هاوڵاتی سەرۆکی روسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کەهێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی بخرێتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد، "هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی" بخەنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە. سەرۆکی روسیا رایگەیاند، فەرمانی بە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی و سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی روسیا کردووە "هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی" سوپای روسیا بخەنە ئامادەباشییەوە. ئەمرۆ چوارەم رۆژی ئۆپەراسینەكەی روسیایە بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا بەپێی دواین زانیاریەكان هەردوو سەرۆك ئامادەییان دەربریوە بۆ كفتوگۆ و دانوستان بەڵام سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند:" ناچینە شوینێك بۆ گفتوگۆ كە لێیەوە موشەك باران بكرێین"
هاوڵاتی ئەمڕۆ کاتژمێر 11پێش نیوەرۆ فرۆکەکانی تورکیا گوندی سەرگەلێ سەر بە قەزای ئامێدی بۆردوومان کرد. هزرڤان ساڵح، دانیشتووی گۆندی سەرگەلێ یە بە هاوڵاتی ی وت:"ئەمڕۆ27ی شوبات دەوروبەری 11و نیوی پێش نیوەرۆ فرۆکەکانی تورکیا دەوروبەری گوندەکەمان بەسەختی بوردوومان کرد". هزرڤان ساڵح، گیرایەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" لەکاتی بوردوومانەکە دەنگێکی زۆر گەورە مان بیست، بوردوومانەکە 500مەترێک دور بوو لەگوندەکە" گوندی سەرگەلێ 10کێلومەتر دوورە لەسەنتەری قەزای ئامێدی، بەوتەی هزرڤان حەفتانە دوو جار دەوروبەری گوندەکە و سنوری قەزایەکە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیا بوردۆمان دەکرێت". هزرڤان سالح ووتیشی"تا ئێستا زیانەکان دیار نیە، بەڵام ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر لەناو خەڵکدا دروست بووە"
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی، بۆ پیرۆزبایی سەردانی سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی کرد دوای لێكرد "خزمەتی باشتری سلێمانی بكەن". ئەمرۆ یەکشەممە، 27ی شوباتی 2022، بەپێی راگەیەدراوێکی نوسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كرد، بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لەیلا عومەر وەك سەرۆكی نوێی شارەوانی سلێمانی. ئەوەشخراوەتەڕوو، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی خۆی بۆ لەیلا عومەر دووپاتكردەوە و ھیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەو پۆستە نوێیە و دوای لێكرد "خزمەتی باشتری سلێمانی بكەن". لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا، وتی؛ "ھاتووم سوپاسی لەیلا خان بكەم كە ڕەزامەند بووە ئەو پۆستە وەربگرێت و كەسێكە جێی متمانەی ئێمەیە و ئەزموونی پێشووی ئاماژەیە بۆ سەركەوتنی لەم ئەركە نوێیەی دا". لەبارەی زیادەڕەوییەكان لەسەر موڵك و ماڵی گشتی، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە؛ "ھەوڵی جددی ھەیە بۆ چارەسەر كردن و بنبڕكردنی زیادەڕەوی لەسەر موڵكی گشتی. ئەركی حكومەتیشە ھۆكارەكان دیاری بكات و چارەسەریان بكات". جەختیشی كردەوە، "كە ئیشی حكومەتە خزمەتی ھاوڵاتیان بكات و ئاساییش و ئارامی بپارێزێت". دواتر لەیلا عومەر بەكەناڵەكانی راگەیاندنی وت، "بەڵێنمان داوە كە خزمەتی ھاوڵاتیان بكەین بێ جیاوازی و دەرگای شارەوانیش واڵایە بۆ ھەمووان".
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگیی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی شوباتی 2022، نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: " پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 33 لە ڕۆژی 24ی شوباتی 2022 دەربارەی دەستنیشانکردنی ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەری 2022 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێک بڕیاریدا بە ڕاسپاردانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ هەماهەنگیکردن لە گەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، بە مەبەستی دابینکردنی بودجە و سەرجەم پێداویستییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت". ئەمەش لەكاتێكدایە نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، 1/10/2022 بە رۆژی ئەنجامدانی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی شەشەم دیاریكرد.
