هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق داوای له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) بۆ متمانه‌به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ی كۆببێته‌وه‌. ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی بە فەرمی داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و تیایدا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەی وەک وادەی پێدانی متمانە بە کابینەی حکومەتەکەی دەستنیشانکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەو پێش، سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانى نێو ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت. لە کۆبوونەوەکەشدا محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بەشداربوو.  

هاوڵاتی هەپەگە خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی و کوشتنی سەربازێکی تورکی ڕاگەیاند. ئەمڕۆ ٢٥/١٠/٢٠٢٢ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکیان  لەبارەی چالاكییەكانی گەریلا و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ناوچەی زاپ لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆ بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەی هەپەگە دا هاتووە،" تیمە گەڕۆكەكانمان لە یەژاستار بۆ یادی هەڤاڵمان بێریتان (گوڵناز كاراتاش)، كە هێمای سوپای ژنان و فەرماندە نەمرەكەمانە، چەند چالاكییەكیان ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا، هێلیكۆپتەرێكی سكۆرسكی خرایە خوارەوە و داگیركەرێكیش سزا درا" هەروەها ئەوەشخراوەتە ڕوو، کە سوپای داگیركەری تورك پێنج جار بە بۆمبی قەدەغەكراو، چوار جار بە چەكی كیمیایی و گازی بیبەر، ١٣ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٤٤ جار بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردومان كردوە.

هاوڵاتی سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچەیەکی جۆلەمێرگ لە باکور کوردستان کردوە و ئەو ناوچەیەشی وەک ناوچەیەکی ئەمنیی دیاریی کرد. پارێزگاری جۆلەمێرگ لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە ناوچەیەکی سەر بە شارۆچکەی گەڤەر وەک ناوچەی ئەمنیی دیاریی کراوە و سوپای تورکیا بۆ ماوەی 15 رۆژ ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام دەدات. بە پێی بەیاننامەکە هاتوچۆ لەو ناوچەیەی گەڤەر تا 15 رۆژی دیکە قەدەغە دەبێت. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە لە چوارچێوەی بڕیاری پارێزگاری جۆلەمێرگ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەو ناوچەیەی گەڤەر بەرێودەچێت و بە هێلی کۆپتەر سەدان سەربازی سوپا بۆ ناچەکە گوازراونەتەوە. سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان بەسەر چەند گوندێکدا گرتوە و هاتوچۆی گوندنشینانیش روبەڕوی کیشە بوەتەوە.

هاوڵاتی هەردوو سکرتێری کۆمەڵە(سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیسستی ئێران)  و هاوسەرۆکی پارتی ژیانی کوردستان (پەژاک) دوای چەندین جار دانیشتن و گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن بە میوانداری کەسایەتییەکی سەربەخۆ کۆبوونەوەو باسیان لەهاوکاریکردنی یەکتری و کاری هاوبەش کردەوە لەقۆناغەکانی داهاتوودا. لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا باس لەوەکراوە کە لەلەو کۆبونەوەیەدا لە ژێر ڕۆشنایی و سەرهەڵدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو گەلانی ئێران بەدوای مەرگی بە ئازار و هەژێنەری ژینا ئەمینی  و بەدوایدا سەرهەڵدان لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان، هەر دوو لا پێداگریان کرد لە بەگوڕکردن و پشتیوانی هەرچی زۆرتری ئەم شۆڕشە و تێکۆشان بۆ بەردەوامی و بە ئەنجام گەیاندنی هەتا لەناوبردنی حکومەتی دیکتاتۆر و گەل کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکە: لە ژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی"، هاوڕا بوون لە پێناو سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە و پێشگرتن لە بەلاڕێدا بردنی، دەستی هاوکاری و لێک نزیکبوونەوە بۆ یەکتر درێژ بکەن و لە ئێستا و دواڕۆژی نەمانی دەسەڵاتی ولایەتی فقیە لە ئێران لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، لوجێستێک، پەروەردە و تەنانەت سەربازیی لە یارمەتیدان بە یەکتر کۆتایی نەکەن و کار بکرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو حیزب و ڕێکخراو وهەموو کەسایەتییە سەربەخۆکان بەرەیەکی چەپی کوردستانیش پێک بێنن و کار بو لەشکری یەکگرتووی سەربازیی لە نهایەتی خۆیدا بکرێت.

