هاوڵاتی سوپای عێراق لە پلانیدایە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات بۆ بەرپەرچ دانەوەو ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیاو ئێران . فەریق روکن مەعن سەعدی فەرماندەی بەرگری ئاسمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، تورکیا و ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی بەکاردەھێنن بۆ بۆردومانکردنی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ،هەر بۆیە ھەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا چەکی بەرگری ئاسمانی لە ھەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێک بۆ سەر سەروەری عێراق. ڕاشیگەیاند دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان بۆتە جێی بایەخی سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری. هەروەها فەرماندەی بەرگری ئاسمانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ پاراستنی عێراقە و بە دابینکردنی، لە داھاتوودا دەتوانرێت بەرپەرچی ھەر ھێرشێکی دەرەکی بدرێتەوە.
هاوڵاتی لهڕاگهیاندراوێکدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەبارەی ٢ گەریلای ژن کە لە بەرانبەر پۆلیسی ناوچەی مەزیتلی مێرسین چالاکیان ئەنجامدا، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگهیاندووه "هاوڕێکانمان سارا گۆیی و روکەن زەلال، بە رێبازێک کە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە ئاگاداری نەبوون و لێی تێنەگەیشتن، شەوی ٢٦ی ئەیلول هەڵیانکوتایە سەر ناوەندی پۆلیسی ناوچەی مەزیتلی مێرسین و چالاکیان کرد و دەوڵەتی داگیرکەریان تووشی شۆک کرد. بە دەمانچەی خۆیان چوونە سەر دوژمن، رێگەیان نەدا کە پۆلیس لە قولەکە شتێک بکات، یەکسەر لێیاندا و دواتر بە بە چەکەکانیان لەدژی دوژمن چالاکیان کرد و چالاکی گیانبازیان گەیاندە گەورەترین ئاست. ههروهها دهشڵێت: فیداییەکانمان، لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی چالاکیەکەیان بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو، بێکەموکورتی و بە خوڵقێنەری بەرز، بە شێوەیەکی بێوێنە ئەنجامدا. وەک تیمێکی گەریلای خۆسەر، بە پلانسازی خۆیان دڵسۆز بوون، لە هەمان کاتدا بارودۆخەکەیان بە شێوەیەکی باش شیکردەوە و چالاکیەکی سەرکەوتوانەیان ئەنجامدا. ههپهگه جهختیش لهوهدهکاتهوه: ئامانجەکەیان بە وردی دەستنیشان کرد و بە ژیری لێیاندا. لەو پۆلیسانەدرا کە لە ئەرکی تایبەتدا بوون بۆ ئاسایشی بیرۆکراسی دەوڵەت. سەرەتا هێرشیان نەکردە سەر هێزەکانی دوژمن، هێرشیان کردە سەر ئەو پۆلیسانەی کە لەسەر باجی خەڵک دەژین. ئەم چالاکیە فیداکارییە گورزێکی قورسی لە دوژمن داوە، کە لە لێدوانی شایەتحاڵەکاندا دیارە. بەڵام وەزیری کاروباری تاوانەکانی حکومەتی شەڕی تایبەت وەک هەمیشە ژمارەی قوربانییەکانی شاردەوە. بەپەلە چووە شوێنی چالاکییەکە و هەوڵیدا ئەنجامی ئەو چالاکیە و کوژراوەکان بشارێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش درک بەوە کرا کە زیانەکانی دوژمن زۆر زۆرن. چالاکییەکە ئەنجامێکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سەربازی و سیاسییەوە دوژمنی هەژاند. ئەوان فەرماندەی دڵسۆزمان بوون کە میتۆدی گەریلا یئاپۆیی نۆژەنیان لە شارەکاندا جێبەجێ دەکرد. گوایە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە پشت بە 'هەواڵگری سەربازی و تەکنەلۆژیای سەربازی' دەبەستێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرخۆدانی گەریلاکانی کۆتایی پێهێناوە. وایلێهاتووە کە بڕوای بە درۆکانی خۆی هەیە و لەڕێگەی میدیای تایبەتی جەنگی خۆیەوە، پڕوپاگەندە دەکات کە گوایە 'تەنانەت ناهێڵین تەقەیەک لە ناو شارەکاندا بکرێت و پارتەکەمانیان تەواو کردووە'. ڕۆژانە لە چیاکانی کوردستان بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی کیمیایی هێرش دەکاتە سەر ڕۆڵەکانی قارەمانی گەلی کورد و شۆڕشگێڕە ئینتەرناسیۆنالیستەکان و دەیەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە خۆفرۆشە ناوخۆییەکان پیلانگێڕی لەناوبردن بە ئەنجام بگەیەنێت. لە كاتێكدا كە بانگەشەی