هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند:" یەک ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە سەرەتای جەنگی نێوان ڕوسیا‌و ئۆکرانیاوە ئاوارە بوون و بەسەر وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتەدا دابەشبوون". لەكاتێكدا ئۆپەراسیۆنەكەی روسیا بەردەوامە و ملیۆنان کەسی تر لە ناو ئۆکرانیادا ماونەتەوەو لە مەترسیدان. ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، "تەنها لە ماوەی حەوت ڕۆژی سەرتای هێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا یەک ملیۆن پەنابەر لە ئۆکرانیاوە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون و پێشینیش دەکەین ڕێژەکە بۆ چەند ئەوەندەش بەرزبێتەوە.'' باسی لەوەشکردووە، "ملیۆنان کەسی تر لە ناو ئۆکرانیادا ماونەتەوەو لە مەترسیدان، هاوکات، کاتی ئەوە هاتووە چەک بێدەنگ بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆیی بگات و ژیانیان ڕزگار بکرێت." فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی وتووە، ''پلانی هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەشت بکات بۆ ڕۆمانیا و مۆلدۆڤا و پۆڵەندا، ئەو سێ وڵاتەی کە میوانداری پەنابەرە ئۆکرانیایەکانی کردووە.''
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا رایگه‌یاند:" سەرۆکی ئەمریکا خۆی جەنگی جیهانی سێیەم هەڵدەگیرسێنێت". هاوكات جێگرەكەشی دەڵێت:" ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە پەیوەندیەکان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنێت". ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ''وڵاتەکەی شوێنی سەربازی هەیە کە کۆنترۆڵی کردووە و مەرجەکانی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی جیاکردۆتەوە لە چەکەکانی دیکە. سێرگی لاڤرۆڤ دەشڵێت، "جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا خۆی جەنگی جیهانی سێیەم هەڵدەگیرسێنێت، بەڵام من دڵنیام کردەوە کە ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت ئەوا بێ گومان جەکی ناو‌کی تیادا بەکاردێت." ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "ئەمریکا چۆن دەتوانێت ئەوە دیاری بکات، کە ئایا گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا گونجاوە یان گونجاو نییە، چونکە ئەوان ناتوانن بڕیار لەسەر ئەوروپا بدەن." باسی لەوەشکردووە، ''ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوروپا و جیهان بە گەورەیی کۆنتڕۆڵ دەکات و ئەورووپییەکانی ناچارکردووە پرۆژەی گازی نۆردستریم بوەستێنن.'' هاوكات جێگرەكەشی دەڵێت:" ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە پەیوەندیەکان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنێت". سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ''بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن بە واشنتۆنەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانەوەو پابەندین بە دیالۆگ و نامانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ واشنتۆندا بپچڕێنێت. دەشڵێت، ''گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆکرانیا لە بیلاڕووس دەتوانێت ئەنجامێکی باشی هەبێت.'' ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە پەیوەندیەکان لەگەڵ واشنتۆن بپچڕێنێت، سەرەڕای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ وڵاتاندا بۆ نزمترین ئاست و وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ درێژەدان بە دیالۆگ لەگەڵ ڕۆژئاوا لەسەر سەقامگیریی ستراتیژی.'' ئەوەشی وتووە، وڵاتەکەی پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی کە چوونەژوورەوەی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ وەک بۆمبێکی کاتی وایە کە "زوو یان درەنگ" دەتەقێتەوە.''
هاوڵاتی مه‌سرور بارزانی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی دادگای فیدراڵی عیراقی دایه‌وه و وتی: "له ماده‌ی 111ی ده‌ستووری عیراقدا هاتووه كه نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی عیراقه. دەشلێت:" 410 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، لەئێستادا 41%ى پارەى داهاتى نەوت بۆ موچە تەرخان دەکرێت، ئەوەى دیکەشى بۆ خەرجییەکانى دیکەیە". وتیشی: "ماده‌ی تایبه‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له ده‌ستووردا جێبه‌جێ نه‌كراوه". باسی له‌وه‌شكرد: نابێت ئه‌گه‌ر ماده‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی فیدراڵ نه‌بێت جێبه‌جێ نه‌كرێت. روونیشكرده‌وه: دادگای فیدراڵی به‌پێی ده‌ستووری عیراق دروست نه‌كراوه. مه‌سرور بارزانی: ئاماده‌ین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین، ده‌ستوور ناوبژیوانمان بێت. مەسرور بارزانی سەبارەت بە داهاتی نەوت وتی، بەشێکی زۆری بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەگەڕێتەوە کە نەوتەکە دەردەهێنن، بەشێوەیەک کە "داهاتی نەوت 7% بۆ دانەوەی قەرزە، 43%ی بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە نەوت دەردەهێنن، 9%ی بۆ گواستنەوەیە، پێشتر 25-28%ی دەهاتەوە بۆ مووچە، ئێستا 41%ی بۆ دابینکردنی مووچە تەرخاندەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، "لە 26 مانگی رابردوو بەغدا تەنیا 12 مانگ پارەیان بۆ ئێمە ناردووە، 14 مانگ کە مافی خەڵکی کوردستانە نەنێردراوە". ده‌قی وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی: گرنگ بوو ئه‌مڕۆ ئه‌م كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه بكه‌ین، له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ده‌مه‌وێ هه‌ندێك بابه‌ت عه‌رزی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان و عێراقیش بكه‌م. من له‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م كه له رۆژی 10ی 7ی 2019، ئه‌و رۆژه‌ی كه سوێندی یاساییم خوارد، به‌رگری له هه‌موو مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، به هه‌مان شێوه هه‌موو به‌رپرسانی تریش له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له په‌رله‌مان، له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌موویان ئه‌و سوێنده یاساییه‌یان خواردووه، ئێستاش ئێمه ده‌بینین كه چه‌ندین مافی ده‌ستووری خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان پێشێل كراون و پێشێل ده‌كرێن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ركێكی ده‌ستووری و یاسایی ئێمه‌یه ئه‌و ئامانه‌ته‌ی كه كه‌وتووه‌ه‌ته سه‌ر شانی ئێمه، پێویسته به‌رگری لێبكه‌ین و به‌رگری له مافه‌كانی خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ین. من ده‌ستووری عێراق به هه‌ر سێ زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و ئینگلیزیم له‌لایه، جارێكی دیكه زۆر به چڕی هه‌موو بڕگه‌كانیم خوێندووه‌ته‌وه. من بۆ ئه‌وه‌ی بیرتان بێنمه‌وه، ناچمه ناو ورده‌كاریی مادده‌كان، ته‌نیا بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه، مادده‌ی 44 و 45ی ده‌ستوور، باسی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ده‌كات، به‌ڵام تاكو ئێستا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه پێكنه‌هاتووه، كه یه‌كێكه له‌و خاڵه گرنگانه‌ی ده‌ستوور بۆ پاراستنی مافه‌كانی هه‌رێمه‌كانی و ئه‌و پارێزگایانه‌ی وه‌كو هه‌رێم پێكنه‌هاتووه. دانه‌مه‌زراندنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته نێوان هه‌رێم یان پارێزگاكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی، بۆیه پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی رێز له ده‌ستوور بگیرێت، ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه‌ی كه هاتوون، هه‌موویان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وه نه‌بێت كه لە به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكدا بێت مادده‌یه‌كی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت. یان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی پێیوایه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه، نادیده بگیرێت. چونكه بابه‌تی نه‌وت و غاز، به‌م دواییه بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕیارێكی ده‌ركردووه، بووه‌ته بابه‌ت، ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌وه زیاتر باس بكه‌م. مادده‌كانی 110، 112 و 115، هه‌ر یه‌كێك به‌شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كات. له مادده‌ی 110 باسی هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌كات، كه ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵین و هه‌رچی له‌و مادده‌یه‌دا نه‌هاتبێت، كه‌واته ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كانه یان پارێزگاكانه. مادده‌ی 111 باسی ئه‌وه ده‌كات، كه نه‌وت و غازی عێراق هی هه‌موو عێراقه، به هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكانیشه‌وه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه ناكات كه نه‌وت و غاز موڵكی حكومه‌تی فیدراڵییه. ئه‌مه بابه‌تێكی ده‌ستوورییه. له مادده‌ی 112 و 115، مادده‌ی 112 باسی ئه‌وه ده‌كات، چۆن ئیداره‌ی مه‌له‌فی نه‌وت و غاز یان دۆسیه‌یی نه‌وت و غاز بكرێ، تواناكان چۆنن و ئێستا و داهاتوو پێویستە چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێـت. له مادده‌ی 115 باسی ئه‌وه ده‌كات، كه هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی نییه، ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و پارێزگاكان. جگه له‌مانه مادده‌ی 122ی ده‌ستوور هه‌یه، كه باسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه تاوانلێكراوه ده‌كات، کە له‌لایه‌ن رژێمی پێشوو ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی عێراق كراوه. بێگومان خه‌ڵكی كوردستان زیاتر له هه‌موو لایه‌نێك زیانی به‌ركه‌وتووه، له كیمیاباران، ئه‌نفال، له وێرانكردن و خاپووركردنی گوند و شار و شارۆچكه‌كان، كه تاكو ئێستاش وه‌كو مادده‌یه‌كی ده‌ستووری نه‌چووه‌ته واری جێبه‌جێ كردن، قه‌ره‌بووی ئه‌نفالەکان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی ئێمه نه‌كراون، ئه‌و زیانلێكه‌وتووانه‌ی به‌هۆی ئه‌و جینۆسایده‌ی ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان كرا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش پێشێلكردنی مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان. له مادده‌یه‌كی دیكه، كه هاتووه مادده‌ی 92ی ده‌ستوور، باسی دروستكردنی دادگای ده‌ستووری ده‌كات، من لێره‌دا ده‌مه‌وێت به فراوانتر باسی ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌م. ئه‌و دادگا ده‌ستوورییه‌ی ئێستا هه‌یه، له زه‌مانی یاسای حكومه‌تی راگوزه‌ر پێكهێنرا، پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، دوای ئه‌وه ئێمه ده‌ستوورمان نووسی و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی عێراق به خه‌ڵكی كوردستانیشه‌وه ده‌نگی بۆ دا، به‌ڵام هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م ده‌ستووره‌ی په‌سه‌ند كرد، ئه‌و مافانه‌ن كه له‌م ده‌ستووره‌دا هاتووه، مانای ئه‌وه نییه كه ئێمه ده‌ستوورێكمان په‌سه‌ند كردبێت و ئاماده‌بین پێشێلی ئه‌و ماددانه‌ی بكرێت، كه له‌م ده‌ستووره هاتووه. ئه‌و دادگایه دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستوور، ده‌بووایه به پێی مادده‌ی 92ی ده‌ستووری، ئه‌و دادگا فیدراڵییه دروست بكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش نه‌كراوه. له مادده‌ی 92، من نامه‌وێ بچمه ناو ورده‌كارییه‌كه‌ی، به‌ڵام به پوختی ده‌یخه‌مه‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه دروستكردنی دادگای ده‌ستووری به چ شێوه‌یه‌ك بێت، كه ده‌ڵێت: 1- دادگای فیدراڵی باڵا ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆییه له رووی دارایی و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه. 2-دادگای فیدراڵی باڵا، له ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و پسپۆڕی بواری فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێكدێت، دیاریكردنی ژماره و شێوازی هه‌ڵبژاردن و كاری دادگاكه به یاسا رێكده‌خرێت، به زۆرینه‌ی 2 له‌سه‌ر 3ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. به‌ڕێزان نه ئه‌م یاسایه پێكهاتووه، كه ده‌بووایه 2 له‌سه‌ر 3ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، نه به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره‌ش ره‌فتار كراوه. ئه‌م دادگایه ئه‌و كاته ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر مادده ده‌ستوورییه‌كان بدات، خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور پێكهاتبێت. بۆیه ئێمه داوا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ین له خولی داهاتوو، هه‌وڵی پێكهێنانی دادگای فیدراڵی به‌پێی رێكاره‌كانی ده‌ستوور بدات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌ن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه بدات، كه له ده‌ستووردا هاتوون و له‌وانه‌یه ببن به كێشه‌ی نێوان هه‌رێمه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵ. له هیچ بڕگه‌یه‌كی ده‌ستووریدا نه‌هاتووه، كه بڵێت دادگای فیدراڵی کە له كاتی یاسای حكومه‌تی راگوزه‌ردا پێکهاتووه، ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستوور بدات. گریمان ده‌ستووره‌كه به‌و شێوه‌یه‌ش بێت، واتا ئه‌م دادگایە به شێوه‌یه‌كی ده‌ستووریش رێكبخرێت، هیچ دادگایه‌ك بۆی نییه مادده‌یه‌كی ده‌ستووری بنووسێته‌وه، رێكاری گۆڕانكاری له مادده‌كانی ده‌ستووردا بكات، له ده‌ستوور خۆیدا دیاریكراون، كه به چ شێوه‌یه‌كه، كه‌واته هیچ دادگایه‌ك شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌ی نییه، كه ماددە ده‌ستوورییه‌كان بگۆڕێت. ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌و دادگایه داویه‌تی، دژی هه‌موو بنچینه‌كانی مادده ده‌ستوورییه‌كانه، ئه‌و ماددانه‌ی كه باسم كردن، دیاریكراون و هیچ دادگایه‌ك ناتوانێت، بێت ئه‌م ماددانه بگۆڕێت، به‌ڵام بڕیارێكی له دژی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم داوه، كه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره و گۆڕانكارییه له مادده ده‌ستوورییه‌كان، كه ئه‌و مافانه‌ی به خه‌ڵكی كوردستان داوە چۆن ئیداری ئه‌و دۆسیه‌یه بكات. ئێمه باسمان كردووه، كه ئەو بڕیاره له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا دراوه، له‌وانه‌یه هۆكاری سیاسی له پشت بووبێت، هه‌م له ده‌ستنیشانكردنی كاته‌كه، هه‌م له چۆنیه‌تی ده‌رچوواندنی بڕیاره‌كه، بڕیارێكی سیاسییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراقدا نییه. ئێمە داوامان له حكومه‌تی فیدراڵی كرد، كه كاتمان پێبده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین، تاكو بگه‌ینه ئه‌نجامێك له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ده‌ستوور، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه و گرفتانه‌ی كه ئێستا هه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێنه‌داین، بڕیارێكی تاكلایەنانە درا، بڕیاره‌كه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ما ده‌ستووریانه‌ی كه هاتوون. پشتیان به یاسایه‌ك بەستووە، كه یاسای 1976ـه و له زه‌مانی رژێمی پێشووتر و پێش ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ن كه له عێراق هه‌بووه، ئه‌م یاسایه بۆ حكومه‌تێك بووه كه مه‌ركه‌زی بووه نه‌ك حكومه‌تێكی فیدراڵی، بۆچی هه‌رچی یاسایه‌ك هه‌یه ره‌تكراوه‌ته‌وه ته‌نیا دوو یاسا نه‌بن، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یانه كه په‌یوه‌سته به بابه‌تی ته‌عریب و ناوچه دابڕێندراوه‌كان، له‌گه‌ڵ یاسای نه‌وت و غاز، ئه‌وانیش له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی مه‌ركه‌زییه و ره‌نگدانه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی تێدا نییه، پشتبه‌ستن به‌و یاسایه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش ده‌ستوور، ئێمه ده‌ستوورمان هه‌یه و ده‌بووایه هه‌رچی بڕیارێك بدرێت پشت به مادده‌یه‌كی ده‌ستووری ببه‌سترێت، بۆیه قه‌بووڵ نه‌كردنی ئه‌م بڕیاره پشت به ده‌ستوور ده‌به‌ستین، ئێمه ده‌ستوور و یاسامان هه‌یه و به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره هه‌ڵوێستمان وه‌رگرتووه. ده‌مه‌وێ خاڵێكی دیكه‌ش بخه‌مه‌ڕوو، كه له ساڵی 2007 هه‌وڵێكی زۆر درا بۆ ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غازی حكومه‌تی فیدراڵ، یاساكه هه‌مووی ئاماده‌كرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵام دیسان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی قه‌بووڵی نه‌كرد ئه‌و یاسایه ده‌ربچێت. پێیانوابوو ئێمه ده‌توانین به‌رده‌وام بین و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌ی بۆ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان له ده‌ستووردا هاتووه، بچینه ژێرباری، به‌ڵام قه‌بووڵیان نه‌كرد. ئێمه ئه‌وكات و ئێستاش داكۆكی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه پێویسته یاسای نه‌وت و غاز له حكومه‌تی فیدراڵی ده‌ربچێت و هه‌موومان به‌پێی ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه ده‌ستوور ده‌یخاته سه‌ر شانی ئێمه، ره‌فتار و مامه‌ڵه بكه‌ین و ئاماده‌شین، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌مه‌ی نه‌كردووه، خه‌تای ئێمه نییه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه نه‌كرا، چه‌ندین گفتوگۆ و رێكه‌وتن كراوه له‌نێوان حكومه‌تی ئه‌و كاتی به‌غدا و هه‌ولێر، كه ئه‌گه‌ر له كاتی خۆیدا یاسای نه‌وت و غاز ده‌رنه‌چێت، هه‌ر لایه‌نێك ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت و ئه‌و یاسایانه‌ی كه به‌ركارن كاریان پێبكات، له هه‌رێمی كوردستان ئێمه یاسایه‌كمان له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركرد، بوو به بنه‌ما، بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رچی دۆسییه‌ی نه‌وت و غازه به‌و یاسایه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه یاسایی بوونی هه‌موو مامه‌ڵەی نه‌وت و غاز به‌پێی ئه‌م یاسایه‌یه و به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنیش كراوه. بۆیه ناكرێت ئێستا له‌به‌ر هۆكارێكی سیاسی هه‌موو ئه‌و شتانه نادیده بگیرێت و پشت به یاسایه‌كی 1976 ببه‌سترێت، بڵێن ئه‌وه‌ی كراوه له هه‌رێمی كوردستان هه‌موو نایاسییه، به چ پێوه‌رێك، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دادگایه‌ك ئه‌م بڕیاره‌ی داوه كه خودی دادگاكه به‌پێی رێكاره ده‌ستوورییه‌كان پێكنه‌هاتووه، كه‌واته خۆی دادگایه‌كی ناده‌ستوورییه، چۆن بڕیار له‌سه‌ر شتێكی ده‌ستووری ده‌دات، زیاتر له‌مه‌ش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و مادده‌ی ده‌ستووریش