هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوای یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار لە پارتی و یەكێتی دەكەن، تۆمەتباریان دەكەن بەوەی كە یەكلانەكردنەوەی دەست و پێیانى  بەستووە كە ناتوانن حكومەت پێكبهێنن. چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند:" داوایان لە هێزە كوردییەكان كردووە كە لەپێناو تەواوكردنی مافە دەستوورییەكانی دیكە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ و كار لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار بكەن. چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم سەركردە و سەرۆكی فراكسیۆنە سیاسییەكانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە:" داوا لە لایەنە كوردییەكان دەكەین كە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایبكەنەوە". هەروەها سەعد مەتڵەبی سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەو دانوستان‌و لەیەكتێگەیشتنانەی لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوو پارتی سەرەكیی كوردیی، (یەكێتی‌و پارتی)دا كراون، نەیگەیاندوونەتە ئاستی ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. مەتڵەبی راشیگەیاند:"بەردەوامی ناكۆكییەكانی یەكێتی‌و پارتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەقۆناغی داهاتوودا، وادەكات پڕۆسەی سیاسیی لەوڵاتدا زیاتر پەكیبكەوێت، نزیكترین سیناریۆ بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستەكە هەریەكە بەكاندیدی خۆیان بچنە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو سیناریۆی ساڵی 2018 دوبارەبێتەوە". هاوكات، جەودا غەزالی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند:" ئەوەی زیاتر دەست‌و پێی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەستووە بۆئەوەی نەتوانێت حكومەتی داهاتوو پێكبهێنێت، ئەو دانوستانانەیە كە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار ئەنجامیان دەدەن".  

هاوڵاتی لە گۆڕەپانی وەرخەلێی لە هەریمی ئاڤاشین و زاپ 16 سەربازی سوپاكەی ئەردۆغان كوژران كە یەكێكیان ئەفسەرێكی پلە باڵایە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)  بڵاویكردەوە كە لە چالاكی گۆڕەپانی وەرخەلێی سەر بە هەرێمی ئاڤاشیدا حەوت سەربازی تورك سزادراون و سەربازێكیش بریندار بووە و لەئێستادا شەڕی سەخت لە نێوان گەریلاكانی ئازادی كوردستان و داگیركەراندا بەردەوامە. هەروەها لەهەرێمی زاپ نۆ داگیركەری دیكەی سوپای تورك كە یەكیان ئەفسەری باڵایە كوژراون. هەپەگە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە سوپای تورك ٢١ جار چەكی كیمیایی و تەقەمەنییان بەكارهێناوە و 10 جار فرۆكەی شەركەرو 17 جاریش هەلیكۆپتەر بۆردومانی كردووە بێجگە لەوەی بۆردومان لەرێگەی كاتوێشاوە ئەنجامدراوە، بەڵام گەریلاكانی ئازادی كوردستان بە تیمی گەڕۆك گورزی قورسیان لە داگیركەران داوە.    

هاوڵاتی ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، سەرۆكی حكومەت پلەی ئەفسەرێكی لە عەمیدەوە بۆ لیوا بەرزكردووەتەوە بە نایاسایی.  باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كردوە، ئەوفەرمانبەرانەی كە بە كردار خزمەتیان كردوە خزمەتەكەیان بۆ هەژمار ناكرێت بەڵام كەسانێك خزمەتی چەند ساڵیان پێ دەبەخشرێت بەبێ گوێدانە یاسا، هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ ی پێشمەرگە پلە بەرزكردنەوەیان ڕاگیراوە لە ساڵەكانی ٢٠١٨ -٢٠١٩- ٢٠٢٠-٢٠٢١-٢٠٢٢ بەبیانوی نایاسای بونیان لەكاتێكدا هەمویان خزمەتی خۆیان بە كرداری جێبەجێ كردوە.  هەروەها نوسراوێكی بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت: ئەمە یەكێكە لەوپێشێلكاری و گەندەڵیانەی كابینەی بەناوچاكسازی، لیوا عیسا عزیز كە ساڵی ٢٠٢١ پلەكەی بەرز كراوەتەوە بۆ لیوا بەتایبەت نەك لەگەڵ خشتەی هاودەورەكانی پلەی لیوا، بۆ فەریق پێویستە شەش ساڵ خزمەتی كرداری هەبێت واتا ناوبراو ساڵی ٢٠٢٧شایستەی فریقە بە بێ گوێدانە یاسا كراوە بە فەریق و سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە. ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: ئەمە تەنها یەك نمونەیە لەو چەندان نوسراوەی كە لەبەردەستمن  و بە نایاسایی كراون.

