هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا هاوڵاتییانی کیێڤ ئاگادار دەکاتەوە کە لە باڵەخانە ئەمنییەکان دوور بکەونەوە، ئاگادارییەکەی بۆ ئەو هاوڵاتییانە لە نزیک ئەو ناوچانە دەژین باڵەخانەی ئەمنیی لێیە. بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانەوە لە نزیک کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، سوپای ڕوسیا دەیەوێ ژێرخانی خزمەتگوزاریی کیێڤ بەئامانج بگرێت و لە ئێستادا نیازی هێرشکردنە سەر باڵەخانە ئەمنییەکانی هەیە. ئیگۆر کۆناشێنکۆ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، داوا لە هاولاتییانی کیێڤ دەکەین نزیک باڵەخانە ئەمنییەکان بەجێبهێڵن، چونکە سوپای ڕوسیا هێرش دەکاتە سەر نزیک باڵەخانە ئەمنییەکان. بەوتەی ئەمریکا، ڕوسیا بەتەواوی نزیک بووەتەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لە ئێستاشدا دەیەوێت بە توندیی هێرش بکاتە سەر ژێرخانی خزمەتگوزاریی پایتەختەکە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ستافی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 1 ئازاری 2022، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ستافی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان کرد. لە دیدارەکەدا ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەوانی پێشکەش به سەرۆکی هەرێم کرا. نێچیرڤان بارزانی ستایشی کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکەی کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ دووپات کردنەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند: " کەناڵی ئێن ئار تی، بە نەفەسێکى دەمارگیرانە خەریکی یاریکردنن بە پرسى مووچەى فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێم ئەویش بە بڵاوکردنەوەى هەواڵى نادروست کە دەیانەوێت ڕای گشتى بەلاڕێدا بەرن". ئەو کەناڵە ئاماژەی بەوە داوە گوایە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندوون مووچە ئامادەیە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیان نەداوە. وەزارەتی دارایی دەڵێت:" ئێمە لە وەزارەتی دارایی سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و ڕایدەگەیێنین کە هیچ بنەمایەکی نییە". حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی مووچەی موچەخۆرانی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢، لە داهاتی مانگی دووی هەمان ساڵ تەمویل کردووە، هەروەها بۆ موچەی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢١، بە داهاتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ تەمویل کراوە، پێشتریش لە بڵاکراوەیەکدا ئەم روونکردنەوەیە بە ڕای گشتی دراوە. وەزارەتەكە لە رونكردنەوەكەدا دەشلێت:" داوا لە گشت میدیاکان دەکەین خۆیان لە زانیاری هەڵە دووربخەن و بە پێچەوانەوە بەرامبەر بە یاسا بەرپرس دەبن. هاوپێچ/ هەر دوو ڕوونکردنەوەمان سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی مانگی 2021/12 و لە بەرواری 2021/12/18، موچەی مانگی 2022/1 لە ڕێکەوتی 2022/2/16 لە پێگەی فەرمی وەزارەتمان بڵاوکراوەتەوە.
هاوڵاتی پارێزەرێکی عیراقی بە ناوی ئەحمەد شەهید مەرهون، سکاڵای لە دژی بەرهەم ساڵح، سەرکۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق تۆمار کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئازاری 2022، پارێزەرێکی عیراقی بە ناوی ئەحمەد شەهید مەرهون، سکاڵای لە دژی بەرهەم ساڵح، سەرکۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق تۆمار کرد. ئه‌و پارێزه‌ره بەهۆی دەرکردنی مەرسومێکی کۆماری و لێبووردنی تایبەت لە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان، لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەڕادە لە بەغدا، سکاڵای یاسایی لە دژی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی تۆمار کردووە. پارێزه‌ره‌كه به‌رهه‌م ساڵح، سەرکۆمار و مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراقی بە "پێشێلکردنی یاسا، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، قۆستنەوەی دەسەڵات"، تۆمەتبار کردووە. چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عیراق لە مەرسومێکدا و بە بڕیاری لێبوردنی تایبەت، جەواد لوئەی جەواد، بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی ئازاد کرد. جەواد لوئەی جەواد، کوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەفە و بەهۆی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی سزا درابوو.