هاوڵاتی بههۆی هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکهوانهکانی ئێرانهوه بۆ سهر ئۆکراینا، یانەی شاختار دۆنێتسکی ئۆکراینی، داوای دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی ئێران دەکات لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن " یانەی شاختار بەفەرمی داواکارییەکی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دووربخرێتەوە، هۆکاری داواکارییەکەشی ئەوەیە کە ئەوان پێیانوایە، ئێران هاوکاریی رووسیای کردووە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا." یانەی شاختار دەڵێت " پێویستە هەڵبژاردەی ئۆکراینا لە جێگەی ئێران بەشداری لە مۆندیالدا بکات، لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئێران کاتێکی خش بەسەردەبەن و سەیری یارییەکانی هەڵبژاردەکەیان دەکەن لە مۆندیالدا، ئۆکرایناش بەدەست هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەناڵێنێت، کە ئێران هاوکاریی رووسیای کردووە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا و رۆڵی هەبووە لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان." شاختار دەڵێت " راهێنەرانی سەربازیی ئێران مەشقیان داوەتەوە بۆ فڕاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتەوە سەر ئۆکراینا و ئارامیی وڵاتەکەیان تێکداوە، بۆیە داوا لە فیفا دەکەین بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئێرانەوە، هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیال دووربخرێتەوە و ئۆکراینا لە شوێنی ئەوان یاری بکات." رووسیا پێشتر لەلایەن هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپاوە سزادرا و رێگەی پێنەدرا بەشداری لە مۆندیال و هیچ چالاکییەکی سەر بە هەردوو فیدراسیۆنەکە بکات. چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، فیفا هەڕەشەی دوورخستنەوەی ئێران لە مۆندیال دەکات، بەهۆی ئەوەی کە دەستوەردان لە وەرزشی وڵاتەکەدا هەیە و رێگە بە ئامادەبوونی خانمان نادات ئامادەی یارییەکان ببن.
هاوڵاتی شەوى رابردوو، سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى ناکۆکییەکانى نێو ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت. لە کۆبوونەوەکەشدا محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو بەشداربوو. محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو داواى هەفتەیەک دەرفەتى لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کردووە بەر لە دیاریکردنى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ وردبینیکردنى دۆسێى بەربژێرەکان. بەگوێرەی زانیارییەکانیش یەکلاکردنەوەى سێ وەزارەت دوادەخرێت. حەسەن بەهادلی، بەڕێوەبەرى تواناکان لە هاوپەیمانیى نەسر لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى داوای کرد ماوەى هەفتەیەک دەرفەتی پێبدەن بۆ وردبینیکردنى دۆسیەی بەربژێرى وەزارەتەکانى کابینەکەی بەر لە دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بەربژێری پۆستە وەزارییەکان. حەسەن بەهادلی گوتیشى: "ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەیە ناوى بەربژێرەکان ئاراستەى دەستەکانى لێپرسینەوە و دادوەرى، دەستپاکى بۆ وردبینیکردنى دۆسیەکانیان بکرێت." دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەى پێشتر لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس رۆڵ و بەرپرسیارێتییان هەبووە بۆ ئەوەى دڵنیاببنەوە کە بەربژێرەکان یاسای ئەو دەستەیە نایانگرێتەوە کە رێگریکردنە لەوەى پۆستى باڵا لە عێراق وەربگرن. ناردنى ناوى بەربژێرەکان بۆ دەستەى دەستپاکى بۆ ئەوەیە وردبینى دۆسیەکانیان بکەن لەبارەى بوونى گومان و دۆسییەى گەندەڵى لەسەر ئەو بەربژێرانە.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ٢٤٢هەمین رۆژی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا پەیامێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری خۆی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکە کردو رایگەیاند رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی و مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و گوتی، "پێویستە جیهان کاردانەوەیەکی توندی لەبەرامبەر ئەمەدا هەبێت". سەرۆکی ئۆکراینا، داکۆکی لەوە کرد کە رووسیا هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لەناوببات و گوتی:"ژیان بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەگەڕێنینەوە کە رووسیا مردن و رووخاندنی بۆ هێناوە. ئەمە بە تەواوەتی پەیوەندی بە ئۆکراینییەکانەوە هەیە. ئەو شوێنەی ئۆکراینای لێیە بە هیچ شێوەیەک ژیان ناوەستێت. بەڵام، رووسیا دەچێت بۆکوێ با بچێت، تەنها گۆڕی بەکۆمەڵ، کەمپی ئەشکەنجەدان، شار و گوندی خاپوورکراو، زەوی مینڕێژکراو، ژێرخانی رووخێنراو و کارەساتی سرووشتی لە دوای خۆیەوە بەجێدەهێڵێت". زێلێنسکی، باسی لەوەش کرد کە وەزیری بەرگریی رووسیا، ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری بەرگریی چەند ولاتێک ئەنجامداوە و تاوتوێی بابەتی هەڕەشی چەکی ئەتۆمی کردووە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ کەس باوەڕ بە رووسیا ناکات و گوتی: "رووسیا بوو کە لە بارەی کارەساتی تیشکدانەوەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا ئیبتیزازی دەکرد. ئەمە رێڕەوی مووشەکەکانی رووسیایە بەتایبەتی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا". سەرۆکی ئۆکراینا، هێزەکانی رووسیای بە مینڕێژکردنی بەنداوی کاخۆفی ناوچەی خێرسۆن کە تازە ئازادیان کردووە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئۆکراینا تاوانبار کرد و گوتی: "لەو بڕوایەدام، ئیتر دەبێت جیهان تا دەتوانێت کاردانەوەی توند (لە دژی رووسیا) نیشان بدات".
هاوڵاتی ئەمڕۆ 24ی تشرینی یەکەم ،پزیشکی دادی بەغدا ڕایگەیاند کەناسینەوە و پشكنینی 16 روفاتی ئێزیدی تەواوبووە و ڕادەستی كەسوكاریان دەکرێتەوە. دەروێش چوکی، بەڕێوەبەری رێکخراوی تولا تایبەت بە ڕزگاربوانی دەستی داعش بە هاوڵاتی ی وت" پزیشکی دادی بەغدا پشکنین و ناسینەوە بۆ 16روفاتی تر تەواوکردوە، کەسوکاریان دەچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی تەرمەکانیان بەڵام ئەوان بەهۆی تێچووی رێگا داوایان کردوە بەغدا روفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادی مۆسڵ بکرێن تا ئەوان لەمۆسڵ روفاتەکان وەربگرن و ئەو رێگا دوورەیە نەبڕن" . دەروێش چوکی ووتیشی" ئەو 16روفاتە هی چەند گۆڕێکی تاکن، هەر یەکێکیان هی ناوچەیەکە لەسنوری قەزای شەنگال" ناوی ڕوفاتەکان
هاوڵاتی دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەری کە بڕی ٨ کیلۆ ماددەی هۆشبەریان پێبوو دەستگیر کران. ئێوارەی یەکشەممە 2022/10/23 ، بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگی یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەزای حاجیاوالە چالاکیەکی هاوبەش دا دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە ناوەکانی ( ٳ ، ئ ، ح ) و ( س ، ئ ، ح ) دەستگیرکران لە سنوری یاریدەدەرێتی ئاسایشی حاجیاوا . لە هەمان کاتدا دەست گیرا بەسەر بڕی (٨) کیلۆ ماددەی هۆشبەر، لە جۆری کریستاڵ و چەن جۆرێکیتر. هەروەها بڕێکی زۆر کەل و پەلی جۆراو جۆر وەکو چەک و بڕێکی زۆر پارە لەجۆری دۆلار و دینار و کرۆن و پاوەن و چەندین کەل و پەلی تری تایبەت بەمادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا. لە ئێستادا تۆمەتباران بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگار بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .
هاوڵاتی دیمەشق هۆشداریی دەدات لە بەکارهێنای ئەو تۆوی گەنمەی کە لەلایەن ئەمریکاوە دابەش دەکرێت وجوتیارانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەکاری دەهێنن . محەمەد حەسەن قەتنا وەزیری کشتوکاڵی سوریا رایگەیاند؛ وەرزی رابردوو، ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی سێ هەزار تۆن گەنمیان بە بەسەر گروپێک لە جووتیاراندا دابەش کردوە بەڵام ئەو تۆوە نەخۆش بوە و بۆ زەویەکان زیانی دەبێت تا سێ ساڵ ناتوانرێت سود لەو زەوییانە ببینرێتەوە کە تۆوەکایان تێدا چێنراوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد: واشنتۆن دەیەوێت ئەم تۆوانە بهێنێت بۆ لەناوبردنی خاکی سوریا، هەر بۆیە داوا لە جوتیارەکان دەکەن خۆیان بپارێزن لە چاندنی و رو لە تۆوە دیاریکراوەکان بکەن کە وەزارەتەکەیان دیاریی کردەوە. پێشتر ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکی نێودەوڵەتی یوساید رایگەیاندبو تۆوی گەنمیان بە بەرزترین ستانداردی تەندروستیی و کوالیتی دابینکردوە و تاقی دەکرێتەوە بۆ دڵنیابون لە گونجاوبونی.