ئەوە دەکات كلیلی خستووەتە دەستی، دوو هاوڕێممان بە چەك و ئۆتۆمبێلی پڕ لە تەقەمەنیەوە چوونە ناوچەیەك كە دوژمن بە تەكنەلۆژیای مۆدێرن تەنیبووی؛ جارێکی تر نیشانیان دا کە پەکەکە تێکناچێت، ئەم شێوازەیان بە دۆست و دوژمنانی سەلماند. هێز و ئازایەتی و ئیرادە و بڕوای بە خۆیان و سەرکەوتنی پارتیان نیشان دا و بە ئیرادە و چالاکیان سەرکەوتن. لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا هەپەگە باسی لە ناسنامە و ژیان و چۆنیەتی بەشداریکردنی هەردوو شەهیدەکەی بۆ ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و گەریلاکانی ئازادی کوردستان کرد. سارا تۆڵهەڵدان هاوڕێ سارا لە قەزای قلەبانی شرنەخ لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی عەشیرەتی گۆیی. لە خاکی پیرۆزی بۆتان بە هۆشیاری و کلتوری کوردایەتی گەورە بووە، بەڵام لە منداڵیدا ناچار بووە ڕوو بکاتە شارە گەورەکەی تورکیا، لەوێ کار بکات. لە لاوێتیدا رەنجدەری ناسی و رەنجدەری و کاروخەبات و ماندوونەبوون دیارترین سیماکانی کارەکتەری ئەو بوون. لەگەڵ ئەوەی لە میترۆپۆلەکان بوو، بەڵام هەمیشە مێشکی لەلای نیشتمان و شاخ و هاوڕێکانی لە شاخدا بوو. تەنانەت لە منداڵیشدا دەیویست ببێتە بە گەریلا، هەمیشە بە خەونی گەریلا گەورە بووە. هەرچەندە هەمیشە پێیان دەگوترا 'تۆ بچووکیت، ناتوانیت' و ڕێگری لێدەکرا بەشداری بکات، بەڵام کاتێک کاتی هات، بە دەستپێشخەری خۆی چووە سەر شاخ و بوو بە گەریلا. یەکەم هەنگاوی ناوە بۆ ئامانجەکەی؛ بێ دوودڵی و بێباکی و بە دڵەوە بەشداری لە ژیانی گەریلای پیرۆزدا کرد. بە خۆشەویستی و خۆشی و سۆز و جۆش و خرۆشەوە پەیوەندی بە ژیانەوە کرد. هاوڕێ سارا ئێدی لەو شوێنە بوو کە بە دڵ پێشوازی لە هەموو شتێکی دەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٩ پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاکانەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠١٠ جێگەی خۆی لە هێزە تایبەتەکاندا گرتۆتەوە. لە پرۆسەی مەشق و ڕاهێنانی هێزە تایبەتەکانی سارا (ساکینە جانسز) کە یەکێک لە سەرکردە و دامەزرێنەرانی پارتیمان بوو، فێری کلتور و شێوازی ژیانی پارتی بوو، کە لەگەڵیدا مانەوە و یاوەری بوون و مانادارترین ڕۆحانیەتیان لێوە فێربوون. حەقیقەتی ژنێکی ئازاد لە کەسایەتی هاوڕێمان ساکینە جانسز لەودا بەرجەستە بوو، بۆخۆی کردە ڕێبازی ڕێپێوانی شۆڕشگێڕانە. روکەن زەلال هەڤاڵمان روكن لە رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە و لە قامیشلۆ گەورە بووە. لە بەرامبەر فشارەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کورد و خەڵکی ناوچەکە، لەگەڵ شۆڕشی ئازادی لە ڕۆژئاوا، زیاتر لە گەریلا نزیک بووەوە. چالاکانە بەشداری خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژئاوا دەکات، بەڵام هەمیشە سەرنجی لەسەر شاخ بوو، لەسەر ژیانی ئازاد لە شاخەکان. ئەو دەیزانی کە گەورەترین مەترسی لەسەر بوونی کورد دەوڵەتی تورکە کە دڕندەیە و بۆ شەڕی دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە باکووری کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤ هاتە چیاکانی ئازاد. دوای مەشق و ڕاهێنانی شەڕڤانانی نوێ، لەسەر بنەمای پێشنیازی پەیوەندیکردن بە هێزە تایبەتەکانەوە دەستی بە مەشق و ڕاهێنانی بنەڕەتی کرد. بەمەبەستی پەیوەندیکردن بە هێزە تایبەتەکانەوە وتی؛ "دەتوانم بڵێم لە هێزە تایبەتەکان خۆم ناسی، گەڕانم بۆ چالاکی فیدایی بە چالاکییەکانی هەڤاڵ دۆغا و هەڤاڵ زنار دەستی پێکرد. لەبەر ئەوەی ئەم دوو هەڤالەم ناسی. لەگەڵ هەڤاڵ دۆغا لە یەک پەروەردەدا بووین و ڕاهێنانم وەرگرت و لە هەمان ناوەندیش لەگەڵ هەڤاڵ زنار ماینەوە. مانەوە و پەیوەندیکردن بەم هاوڕێیانەوە کاریگەری زۆری لەسەر من هەبوو." هەڤاڵ روکن لە هەموو مەشق و ڕاهێنانەکاندا سەرکەوت و ئەوەی فێر بوو پێشکەش بە هەڤاڵانی کرد. هەرچیەک فێربوو لە پەروەردەدا بەم شێوەیە و زیاتریش پێشکەش بە هەڤاڵانی کرد. لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی تێکۆشاندا کاری کرد. هەموو ئەرکێک کە رێکخستن پێیدا وەک دەرفەتێک بینی و ویستی چالاکی فیدایی ئەنجام بدات. لینکی چالاکییەکە: https://hawlati.co/page_detail?smart-id=25545
