هاوڵاتی سەركی ئەمریكا بە بەهای هاوكاری سەربازی دەگەیەنێتە ئۆكرانیا ئەوەش دوای ئەوە دێت كە سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند:" لە ئۆکراینا دەمێنێتەوە و پێویستی بە چەکە". سەرۆکی ئەمریکا نووسراوێکی واژۆکردووە لەبارەی دابینکردنی هاوکاریی بەپەلەی چەک بۆ ئۆكرانیا کە بەهاکەی تاوەکو 600 ملیۆن دۆلار بێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆكرانیا. نووسراوەکە ئاڕاستەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاوەکو 250 ملیۆن دۆلار بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بەندێکی یاسایی بۆ ئۆكرانیا بنێرێت. نزیکەی 350 ملیۆن دۆلاریش بۆ خزمەتگوزارییە سەربازییەکان، مەشق و راهێنان بە سەربازانی ئۆكرانیی دابین بکرێت. پێشتر سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆكرانیا کردبوو کە وڵاتەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتبووی کە لە ئۆكرانیا دەمێنێتەوە و پێویستی بە چەکە. لە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممەوە سەرۆكی روسیا ئۆپەراسۆنێكی سەربایی بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا دەستپێكردووە و تائێستاش بەردەوامە. لەكاتێكدا شەڕ و پێکدادانەکان تا دێت زیاتر دەبن و رووسیاش دەڵێت، چووەتە پایتەختی وڵاتەکە، بەڵام ئۆکراینا رەتی دەکاتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند:" دادگا دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن". نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بانگەوازێک بۆ هەموو ئەوانەی خەمخۆری عێراق، ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی دەوڵەت و شکۆی دەوڵەتن، ئەگەر مامەڵە پێشێلکارەکانی دەستوور و یاساکان پرۆسەی سیاسییان لاوازکردووە و ئاسایشی نیشتمانییان شڵەژاندووە، ئەوا بەشەکەی دیکەی هێز و شکۆی دەوڵەت کە ماوە لاواز مەکەن، ئەوەش لە رێگەی پێشێلکردنی شکۆی دادگا و زێدەڕۆیی بۆ سەر دەسەڵات و ئەرکەکانی، چونکە دادگا دوا گەرەنتییە کە دەبێت هەمووان بیپارێزن و ملکەچی بن." سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوەش دەکات: "دەبێت حکومەت مامەڵەیەکی وەها نەکات ببێتە هۆی لاوازکردنی دادگا و لە متمانەکردن بە دادگە کەمبکاتەوە. هەروەها دەبێ دادگا ئەرکی خۆی بوێرانە و یەکلاکەرەوانە ئەنجامبدات، لە هەمان کاتدا دەبێت دادگا رێگربێت لە هەموو سەرپێچییەک بەرامبەر بڕیارەکان و هەڵوێستەکانی و ئەوانەشی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر یاسا و دەستوور سزا بدات." ئەم داوایەی نووری مالیکی دوای رۆژێک هات لە گەمارۆدانی سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوە لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا لەلایەن هێزێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق. بەو هۆیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دوێنێ پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد لە رووداوی گەمارۆدانی سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە لە ناوچەی کەرخ لەلایەن ئەو هێزە سەربازییەوە بکۆڵێتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی سوریا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی روسیا قسەی کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی سەر ئۆكرانیا دەربڕی. سەرۆکایەتی سووریا ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرۆک باسیان لە دۆخی ئۆكرانیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی رووسیا کردووە." وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ناوچەی دۆنباس دەستیپێکراوە. سەرۆکایەتی سووریا دەڵێت، "بەشار ئەسەد جەختی لەوە کردەوە کە سووریا شانبەشانی رووسیا دەبێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنچینەیەی کە هەڵوێستێکی راست و دروستی هەیە." پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان رووسیا و سووریادا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە رووسیا رێگەی نەداوە هیچ پڕۆژە بڕیارێکی تووند دژی حکومەتی سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربچێت. لە