هاوڵاتی دانیشتوانی سەیدسادق ڕەتیانکردەوە بەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێم دیاریکردوە کە ١٠٣ هەزار دینارە بۆ بەرمیلێک، نەوتی سپی وەربگرن. دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق ڕایگەیاندووە، "رەتکردنەوەی وەرگرتنی نەوت لەسەر داوای خەڵکە. ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی هەموو گەڕەکەکان قسەمان کرد و هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپرسیمان کرد. ئەوەی وەڵامی خەڵک بوو وەرمانگرت کە 90%ی خەڵک داوایان کرد نەوتەکە نەهێندرێت و گوتیان نرخی گرانە و نامانەوێت". ئەمەشلەکاتێکدایە بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 250 هەزار دینارە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بۆ هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت بە 103 هەزار و 500 دینار دابینبکات و دابەشکردنەکەشی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێبکات. بەڵام تا ئێستا جگە لە سەیدسادق دانیشتوانی پێنجوێنیش وەرگرتنی نەوتیان بەو بڕە پارەیە ڕەتکردۆتەوە. جێگەی باسە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە نرخی نەوت ڕایگەیاندووە، ئەوان نرخی بەرمیلێک نەوتیان بە "284 هەزار دینار کڕیوە" بەشێوەی پاڵپشتی بەو پارەیە دەیدەنەوە هاونیشتمانییان.
هاوڵاتی بە پێی ڕپۆرتێکی پێگهی (زه ناشیۆناڵ و ریلیف وێب)ـی ههواڵی ،بههۆی وشكهساڵی و كهمبوونهوهی ئاوی دیجله و فورات زیاتر له 10 ههزار خێزان ناچاربوون شوێنهكانیان بهجێبهێڵن. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بهپێی ئهو راپرسیانهی لە لایەن رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان ئهنجامدراوە دهركهوتووه 10 ههزار خێزان له باشوور و ناوهڕاستی عێراق بههۆی نهمانی سهرچاوهی ژیانهوه و نەبونی ئاو وشکەساڵی وازیان لە ئاژهڵداری و كشتوكاڵکردن هێناوەو بەرەو شارهكان كۆچیان كردووه. ئەمەش لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵیش، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە، ڕایگەیاند رووبەری زەویە کشتوکاڵییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بە تایبەت ئەو زەوییانەی لەمساڵدا بە گەنم و جۆ چێندرابوون.
هاوڵاتی پارێزگاری پێشوی بابل سێ فەرمانی چوونە بەردەم دادگای بۆ دەردەکرێت،بەتۆمەتى ئەوەى پۆستەکەى بۆ سوودى کەسی بەکارهێناوە. 23ى تشرینى یەکەمى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێ بڕیارى دژى پارێزگارى پێشووترى بابل دەرکردووە بۆ ئەوەی لە دادگە ئامادە بێت، ئەوەش بەتۆمەتى بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ سودی کەسی. لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی عێراقدا هاتووە ئەو پارێزگارە زەویی شەهیدانى داوەتە کەسانێک کە شەهیدیان نییە و هەروەها خانووى بەکرێ گرتووە بەبێ ئەوەى کرێکەی بدات. هەربۆیە ئەو بەرپرسەى پێشووترى بابل بەگوێرەى ماددەى 331ى یاساى سزادانى عێراقى ئەو فەرمانانەى بۆ دەرکراوە کە سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنى داراییە.
