هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی هەن کە لە وەرزی پێگەیشتنیاندا بەهۆی هێنانە ناوەوەی بەرهەمی دەرەکییەوە، ئاسەتەنگی لە ساغ کردنەوەیاندا بۆ دروست دەبێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتی دەدرێت بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سەرەتا وەک هەنگاوی یەکەمیش لە هەناردەکردنی هەنارەوە دەستی پێ کردووە. هەنار یەکێکە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و دهۆک بەڕێژەیەکی بەرچاو دەست دەخرێت و بەهۆی لەباری ژینگەی ئەو دوو پارێزگایەوە، زۆرترین و باشترین هەناری هەرێمی کوردستان لەو دوو پارێزگایە بەرهەم دێت. سەرەتا بیرۆکەی ناردنە دەرەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەنار لە هەڵەبجەوە دەستی پێ کرد و لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، لەبارەی پرۆسە و بیرۆکەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ دەرەوەی وڵات، گوتی: "سەرەتای پرۆسەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ دەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا، ئەوکات کۆمپانیایەک بەرهەمی ژمارەیەک جووتیاری کڕی و هەناردەی بازاڕەکانی هەندێک لە وڵاتە ئەورووپییەکانی کردن. ئەمە وەک قۆناغی سەرەتا بوو، بەڵام هەر لەو کاتەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری و پشتیوانی ئەو پرۆسەیەیان کرد. ئەم خاڵە بووە سەرەتایەک بۆ ئەوەی لە ئایندەدا کار بکرێت پرۆسەکە بە شێوازێکی زانستییانە رێکخبرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکە بە کوالیتییەکی باش ئامادە بکرێت و شێوازی هەناردەکرنەکە گونجاوتر بێت. بۆ ئەو مەبەستەیش حکوومەت پلانێکی باشی بۆ دانا و سەرپەرشتی پرۆسەکەی کرد. خۆشبەختانە، پرۆسەکە زۆر بەڕێکوپێکی دەچێتە پێشەوە". ستار مەحمود سەبارەت بە بڕی هەناردەی هەنار لە قۆناغی یەکەمیدا، گوتی: "ئەو بڕە هەنارەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت لە هەڵەبجە و دهۆکەوەیە. وەک قۆناغی یەکەم، بڕیار دراوە دوو هەزار تۆن هەنار هەناردە بکرێت، بەڵام لە ئایندەدا بڕەکە زیاتر دەبێت، هەروەها لە ئایندەدا هەناردە هەمەچەشن دەکرێت و زۆر بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی دەگرێتەوە، واتە لەسەر یەک جۆر بەرهەم راناوەستێت". بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە روونکردنەوەی زیاتری دا و رایگەیاند "ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەوەیە ئەو بارانەی هەناردە دەکرێن بڕوانامەی پزیشکییان دەدەینێ، بەڵام زانیارییمان نییە لەسەر ئەوەی بە چەند خاڵی سنووریدا تێپەڕ دەبێت، ئاخۆ پشکنینیان بۆ دەکرێت یان نا". ستار مەحمود لەبارەی هەناردەی هەمەچەشنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەناردەکردنی هەنار هەنگاوی سەرەتاییە و لە ئایندەدا ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە پێویستیی ناوخۆ زیاترن، هەناردەی دەرەوە بکرێن. کێشەی سەرەکی جووتیاران لە هەرێمی کوردستاندا ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانە لەگەڵ نەبوونی بازاڕێکی گونجاو کە داهاتەکەی هاوتای ئەو رەنج و ماندووبوونانە نییە لە کاتی کشتوکاڵدا دەیکێشن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە بەرهەمەکانیان زیاترە لە خواستی بازاڕ و نەیانتوانیوە لە بازاڕێکی گونجاودا بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە. هەربۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە تاکو ئەو بەرهەمانەی جووتیارەکانی هەرێمی کوردستان هەیانە و لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە هەناردە بکرێن، جا بەرهەمەکان خەیار بێت یان تەماتە و پەتاتە، یان هەموو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی دیکە کە لە هەرێمی کوردستان بەردەستن". بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لەبارەی راهێنانی جووتیاران و خاوەن باخەکانی هەنار بۆ باشترکردنی کوالیتیی هەنارەکەیان و زیادکردنی بڕی هەنار لە باخەکانیاندا، ئاماژەی بەوە دا کە لە قۆناغی یەکەمدا جووتیارە نموونەییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێن و لە ئایندەدا پرۆسەکە فراوانتر دەبێت و سەرجەم جووتیاران لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی راهێنانیان پێ بکرێت لەسەر شێوازی رێکخستن و بەڕێوەبردنی باخ، هەروەک ئاشکراشی کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پرۆسەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە قۆناغی یەکەمدا ئامادەکاری تەواو کراوە، کە قۆناغی جووتیارە نموونەییەکانە. وانەی راهێنانەکان لەلایەن خەڵکانی پسپۆڕەوە دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەیش پرۆگرامێکی باش ئامادە کراوە. راهێنانەکان سەبارەت بە بڕ و کوالیتی بەرهەم دەبن.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینا رۆمەناوسکی رایگەیاند، جەنگی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆتایی نەهاتووە و وڵاتەکەی پابەندە بە شکستپێهێنانی یەکجاری رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌. ئەلینا رۆمەناوسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو پۆلیسانە دەکەین کە لە پێناو بەرگریکردن لە نیشتمانیان گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین". رۆمەناوسکی جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ شکستپێهێنانی یەکجاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "جەنگی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆتایی نەهاتووە، ئەمریکا پابەندە بە شکستی یەکجاریی رێکخراوەکە".

روسیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان ناڕەزایەتیی خۆی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی و ئەو هێرشانەی بە مەترسیی بۆ ژیانی خەڵکی مەدەنی لەقەڵەم دا. ڤاسیلی نێبنزیا، نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو رێکخراوەیە نیگەرانیی وڵاتەکەی لە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕی. نێبنزیا ئاماژەی بەوە کردوە هێرشە سەربازییەکانی لە سنوری حەلەب و رەققە و حەسەکە بوەتە مەترسیی لەسەر سەربازانی روسیا و دانیشتوانی ناوچەکە و ئەوەش سەرەڕای ئەو زیانە مادییانەیە کە بەهۆی وێرانکارییەکان رویداوە. لە 20 مانگی رابردودا سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانیی بە ناوی چنگ شمشێر بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەست پێکرد و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتەوە بونە قوربانیی و ئەو ئۆپەراسیۆنەش کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.

سەزایی تەمەللی پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، گەورەترین هەنگاو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، هەڵگرتنی گۆشەگیریە و گەورەترین کێشەی تورکیا پرسی کوردە. سەزایی تەمەللی پەرلەمانتاری هەدەپەی پارێزگای وانی باکوری کوردستان و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)،  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە کە ٢٢ مانگە خانەوادە و پارێزەرانی نەیانتوانیوە چاوپیان پێبکەوێت و کێشە و قەیرانەکانی تورکیا کرد. تەمەللی رایگەیاند، گەورەترین کێشە لە تورکیا پرسی دادپەروەری، یاسای، شەڕ و لە سەرووی هەمووشیانەوە، پرسی کوردە. کاتێک ئەم هەموو کێشەیە لەبەرچاو دەگرین، دەبینین کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورە و قوڵدایە و دەسەڵاتیش ناتوانێت، تورکیا لەم قەیرانە رزگار بکات. پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەشڵێت، رێگەیەک هەیە کە دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنێت کە ئەویش هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەرت پەکەکەیە و وتی، " بۆیە ئێمە سوورین لەسەر هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، پێویستە بە زووترین کات بتوانێت لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆبێتەوە. ئێمە لە رووی چالاکی و یاساییەوە هەوڵ بۆ ئەم کارە دەدەین." سەزایی تەمەللی باسی گەمارۆدانی هاوسەرۆک و پەرلەمانتارەکانی هەدەپەشی لەلایەن پۆلیسەوە کرد و ئەوەی خستەڕوو، " لە بەردەم وەزارەتی داد دەستمان بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە کردووە. هەموو رۆژێک لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی داد کۆدەبینەوە. لەدژی گۆشەگیری هەموو رۆژێک بەردەوامی بە ئیشکگری دادپەروەری دەدەین. لە ئێستادا دەسەڵات زۆر دەترسێت. لەدژی بچوکترین مافی دیموکراسی دەوەستێتەوە. هێزەکانی دەسەڵات وەک هێزێکی پارامیلیتەر گۆشەگیری لە هەموو شوێنێکی تورکیا بڵاودەکەنەوە." چەند رژێکە لە شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، بە پێشەنگایەتی هەدەپە، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئەنجام دەدرێن، بەڵام هێزەکانی سەر بە دەسەڵات، رۆژ نییە چەندین ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیر نەکەن.

ئەمریکا رایگەیاند دەستی بە لێکۆڵینەوە لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران کردوە کە روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاری هێناون. تەلەفیزیۆنی (سی ئێن ئێن) بڵاوی کردوەتەوە ئامێری دروستکراوی ئەمریکا لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێراندا بەکارهێنراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو ئامێرە ئەمریکییانە دەکرێت. بە پێی راپۆرتی ناوەندنی لێکۆڵینەی (سی ئای ئاڕ) 85٪ی ئامێر و پارچەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانیانەی لە ئۆکرانیا تێکشکێنراون ئەمریکین و ئەوەش گومانی زۆری لەسەر واشنتۆن دروست کردوە کە چۆن ئەو ئامێرانە گەیشتوەتە دەستی ئێران. یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا ئاشکرای کردوە ئێران کاروانێکی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کردوە و ئەو وڵاتە تا ئێستا 250 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی وەرگرتوە. وتوشیەت:  ئەودرۆنانەی کە سوپای روسیا بەکاریان دەهێنێت ئێرانین و بە زمانی فارسی لەسەر درۆنەکان نوسراوە. ئەو راوێژکارەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردوەلە  ماوەی هێرشەکانی روسیا بۆسەر وڵاتەکەی لانیکەم حەوت ملیۆن ئۆکرانی ئاوارەبون.

نیگار عومەر  نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لەقەزای كفری كەتاكە نەخۆشخانەی قەزاكەیە بەدەس دەیان گرفتی تەندروستییەوە دەناڵێنێتت، بۆ ماوەی دوو مانگە بەهۆی نەبوونی دكتۆری پسپۆری بێهۆشكارییەوە هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەكە داخراوەو هیچ نەشتەرگەریەكی تێدا نەكراوە، ئەمە جگە لەوەش بەهۆی نەبوونی دەرمانی پێویستەوە ماوەیەكە چەند پشكنینێك لەتاقیگەكانیدا ئەنجامنادرێت. بەڕێوبەری نەخۆشخانەكە ئاماژە بەوەدەكات: بەهۆی خەرجنەكردنی چەكی بانك و كەمكردنەوەی بودجەی پێویست بۆ نەخۆشخانەكە چەندین گرفتی بۆ دروستكردوون و  دەیانجاریش داوای چارەسەركردنی كێشەكانیان كردووە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان دەستنەكەوتوە. هاووڵاتیانیش دەڵێن پشتگوێخستنی نەخۆشخانەی كفری بارگرانی بۆ هاووڵاتیانی قەزاكە دروستكردووەو خەڵكی هەژاری سنورەكە زیاتر ژیانیان سەختتر بووە، بەم هۆیەشەوە خەڵك ناچاردەكەن پەنا بۆ نەخۆشخانە تایبەتیەكان ببەن. سامان سەرتیپ بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لەكفری  بەهاوڵاتی راگەیاند:» گرفتەكانی نەخۆشخانەكەمان زۆرن، یەك لەوانە بۆ ماوەی نزیكەی دوو مانگە بەهۆی نەبوونی دكتۆری بێهۆشكارەوە نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەكەدا راگیراوە كەگەورەترین گرفتی بۆ دروستكردوین، هەروەها نەبوونی هەندێ دەرمان و پێداویستی پزیشكی وایكردووە ماوەیەكە شەش پشكنین لەنەخۆشخانەكەدا نەكرێت، ئەمەش رۆژانە گرفتمان بۆ دروست دەكات«. وتیشی: »بینای نەخۆشخانەكە زۆر كۆن بووەو ناتوانین بەشی دیكە دروستبكەین و كارمەندو دكتۆری پێویستمان كەمەو بەهۆی خەرجنەكردنی چەكی بانكەوە ناتوانین هەندێ لەپێداویستییە پزیشكییەكان بكڕین بۆ نەخۆشخانەكە،  ئەو بڕە دەرمانەش كەهەیە بەشی ماوەیەكی كەمدەكات و نامێنێت و تووشی گرفتی زیاتر دەبین، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە چەندینجار داوامان لەوەزارەتی تەندروستی كردوە كە یەك دكتۆری بێهۆشكارو كارمەندی دیكەمان بۆ دابین بكەن،  بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» هەمو ئەمانە ئێمە دەزانین ژیانی چارەخوازی زیاتر قورستركردوە چونكە رۆژانە خەڵكی كەمدەرامەت دێتەلامان و داوادەكەن بۆ منداڵ و كەسوكاری نەشتەرگەری ئەنجامبدەین و باس لەوەدەكەن كەتوانایان نیە لەنەخۆشخانەی تایبەتدا نەتشتەرگەری ئەنجامبدەن، بەڵام ئێمەش بەهۆی ئەو گرفتانەوە ناتوانین هاوكاری خەڵكی خۆمان بین». هەر سەبارەت بەگرفتی تەندروستی لەقەزای كفری، شوانە جەلال، چالاكی مەدەنی  لەكفری بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» خراپی ئیدارەدانی كەرتی تەندروستی بەتایبەتی لە كفری وایكردووە نەخۆشخانەكە رووبەڕووی ئەم گرفتانە ببێتەوەو كەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بۆ گرنگی نەدان بەم كەرتە، كەرتی  تەندروستی گشتی پەكی كەوتووەو كار بۆ گرنگیدان بەكەرتی تایبەت دەكرێت، هەندێجار دەبینیت لەنەخۆشخانەی تایبەتی بچووكدا چەند بەرامبەری نەخۆشخانە گشتییەكان نەخۆش دەبینرێت و نەشتەرگەری دەكرێت، ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كەكەرتی گشتی پشتگوێخراوەو ئاماژەكانیش بەڕوونی دەبینرێت». «كەمی دكتۆری پسپۆرو پێویست  لەقەزاكەو كەمتر گرنگیدان بە نەخۆشخانەكان وایكردووە دانیشتوانەكەی بێزار بكات، ئێمە لەنزیكەوە بەدواداچوونمان كردووە بۆ گرفتەكانی نەخۆشخانەی كفری و سەردانی وەزارەتی تەندروستیشمان كردووە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، وەزیری تەندروستی بڕیاری ئەوەیداوە بڕی بودجەی زیاتر بۆ نەخۆشخانەكە تەرخانبكرێت لەگەڵ ناردنی بڕێكی دەرمان بۆ سنورەكە. «نەبوونی دەرمان لەنەخۆشخانەی كفریدا بارگرانی بۆ هاووڵاتی هەژاری قەزاكە دروستكردووە، بەم شێوەیە ئیدارەی ئەم كەرتە نادرێت، تەندروستی بەندە بەژیانی هاووڵاتیانەوەو ناكرێت بەم شێوەیە بەڕێوەببرێت، كفری شاری وەزیران و پڕ لەنەوتە چۆن دەبێت نەخۆشخانەكەی دەرمانی تێدا نەبێت و رۆژانە نەخۆشەكان بێ چارەسەر بگەڕێنەوە»، شوانە جەلال وای وت. عەباس عەزیز، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» دەیانجار داوامانكردووە دكتۆری بێهۆشكارمان بۆ دابینبكرێت، بەڵام تائێستا  هیچ نەكراوەو لەهەموو گەرمیاندا دوو دكتۆری بێهۆشكار هەیەو دكتۆرەكەی نەخۆشخانەی كفری خانەنشین كراوەو داوامانكردوە هیچ نەبێ راژەكەی بۆ درێژبكرێتەوە ئەوەش نەكراوە». وتیشی:» تەندروستی گەرمیان پێویستی بە 350 ملیۆن دینار هەیە بۆ هەر مانگێك بۆ پێداویستی نێو نەخۆشخانەكانی، لەماوەی رابردوودا 200و پێنج ملیۆن دینارمان هەبووە تەنها بۆ دەرمان، بەڵام ئەم بودجەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە كەمكراوەتەوە بۆ 100ملیۆن بۆ مانگێك، ئەم بڕە بەشی هیچ ناكات و زیادیشی ناكەن». هاوكات محەمەد فارس، كەهاووڵاتیەكی شاری كفری-یە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو دەڵێت:» نەخۆشخانەی كفری پێویستی بەدكتۆرو پسپۆڕی زیاتر هەیە، ئێمە وەك هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانە دەكەین و چارەسەری پێویستمان بۆ ناكرێت و ناچاردەبین پەنا بۆ نەخۆشخانەی تایبەت ببەین، كەمی دەرمان بەهەمان شێوە گرفتێكی ترە، كاتێك دەرمانێكت نیە لەنەخۆشخانەكاندا خەڵكی هەژار توانای كڕینی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی نیە، تا كەی خەڵكی ئەم شارە ببێتە قوربانی دەستی ئەم حكومەتە نابەرپرسیارە». «حكومەت كەمتەرخەمە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانەو خەڵكی ئەم شارە بەزۆری خەڵكێكی كەمدەرامەتەو توانای ئەوەیان نیە بچنە نەخۆشخانەی تایبەت، من باوكم نەخۆش بووە پەنامان بۆ نەخۆشخانەی گشتی بردووە چارەسەری پێویستی بۆ نەكراوە، بەڵام كە دەچیتە لای ئەو دكتۆرانە كەئێواران دادەنیشن چارەسەری باشترت بۆ دەكرێت، ئەم گرفتە لەزۆربەی شوێنەكان هەیەو كار بۆ ئەوە دەكرێت كەرتی گشتی پەكی بكەوێ و كەرتی تایبەتیش وەكو بازرگانی تەماشا دەكرێت كەئەمە بازرگانیكردنە بەژیانی هاووڵاتیان»، محەمەد فارس وای وت.  

هاوڵاتی لە میانی وتارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی، ڤلادیمێر پوتیین وتی، جەنگی ئۆکرانیا تاوانی ڕووسیا نیە، هەروەها وتیشی ئێمە هەردوولا لە کارەساتیکی هاوبەشداین. سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد، کە بۆ ماوەی ساڵانیکی زۆر هەوڵماندا  دۆستی ئۆکرانیا بین و قەرزی زۆر و هاوکاری وزەی زۆرمان پێشکەش بە  ئۆکرانیا کرد،بەڵام وادیارە سەرکەوتوو نەبوو.   لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ڕووسیا وتی، ئەوەی ڕوو دەدات کارەساتە و بەڵام هیچ شتێک نیە ڕوسیای پێ تاوانبار بکرێ و ئۆکرانیەکان وەک گەلێک بە برای ئێمە دەمیننەوە،هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم جەنگە ئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی سێیەمە. هەروەها بەرپرسانی سەربازی دەنگیان بەوەدا کە بەردەوام ئەبن لە جەنگی ئۆکرانیا کە ناوی دەبەن بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت. ئەم وتارەی ڤلادیمێر پوتین لە کاتێکدایە، کە ڕووسیا لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە هێرشیکی بەرفراوانی بە موشەک ودرۆنی ئێرانی  بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا دەستپێکردوە و ملیۆنان خەڵکی ئۆکرانیای بێ کارەبا کردووە.  