هاوڵاتی نوسراوێكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكرایەوە كە بڕیارێكی دژی كورد دەركردووە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دەڵێت:" بڕیارەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە"، نوێنەری یەكێتیش لەپەرلەمانی عێراق لەرێگەی وەزیری داد مستەفا كازمیان ئاگادار كردووەتەوە. بەپێی بۆچوونی فراكسیۆنی یەكێتی، بڕیارەكەی راكان سەعید شۆڤێنیانەیەو رێگەی پێنادەن" بڕیارەكەی راكان سەعید ئامانج لێی بێبەشكردنی ئەو خێزانە كوردانەیە كە خانووەكانیان لە كەركوك تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبون". ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەمموز، نوسراوەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكردەوە كە نوسراوەكە 3ی تەمموز واژۆكراوە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەروو كە "دوای ئەوەی نوسراوەكەمان بەدەست گەیشت، بۆ بێبەشكردنی ئەو خێزانە كوردانەی خانوەەكانیان تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبون، راستەوخۆ دەستتێوەردانمان كرد و ئەو نوسراوە هەڵوەشایەوە و بەهیچ شێوەیەك كاری پێناكرێت". هەروەها فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، رایگەیاند: "بڕیارەكەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك بڕیارێكی تەواو شۆڤێنیە و پێچەوانەی هەموو بنەماكانی پێكەوە ژیان و بنەما یاسایی و دەستوورییەكانە و دەبێت داوای لێبوردن بكات". هاوكات، نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن، هاوڵاتیانی شاری كەركوك دڵنیادەكەنەوە كە هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ڕەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت لای ئەوان رەتدەكرێتەوە و كاری پێناكرێت. نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە "دوای ئەوەی نوسراوێكی نایاسایی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكرایەوە لەبارەی جەردكردنی كارتی نیشتەجێبون و فۆڕمی خۆراك و بەستنەوەی بە شوێنی نیشتەجێ بون یان كرێنیشینی لەخانوێكی تاپۆوە ئەمڕۆ وەك نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبوینەوە و بڕیارەكەمان هەڵوەشاندەوە چونكە پێمانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە". "سوپاسی حاكم سالار عبدولستار وەزیری دادی عێراق دەكەین كە دوای پەیوەندیكردنی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی كارپێنەكردنی بڕیارەكە دڵنیایی كردینەوە"، فراكسیۆنی یەكێتی وا دەڵێن.  

هاوڵاتی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا پەیامێك بۆ موقتەدا سەدر دەنێرێت كە حكومەتی داهاتوو خزمەتگوزار دەبێت و هیچ لایەنێك پەراوێزناخرێت. نوری مالكی كە خاوەنی 39 كورسی پەرلەمانە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەموزی 2022، لەتویتێكدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە هیچ لایەنێك پەراوێز ناخرێت و حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی خزمەتگوزار دەبێت. پەیامەكەی مالكی لەم كاتەدا كە دانوساندن بۆ پێكهێنانی حكومەت لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان چڕ بووتەوەو باس لەسێ كاندید دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە پێكهاتوون لە(محەمەد شیاع سودانی، نوری مالكی، حەیدەر عەبادی) دوای كشانەوەی 73 پەرلەمانتارەكەی موقتەدا سەدر و شوێنگرتنەوەی 64 ئەندامی نوێی پەرلەمان، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ترسیان لە موقتەدا سەدر هەیە كە پێشتر رایگەیاندبوو لە نوێژی هەینی دوای جەژن، نوێژی یەكریزی كۆمەڵ ئەنجام بدەن، ئەوەش لای چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە "تەقینەوەی جەماوەر" وەسف دەكرێت كە جارێكی دیكە سەدر لەرێگەی خۆپیشاندانی ملیۆنییەوە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو پەك بخات.   

هاوڵاتی كتێبی "نەوشیروان مستەفا ئەمین - بیبلیۆگرافیای كتێب و پێڕستی لە كتێبی كوردیدا ١٩٧١-٢٠٢١" ئەمڕۆ لە كتێبخانەی گشتی سلێمانی بڵاو دەكرێتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەموزی 2022، كاتژمێڕ (04:00)ی ئێوارە لە كتێبخانەی گشتیی سلێمانی لە هۆڵی خاك، بە چاودێریی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی مەراسیمێك بۆ كتێبی "نەوشیروان مستەفا ئەمین - بیبلیۆگرافیای كتێب و پێڕستی لە كتێبی كوردیدا ١٩٧١-٢٠٢١"، رێكبخرێت. كتێبەكە، 242 لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگیی پێوانە 17 بە 24 سانتیمەترە و هەریەك لە بوار نوورەدین و جەماوەر ئەحمەد ئامادەیان كردووە و لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا پێداچونەوەی پێكردووە"لە مەراسیمەكەدا، كتێبەكە بە دیاری پێشكەش بە ئامادەبوان دەكرێت".  

