." عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنیش (دەڤا) تویتێکی لەبارەی هێرشی سەر هاوسەرۆک و ئەندامانی هەدەپە بڵاوکردەوە و دەڵێت، " هێرشی سەر سەرۆکی پارتێکی سیاسی لەبەردەم باڵەخانەی پارتەکەی قبوڵ ناکرێت. بە هەموو شێوەیەک نادادپەروەری بەرامبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە و هاوڕێکانی رەت دەکەمەوە. رێگە نادەین پێشێلکاریەکان لەدژی سیاسەتی دیموکراتی ببێتە نەریتێک." تویتێکی دیکە لە لایەن ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی دوارۆژەوە بڵاوکرایەوە و وتی، " گەمارۆدانی سەرۆکی پارتێکی سیاسی لەلایەن پۆلیسەوە قبوڵ ناکرێت. ئەو کردەوەیەک بەرامبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە ئەنجامدرا قبوڵ ناکرێت. ئاکەپە لە ئەنقەرە شاند دەنێرێتە لای هەدەپە و لە ئەستەنبوڵ پێشێلکاری بەرامبەر دەکات، ئەمە دووڕوویی سیاسیە." چی روویدابوو؟ دوێنێ لە شاری ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دژی سیاسەتی شەڕ بەڕێوەچوو. پەرلەمانتار و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا خۆپیشاندەرانیان گەمارۆدا و توندوتیژیان بەکارهێنا. بەرپرسێکی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکەدا زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا و ئەوەش نارەزایەتیەکی گەورەی لێکەوتەوە. دەمیرتاش: زلەکە بەر خۆیان دەکەوێتەوە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەمبارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، " ئەم دەسەڵاتە کە قوڕگی لەنێو خراپەکاریدا نوقم بووە، بە تەواوی سنورەکانی تێپەڕاندووە." دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشەکەی دوێنێ کە لەدژی دایکانمان و لەدژی فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپە ئەنجامدرا، لەلایەن کوردەوە هیچ کاتێک لەبیرناکرێت. دەمیرتاش لە کاردانەوەکەیدا لەبەرامبەر ئەو زلەیەی کە لە فەرهاد ئەنجو درا وتی، " ئێوە زلەتان نەبینیوە، چاوەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، دەبینن کە زلە چییە."
ئاژانسێکی هەواڵی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی عێراق بڵاوی کردوەتەوە؛ دانوستانەکانی نێوان تاران و ریاز بە نێوەندگیریی بەغدا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە گەیشتوەتە بنبەست. ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتێدپرێس)ی ئەمریکا ئاشکرای کردوە؛ بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دانوستانەکانی نێوان ئەو وڵاتە لە لەگەڵ وڵاتی سعودیە راگیراوە و بەغدا هیچ هیوایەکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە نەماوە. ئاژانسەکە لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق کە ناویان بڵاو نەکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە لە دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی ئەوەی ئێران ئامادەی کۆبونەوە و دانوستان لەگەڵ سعودیە نەبوە ئەو دانوستانانەی نێوانیان بە نێوەندگیریی بەغداد راگیراوە. پێشتر بەغدا میوانداریی پێنج گەڕی دانوستانی بەرپرسانی ئێران و سعودیەی کردبو بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە کە لە ساڵی 2016 دوای هێرشی لایەنگرانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەکەی لە شاری مەشهە گرژیی تێکەوت و پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی نێوانیان راگیرا. ئێران لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان سعودیەی تۆمەتبار کردوە لە رێگەی راگەیاند و میدیاکانی نزیک لەو وڵاتە هانی تێکدانی دۆخی ئێران دەدات و تەنانەت فەرماندەی سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سعودیەی کرد لە ئەگەری بەردەوامبونی پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران. بڵاوبونەوەی هەواڵی بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکانی ریاز و تاران لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە وڵاتی ئۆردون و لە لوتکەی (بەغداد 2) بەپرسانی سعودیە و ئێران لە پەراوێزی لوتکەکەدا دیداریان هەبێت و حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، وتویەتی: وڵاتەکەی بۆ مەرجەی سعودیە مامەڵەی خۆی بگۆڕێت ئامادەیە باڵیۆزخانەکەی لە ریاز بکاتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسایی ببێتەوە.