هاوڵاتی لە بەیاننامەکەی شیلی و ئیسپانیادا داوا لە دەسەڵاتدارانی تاران کراوە، چیتر توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بەکار نەهێنێت و بە پێی قسەکانی رۆبێرت مالی، 54 وڵات ئەو بەیاننامەیان واژوو کردووە. ئەو دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی ئێران گوێبیستی ئەو داواجیهانییە بن و کۆتایی بە توندوتیژی بێنن، هاوکات رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بە بەیاننامەی وڵاتانی شیلی و ئیسپانیا، رایگەیاند "54 وڵات داوایان لە ئێران کردووە کۆتایی بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بێنێت". میشێل تیلۆر، نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لیژنەی مافی مرۆڤ، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئەمەریکا و 53 وڵاتی دیکە داوا لە ئێران دەکەن لێکۆڵینەوەی بەپەلە، تەواو، بێلایەن و ئاشکرا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی مەهسا [ژینا] ئەمینی ئەنجام بدات". نوێنەرەکەی ئەمەریکا هەروەها رایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران نەبینێت". ئەو دووپاتیکردەوە، "ئەمەریکا پشتیوانی خەڵکی ئیرانە". لە بەیاننامەی ئەو 54 وڵاتەدا هاتووە، "زۆر بە رژدی داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بەو خۆپێشاندەرانەی کە داوای مافی ئازادیی بیروڕا دەکەن، کۆتایی پێبێنێت و چیتر توندوتیژی و هەڵاواردنی ژنان درێژە پێنەدات". 15 رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە، بەردەوامە. زۆربەی خۆپێشاندانەکان توندوتیژیان لێکەوتووەتەوە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 100 خۆپێشاندەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان درێژکردنەوەی ماوەی بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر 14 ماددەی خۆراكی رادەگەیەنێت و دەشڵێت کە بڕیارەکە تا کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر درێژكردنەوەی یاخود دانانەوەی باج و رسوومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان دەدرێت. ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لهلێدوانێکی ڕۆژنامهوانیدا رایگەیاندووه: "رۆژی هەینی 30-09-2022، دوایین رۆژ بوو بۆ بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر ماددە سەرەکییە خۆراكییەكان و دەبوو لە رۆژی شەممە 01-10-2022 باج و رسوومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان دابنرێتەوە، بەڵام جارێكی دیكە بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر 14 ماددەی سەرەکیی خۆراكی درێژ كرایەوە." بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، یەکەم بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر ماددە خۆراکییەکان لە ناوەراستی مانگی نیسانی ئەمساڵ بوو و مانگی حوزەیران تەواو بوو، بەڵام هەمان مانگ "لە پێناو هەرزانبوونی" نرخی ئەو ماددە سەرەکییانە و خۆراک لە بازارەکاندا بڕیارەکە بۆ 30-09-2022 درێژ کرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد: بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بووژاندنەوەی بازاڕ هەبووە و جووڵەی بازرگانیی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد کردووە و بڕێکی زۆری ماددەکان لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵگیراون و وایکردووە نرخی ئەو ماددە خۆراکییانە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە لە بازاڕەکاندا بەرز نەبێتەوە کە لە زۆربەیاندا نرخ بەرزبووەتەوە و قەیرانی خۆراکیان هەیە. لەبارەی کۆتاییهاتنی کاتی درێژکردنەوەی بڕیارەکە یان هەڵگرتنیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بە فەرمانی وەزیری بازرگانی کاتی بڕیارەکەیان درێژ کردووەتەوە. تا ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیار لەبارەی هەڵگرتن یان دانانەوەی باج و رسومات لەسەر ماددە خۆراکییەکان دەدات، ئەم بڕیارە کاری پێدەکرێت.