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپای کرد و رایگەیاند: "ئۆکراین دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپا بێت و دڵخۆشن بە پشتیوانی کردنیان". ئەمرۆ سێشەممە 1ی ئاداری 2022 . ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەڕێگەی بەشداریکردنی ڤیدیۆوە وتارێکی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئۆکرانیا روبەڕووی کارەسات بووەتەوە و رۆژانە دەیان کەس دەکوژرێن و روسیا مووشەک ئاڕاستەی منداڵان دەکات". ئەوەشی وت،"لە ئێستادا لەگەڵ واقیعێکی تاڵ‌دا مامەڵە دەکەن و دەجەنگن لەپێناو ئازادی خاکی وڵاتەکەیان و گەلی ئۆکراینا پەرۆشە بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی". زیلینسکی راشیگەیاند، "دڵخۆشن بە پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپا وئۆکرانیا دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپا بێت و لە پێناو ئەو ئامانجەدا دەجەنگن، داواشی لە ئەوروپا کرد کە بۆیان بسەلمێنن بە کردار لەگەڵ ئۆکراینن". ئەمڕۆ شەش رۆژە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، روسیا هێزێکی زۆری بەرەو کێڤ جووڵاندووە و بەیانی ئەمڕۆ لە دەروازەکانی شاری خێرسۆن خاڵی سەربازییان دانام هاوکات بە موشەک ناوەڕاستی خارکیڤ-یان کردە ئامانج. هەر ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئۆکرانیا هەوڵیداوە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، وتی ئۆکرانیا "هێشتا تەکنەلۆژیا و رێگەکانی سۆڤیەتی لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئەو چەکە بەدەستبهێنێت".
هاوڵاتی سکرتێری گشتی ناتۆرایگەیاند:" هاوپەیمانێتیی ناتۆ نایەوێت ببێتە بەشێک لە کێشەکە و سەرباز و فڕۆکەی سەربازی نانێرێت بۆ پاڵپشتیی کیێڤ". سکرتێری گشتیی ناتۆ لە پۆڵەنداوە لەبارەی جەنگی روسیا و ئۆکراینا قسەی کرد، وتی، "پووتین ئاشتی لە ئەوروپا تێکداوە." سکرتێرەکەی ناتۆ جەختیکردەوە کە "بەرگری لە هەموو بستەخاکێکی" سەر بە ناتۆ دەکەن. لەبارەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا و پاڵپشتیی وڵاتەکە، ستۆڵتنبێرگ وتی، "هێرشی رووسیا بەتەواوی قبووڵنەکراوە و لەلایەن بێلاڕووسەوە پاڵپشتی دەکرێت." ئەمڕۆ شەش رۆژە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە. رووسیا هێزێکی زۆری بەرەو کیێڤ جووڵاندووە و بەیانیی ئەمڕۆ لە دەروازەکانی شاری خێرسۆن خاڵی سەربازییان دانا. هاوکات بە مووشەک نێوەڕاستی خارکیڤیان کردە ئامانج.
هاوڵاتی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان پارێزگاری له مافه ده‌ستورییه‌كانی خۆی و قه‌واره ده‌ستورییه‌كه‌ی ده‌كات و ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی ناده‌ستورییه و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له پیاده‌كردنی مافه ده‌ستورییه‌كانی خۆی". هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئۆلیڤیێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتیی كۆماری فڕه‌نسا رایگه‌یاند، "هه‌رێمی كوردستان پارێزگاری له مافه ده‌ستورییه‌كانی خۆی و قه‌واره ده‌ستورییه‌كه‌ی ده‌كات و ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی ناده‌ستورییه و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له پیاده‌كردنی مافه ده‌ستورییه‌كانی خۆی".
هاوڵاتی به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران له دوورگه‌یه‌كی وڵاتی یۆنان نوقم بوو، به وته‌ی سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران ته‌رمی حه‌وت كه‌سی تیادا دۆزراوه‌ته‌وه. ئاری جه‌لال، سه‌رۆكی ده‌زگای لوتكه بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: لە دورگەی میتیلینی وڵاتی یۆنان بەلەمێكی کۆچبەران نوقم بووە، كە تەرمی حه‌وت كەس تیادا دۆزراوەتەوە كەلە ناویاندا منداڵ ھەیە. ئه‌وه‌شی وتووه: "بە نوێنەرایەتی دەزگای لوتكە بە دواداچوون بۆ ناسنامەی ئەو تەرمانە دەكرێت".