ساڵی 2015یشدا رووسیا لە رێگەی سەربازییەوە یارمەتیدانی سوپای سووریای دەستپێکرد و ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی حکومەتی سووریا بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە شەوی رابردووەوە وەك نارەزاییەك بۆ شەڕی نێ,ان روسیا و ئۆكرانیا لە زۆربەی شارەكانی روسیا خەڵكی لەسەر شەقامەكان خپیشاندان دەەكن و داوای كۆتایی هاتنی جەنگ دەكەن، نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت:"ئەو کارە پێشێلی تەواوی مافی ئازادی رادەربڕینە." راڤینا شامداسانی، وتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "پۆلیسی رووسیا زیاتر لە هەزار و 800 کەس لە خۆپێشاندەرانی دژ بە شەڕی رووسیا لە ئۆكرانیا ی دەستگیرکردوون و مافەکانیان لە ئازادی رادەربڕین زەوتکردوون." لە راپۆرتێکیدا کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤی سوێسرادا پێشکێشی کرد، شامداسانی رایگەیاند: "پۆلیسی رووسیا بە شێوەیەکی دڕندانە سەتان کەس لە خۆپێشاندەرانی دژ بە شەڕی رووسیای لە ئۆكرانیا دەستگیرکردوون، هەروەها گوتیشی، " زانیارییەکانی بەردەستمان پێمان دەڵێن کە رووسیا زیاتر لە هەزار و 800 خۆپێشاندەری دەستگیرکردووە." نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی رووسیا دەکات و دەڵێت: "ئەو کارە دڕندانەی کە دژ بەو خۆپێشاندەرانە ئەنجامیان داوە پێشێلی دیاری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانەی خەڵک و بێبەشکردنی ناڕەوای خەڵکە لە ئازادییەکانیان."
هاوڵاتی دوای ئەوەی سەرۆكی روسیا و ئۆكرانیا ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ گفتوگۆ كردن و رێككەوتن بە شێوەی ئاشتیانە، سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:" ئامادەین کەشی گفتوگۆ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا دروستبکەین". ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند، ئەوان ئامادەن کەشی گفتوگۆ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا دروستبکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا وتی، بە تەنیا لە بەردەم هێرشی رووسیا بەجێهێڵراون و رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپی گرت کە لە سەپاندنی سزاکان بەسەر رووسیا و ناردنی پاڵپشتیی سەربازی بۆ ئۆکراینا، خێرا نەبوون. کۆشکی کرملین رایگەیاند، پوتن ئامادەیە بۆ گفتوگۆ وەفدێك بنێرێتە مینسک، پایتەختی بێلاڕووس. وەفدەکەش وەزیرانی بەرگری و دەرەوە لەخۆدەگرێت. لەكاتێ:دا بەیانی رۆژی پێنج شەممە، سەرۆكی روسیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا دەستپێكرو و نزیك دەبێتەوە لە دوو شەو و دوو رۆژ كە شەر بەردەوامە لەهەردوولا چەندین كەس كوژراون و كە هاوكات زیانێكی ماددی زۆر بەر هەردوو وڵات كەوتووە.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند:" یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا شکستیان هێناوە لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی رون و جددی بۆ ئەو دۆخەی ئێستا". رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ناتۆ و یەکێتی ئەوروپای بە شکستهێنانیان بەرامبەر داگیرکاریی رووسیا لە ئۆکراینا تۆمەتبارکرد و وتی، "شکستیان هێناوە لەوەی هەڵوێستێکی روونیان هەبێت". سەرۆک کۆماری تورکیا کە وڵاتەکەی ئەندامە لە رێکخراوی ناتۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە دەبوو رێکخراوی "ناتۆ هەنگاوێکی زۆر یەکلاکەرەوەی هەڵگرتایە". رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، "یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا شکستیان هێناوە لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی روون و جیددی بۆ ئەو دۆخەی ئێستا. ئەوان تەنیا ئامۆژگاریی زۆر دەدەنە ئۆكرانیا و هیچی دیکە ناکەن". تورکیا پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ رووسیا و ئۆكرانیا هەیە و خۆی بە نێوەندگیرێکی بێلایەن دەبینێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئۆكرانیا. لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتێکدایە بڕیارە ناتۆ کۆبوونەوەی لووتکە بەشێوەی