هاوڵاتی مەزلوم کۆبانێ، هۆشدارى دەدات لە بارەى رێکەوتنى ئەنقەرە و دیمەشق بۆ هەڵوەشاندنەوەى خۆبەڕێوەبەرى لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا و دەڵێت : رێککەوتنەکە مەترسىیەکی گەورەیە بۆسەر داهاتوى سوریا دەبێت بۆیە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەى دەدەن. مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى (شرق ئەلئەوسەت) رایگەیاند؛رێککەوتنى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق رەنگدانەوەى حکومەتى تورکیایە و لە داهاتودا مەترسى گەورەى بۆسەر کۆبانێ وتویەتی: پێویستە سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا دژى رێککەوتنى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بوەستنەوە چونکە ئەوان رێکارى خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێککەوتنە دەگرنەبەر. بەپێى وتەکانى ئەو فەرماندەیەی هەسەدە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە کاروباری سوریا، دژى هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. بەپێى راگەیەندراوى تورکیا رێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارە سوریەکانە لە تورکیا و هەڵوەشاندنەوەى خۆبەڕێوەبەرى لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا کراوە.

هاوڵاتی سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند: "لەبەرامبەر پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە رووسیا لەلایەن ئێرانەوە بۆ جەنگی ئۆکراینا، لەوانەیە مۆسکۆ پشتیوانی لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی تاران بکات". ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە رێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لەو کۆنفرانسە کرد کە رۆژنامەی "Haaretz" ئیسرائیلی رێکی خست و رەخنەی لە تەل ئەبیب گرت کە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا بێلایەنە. سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بانگەشەی ئەوەی کرد کە هۆکاری پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە رووسیا لەلایەن ئێرانەوە بۆ بێلایەنی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە دا کە تاکوو ئێستا رووسیا، نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، ژمارەی مووشەکەکانی کەم بووەتەوە بۆیە بە دوای "چەکی نرخ گونجاودا دەگەڕێت" و ئەم جۆرە چەکانەیش لە ئێران هەن. سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەواڵگری وڵاتەکەی وای بۆ دەچێت رووسیا داوای نزیکەی دوو هەزار "فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو"ی لە ئێران کردبێت، گوتی: "بە رای ئێوە رووسیا پارەی ئەوانە چۆن دەداتەوە؟ لەوانەیە بە پارە نەبێت، بەڵکو لە بەرامبەر پشتیوانیکردنی رووسیایە لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. واتای راستەقینەی هاوپەیمانییەتییەکەیشیان هەر ئەوەیە". ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان لە ئیسرائیل کردووە، گوتی: "ئەگەر ئاسایشی کایەی ئاسمانیی ئۆکراینا پارێزرابووایە، رووسیا داوای شتێکی دیکەی لە ئێران نەدەکرد". سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای لە ئیسرائیل کرد کە وەک "دیموکراسییەتی ئەورووپا لە رێگای پێدانی چەکەوە هاوکاری کیێڤ بکات"، گوتی: "بوونی سەربازیی رووسیا لە سووریا بەهۆی بەرگریی لەخۆکردنی ئۆکرایناوە کەم بووەتەوە، بەڵام ئێمە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی 'گومەزی ئاسن'ی ئیسرائیلیمان نییە".

هاوڵاتی پۆلیسی تورکیا دەچێتە سەر ماڵی هەشت رۆژنامەنوسی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا لەگەڵ دەستگیرکردنیان دەست بەسەر نوسینگەی ئەو ئاژانسەشدا دەگرێت. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئەنقەرە دەستیان بەسەر ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیادا گرت و ژمارەیەک پەیامنێر و کارمەندی ئەو ئاژانسەکەیان لە شارەکانی باکوری کوردستان دەستگیر کرد. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە دژی ئاژانسەکەیان کراوەتەوە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سەرەڕای دەستبەسەراگرتنی ئۆفیسەکانیان ژمارەیەک کارمەندیشیان دەستگیر کردوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئامەد و وان و روحا لە باکوری کوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەیامنێرانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا و شەش پەیامنێر دەستگیر کراون. لە ئیستانبوڵیش پۆلیس هەڵیکوتاوتە سەر ماڵی سەرنوسەری ئاژانسەکە و دەستگیریان کردوە. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، ئاژانسێکی هەواڵی کوردی کە لە ساڵی 2017 دامەزراوە و نوسینگەی سەرەکیی ئەو ئاژانسە لە شاری ئیستانبوڵە لە تورکیا، ئاژانسەکە بە زمانی کوردی و تورکی و ئینگلیزیی هەواڵ و راپۆرت بڵاو دەکاتەوە.

هاوڵاتی گۆڤاری ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی بڵاوی کردەوە گرووپی داعش، لەم دواییانەدا چالاکییەکانی لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە. لە ١٤ی تەشرینی یەکەم داعش بەرپرسیارێتیی ئۆپەراسیۆنێکی لە گوندی تەل ئێلۆی سەر بە پارێزگای حەسکە لە ئەستۆ گرت. هێرشەکە حەمیدی بەندەر حەمیدی ئەلهادی، کوڕی سەرکردەی هێزەکانی ئەلسەنادید (هێزە ئازاکان)ی کە لەلایەن عەرەبەکانی شەممارەوە پێکهێنراوە، کردە ئامانج. ئەم هۆزە لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کار دەکەن. ئۆتۆمبێلەکەی هادی لەسەر ڕێگای نێوان تەل ئێلۆ و کێڵگەی شێخ حەمیدی لە دەوروبەری قامیشلۆ تەقیەوە. هادی کە لە هەوڵی تیرۆر رزگاری بووە، هەروەها نەوەى حەمیدی ثام ئەلجەربە، شێخى هۆزى شەمەرە لە سووریا. هەروەها لە رۆژی 19ی تشرینی یەكەمدا، چەکدارانی داعش لە ئەلبەسیرە لە دەڤەری رۆژهەڵاتی دێرەزوور تەقەیان لە عامر عەواد ئەلشاوی ئەندامی پێشووی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەیمەن شاوی هاوەڵیان كرد کە کوژرانی ئەو دوو کەسەی لێکەوتەوە. زەین ئەلعەبیدین ئەلعەکەیدی، ڕۆژنامەنووسێکی دێرەزوور بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ڕاگەیاندووە: "داعش بۆ ئەوەی بە هێزێکی زۆرترەوە بگەڕێتەوە بۆماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەکە ڕادەگرێت". جگە لەوەش بەشێک لە هۆزەکان هەلومەرجێکی گونجاو بۆ داعش دروست دەکەن. بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی دەیرەزوور، ئەو توانایە بە داعش دەدات شانەکانی چەکدارەکانی بشارێتەوە. ناوبراو روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ داعش توانیویه‌تیخۆی زیاتر بەهێز بکات ئەوەش بەهۆی لاواز بوونی هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە-وە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌مەش بۆ گه‌نده‌ڵییه‌ دەگەڕێتەوە كه‌ زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات گرتۆتەوە، داعش بەرتیل دەدات بۆ ئازاد كردنی چەكدارەكانی و هەڵپەساردنی لێپێچینەوە لە دژیان؛ هه‌روه‌ها ناوچه‌ عه‌شیره‌تییه کۆنه‌په‌رستەکان له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌ کوردییه‌کان و هێزه‌کانی سووریای دیموکرات هەستیارن و به‌ بێدین یان دوژمنی ئیسلام ناویان لێدەبەن. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا لەگەڵ داعش هاوسۆزن".

هاوڵاتی یونیسێف رایدەگەیێنێت دەرهاویشتەکانی شەڕی داعش لە ساڵەکانی 2014-2017 وایکردووە تاوەکو ئێستاش 2.5 ملیۆن کەس لە عێراق پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبێت کە 1.1 ملیۆن لەوانەش منداڵن.  سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی رەوشی مرۆیی عێراق دەڵێت، بۆ ساڵی 2022 ئەوان پێویستییان بە 52.2 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی پێشکەشی ئەو منداڵ و خێزانانە بکەن کە لە دۆخێکی ناهەمواری مرۆییدا دەژین.  یونیسێف دەشڵێت، لەو بڕە کۆمەکەی بۆ ئەمساڵ داوایانکردووە، تاوەکو ئێستا تەنیا 22٪ی دابینکراوە و 78٪ی دابیننەکراوە. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، وایکردووە بۆشایی لە دابینکردنی ئاو، پاککەرەوەکان، پەروەردە و تەندروستیدا دروستبێت.  رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، شەڕ و پێکدادان، ناسەقامگیریی سیاسی و کۆرۆنا هۆکارن بۆ خراپتربوونی رەوشی مرۆیی لە عێراق. هاوکات دەشڵێت، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی ئەو کۆمەکانەی بۆ ئەوان دابینکراوە 21٪ کەمیکردووە. باس لەوەش دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تەنیا 5.96 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی عێراق پێگەیشتووە. دەشڵێت بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی پێشکەشی ئەو منداڵانە بکەن کە لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا دەژین، پێویستییان بە 40.71 ملیۆن دۆلار هەیە. 