هاوڵاتی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمریکى لە عێراق كرد. له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوايين پێشهاته ئه‌منييه‌كانى عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى داعش تاوتوێكران و جه‌خت له گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق كرايه‌وه، به‌تايبه‌تيش له‌و ناوچانه‌ى بۆشاييى ئه‌منییان تێدايه." له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له دوايين هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا کراوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مريكايان بۆ پرۆسه‌كه و بۆ پێشكه‌شكردنى مه‌شق و راهێنان به پێشمه‌رگه به پێويستزانى. وەفدەكه سوپاسى رۆڵی نێچيرڤان بارزانييان له پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دا كردووە. وەفدەكه ئه‌مريكييه‌کە دووپاتیکردووەتەوە كه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشكاندنى داعش بۆ ئه‌مريكا "كارى له‌پێشينه‌يه" و له‌و پێناوه‌شدا له نزيكه‌وه له كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت. هاوکات "خۆشحاڵيى خۆيشيان به هاوكاريى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق ده‌ربڕى." "په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له سووريا و دۆخى كه‌مپى ئه‌ل هۆل له سووريا، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى شه‌ڕ له ئۆكرانيا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش" لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندە ئەمریکییەکەدا باسکراون.
هاوڵاتی خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا بکات. رۆمان ئەبرامۆڤیچ، دوای 20 ساڵ سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی یانەی چێڵسی، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی یانەکە بوو، و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی یانەکە بە دەستەی خێرخوازی یانەکە سپارد، دوای ئەوەی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو. ئەو پیاوە تەمەن 55 ساڵییە، ئێستا هەوڵدەدات رۆڵی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە رێگەی نێوەندگیرییکردن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا. وتەبێژی ئەبرامۆڤیچ، لەو بارەیەوە، رایگەیاند "دەتوانم دووپاتی بکەمەوە کە لایەنی ئۆکراینی پەیوەندی بە رۆمان ئەبرامۆڤیچەوە کردووە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات لە گەیشتن بە چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ ئەو جەنگە". هەروەها دەشڵێت "ئەبرامۆڤیچ پێشوازی لەو داواکارییەی لایەنی ئۆکراینی کردووە و لەو رۆژەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە". رۆمان ئەبرامۆڤیچ، یەکێکە لەو سەرمایەدار و ملیاردێرە رووسییانەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی رووسیا هەیە، کە هەر بەو هۆکارەوە ئەو پیاوە لە لایەن بەریتانیاوە خۆشەویت نییە و ماوەیەکی زۆر رێگەی پێنادات بچێتە نێو خاکی بەریتانیا، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی یانەی چێڵسی لەندەنییە، کە پاڵەوانی ئەوروپایە. ئەلیکساندەر رۆدنیانسکی، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری سینەمایی بەنێوبانگی ئۆکراینی، دەڵێت "رۆمان ئەبرامۆڤیچ تاکە کەسە پێشوازی لە داواکانی ئۆکراینا بۆ راگرتنی جەنگ کردبێت و بەرپرسانی حکومەتی ئۆکراینیش سوپاسی سەرۆکی چێڵسییان کردووە". ئەبرامۆڤیچ لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانەکە و ئۆکراینییەکان پێیانوایە کە سەرەڕای ئەوەی تواناکانی رۆمان لەم بارەیەوە دیاریکراون، بەڵام ئۆکراینییەکان سوپاسگوزاری هەوڵەکانی ئەو پیاوەن، تەنانەت ڤۆلۆدیمیر زیلینیسکیی سەرۆکیش بە بایەخەوە سەیری هەوڵەکانی ئەبرامۆڤیچ دەکات.
هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند:" زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلارەوە نییە". بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق روونکردنەوەی دا لەبارەی هۆکارەکانی زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی و باسی لەوە کردووە، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراق داهاتی حکومەتی بە رێژەی 23٪ زیادکردووە، بەمەش پارەی دابینکردووە بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتی داوەتە حکومەت پێویستییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات و بودجەی وڵات باش بکات و لە مەترسی دووری بخاتەوە، جگە لەمەش سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پشتیوانی لە پرۆسەی دابەزینی بەهای دینار کردووە، کە دۆخی دارایی عێراق باشتر دەکات بەتایبەتی لە توانای کێبڕکێی کەرتی تایبەت لە بەرامبەر هاوردەکردنی کاڵای بیانی و بووژانەوەی وەبەرهێنانی بیانی. عەلی عەللاوی ئاماژەی بەوەدا زیادبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا بەهۆی زیادبوونی نرخی فرۆشتنی دۆلار نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2020وە زیادبووە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش سوودی بۆ عێراق هەبووە لەوانە چوار ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لە ساڵی 2021 لەسەر عێراق کەمکردووەتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" لەکۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانیش دیاری دەکرێن". ئەمڕۆ دووشەممە 28ی شوبات 2022 محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانیش دەنگیان لەسەر دەدرێت. ئەوەشی خستوەتەڕ، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە، چارەسەرێک بۆ ئەو کاریگەرییە نەرێنیانە بدۆزێتەوە کە بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی هاتونەتە ئاراوە و چارەسەرەکەش لە دوو هەفتەدا رادەستی پەرلەمان بکرێت. ئەوەش لەکاتێدایە بڕیارە سبەی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر یاسایی بوون یاخود نایاسایی بوونی دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بدات.