ئۆنلاین لەسەر پرسی ئۆکراینا ئەنجامبدات و رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بگیرێتەبەر. دیپلۆماتکارێک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێزی ئاسمانی و دەریایی زیاتر دەکرێن لە ناوچەکانی هاوپەیمانەکانی ناتۆ. رەجەب تەیب ئەردۆغان هۆشداری لەوە دەدات کە "نابێت کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ ئامۆژگاری و سەرکۆنەکردن بێت"، هیواش دەخوازێت کە کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمڕۆی ناتۆ بە ئاراستەی بڕیارێکی "زۆر روون" بێت. رۆژی پێنجشەممە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 25 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 102 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. سوپاکانی رووسیا و ئۆکرایناش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی دەستکەوتەکانیان دەخەنەڕوو.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند:" "پوتن بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت بۆ داماڵینی چەک لە ئۆكرانیا و رێگەنەدان بە نازیبوونی ئۆكرانیا، بەو شێوەیەش لە ستەم بەدووردەبێت". رۆژی هەینی 25-02-2022 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆ رایگەیاند:" ڤلادیمیر "پوتن بڕیاریدا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت بۆ داماڵینی چەک لە ئۆكرانیا و رێگەنەدان بە نازیبوونی ئۆكرانیا، بەو شێوەیەش لە ستەم بەدووردەبێت؛ ئۆکرانییەکان خۆیان دەتوانن بەشێوەیەکی ئازاد بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن".
هاوڵاتی وەزیری دارایی فەرەنسا رایگەیاند:"دەمانەوێت سەرچاوەی داراییەکەی وشک بکەین". برونۆ لو-مارین، وەزیری دارایی فەرەنسا لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا "دەیەوێت هەموو پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و سیستەمی دارایی جیهان بپچڕێنێت.. دەمانەوێت رووسیا لەڕووی داراییەوە داببڕین.. دەمانەوێت سەرچاوەی داراییەکەی وشک بکەین". دوای راگەیاندنی سزاکانی بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆسەر رووسیا، برونۆ لو-مارین رایگەیاند، مۆسکۆ "هاوبەشێکی ئابووریی گرنگی پلەی دوو"ە بۆ فەرەنسا. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئۆكرانیاوە نرخی سەرچاوەکانی وزە بەرزبوونەتەوە، وەزیری دارایی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە، پاریس خەڵکی وڵاتەکەی لە هەر ئەگەرێکی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و سووتەمەنی دەپارێزێت؛ کە ئەوەش نیگەرانییەکی سەرەکیی ئەوروپا، چونکە زۆرینەی گازی سرووشتییەکەی لە رووسیاوە بەدەستدەهێنێت. کریستیان لیندنەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا دەڵێت، بانکەکانی رووسیایان پێشتر گەمارۆ داون و "مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیا وەستاوە". هەردوو وەزیرانی دارایی فەرەنسا و ئەڵمانیاش دەڵێن، پرسی پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان رووسیا و سیستمی دارایی جیهان لەسەر مێزی گفتوگۆیە.
هاوڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند: "لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین". داواش لە هەر دوو وڵات دەكات كێشەكان بە ئاشتی و دیالۆك چارەسەر بكەن و دەڵێت:" هەموو لایەنەکان دەبێت خۆیان بەدووربگرن لەوەی ببنە هۆی زیادبوونی تووندوتیژی". بزووتنەوەی تاڵیبان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی ئۆکراینا دەکات و نیگەرانین لە کەوتنەوەی قوربانیی مەدەنی. لە راگەیێندراوەکەیدا تاڵیبان داوای لە هەردوو لایەنی رووسیا و ئۆكرانیا کردووە "دان بە خۆیاندا بگرن"، ئاماژەی بەوەش کردووە "هەموو لایەنەکان دەبێت خۆیان بەدووربگرن لەوەی ببنە هۆی زیادبوونی تووندوتیژی". تاڵیبان داوای لە رووسیا وئۆكرانیا کردووە کە کێشەکەیان لەڕێگەی "دایەلۆگ و هۆکاری ئاشتییانە چارەسەر بکەن". هاوکات داوای لە لایەنەکانی بەشدار لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆكرانیا کردووە کە سەلامەتیی ژیانی قوتابیانی ئەفغانستان و کۆچبەران لە ئۆکراینا لەبەرچاو بگرن.