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیاند، بەکارهێنانی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریست و پەڕگیرەکانەوە مایەی نیگەرانیی هەموو لایەکە. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا سەبارەت  بە رەوشی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند بەکارهێنانی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریست و پەڕگیرەکانەوە مایەی نیگەرانیی هەموو لایەکەو جەختیشی لەوەکردووە ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.   ئەوەش لە کاتێکدایە، دەستەی تەحریر ئەلشام، لقی پێشووی رێکخراوی قاعیدە، کە هەردووکیان لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر هێرشێکی بۆسەر عەفرین دەستپێکرد و لە دەستی فەیلەقی سێیەمی سوپای نیشتمانیی سووریای دەرهێنا، کە لە تورکیاوە نزیکە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "بەکارهێنانی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریست و پەڕگیرەکانەوە، مایەی نیگەرانیی هەموومانە." جەختیشیکردەوە کە ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا چاودێریی دۆخەکە دەکات و کۆمەڵێک ئامرازیان لە بەردەستدایە بۆئەوەی دژی گرووپەکان بەکاریبهێنن.

هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند ئەمریکا ڤیزەی بەو شاندەی رووسیا نەداوە کە دەیانەوێت بەشداربن لە کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت. زاخارۆڤا، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە ٢٦-٢٨ی تشرینی یەکەم لە واشنتۆن کۆنفرانسی "وزەی ئەتۆمی لە سەدەی ٢١مدا" ئەنجامدەدات. ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوە کرد شاندێکی رووسیا کە پێکهاتوون لە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمییی دەوڵەت (Rosatom) و دامەزراوەی تەکنەلۆژیای ژینگەیی و پشکنینی ئەتۆمیی فیدڕاڵیی رووسیا (Rostehnadzor) پلانی بەشداری کردنیان لە کۆنفرانسەکە هەبووە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی داواکارییە پێویستەکانیان بەوشێوەیەی کە پێشبینی کراوە پێشکەش کردووە، ئەمریکا ڤیزەی بە شاندەکەی رووسیا نەداوە. بەمشێوەیە، بە جۆرێک کە بەهێچ شێوەیەک قبوڵ کراو نییە و بەبێ نیشاندانی هیچ پاساوێک رێگری لە رووسیا کراوە بەشداری لە چالاکییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری IAEA بکات". گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بەم کارەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە. ماریا زاخارۆڤا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زانیارییانەی لەسەر "ئامادەکاری ئیستفزازیی" ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر" مایەی نیگەرانییە و گوتی: "ئامانجی کارێکی ئیستفزازیی ئاوا ترسناک روونە. تاوانبارکردنی رووسیایە بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی. بەرپرسە ئۆکراینییەکان و کارەکتەرە خۆرئاواییەکان هیوایان ئەوەیە کە ئەمە بە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی رووسیا بشکێتەوە، متمانەی هاوبەشەکانی بە رووسیا نەمێنێت و رێگا بۆ دابڕانی وڵاتەکەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە". زاخارۆڤا، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان کەوتووە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەستی پێکردووە و رایگەیاند کارگەیەکی چارەسەرکردنی کانزاکان لە شاری ژۆلتیە ڤۆدی و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی لە کیێڤ ئەرکی درووستکردنی "بۆمبی تیشکدەر"یان پێسپێردراوە. گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: "داوا لە کاربەدەستانی کیێڤ و سپۆنسەرە خۆرئاواییەکانیان دەکەین واز لەو چالاکییانەیان بهێنن کە جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی پەلکێش دەکات و ژیانی مەدەنییە بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە. لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارییەکانی رووسیا لەسەر ئەم بابەتە سەرکێشییە. پەرەسەندنی رووداوەکان مەترسیدارە".

هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە لەچوارچێوەی کارنامەی حکوومەتەکەیدا، جەخت دەکەنەوە لەسەر بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنی تاوانباران. مستەفا کازمی لە تویتێکدا نوسیوویەتی "لە رۆژی یەکەمەوە تا دوایین سات، جەخت دەکەینەوە لەسەر بەردەوامی حکوومەتەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنی تاوانباران". راشیگەیاندووە "لێپێچینەوە لەوانەی پارەی گشتییان دزیوە و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا، پرسێکە کە جێگای گرنگی حکوومەتەکەمان بووە، ھەروەھا بەپێی رێکارە یاساییەکان و جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکان، بەدواداچوونی وردمان بۆ ئەو پرسە کردووە، بەبێ گوێنەدانە ئەوانەی موزایەدەی سیاسیی دەکەن و راستییەکان دەشارنەوە". سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە، لەکاتێکدا ئەوانەی کە خۆیان سەرچاوەی گەندەڵیین و بەرگریی لێ دەکەن، ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە بەرنگاری نەکرێن، ئەوە وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە گەندەڵی.

هاوڵاتی_ دهۆک  دوای ئەوەی پزیشکی دادی بەغدا  ناسینەوە و پشكنینی 16 روفاتی ئێزیدی ڕاگەیاند کە تەواوبووە، ئێوارەی دوێنێ 24ی تشرینی یەکەم سێ لەو روفاتە گەڕێنرانەوە شەنگال دەروێش چوکی، بەڕێوەبەری رێخکراوی تولا تایبەت بە رزگاربوانی دەستی داعش بە هاوڵاتی ی وت" چەند رۆژێکە پزیشکی دادی بەغدا پشکنین و ناسینەوە  بۆ 16روفاتی تر تەواوکردوە، داوایان لە کەسوکاریان کرد سەردانی بەغدا بکەن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان دەچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی تەرمەکانیان" دەروێش چوکی وتیشی"ئێوارەی دوێنێ سێ لەو روفاتە گەڕێنرانەوە و لەشەنگال بەخاک سپێردران، 13روفاتی تر ماون ئەوانیش لەم رۆژانە دەگەرێنرینەوە بۆ زێدی خۆیان" " ئەو 16روفاتە هی چەند گورێکی تاکن، هەر یەکێک یان هی ناوچەیەکەن لەسنوری قەزای شەنگال،چەکدارانی داعش لە2014ئەو 16کەس لەگەڵ هەزاران کەسی تر کوشتووە"

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کێشەکانی عێراق چارەسەرنابن، چونکە وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دەیانەوێت ئەو حکومەتە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئاڕاستە بکەن، پەیامێکیش ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەکات و دەڵێت:”چاوەڕێین ڕۆڵێکی ئەرێنیی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و باشووری کوردستان و تەنگەژەکانی عێراق”. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی مەدیا هابەر، ئاماژەی بە دۆخی عێراق کرد و وتی:”ماوەیەکی زۆرە لە عێراق گێژاوێک دروست بووە، سیستمی دەوڵەت-نەتەوە و سیستمی دەوڵەتی پێنج هەزار ساڵە هەڵوەشایەوە. لە ژێر ئەم هەڵوەشاندنەوە و داڕمانەدا، گێژاوێکی گەورە دەرکەوت و هەر کەسێک دێت ناتوانێت بەڕێوبەرایەتییەکی ڕێکوپێک دابمەزرێنێت، ئەمە بارودۆخێکی نوێ نییە، دەسەڵاتداران لە دەرەوە بەڕێوەدەبرێن، یان دادەنرێن، زۆر هێز لێرە شەڕی هەژموونی خۆیان بەڕێوەدەبەن، دەیان ساڵە مەیدانی جەنگی هەژموونی ئێران و ئەمریکایە. ئینگلتەرا، وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا و چەندین دەوڵەتی دیکە کار بۆ شێواندنی و ئاڵۆزکردنی عێراق دەکەن”. لەبارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە عێراق زیاتر قسەیکرد و وتی:”تورکیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی تورکمانەکان ڕێکدەخات، بەوەش گێژاوەکە قورستر دەکات، کەرکوک و باشیکی بۆ خۆی کردووەتە بنکە و بارەگا، لە ڕووی سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەوە عێراق ئاڵۆز و تێکەڵوپێکەڵ دەکات”. بەسێ هۆزات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامی ئاراستەی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد و وتی:”بەڕێز لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، جارێکیتر پیرۆزبایی لێدەکەین. ئێمە چاوەڕێین کە ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی دیموکراتیانەی کێشەکانی نێوان بەغدا و باشووری کوردستاندا، هەمیش بۆ چارەسەرکردنی قەیران و تەنگەژەکان لە بەغدا، بۆ دیموکراتبوونی عێراق گرنگە کە ڕۆڵێکی ئەرێنیی پەیڕەو بکات، لە بەرامبەر سیاسەتی عوسمانیی نوێ و داگیرکەری دەوڵەتی تورک گرنگە کە دەوڵەتی عێراق هەڵوێستێکی جددیی نیشان بدات”. لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیشەوە، هاوسەرۆکی کەجەکە وتی:”ڕەنگە حکومەت بە سەرۆکایەتی سودانی پێکبهێنرێت، بەڵام دیارە کە درێژخایەن نابێت، لە عێراق بە پێکهێنانی حکومەت تەنگەژەکان بە خێرایی چارەسەرنابن، ڕەنگە ئاڵۆزییەکان لە بەغدا کەمببنەوە، بەڵام تەنگەژە لە عێراق بەردەوام دەبێت. لەبەر ئەوەی هەمووان دەیانەوێت ئەو حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئاڕاستەی بکەن، ئەمریکا، ئێران و تورکیا هەوڵ دەدەن بەرەو لای خۆیانی ڕابکێشن”. ئاماژەی بە هەڵوێستی موقتەدا سەدریش کرد و وتی:”هەڵوێستی سەدر گرنگە، سەدر بەڕوونیی هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی ‘ئەوان ناچنە ناو ئەم حکومەتەوە’، سەدریش بە پاڵپشتیی گەل گوشاری جددیی دەخاتە سەر حکومەت، هەر بۆیە بە شێوەیەکی ئارام زوو بە زوو ئەوە پێکنایەت، چارەسەری دۆخی عێراق لە سیستمی دیموکراتدایە، سیستمی عێراق کۆنفیدراڵی دیموکراتە، کە لەسەر بنەمای هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانە”.