هاوڵاتی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌رچوار سه‌رۆكايه‌تییەکە له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه. لە راگەیێندراوێکیشدا دەڵێن، "بڕيارى دادگای فيدراڵیی عێراق پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما راسته‌قينه‌كانى سيستمى فيدراڵييه و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه." بەپێی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، چوار سەرۆکایەتییەکە جەختدەکەنەوە کە بڕیارەکه‌ى دادگای باڵاى فيدراڵیی عێراق "قبووڵكراو نييه و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پياده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی." دەشڵێت "به هيچ شێوه‌يه‌ك ده‌ست له ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو رێگه‌يه‌كى ياسايى و ده‌ستوورى ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت." چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان چەند خاڵێکیشیان لەبارەی بڕیارەکە خستووەتەڕوو: 1- بڕيارى دادگای باڵاى فيدراڵیی عێراق پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما راسته‌قينه‌كانى سيستمى فيدراڵييه و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه. 2- بڕياره‌كه‌ى دادگای فیدراڵیی عێراق به شێوه‌يه‌كى ناڕاسته‌وخۆ هه‌مواركردنێكى ناده‌ستووريى ده‌ستووره، چونكه بووه‌ته هۆى لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى ده‌ستووريى هه‌رێمه‌كان و به‌خشينى به ده‌سه‌ڵاتى فيدراڵى كه ئه‌مه‌ش ناته‌بايه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى دادگەى فيدراڵی و پاشگه‌زبوونه‌وه‌يه له سيستمى فيدراڵی. 3- دادگا له بڕياره‌كه‌يدا پشتى به ياساكانى ساڵانى 1976 و 1985ـی عێراق به‌ستووه كه ياساى ناوه‌ندين و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ده‌ستوورى ساڵى 2005ـى عێراقى تازه‌دا ناكۆكه كه سيستمى حوكمى له عێراق له ناوه‌ندييه‌وه بۆ سيستمێكى فيدراڵى گۆڕيوه و به‌ڕوونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و پارێزگا‌كان و دەسەڵاتی فيدراڵى دابەش کردووە. 4- هه‌رێمى كوردستان پێى وايه ئه‌م بڕياره جگه له‌وه‌ى بنكۆڵكردنى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵييه، له هه‌مان كاتدا پێشى وايه مه‌رامى تايبه‌تى له پشته و بێلايه‌ن نييه، به‌تايبه‌تيش كه عێراق به دۆخێكى زۆر هه‌ستيار و ئاڵۆزى سياسيدا تێده‌په‌ڕێت و لايه‌نه سياسييه‌كان خه‌ريكى گفتوگۆن بۆ لێكگه‌يشتن و دۆزينه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌يه‌ك بۆ ده‌رچوون له چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستىی سياسى، ئه‌م بڕياره دۆخه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات. 5- دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه گرێبه‌سته نه‌وتييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت به ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان و ده‌قى مادده‌ى (112)ـى ده‌ستوورى عێراق ئه‌نجامدراون، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا دەسەڵاتە فیدراڵیيەکان دواى تێپه‌ڕبوونى (17) ساڵ نه‌یانتوانی ئه‌ركى ياسایی خۆيان جێبه‌جێ بکەن به دانانى ياسايه‌ك بۆ نه‌وت گاز له عێراق، وێڕاى ده‌ستپێشخه‌رييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2007 و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حكومه‌تى ئه‌وكاتى فيدراڵ له‌و ره‌شنووسه هاوبه‌شه‌ى ياساى نه‌وت و گاز كه رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو. 6- بە گرنگی دەزانین دادگاى باڵاى فيدراڵیی عێراق به ياسايه‌كى نوێ و بەپێی حوكمه‌كانى ماددەی (92)ى دەستوور پێک بێت و ئەرکه‌كانى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه ده‌ستوورييانه‌ش به‌پێى ده‌ستوور ياسايان بۆ ده‌ربچێت و پێكبێن كه زامنى به‌رجه‌سته‌كردنى سيستمى فيدراڵين. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "له‌م پێناوه‌دا سەرۆکایەتيی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسيیەکانی ناوخۆی ھەرێمى كوردستان و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر رێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمى كوردستان. ھەروەھا په‌رله‌مانى كوردستان رێكارى یاسایی و دەستووريی پێويست ده‌گرێته‌به‌ر و ئەنجوومەنی دادوەريی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عێراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان." حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌ميشه له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور "ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه و بەردەوام دەبێت له گفتوگۆى بنياتنه‌رانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى، دۆستانى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش پشتگيرى له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كه‌ن."