هاوڵاتی ژوری بازرگانیی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت بەرهەمهێنان کەمی کردوە و وڵاتەکە 13 ساڵە روبەڕوی قەیرانی لەو شێوەیە نەبوەتەوە. حسێن سەڵاح وەرزی، جێگری سەرۆک ژوری بازرگانیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ بەهۆی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت زۆربەی کۆمپانیا و گارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک و تەنانەت دەرمان روبەڕوی قەیران بونەتەوە و بەرهەمهێنانیان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئەو ئاماژەی بەوە کردوە جگە لە بەرهەمهێنانی بڕینی ئینتەرنێت بوەتە هۆی کەمبونەوەی فرۆشی زۆربەی بەرهەمەکان و کەمبونەوەی هەلی کار لەو کارگە و کۆمپانیانە. جێگری سەرۆکی ژوری بازرگانیی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە لە ساڵی 2019 قەیرانی هاوشێوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و فرۆشتن کۆمپانیا و کارگەکانی وەبەرهێنانی لە وڵاتەکە نەگرتوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە دەستەی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە بەهۆی کاردانەوەی خۆپیشاندانەکان، کێشەی کەمیی دەرمان لە وڵاتەکە سەری هەڵداوە 30 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگا روبەڕوی قەیرانی دەرمان بونەتەوە.
هاوڵاتی میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردهوه هاووڵاتییەکی ئیسپانی کە ویستوویەتی بەپێ نزیکەی حەوت هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و بۆ جامی جیهانیی تۆپی پێ بچێتە قەتەر، بەپێی میدیای ئیسپانیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران بێسەروشوێن بووە. بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، سانتیاگۆ سانچێز کۆگیدۆر، هەوادارێکی سەرسەختی تۆپی پێیە و ویستوویەتی بۆ مۆندیالی 2022 بەپێ لە ئیسپانیاوە بچێتە قەتەر، بەڵام لە دوای ئەوەی لە گوندێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران دوا پەیامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 2ی تشرینی یەکەم بڵاوکردووەتەوە، دواتر دیارنەماوە. کۆگیدۆر لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی بە رۆیشتن کردووە و بەو هیوایە بووە تاوەکو کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە رۆژی 20ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بگاتە قەتەر. بەڵام کەسوکار و هاوڕێکانی کۆگیدۆر و بە هەزاران فۆڵۆوەرەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشکرایانکرد کە لە 2ی ئەم مانگەوە هیچ هەواڵێکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە نازانن، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆگیدۆر بەردەوام وێنەی گەشتەکەی بڵاودەکردەوە. لە دوا پۆستیدا لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەم، لە ئینستگرامەکەی، کۆگیدۆر وێنەی خۆی بڵاوکردووەتەوە لە گوندێکی هەرێمی کوردستان لە نزیک سنووری ئێران بووە و لەگەڵ منداڵانی گوندەکە یاریی تۆپی پێی کردووە و نانی لەگەڵ گوندنشینان خواردووە. هەروەها لەسەر یەکێک لە دوا وێنەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیوویەتی "لە دوا گوندی باکووری عێراق، چیایەک لەگەڵ ئێران جیامان دەکاتەوە کە دوا وڵاتە پێش ئەوەی بگەمە قەتەر". هاوڕێیەکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە بە میدیای ئیسپانی راگەیاندووە، کۆگیدۆر بەردەوام شوێنی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دوا پەیامیشی بۆ هاوڕێکانی کاژێر 12؛30ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 2ی تشرینی یەکەم بووە. لەوبارەیەوە، میگوێل بێرگادۆ، کە هاوڕێی کۆگیدۆر-ە، دەڵێت، "دواجار 1ی مانگ قسەم لەگەڵ کرد، ئەو لۆکەیشینی شوێنی مانەوەی خۆی بۆ ناردم کە هەرێمی کوردستان بوو، پێنج کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو". هاوڕێکانی نیگەرانی بێسەروشوێنبوونی کۆگیدۆری تەمەن 40 ساڵن، کە هیچ هەواڵێکی نییە و ترسیان هەیە هاوڕێکەیان لە ئێران دەستگیر کرابێت، کە ئێستا ئەو وڵاتە رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان بووەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە مرۆییەکانیش، بە هەزاران کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. بێرگادۆی هاوڕێی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە دەڵێت، "هەست دەکەم بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەوە، ئەویان دەستگیر کردبێت، چونکە کەسێکی بیانییە. باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە ئێران دەڵێت هەندێک کەس بەهۆی وێنەگرتنی خۆپێشاندانەکانەوە دەستبەسەر کراون و رەنگە ئەویش بەو جۆرە بێت". هەروەها میدیای ئیسپانیا ئاشکرای کردووە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی کۆگیدۆر. ئەو شاخەوانە ئیسپانییە، لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری ئالکالا دێ هێنێرێس لە نێوەڕاستی ئیسپانیا دەستی بە گەشتەکەی کردووە.