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون‌و پێشتر لەلایەن هاتوچۆوە ڕەتكراونەتەوەو تۆمارنەكراون، لەئێستادا تۆمار دەكرێن. لەنوسراوێكدا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەركرد، كە كێشەیان هەیەو هاتوونەتە ناو هەرێمی كوردستان‌و سەرباری ئەوەی بڕوانامەی COCیان پێدراوە، بەڵام تائێستا تۆمارنەكراون. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ لەنوسراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی كێشەیان هەیەو هاتوونەتە ناو هەرێم‌و بڕوانامەی COCیان پێدراوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی‌و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە سەرجەمیان تۆماردەكرێن". هاوكات ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە"تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە لەهەرێمی كوردستان تۆمارناكرێن، كە (ژێرئاو كەوتوو، بڕاوەو سوتاو)ن".  

هاوڵاتی به‌پێى فه‌رمانێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم، بڕیاردرا به‌گۆڕینى به‌ڕێوه‌به‌رى هاتوچۆى سلێمانى له‌لیوا خۆشه‌ویست جه‌مال بۆ عه‌مید عومه‌ر نامیق.

هاوڵاتی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە كە  پێداچونەوەی زمانەوانی بۆ وانەی پەروەردەی ئیسلامی دەكەن و دەشڵێت:" لەهیچ كتێبێك نییە باس لەوەكرابێت كە لەناو ئەو پرۆگرامە بە پێغەمبەر نەوترێت درودی خوای لەسەربێت". ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: "بەهیچ قوتابخانەیەك نەوتراوە پەروەردەی ئیسلامی نەخوێنرێت و دەستكاری ئەو وانەیە نەكراوە". هەروەها راشیگەیاند:" پێداچونەوەی زمانەوانی بۆ ئەو وانەیە دەكەین، بەڵام لەهیچ كتێبێك نییە باس لەوەكرابێت كە لەناو ئەو پرۆگرامە بە پێغەمبەر نەوترێت درودی خوای لەسەربێت".  وەزیری پەروەردە جەختیكردەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە بڵاوكراونەتەوە "ناڕاستن".  

هاوڵاتی رێژەی هەڵاوسان لە توركیا بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبووەتەوەو لە 25 ساڵی رابردوو هاوشێوەی نەبووە بێجگە لەدابەزینێكی زۆری بەهای لیرەی توركی بەرانبەر دۆلار، پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەردۆغان و حكومەتەكەی بە شكستخواردوو وەسف دەكەن كە سیستمێكی خراپی دارایی و ئابووری وڵات بەرێوەدەبەن. بە پێی داتای دەزگای ئاماری توركیا رێژەی هەڵاوسان لە مانگی حوزەیران لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ سەدا 78.62% بەرزبووەتەوەو لەسەر ئاستی مانگانە رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە مانگی ئایار بە رێژەی سەدا 4.95 %بەرزبووەتەوە. سەرەڕای بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر پلانەكەی بە دابەزاندنی نرخی سوو بەردەوامەو سەرۆكی توركیا دەڵێت لە رێگەی سیاسەتەكەی پاڵپشتی لە بەرهەمهێنان و هەناردە و رەخساندنی هەلی كار دەكەن. لە لایەكی دیكەوە بەهای لیرەی توركی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ ئاستی 16.37 لیرە بەرامبەر دۆلارێك دابەزی و سەدا 2.4ـی بەهاكەی لەدەستدا. لە دەستپێكی ئەمساڵیشەوە لە ئاستی 13.31 لیرەوە بۆ 16.76 لیرە بەرامبەر دۆلارێك دابەزی، واتە سەدا 25ـی بەهاكەی لەدەستدا. پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و شارەزایانی ئابووری توركیا، ئەردۆغان و حكومەتەكەی بە شكستخواردوو وەسف دەكەن كە دۆخی دارایی و ئابووری بەرەو داروخان دەبات كە بەهای لیرەش بەرانبەر دۆلار زۆر دابەزیووە. بریارە ناوەراستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە توركیا ئەنجام بدرێت و لەئێستاوە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن كار لەسەر شكستی بەرێوەبردن و دۆخی ئابووری توركیا دەكەن و وەك كارتێكی بەهێز رووبەرووی پارتی(ئەكەپە)ی ئەردۆغانی دەكەنەوە.  