بگۆڕێت. ئینجا دوای ئه‌وه ئێمه چه‌ندین گفتوگۆمان كرد، نیازی هه‌رێمی كوردستان‌مان زۆر به روون و راشكاوی و پاكی به حوكمه‌تی فیدراڵی گه‌یاند، كه ئێمه ئاماده‌ین گفتوگۆ بكه‌ین، بۆ گه‌یشتن به رێگه‌چاره‌یه‌كی ده‌ستووری بۆ ئه‌م دۆسیه‌یه. چه‌ندین شاند له هه‌رێمی كوردستانه‌وه چوون بۆ به‌غدا، هه‌ندێكجار میوانداری ئه‌وانمان كرد كه ده‌هاتنه هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچی ژماره و داتای پێویسته خراونه‌ته‌ڕوو، كه پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و مافه‌كانی چین، ئه‌ركه‌كانی چین و هی حكومه‌تی فیدراڵیش چییه، به‌راوردی هه‌موو ئه‌و داتایانه كراوه. له قه‌رزه‌كانی كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به‌هۆی ئه‌و ره‌فتاره نادادپه‌روه‌رانه‌ی كه حكومه‌تی فیدراڵی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی كردی، ئێمه ئاماده‌بووین بێین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و خاڵانه رێكبكه‌وین، له ئه‌نجامدا یاسای بودجه‌ی 2021 ده‌رچوو، به‌پێی ئه‌م یاسایه ده‌بووایه حكومه‌تی عێراق مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، دوای مه‌قاسه‌كردنی داهاته‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هی فیدراڵی بزانن، چه‌ندی به كام لادا ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش چه‌ندین به‌ڵگه و داتامان خستووه‌ته‌ڕوو، چاودێری دارایی فیدراڵی هاتووه‌ته هه‌رێم، چاودێری دارایی ئێمه چووه‌ته به‌غدا و چه‌ندین گفتوگۆیان كردووه، كه به چ شێوه‌یه‌كه و داهاتی هه‌رێم چه‌نده و داهاتی حكومه‌تی فیدراڵی چه‌نده، پابه‌ندی هه‌رێم چه‌نده به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی، پابه‌ندییه‌كانی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به هه‌رێم چه‌نده. هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان به‌راورد كردووه له‌گه‌ڵ یه‌كتر، دوای ئه‌وه خۆیان بڕیاریاندا به‌پێی یاسا كه شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم مانگانه بۆمان بنێرن، به‌پێی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 خۆیان دانیان به‌وه‌دانا و داوایان له هه‌رێم كرد كه‌متر نه‌بێت له 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، پێویسته له هه‌رێم ده‌ربهێنرێت و دوای ئه‌وه‌ش كه نه‌وته‌كه ده‌فرۆشن یه‌كه‌مجار باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد 250 هه‌زار به‌رمیل بدرێته فیدراڵی، دواتر خۆیان گوتیان ئه‌رقامی 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌مان بۆ بنێرن، ئێمه‌ش ئاماده‌بووین و پابه‌ندیش بووین. له‌وانه‌یه هه‌ندێك پرسیار هاتبنه پێش، نازانم بۆچی روون نییه كه چه‌ندینجار ئه‌م بابه‌ته‌مان شیكردووه‌ته‌وه و روونكردنه‌وه‌ی پێویستیش دراوه، به‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌قیامی 250 هه‌زار به‌رمیله‌كه به‌م شێوه‌یه بووه، كه پێویسته هه‌موو هاووڵاتییان بزانن، كه هه‌رچی داهاتی هه‌رێمه به‌پێی ئه‌و نرخه‌ی كه سۆمۆ دایناوه، 250 هه‌زار به‌رمیل له چ كاتێكدا نرخه‌كه‌ی چه‌نده لێمان ببڕن، داهاته‌كانی دیكه‌ی نانه‌وتی كه پابه‌ندی هه‌رێمه به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی، لێمان ببڕن و باقیه‌كه‌یمان بۆ بنێرن، له نه‌تیجه‌دا ئه‌وان هاتن كه هه‌رچه‌نده كه‌متره له شایسه‌ی خه‌ڵكی ئێمه‌ش، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتین مانگانه 200 ملیار دینار، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 137 ملیۆن دۆلار مانگانه بۆمان بنێرن. به‌ڵام به‌ڕێزان له 26 مانگی رابردوو، ته‌نیا 12 مانگیان بۆ ئێمه ناردووه، 14 مانگ ئه‌م حه‌قه‌ی كه مافی خه‌ڵكی كوردستانه به‌غدا نه‌یناردووه. ئه‌مه هه‌مووی داتایه و هه‌موو حه‌قیقه‌ته، شیكردنه‌وه و رای تایبه‌ت نییه، به‌ڵام واقیعه و هه‌یه، له ساڵی 2022 ئێمه چووینه‌ته مانگی 3، یه‌ك مانگیش حكومه‌تی فیدراڵی، ماف و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌ناردووه، هیچ پاره‌یان بۆ ئێمه نه‌ناردووه، ئینجا دێن ده‌ڵێن به حیساب هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بووه، له كوێ ئێمه پابه‌ند نه‌بووینه؟. هه‌رچی داهاتی ئێمه‌یه دیاره له‌لای ئێوه‌یه، ئه‌وه‌تان بڕیوه و باقیه‌كه‌ی به گوێره‌ی بودجه چه‌نده ده‌بووایه ئه‌وه بنێرن، كه خۆتان گوتووتانه، ئێمه به‌س 200 ملیارتان بۆ ده‌نێرین، ئێمه رازیش بووین كه کەمتره له حه‌قی خۆمان. ئێمه سواڵكه‌ر نین، هه‌موو مانگ بچین له ده‌رگه‌ی به‌غدا بده‌ین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ین مافێكی ده‌ستووریمان هه‌یه، مافێكی یاساییمان هه‌یه، حكومه‌تی فیدراڵی پێویسته مافی ئه‌و خه‌ڵكه بداته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه پێشێلی مافه‌كانی ئێمه كراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكی ئێمه نه‌دراوه، دێن هه‌ندێكجار هه‌واڵی ناڕاست له شه‌قامه‌كانی عه‌ره‌بی و عێراقی بڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه به حیساب هه‌رێمی كوردستان مافی خه‌ڵكی تر ده‌خوات، به‌ڕێزان ئه‌مه راست نییه. من جارێكی دیكه‌ش ده‌ڵێمه‌وه هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا سوودمه‌ندبووه له‌و كاته پاره‌مان بۆ هاتوو له 5%ی داهاتی گشتی عێراق، 95% داهاتی تر له‌لای حكومه‌تی فیدراڵی بووه، چی‌یان لێكردووه، كوا نه‌خۆشخانه و قوتابخانه و شه‌قام و پڕۆژه‌كانیان، كوا ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی خه‌ڵكی عێراق پێویسته پێیان بگات و تا ئێستا پێیان نه‌گه‌یشتووه؟. بۆ خه‌ڵكی كوردستان تاوانبار بكرێت به‌وه‌ی كه ئیداره‌ی سه‌ركه‌وتووتری هه‌بووه و به‌و رێژه كه‌مه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی بووه شتێك لێره دروست بكات، من ناڵێم ئێمه كه‌موكوڕیمان نییه، به‌ڵام له‌و كابینه‌یه هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ین، چاكسازیشمان كردووه، له هه‌موو سێكته‌ره‌كان چاكسازی كراوه و خراونه‌ته‌ڕووش، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌كو پێویست، یان حكومه‌تی هه‌رێمی نه‌یتوانیوه په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت له‌و خاڵانه‌ی كه چاكسازی تێدا كردووه، یانیش زۆر كه‌س له‌وانه‌یه به مه‌رامی سیاسی ویستوویانه ته‌نیا بابه‌ته سلبییه‌كان ئیبراز بكه‌ن و بیخه‌نه‌ڕوو، هه‌رچی شتی چاكه‌یه لێره بیشارنه‌وه. من نموونه‌یه‌كتان بۆ باس بكه‌م، پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت داهاتی نه‌وتی ئێمه چۆنه و چۆن مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه؟ به‌ڕێزان نه‌وت له بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی نرخه‌كه‌ی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، كه‌م و زیاد ده‌بێت، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی بخه‌مه‌ڕوو. زۆرجار ده‌گوترێت 410 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشرێت، نرخه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بووه‌ته ئه‌وه‌نده ئه‌ی ئه‌م داهاته له كوێیه؟ زۆرجار ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سیاسییه‌كانیش دێن ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن، ئێمه روونكردنه‌وه‌مان داوه، جارێكی دیكه‌ش روونی ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌فرۆشرێت، چه‌ند بابه‌تێك له خۆی ده‌گرێت، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هەبووه بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت، تێچووی دره‌هێنانیان هه‌یه، ئه‌و پاره‌یه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یانداته‌وه، كه‌واته پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت كه دێته‌وه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه ده‌بێته مووچه، به‌شێكی زۆری ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه نه‌وته‌كه ده‌رده‌هێنن، ئه‌وه‌ش پاره‌ی هه‌رێمه ده‌یانداتێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خزمه‌ته پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بێت. به‌شێكی پاره‌كه بۆ گواستنه‌وه‌یه، به‌شێكی دێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و هه‌ر هه‌مووی ته‌رخان ده‌كرێت بۆ مووچه.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا نوێترین پەیامی خۆی ئاڕاستەی هاوڵاتییان و جیهان کرد و رایگه‌یاند، کە چۆک دانادەن و بەردەوام دەبن لە بەرگری. بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئازاری 2022، ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا داوای لە هاوڵاتییانی ئۆکرانی کرد کە بەردەوام بن لە بەرگری کردن. وتیشی: "ئێمە گەلێکین کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پلانەکانی دوژمنمان تێکشکاند، رووسیەکان لێرە ئاشتی و خواردنیان دەستناکەوێت، یەک چرکە هێمنیش بەخۆیانەوە نابینن". لە پەیامەکەیدا، زێلنیسکی باسی لە کۆنتڕۆڵکردنی شارێکی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای رووسیاوە وەک خیرسۆن نەکرد، بەڵام وتی: "ئەگەر روسیەکان بچنە هەر شوێنێک ئەوا بۆ کاتی دەبێت و دەریان دەکەین". سه‌رۆكی ئۆكرانیا وتیشی: "شەڕەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی سەربازە رووسییەکان کردووە، وەک چۆن دەبینین دەرگای مارکێتەکان دەشكێنن و هەوڵی پەیداکردنی خواردنێک دەدەن".
عەمار عەزیز لەهەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق لەبازنەی شەنگال هەرسێ كورسی پارتی بەدەستی هێناو كورسی كۆتاش بۆ حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی بوو كە (نایف خەلەف سەیدۆ) بوو، لایەنەكانی دیكە لێكۆڵینەوە لەچەكداران و ئەندامەكانیان دەكەن بەهۆی بەدەستنەهێنانی هیچ كورسییەكەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەچوو كە عێراق دابەشكرا بۆ 81 بازنەو شەنگال بازنەیەك بوو لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا. خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رێگەیان بەئێمە نەدا لەشارەكانی كوردستان بەنموونە پارێزگای دهۆك بانگەشە بۆ كاندیدەكەی خۆمان بكەین، كەئەمەش زۆر كاریگەری لەسەر دەنگەكانمان كرد «. هەروەها باسی لەوەشكرد لە رۆژی دەنگدان بەشێكی زۆر لەناوەكانی چەكداران و لایەنگرانیان نەهاتبووەوەو هەندێكیان لەهەرێمی كوردستان ناویان دەرچوو بوو، وتیشی:» راستە ژمارەی چەكدارەكانمان نزیكەی 15 هەزار چەكدارەو نزیكەی 10 هەزاریان تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیەو مافی دەنگدانیان هەبووە، ئێمە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی خۆمان دەكەین». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە بەدەنگدەران و لایەنگرانی خۆیان وتووە تەنها دەنگ بەكاندیدانی پارتی نەدەن، ئەوانەی دیكە ئازادن دەنگ بەكێ دەدەن، وتیشی:» بەشێك لەلایەنگران و چەكدارەكانمان دەنگیان داوە بە نایف سەیدۆ، كاندیدی حزبی دیموكراتی ئێزیدی، خۆشبەختانە ئەویش دەرچوو». هاوكات، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردبوو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، كاندیدێكمان هەبوو بۆ كورسی كۆتا، ژمارەیەكی زۆر لەدەنگدەرانمان روویان لەدەرەوەی وڵات كردووە و زۆرینەیان دەنگیان نەدا». حەیدەر شەشۆ وتیشی:» بەدڵنیاییەوە چەكدارەكانمان و لایەنگرانی ئێمە دەنگیان بەكاندیدەكەی ئێمە داوە، كێشەیەكی تریش ئەوەبوو كەهەندێك ناو لەهەرێمی كوردستان هاتبوون واتا دەنگەكانمان پەرت و بڵاوببوونەوە».
سازدانی: ئارا ئیبراهیم بەرێوەبەری پێشتری پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك دەڵێت ئەوە حەقیقەت بووە كە دوكەڵەكەی بۆ كەركوكییەكان بووەو لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا سەركردایەتی كورد دەیتوانی زۆر شتی باش بكات و خزمەتگوزاری زۆر باش ئەنجام بدات، دەیتوانی زۆر بە بەرنامەیەكی برایەتی و تەبایی هەبوایە كە لیژنەیەك هەبوایە لەسەرووی هەموو دامودەزگاكانەوە و چاودێری دۆخی كەركوكی بكردایە، ئەگەر بە بەرنامە شتی باش بۆ كەركوك بكرایە بەتەئكید دۆخی كەركوك وای لێ نەداهات. عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشتری پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» هەرگیز پارتی و یەكێتی لەسەر كەركوك و پۆستی پارێزگاری كەركوك رێكناكەون، چونكە ململانێی و ناكۆكییەكانیان لەسەر ئەو شارەو ئیدارەدانی زۆر قورسە». ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەئێستادا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێكی نەداوە. هاوڵاتی: پەرلەمانتارێكی دیكە لەشوێنی راكان لە پەرلەمانی عێراق سوێندی یاسایی خوارد بەو واتایەی راكان جبوری لە پۆستەكەی وەك پارێزگاری كەركوك دەمێنێتەوە؟ ئەمە مانای چییە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد؟ سەرحەد قادر: ئەوەی كە هەیە راكان جبوری وەكو عەشرەتی جبورو عەشرەتی عوبێد چەند كۆبوونەوەیەكیان كردووە لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە (وەسفی عاسی) یەكێكە لەكەسایەتییەكانی عەشیرەتی عوبێد بچێتە شوێنی راكان جبوری، بەو هۆیەوە راكان جبوری لەشوێنەكەی ماوەتەوە، ئەگەر راكان بیزانیایە لەپۆستی پارێزگاری كەركوك لادەبرێت بە تەئكید دەچووە پەرلەمان، یاخود ئەگەر ئەو بیزانیایە ئەو هاژو هوش و لێدوانانەی كە دەدرا دەربارەی راكان كە دەدرێت بەدادگا كە تۆمەتبار دەكرا بەگەندەڵی لەلایەن هەردوو حزبە سەرەكییەكەو پەرلەمانتارەكانیان، كە دروشمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی و یەكێتی پێداگیریان دەكرد كە راكان جبوری نابێت لەو پۆستەدا بێت و كوردێك دەچێتە شوێنەكەی، بەڵام ئەوەی بینیمان پێچەوانە بوو. پێشووتر لەدوای 2003 كۆمەڵێك پۆستی ئەمنی و ئیداری ئەمانە زۆرجار لەكێبڕكێ و مونافەسەی پارتی و یەكێتیدا فەوتاوە بۆ كورد. هاوڵاتی: پارتی لەگەڵ سەدرو حەلبوسی رێككەوتنیان هەیە، پێتانوایە مانەوەی راكان بەئاگاداری ئەو سێ لایەنە بووە؟ سەرحەد قادر:نازانم لەقازانجی پارتیدایە مانەوەی راكان جبوری یان نا، بەڵام پارتی پێداگیریان دەكرد كە راكان جبوری نابێت لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، لێدوانەكانی پارتی بەو شێوەیە بوو كە دەنگی زۆریان لەكەركوك هێناوەو دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بێت، بەڵام ئەگەر شتی دیكە هەبێت لەو پرسەدا ئاگاداری نیم. هاوڵاتی: بەگشتی ئەم پرسە خەڵكی كەركوك تێیدا زەرەرمەندە پێش پارتی و یەكێتی، پێتانوایە ناكۆكی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، وای كرد جارێكی دیكە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەدەست بدەینەوە؟ سەرحەد قادر: یەك حەقیقەت هەیە با باش ئەوە بزانین، پارتی و یەكێتی لەدوای 2003 هەمیشە لەسەر پۆستەكانی كەركوك سیراعیان هەبووە، بەداخەوە هەردوو حزبەكە لای پارتی كەركوك دڵی كوردستان بووەو لای یەكێتی كەركوك قودسی كوردستان بووە، بەڵام ململانێكان لەو شارەدا لەنێوانیاندا زۆر قورس بووە، ئەوەی بەگشتی بەسەر گەلی كورددا هاتووە زیاتر لەسەر ئەوە بووە كە لەشاخ و لەشۆڕشەكاندا لەدروشمەكانیاندا لەسەر مەوزوعی كەركوك بووەو زۆربەی خەڵكە شۆرشگێڕەكە خەڵكی كەركوك و گەرمیان بووە، كە هەزاران قوربانی لەو پێناوەدا دراوەو خوێن رژاوە لە پێناو كەركوكدا بووە. ئەنفال كە كراوەو دێهاتەكانی كوردستان سوتێندران هەر لەسەر كەركوك بووە، لەساڵی 1974 ئەو كاتەی گفتوگۆ هەبووە لەنێوان رژێمی عێراق و كورددا سەدام حوسێن ئامادە بووە نیوەی كەركوك بداتە كورد، ئەوەی سەدام حوسێن دای بەكورد لە كەركوكدا ئێستا ئەم حزبانە نەیانتوانیوە ئەوە بەدەست بهێنن، ئەوا مفاوەزاتی ساڵی 1985 گفتوگۆی یەكێتی نیشتمانی و رژێمی سەدام هەر لەسەر كەركوك بووەو نەگەیشتە ئەنجام و هەڵوەشایەوە. بۆیە ئەو صیراع و ململانێیە بەداخەوە دەبوو لەكەركوك لەپێش هەموو شوێنەكانی تر كورد كوردایەتی بكردایە، دوای 2003 ئێمە بەدوو پارێزگار‌و دوو بەرپرسی ئاسایش و دوو پەروەردەو بۆ هەموو پۆستەكان پارتی و یەكێتی مدیرییەتی خۆیان هەبووە. ئەمە بە راستی بوو بەخاڵێك هەم لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان و نەتەوەكانی عەرەب و توركمانەوە لەپارێزگای كەركوكدا ئەوە دەبینرا، راستە زۆرجار جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال هاتووەتە كەركوك و داوای تەبایی و یەكڕیزی كردووە بەهەمان شێوە كاك مەسعودیش چووە، ئەویش داوای تەبایی و یەكڕیزی كردووە، كە كێشەو مەشاكیل لەنێوان ئەو دوو حزبەدا نەبێت، بەڵام لەئاستی خوارەوەدا ئەو كێشانە هەر هەبوو، لەسەر بیرە نەوتێك و دانانی بەڕێوەبەرێك. هاوڵاتی: بەڵام پێتانوایە لە رووی كردارییەوە ئێستا كەركوك نە دڵ و نە قودسی كوردستانە؟ سەرحەد قادر: ناڵێم ئێستا كەركوك دڵ و قودسی كوردستان نییە، هەزاران رۆڵەی كەركوك و گەرمیان خوێنی خۆیان رشتووە كە ئەو دوو دروشمە لەلای پارتی و یەكێتی بەرز كراوەتەوە، بەڵام كە كێشە هەبووەو ئێستا هەردوولایان گەیشتوون بەوەی ئەوەیان پێباشترە كە عەرەبێك پارێزگاری كەركوك بێت، لەجیاتی ئەوەی كەسێكی یەكێتی یان پارتی یا كەسێكی بێلایەن دابنرێت. لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەتوانرا پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا كە ئەوانەی سەر بەپارتی بوون و لەگەڵ توركمانەكان لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا نەهاتنەوە كەركوك كە پارێزگارێكی كورد دابنرێت كە دەیانوت كەركوك داگیركراوەو خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كراوە، نەگەڕانەوەی ئەوان وایكرد راكان جبوری ئەو پۆستە وەربگرێت، كە وەریگرت ئەو پۆستە ئەوە جارێكی دیكەش وەریگرتەوە. دەتوانم شتێك بڵێم تا هەڵبژاردنێكی دیكە تازە پارێزگاری كەركوك نادرێتەوە بە كورد‌و راكان جبوری دەیبات بەڕێوە، هەر قسەو دروشمێك لەهەر ئاستێكدا بێت لەسەر گۆڕینی راكان جبوری وەكو بڵقی سەر ئاو وایەو ئەسڵ و ئەساسی نییە تەنها بۆ ئەوەیە شاشەكانی تی ڤی پێ پڕبكەنەوە. ئێمە ئەوەندە سەعید سەحاف-مان هەبوو و كە لێدوانی ئاگرین هەبوو، ئەمە دەكەین و پێشمەرگە دەگەڕێنینەوە و گۆڕانكاری دەكرێت هیچیمان بە كرداری نەبینی و ئەوە دەیبینین حكومەتی ناوەندی عێراق رۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت و حكومەتی هەرێمیش دەبینین چۆنە. ناكۆكی پارتی و یەكێتی لەئاستێكدایە ناتوانن رێككبكەون لەسەر پرسی كەركوك بەتایبەتی ئەو دوو دروشمە كاتی خۆی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا وتوویەتی كەركوك دڵی كوردستانەو جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال وتوویەتی كەركوك قودسی كوردستانە، ئەگەر ئێستا ئەوان لە ژیاندابوونایە نەیاندەتوانی كەركوك بەو شێوەیە قبوڵ بكەن و بەغداش بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ كەركوكدا نەدەكرد. هاوڵاتی: دیارە پرسی سەرۆك كۆمار دەبێت چارەسەر بكرێت، ئایا ئەگەر رێككەوتن لەسەر سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی بكرێت مەجالی تێدا ماوە پارێزگاری كەركوك بدرێتە كەسێكی كورد؟ سەرحەد قادر: بەقەناعەتی خۆم پارتی و یەكێتی ئەوەندە توندن بەرانبەر بەیەكتری لەسەر پرسی كەركوك بەهیچ شێوەیەك سازش بۆ یەكتری ناكەن تا بتوانن پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە دابنێن. لەناو هاوكێشە سیاسی و ئەمنییەكانی كەركوكدا بووم و زۆر شتم لایەو زۆر شت دەزانم قەناعەت ناكەم پارتی و یەكێتی رێكبكەون جارێكی دیكە پارێزگارێكی كورد دابنێن. هاوڵاتی: بۆخۆت وەك سەرحەد قادر هیچ بەرنامەیەكتان هەیە بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا بكەن؟ هیچ ئۆڤەرێكت بۆ هاتووە؟ سەرحەد قادر: سڵاو‌و رێزم بۆ خەڵكی كەركوك هەیە ئەوەی لەكەركودا كردوومە راستە كۆمەڵێك خزم و كەسوكارو خەڵكێكی زۆر لەگەڵمدا بووەو شەهید بووەو خۆشم چەند جارێك بریندار كراوم، لەپێناو ئەمنییەتی ئەو شارەدا كردوومەو بە واجبی سەرشانی خۆم زانیوە، لەبەرئەوەی بەرپرسێكی ئەمنی بووم لەو شارەدا. تائێستا دانیشتووم و بەرەو هەڵبژاردنی كوردستانیش دەچین لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك قسەم كردووەو قسەمان هەیەو پەیوەندیمان هەیە كە لەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان قسەم لەگەڵدا كراوە، تا ئێستا بڕیاری تەواوم نەداوەو هەموو ئەگەرەكانیش لەبەردەممدا كراوەیە، جارێ نازانم چی دەكەم، بشتوانم لەهەر بوارێكدا كار بكەم و خزمەت بكەم ئەوكات بڕیار دەدەم؟ هاوڵاتی: ئەگەر دوو بژاردە بخرێتە بەردەمتان، پارێزگاری كەركوك یان ئەندام پەرلەمانی كوردستان كامیان هەڵدەبژێریت، ئەگەر پارتی و یەكێتی بڵێن فەرموو دەتكەینە پارێزگاری كەركوك؟ ئامادەن بیكەن؟ سەرحەد قادر: ئەوەی پێم بكرێت دەمەوێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەم، جا بەهەر شێوەیەك بێت، تائێستا لەسەر پرسی پەرلەمانی كوردستان قسەم لەگەڵدا كراوە كە بەشداری بكەم بەهەر شێوەیەك كە خۆم بمەوێت، پێشتریش كۆمەڵێك پۆستی ئەمنی و عەسكەری خراوەتە بەردەستم بچم لەو بوارانەدا كاربكەم و ئەو پۆستانەم رەتكردووەتەوە. ئامادەنیم پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرم چونكە ئەوە پۆستێكی زۆر گەورەیەو مەسئولیەتێكی گەورەیە، ئەگەر وەكو سەرحەد بچم خزمەتی شاری كەركوك بكەم ئامادەم خزمەتی ئەو شارە بكەم، پۆستی پارێزگاری كەركوك فەخرو شانازییە كوردێك بتوانێت بیكات تا خزمەتی شارەكەو ناوچەكانی دەوروبەری بكات، بەڵام هەرگیز پارتی و یەكێتی لەسەر كەسێك رێكناكەون بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەوان هەموو كاتێك دەیانەوێت كەسێك دابنێن كە زۆر زۆر لە خۆیانەوە نزیك بێت، خەڵكێك بێت بڵێن چی بڵێن بڵێت بەسەرچاو ئەمر دەكەی. هاوڵاتی: پێتانوایە ئێستا كورد كەمترین پۆستی بەدەستەوە ماوە لەكەركوكدا لەكاتێكدا كەركوكییەكان قوربانی زۆریاندا بەتایبەت كە داعش چەندین جار هەوڵی داگیركردنی دەدا؟ سەرحەد قادر: خەڵكی كەركوك خەڵكێكی شۆڕشگێڕە دەتوانم بڵێم لەهەر چوار پارێزگاكەی دیكەی كوردستاندا خەڵكی كەركوك زیاتر لە 17 جار داعش بەو دڕندەیەی خۆی هەوڵیدا داگیری بكات خەڵك نەیهێشت بەپیاوو ژن و خوێندكارانەوە چەكیان هەڵگرتبوو بۆ بەرگری كردن لەكەركوك. كورد لەو شارەدا حاكم بووەو زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی لەدەستدابوو كەئەوكات كورد بەگشتی لەسەدا 50% پۆستەكانی لەژێر دەستدابوو، ئێستا ئەو پۆستانەی بەدەست كوردەوەیە لەكەركوكدا ناگاتە لەسەدا 20%، زەرەرمەندی یەكەم لەم پرسەدا خەڵكی كەركوك بووە. خەڵكی كەركوك بە رووح و دڵ لەگەڵ ئەو حزبانەدا بوون و كەركوكیان دەپاراست و لەسەنگەرەكانی پێشمەرگەدا شەونخونیان دەكردو خزمەتیان دەكرد، خەڵكی كەركوك دەزانن نەوتی بای حەسەن و هاڤانا ماوەی چوار ساڵ زیاتر داهاتەكەی دەبراو دەدرا بەمووچە، راستە كەمێك پارە لە رێگەی پترۆ دۆلارەوە دەگەڕایەوە بۆ كەركوك، خەڵكی كەركوكیش لەو كاتەوەی نەوت دۆزراوەتەوە لەكەركوك كە شارێكی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام خەڵكەكەی لەسەر مەوزوعی بوونی نەوت لەشارەكەیاندا زەرەرمەند بوون و تەنها دوكەڵەكەیان بۆ ماوەتەوەو كەمترین خەڵكی كەركوك سوودمەند بوون لەو سامانە سروشتییەی كە لەو شارەدا هەبووە. هاوڵاتی: واتە داهاتی نەوت بۆ خزمەتی كەركوكییەكان نەبوو؟ سەرحەد قادر: ئەو پرسیارە دەتوانی لەخەڵكی كەركوك بكەین بەئاشكرا وتوویانە كە داهاتی نەوتی خاوی كەركوك بۆ كەركوكییەكان نەبووە، ئەوە حەقیقەت بووە كە دوكەڵەكەی بۆ كەركوكییەكان بووەو لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا سەركردایەتی كورد دەیتوانی زۆر شتی باش بكات و خزمەتگوزاری زۆر باش ئەنجام بدات، دەیتوانی زۆر بە بەرنامەیەكی برایەتی و تەبایی هەبوایە كە لیژنەیەك هەبوایە لەسەرووی هەموو دامودەزگاكانەوە و چاودێری دۆخی كەركوكی بكردایە، ئەگەر بە بەرنامە شتی باش بۆ كەركوك بكرایە بەتەئكید دۆخی كەركوك وای لێ نەداهات. لەبیرمان نەچێت ئەو عەرەب و توركمانانەی لەكەركوكدا بوون كاتێك عەبادی خۆی ئامادە كردبوو بۆ مەوزوعی گرتنەوەی كەركوك یەكەم كەس ئەو ئەندام پەرلەمانانە توركمانان و ئەو ئەندامە عەرەبانەی كەركوك بوون كە لەپەرلەماندا دەنگیان بەرز دەكردەوەو داوایان دەكرد كە هەموو دەست بەرزبكەنەوە بۆ گرتنەوەی كەركوك لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، ئەمە دەبێت بگەڕێتەوە بۆچی ئەوەیان كرد. لەكاتێكدا پێشتر دۆستی كورد بوون، دەیان فەرماندەی پێشمەرگە نەتوانرا تەبایی و برایەتی لەو شارەدا جێبەجێ بكرێت و خەڵكی توركمان و عەرەب بەلای خۆماندا رابكێشین، چونكە كەركوك وەك عێراقێكی بچوككراوە وایە، كە كورد نەبوایە لە كەركوكدا لەموسڵ خراپتری لێ دەهات ئەوكاتەی داعش موسڵی داگیركرد. دوای 16ی ئۆكتۆبەر تائێستا لیژنەیەك تەشكیل نەكراو بۆ ئەو شارە وای بەسەرهات، كێ لەو شارەدا رای كرد‌و بووە پاڵەوانی میدیاكان، دەیان وت حەشدی شەعبی دەردەكەین و كوا بۆ ئەمانە جێبەجێ نەبوون؟؟؟.
هاوڵاتی ئاسیاسێڵ لەشاری بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بە نوێنەرایەتی عێراق، بوە خاوەنی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی، لەكاتێكدا لەپێشتردا كۆمیانیای ئاسیاسێڵ چەندین خەڵاتی دیكەی پێ بەخشراوە. شەوی رابردوو لە کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل لە بارسێلۆنا کۆمپانیا گەورەکانی خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردن دوایین داهێنان، خزمەتگوزاری و بەرهەمی خۆیان نمایشکرد. كە ئاسیاسێل یش وەك یەكەمین و پێشكەوتوترین كۆمپانیا لەسەر ئاستی عێراق بەشدار بوو. ئاسیاسێڵ، بە نوێنەرایەتی عێراق، بوە خاوەنی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی، وەک باشترین تۆڕی مۆبایل لە سەرانسەری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢. لەنێو رکابەرە زەبەلاحەکانی جیهاندا، هەلبژێردرا. كۆمپیانیای ئاسیاسێڵ دەڵێت:" ئاسیاسێڵ توانی ئەم شانازیە بۆ عێراق و هەرێم بەدەستبێنێت. خۆشحاڵین بەم سەرکەوتنە، چاوەڕوانی باشتریان لێدەکرێت". کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل لە ساڵی 1987 کە پێشتر کۆنگرەی جیهانیی سیستەمی مۆبایل بووە، تاوەکو 3ی ئاداری 2022 لە بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت.
شاناز حەسەن محەمەد لەتیف، نەقیبەكەی بەرێوەبوەرایەتیەكەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەكاتی راپەراندنی كارەكانی خۆیدا لەلایەن داواكراوێكەوە دەكوژرێت و تا ێستا سێ مانگ بەسەر كوشتنەكەیدا تیدەپەرێت و بێت ئەوەی تاوانبارەكان دەستگیربكرێن. نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندوتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەڕۆ لە سلێمانی تەقەیان لێكراو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و سێ هاوەڵەكەشی بە سەختی برینداربون. نەقیب محەمەد لەتیف، خێزاندارە و كچێكی هەبوو، ئیەمرۆ دووەم كچی بێ باوك لەدایك بوو، دایكی نەقیبەكە بە گریانەوە داوای لە حكومەت و بەرپرسانی ئەمنی كرد هەقی كورەكەی بۆ وەربگرن و وتی:" تكایە با ئەو تاوانبارە مەترسیدارانە بكرێنە زیندانەوە، نەكا ماڵ و دڵی دایكێكی دیكە وێران و بریندار بكەن". دوای رۆژێك بەسەر كوشتنی نەقیب محەمەد، نەقیبەكەی بەریوبەرەایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قوباد تالەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت بەلێنیدا تاوانباران بە سزا بگەیەنن و دەستگیر بكرێن. ئەمرۆش لەدوای لەدایك بونی كچەكەی نەقیب محەمەد، قوباد تالەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" بە بیستنی هەواڵی لە دایکبوونی یامور، کچی یەکەم شەهیدی رێگای پاراستنی ژنان، شەهید محەمەد لەتیف، دڵخۆشبوم. پیرۆزبایی لە دایکی و خانەوادەکەی دەکەم". لەپەیامەكەیدا دەشڵێت:" دەمەوێت داوای لێبوردن لە یامور و یاران-ی خوشکی بکەم کە زیاتر لە 90 رۆژە چاوەڕێن بکوژانی باوکیان دەسگیربکرێن". لە مەراسیمی چلەی شەهیدبونی نەقیب محەمەد-دا، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندتیژی دژی ژنان، بۆ دەزگاكانی راگەیاندن جەختیكردەوە لەوەی "لەم رۆژانەدا هەواڵی خۆش دەبیستن"، بەڵام تادێت روداوەكانی توندتیژی بەرانبەر بە ژنان زیاتر دەبن و بكوژانی نەقیب محەمەد-یش هێشتا ئازادن. تەنیا لە ئەمساڵدا بەپێی وتەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نۆ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ چاوەڕوانی كەسوكاری نەقیب محەمەد و بریندارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش بۆ دەستگیركردنی بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف. لە 23ی شوبات، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی زیادبونی كەیسەكانی توندوتیژی دژی ژنان، لە راگەیەنراوێكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، وتی "زۆر نیگەران و خه‌مبارم به روداوەکانی ئەمدواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دوباره‌ی ده‌که‌مه‌وه که هیچ شه‌ڕەفێک له ژن کوشتندا نییه". تا ئێستا بكوژانی نەقیب محەمەد و دەیان بكوژی دیكەی كەیسەكانی ژنان ئازادن و كەیسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
هاوڵاتی بانکى ناوەندیی عێراق داوا لە ئەنجوومەنى وەزیران دەکات "پەلە" نەکات لە ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ حکومەتى رووسیا و حەواڵەکردنى پارە بۆ ئەو وڵاتە، بەهۆى ئەو سزا ئابوورییانەى خراوەتە سەر مۆسکۆ بەهۆى هێرشکردنە سەر ئۆکراینا ". لە نووسراوێکى فەرمیدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2ى ئادار 2022 ئاڕاستەى ئەمیندارێتى گشتی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە، بانکى ناوەندی ئاماژەى بەوەداوە، کە بەهۆى جەنگى نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا سزاى خستووەتە سەر دامەزراوە دارایی و ئابوورییەکانى رووسیا، بۆیە پێویستە سیستمى دارایی عێراق بپارێزن. بانکى ناوەندیى عێراق پێشنیازى بۆ ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، کە پەلە نەکەن لە ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ حکومەتى رووسیا و حەواڵەکردنى پارە لە رێگەى سیستمى دارایی ئەو وڵاتە. بانکى ناوەندیی عێراق داوای کردووە، کە گشتاندن بۆ ئەو پێشنیازە بکرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەى کە مامەڵەیان لەگەڵ حکومەتى رووسیا هەیە، بەمەبەستى ئاگادارکردنەوەیان و دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو بەشێوەیەک، کە سیستمى دارایی عێراق بپارێزێت. لەدوای ئۆپەراسیۆنەكەی روسیا بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا وڵاتانى رۆژئاوا لە 26ى شوباتدا پەیوەندى بەشێک لە بانکەکانى رووسیایان لەگەڵ تۆڕى سویفت راگرت، کە تایبەتە بە پەیوەندیى دارایی نێوان بانکەکانى جیهان.