هاوڵاتی لەدوای كۆبونەوەیەكی شەش كاتژمێری یەكێتی ئەوروپا بریاریدا سزای نوی بەسەر روسیادا بسەپێنێت كە دیارترین ئەو سزایانە سزا داراییەكانن روسیا لە چونە ناو بازاڕی تایبەت بە مامەڵە بانکییەکانی رووسیا بیبەش دەكات. لەدوای كۆبونەەویەكی دورو درێژ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئۆرشۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: "یەکێتی ئەوروپا یەکگرتووە و سەرکردەکانی ئەوروپاش یەکگرتوون لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە دڕندە و ناڕەوایانەی کە رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کردوویەتی، ئێمە سزای سەرۆکایەتی رووسیا دەدەین و ئەو کۆمەڵە سزا قورسانەی کە سەرکردەکانی ئەوروپا پەسەندی کردن، بەڵگەن لەسەر ئەو سزادانە". سەبارەی بە کاریگەریی سزاکان لەسەر روسیا، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا وتی: "ئەو سزایانە گەورەترین کاریگەرییان بۆ سەر ئابووریی رووسیا و کەسانی دەستەبژێری ئەو وڵاتەدا دەبێت". ڤۆن دێرلاین راشیگەیاند: "ئەم کۆمەڵە سزایانە، سزای داراییش دەگرێتەوە، کە رووسیا لە چوونە نێو بازاڕە گرنگەکان بێبەش دەکات و ئەو وڵاتە لە 70٪ی بازاڕی تایبەت بە مامەڵە بانکییەکانی رووسیا و گەورە کۆمپانیاکانی حکومەت لەنێویشیاندا کەرتی سەربازییان کردووەتە ئامانج. سزاکان خەرجی قەرزەکانی رووسیا زیاتر دەکەن و هەڵاوسان زیاتر دەکات و بنەما پیشەسازییەکانی لەناو دەبات". هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکی ئۆكرانیا، گفتوگۆی خێرا و راشکاوانەم لەگەڵ سەرۆکی رووسیادا کرد تاوەکو لەلایەک داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکەی بهێنێت و هەروەها پێشنیازی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆكرانیای بۆ بکەم بەڵام بەوتەی ماکرۆن، هیچکام لەو هەوڵانەی فەڕەنسا سوودیان نەبوو، چونکە دەبینن کە رووسیا رێگەی شەڕی هەڵبژاردووە. جگە لەو ئەوروپا، ئەمریکاش کۆمەڵێک سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند و وتی، "پووتین خۆی ئەم شەڕەی هەڵبژاردووە و دەبێت خۆی و وڵاتەکەیشی بەرگەی ئەنجامەکانی بگرن."