هاوڵاتی بهپێی ههواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتهرز ژمارهیهك له سهركرده سهربازییهكانی بۆركینا فاسۆ، كودهتای سهربازییان بهسهر سهرۆكی ئهنجوومهنی سهربازی وڵاتهكهیاندا ئهنجامدا و لادانی كۆلۆنیڵ "پاوڵ هێنری سانداوگۆ دامیبا" له دهسهڵات راگهیاند. ئاژانسی رۆیتهرز بڵاویكردووهتهوه، له راگهیهندراوێكی تهلهڤزیۆنیدا، سووپای بۆركینا فاسۆ، داخستنی سنووره ئاسمانی و وشكانی، ههڵپهساردنی دهستوور و ههڵوهشاندنهوهی حكومهتی وڵاتهكهیان راگهیاندووه. پاوڵ هێنری سانداوگۆ دامیبا، كه پێشتر ئهفسهرێكی باڵا سووپای ئهو وڵاته بوو، له مانگی كانوونی دووهمی ئهمساڵ، له ئهنجامی كودهتایهكی سهربازی دهسهڵاتی گرتهدهست. بۆركینا فاسۆ، یهكێكه له وڵاتانی رۆژئاوای ئهفریقا و ژمارهی دانیشتوانهكهی زیاتر له 20 ملیۆن كهس دهبێت، ساڵی 1960، سهربهخۆیی له وڵاتی فهرهنسا وهرگرتووه، كه تاوهكو ئێستاش زمانی فهرهنسی، زمانی فهرمی ئهو وڵاتهیه.
هاوڵاتی وتهبێژی یەکێتیی ئەوروپا لهڕاگهیهندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، نابێت پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لاواز بکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوای دوو مانگ لە پەکخستنی، پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە کۆبووەوە. پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگهیاند: یەکێتیی ئەوروپا زۆر نیگەرانە لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق؛ گوتیشی کە تووندوتیژی "هەرگیز" چارەسەر نییە و نابێت رێگەی پێبدرێت دیموکراسی لاواز بکات. پیتەر ستانۆ وتیشی: یەکێتیی ئەوروپا داوا لە هەموو لایەک دەکات سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ نەهێشتنی گرژییەکان بکەن. یەكێتیی ئەوروپا داواش لە لایەنەکان دەکات بە متمانەیەکی باشەوە بەشداری لە دیالۆگی بەرهەمداردا بکەن و لە چوارچێوەی دەستووردا خواست و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێکەوە. رۆژی 28ـی ئەیلوول و دوای زیاتر لە دوو مانگ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. هەمان رۆژ ناوچەى سەوز بە سێ مووشەک کرایە ئامانج و مووشەکەکان لەبەردەم باڵەخانەى پەرلەمان کەوتنە خوارەوە. بەهۆی مووشەکەکانەوە حەوت کەس بریندار بوون.
عەمار عەزیز کچێکی تر لە رۆژئاوای کوردستان رزگارکرا خەیری بوزانی، سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوان لە نۆسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی بە هاوڵاتی ی وت "ئەمڕۆ 30ی ئەیلول لە کەمپی هۆڵی رۆژئاوا و لەدوای بەدواداچوونێکی وورد لەلایەن نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان، ئەمڕۆ توانیمان کچێک بەناوی جانی زیاد حەیدەر بیبو رزگاربکەین" خەیری بۆزانی ووتیشی"ئەوکچە لەدایک بووی ساڵی2007 خەڵکی گوندی سولاغە سەر بە شەنگال، لە3ی ئابی 2014لەگەل سەدان کچی و ژنی تر کەوتبووە دەستی چەکدارانی داعش"
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا باسی لە هەڕەشەکانی ئێران کرد بۆ لێدان لە بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەمریکا کرد و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک و ھیچ کاتێک، رەزامەندی لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەو هێرشانە نەداوە." دەشڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەیان دەکەین." رۆژی هەینی 30-9-2022 محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانیاریی وردیان لەبارەی بنکە سەربازییەکانی هەریر، هەولێر و دهۆک لە عێراق هەیە. بەڵام هێزەکانمان ئێستا تەنیا هێرش دەکەنە سەر جوداخوازەکان و لەو بڕگەیەدا هیچ جووڵەیەکمان بەرامبەر ئەمریکا نابێت. " دەقی روونکردنەوەکە نوێنەر و شاندە ئێرانییەکان لە کۆبوونەوەکان و لە راگەیاندنەکانیش، بە ئاشکرا و بەردەوام هەڕەشەی لێدانی بنکەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بنکەکانی ئەمریکایان کردووە، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش ئاگاداری ئەو گەف و ھەڕەشانە بوون. بەڵام هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک و ھیچ کاتێک، رەزامەندی لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نەداوە و بە تووندیش سەرکۆنەیان دەکەین. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان."