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند:" لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی لە عێراق، کە فەریق ئەحمەد ئەبو رغیف، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، نادەستوورییە". بەپێی دەقی بڕیارەکە کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاویکردەوە، دادگەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 02-03-2022، سەبارەت بە بڕیاردان لە سکاڵایەک کە دژی پێکهێنانی لیژنەکە تۆمارکراوە، دانیشت و رایگەیاند: "فەرمانی دیوانیی ژمارە (29)ی ساڵی 2020 کە تایبەتە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی و تاوانە گەورەکان دروست نییە، بۆیە لیژنەکەمان هەڵوەشاندەوە، ئەم بڕیارەش لە رێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت، چونکە پێکهێنانی ئەو لیژنەیە پێچەوانەی بڕگەی یەکەمی ماددەی 37 و دەقی ماددەکانی 47 و 87 و 88ی دەستوورە، کە پاراستنی ئازادی و شکۆی مرۆڤ و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکدی و سەربەخۆیی دادگەیان مسۆگەر کردووە". دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق راشیگەیاند: "پێکهێنانی ئەو لیژنەیە وەکو هەموارکردنی یاسای دەستەی دەستپاکییە کە دەستەیەکی دەستوورییە تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی". مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی هەشتی ساڵی 2020دا لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەبو رغیف پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە و ئەندامێتی چەند ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای دژەتیرۆر، لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتێکی زۆری پێدا، کازمی هەروەها دەزگای دژەتیرۆری عێراقی راسپارد بڕیارەکانی لیژنەکە بە رەزامەندی دادگە جێبەجێ بکات، بۆیە تاوەکو ئێستا بە راسپاردەی لیژنەکەی ئەحمەد ئەبو رغیف چەندین بەرپرسی ئێستا و پێشووی عێراق بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:" تورکیا وڵاتێکە دەیەوێت لەگەڵ هەریەک لە رووسیا و ئۆکرانیا، بەردەوامی بە پەیوەندی و رێککەوتنەکانی بدات." مەولود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:" حکومەتی روسیا لە پلانیدایە لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەسەر چەندین شاری گرنگی ئۆکرانیادا بگرێت". دەشڵێت: "هەر لە دەستپێکی ئەم شەڕەوە ئێمە لەگەڵ وەستانی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست بووین و هەوڵیشماندا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئاگربەست رابگەیێندرێت. لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵات و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بابەتی وەستاندنی شەڕەکەدا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزیشدا لە پەیوەندیداین". چاوش‌ئۆغڵو ئاشکرایکرد، تورکیا لە بابەتی دەستپێکردنی دانوستاندنەکاندا هاوکاریی و پاڵپشتی خۆی بۆ هەردوولا دەربڕیووە. وتی: "لەگەڵ لایەنەکاندا لە پەیوەندیداین و زانیاری وەردەگرین. بەپێی دوایین روونکردنەوەکان کە پێمانگەیشتووە، پێویستە پێشهاتەکان لەبارەی دانوستاندنەکان بە پارێزراوی بمێننەوە. بۆیە ناتوانم لەمبارەیەوە وردەکاریی بدەم". وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە بارەی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا هەروەها گوتیشی: "تورکیا وڵاتێکە لەکاتی بوونی هەر شەڕوپێکدادان و گرژی و ئاڵۆزییەکدا لەگەڵ وەستانی شەڕ و چارەسەری قەیرانەکان بووە لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە. بۆیە لەو شەڕەی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا نیازی لایەنگریکردنمان نییە. لە ئەگەری بوونی هەر هەڵەیەکدا ناچارین بڵێین کە ئەوە هەڵەیە. هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە." مەولوود چاوش‌ئۆغڵو باسی لەوەش کرد، تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەوروپادا لە 25ـی شوبات دەنگی خۆی دژی رووسیا بەکارنەهێنا و لەوبارەوە ئاماژەی بەوە کرد: "لەبەر ئەوەی بە پەسندکردنی ئەو بڕیارە رووسیا مافی نوێنەرایەتیکردنی نامێنێت لە ئەنجوومەنەکەدا، کە نەبوونی نوێنەری رووسیا لەم ئەنجوومەنەدا بە واتای بێبەشکردنی مافی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دێت. له کۆتاییدا ئێمە نامانەوێت گفتوگۆ و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێت". تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 136 هاووڵاتیی مەدەنی لە هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراینا کوژراون، کە 13یان منداڵن، لانیکەم 400 کەسی دیکەش برینداربوون. هەریەکە لە سوپای رووسیا و ئۆکرانیاش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی دەستکەوتەکانیان بڵاودەکەنەوە. چاوش‌ئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: "تاوەکو ئەمڕۆ گوتومانە تورکیا پابەندە بە رێککەوتنی مۆنترۆ، ساڵانی رابردووش لەلایەن روسیاوە رووبەڕووی رەخنە بووینەوە لەبارەی ئەوەی پابەندین بە رێککەوتنەکە. بەپێی رێککەوتنی مۆنترۆ مافی تێپەڕبوون بە گەرووەکان و ماوەی مانەوەی کەشتیی ئەو وڵاتانەی لە دەریای رەش دیاریکراوە. ئێستاش شەڕێک دەگوزەرێت. لەم بارودۆخەدا تێپەڕبوونی کەشتیی جەنگیی رووسیا کە لایەنێکە لە لایەنەکانی شەڕەکە بەگەرووەکانمان پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیە. لەبەر ئەوەی هەر بەپێی یەکێک لە دەقەکانی ئەم رێککەوتنە تێپەڕبوونی کەشتیی جەنگیی وڵاتانی شەڕکەر بە گەرووەکانمان رێگە پێنەدراو و قەدەخەیە. بۆیە ئێمەش پێویستە پابەندی ئەم رێککەوتنە ببین. ئەمەمان بۆ گشت وڵاتان و تەنانەت رووسیاش روونکردووەتەوە. تەنیا لە بارودۆخێکدا رێگەپێدراوە کەشتی جەنگیی وڵاتی شەڕکەر بە گەرووەکانماندا تێبپەڕێت ئەویش ئەوەیە بەر لە دەستپێکردنی شەڕ کەوتبێتە رێگە و دواتر بڕیاری گەڕانەوەی بۆ بەندەری ئاوی وڵاتەکەی دابێت رێگە دەدرێت بە گەرووەکاندا تێبپەڕبێت." چاوش ئۆغلۆ دەشڵێت: "دواینجار لە 27-28ـی شوبات، رووسیا تێپەڕبوونی چوار کەشتی بە گەرووەکانمان راگەیاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشت سێ لەم کەشتییانە سەر بە دەریای رەش نەبوون. بۆیە دەست بەجێ رووسیامان ئاگادار کردەوە لەوەی ئەو سێ کەشتییە نەنێرن، رووسیاش بەڵێنی نەناردنی ئەو کەشتییانەی بە تورکیادا. لێرەدا پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە تورکیا تاوەکو ئەوکاتەی رێککەوتنی مۆنترۆ کاری پێ بکرێت پێیەوە پابەند دەبێت". وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو رایگەیاند: "لە میانی هەوڵەکانمان بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییانمان لە 12ـی شوباتەوە لە رێگەی نامە و تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ 16 هەزار هاووڵاتی. لەم رێگەیەوە بە هاووڵاتییانمان راگەیاند لە ئەگەری نەبوونی کارێکی بەپەلە سەردانی شارەکانی بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە نەکەن و لە 22ـی شوباتەوەش هۆشداریمان داوە لەوەی هاووڵاتییانمان بەزووترین کات ئۆکرانیا جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە تورکیا". چاوش‌ئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا، لەو کاتەوەی شەڕ دەستیپێکردووە توانیویانە زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتیی تورک بگەڕێننەوە و وتیشی: "دوای داخرانی رێگەی ئاسمانیی و ئاوی لە ئۆکرانیا هەوڵەکانمان خستەگەر بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییانمان بە رێگەی وشکانی. بە هەژمارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دوێنێ بەڕێکەوتوون تاوەکو ئێستا، توانیومانە هەشت هەزار و 50 هاووڵاتی بگەڕێنینەوە تورکیا". مەولود چاوش‌ئۆغڵو وتیشی: "پێشبینی دەکەین زیاتر لە حەوت هەزار هاووڵاتیی تورک لە ئۆکرانیا مابن بگەڕێنەوە تورکیا. لە رۆژانی داهاتوودا، هەوڵەکانمان بەردەوامی دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانیش". رۆژی 24-02-2022 بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵاتە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆسەر ئۆکرانیا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی داماڵینی ئۆکرانیایە لە چەک و "بیرکردنەوەی نازی".
هاوڵاتی راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی حزبەكەیەتی ئەوەش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بەدەنگدان لە پەرلەمانی عێراق یەكلایی بكرێتەوە. دوای بڕیارەكەی دوێنێ سێشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق كە دەرگایەكی داخست و پەنجەرەیەكی كردەوە كە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لەدەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا نییەو بەڵكو دەبێت پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات كە رێگا بدات یان نا. دوا بەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بەم زووانە پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» راستە دادگای فیدراڵی دەرگایەكی داخستووەو پەنجەرەیەكی كردووەتەوەو داویەتی دەست پەرلەمان كە دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام ئەم پرسە زۆر قورسە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار‌و پێكهێنانی حكومەت رێككەوتنی لەسەر نەكرێت بەئاسانی تێناپەڕێت و كاتی زۆری دەوێت». ناوبراو باسی لەوەشكرد، پێكهێنانی حكومەت و سەرۆك كۆمار دەبێت بە یەك پاكێج رێككەوتنی لەسەر بكرێت، وتیشی:» وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتییە». دەربارەی ئەوەی باس لەسیناریۆی دیكە دەكرێت كە ناوی دكتۆر لەتیف رەشید و تەنانەت خەسرەو گوڵ محەمەد دەكرێت ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە، راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:»تا ئەم كاتەی قسە دەكەین تەنها بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییە». لەبارەی ئەوەی دەوترێت پارتی بەرهەم ساڵح رەتدەكاتەوە، رێزان شێخ دلێر وتی:» حزبەكان حەقی خۆیانە هەوڵ بۆ كاندیدی خۆیان بدەن، بەڵام ئەو پۆستە ئیستحقاقی یەكێتییە». لەبەرانبەردا سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت دەڵێت: »بەرهەم ساڵح نابێتەوە بە سەرۆك كۆمار، پارتی هەر كاندیدێكی دیكەی كورد لە لیستی خۆبەربژێركردنی سەرۆك كۆماردا بێت لاری نییە». هاوكات دڵنیایشیدا لەوەی كە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.