هاوڵاتی موراد قەرەیلان فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) دەڵێت: لە 13ی تشرینی یەكەم لە گۆڕەپانی كاتۆ خەلیل لە ناوچەی شاخێ لە پارێزگای وان، گەریلا چالاكیەكی كاریگەری دژی سوپای توركیا ئەنجامدا. وتیشی: تیمە گەڕۆكەكانی یەژا ستار لە سێ لاوە بە چەكی تاكەكەسی لە یەكەی ئەو داگیركەرانەیان دا، كە خستبونیانە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی خۆیان و لە ئەنجامدا 10 سەربازی سوپای توركیا كوژران و سەربازێكیش بریندار بوو. فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی شەڕڤانان و فەرماندەكانی هەڵمەتی شەهید دڵژین- شەهید شەڕڤان ئەركەندیی عەگیدەكانی بۆتانی كرد و تێیدا ئاماژەبەوەكرد هێزەكانمان لە باكوری كوردستان چالاكیی كاریگەر لە دژی دووژمن ئەنجامدا. ئاشكراشیكرد: هێزەكانمان لە باكوری كوردستان، سەرباری ئەوەی لە بەرامبەر سەدان ئۆپەراسیۆن و هەزاران هێرشی سوپای توركیا خۆیان دەپارێزن، لە هەمان كاتیشدا بە ڕۆحیەتێكی بەرزی هێرش و داهێنەرانەبوونی گەورەیان لە تاكتیك دا، چالاكیی كاریگەر ئەنجام دەدەن، ئەمە بە ڕوونی دەریخست، كە شێوازی تیمە گەڕۆك و تیمە شارەزا و پسپۆڕەكان لەسەر هێڵی سەركەوتنە. رونیشیكردەوە: ئەم چالاكییە سەركەوتووەی یەژا ستار جارێكی دیكە ئەوەی سەلماندەوە، كە رێباز و شێوازی تیمە پسپۆڕ و شارەزاكانی گەریلاكانی ئازادیی كوردستان بە تەواوی ئەنجامگیر و سەركەوتو دەبێت، دەوڵەتی توركیاش لە ڕێگەی میدیای جەنگی تایبەتی خۆیەوە هەوڵیدا ئەو گورزە قورسە، كە بەریكەوتبوو بشارێتەوە و تەنها یەك كوژراوی خۆی لەو چالاكییەدا ئاشكرا كرد، تیمە گەڕۆكەكان، كە لە ناكاو لە هەموو شوێنێك گورزی توند لە دوژمن دەدن، بەو چالاكییە لە هەڵمەتی شەهید دڵژین- شەهید شەڕڤان ئەركەندی لە عەگیدەكانی بۆتانیان لە ناوچەكە بەهێزكرد.