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی نۆ تیرۆریستی لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە راگەیاند. دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر تیرۆریستان لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای دیالە ئەنجامداوە. راشیگەیاندووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، نۆ تیرۆریست دەستگیرکراون لەنێویاندا، گەورە تیرۆریستێک کە بەشداری لە ئەنجامدانی چەندین کردەی تیرۆریستی کردووە لەنێویاندا، تەقاندنەوەی مەزارگەیەکی ئاینیی لە پارێزگای دیالە. باسی لەوەش کردووە کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
هاوڵاتی ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دروستکردنی دۆشاو، باسوق و سجوق لەو ترێیەی لە رەزەکان لێ کراوەتەوە و کۆکراوەتەوە. دانیشتووانی گوندی ئاکباشاک کە سەربە قەزای چونگویشە لە پارێزگای دیاربەکر لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان، بە رێگای نەریتی سەرقاڵی دروستکردنی باسوق و سجوقن لەو ترێیەی کۆیان کردووەتەوە. دانیشتووی گوندی ئاکباشاک، ئیلهامی شیمشەک به ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە دوو جۆر ترێی جیاواز باسوق و سجوق دروست دەکەن، گوتی: "باسوق و سجوق کە لە ترێی تەواو ئۆرگانی دروست بکرێت تامی زۆر خۆش دەبێت. باسوق و سجوق سەرەتا بۆ خۆمان و دواتر بۆ دۆستان دروست دەکەین و ئەوەی دەشمێنێتەوە دەیفرۆشین". جەمیل کایا کە دوای خانەنشینبوونی لە گوندەکە گیرساوەتەوە ئاماژەی بەوە دا کە لە مانگی ئەیلوولەوە ئامادەکارییەکان بۆ زستان دەست پێ دەکەن و دوو مانگ دەخایەنێت و گوتی: "بەیانییان زوو ترێ لێ دەکەینەوە و دەیهێنینەوە گوند. ئاوی ترێ لە مەنجەڵدا دەکوڵێنین. دوای ٣-٤ کاتژمێر ئاوەکە خەست دەبێتەوە و دواتر ئاردی تێ دەکەین. گوێزەکان بە داوەوە دەکەین. دواتر دەیخەینە ناو گیراوەکە، پاشان هەڵی دەواسین و چاوەڕێ دەکەین تاکوو وشک دەبێتەوە. ئەم پرۆسەیە نزیکەی ١٠ رۆژ دەخایەنێت". حەلیمە کاراتەمور بە ئاماژەدان بەوەی کە کارەکانی گوند سەخت و ماندووکەرن، باسی لەوە کرد کە ئەو خۆراکانەی بۆ زستان ئامادەیان دەکات بۆ منداڵەکانی دەنێرێت کە لە دووری ئەو دەژین. - باتمان لەگەڵ وەرزی لێکردنەوەی ترێیشدا، هاووڵاتییان لە قەزای گەرجوش سەربە پارێزگای باتمان دەستیان کردووە بە دروستکردنی دۆشاو، باسوق و سجوق. بەڕێوەبەری دارستان و کشتوکاڵی گەرجوش، مەتین کاپڵان ئاماژەی بەوە دا لە زۆربەی گوندەکان دۆشاو بەرهەم دەهێندرێت و ئەوەیش بووەتە سەرچاوەیەک بۆ داهاتی هاووڵاتییان. دانیشتووی گوندی یوجەلەر، ئەیوب چەتین ئاماژەی بەوە دا کە ترێی جۆری مەرزۆنە پێگەیشتووە و دەست کراوە بە لێکردنەوەی ترێ. دانیشتووی گوندی هیسار، داود تونجەریش ئاماژەی بەوە دا کە ٢٠ ساڵە جووتیارە و ٣٠ دۆنم رەزی ترێی هەیە و گوتی: "لەگەڵ خزمان ترێی مەزۆرنە لێ دەکەینەوە و ترێیەکە دەگوشین و دەیکەین بە دۆشاو". سهرچاوه: ئاژانسی ئانادۆڵۆ
