هاوڵاتی سەرۆکی یەکێتی پزیسکانی تورکیا، بەهۆی ئەوەی داوای لێکۆڵینەوەی لە تەرمی گەریلاکانی پەکەکە کرد بەوەی کە گومان هەبوو بە هۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەست دا بێت، حوکمەتی تورکیا تۆمەتباری کرد بە بانگەشەی تیرۆر و بەوهۆیەوە دادگای دەکات. شەبنەم کۆرۆر فنجانچی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا وشارەزای پزیشکی دادوەری لە ٢٦ مانگی تشرینی یەکەم دەستگیرکرا، بەهۆی ئەوەی دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەکانی میدیاکانی پەکەکە کە باسیان لە گیان لەدەستدانی گەریلاکانی پەکەکە کرد لە چیاکانی کوردستان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیای لەلایەن تورکیا، داوای لێکۆڵینەوەی لە تەرمی گەریلاکان کرد، لە ئێستاشدا سەرۆکی دادگا بڕیاری داوە بە زیندانیکردنی فناجنچی تاوەکوو دادگای داهاتوو. بەڵام دوا بەدوای داواکانی شەبنەم فنجانچی وبڵاوبونەوەی ڕاپۆرتی میدیاکانی پەکەکە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیای دژ بە گەریلاکانی پارتی کرێکاران، ڕاستەوخۆ حوکمەتی تورکیا ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و شەبنەم فنجانچی بە تۆمەتی بانگەشەی تیرۆر تۆمەتبارکرد و دەستگیرکرا. هاوکات بەهۆی دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردنی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا، لە تورکیا ناڕەزایی و خۆپیشداندان درووست بوو، کە تێیدا ٣ خۆپیشاندەر دەستگیرکران. سەرەڕای دەستگیرکردنی، شەبنەم فنجانچی سورە لەسەر داواکەی لەمەڕ لێکۆڵینەوەکان لە تەرمی ١٧ گەریلا، هەربۆیە دووبارە دوای دادگاییکردنی لەناو هۆڵی دادگای ئیستەنوبڵ داوای کرد لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، جەختیشی کردەوە کە سورە لەسەر داکۆکی کردن لە ئازادی ڕادەربڕین و دەستکەوتنی زانیاری درووست. لەبارەی دەستگیکردن ودادگایی کردنی شەبنەم کۆرۆر فنجانچی، فرانک ئولڕیچ مۆنتگۆمێری ئەڵمانی و سەرۆکی دەستەی پزیشکی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەجیاتی دەستگیرکردن پێویستە دەستخۆشی لە کارەکانی ئەو پزیشکە بکرێت. هەروەها ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وچەند ڕێکخراوێکی دیکە، داوای ئازادکردنی شەبنەم فناجنچیان کرد و داکۆکیان لە مافەکانی کرد. شەبنەم فنجانچی کە تەمەنی ٦٣ ساڵە و هەمیشە بە ڕەخنەکانی دژی دەسەڵاتی ئەردۆگان ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داکۆیکارێکی سەختی مافی مرۆڤە لە تورکیا. شەبنەم فنجانچی لە میانەی دادگایەکەیدا وتی "ئەمە هەلێکی گرنگ و زێڕینە بۆمن بۆ داکۆکیکاری لە مافەکانی مرۆڤ، وا بیرمەکەنەوە کە دادگایی کردن کارێکی سەخت بێت بۆمن". سەرۆکی یەکێتی پزیسکانی تورکیا، بەهۆی ئەوەی داوای لێکۆڵینەوەی لە تەرمی گەریلاکانی پەکەکە کرد بەوەی کە گومان هەبوو بە هۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەست دا بێت، حوکمەتی تورکیا تۆمەتباری کرد بە بانگەشەی تیرۆر و بەوهۆیەوە دادگای دەکات. شەبنەم کۆرۆر فنجانچی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا وشارەزای پزیشکی دادوەری لە ٢٦ مانگی تشرینی یەکەم دەستگیرکرا، بەهۆی ئەوەی دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەکانی میدیاکانی پەکەکە کە باسیان لە گیان لەدەستدانی گەریلاکانی پەکەکە کرد لە چیاکانی کوردستان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیای لەلایەن تورکیا، داوای لێکۆڵینەوەی لە تەرمی گەریلاکان کرد، لە ئێستاشدا سەرۆکی دادگا بڕیاری داوە بە زیندانیکردنی فناجنچی تاوەکوو دادگای داهاتوو. بەڵام دوا بەدوای داواکانی شەبنەم فنجانچی وبڵاوبونەوەی ڕاپۆرتی میدیاکانی پەکەکە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیای دژ بە گەریلاکانی پارتی کرێکاران، ڕاستەوخۆ حوکمەتی تورکیا ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و شەبنەم فنجانچی بە تۆمەتی بانگەشەی تیرۆر تۆمەتبارکرد و دەستگیرکرا. هاوکات بەهۆی دەستگیرکردن و تۆمەتبارکردنی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا، لە تورکیا ناڕەزایی و خۆپیشداندان درووست بوو، کە تێیدا ٣ خۆپیشاندەر دەستگیرکران. سەرەڕای دەستگیرکردنی، شەبنەم فنجانچی سورە لەسەر داواکەی لەمەڕ لێکۆڵینەوەکان لە تەرمی ١٧ گەریلا، هەربۆیە دووبارە دوای دادگاییکردنی لەناو هۆڵی دادگای ئیستەنوبڵ داوای کرد لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، جەختیشی کردەوە کە سورە لەسەر داکۆکی کردن لە ئازادی ڕادەربڕین و دەستکەوتنی زانیاری درووست. لەبارەی دەستگیکردن ودادگایی کردنی شەبنەم کۆرۆر فنجانچی، فرانک ئولڕیچ مۆنتگۆمێری ئەڵمانی و سەرۆکی دەستەی پزیشکی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەجیاتی دەستگیرکردن پێویستە دەستخۆشی لە کارەکانی ئەو پزیشکە بکرێت. هەروەها ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وچەند ڕێکخراوێکی دیکە، داوای ئازادکردنی شەبنەم فناجنچیان کرد و داکۆکیان لە مافەکانی کرد. شەبنەم فنجانچی کە تەمەنی ٦٣ ساڵە و هەمیشە بە ڕەخنەکانی دژی دەسەڵاتی ئەردۆگان ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داکۆیکارێکی سەختی مافی مرۆڤە لە تورکیا. شەبنەم فنجانچی لە میانەی دادگایەکەیدا وتی "ئەمە هەلێکی گرنگ و زێڕینە بۆمن بۆ داکۆکیکاری لە مافەکانی مرۆڤ، وا بیرمەکەنەوە کە دادگایی کردن کارێکی سەخت بێت بۆمن".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە هەمو ناوچەکانی هەرێمی كوردستان کاریگەریەکەی لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان زیاتر دەبێت. وتیشی، لە پارێزگای دهۆک و دەوروبەری ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، هەروەها ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم هەیە لە ناوچە شاخاویە سنووریەکانی باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم. ئاماژهی بهوهشكردوه، پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بە نزیکەی (2 تا 4) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوتر، خێراىی با لهنێوان 5 بۆ 10 كیلۆمهتر و مەوداى بینین / 8 - 10 كیلۆمهتر دهبێت. سەبارەت بە کەشی پێشبینیکراوی سبەینێ (25ـی کانوونی دووەم) بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی رایگەیاند، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچەکاندا لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری کەم دەبێتەوە ئاسمان دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 16 سلێمانی: 14 دهۆک: 15 کەرکوک: 18 هەڵەبجە: 15 زاخۆ: 15 سۆران: 12 گەرمیان: 19
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا هاوخەمی خۆی بۆ رووداوەکەی دوێنێی فەرەنسا دەربڕی، ئەوەش دوای هێرشکردنە سەر ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی لە فەڕەنسا کە تیایدا سێ کورد کوژران. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر بڵاویكردهوه، "هاوخەمی خێزانی قوربانیانی هێرشەکەی دوێنێم کە کرایە سەر سەنتەرێکی کوردی لە پاریس" وتیشی ، "لەم ڕۆژە ناخۆشەدا بیرم لە لای کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکی فەڕەنسایە " ئەم تویتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، 23-12-2022، پیاوێکی تەمەن ٦٩ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە."
مەیسەم پیر فەلەک باوکی کیان دوای 40 رۆژ لە مەرگی کوڕەکەی ئاگادار دەکرێتەوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مالێ میر (ئیزە) کوژرا. کیان پیرفەلەک منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان بو کە لە ناڕەزایەتییەکانی (16/11/2022) شاری مالێ میر لە پارێزگای خوزستان لەگەڵ باوکی پێکران و ئەو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و باوکیشی بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدابو و داواجار رۆژی هەینی ئەو باوکە دەزانێت کە رۆڵەکەی گیانی لەدەست داوە. کیان پیرفەلەک بەهۆی بڵاوبونەوەی و دروستکردنی چەند تۆمارێکی ڤیدیۆیی پێش مەرگی بوەتە یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکان و لە زاری ئەوەوە تەنانەت مامۆستایانی خوێندگاکان، وانەکانیان بە ناوی (خودای پەلکەزێڕینە) دەست پێدەکەن کە کیان زۆربەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی بەوە دەست پێدەکرت. پێشتریش لە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان باوکێک بە ناوی مەحمود تەیموری دوای یەک مانگ بە مەرگی مەسعودی کوڕی دەزانێت لە کاتێکدا هەردوکیان پێکەوە لە یەک رۆژدا و لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربون و خۆی گوزاریەوە بۆ نەخۆشخانە و کوڕەکەی لە گۆڕستانی جوانڕۆ بەخاک سپێردرا.