هاوڵاتی وەزیری تەندروستی ھەرێم ئاشكرای دەكات كە شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا لەجیھاندا دەستی پێكردووە. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، ''ھۆكاری زیادبونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لەھەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا لەھەموو جیھان بڵاوبووەتەوە، دو ڕێكار زۆر گرنگە ھاوڵاتیان بیانگرنەبەر؛ یەكەم، ئەگەر نیشانەكانیان ھەبو زو پشكنین بكەن‌و دووەم، ئەوانەی ڤاكسینیان لەخۆیان نەداوە، لەخۆیانی‌ بدەن.'' هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە 'لەوەزارەت لیژنەی باڵا چاودێریی دۆخەكە دەكات‌و ھۆشیارییش زۆر گرنگە بۆ ھاوڵاتیان كە ھەستیان بەنیشانەكان كرد پشكنین بكەن و خۆیان لەخەڵك جیا بكەنەوەو لێكدوركەوتنەوە ھەبێت و ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن و خۆیان بپارێزن.'' وەزیری تەندروستی ڕێنمایی هاوڵاتیان دەكات‌و دەلێت، ''ئەوانەی توشدەبن لەماڵەوە بمێننەوەو ئەگەر دەوامیان ھەبێت مۆڵەتیان پێ دەدرێت، گرنگیشە ھەركەسێك سێ ژەم ڤاكسین لەخۆی بدات.'' بەپێی ئاماری‌ ڕۆژانەی‌ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەماوەی 24 كاتژمێری‌ رابردودا دوو هەزارو 747 پشكنینی نوێ ئەنجامدراون‌و 577 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون‌و 93 توشبوش چاكبونەتەوە و هیچ كەسێك گیانی لەدەست نەداوە.  

هاوڵاتی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتگیریی ووڵاتەكەی لە كوردستان بۆ سەرۆكی هەرێم دووپاتدەكاتەوە. باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردووەتەوە.  هاوكات، لە تویتێكدا، بەشی كاروباری رۆژهەڵاتی نزیكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نووسیویەتی، باربارا لیف "جەختی لە پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستانێكی بەهێز وەكو بەشێك لە عێراقێكی یەكگرتوو، خۆشگوزەران و دیموكراسی كردەوە."  لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باربارا لیف تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراقیان كردووە.  هاوكات باربارا بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە كە هیواخوازە بتوانێت بەمنزیكانە سەردانی هەولێر بكات.  

هاوڵاتی سوپای توركیا لە هەرێمەكانی زاب و ئاڤاشین لە پەلەقاژێدایەو 23ی سەربازی دیكەیان كوژران. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: ئەمڕۆ 3ی تەموزی 2022 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە لە چالاكی گەریلاكانی ئازادی كوردستان بێوەستان لە بارۆدۆخێكی سەختدا بە فیداكاریەكی گەورەوە بەردەوامە، لەدژی داگیركەران كوردستان دەپارێزن و گورزی گەورە لە دوژمن دەدەن. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە چالاكی گەریلاكانی ئازادی كوردستان بێوەستان لە بارۆدۆخێكی سەختدا بە فیداكاریەكی گەورەوە بەردەوامە، لەدژی داگیركەران خاكی پیرۆزی كوردستان دەپارێزن و گورزی گەورە لە دوژمن دەدەن. لە ئەنجامی چالاكیە كاریگەریەكانی تیمە گەڕۆكەكانمان، ٢٣ داگیركەر سزادران و ٣ داگیركەر برینداركران. سوپای داگیركەری تورك ١٧ جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بۆردوومانی كردووە. هەر لەو ماوەیەدا داگیركەران ١٢ جار بە فڕۆكە، ١٥ جار بە هەلیكۆپتەری جەنگی و بە دەیان جاریش بە تۆپ هەرێمەكانی پاراستنی میدیای بۆردوومان ك  

هاوڵاتی ئاسۆ فەرەیدون پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێ:"تەوێڵە ناوەندی بڕیاری سیاسییە، چاوەڕێی سوپرایز بن". ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێكدا نوسیویەتی:"تەوێڵە ناوەندی بڕیاری سیاسییە كە گوندێكی نایابە لە جوانیدا لە باكوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە". ئەوەش بەبیردەهێنێتەوە كە پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراق لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا لە كتێبەكەیدا باسی كردووە، كە تەوێڵە شاهیدی چەندین دیداری نێوان جەلال تاڵەبانی‌ و قاسم سولەیمانی بووە. ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت:" ئێستا دەیان ساڵ تێپەڕبووە بۆ ئەوەی لە هەمان شوێندا جێنشینەكانیان كۆببنەوە‌ و بڕیاری گرنگ بدرێت و سوپرایزەكە دوای جەژنە." هەفتەی رابردوو جەمیل هەورامی بەرپرسی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان چەند وێنەیەكی خۆی و بافڵ تاڵەبانی بڵاوكردەوە و لە میدیاكانیشدا وا باس كرا كە بافڵ تاڵەبانی لە باخەكەی جەمیل هەورامی لە تەوێڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا كۆبووەتەوە كە جێگری ئیسماعیل قائانییەو بە ئەسڵ كوردەو خەڵكی كرماشانە.