هاوڵاتی وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كەئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوێكی دیكەیان ئاراستەی پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی تا یەكی نیسانی ئەمساڵ كارەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیۆن یەكلایی بكەنەوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی هەرێمی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان دەركرد كە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022 دیاری كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. هەروەها داوای لەحكومەتی هەرێم كرد كە بودجەیان بۆ تەرخان بكات، دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لایەنی پەیوەندیداری راسپارد بۆ ئامادەكردنی بودجە بۆ كۆمسیۆن تا لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچێت. شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوێنێ سێشەممە كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوێك بۆ پەرلەمان بنێرین». هەروەها وتیشی:» پێشتر بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌مان راگەیاندووە كە سەرۆكی هەرێم و حكومەتیش ئاگادارن كەماوەی شەش مانگمان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، دەبێت تا یەكی نیسان ئەنجومەنی كۆمیسیاران كارا بكرێتەوە یان ئەنجومەنێكی نوێ لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت، بودجەش ئامادە بێت و هاوكاری لایەنەكانیش كە كۆمسیۆن پێویستی پێ بێت ئامادەبكرێت». هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە چاوەڕێی پەرلەمانن كە بە سازان لەسەر ئەنجومەنی كۆمیسیاران بگەنە رێككەوتن دوای ئەوكاتە حكومەتی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر ئەو بودجەیەی كۆمسیۆن داوای دەكات»تا ئێستا بڕی بودجەكەمان باس نەكردووەو دانیشتمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم نەكردووە». وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی روونكردەوە كە لەدوای مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم بڕیاردان لەسەر ئەنجومەنی كۆمیسیاران گرنگە، پاش ئەوە بودجە گرنگە. دەربارەی ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت یان نا، شیروان زرار وتی:» ئەوە تەنها پەیوەندی بەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە هەیە». سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێم مەرسومی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەركردووە، بەڵام پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەنێو فراكسیۆنەكانی پارلەمان كێشەو ناكۆكی لەسەرەو بەپێی داواكەی كۆمسیۆن بێت تەنها یەك مانگ لەبەردەم پەرلەماندا ماوەتەوە.
هاوڵاتی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەدوای لەدایکبونی منداڵەکەی نەقیب محەمەد ڕایگەیاند:" بە بیستنی هەواڵی لە دایکبوونی یامور، کچی یەکەم شەهیدی رێگای پاراستنی ژنان، شەهید محەمەد لەتیف، دڵخۆشبوم. پیرۆزبایی لە دایکی و خانەوادەکەی دەکەم". دەڵێت:" دەمەوێت داوای لێبوردن لە یامور و یاران-ی خوشکی بکەم کە زیاتر لە 90 رۆژە چاوەڕێن بکوژانی باوکیان دەسگیربکرێن". قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەدوای لەدایکبونی منداڵەکەی نەقیب محەمەد ئەو ئەفسەرەی چەند مانگێک لەمەو پێش لەکاتی ئەرکەکەیدا شەهید کرا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، بە بیستنی هەواڵی لە دایکبوونی یامور، کچی یەکەم شەهیدی رێگای پاراستنی ژنان، شەهید محەمەد لەتیف، دڵخۆشبوم. پیرۆزبایی لە دایکی و خانەوادەکەی دەکەم، چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەم، کە خۆم بتوانم بە یامور بڵێم باوکی کەسێکی قارەمان بو، لە پێناوی پاراستنی ژیان و کەرامەتی ژنێک خۆی و هاوڕێکانی کەوتنە بەردەم مەترسی و هێرشی تاوانباران و بە داخەوە شەهید کرا. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" دەمەوێت داوای لێبوردن لە یامور و یاران-ی خوشکی بکەم کە زیاتر لە 90 رۆژە چاوەڕێن بکوژانی باوکیان دەسگیربکرێن، بەڵام هەر چۆن لە سەرەتاوە دڵنیایم دا، ئێستاش دوبارەی دەکەمەوە کە هێزە ئەمنییەکان کاری خۆیان دەکەن". جەختیلەوەشکردەوە، لەنزیکەوە چاودێریی بەدواداچونەکان دەکەم هەتا ئەو رۆژەی مژدە و هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژانی شەهید محەمەد دەبەم و لەدەرگای ماڵی یامور و یاران دەدەم. نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندوتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەڕۆ لە سلێمانی تەقەیان لێكراو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و سێ هاوەڵەكەشی بە سەختی برینداربون.
هاوڵاتی عەلی حەمە ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند:" ئه‌وه‌ی ئه‌ڵێن داهاتی نه‌وت ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه راست نیه، ئه‌گه‌ر حزبه سیاسیه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان بێده‌نگی لێبكه‌ن به‌راستی نیه‌تیان باش نیه، خۆم به‌دواداچونم كردوه و ده‌ڵێن 312 ملیاری نه‌وت ماوه‌ته‌وه و 200ی خه‌رجكراوه". دەڵێت:" لیكۆڵینەوەی وردم كردووە و بۆم دەركەوت پێویستمان بە 200 ملیارەکەی بەغدا نییە بۆ دابەشکردنی مووچە". ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئازاری 2022، عەلی حەمە ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "به‌دواداچونێكمان كردوه كه بۆچی تا ئێستا موچه‌ی مانگی دو نادرێت، به‌داخه‌وه گه‌یشتوین به كۆمه‌ڵێك ئه‌نجام كه زۆر به خراپی ئیداره‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی مانگێك بدرێت 874 ملیار دینار پێویسته جگه له‌و 32 ملیاره‌ی كه هاوپه‌یمانان ده‌یده‌ن، له داهاتی نه‌وت بۆ مانگی دو 512 ملیار دینار دیاریكراوه، واتا له به‌رمیلێك 25 دۆلار، ئه‌وه‌ی گرفته ئه‌وه‌یه ئه‌و 512 ملیاره 200 ملیاری رۆیشتوه بۆ موچه‌ی مانگی یه‌كی 2022، واتا 312 ملیار دینار ده‌مێنێته‌وه". عه‌لی حه‌مه‌ساڵح وتیشی، "مانگی پێش‌و تێكڕای نرخی نه‌وت 96 دۆلار بوه و ئێستا كه قسه ده‌كه‌م 111 دۆلاره، ئه‌گه‌ر له به‌رمیلێك نه‌وت ته‌نها 35 دۆلار بمێنێته‌وه داهاتی ناوخۆش نیوه‌ی پار ئه‌مكاته بێت، كه ساڵی رابردو ئه‌م کاته داهاتی ناوخۆ بۆ ته‌مویلی موچه 370 ملیار بو، خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غداش نیه بۆ موچه، چ ره‌وایه داهاتی ناوخۆ به‌راورد به مانگی دوی ساڵی رابردو سفر بێت؟، تا ئێستا هیچ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه و بشڵێن نیمانه و چاوه‌ڕوان مه‌كه‌ن". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مانگی دو نه‌ك هیچ بڕه پاره‌یه‌كی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه یان ته‌رخانه‌كراوه بۆ موچه‌ی مانگی دو، به‌ڵكو ده‌ڵێن 25 ملیار دیناریش قه‌رزاری مانگی یه‌كن هی هێزه‌كانی ئاسایش و شاره‌وانی، واتا سلێمانی ده‌ڵێت، هیچ داهاتێكی نیه بۆ موچه‌ی مانگی دو، كاتێك سلێمانی ده‌ڵێت داهاتی نیه، داهاتی نه‌وتیش له به‌رمیلێك نه‌وت 25 دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌كاتێكدا مانگی پێش‌و نه‌وتی كه‌ركوك كه به بۆری كوردستاندا رۆیشتوه یه‌ك به‌رمیل به 96 دۆلار فرۆشراوه". وتیشی:"ئه‌وه‌ی ئه‌ڵێن داهاتی نه‌وت ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه راست نیه، ئه‌گه‌ر حزبه سیاسیه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان بێده‌نگی لێبكه‌ن به‌راستی نیه‌تیان باش نیه، خۆم به‌دواداچونم كردوه و ده‌ڵێن 312 ملیاری نه‌وت ماوه‌ته‌وه و 200ی خه‌رجكراوه، ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌توانرێت موچه بدرێت كه نرخی نەوت گه‌یشتوه‌ته 111 دۆلار و باج و رسومات و جوڵه‌ی بازرگانی له‌وپه‌ڕی باشیدایه كه‌ی ده‌توانرێت؟ كه‌واتا هه‌ر ناتوانرێت و ئه‌م حكومه‌ته و كۆی گشتی دامه‌زراوه‌كان فه‌شه‌لیان هێناوه".