هاوڵاتی هاوسهرۆكی یهكێتی رایگهیاند:"یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانیی لەبەرامبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین". ئهمڕۆ شهممه 26ی شوباتی 2022 بافڵ تاڵهبانی سەردانی مەکتەبی رێکخستنی حزبهكهی كردوهو له كۆبونهوهیهكدا رایگهیاند:" یەکێتی سەرباری راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی لە ناوخۆی حزبیش دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن کردوە و بە بەرنامەیەکی گشتگیری ھەمەلایەنە تەواوی دامەزراوەکانی حزب نوێدەکەینەوە و بە دونیا بینییەکی فراوانترەوە ئەرکەکان رادەپەڕێنین." " یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانیی لەبەرامبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین." بافڵ تاڵهبانی وای وتوه. بافڵ تاڵەبانی بەرچاوڕوونیی ئهوهی داوه كه "سیاسەتی نوێی یەکێتی گەڕانەوەیە بۆ ستراتیژی سەرۆک مام جەلال، ئەندامانی یەکێتیش ھێزی لەبن نەھاتوون و وەک ھەمیشە خزمەتکاربن و بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەت بکەن و دامەزراوەکانی یەکێتی بکەنە ماڵی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک و پردی پەیوەندی بن بۆ گەیاندنی دەنگیان و خزمەتکردنیان، چونکە خزمەتکردن و بەدەنگەوەھاتنی خەڵک ئەرکە نەک منەت." وتیشی:" پێویستە مەڵبەند و ئۆرگانەکانمان لە جاران زیاتر لە ئەرکدا بن و بە شێوازێکی سەردەمیانەتر درێژە بەکاروبارەکانیان بدەن و لە خزمەت خەڵکدا بن، ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوو دابڕانێک ھەبووبێت لەنێوان مەڵبەند و کۆمیتە و ھاوڵاتیدا نابێت بمێنێت و ھەڤاڵی یەکێتی پێویستە لەناو چین و توێژەکان بن و بەشێک بن لە خەڵک، لەو رووەشەوە ھانیدان بۆ گۆڕانکاری و بەردەوامییان لە راپەڕاندنی ئەرکی راستەقینەی خۆیان کە خزمەتکردنی خەڵکە"، هاوسهرۆكی یهكێتی ئهمهشی وتوه. بۆ دیداری یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند :"یەکێتی یەکێتیی ھەموولایەکە، دەمانەوێت لە رێگای ئەم دیدارەوە خۆمان رێکبخەینەوە و ھەنگاوبنێین بەرەوپێشبردنی یەکێتییەکەی مام کە ئەمە بەرپرسیارێتی ھەموو یەکێتییەکانە پێکەوە، ئەم ئەرکە گرنگ و چارەنووسسازەش رادەپەڕێنین و رۆحی شەھیدانیش ئاسوودە دەکەین."
هاوڵاتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم نوسینگەی نوێنەرایەتی نیە لە ئۆکرانیا، بۆیە سەرجەم کوردستانیانی نیشتەجێی ئۆکرانیا ئاگادار دەکاتەوە کە لە کاتی پێویستی و بۆ هەر ئەگەرێک، پەیوەندییان پێوەبکەن". ئەمڕۆ شەممە 26-2-2022، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای سەلامەتی بۆ رەوەندی کوردستانی لە وڵاتی ئۆکرانیا دەخوازێت. ئەوەش هاتووە، "ئاگاداری کوردستانیانی نیشتەجێی وڵاتی ئۆکرانیا دەکەینەوە کە لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم نووسینگەی نوێنەرایەتی لەو وڵاتەدا نییە، لە کاتی پێویستی و بۆ هەر ئەگەرێک، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕال لە ئۆکرانیا بکەن". کوردستانیانی ئۆکرانیا دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە بکە: باڵیۆزخانەی عیراق لە ئۆکرانیا +38974007307 +380952041153 +9647518503123 هێڵی گەرم +380979244948 هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی کە روویان لە وڵاتی هەنگاریا و رۆمانیا و پۆڵەندا کردووە، بۆ هەمان مەبەست دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بکەن: باڵیۆزخانەی عیراق لە بودابست +3614411960 باڵیۆزخانەی عیراق لە بوخارست +9647708885444 نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا +48606716040 باڵیۆزخانەی عیراق لە وارشۆ +48792650803 +48730851480
هاوڵاتی روسیا لەبارەی كاری تەلەفزیۆنە ناوخۆییەكانی وڵاتەوە بریاریدا و بەكارهێنانی چەندین وشەی لێ قەدەغەكردن. لیژنەی رێکخستنی پەیوەندییە تەلەڤزیۆنییەکانی روسیا ئەمڕۆ شەممە 26-02-2022 ئاگادارینامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەبێت تەلەڤزیۆنەکانی وڵات ئەو دەستەواژانە لاببەن کە باس لە، "داگیرکردن، هێرشبردن، راگەیاندنی شەڕ و کوشتنی هاووڵاتییانی ئۆکراینی دەکات." هەروەها لیژنەی پەیوەندییە تەلەڤزیۆنییەکانی رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، "دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێت بە تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی رووسیا ببەسترێت و زانیارییە راستەقینە و باوەڕپێکراوەکانی ئەوان بڵاوبکەنەوە." بەپێی راگەیێندراوی لیژنەکە، مۆسکۆ بە فەرمیی دەستوەردانەکەی لە ئۆکرانیا بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت" ناو بردووە کە ئامانج لێی "ئاشتی پارێزییە" و دەبێت لە میدیاکانیش هەر بەو ناونیشانەوە هەواڵەکان بڵاوبکرێنەوە. ئەو ئاگادارینامەیە بۆ ژمارەیەک لە میدیای وەکو "نۆفایا، گاریتا، سایتی میدیازۆنا و کەناڵی دۆجد" نێردراوە کە پێشتر ئەو دەستەواژانەیان بەکارهێناوە. هەروەها لیژنەکە کە کاری رێکخستن و پێدانی رێنوێنییە بە دەزگا میدیاییەکانی رووسیا، هۆشداریشیان داوەتە ئەو دەزگایانە و دەڵێن، "لە ئەگەری بەردەوامبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو دەستەواژانە، رووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە."
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند:" بەشێوەیەکی ورد چاودێری تەواوی زانیارییەکان دەکەین لەبارەی هاوڵاتییانی عێراقی لە ولاتی ئۆکرانیا. ئەمڕۆ شەممە 26ی شوباتی 2022، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمیمان بەدەست نەگەشتووە لەبارەی کوژرانی هاوڵاتی عێراقییەوە لە وڵاتی ئۆکرانیا، هاوکات لە ئێستادا بەشێوەیەکی ورد چاودێری تەواوی زانیارییەکان دەکەین لەبارەی هاوڵاتییەکانمانەوە.'' ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "ئێمە بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون دەکەین بۆ پشتراستکردنەوەی هەر زانیارییەک کە باس دەکرێت و لە رێگەی هەماهەنگی ئاستی باڵامان لەگەڵ بەرپرسانی فەرمی لە حکومەتی ئۆکرانیا.'' ئەوەشی وتووە، ''باڵیۆێزخانەی عێراق لە هەریەک لە روسیا و هەنگاریا و رۆمانیا و پۆڵەندا لەسەرهێڵن بۆ وەرگرتنی پەیوەندی هەر هاوڵاتییەکی عێراقی روو بکاتە یەکێک لەو وڵاتانە لە ئۆکرانیاوە.''