ئەڵمانیا رایگەیاند بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران ئاسانکاریی بۆ هەناردەکردن و سەرمایەی نێودەوڵەتی لە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە راگرەتوە. وەزارەتی ئابوریی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئەو ئاسانکاریی و دڵنیاییانەی کە دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەی نێودەوڵەتیی لە ئێران ئێران کراو،ە سەرجەمیان رادەگیرێن ئەوەش وەک سزایەک دژی سێدارە و سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە. بە پێی بەیاننامەکە، ئەڵمانیا چیتر ئاسانکاریی ناکات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی و سەرمایەدارانی جیهان هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن. وەزارەتی ئابوریی رونی کردوەتەوە لە ساڵی 2016 و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 وڵاتی، ئەڵمانیا لە روی ئابورییەوە ئاسانکاریی کردوە بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەیەی بیانی لە وڵاتە بەڵام بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەرجەم ئەو ئاسانکارییانە جارێکی دیکە هەڵدەپەسێردرێن. ئەڵمانیا جەختی کردوەتەوە ئەو سزایانە کەرتی تەندروستی و ئەو بوارانە ناگرێتەوە کە پەیوەندیی بە مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. بڕیارەکەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە 43 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە داوایان کردوە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
هاوڵاتی هاوسەرۆکایەتیی کەجەدەکەی ئەوروپا ناسنامەی سێ شەهیدەکەی ڕوداوی تەقەکردنی سەرناوەندی کەلتوری ئەحمەد کایای بڵاوکردەوە شەوی ڕابردوودا هاوسەرۆکایەتیی کەجەکەی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی ئەو کەسانەیان ئاشکراکرد، کە لە هێرشێکی تەقەکردن لە لایەن هاوڵاتییەکەی تەمەن ٦٩ ساڵەوە لە ناوەندی پاریس کوژران. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو هێرشەدا ئەڤین (ئامینە کارا) شەهیدبووە، کە یەکێکە لە پێشەنگانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هەروەها هەردوو هونەرمەند میر پەروەر و عەبدوڵا کزل، ئەندامی ناوەندی هونەریی ئەحمەد کایا شەهیدبوون. هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بۆ شەرمەزارکردنی ئەو ڕوداوە کوردانی ئەوروپا لە سەرانسەری ئەوروپا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن .
مەزڵوم كۆبانێ: "هێرش بۆ سەر ناوهندێكی کورد لە پاریس، پرسی کورد دەکاتە ئامانج و سهركۆنهی دهكهین"
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند سەرکۆنەی هێرشەکەی پاریس دەکەین بۆ سەر ناوەندێکی کوردی و " پێمانوایە کە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و دامەزراوەکانی دادپەروەری هێرشبەرەکان ئاشکرا دەکەن". مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر بڵاویكردهوه، "هێرش بۆ سەر ناوهندێكی کورد لە پاریس، پرسی کورد دەکاتە ئامانج و جێگەی شەرمەزارییە و سهركۆنهی دهكهین". وتیشی ، ئێمە پێمانوایە کە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و دامەزراوەکانی دادپەروەری هێرشبەرەکان ئاشکرا دەکەن، پێویستە هاوکارییەکانمان لە دژی تیرۆر فراوانتر بکەین، ههروهها پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین". دوێنێ هەینی، 23-12-2022، هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هەرسێ کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن. دوای ڕوداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی کورد کوردانی شاری پاریس لە دوای هێرشەکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی لەگەڵ پۆلیس دروستبوو. بەشێک لە کوردانی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا درێژکرد و دروشمی "دەوڵەتی تورکیای بکوژ"یان گوتەوە. پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا. جێگەی ئاماژەیە هێرشەکە نزیکەی 10 ساڵ لەدوای کوژرانی سێ ژنە چالاکوانی کورد لە پاریس دێت.
عەمار عەزیز بۆ یەكەمجار دوای ئازادكرنی شەنگال زیاتر لە 100 خێزانی عەرەبی سوننە دەگەڕێنەوە ناوچەی دۆمیس كەدوو بۆ سێ كێلومەتر دوورە لەناوەندی شارەكەوە، ئەمەش نیگەرانی ئێزدییەكانی لێكەوتووەتەوە، هاوكات لە 10ی مانگی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەلابردنی وردبینی ئەمنی، بڕیارەكە لەتەواوی سنوری شنگال جێبەجێ كراوە. فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی راگەیاند:»نزیكەی 100خێزانی عەرەبی سوننە گەڕاونەتەوە ناوچەی دۆمیس ، ئێمە دژی گەڕانەوەی عەرەبەكانی شەنگال نین، بەڵام نامانەوێت ئەو كەسانە بگەڕێنەوە كە پەیوەندی یان هاوكاری داعش-یان كردووە، لەگەڵا ئەوەشدا ناتوانین بڵێین ئەوانەی گەڕاونەتەوە پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە». وتیشی:»لەهەموو حاڵەتێكدا پێویستە ئەو ئاوارانەی كەدەگەڕێنەوە شەنگال بەدواداچوونێكی ورد بۆ مەلەفەكانیان بكەن، هەر كەسێك گومانی لەسەر هەبێت بەهیچ شێوەیەك رێگەیان پێنەدەن بگەرێنەوە». قاسم تەعلو، چالاكوانی ئێزیدی كەدوای چوار ساڵ لەئاوارەیی لە 2019 گەڕاوەتەوەو نیگەرانە لەكارئاسانی بۆ گەڕانەوەی عەرەبەكان بۆ شەنگال، ئەو بەهاوڵاتی وت:»ئەگەر حكومەت و هێزە ئەمنییەكان چاوپۆشی لەو كەسانە بكەن كەپەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە یان بەهەر جۆرێك هاوكاری داعش-یان كردووە ئەوە گەورەترین ئیهانەیە بەئێزدییەكان دەكرێت، ئێمە بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە و ناڕازین كە كارئاسانی بۆ عەرەبەكان بكرێت، هەموومان باش دەزانین كەهەندێك كەس و لایەن هاوكاری داعش-یان كردووە، پێویستە ئەوانە بەتوندترین شێوە سزا بدرێن». هاوكات خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» لەدوای بڕیارەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاسانكاری زۆر بۆ ئاوارەكان دەكرێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، پێش بڕیارەكە لەناحیەی سنون و شەنگال هەركەسێك سەردانی فەرمانگەی رەگەزنامەی بكردایە مامەڵەكانی تەواونەدەبوون تا دۆسیەكەی ئاراستەی هەواڵگری دەكرا، دوای وردبینی لەدۆسیەكەی ئینجا مامەڵەكەی تەواودەبوو، زیاتر لە20 رۆژە ئەوە نەماوە هەر لەفەرمانگەی رەگەزنامە مامەڵەكانیان تەواودەكرێن بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ فەرمانگەی هەواڵگری، لەبازگەكانیش زۆر ئاسانكاری بۆ ئاوارەكان دەكرێت، پێشتر رۆژانە خەڵك پەیوەندیان دەكردو لەبازگەكان كێشەیان بۆ دروستدەكرا، بەڵام لەدوای دەرچوونی بڕیارەكە هیچ ئاوارەیەك بۆ ئەم پرسەیە تەلەفۆن و پەیوەندییان نەكردووە». وتیشی»دەركردنی ئەو بریارە باشی و خراپی خۆی هەیە، باشیەكەی ئەوەیە كەكارئاسانی بۆ ئاوارەكان دەكرێت تابگەڕێنەوە، هەروەها هاتوچۆكردن لەنێوان شەنگال و شارەكانی تر بەتایبەت لەبازگەكان باشتر بووەو وەكو جاران نیە، لەبازگەكان دوابكەوی یان كەسێك رابگیرێت بۆ چەند كاتژمێرێك، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ ئێزدییەكان خراپە، چونكە ئەوانەی دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە بەئاسانی هاتۆچۆ دەكەن». خودێدا چوكی ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر كوتلەكانی شیعەو سوننە لەسەر ئەم دۆسیەیە رێككەوتبوون ئینجا بڕیارەكە دەركراوە، بەبڕوای من دەبووایە لەناوچەكانی ماددەی 140 بڕیارەكە جێبەجێ نەكرابا چونكە هەموومان دەزانین بارودۆخی ئەو ناوچانە جیاوازە لەگەڵ شوێنەكانی تر بەپێچەوانەوە دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە توندوتوڵتر بكرێت بۆ هەموو كەسێك جگە لەو ئاوارانەی كە لەهەرێمی كوردستانەوە دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان».
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 23-12-2022، هاووڵاتییەکی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هەرسێ کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکووری کوردستانن. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە bbc بڵاویکردۆتەوە ئەو تاوانبارەی دەستگیرکراوە پێشینەی تاوانی هەیەو بە تۆمەتی تونتوتیژی ڕەگەزپەرستی دەستگیر کراوە و لە ئێستادا پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لە پاڵنەری ڕەگەزپەرستی دەکۆڵنەوە. کۆنسەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (CDF-K) کە ئەو ناوەندە بەڕێوە ئەدا کە هێرشەکەی تیا ڕویدا، لە لێدوانێکی کورتدا هێرشەکەی شەرمەزار کرد هەروەها وتیشی شەوی هەینی کۆبونەوەیەک دەکەین بۆ ڕێزگرتن لەوقوربانییانەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا. لە ئێستادا دیار نییە وهیچ هاندەرێکی پشتڕاستکراو نییە بۆ تەقەکردنەکە، بەڵام داواکاری گشتی پاریس وتی کە گومانلێکراوەکە پێشتر بە توندوتیژی نەژادپەرستانە تۆمەتبار کراوەو لە لێکۆڵینەوەکانیاندا ئەوە بەرچاو دەگرن. بە پێی ڕاپۆرتەکەی بی بی سی ئەو تاوانبارە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2021 هێرشی کردووەتە سەر کامپێکی پەنابەران لە پاریس بە شمشیرەوە بەڵام دیار نییە بۆچی بەو زوییە ئازاد کراوە. هەروەها ڕۆژنامەی لۆمۆند لە زاری ئاگیت پۆڵات، وتەبێژی سەنتەرەکەوە دەڵێت دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا "جارێکی تر" لەپاراستنی گەلی کورد لەپاریسی شکستیان هێنا دوای ڕوداوەکە ژمارەیەک هاوڵاتی کورد کوردانی شاری پاریس لە دوای هێرشەکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی لەگەڵ پۆلیس دروستبوو. بەشێک لە کوردانی فەرەنسا، پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا درێژکرد و دروشمی "دەوڵەتی تورکیای بکوژ"یان گوتەوە. پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا. سەبارەت بەم ڕوداوەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە." گێرالد دارمانین وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕوداوەکە بە ڕۆژنامەنوسانی گوت "هێرشبەرەکە بە ڕوونی بیانیەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام پۆلیس لەم قۆناغەدا بەڵگەی نییە کە ئەو بە تایبەتی ئامانجی ئازاردانی کورد بووە". دارماین وتیشی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ئەو هەڕەشانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردی لە پاریس دەکرێت ئەنجام دەدەین جێگەی ئاماژەیە هێرشەکە نزیکەی 10 ساڵ لەدوای کوژرانی سێ ژنە چالاکوانی کورد لە پاریس دێت.
هاوڵاتی مەترسییەكانی كەمبوونەوەی ئاو لەعێراق نەتەوەیەكگرتووەكان دەخاتە جووڵەو دەڵێت: ئامادەن ناوبژیوانی لەنێوان عێراق و توركیا بكەن، بەپێی پێشبینی شارەزایانیش بۆ ساڵی 2030 بەڕێژەی 50٪ی ئاوی سەرزەوی لەعێراقدا كەم بكات، وڵاتی ئێران رێڕەوی زیاتر لە 20 سەرچاوی ئاوی گۆڕیوە كە دێتە ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانەوەو یەدەگی ئاوی عێراقیش پێنج ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوە كە سێ ملیاری یەدەگێكی مردووە، لەڕووی كشتوكاڵیشەوە رووبەرە چێنراوەكان لە 33 ملیۆن دۆنمەوە بۆ كەمتر لە 10 ملیۆن دۆنم لەكاتی ئێستادا كەمیكردووە، رووبەری چێنراوی گەنم لە 10 ملیۆن دۆنمەوە بۆ چوار ملیۆن دۆنم زەوی كەمیكردووە. نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بۆ هاریكاری عێراق (یۆنامی) رایگەیاندووە كەئامادەن بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی ئاو لەگەڵ توركیا ناوبژیوانی لەنێوان عێراق و توركیادا بكەن ئەگەر بێتو ئەو دوو وڵاتە داوای لێبكەن، ئاماژەشی بەوەكردووە كە نەتەوەیەكگرتووەكان بەوردی چاودێری دۆخی هۆڕەكانی باشووری عێراق دەكات كە بەهۆی نەمانی ئاوەوە وشكیان كردووەو كارەساتێكی ژینگەیی و مرۆیی گەورەی دروستكردووە. ئەو وشكەساڵییەی كەئەمساڵ عێراق تێیپەڕاند لەدوای ساڵی 1930ەوە قورسترین وشكەساڵی بووەو رێژەی یەدەگی ئاو لەسەدا 60 بەبەراورد بەساڵانی پێشووتر كەمیكردووە، كەزیاتر ناوچەكانی باشووری عێراق لێی زیانمەد بوون، یەدەگی ئاوی عێراق پێنج ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوە كە سێ ملیاری یەدەگێكی مردووەو سودی لێ نابینرێت، هۆكاری كەمبوونەوەی ئاویش كەمی باران بارین و سوود نەبینین و ئەمبارنەكردنی ئاوی باراناوو گرتنەوەی ئاوی رووبارەكان لەتوركیا و ئێرانەوەیە. بەرنامەی گەشەپێدانی پەردەوامی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەبانكی نێودەوڵەتی دانی بەمەترسیی دۆخی ئاو لەعێراقدا ناوەو ئاماژەی بەوەكردووە توانا ناوخۆییەكان بۆ دابینكردنی ئاوی پاك لاوازە، ئەوەشی خستووەتەڕوو گۆڕانی كەشوهەواو كەمبوونەوەی باران بارین تاوەكو ساڵی 2040 دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی ئاو بەڕێژەی لەسەدا 40. گرتنەوەو گۆڕینی سەرچاوەكانی ئاو بەجۆرێكە وڵاتێكی وەكو ئێران تاوەكو ئێستا رێڕەوی 20 سەرچاوەی سەرەكی ئاوی گۆڕیوە كەدەڕژایە ناو خاكی عێراقەوە، وڵاتی توركیاش بەدەیان بەنداوی لەسەر رووباری فورات درووستكردووەو رێڕەوی رووبارەكەی گۆڕیوە ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ كەمبوونەوەی ئاوو بەبیابانبوون لەعێراقدا، بەپێی ئامارەكانیش لەئێستادا تەنها لەسەدا 41٪ی دانشتوانی عێراق ئاوی پاك و شیاویان دەستدەكەوێت بۆ مەبەستی بەكارهێنانی رۆژانەیان، هەروەها رێژەی 38٪ی دانیشتوانی عێراق كەمتر لەپێداویستی رۆژانەیان دەستدەكەوێت و رێژەی 21٪ی دانیشتوانی عێراق ئاوی پاكیان بەردەست نیە كەشیاوی خواردنەوە بێت بەپێی ستانداردە جیهانییەكان. لەڕووی كشتوكاڵیشەوە رووبەرە چێنراوەكان لە 33 ملیۆن دۆنمەوە بۆ كەمتر لە 10 ملیۆن دۆنم لەكاتی ئێستادا كەمیكردووە، رووبەری چێنراوی گەنم لە 10 ملیۆن دۆنمەوە بۆ چوار ملیۆن دۆنم زەوی كەمیكردووەو هی برنجیش لەنیو ملیۆنەوە بۆ چارەكە ملیۆنێك دۆنم كەمیكردووە. كاریگەری كەمبوونەوەی ئاو هەر بەتەنیا لەكشتوكاڵ و ئاودێریدا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵكو كاریگەری زۆریشی هەیە لەسەر ئەو پیشەسازییانەی كەپێویستیان بەئاوی زۆر هەیەو هەروەها بۆ دابینكردنی وزەی كارەباو شەپۆلەكانی كۆچ و ئەو گرفتە كۆمەڵایەتیانەی لەنێوان جوتیاران و راوچیاندا سەرهەڵدەدات. بەبڕوای شارەزایانیش كەمبوونەوەی ئاو لەعێراقدا چەندین رەهەندی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە كەپێویستە دەوڵەت كاری بۆ بكات و كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان كەمتر بكاتەوە، ئەویش بەدروستكردنی بەنداوی ناوخۆیی زۆرو سود بینین لەئاوی باران و گفتوگۆكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ پێدانی بەشە ئاوی پێویست بەعێراق و چەندین رێكاری دیكە.
هاوڵاتی ماوەی هەشت رۆژە پێشمەرگەیەکی دانیشتووی شاری دهۆک لە بەغدا بێسەروشوێنە، باوکی ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت: "کوڕەکەم بۆ کارکردن لەگەڵ خاڵێکیدا چووەتە بەغدا، بەڵام دوای گەیشتنی لەو رۆژەوە تائێستا هیچ هەواڵێکی نییە." رۆژی هەینی، 23-12-2022، ئەزوەر ساڵح مزووری، باوکی ئەیازی تەمەن 31 ساڵ، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە رووداوی راگەیاندووه: "کوڕەکەم پێشمەرگەیە و لە مەخموور دەوام دەکات، خێزاندارە و یەک کوڕی هەیە، رۆژی 16-12-2022 دوای ئەوەی خاڵی پێیگوتبوو مادام دەوامت نییە وەرە بەغدا و لەگەڵ من ئیش بکە، خاڵی وەستایە و کاری سیرامیک دەکات، ئەو رۆژە کوڕەکەم چووە مووسڵ و لەوێوە بۆ بەغدا و دوای ئەوەی گەیشتووەتە بەغدا لە گەراج عەلاوی دابەزیوە و تا سێ رۆژ تەلەفۆن و ماسنجەر و فەیسبووکیشی هەبووە، بەڵام هیچ تەلەفۆنێکی وەڵام نەداوەتەوە و ئێستاش مۆبایلەکەی داخراوە و هیچ لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەم نازانین." باوکی ئەیاز، کە بۆ سۆراخی کوڕەکەی چەند رۆژێکە لە بەغدایە و لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی عەلاوی سکاڵای تۆمارکردووە، گوتیشی: "کوڕەکەم هیچ پارەیەکی ئەوتۆی پێنەبووە، لە موسڵ سواری ئۆتۆمبێل بووە و ویستوویەتی بچێت بۆ بەغدا لە رێگەدا خاڵی تەلەفۆنی بۆ کردووە و بەشۆفێرەکەشی گوتووە پارەی لێوەرنەگرێت و لە رێگەش ئەگەر پێویستی بوو پارەی بداتێ و بیگەیەنێتە ناوچەی سەعدوون لەبەغدا، بەڵام شۆفێرەکە لەلای گەراج عەلاوی دایناوە و گوتوویەتی، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ مووسڵ، چونکە نەفەری هەیە، ئیدی کوڕەکەم ویستوویەتی تەکسی بگرێت و بچێتە لای خاڵی، پارەی لە خاوەن تەکسییەکە وەرگرتووە، بەڵام لەو کاتەوە چارەنووسی نادیارە." باوکی ئەیاز دەڵێت، کوڕەکەی کێشەی لەگەڵ کەسدا نییە، نازانێت بۆچی ونبووە.
هاوڵاتی فیفا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن چەند کەسێک بەبێ ئەوەی مۆڵەتییان هەبووبێت توانیویانە لە دوای کۆتا یاری مۆندیالی ٢٠٢٢ بچنە ناو یاریگاوە، یەکێک لەو کەسانەش نوسرەت گۆکچەیە. نوسرەت گۆکچە کە خاوەنی زنجیرەیەک رێستۆرانتە و بە شێوازی پرژاندنی خوێ بەناوبانگە، لە یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢دا و دوای ئەوەی ئەرجەنتین لە فەڕەنسای بردەوە، چووە ناو یاریگاوە و لەگەڵ یاریزانان و جامەکەدا وێنەی گرت. بەرپرسێکی فیفا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی BBCی بەریتانی، رایگەیاند: "لێکۆڵێنەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە هەندێک کەس دوای رێوڕەسمی جامی جیهانی، چۆن بەبێ مۆڵەت، چوونەتە ناو یاریگاوە، دەستپێکردووە. بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر". بەگوێرەی یاساکانی فیفا تەنها یاریزانانی هەڵبژاردەی براوە، دەستەیەکی هەڵبژێردراو لە بەرپرسانی فیفا و سەرۆکی وڵاتان، دەتوانن جامی جیهانی بەرز بکەنەوە.
هاوڵاتی لەو کارەسات و رووداوانەی بەهۆی بەفربارینی چڕەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ژاپۆن روویان دا، هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٥ی دیکەش برینداربوون. تەلەڤیزیۆنی فەرمی ژاپۆن "NHK" بڵاوی کردووەتەوە کە لە کۆتایی هەفتەوە بەفربارین کاریگەریی نەرێنی لەسەر ویلایەتەکانی باکوور و خۆرئاوای وڵات دروستکردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئاژانسی کارەسات و ئاگرکوژێنەوە لە ژاپۆن (Shobocho)، لەو کارەسات و رووداوانەی بەهۆی بەفربارینی چڕەوە روویان داوە، لەسەرتاسەری وڵات هەشت کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٥ی دیکەش برینداربوون. بەفربارین پچڕانی کارەبا و وەستانی خزمەتگوزاری شەمەندەفەری خێرای لێکەوتەوە. بەرپرسانی کەشناسی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەستووری بەفر لە ناوچەکانی شیمانە، هێرۆشیما، کۆچی و هۆکایدۆ لە سەرووی ئاستی ئاسایی وەرزییەوەیە و پێشبینی دەکرێت بەفربارین بەردەوام بێت. هەر بەهۆی کاریگەریی بەفربارینەوە جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر رێگاوبانەکان دروست بوو. لەو ویلایەتانەی هاوسنوورن لەگەڵ دەریای ژاپۆن (دەریای خۆرهەڵات)، بانگەوازی خەڵک کرا کە پێشوەختە خۆراکە سەرەتاییەکانی خۆیان دابین بکەن و ئەگەر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵی پەسند دەکات، کە رێگە بە ئیدارەی بایدن دەدات 1.7 ترلیۆن دۆلار بۆ ئاژانسە فیدراڵییەکان خەرجبکات. پشکی پێشمەرگە و هێزەکانی کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیشی تێدا دیاریکراوە. رۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسەیەکدا بۆ ئەوەی کورتهێنان لە بودجەی فیدراڵیدا پڕبکاتەوە و بڕەکەی ترلیۆنێک و 700 ملیار دۆلاری ئەمریکییە. پڕۆژەیاسا 4,155 لاپەڕەییەکە، بە 68 دەنگی "بەڵێ" لە ئەنجوومەنی پیران پەسندکرا کە لە دوو بەش پێکدێت؛ 772.5 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی پڕۆگرامە نێوخۆییەکانی حکومەتی فیدراڵی و 858 ملیار دۆلاریش بۆ بودجەی بەرگری تەرخانکراوە. پڕۆژەیاساکە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و کاری پێبکرێت، دەبێت ببرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لەوێش دەنگی لەسەر بدرێت پێش ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بکات. پڕۆژەیاساکە وەکو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی دامەزراوە فیدراڵییەکان یان "شەتداون" خراوەتەڕوو و تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2023 خەرجییە فیدراڵییەکان پڕدەکاتەوە. پشکی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەیەکەوە بە 475 ملیۆن دۆلار دیاریکراوە کە لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا خەرج دەکرێن. جگە لەوەش، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هاوکاری راهێنان، کەلوپەل و پاڵپشتی لۆجستی بەو هێزانە دەدرێت. رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریکا لەلایەن دیموکرات و کۆمارییەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسندکرا. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە ناتوانرێت کاری پێبکرێت و خەرجبکرێت. بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری، زیاتر لە 487 ملیۆن دۆلار بۆ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانکراوە کە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەخۆدەگرێت. هاوکات، بڕی 165 ملیۆن و 309 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی هەسەدە و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا لە سووریا تەرخانکراوە. لە پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێناندا کە رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پیراندا پەسندکرا، نزیکەی 50 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی مرۆیی، سەربازی و ئابووریی ئۆکراینا و هاوپەیمانانی ناتۆ تەرخانکراوە. بەوەش کۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەگاتە 100 ملیار دۆلار. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتارێکی لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکێشکرد و باسی لە گرنگیی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی کرد لە شەڕی دژی رووسیا.