هاوڵاتی لهڕاگهیهندراوێکدا که ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوکراوهتهوه دەستەی دەستپاكی فیدراڵی رایگەیاند، توانیویانە لهپارێزگای سهلاحهدین دەست بەسەر 100 گرێبەستی تزویر و ساختەی كشتوكاڵیدا بگرن. بەشی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لەراگەیاندراوێكدا ڕایگەیاندووە : كە كادیرەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی دەستەكە لە سەڵاحەدین، كە ڕوویان لە بەشی بەشی كشتوكاڵی ئەلدۆر كردووە و ئەنجامیانداوە (4) كارمەندیان دهستگیرکردووه ئهویش دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە 39 گرێبەستی كشتوكاڵی وەهمییان زیاد كردووە.وە دەستكاریكردنی (61) گرێبەستی دیكە بە زیادكردنی ڕووبەرەكەیان لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی بۆ بەرهەمی گەنم، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو گرێبەستە ساختانە و دەستكاریكردنی ڕووبەر سوودمەند بووە لە پلانی دابینكردنی پێوانەی یوریا بە بڕی (165,098,690) دینار. ئاماژەی بەوەشكردووە : تیمی مەیدانی بۆ بەدواداچوون بۆ كارەكانی بەشی باجی سەڵاحەدین سەركەوتوو بوون لە ئەنجامدانی دوو دەستبەسەرداگرتنی جیاواز لە بەڕێوەبەرایەتییەكە. روونیشیكردەوە : دوای بەدواداچوون و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، تیمەكە توانیویانە (5) راپۆرتی پزیشكی ساختە لە بەشی تەندروستی پارێزگا - بەشی لیژنە پزیشكییەكان دەستنیشان بكەن، ئاماژەیان بە دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار كرد بە ساختەكردنی واژۆی لیژنە پزیشكییەكان لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی (عهرهبی جهدید) بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان، ڕایگەیاند گوشارەکان بۆ سەر تورکیا بۆ ڕێگری کردن لە پێشڕەویی گرووپی تەحریر ئەلشام لە باکووری ڕۆژئاوا و باکووری سووریا کاریگەریی هەبووە. دەستەی تەحریر ئەلشام لە سووریا کە ئەمریکا خستوویەتییە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا توانی کونترۆڵی شاری عەفرین و ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ تورکیا بەدەست بێنێت. هەر بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکه ئەم بابەتە نیگەرانی وڵاتانێک وەکوو بەریتانیا و ئەمریکای لێکەوتۆتەوە، چوونکە هەندێک هێرشی تیرۆریستی لە رۆژئاوا دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەم گرووپە کە نزیکە لە قاعیدە. ئەم رۆژنامه بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرای کردووە کە تورکیا دەستی کردووە بە ڕێوشوێنی ڕێگری کردن لە پێشڕەوی ئەم گرووپە، هەروەها بە دروست کردنی ئاستەنگ لە باکووری پارێزگای ئیدلب، پلانی هەیە ڕێگری بکات لە کۆنترۆڵ کردنی ناوچەی زیاتر، لەوان ئەلباب. سهرچاوه سهربازییهکانی سهر به سوپای ئازادی سهر به تورکیه ڕایانگهیاندووه که هێزهکانی تورکیا که له سووریان، بهلەمپەڕنانەوە به دوای هێزهکانی سهر به تهحریر شامدا دهگهڕێن. بە پێی ئەم هەواڵانە تورکیا ئەندامانی ئەم گرووپە دەستگیر ناکات بەڵکوو تەنها لە عەفرین دەریان دەکات. دوابەدوای ڕەخنەی ڕووسیا و ئەمریکا لە بێدەنگی تورکیا سەبارەت بە پێشڕەویی ئەم گرووپە؛ تورکیا بەنیازە ڕێگری بکات لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئەم گرووپە لە باکووری حەلەب. بەپێی ئەم سەرچاوە هەواڵییە، بەشێک لە هێزەکانی تەحریر شام لەسەر داوای تورکیا عەفرینیان چۆڵ کردووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە هێزەکانی ئەم گرووپە رەتیدەکەنەوە ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵن