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا لەنوێترین ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند:" هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەم پلانی ڕوسیایان وەستاندوە بۆ دەستگیرکردنی و دانانی سەرکردەیەکی سەر بەئیماندار". ڤلادیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەنوێترین ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند کەهێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی پلانی ڕوسیایان وەستاندوە بۆ دەستگیرکردنی و دانانی سەرکردەیەکی سەر بەئیماندار. داواشی لەخەڵکی ڕوسیا کرد فشار بخەنە سەر ڤلادیمیر پوتین بۆ وەستاندنی ئەو داگیرکارییە. زیلینسکی وتی: "ئێمە لە پلانەکەیان بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی وڵات شکستمان پێهێنان" . دەشڵێت "هێزەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵی کیڤ و شارە گەورەکانی دەوروبەریان هەیە". بە وتەی سەرۆکی ئۆکرانیا، وڵاتەکەی مافی چوونە ناو یەکێتی ئەوروپای بەدەستهێناوە ئۆکرانیا لە ئێستادا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نییە، بەڵام لە دەستووردا هیوای ئەوەی دەربڕیوە کە بچێتە ناو یەکێتیەکەوە.
هاوڵاتی بەڕیتانیا چەک و پێداویستی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ ئۆكرانیا دەنێرێت و کە یارمەتی پزیشکی و چەکی "کوشندە"ی تێدایە هاوكات هەر ئەمڕۆ فەرەنسا و ئەمریكاش پێداویستی سەربازیان گەیاندە ئۆكرانیا وەك دەربرینی پشگیریەك بۆ ولاتەكە. کەمێک لەمەوبەر ئاژانسی BBC لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، بەڕیتانیا چەک و پێداویستی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ ئۆكرانیا دەنێرێت و کە یارمەتی پزیشکی و چەکی "کوشندە"ی تێدایە، هەروەها بەڕیتانیا دەیەوێت ڕووسیا لە سیستەمی سویفت بباتە دەرەوە. ئاژانسەکە لەسەر زاری جەیمس هێپی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی بەڕیتانیاوە ڕایگەیاند، بەڕیتانیا و 25 وڵاتی دیکە ڕێککەوتن کە چەک و یارمەتیی مرۆڤانە بۆ ئۆکرانیا بنێرن دژ بە داگیرکاریی ڕووسیا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە دێپلۆماتکارەکانی بەڕیتانیا، لە ئێستادا هەوڵی گفتوگۆ دەدەن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و جیهاندا، تا ڕووسیا لە سیستەمی سویفت ببرێتە دەرەوە و سزای بەسەردا بسەپێندرێت. سیستەمی سویفت، سیستەمێکی بانکییە و بانکەکانی جیهان بۆ ئاڵوگۆڕی پارە لەو سیستەمەدا پێوەندییان پێکەوە دەبەسترێت، گەر ڕووسیا لەو سیستەمە دەربهێنرێت، چیدی ناتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە ئابووریی جیهانیدا بکات.
هاوڵاتی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند:" دەبێت جیهان خۆی بۆ شەڕێکی درێژخایەن ئامادە بکات، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆسەرئۆكرانیای دراوسێی دەستپێکرد. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "ئەگەر ئەم بەیانییە بتوانم شتێکتان پێ بڵێم ئەوەیە کە ئەم شەڕە درێژە دەکێشێت... ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت؛ ئەم شەڕە درێژە دەکێشێت و تەواوی ئەو قەیرانانەش کە لەگەڵی دێن کاریگەریی درێژ خایەنیان دەبێت". سەرۆکی فەرەنسا لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت حکومەت و خەڵکی وڵاتەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئامادەی کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە بن. شەڕ و پێکدادانەکان تا دێت زیاتر دەبن و رووسیاش دەڵێت، چووەتە پایتەختی وڵاتەکە، بەڵام ئۆكرانیا رەتی دەکاتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ دوو مووشەک ئاڕاستەی کیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا کران کە یەکێکیان بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و هێزەکانی فریاکەوتن بەرەو باڵەخانەکە دەچن. ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی کیێڤ کراون یەکێکیان بەوتەی رۆیتەرز لە نزیک فڕۆکەخانەی ژولیانی کەوتووەتەخوارەوە. پێشتر ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "شەوی رابردوو هێزەکانی رووسیای فیدراڵ بە مووشەکی دوورهاوێژ لە ئاسمان و دەریاوە ژێرخانە سەربازییەکانی سوپای ئۆكرانیایان کردووەتە ئامانج."