هاوڵاتی هۆشداری لەمەترسییەكانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەدرێت و شارەزایانی بواری ئابووریش ئەمە بەئاڵنگارییەكی ئابووری دەزانن بەتایبەت كەحكومەت ناتوانێت سوود لەو گەشەسەندنە لەبواری ئابووریدا ببینێت و بەگەڕی بخات، هاوكات وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەهاتنی ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە نزیكەی ٥٠ ملیۆن كەس. بەپێی رێژەی گەشەسەندنی دانیشتوان كەئێستا هەیەو لەسەدا ٢.٥ی ساڵانەیە، بەهاتنی ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە ٥٠ ملیۆن كەس، چاوەڕواندەكرێت بەكۆتاییهاتنی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٤٢ ملیۆن كەس، هەموو ئەم پێشبینیانەش لەكاتێكدایە كەسەرژمێرییەكی تەواوەتی لەعێراقدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ نەكراوە. هەرچەندە پێشووتر لەساڵی ١٩٩٧ سەرژمێرییەك لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق جگە لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە بۆیە كاری پێناكرێت و لەئێستادا كار بەو سەرژمێرییە دەكرێت كە لەساڵی ١٩٨٧ لەتەواوی عێراقدا ئەنجامدراوەو دانی پیادا دەنرێت. وەزارەتی پلاندانانی عێراق باس لەوەشدەكات كە لەپێشووتردا بەڵگەنامەیەكی نیشتمانی هەبووە بۆ گەشەسەندنی دانیشتوان كەتیایدا رێڕەوە بنەڕەتییەكانی سیاسەتی گەشەسەندنی تیادا دیاریكراوە كەپێویستە لەماوەی ساڵانی داهاتوودا جێبەجێبكرێت و جەخت لەوەكراوەتەوە كە پێویستە گەشە بەبوارەكانی تەندروستی و فێركردن و نیشتەجێبوون و گەنجان بدرێت بەوپێیەی گەنجان بەشێكی گەورەی كۆمەڵگان، هەروەها گرنگی بەهاوكاریكردنی تووێژەكانی دیكەی بەتەمەنەكان و مناڵان و كەمئەندامان بدرێت، پلانی ئەوەش بۆ رێكخستنی خێزان لەداهاتوودا خراوەتەڕوو بەئامانجی كەمكردنەوەی رێژەی گەشەسەندنی دانیشتوان و كەمكردنەوەی هەژاری. لەماوەكانی رابووردوودا هەوڵەكانی حكومەت بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ كەمكردنەوەی رێژەی منداڵبوون شكشتی هێناوە، بەبڕوای شارەزایانیش لەكۆمەڵگای عێراقیدا هەوڵێكی وا ئەنجامەكەی شكستدەهێنێت، چونكە هەم لەڕووی ئاینیی و مەزهەبییەوە، هەم لەڕووی تایفەگەری و سیاسییەوە پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراقی ئەوە قبوڵ ناكات. هەربۆیە داوادەكەن وەزارەتی پلاندانان ئەم گرفتانە لەبەرچاوبگرێت و خۆی لەگەڵ ئەو گەشەسەندنەدا بگونجێنێت و پلانی پێویستی هەبێت بۆ هەزمكردنی ئەم زیادبوونانە. وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت: بەپێی ئامارەكان زیادبوونی دانیشتوانی عێراق لەماوەی ١٠ ساڵی رابووردوودا رێژەیەكی جێگیری هەبووە كەساڵانە ٨٥٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن كەس بووە بەڕێژەی لەسەدا ٢.٦ بووە، كەئەمەش بەبەراورد بەڕێژەی زیادبوونی دانیشتوان لەوڵاتانی چواردەوردا زۆرە كەجگە لەمیسر رێژەی گەشەكردن لەسەدا ٢ تێناپەڕێت. شارەزایان بڕوایان وایە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان چەكێكی دوو سەرەیە، دەتوانرێت لەگەشەپێدانی توانای بەرهەمهێنان و جۆراوجۆركردنی لەوڵاتدا سودی لێ ببینرێت ئەگەر بێت و پێشووتر پلانی بۆ دانرابێت، بەڵام ئەگەر هیچ پلانێكی پێشوەختە نەبێت وەك ئەوەی ئێستا هەیە ئەوا زیادبوونی دانیشتوان مایەی نیگەرانییە. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هیچ سەرژمێرییەك نەكراوە، بەڵام عەبدولزوهەر هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت: بەپێی پێشبینیەكان لەكۆتایی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتوان دەگاتە 42 ملیۆن كەس، كە لەسەدا 50.5 پیاوو لەسەدا 49.5 ژنە. هاوكات بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەساڵی 2020 دا، پارێزگاكانی هەرێم نزیكەی ٥.٥ ملیۆن كەس بووە. پارێزگای بەغداش هەشت ملیۆن و ٥٥٠ هەزار كەس و نەینەوا سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس بووە، بەسرەش زیاتر لە سێ ملیۆن بووە.