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن". دەشڵێت: " 80٪ی داهات کە لە باج کۆکراوەتەوە هی کۆمپانیاکانە". رۆژی دووشەممە 28-02-2022، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارەی (97)ی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد کە میوانداری دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان کرد. وەک لەکارنامەی دانیشتەنەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەسەر باجەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی خستەڕوو. بە وتەی دکتۆر کەمال وەرتی، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، "ئێمە یاسایەکی سەربەخۆمان نییە بۆ رێکخستنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان، واتە بۆمان نییە لەخۆمانەوە هیچ باجێک بسەپێنین و یان لە نوێوە دایبنێین، بۆیە ئەوەیە ئەوەی هەیە هەمووی یاسا کۆنەکانی عێراقین، هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و هەشتاکان، لەوانە یاسای خانووبەرە هی ساڵی 1962ـە، باجی زەوی بەتاڵ 1962ـە، باجی دەخل 1982". کەمال وەرتی، ئاماژە بەوە دەدات کە زۆربەی زۆری ئەو یاسایانە لە هەرێمی کوردستان "لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیان پەرلەمانی کوردستان لە قۆناخە جیا جیاکاندا هەمواری کردوونەتەوە". بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو یاسانە و ئەو چاکسازیانە کرد کە لەبواری باجدا کراون. کەمال وەرتی، باسی باجی کۆمپانیاکانی کرد و وتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی زۆر باج لەسەر کۆمپانیاکان دەسەپێنین، باجی کۆمپانیا 15٪ـە لە قازانج وەردەگیرێت، کە ئەوەش کەمترین رێژەیە لە عێراق بەراورد بە هەموو دونیا". کەمال وەرتی دەڵێت: "ئەگەر هاتوو کۆمپانیایەک راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەشکرد و دەسەڵاتی دارایی راپۆرتەکەی رەتکردەوە، ئەوکاتە کێشەکە لێرە دەستپێدەکات. لەبەر ئەوەی هەرێمی کودستان سەرخان و ژێرخانی لە رووی داتا‌و زانیاری و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زانیاری لە ئاستێکی پێشکەوتوو و تۆکمە رێکوپێکدا نەبووە، بە ئاسانی باجدەران خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە و قازانجەکانیان ناخەنەڕوو. بۆیە بەپێی ماددە 26 لە یاسای باجی دەخل راستەوخۆ پەنا دەبردرێتە بەر خەمڵاندن، سیستەمی خەمڵاندنیش سەرکەوتوو نابێت، چونکە لەسەر بنەمای داتا و زانیاری نییە". بە وتەی کەمال وەرتی گەورەترین گرفتی ئەوان ئێستا لە سێکتەری باج کە دووچاری بوونەتەوە "بابەتی نەگەیشتنە بە داهاتی راستەقینەی باجدەر، چونکە لە هەر دامودەزگایەکی حکومی پرسیار دەکەی.. زانیاری لەسەر ئەو کۆمپانیایە نییە". بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە سوپاسەوە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە بۆ دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەو ئاریشە و کێشانە زاڵ ببین و بەمەش لەمە بەدوا کار بە خەمڵاندن ناکرێت، راستەوخۆ لەسەر راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکان دەڕۆین". کەمال وەرتی ئاماژە بەوەش دەدات کە لە ساڵانی رابردوو کۆمپانیاکان "فێڵییان" لە حکومەت کردووە و بە "کارەساتی زۆر گەورە" ناوی دەبێت و دەشڵێت: " کۆمپانیا هەبووە بە ترلیۆن دینار ئیشی کردووەو بە سەتان ملیار دینار قازانجی کردووە، کەچی گوتوویەتی 10 ساڵ لەسەر یەک زەرەرم کردووە". بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان "سەرووی 95٪ی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بودجەی ساڵانەیان کە پێشکەشکردووە، هەمووی وەهمی بووە". کەمال وەرتی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە "لەگەڵ ژمێرکارەکان و پارێزەران و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان لایەنە پەیوەندیدارەکان دانیشتووین، ئەو بەرنامەیەی حکومەتمان لە نزیکەوە پێ راگەیاندون، بە زووترین کات هەرکەسێک لەمە بەدوا فێڵ بکات.. رێکاری یاسایی تووندی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر. لەسەر فێڵکردنیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کۆمپانیا سزادراون، بە سەتان کۆمپانیا دراونەتە دادگە". کەمال وەرتی هۆکاری زیادبوونی داهاتی باج بۆ گرتنەبەری رێکارەکان دەگەڕێنێتەوە نەک زیادکردنی باج و دەشڵێت: "رێژەی باج لە قازانج هەروەکو خۆیەتی کە 15٪ـە، بەڵام رێکار و میکانزمەکان تووندوتۆڵ و تۆکمەکراون، هەموو ئەو رێکارانەش وایانکردووە کە داهاتی باجی کۆمپانیاکان زیاد ببێت". کەمال وەرتی ئاماژە بەوەش دەدات، بەپێی یاسای ژمارە 113ی ساڵی 1982 باجی پیشەوەرانیش رێکخراوەو دەڵێت: " باجی پیشەوەرانیش لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی پیشەوەران رێکخراوەو، ئەوە نییە جیاوازی لەنێوان پیشەوەرێک و پیشەوەرێکی دیکەدا نەکرێت، بە سەتان پیشەوەر هەن یەک دنیاریش باج بە حکومەت نادەن، بۆ نموونە نانەواخانەیەک خۆی و خێزانی بێت، خاوەنی نانانەواخانەکە یەک سەرچاوەی داهاتی هەبێت و 4 منداڵیشی هەبێت، ساڵانە حکومەت بە 6 ملیۆن دینار قازانجەکەی دەخەمڵێنێت، بەڵام لێخۆشبوونی یاسایی کاسبارەکە خۆی 2 ملیۆن و نیوە، خێزانی 2 ملیۆن و نیو، بۆ هەر منداڵکێک 300 هەزار لێخۆشبوونی هەیە، کەواتە 6 ملیۆن و 200 هەزار دینار حکومەت لێی خۆش دەبێت، کەواتە حکومەت قەرزداریشی دەبێتەوە". کەمال وەرتی دەڵێت: "بە دەیان هەزار پیشەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەک هەزار دیناریش باج بە حکومەت نادەن. سەرتاشخانەمان هەیە ساڵانە 8 هەزار دینار باجی بە حکومەت داوە، هەشە 2 ملیۆن دینار باجی داوە". سەبارەت بە داهاتی باج و جیاوازی ئەو داهاتەی لە باجدەران و باجی کۆمپانیاکان هەیە، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: " دهاتی 500 هەزار باجدەر لە سەرتاسەری کوردستان نەگەیشتووەتە 80 ملیار دینار، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکان زیاتر لە 500 ملیار دینار بووە. واتە 80٪ی داهات ئەوەی لە باج کۆکراوەتەوە هی کۆمپانیاکانە".
هاوڵاتی وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند:" پێیوانییە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا چەکی ئەتۆمی لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا بەکاربهێنێت". دەشڵێت: "چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان دەخەینە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە". وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت نیگەرانبین کە دەوڵەتێکی وەکو روسیا باوەڕی وایە کە یاساکان بۆ ئەوان نین"، دەشڵێت، دەبێت خۆیان ئامادەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش. بە وتەی واڵاس، هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا لەژێر گوشاردان و خۆیان رێکدەخەنەوە، "ئۆکرانیییەکان شەڕێکی زۆر سەخت دەکەن". وەزیرە بەریتانییەکە پێیوایە کە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا "هەڵسەنگاندنی هەڵە"ی کردووە لەوەی باوەڕی بەخۆی هێناوە گەلی ئۆکراینا چاوەڕوانی ئەوە بووبن ئازادبن لەدەست حکومەتی وڵاتەکەیان. وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەشڵێت، "دەبێت خۆمان ئامادەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دێتەپێش کە لەوانەیە بۆردوومانی بێبەزەییانەی شارەکان، پێشڕەویی زیاتری سەربازی و کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێبکەوێتەوە، ئەوەش ترسناکە".