سەركۆ جەمال ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە بڵاوبوەوە کە لەنەخۆشخانەیەکی سلێمانی لەدوێنێوە چوارکەس گیانیان لەدەستداوە و دوانیان گومانی ئەوەیان لێکراوە ئەنفلۆنزای بەرازیان تووش بوبێت، بەڵام تەندروستی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە. سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: هەواڵی بڵاوبوونەوە و مردنی دوو کەس بە ئەنفلۆنزای بەراز لەسلێمانی ناڕاستە و هیچ گومانێکیش لەوبارەیەوە نەکراوە. وتیشی: ئەگەر هەر حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای بەراز یان هەر نەخۆشی و پەتایەکی دیکە هەبێت تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت. هاوکات سەرچاوەیەک لەو نەخۆشخانەیەی گوایە گومان لەمردنی دوو کەس هەبووە ڕەتیکردەوە هیچ حاڵەتێک لەنەخۆشخانەکە هەبووبێت بە ئەنفلۆنزای بەراز گیانیان لەدەستدابێت. لەساڵی 2019 چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی H1N1 ناسراو بە پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی تۆمار کرا، ئەوکات د.ئومێد عەلی بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی شار ئاشکرایکرد کە سێ حالەتیان چارەسەرییان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. پەتای ئەنفلۆنزا بە چەند شێوەیەک خۆی دەردەخات لەوانەش (ئەنفلۆنزای باڵندە، ئەنفلۆنزای بەراز، ئەنفلۆنزای وەرزی) . ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی ئەنفلۆنزای وەرزییەوە بڵاویکردۆتەوە کە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا سێ جۆری جیاوازی هەیە کە بریتین لە (ئەی و بی و سی) بەڵام تەنها جۆری (ئەی و بی) تووشی مرۆڤ دەبن و لەڕێگەی کۆکە و پژمینەوە دەگوازرێنەوە. نیشانەكانی تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی چییە؟ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ زیاتر لە ٣٨ پلەی سەدی، هاتنی ئاو لە لووت، كۆكە و سەرئێشە و ئازاری ماسوولكە و جومگەكان، دڵ تێكهه‌ڵاتن و هه‌ندێكجار ڕشانه‌وه‌. خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە چۆنە؟ خۆپاراستن له‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغی و داخراو، به‌كارهێنانی ده‌سته‌سڕی كاغه‌ز له‌كاتی كۆكه ‌و پژمه‌دا ڕاسته‌وخۆ فڕێدانی بۆ سه‌به‌ته‌ی خۆڵی داخراو، ‌به‌رده‌وام ده‌ست شتن به‌ تایبه‌ت دوای پژمه‌و پێش نان خواردن و دوای ده‌رچوون له‌ توالێت. هەروەها دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌سانی تووشبوو، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌وقه‌ كردن و باوه‌ش پیاكردن و ماچ كردن له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌یدا. ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشییەکە ئەنجامدانی وه‌رزش، خواردنی خۆراكی ته‌ندروست و میوه‌ و سه‌وزه‌ بۆ وه‌رگرتنی ڤیتامین و كانزاكان، ئه‌وانه‌ی زیاتر پێویستیان به‌ كوتان هه‌یه‌ وەک منداڵانی ته‌مه‌ن خوار پێنج ساڵ، دایكانی دووگیان، ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، به‌ساڵاچووان سه‌روو ٦٥ ساڵ، ئه‌وانه‌ی له‌داموده‌زگا ته‌ندروستیه‌كاندا كار ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی تووشی كه‌می به‌رگری له‌ش بوون. له‌كاتی تووشبووندا چی بکرێت؟ پشوودان، خواردنه‌وه‌ی بڕێكی باش شله‌مه‌نی گه‌رم و سه‌وزه ‌و میوه‌، داپۆشینی ده‌م و لووت به‌ كه‌مامه‌ بۆ تووشنەبوونی كه‌سانی دیکە، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌نفلۆنزا ده‌بن هه‌ست به‌ چاكبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌ڕۆیشتن بۆ قوتابخانه، زانكۆو شوێنی كار، هیچ جۆره‌ ده‌رمانێكی دژه‌ هه‌وكردن به‌كار مه‌هێنه‌.

96 رۆژە سەرەڕای هەمو هەوڵەکانی دەسەڵات بەڵام ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و خۆپیشاندان لە شەقامەکانی سنە و سەقز و تاران دەستی پێکردەوە و شەوی یەڵدا لە بۆنەیەکی خۆشی ئاهەنگەوە بوەتە شەوێکی خەمبار بۆ وڵاتەکە و ئەمریکاش بەو بۆنەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و جەختی لە پشتیوانیی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کردەوە و هەنگاوەکانی ئێرانیش بۆ سەرکوت بە قێزەون ناوبرد و رایگەیاند ئەو دەسەڵاتە هەمو سنوڕێکی بێڕەوشتیی تێپەڕاندوە. ئەمڕۆش بۆ سێیەم رۆژ لە دوای یەک شاری کامیاران لە مانگرتندابو و دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە. شەوی سێشەمە گەنجانی شاری سنە و سەقز بە کردنەوەی ئاگر چەند شەقامێکی ئەو شارانەیان کۆنتڕۆڵ کرد و دروشیمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. دانیشتوانی سەرتاسەتی ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی جیاواز لە شەوی یەڵدا یادی گیانبەختکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان کردەوە و لە زۆربەی شارەکان مۆم لەسەر گڵکۆی ئەو کوژراوانە داگیرسێنرا و گڵۆپ و روناکیی ماڵەکانیش بۆ یادی کوژراوان کوژێنرانەوە. لە شاری سنە یادی چلەی پەیمان مینبەری کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا کرایەوە و هاوکات یادی رامین فاتحی کرایەوە کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دواتر گۆڕەکەی پیشان کەسوکاری درا. باوکی محەمەد حاجی رەسوڵپور دوای مەرگی کوڕەکەی بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران رایگەیاند؛ داواکارم لە خودا گەلەم سەرکوتو بکات و هەزارن دایک و باوکی بەساڵاچو چاوەڕوانی دەستی گەنجان و لاوان شکست بە دوژمنی کورد بێنن. لە شارەکانی ئیلام ، سنە، سەقز، مەریوان، بۆکان و ورمێ دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبو و دەیان کەس لەو شارانە دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە. رۆژنامەنوسێکی کورد بە ناوی سامان غەزالی، خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی سزای هەشت مانگ زیندانی و ساڵێک دورخستنەوە لە پیشەکەی بەسەردا سەپێنرا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکای. ئەو رێکخراوەیە لە زاری کەسوکاری یاسین ئاماژەی بەوە کردوە ئەو هونەرمەند لە ئێستادا هۆشیاریی خۆی لەدەستداوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە. یاسین لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە بە ناوی دژایەتی خودا(محاربە) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. لە چەند رۆژی رابردودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ئێڤین لە تارانەوە بۆ زیندانی رەجایشار لە کەرەج گوازرابوەوە. بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 15 گەنجی دەستگیرکراوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و جگە لە یاسین پێنج گەنجی دیکەش گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی زیندانەکان بە مەبەستی لەسێدراەدانیان. سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی توندا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای کوژران ژینا ئەمینی زۆر دڕندانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان کردوە و ئەو دەساڵاتە سنورەکانی خۆی بەزاندوە. ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سوید لە پەیامێکی ڤیدیۆپدا داوایان لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ کرد هەوڵ بۆ روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن و بە شێویەکی رێکخراو بۆ ئەو ئامانجە هەنگاو بنێن. لە بەلجیکا، ستۆکهۆڵم و واشنتۆن خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو. ئەمریکا رایگەیاند لە شەوی یەڵدا، جێی گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتییەکان لە لای کەسوکارەکانیان خاڵییە و ئازیزانیان خەمبارن. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا هاوخەمیی وڵاتەکەی بۆ خەڵکی ئێران و کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی دەربڕی و رایگەیاند؛ واشنتۆن پێداگریی دەکات لە پشتیوانیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران چونکە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە مەبەستی کوشتنی خەڵک ئەو ناڕەزایەتییانە سەرکوت دەکات. ئەو وتیشی؛ شەوی یەڵدا بۆ دانیشتوانی ئێران کاتی ئاهەنگ و خۆشییە بەڵام بەهۆی شوێنی چۆلی گیانبەختکراوانی ناڕەزایەتییەکانی لە ناو خێزانەکانیان، ئازیزان و کەسوکار و کۆمەڵگەی وڵاتەکە بە گشتی خەمبارن. لە بەیاننامەکەی ئەمریکادا هاتوە شەوی یەڵدا سەرکەوتنی روناکییە بەسەر تاریکیدا و ئاماژە بەوەکراوە دەسەڵاتی ئێران هەمو هەنگاوێکی قێزەونی وەک دەستدرێژیی سێکسی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان ئەنجام داوە و مامەڵەی کۆماری ئیسلامی هەمو سنورێکی بۆ بێدەنگ کردنی نەیاران و ناڕازییەکانی دەسەڵاتەکەی بەکار هێناوە. بڕیاردرا هەمو رۆژانی چوارشەممەیەک پزیشکان و پەرستارانی سەرتاسەری ئەڵمانیا بە مەبەستی هاوخەمی و پشتیونیی لە هاوکار و هاوپیشەکانیان بە بەستنی قوماشی رەش لە دەست و قۆڵینا لە شوێنی کارەکانیان ئامادەبن.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بایربوک ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا ٢٠ ئاسەواری  برۆنزی بینینی لە مۆزەخانەکانی ئەڵمانیا ڕادەستی نەیجیریا کردەوە. ئالینا بایربوک، لە لێدوانیکیدا بۆ ڕۆژانامەنوسان لە ئەبوجا وتی، ئەمڕۆ کارێکمان کرد کە زۆر لەمەوبەر دەبوو بمانکردایە، ئەو ٢٠ پەیکەر برۆنزیەی بینینمان گەڕاندەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت  کە سەرەتای ئەمساڵ ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی لەگەڵ نەیجیریا واژۆکرد بۆ ئەوەی هەر ١١٣٠ پەیکەر وئاسەوارەکانی کە لە مۆزەخانەکانی ئەڵمانیادایە ئاشكرا بکەن، کە لەنێویاندا پەیکەری کەسایەتی سیاسیەکانیش هەیە. لە میانەی ڕادەستکردنەوەکەدا هەریەک لە جۆفری ئۆنیامای وەزیری دەرەوەی نەیجیریا و لای محەممەد وەزیری زانیاری  ئامادەبوون لەگەڵ  کلاودیا ڕۆت وەزیری ڕۆشنبیری و میدیای ئەڵمانیا و هەروەها بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکانی ئەڵمانیا. بەرپرسانی نەیجیریا دەڵێن، پەیکەر و  ئاسەوارەکانی بێنین بۆ ماوەی دوو سەدە لە ئەڵمانیادا  دەستیان بەسەرداگیرابوو، ئەو پەیکەرانە زۆربەی لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکران وبران لەکاتی هەڵکوتانە سەر شانشینی بینین لەساڵی ١٨٩٧ و دواتریش لە مەزادەکاندا دانران و برانە نیولەندا و ئەمریکا  و ئەڵمانیا. وەزیری دەرەوەی نایجیریا دەڵێت، پێدەچێت ئەم ڕادەستکردنەوەیەی ئەڵمانیا فشار لەسەر لەندەن درووست بکات بۆ ئاشکرا کردن وگەڕاندنەوەی ئاسەوارەکانی بێنین کە وابیرەکەنەوە زۆرترین پەیکەرو ئاسەوارەکان لە مۆزەخانەکانی بەریتانیادا بن، هەروەها داوای ئاشکراکردنی ٩٠٠ دانە پەیکەر و ئاسەواری کرد لە لەندەن.