هاوڵاتی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستا و چین و توێژە جیاجاکانی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا پشتیوانی خۆیان لە راپەڕینی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی و مافە تاكە كەسییەكان بە تایبەتیش ژنان ڕاگەیاندو بە توندی ئیدانەی كۆمەڵكوژی و سەركوتی هاووڵاتیانی سڤیلی ناڕازییان کرد لە لایەن هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. لە بەیاننامەکەدا چەند داواکارییەکیان پێشکەشکرد کە تیایدا داوایان کردووە: ١- حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بچنە پشت راپەڕینی گەلانی ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی و بە فەرمی پشتیوانی لێبكەن. 2- كونسڵەكانی ئێران لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی بە زووترین كات دەربكرێن و پەیوەندییەكان لە گەڵ ئێران رابگرترێت. 3-سنوور بە روی بەشداربووانی راپەڕین بكرێتەوە. 4- لە نەخۆشخانەكانی كوردستان چارەسەری بریندارەكانی راپەڕین بكرێت و هاوكاری هەڵاتووان لە دەست سەركوتی كۆماری ئیسلامی ئێران بكرێت. 5- هاوكاری خەڵكی راپەڕیوی رۆژهەڵات بكرێت لە رووی پزیشكی و سیاسی و راگەیاندنەوە. 6- ئەو دەزگاو كەناڵ و رێكخراوانەی گومان لێكراون بە نۆكەری بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران لە باشوور دابخرێن. 7- ئەو لایەنانەی نزیكن لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فەرمی دابڕانی خۆیان لێی رابگەیەنن .
هاوڵاتی پێش هێرشی داعش بۆسەر شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری 65 خێزانی كریستیان لەسنوری قەزای شەنگال بێ گرفت لەگەڵ پێكهاتەكانی تردا دەژیان، دوای هێرش و پەلاماری داعش ئەوانیش وەك باقی خەڵكەكەی تر ئاوارەبوون و كڵێساكانیشیان خاپووركران، دوای رزگاركردنی ناوچەكەش تەنها یەك خێزانی كریستیان گەڕاوەتەوەو بەشێكی خێزانە كریستیانەكانی تر لەسنوری هەرێمی كوردستان ئاوارەن و بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی نیوەی كریستیانەكانی شەنگال بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، نوێنەری كریستیانەكانی شەنگالیش دەڵێت: « نائارامی و هێرشی سوپای توركیا هۆكاری سەرەكین بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەكان». عیسا شەمعون ، نوێنەری كریستیانەكانی شەنگال كەئێستا لەپارێزگای دهۆك دەژی بە هاوڵاتی راگەیاند:» سێ كڵێسامان لەناوەندی شەنگال هەبوو بەداخەوە هەرسێكیان لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە، لەوەش ناخۆشتر هێشتا نوژەننەكراون، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێك لەشوێنە ئاینیەكانی ئێزدییەكان و موسڵمانان نۆژەنكرانەوە، ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە، ئەوەش لەبەر سێ هۆكار، یەكەم بوونی ژمارەیەكی زۆر لەهێزی چەكدارو ناسەقامگیری ناوچەكە، ناوبەناو ئاڵۆزی و شەڕ لەنێوان چەند گروپێكی چەكدار روودەدات، هۆكاری دووەم نۆژەننەكردنەوەی خانووە رووخاوەكان و كەمی خزمەتگوزاری، سێیەم شوێنێك نیە ئێمە پەرستنی تیادا بكەین كڵێسەكانمان نوژەن نەكراونەتەوە، ئەوە جگەلەوەی بەمدواییە شتێكی نوێ لەقەزای شەنگال زیاد بووە كەپێشتر نەبووە، ئەویش بۆردومانی ناوچەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ئێمە هەمیشە حەزدەكەین لەشوێنێكی ئارام و بێ كێشە بژین، تائەم گرفتانە چارەسەرنەكرێن ناتوانین بگەڕێینەوە». پێش هاتنی داعش 65 خێزانی كریستیان لەشەنگال نیشتەجێبوون و سێ كڵێسایان هەبوو كەداعش لەگەڵ 80 كڵێساو شوێنی ئایینی كریستیانەكانی نەینەوا تەقاندنیەوەو هێشتا زۆربەیان نۆژەننەكراونەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی نیوەی كریستیانەكانی شەنگال روویان لەدەرەوەی وڵات كردووەو ئەوانەشی ماونەتەوە لەدەرەوەی كەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆك دەژین. كبرائیل شەمعون، ماوەی هەشت ساڵە لەگوندی سێجێ لەسنوری قەزای سێمێل لەگەڵ دەیان خێزانی دیكەی كریستیانی دەژی، ئەو بە هاوڵاتی وت:»ئاواتی ئێمە ئەوەیە جارێكی تر بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆمان، بەڵام بەو دۆخەی ئێستا هەرگیز ناتوانین، رۆژێك شەڕو ئاڵوزی لەنێوان یەبەشە و هێزە عێراقیەكان روودەدات، رۆژێكی تر توركیا بۆردومانی ناوچەكە دەكات، چۆن بەو دۆخەوە بگەێینەوە؟! ژیانی ئاوارەیی زۆر قوڕس و ناخۆشەو لەئێستادا دابەشكردنی هاوكاری بەسەر ئاوارەكانیش زۆر كەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە ناچارین لەپارێزگای دهۆك بمێنینەوە. وتیشی:» ئەوەی پارەی هەبێت دەچێتە دەرەوەی وڵات، نیوەی كریستیانەكانی شەنگال كۆچیان كردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەوانەی هەژارو دەستكورتیشن ماونەتەوە، بەلایەنی كەمی لەكوردستان ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە، نووێژو پەرستنی خۆمان لەكڵێساكانی سێمێل و دهۆك دەكەین، ئەگەر كڵێساكانمان نۆژەن بكرێنەوەو بەغدادو هەرێمی كوردستان لەسەر دۆخی شەنگال رێكبكەون رەنگە ئێمەش ئەوكات بگەڕێینەوە».
هاوڵاتی لە ئەنجامی چەند چالاکییەکی هەپەگە شەش سەربازی تورکیا کوژراون کە یەکێکیان ئەفسەرێکی پلە باڵایە. هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ھێزەکانی ھەپەگە لە چەند کات و شوێنێکی جیا جیا ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران،کەیەکێکیان ئەفسەری پلە باڵایە. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ،سوپای تورکیا لە ماوەی سێ رۆژدا ٢٦ جار بە چەکی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی و ٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٧٤ جاریش بە ھێلیکۆپتەری جەنگی بۆردومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە. ئاماژەش بۆ ئەوەکراوە ، لە ١٥ تا ٢٩ی ئەیلول، شەش ناوچە و شاخی سنوری برادۆست لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە کاتیوشا و ھاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردومان و تۆپباران کراوە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٢٠١٤ دا چەتەکانی داعش چوونە شەنگالەوەو کۆمەڵکوژییەکی زۆریان تیایدا ئەنجامدا و شوێنە پیرۆزەكانیان وێرانكرد دانیشتوانی ناوچەکە ناچار بوون شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن. دوای گەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان دووبارە دەستیان كرد بە بنیاد نانەوەی خانوو و شوێنە پیرۆزەكانیان، هەربۆیە دوای ٨ ساڵ لە ڕووخاندنی پەرەستگاكانیان لەلایەن چەتەكانی داعشەوە بۆ یەكەمجار كۆمەڵگای ئێزیدییەكان ڕێوڕەسمێكیان بەبۆنەی” مەحەما مارشا” ڕێكخست و تیایدا بەشداریان كرد. مەزارگەی ” مەحەما مارشا یەکێک بوو لەو مەزارگایانەی ساڵی ٢٠١٤دا، لە لایەن چەتەكانی داعشەوە تەقێنرایەوە ، دوای گەڕانەوەی خەڵكەكە بۆ شەنگال بەهاوكاری لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری و ڕێكخراوە مەدەنییەكان دەستیان بە دروستكردنەوەی شوێنە پیرۆزەكان كرد لەناویشیاندا مەزارگەی” مەحەما مارشا”،بووکە دەكەوێتە لای باشوری شاخی شانگال. هەروەها هەموو ٢٩و ٣٠ی ئەیلولی هەموو ساڵێك، ڕێوڕەسمی جامیا كە بونەیەكی تایبەتی ئێزیدییەكانە بەڕێوەدەچێت لەم مەزارگەیە كە سەدان كەس بەشداری لەو بۆنەیە دەكەن بۆ گەڕان بە دوای چاكە و قوربانیدا.