هاوڵاتی سوپای ئۆكرانیا و سوپای روسیا هەر یەكەیان ئاماری جۆراو جۆر لەسەر شەڕەكە بڵاودەكەنەوە و بەپێی ئەو ئاامرانە بێت تائێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 سەرباز کوژراون. سوپای ئۆكرانیا لە فەیسبووکی خۆی هەندێک ئاماری لەبارەی جەنگی روسیا لەگەڵ وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و دەڵێت، سێ هەزار و 500 سەرباز کوژراون و نزیکەی 200 سەربازیش بەدیل گیراون. لەلایەکی دیکەشەوە رووسیا دەڵێت، 821 ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینامان کردوونەتە ئامانج. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئۆكرانیا لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، رووسیا 14 فڕۆکە، هەشت هێلیکۆپتەر و 102 تانکی لە جەنگەکەدا لەنێوچوونە. دوای ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئۆكرانیا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە کە لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا 821 ژێرخانی سەربازیی ئۆكرانیایان کردووەتە ئامانج. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، 14 بنکەی سەربازی، 19 سەنتەری پەیوەندی و خاڵی سەرپەرشتیکردنی شەڕ، 24 سیستمی دژە مووشەک و 48 راداری ئۆكرانیا کراونەتە ئامانج. وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەشی وتووە کە حەوت فڕۆکەی جەنگی، حەوت هێلیکۆپتەری جەنگی و نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە. هەر لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، 87 تانک و 118 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 28 سیستمی هەڵدانی مووشەکیان تێکشکاندووە.
هاوڵاتی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەڵێت:"ئەوانەی رۆژێک نیشتیمان پەروەریان كردبێت بەسەدان ئەوەندە بەگەلی بەشمەینەتیان فرۆشتووەتەوە". سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی گەرمیانی حزبەکەی وتی، ''ئەوانەی رۆژێک نیشتیمان پەروەریان كردبێت بەسەدان ئەوەندە بەگەلی بەشمەینەتیان فرۆشتووەتەوە و ئەوانەشی بازاڕی خراپەکاری خۆشدەکەن ناتوانن خزمەتی گەل بکەن.'' ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ناکرێت بەرژوەندیەکانی گەل و وڵات بکرێنە قوربانی کەس و حیزب، هەر بۆیە حزبە دەسەڵاتدارەکان شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.'' هاوکات هەفتەی پێشوو، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە کۆبونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی پێنجوێنی حزبەکەی وتبوی، ''یەكگرتوو بە ئیلهام وەرگرتن لەشەریعەتی بەرفراوانی ئیسلام خزمەت بەگەل و وڵاتی خۆی دەكات و هەرگیز بەشێك نەبووە لە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان.''
هاوڵاتی سەركی ئەمریكا بە بەهای هاوكاری سەربازی دەگەیەنێتە ئۆكرانیا ئەوەش دوای ئەوە دێت كە سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند:" لە ئۆکراینا دەمێنێتەوە و پێویستی بە چەکە". سەرۆکی ئەمریکا نووسراوێکی واژۆکردووە لەبارەی دابینکردنی هاوکاریی بەپەلەی چەک بۆ ئۆكرانیا کە بەهاکەی تاوەکو 600 ملیۆن دۆلار بێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆكرانیا. نووسراوەکە ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاوەکو 250 ملیۆن دۆلار بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بەندێکی یاسایی بۆ ئۆكرانیا بنێرێت. نزیکەی 350 ملیۆن دۆلاریش بۆ خزمەتگوزارییە سەربازییەکان، مەشق و راهێنان بە سەربازانی ئۆكرانیی دابین بکرێت. پێشتر سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆكرانیا کردبوو کە وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتبووی کە لە ئۆكرانیا دەمێنێتەوە و پێویستی بە چەکە. لە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممەوە سەرۆكی روسیا ئۆپەراسۆنێكی سەربایی بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا دەستپێكردووە و تائێستاش بەردەوامە. لەكاتێكدا شەڕ و پێکدادانەکان تا دێت زیاتر دەبن و رووسیاش دەڵێت، چووەتە پایتەختی وڵاتەکە، بەڵام ئۆکراینا رەتی دەکاتەوە.