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند بە فەرمانی سەرۆکی وڵات 7 هەزار سەرباز دەنێرێتە ئەڵمانیا. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی وڵات پێشنیازی ناردنی 7 هەزار سەرباز بۆ ئەڵمانیای پەسند کردووە؛ بەو جۆرەش کۆی سەربازانی ئەمریکی، کە لەم مانگەدا نێردراونەتە ئەوروپا، گەیشتووەتە 12 هەزار سەرباز. پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێكیدا رایگەیاند؛ ئەو 12 هەزار سەربازە یەکەی تایبەتی بەرپەرچدانەوەی لەخۆ گرتووە و بڕیاریشە لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا لە ئەمریکاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەون. ناردنی ئەو هێزانە، هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئیدارەی بایدن بە سەپاندنی کۆمەڵێك سزا بەسەر رووسیا بەهۆی هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆكرانیا، کە لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24ی شوباتی 2022 بە راگەیێندراوی پوتن، سەرۆکی روسیا دەستیپێكرد. هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا و چوونی هێزی روسیا لە چەند لایەکی خاکی ئەو وڵاتەوە، نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەران دەیەوێت بڕی 600 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئۆكرانیا بکات تاوەکو بەو پارەیە بتوانێت چەک بکڕێت و بەرگری لە خۆی بکات. پێلۆسی گوتیشی، جگە لەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کار لەسەر ئەوە دەکات هاوکاری مرۆیی بگەیێندرێنە ئۆكرانیا و نەهامەتی خەڵکی سڤیل کەم بکاتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆكرانیا رایگەیاند:" لە شەڕدا لە دژی روسیا "تەنیا جێهێڵدراون". درەنگانی شەوی رابردوو ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆكرانیا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بە گەلەکەیی راگەیاند، "ئێمە بە تەنیا جێهێڵدراوین بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتەکەمان" و شەڕی دژی روسیا. سەرۆکی ئۆكرانیا دەپرسێت "کێ ئامادەیە لەگەڵمان شەڕ بکات؟ هیچ کەسێک نابینم. کێ ئامادەیە گەرەنتیی بوونە ئەندامی ئۆكرانیا لە ناتۆ بکات؟ هەمووان دەترسن". زێلینسکی دەڵێت، 137 ئۆكرانیی لە هێزە سەربازییەکان و هاووڵاتیی مەدەنی لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیاوە بۆسەر وڵاتەکەی کوژراون و لانیکەم 316 کەسی دیکەش برینداربوون. سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت "گرووپە تێکدەرەکانی" رووسیا چوونەتە نێو کیێڤ-ی پایتەخت و داوا لە خەڵکی وڵاتەکەشی دەکات کە هۆشیاربن. زێلینسکی ئەوەشی خستەڕوو کە خۆی و خێزانەکەی لە ئۆکراینان و دەشڵێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە "ئامانجی ژمارە یەک"ی رووسیان. سەرۆکی ئۆکراینا جەخت لەوە دەکاتەوە کە رووسیا "دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئۆکراینا خاپوور بکات، ئەوەش لەڕێگەی کوشتنی سەرۆکی دەوڵەتەوە". هاوكات وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 25-02-2022 رووسیا دەستی بە هێرشێکی مووشەکیی "ترسناک" کردووە بۆسەر کیێڤ-ی پایتەختی وڵاتەکەی. دیمیترۆ کولیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە تویتەر رایگەیاندووە، "رووسیا دەستی بە هێرشێکی ترسناکی مووشەکی بۆسەر کیێڤ کردووە"
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند:" داهاتی ساڵی رابردووی هەناردەکردنی نەوتی زیاتر لە 83 ملیار دۆلار بووە". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی شوباتی2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داهاتی نەوتی ساڵی رابردوو و مانگی رابردووی بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، داهاتی ساڵی رابردووی وەزارەتەکە لە هەرناردەکردنی نەوت 83 ملیار و 973 ملیۆن و 290 هەزار دۆلار بووە. بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ساڵی رابردوو 99 ملیۆن و 286 هەزار و 78 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە، لەڕێگەی 29 کۆمپانیای جیهانیی جیاوازەوە فرۆشراوە کە داهاتەکەی هەشت ملیار و 322 ملیۆن و 679 هەزار دۆلار بووە بە گوێرەی ئامارێک کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بڵاوکراوەتەوە. لە کێڵگە نەوتییەکانی نێوڕاست و باشووی عێراق 96 ملیۆن و 430 هەزار و 596 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، هەروەها لە نەوتی کەرکووکیش دوو ملیۆن و 545 هەزار و 656 بەرمیل هەناردەکراوە. نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە 83 دۆلار و 82 سەنت فرۆشراوە.