هاوڵاتی توركیا رۆژ نییە چەندین شاروچكەو گوندە سنورییەكان تۆپباران نەكات. لەماوەی هەفتەی رابردوودا، تۆپخانەكانی سوپای توركیا لەبارەگاكانی سەر سنورەوە، بەدەیان جار گوندەكانی، تەل تەمر، گرێ سپی، كۆبانێ، عەین عیسا، كانتۆنی شەهباو شاروچكەی منبجیان تۆپباران كردووە. قوربانی سەرەكی هێرشەكانی توركیا هاووڵاتیانی مەدەنین كەبەشێكیان لەكەمپەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دەژین و مەترسی جارێكی دیكە ئاوارەبوونیان لەسەرە.   لەمانگێكدا ١٦ هاووڵاتی بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی توركیاوە كوژراون هێرشەكانی چەندڕۆژی رابردووی توركیا، چەندین زیانی گیانی و ماددی لێكەوتووەتەوە. رۆژی ١٧ی كانونی یەكەم، گوندی رەقاسی كۆبانێ بەچڕی تۆپباران كرا. ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لەبارەی تۆپبارانەكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، لەهێرشەكەدا سێ هاووڵاتی كوژراون كەیەكێكیان منداڵێكی ١٢ ساڵە. راشیگەیاند: لەماوەی مانگێكدا كەهێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بەچڕی لەبەرامبەر رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە، ١٦ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون. دوای زیاتر لەمانگێك لەتۆپباران و بۆردومانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كە رووبەڕووی ناڕەزایەتی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەكان بووەوە، توركیا تاكتیكی خۆی بۆ دژایەتیكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان گۆڕیوە. بەرپرسانی حكومەتی توركیا بەبەردەوامی رایدەگەیەنن كەدەیانەوێت لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا گفتوگۆ بكەن و كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەمبارەیەوە رایگەیاند، لەسەر ئاستی هەواڵگری، چەندین كۆبوونەوە لەنێوان ئەنقەرەو دیمەشق ئەنجامدراون و وتی: «ئەگەر حكومەتی دیمەشق لەپرسی «تیرۆر» هاوكاریمان بكات، ئامادەن دەست بەدانوستانی راستەوخۆ بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران بكەن، بەپێچەوانەوە، توركیا دانوستانەكان رەتدەكاتەوە». دواتر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا كە لەتوركمانستان دەگەڕایەوە، ئەوەی خستەڕوو كە ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا پێشنیازیكردووە كە كۆبوونەویەكی سێقۆڵی لەنێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، بەئامادەبوونی ڤلادیمیر پوتین ئەنجامبدرێت. ئەردۆغان دیسانەوە نیازی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق ئاشكراكردو وتی، «دەیەوێت لەگەڵ پوتین و ئەسەد بۆ بەرەنگاربوونەوەی «تیرۆر» پەیوەندیەكانیان باش بكەنەوە».   حكومەتی دیمەشق گەمارۆ دەخاتە سەر رۆژئاوا هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی دیمەشق لەدژی رۆژئاوای كوردستان، حكومەتی دیمەشق، دەستی بەگەمارۆخستنە سەر هەندێك ناوچەو شاری ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا کرد. لەئێستادا، حكومەت رێگەنادات، نەوت، غاز، دەرمان و خۆراك لەپارێزگاكانی وەك حەلەب و دیمەشقەوە بگاتە دەستی هاووڵاتیانی كانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و كۆبانێ كەكەمپێكی گەورەی خەڵكی عەفرینیش لەو ناوچەیە هەیە. بەهۆی گەمارۆكەوە، شارەوانییەكان كارەكانیان راگرتووەو خوێندنگاو قوتابخانەكان داخراون. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی بواری پەروەردەی كانتۆنی شەهبا، لەئێستادا نزیكەی ١٥ هەزار منداڵ و گەنج لەخوێندن بێبەشبوون. كوردانی حەلەبیش رووبەڕووی گەمارۆیەكی زۆری حكومەتی دیمەشق بوونەتەوە. هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب كە بەگەڕەكی كوردانی حەلەب ناسراون، گەمارۆدراون و رێگەنادرێت هیچ خزمەتگوزاری و پێداویستیەكیان پێبگات. بەم شێوەیە لەئێستادا رۆژئاوای كوردستان كەوتووەتە نێوان بەرداشی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیاو گەمارۆكانی حكومەتی دیمەشق.  

هاوڵاتی پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند هەشت کچی هەرزەکار بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێکی تەمەن ٥٩ ساڵ دەستگیرکراون وتەمەنی کچەکان لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ ساڵدایە وپێدەچێت لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە یەکییان ناسیبێت و شەوی ڕوداوەکە کە شەوی شەممە دەکات بۆ یەکەم جار کۆبونەتەوەو لە نزیک شوێنی ڕوداوەکە ڕاستەوخۆ دەستگیر کراون. سێرجێنت تێری براون، لێکۆڵەری پۆلیسی تۆرۆنتۆ بە میدیاکانی گوتتوە: قوربانییەکە دەسترێژی کراوەتە سەرو دواتر بە چەقۆ کوژراوە،هەروەها باوەڕمان وایە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە ئەو پیاوە خواردنەوەی ئەلکحولی پێبووە. وتیشی: ژمارەیەک کەس کە بە شوێنی ڕوداوەکەدا ڕۆشتون پیاوەکەیان دۆزیوەتەوە و دوای بردنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، هەروەها ژمارەیەک چەکیان دۆزیوەتەوە باڵام ئاماژەی بە جۆرەکەی نەدا. ئاماژەی بەوەشدا بۆ ماوەی سێ دەقە بە بەردەوامی هێرشکراوەتە سەر قوربانییەکە،هەروەها نامۆی ئەم ڕوداوە لەوەدایە کە کچەکان پێش ڕوداوەکە هەرگیز ڕوبەڕوو یەکییان نەبینیوە و لە بەشی جیاجیای ئەو شارەوە هاتون ولە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە و تاوانبارەکان دەستگیر کراون. هاوکات ئەم ڕوداوە  تەنها چەند کاتژمێرێک پێش تەقەکردنێکی بەکۆمەڵ لە ڤاون، ئۆنتاریۆ، شارێکی بچووک لە دەرەوەی تۆرۆنتۆ ڕویداوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکای. ئەو رێکخراوەیە لە زاری کەسوکاری یاسین ئاماژەی بەوە کردوە ئەو هونەرمەندە لە ئێستادا هۆشیاریی خۆی لەدەستداوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە. یاسین لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە بە ناوی دژایەتی خودا(محاربە) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. لە چەند رۆژی رابردودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ئێڤین لە تارانەوە بۆ زیندانی رەجایشار لە کەرەج گوازرابوەوە. بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 15 گەنجی دەستگیرکراوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و جگە لە یاسین پێنج گەنجی دیکەش گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی زیندانەکان بە مەبەستی لەسێدراەدانیان.  

هاوڵاتی ژمارەی دانیشتوانی قەزای سیده‌كان لەئیستادا 20 هەزار کەسە و 148 گوندی ئاوەدانی لەسەرە، هەروەها 118 گوندی سنورەکەش بەهۆی بۆردومانەکانەوە چۆڵکراون. ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا  کوێستانەکانی بەربزین و گەروی سنگایان لە سنوری برادۆست بۆردومان کرد، تائێستاش ئاماری زیانەکان نازانرێت بەڵام بۆردومانەکە دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروستکردوە،و بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەکانیش ١١٨ گوندی سۆران چۆڵکراون. ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاندبوو، هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی ئەمنی هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەکان گەیشتون بە رێککەوتن، هەروەها هەردولا جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و رەتکردنەوەی پێشێلکردنی سنورەکان دەکەنەوە.

هاوڵاتی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، دوو ڤاکسینی نوێ  بۆ ڤایرۆسی جۆری زایر ئیبۆلا لە توێژینەوەیەکدا تاقیکرایەوە  کە توانی لەدوای ١٤ ڕۆژ لە کوتانی یەکەم و دووەم دژە تەن دژی ڤایرۆسەکە پەیدا بکەن، بەشێوازی جیاواز لە منداڵان و گەنجاندا.  ڤاکسینەکە لەلایەن  کۆمپانیای جۆنسن و مێرک پەرەی پێدراوە، لەو تویژینەوەیەدا کە ماوەی ساڵێکی خایاندووە لە باشوری ئەفریقا کە تێیدا ١٤٠٠ کەسی سەروو تەمەن ١٨ ساڵ و ١٤٠١ منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ ١٧ ساڵدا بوو بەشداربوون، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە بەڕێژەیەکی باش دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە جۆری زایر کاریگەری هەبووە ودژە تەن بەرهەمهاتووە لە لەشی بەشداربووەکاندا. لە تویژینەوەکەدا ژەمە ڤاکسینێکیان  دۆزی ڤاکسینی جۆنسۆنی تاقیکردەوە، دواتر ڤاکسینێکی کۆمپانیای دەرمانسازی دانیمارکی باڤاریان نۆردیکی تاقیکردەوە، لە کاتێکدا گرووپەکەی تر  دوو ژەمی ڤاکسینی مێرکی تاقیکردەوە کە هەشت هەفتە لە نێوانیاندا بوو، وە گرووپی  بژاردەی سێیەم دوای یەکەم ژەمی مێرک بەکارهات لەگەڵ پلاسیبۆ. دکتۆر ئێچ کلیفۆرد لەین، کە یەکێکە لە تویژەرەکان و هەروەها بەڕێوبەری کلینیکی لە پەیمانگای نێشتیمانی ئەمریکا بۆ هەستیاری ونەخۆشیە گوازراوەکان وتی، پێموایە هەریەک لە ڤاکسینەکان بەباشی کار دەکەن دژی ڤایرۆسەکە. توێژەرانی ئەم تاقیکردنەوە زانستیە ئاماژەیان بەوەکرد، کە بەهۆی ئەوەی هیچ یەک لە بەشداربوووەکان تووشبووی ئیبۆلا نەبوون بۆیە  نەیانتوانیووە ئاستی کاریگەری ڤاکسیینەکە لەسەر لەناوچوونی ڤایرۆسەکە دیاری بکەن، هەروەها بەشداربووەکان پێویستە بۆ ماوەیەکی درێژ چاودێری بکرەێن تاوەکوو بزانرێ کەی ژەمە ڤاکسینی زیادەیان پێویست دەبێت. ڤایرۆسی جۆری زایر ئیبۆلا، لەناو پێنج جۆری ڤایرۆسی ئیبۆلادا کوشندەترینە، لە ساڵی ٢٠١٤ -٢٠١٦ بووە هۆی مردنی ١١ هەزار کەس لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ئاستی کوشندەیی ڤایرۆسەکە %٩٠.