هاوڵاتی سەرۆکی ڕوسیا بە شێوەیەکی ڕەسمی چەند ناوچەیەکی ئۆکرانی بە بەشێکی خاکی ڕوسیا دەناسێنێت و یەکێتی ئەوروپاو ئەمەریکا ئەم کارە بە چەواشەکاری ناودەبەن و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەوە گوتی هەرگیز" دان بە سەروەریی رووسیا نانێت لەو ناوچانەدا". دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مەرسوومێکی سەرۆکایەتیدا، دان بە سەربەخۆیی و سەروەری هەردوو ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژیا دەنێت، کە لە چەند رۆژی رابردوودا گشتپرسییان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا. ئەو دوو ناوچەیە دەکەونە باشووری ئۆکراینا و ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیادان. دوای دانپێدانانەکەی پووتین، بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، دەسەڵاتدارانی رووسیا چوار ناوچەی ئۆکراینا (لۆهانسک، دۆنێتسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا) بخاتە سەر وڵاتەکەی و بیکاتە بەشێک لە خاکی رووسی. ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە شەوی پێنجشەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا لەو بڕیارەی رووسیا و بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناوی برد و راشیگەیاند، بەو هەنگاوە رووسیا هیچ ئومێدێک بۆ ئاشی ناهێڵێتەوە. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەو گشتپرسییانەی رووسیای بە "چەواشەکاری تەواو" ناوبرد و جەختی لەوەش کردەوە کە هەرگیز دان بە سەروەریی رووسیا لە خاکی ئۆکراینادا نانێن. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەوە گوتی، وڵاتەکەی "هەرگیز، هەرگیز، هەرگیز" دان بە سەروەریی رووسیا نانێت لەو ناوچانەدا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەروەریی و یەکپارچەیی ئۆکراینا، بۆ ئەوان زۆر گرنگە و ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە بەدرێژایی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، هەمیشە پشتیوانی ئۆکراینا بوون. جۆ بایدن گوتیشی: "ئەمریکا هەرگیز دان نانێت بە سەروەریی رووسیا لە خاکی ئۆکراینیادا. یەکێتی ئەورووپاش کاردانەوەی توندی بەرامبەر گشتپرسییەکە نیشاندا و پاکێجی هەشتەمی سزا خستنە سەر رووسیای ئامادە کرد کە قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵ رووسیا و دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا، لە دیارترین بەندەکانی پاکێجەکەن.
هاوڵاتی دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ٣٠ ئەیلول فڕۆکەکانی تورکیا دوو جار چیای مەتینیان لەسنوری قەزای ئامێدی بوردومانکرد، و تائێستا زیانەکان دیارنین. کوڤان سەعید، دانیشتووی سنوری قەزای ئامێدی بە هاوڵاتی وت"دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ فرۆکەکانی تورکیا ئەشکەوتی هاجستی لە چیای مەتین کە دەکەوێتە سنوری قەزای ئامێدی دوو جار بوردومانکرد ، هەروەها هیچ کەسێک ناتوانێت لەنزیکەوە سەرەدانی شوێنەکە بکات چونکە بەردەوام بوردومان دەکرێت، لەبەر ئەوە زیانەکان دیارنین. " کوڤان سەعید ووتیشی" بۆردومانەکانی تورکیا جگە لە زیانی گیانی ،زیانی زۆری بە ژینگەیی ناوچەکە گەیاندووە. وتیشی" بەدڵنیایەوە ناڕازین بەڵام هیچمان پێناکرێت ،پێویستە عێراق و وڵاتانی دەرەوە هەڵوێست وەربگرن چۆن دەکرێت تورکیا بەردەوام ناوچەکانمان بۆردومان بکات"
هاوڵاتی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەروەكچۆن پەیوەندییە سیاسی و جەماوەرییەكانی عێراق و ئێران رۆیشتە قۆناغێكی نوێوەو گەیشتە ئاستێكی زۆر بەرزو باڵا، ئاوەهاش پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوو وڵات قۆناغێكی گرنگی بڕی و دەروازە سنورییەكانی ئێران بوون بەشادەماری ئابووری و ژیاری عێراق و ساڵانە بەملیارەها دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی تیادا ئەنجامدەدرێت كەئەگەر بێتو سنوری ئێران نەبێت بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی هاووڵاتییانی عێراق دابینناكرێت. سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران - عێراق پێشبینی دەكات لەدەیەی داهاتوودا عێراق ببێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری بەتایبەت بۆ ئێران. یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران-عێراق دەڵێت: "عێراق بازاڕێكی ستراتیژییە، پێشبینی دەكات لەچەند مانگی داهاتوودا هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەرزتر بێتەوە و بگات بە ١٠ ملیار دۆلار لەساڵێكدا، هاوكات هیواشی خواستووە لەساڵانی داهاتوودا بگات بە ٢٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاند: "باوەڕی وایە لەوەی لە ١٠ ساڵی داهاتوودا عێراق دەبێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری لەناوچەكەدا بەتایبەتیتر بۆ ئێران، لەڕووی ئابوورییەوە عێراق وڵاتێكی لاواز نییە، چونكە بەتەنیا لەمانگی رابردوودا بەبەهای ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووەو بەپێی ئەو پلانەی دایناوە تا كۆتایی ئەمساڵ لەداهاتی نەوت ١٢٠ ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت. ماڵپەڕی (trade map)ی بازرگانی كە نەخشەی بازرگانی وڵاتان بۆ هاوردەو هەناردەكردن و خواستی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو، ئاشكراشیدەكات لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ سووتەمەنی و ئاسن بەگرنگترین هاوردەی عێراق لەئێرانەوە دادەنرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: عێراق لەماوەی ساڵی رابردوودا 24 كاڵای سەرەكی لەئێرانەوە هاوردە كردووە، كەبەهای دارایی هەشت ملیار و ٩١٤ ملیۆن و ٦٠٥ هەزار دۆلار بووە، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 هاوردەكردنی عێراق لەئێرانەوە بەڕێژەی لە 1٪ زیادیكردووە. هاوكات سوتەمەنی كانزایی لەپلەی یەكەمدا هاتووە لەهاوردەی عێراق لەئێرانەوە بەبەهای دوو ملیارو ٩٢٧ ملیۆن و ٦٥١ هەزار دۆلار، دواتر بەرهەمی ئاسن و پۆڵا دێت كە بەبەهای یەک ملیارو ١٤٩ ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دۆلار بووە، دواتریش بەرهەمە پلاستیكیەكان بەبەهای 788 ملیۆن دۆلار. لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئێران گەیشتووەتە یەک ملیارو ١٩٦ ملیۆن و ٥٩٧ هەزار دۆلار، ئەمەش لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 بەڕێژەی 88% زیادی كردووە. گرنگترین هەناردەی عێراق بۆ ئێران دانەوێڵە بووە، كەبەهاكەی 770 ملیۆن دۆلار بووە، دواتر پاشماوەی پیشەسازی خۆراك دێت، هەروەها ئامادەكردنی پەین و عەلەفی ئاژەڵی بەبەهای 101 ملیۆن دۆلار. وەنەبێت ئاڵوگۆڕی كەلوپەلی بازرگانی و خۆراكی تاكە پەیوەندیی ئابووری عێراق و ئێران بێت، بەڵكو كارەباش یەكێكی دیكەیە لەو بابەتانەی ئێرانییەكان رەوانەی عێراقی دەكەن و ساڵانە عێراق سەدان ملیۆن دۆلار بەكارەبای ئێرانی دەدات و بڕی نزیكەی دوو هەزار مێگاوات كارەبا لەو وڵاتە دەكڕێت و لەمانگی تەمموزی رابردووش عێراق و ئێران یەكەم رێككەوتنی درێژخایەنیان لەبواری كارەبا ئیمزاكرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی، یەكێك لەو گرفتانەی وەهایكردووە عێراق سودی تەواوەتی لەو بازرگانییە نەبینێت باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانە لەزۆرینەی زۆری دەروازە سنورییەكاندا كەوەهایكردووە بەشێكی زۆر داهاتی دەروازەكان بۆ خۆیان ببن و خەزێنەی گشتی دەوڵەتی عێراق لەگومرگی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە سودمەندبێت. بەپێی دانپیانانی خودی وەزارەتی دارایی عێراق كە بەهۆی باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانەوە لەدەروازەكاندا داهاتی گومرگەكان تەنیا لەسەدا ١٢ی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوەو ئەوەی دیكەی بۆ ئەو هێزو گرووپانە دەڕوات. شێوازی دەستكەوتنی پارەكەشیان بەهۆی قاچاخیكردن و سەرانە سەندن و چەندین جۆری تری پارەسەندنەوەیە كەداهاتی ساڵانەی ئەم گرووپ و هێزو میلیشیایانە دەگاتە ١١ ملیار دۆلار.