هاوڵاتی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران تا ئێستا سێ كاندید ناویان دەهێندرێت و بەهێزترینیان "نوری مالكی"یە و ئەوەش ئەوەندەی دیكە سەدر تورە دەكات. پاش كشانەوەی فراكسیۆنە 73 كورسییەكەی موقتەدا سەدر و پڕكردنەوەی 64 كورسیان لەلایەن حزب و پارتە سیاسییەكان، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان  هێشتا لە كێشەی قوڵدان تایبەت بە كاندیدی سەرۆك وەزیران. نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا وەك یەكەم كاندید ناوی دەهێندرێت كە فراكسیۆنەكەی بووەتە خاوەنی 39 كورسی پەرلەمان و بەهێزترین كوتلەی سیاسی هەیە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، بەڵام لایەنەكانی دیكە ترسیان لە موقتەدا سەدر هەیە كە بەهۆی بوونی مالكی بە سەرۆكی حكومەت، سەدر لایەنگرانی هانبدات و حكومەت تەنگەتاو بكات و شكست بهێنن، هەرچەندە ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ پارتەكەی مالكی هەڵكردووە كە بكرێتە كاندید و هەوڵیشی بۆ دەدات تا لایەنەكانی دیكەش ئۆكەی بدەن. مەحەمەد سەیهود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ لەبارەی كاندید كردنی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافەكەیانەوە كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدات و كۆتا بڕیاری خۆیان دەدەن". هەروەها راشیگەیاند:" كەسایەتی نوری مالیكی سەرجەم پێوەرەكانی كەسایەتی بوون بە سەرۆك وەزیرانی تێدایە و كاندیدی دەوڵەتی یاسایە بۆ ئەو پۆستە....قۆناغی داهاتوو قورسدەبێت، نوری مالیكیش هەموو ئەو پێوەرانەی تێدایە كە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر رایگەیاندبوو كە پێویستە لە كەسایەتی كەسی كاندید كراودا هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران". بێجگە نوری مالكی هەریەك لە ئەمریكاو بەریتانیا پاش بێ ئومێدبوونیان لە موقتەدا سەدر، ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان حەیدەر عەبادی كاندید بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، هەرچەندە كوتلەكەی بەهاوپەیمانی لەگەڵ عەمار حەكیم تەنها 12 كورسیان هەیە. ناوهێنانی عەبادی بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران لەنێو بەشێك لە لایەنەكانی شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی دەكرێت كە توانی سەركەوتووبێت بەسەر داعش داو لەسەردەمی عەبادی موسڵ رزگار كراوە، بەڵام ئێرانییەكان تێبینیان لەسەری هەیە. بێجگە لە مالكی و عەبادی، باسی محەمەد شیاع سودانی دەكرێت كە خاوەنی سێ كورسی پەرلەمانییەو لەكابینەكانی پێشتری حكومەتدا وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بووە، بەڵام پشتیوانی ناوخۆیی كەمە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندا و سونەكان پشتگیری دەكەن و بەكەسێكی گونجاوی دەزانن بەراورد بە مالكی و حەیدەر عەبادی. بێجگە لەناوهێنانی ئەو سێ كاندیدە بەشێك لە لایەنەكانی نێوچوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كردووە كە كاندیدیان پێشكەش بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و بەڵێنیان پێداون كە پشتیوانی دەكەن، بەو پێیەی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان ژمارەیان نزیكەی 45 پەرلەمانتارە. دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر، رێگا لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی كرایەوە تا بەشێوەیەكی بەرفراوانتر دەست بە گفتوگۆكانی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە لەگەڵ لایەنەكان دەست پێبكات، بەڵام كاندیدبوونی مالكی بۆ سەرۆك وەزیران وەك چاودێرانی سیاسی عێراق دەڵێن ئەوەندەی دیكە سەدر تورە دەكات، بەو پێیەی كشانەوەی سەدرییەكان بەهۆی ناكۆكییەكانیان بووە لەگەڵ نوری مالكی كە مێژووەكەی بۆ چەند ساڵێك بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە.