هاوڵاتى سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان رایگەیاند:"ئەو سەردەمە تێپەڕی كەسێك یان لایەنێك بیەوێت بە سۆشیاڵمیدیا وڵاتێك بنیادبنێت و خەڵك چەواشە بكات". قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک گەنج لەسلێمانی کۆبووەوە و باسی لەوەشکرد، "هیچ كەسێك پێویست ناكات دڵەڕاوكێی هەبێت، چونكە هیچ مەترسییەك لەسەر هیچ شار و ماڵێك نیە، ئەو مەترسییانەشی لەسەر هەرێمی كوردستان هەن پەیوەندی بەوەوە هەیە هەندێك هێز و لایەن لە بەغداد دەیانەوێت دەستووری عێراق هەمواربكەنەوە، یان لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان كورد دەربكەن". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێك كەس هەیە لەبەرئەوەی دەسەڵاتیان نیە، دەیەوێت دۆخەكە بشێوێنێ، یان دەیەوێت هەمووشتێك سفربكاتەوە، هەشە ڕاگەیاندن بەكاردەهێنێت، بەڵام جەخت دەکەینەوە لەوەی ئەو سەردەمە تێپەڕی كەسێك یان لایەنێك بیەوێت بە سۆشیاڵمیدیا وڵاتێك بنیادبنێت و خەڵك چەواشە بكات و خەڵك بێزارە لە سیاسەتی پۆپۆلیستی". لەبارەی هەلی كاریش قوباد تاڵەبانی وتی، "كارمان لەسەر ئامادەكردنی ڕەشنوسێك كردووە بۆ گرەنتیكردنی كارمەندی كەرتی تایبەت، لە پاراستنی كارەكەیان، بۆیە ئەگەر بێت و ڕەشنووسەكە لە پەرلەمانەوە ببێتە یاسا ئەوكات خەڵك كەمتر ڕوو لەحكومەت دەكات و زیاتر بەڕووی كەرتی تایبەت دەچن".
هاوڵاتى ئێوارەی ئەمڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان دوای سەردانێكی فەرمی چوار ڕۆژە بۆ بەریتانیا گهڕايهوه ههرێمى كوردستان. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دواى سهردانێكى فهرميى چهند ڕۆژهى نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان بۆ لهندهن و كۆبوونهوه لهگهڵ بۆريس جۆنسۆن سهرۆك وهزيرانى بهريتانيا، ئێوارهى ئهمڕۆ شهممه 2021/9/18 گهڕايهوه ههرێمى كوردستان. نێچيرڤان بارزانى له سهردانهكهيدا بۆ بەریتانیا لهگهڵ ههريهك له سهرۆكى ئهنجومهنى لۆردان، وهزيرانى دهرهوه، بهرگرى، هێزه چهكدارهكان و پهروهردهى بهريتانيا و له پهراوێزى سهردانهكهشدا لهگهڵ شێخ محهمهد بن زايد جێنشينى ئهبوزهبى و جێگرى فهرماندهى گشتيى هێزه چهكدارهكانى ئيمارات و سهرۆكى ئهنجومهنى ڕاپهڕاندنى ميرنشينى ئهبوزهبى كۆبووهوه. سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، له كۆبوونهوهكاندا برهودان به پهيوهندييهكان و بوارهكانى هاريكارى و دۆخى عيراق و ههرێمى كوردستان و دوايين پێشهات و پهرهسهندنهكانى ناوچهكه تاوتوێ كراون و بيرورايان لهبارهيهوه ئاڵوگۆڕ كراوە. لەماوەی چوار ڕۆژی مانەوەی نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لە بەریتانیا زیاتر لە 10 كۆبونەوەی فەرمی ئەنجامداوە. كۆبونەوەكانی لەگەڵ هەر یەك بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە و سهرۆكى ئهنجوومهنى لۆردان، وهزيرانى دهرهوه، بهرگرى و هێزه چهكدارهكان و پهروهردهى بهريتانيا کۆبووەوە. له پهراوێزى سهردانهكهشدا لهگهڵ محهممهد بن زايد، جێنشينى ئهبوزهبى و جێگرى فهرماندهى گشتيى هێزه چهكدارهكانى ئيمارات و سهرۆكى ئهنجوومهنى راپهڕاندنى ميرنشينى ئهبوزهبى و هاوکات لەگەڵ جۆن مێجهر، سياسهتمهدار و سهرۆكوهزيرانى پێشووترى بهريتانيا و گرووپى پهرلهمانتارانى دۆستى كوردستان له پهرلهمانى بهريتانياكۆبووهوه .
شاناز حەسەن وتەبێژی كەشناسی هەرێمی كوردستان ڕایگهیاند: " كۆتایی ئەم هەفتەیە کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنک و لە باکوری رۆژھەڵاتی ئەوروپاوە روو دەكاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بۆ سەرەتای هەفتە ببێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرما". دەڵێت:" لەدوای ئەم هەفتەیەشەوە دوبارە پلەكانی گەرما چەند پلەیەك بەرزدەبنەوە". ئەژی چەتۆ، وتەبێژی كەشناسی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:" كۆتایی ئەم هەفتەیە کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنک و لە باکوری رۆژھەڵاتی ئەوروپاوە روو دەكاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بۆ سەرەتای هەفتە ببێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرما واتە بە جیاوازی پلەیەك یان دوو پلە وەك خۆی دەمێنێتەوە". بەم شێوەیەش پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم لەماوەی رۆژانی ھەینی و شەمەدا نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٣١ تا ٣٣ پلەی سیلیزی و لەناوچەکانی سنوری گەرمیاندا کە ئێستا پلەکانی گەرما بە زۆری لەنێوان ٣٨ بۆ ٣٩ پلەی سیلیزیدایە لە رۆژی شەممەدا کاریگەری ئەو بارستە ھەوا فێنکە کاردەکاتە سەر ئەم سنورەش و پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٣٤ تا ٣٥ پلەی سیلیزی ھەست بە فێنکتربوونی زیاتری کەش و ھەوا دەکرێت لەناوچەکەدا و کەشی شەوانەش بەھەمان شێوە ساردتر ئەبێت لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا . وتەبێژی كەشناسی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕونكردەوە: بەتایبەت لە ناوچە سونریەكان پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و دەگاتە 25 پلەی سیلیزی و بەڵام لەهەفتەاكنی داهاتوودا دوبارە پلەی گەرما دوو تا سێ بەرز دەبێتەوە دەگاتە 37پلەی سیلیزی. ئەژی چەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەتایبەت مانگی ئەیلوول و ئەم وەرزە بە ئەوە ناسراوە بەگشتی پلەی گەرما دوو پلە بەرز دەبێتەوە و هەندێك جار دوو پلە دادەبەزێت.بەگشتی لەنێوان 33بۆ 37 پلە دەبێت. وتەبێژی كەشناسی هەرێمی كوردستان لەبارەی باران بارینەوە جەختی لەوەكردەوە پێشبینی باران بارین ناكرێت لە ئێستادا چونكە خۆی لەخریدا ئەستەمە. لەبارەی پلەكانی گەرماشەوە بە گشتی وتی:" ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت، تەنیا لەماوەی 22 مانگ پەلە هەوری بەرز بە سەر ئاسمانی دهۆكەوە دروست دەبێت. باران بارینی لێ چاوەرێناكرێت".
هاوڵاتى جێگرى سهرۆكى پهرلهمانى كوردستان رایگەیاند:" داوا لە ھەموو چاودێرە نێودەوڵەتیەکان دەکەن کە تیمی چاودێکردنیان پێش ھەڵبژاردن، لەکاتی ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش فراوانتر بکەن لە تەواوی عێراق، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی بەوردی چاودێری بەڕێووەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن. هێمن ههورامى لەگەڵ ڤیولا ڤۆن کرامۆن ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی تیمی چاودێری یەکێتی ئەوروپا بۆ ھەڵبژاردنی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، پێویسته ھەڵبژاردنێکی گشتگیر و ئازاد و شەفاف و دوور لەهەر جۆرە ساختەکارییەک ئهنجام بدرێت، بۆیە داوا لە ھەموو چاودێرە نێودەوڵەتیەکان دەکەن کە تیمی چاودێکردنیان فراوانتر بکەن لە تەواوی عێراقدا، پێش ھەڵبژاردن و لەکاتی ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان بەوردی و چاوکراوەییەوە چاودێری بەڕێووەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن. ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویسته ئەو ئاوارە و پەنابەرانە کە لەبەر دۆخی سیاسی و مەترسیەکانی داعش لەناوچەکانی خۆیان ناتوانن بەئازادی دەنگ بدەن كهشێكى ئارامیان بۆ فهراههم بكرێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکوک و دەشتی نەینەوا و شەنگال. بەگوێرەی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 7-7-2021ەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردوە و تا رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) بەردەوام دەبێت. بڕیارە 10ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆتایی ئامادەکاریەکاندایە بۆ ئەو پڕۆسەیە. کۆمیسیۆن دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیداوە 130 چاودێر رەوانە بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، هاوکات یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە 100 چاودێر رەوانە بکات، هەروەها کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی بۆ 51 وڵات و 25 رێکخراو ناردووە بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردن بکەن.
هاوڵاتى یەکێتیی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێڕیی پرۆسەى ئامادەکارىی و هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراقى دەکات، هەر بۆ ئەو مەبەستەیش ٨٠ چاودێری ڕەوانەی عێراق دەکات. ڤیۆلا ڤۆن کارمۆن نێردەى یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسییدا، بۆ چاودێڕیی هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئاماژەى بەوەکرد، کە ئەمڕۆ کۆتایی بەسەردانەکەى دەهێنێت بۆ کوردستان، کە لە بەغداوە هاتووە و نێردەى یەکێتیی ئەوروپایە بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانى عێراق. نێردەى یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە بە ڕووداوێکى مێژوویی دەزانین، ئێمەیش وەک یەکێتیی ئەوروپا بەتەواوى چاودێریی هەموو پرۆسەى دەنگدان دەکەین، لەوانەش پرۆسەى ئامادەکارىی، دواتر دەنگدان، سندوقەکانى دەنگدان، لیستى دەنکدەران، چاودێرانى دەنگدان و چەندان لایەنى دیکەش. لایەنى ئاسایشى کە یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانى پرۆسەى دەنگدان، زۆر جەختى لێوەکراوەتەوە، چونکە ئەوە دەنگدەرانن بڕیار دەدەن بۆ دیاریکردنى نوێنەرانیانن و دەبێ ئەوان دڵنیابن لە سەلامەتىی گیانى خۆیان. ئەو، وتیشى ئێمە لێرەین (لە عێراق)، تا چاودێریی هەڵبژاردنەکان بکەین، دواتر هەڵى دەسەنگێنین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەست وەرنادەینە پرۆسەکە، بەڵکو سەربەخۆین وتەنها چاودێریی دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین کە دەنگدان مافى عێراقییەکانە، بەپێی ئەو میتۆدانەى کە بەدەست یەکێتیی ئەوروپا هاتوون، ئەوە تەنها پرۆسەى دیموکراسیی و بەڕێوەبردنە، ئێمە بەرلە هەڵبژاردن هاتووین و دواى هەڵبژاردنیش دەمێنینەوە، تا بەتەواوى هەڵسەنگاندن بکەین. ڤیۆلا، باسی لەوەشکرد کە ئەوان لە ڕێگەى ئەو چاودێڕانەى کە هەیە، چاودێریی پرۆسەى دەنگدانى عێراقییەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەى کە کار لەسەر چەند میتۆدێک دەکەن، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نادەن، لەوەى هەڵبژاردنێکى بێگەرد لە عێراق بەڕێوە بچێت. قسەی لەوەشکرد: بەڵکو ئێمە لە چوارچێوەى یاسایی، هەموو کارەکانمان ئەنجام دەدەین، کە چاودێڕیی، پرۆسەى ئامادەکارىی و بانگەشەى هەڵبژاردن، کارى میدیایی و چاودێریی دەنگدان، پرۆسەى جیاکردنەوەى دەنگەکان، دەرچوونى کاندیدەکانە، ١٢ کەسی پسپۆر و ٢٠ کەسی جێبەجێکار چاودێڕیی تەواوى پڕۆسەکە دەکات. ئەوانە هەموویان ماوەى درێژخایەن کاردەکەن و ٦٠ کەسی دیکە بۆ چاودێریی کورت دەگەنە عێراق، بە گشتیی یەکێتیی ئەوروپا ٨٠ چاودێڕی دەبێت. نێردەى یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە کە لە ١٢ى مانگى داهاتوو، دوو ڕۆژ دواى هەڵبژاردنەکان ڕاپۆرتى سەرەتایی خۆی پێشکەش دەکات، دواتریش ڕاپۆرتێکى فراوان بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنى ئەوروپا بەرز دەکاتەوە.
هاوڵاتى هەپەگە ڕایگەیاند:" لە هەرێمی ئاڤاشین دوو داگیرکەر سزادراون و لە هەرێمی مەتیناش هێلۆکۆپتەرێکی سوپای داگیرکەری تورک کراوەتە ئامانج. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژبە سوپای داگیرکەری تورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٢:٤٥ خولەکی دوانیوەڕۆ، هێزەکانمان لە گردی سلێمان لە هەرێمی ئاڤاشین داگیرکەرانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامیدا دوو داگیرکەر سزادران، سوپای داگیرکەری تورک دوای چالاکییەکە، کوژراوەکانی بە هێلیکۆپتەر دوور خستەوە. هەروەها هاتووە: ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:١٠ خولەکی شەو هێلیکۆپبتەرەکان ویستیان مەیدانەکانی هرور و کێستە بۆردوومان بکەن، گەریلاکانی یەژاستار لە دوو قوڵەوە هێلیکۆپتەرەکانیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا گورز لە هێلیکۆپتەرێک وەشێندرا و بە ناچار ناوچەکەیان جێهێشت. ئەمەش هاتووە: ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس مەیدانی بەرخۆدانی وەرخەلێیان تۆپباران کرد و لە شەودا ویستیان پێشڕەوی بکەن، لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزەکانمان، شەڕ ڕوویدا و بەرخۆدێران ڕێگەیان نەدا دوژمن پێشڕەویی بکات. ئاماژەش بەوەکراوە، کە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٣:١٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، مەیدانی کەفایا لە هەرێمی گارە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کراوە. لە بەردەوامیشدا هاتووە: ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٣:٠٠ بۆ ١١:٠٠ی شەو، فڕۆکە جەنگییەکان لە هێڵی قاشورای هەرێمی مەتینا سووڕانەوە، دەوروبەری گوندەکانی ئێدنە، دێشیش و سەرەاڕو، لە شارەدێی کانی ماسی سەربە ئامێدی و مەیدانی کۆردینە بە هێلیکۆپتەر و تۆپ کرانە ئامانج. لە کۆتاییش هاتووە: ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٣:٣٠ بۆ ٠٣:٤٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، مەیدانەکانی کارگەر و ساجا لە هەرێمی زاپ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کرا.
شاناز حەسەن ئەندامێكی تیمی کوردستانی عێراقی cptی ئەمریكی رایگەیاند یەكێك لە زیندانیانی بادینان بە ناوی ئەیاز کەرەم كە ماوەی 12ڕۆژە مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە باری تەندروستی ناجێگیرە و " خەریكە چاوەكانی ڕۆشنایی لەدەست دەدەن". رێكخراوی تیمی کوردستانی عێراقی cptی ئەمریكی داوا دەكەن هەموو تۆمەتەكان هەڵبوەشێنرێنەوە و كەیسەكانیان بەتەواوی چارەسەربكرێت دادگا یەكی دادپەروەرانە بكرێن. ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی cptی ئەمریكی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" لەدوێنێوە ئاگادارین باری تەندرستی ئەیاز كەرەم تێكچووە، بەهۆی مانگرتنەكەوە چاوی كز بووە و دوێنێ ئێوارە لە هۆش خۆی چووە و لەئێستادا لەلایەن تیمێكی پزیشكیەوە چاودێری دەكرێت". كامەران عوسمان وتیشی:" ئەیاز كەرەم تائێستا لە مانگرتنەكەی بەردەوامە و نەیشكاندووە". ئەمەش لەكاتێكدایە ئەیاز كەرەم ئەمە سێیەم جارە مانگرتن ڕادەگەیەنێت. زیندانیانی چاكسازیانی گەورانیش چوار كەسی دیكەیان لەمانگرتن بەردەوامن و ئەندامی ئەو ڕێكخراوە وتی:" ئەمڕۆ هیچ پەیوەندیەكمان نەبووە و ئاگاداریان نین، لەهەوڵداین تا لە بارودۆخیان بزانین". ئەم ئەندامی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد تەواوی رێكخراوە نێودەوڵەتی و جیهانیەكان و كۆنسوڵخانەكانیان لە دۆخی زیندانیانی بادینان ئاگادار كردۆتەوە و وتی:" بەردەوام دەبین، وەك هەمیشە چاودێری بارودۆخ و دادگایكردنەكانیان دەبین". كامەران عوسمان، جەختی لەوەشكردەوە تۆرێكی جیهانی و نێودەوڵەتی گەورەیان پێكهێناوە لەسەر ئەم كەیسانە و لەهەوڵەكانیان بەردەوامن تا بە تەواوی "تۆمەت و سزاكانیان" هەڵدەوەشێنرێتەوە بەردەوام دەبن. ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد هەوڵیان داوە هەفتەی داهاتوو كەسوكاری زیندانیەكان سەردانیان بكەن و دواتر وەك رێكخراوەكە بچنە سەردانیان و لە بارودۆخیان ئاگادار بنەوە. لەئێستادا زیاتر لە 80 زیندانی هەولێر و دهۆك بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە چاكسازی گەورانی هەولێرن كە تەنها 11 كەس لەوانە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و كەیسەكانیان گەیشتووە بە دادگا. لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ لای لایەنە حكومیەكان و بەرپرسەكانی هەرێم ئەم ئەندامە وتی:"لەئێستادا پێنج راپۆرت و 7 بەیاننامەمان دەركردووە و روی دەممان لەحكومەتی هەرێم بووە پێش هەموو كەس، بەڵام بۆ ئەو پێنج زیندانیەی بادینان و قارەمان شوكری كە لەئێستادا رێكاری یاساییان تەواو بووە، هەموو شتە یاساییەكان تەواو بووە تەنیا لێبوردنی گشتی سەرۆكی هەرێم ماوە، بۆیە ئێمەش بەوە دڵشاد نین كە داوای لیبوردنی گشتیان بۆبكرێت بەڵكو پێویستە هەموو تۆمەتەكان هەڵبوەشێنرێنەوە و كەیسەكانیان بەتەواوی چارەسەربكرێت و داوای دادگایی دادپەروەرانە دەكەین". هاوكات کۆمیتەی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان و ئەوروپا رایگەیاند:" مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە مەترسیدارترین قوناغ و داوای بەھاناوەچون دەکەن ماوەی ١٢ رۆژە بە دروشمی "یان مردن یان ماف و ئازادی" ٨٢ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لە زیندان دەستیان کردوە بە مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و لەئێستادا دۆخیان مەترسیدارە". ئێستا ٨٢ زیندانی بادینان کە ٧٧یان زیاتر لە ساڵێکە بێ دادگایی لە زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر و چاکسازی گەورانن، لەئێستادا لەسەر مانگرتن بەردەوامن، دۆخی تەندورستی بەشێکیان زۆر خراپە و داوای مافە سەرەتاییەکان و ئازادبوونیان دەکەن. لە ھەمان کاتدا داوا لە ڕای گشتی، رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکان، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکەن بە ھانایانەوە بچن. لەڕۆژی 6ی ئەم مانگەوە، هەریەك لەمەسعود عەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارگەر عەباس عەلی، شێروان تەها ئەمین، چالاکوانانی دەستگیرکراوی بادینان مانگرتن تا مردنیان دەستپێکردوەو بەدوای ئەوانیشدا بەگشتیی 82 ڕۆژنامەنوسو چالاکوانی بادینان دەستیان بەمانگرتن لەخواردن کردوە.
هاوڵاتى بەكر فەتاح، نوێنەری ھەمیشەیی عێراق لەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نەمسا، بەجێگری سەرۆكی كۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵبژێردرا. بەكر فەتاح كە لەسەر پشكی یەكێتی نوێنەری ھەمیشەیی عێراقە لەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نەمسا، بە كۆی دەنگ وەك جێگری سەرۆكی كۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ھەڵبژێردرا. ساڵی ٢٠١٣ كرا بە باڵیۆزی عێراق لە سوید، دواتر وەكو باڵیۆز لە بەڕازیل دیاریكراوە. بەكر فەتاح برای عومەر فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە.
هاوڵاتى لە ئەفغانستان زنجیرەیەك تەقینەوە شارەكانی جەلالئاباد و كابوڵیان هەژاند، بەهۆیانەوە نزیكەی 20 كەس بوونە قوربانی. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە نەخۆشخانەی جەلالئابادەوە وەرگیراون، لە سێ ناوچەی جیاوازی ئەو شارە سێ تەقینەوەی یەك لە دوای یەك روویانداوە و لە ئاكامدا دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ كەسی دیكەش برینداربوون كە لە نێویاندا منداڵ و چەكدارانی تاڵیبان هەن. بەوتەی شایەتحاڵەكان لە تەقینەوەكاندا ئۆتۆمبێلەكانی تاڵیبان كراونەتە ئامانج و سێ كەسیش لە تەقینەوەكاندا گیانیان لەدەستداوە. لە لایەكی دیكەشەوە سەرچاوە ناوخۆییەكانی ئەفغانستان باس لە روودانی تەقینەوەیەك دەكەن لە رۆژئاوای كابوڵ كە تیایدا دوو كەس برینداربوون. تا ئێستاش هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی خۆی لە تەقینەوەكان رانەگەیاندووە.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگهیاند: " 634 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون و لەو ماوەدا 13 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 1412 تووشبووی پێشووش چاکبوونەتەوە. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 كاتژمێری رابردوودا شەش هەزار و 732 پشکنین کراون، ئەنجامی پشکنینی 634 کەس پۆزەتیڤ بوون.
هاوڵاتى باڵیۆزى ئێران لهعێراق پهیامێك ئاراستهى خهڵكى وڵاتهكهییو زیارهتكاران دهكات، هۆشداریش دهدات لەبارەی هاتنەناوەوەی ئێرانییەکان لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق، دهشڵێت:"ئەوکەسانەی لەڕێگهی سنورەکانی کوردستانەوە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لەچلەی ئیمام حسێن بێنە عێراق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانهوه دەستبەسەردەکرێن". ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەعێراق ڕایگەیاند، "پێویستە سەرجەم گەشتیاران لەڕێی ئاسمانییەوە بچنە عێراقو بەمشێوەیە ڕێککەوتن لەنێوان عێراقو ئێراندا کراوە". وتیشى:"هیوادارین زیارەتکارانی چلە، لەڕێی سنوری کوردستانەوە سهردانى عێراق نهكهنو لهڕێگهى ئاسمانیهوه ئهوكاره بكهن". مەسجدی هۆشداریشیدا لەبارەی هاتنەناوەوەی ئێرانییەکان لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراقو وتی:"ئەوکەسانەی لەڕێگهی سنورەکانی کوردستانەوە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لەچلەی ئیمام حسێن بێنە عێراق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانهوه دەستبەسەردەکرێنو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".
هاوڵاتى ئەنگێلا مێرکل دوای 16 ساڵ لە راوێژکاریەتی ئەڵمانیا، ئامادەکاری دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات دەکات. مێرکل لە هامبۆرگ لەدایکبووە، لە تێمپلنی برادینبێرگی ئەو دەمەی ئەڵمانیای رۆژهەڵات گەورە بوو؛ گەورەبوون لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەو سەردەمەدا تاڕادەیەک خاڵێکی لاواز بوو. رالف بۆلمان، نووسەری ژیاننامەی مێرکل دەڵێت، "هەموو ئەو پیاوانەی کە خەڵکی ئەڵمانیای رۆژئاوا بوون و ئەندامی پارتی کریستیان دیموکرات بوون، بە راستی پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد ژنێك لە تەمەنی 35 ساڵی کە لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە هاتووە بەرەو ئەوە بڕوات کە ببێتە سەرۆکی پارتەکە و دواتریش راوێژکاری ئەڵمانیا، بەڵام مێرکل زۆرجار سوودی لە کەم هەڵسەنگاندکردنەکەی بینیوە". لە ساڵی 2000 مێرکڵ بووە سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات و لە 2005 بووە راوێژکاری ئەڵمانیا. دوای سێ ساڵ قەیرانی دارایی جیهانیی سەریهەڵدا و یۆنان لە لێواری داڕمانیی تەواودا بوو. یەکێتیی ئەوروپا لەژێر کاریگەریی مێرکل پەیڕەوکردنی سیاسەتی سکهەڵگوشینی بەسەر یۆنانی سەپاند وەک مەرجی وەرگرتنی قەرز. یارمەتییەکە قۆناخ بە قۆناخ باری ئابووریی یۆنانی باش کرد. مێرکل بە بڕیاردەری یەکلاییکەرەوە ناسراوە؛ لە ساڵی 2011 و لە دوای کارەساتی وێستگەی ئەتۆمیی فوکوشیمای ژاپۆن، بڕیاریدا بە داخستنی 8 لە 17 وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەڵمانیا. ئەو دەمەی کە زۆربەی ئەوروپییەکان خۆیان لە قەرەی قەیرانی ئۆکراینا و رووسیا نەدەدا، مێرکل بە جیددی قۆڵی بۆ هەڵماڵی. هەر بەو نەفەسە و لە ریسکێکی سیاسیی دیکە دا، لە 2015دا دەرگەی ئەڵمانیای بە رووی زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر کردەوە. ئەنەس، پەنابەرێکی سوورییە و خوێندکاری پەیوەندییەکانە لە زانکۆی بەرلین دەڵێت، "خاتوو مێرکل ئەو دەرمانەیە کە ژیانی بۆ ناخم گەڕاندەوە، دەرفەتی هاتنمی بۆ ئەم وڵاتە و هەستکردن بە ئارامی پێدام؛ ئەو ئاسایشی پێ بەخشیم. مێرکل بۆ من بەهێزترین ژنی ئەم جیهانەیە". ژنە بەهێزەکەی جیهان لە ساڵی 2017دا و جارێكی دیکە و بۆ چوارەمین خول بە راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە. بەڵام دوای یەک ساڵ، بڕیارێكی دیکەی بێ پاشگەزبوونەوەی دا ئەمجارە تایبەت بە ژیانی سیاسیی خۆی بوو. ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "پێموایە دەبێت ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و پێویستە لەو بارەیەوە بڕیارێكی نوێی خۆمتان پێ رابگەیێنم؛ من خۆم بۆ سەرۆکایەتیی پارتی کریستیان دیموکرات بەربژێر ناکەمەوە، هەروەها چوارەمین خولی راوێژکاریم دوایین خول دەبێت و لە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا نامێنمەوە". لە دوا راپرسی کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کراوە، دەرکەوتووە دوو لەسەر سێی ئەڵمانییەکان لە کاری مێرکل رازی بوون. مێرکلی تەمەن 67 ساڵ، زیاتر لە 16 ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و یەکەمین و گەنجترین ژن کە پۆستی راوێژکاری وڵاتەکە وەردەگرێت و زۆرترین کات لەو پۆستە دەمێنێتەوە، ئێستا ژماردنی پێچەوانەی دەسەڵاتە 16 ساڵییەکەی بە ویستی خۆی بەرەو کاژێر سفر دەڕوات و ئەڵمانیا و ئەوروپا لە سەردەمی گەورە ئاڵنگارییەکانی جیهان جێ دەهێڵێت.
هاوڵاتى سەرۆکی حكومهتی هەرێمی کوردستان ڕایگهیاند: "ئومێد دەخوازین هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە، دوور لە ساختەکاری و تووندوتیژی بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومهتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئەرکەکانی نێردەکە خستەڕوو کە ئامانجیان چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و جەختیشی کردەوە کە ئەرکی ئەوان تەنیا چاودێریکردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ناکەن. مەسرور بارزانیش وێڕای نرخاندنی رۆڵی گرنگیی یەکێتیی ئەوروپا لە چاودێریکردنی هەڵبژاردن، هيوای خواست کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە، دوور لە ساختەکاری و تووندوتیژی بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حكومهتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانيشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ نێردەی یەکێتي ئەوروپا دەربڕی. کۆمیسیۆن دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیداوە 130 چاودێر رەوانە بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، هاوکات یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە 100 چاودێر رەوانە بکات، هەروەها کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی بۆ 51 وڵات و 25 رێکخراو ناردووە بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردن بکەن.
هاوڵاتى ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی دوو ئەندامی پەکەکە لە سلێمانی رادەگەیێنێت. رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە سلێمانی تەقە لە دوو ئەندامی پەکەکە کرا، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا "پیلانەکە" ئاشکرا کراوە و تاوانباری سەرەکیی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیرکرا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبارەکە راپێچی دادگە کرا، تاوەكو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت"، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە دوو کردەوەکە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە بوون. ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دروستکراوە و لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کورستان و ئاژانسى پاراستن و زانيارى - زانيارى و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى دژەتيرۆر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی پێکهاتووە. رۆژی هەینی شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و کوژرا. هەروەها رۆژی پێنجشەممە تەقە لە ئەندامێکی پەکەکە بە ناوی فەرهاد باشقوندور کە تەمەنی 33 ساڵە و خەڵکی رووهایە لە باکووری کوردستانە، لەبەردەم دووکانەکەی خۆی تەقەی لێکرا و بریندار کرا.
هاوڵاتى مهحمود سهنگاوى ئهندامى مهكتهبى سیاسیی ڕایگهیاند: " وهكو دهوترێت حكومهت باوكى میلهته، بهڵام منیش دهڵێم باوكێكى خراپه، چونكه دهست پیسى ههیهو خراپهكاریی ههیه". ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 مهحمود سهنگاوى ئهندامى مهكتهبى سیاسیی لهكۆبونهوهیهكى جهماوهریدا لهسنورى گهرمیان ڕایگهیاند: "من ئهندامى مهكتهبى سیاسیم، بهرامبهر زۆرێك لهحزبهكان قسه دهكهمو دهمدرێژى دهكهم، ڕاستگۆیانه دهڵێم ئهو بهڵێنهى بهمیلهتهكهى خۆماندا وهكو خۆى جێبهجێمان نهكرد". ئهندامى مهكتهبى سیاسیی دهشڵێت:"من بۆخۆم ههتا بمێنم یهكێتیم، بشمرم دهڵێم بهئاڵا سهوزهكهى یهكێتیهوه بمنێژن، بهڵام ڕاستیهك ههیه ئهویش ئهوهیه خهڵك گلهیی لهحكومهتهكهو پارتىو یهكێتیش ههیه، ئهگهر لهبازاڕدا ڕاپرسیهك بكرێت لهبارهى حزبهكان، ئهوا بهدڵنیاییهوه زۆرینه دژمانهو لێمان ناڕازیه، وهكو دهوترێت حكومهت باوكى میلهته، بهڵام منیش دهڵێم باوكێكى خراپه، چونكه دهست پیسى ههیهو خراپهكاریی ههیه". مهحمود سهنگاوى زیاتر لهوبارهیهوه وتى:"ئهوانهى ئێستا حاكمن كهسیان ماندوو نهبون، نه ماڵى مام جهلالو نه ماڵى مهسعود بارزانیش كهسیان لهمهیدانهكهدا شههید نهبون، ئینكارى لهمام جهلالو هێرۆ خان ناكرێت كه قارهمان بونو خهباتیان كردوه، ههروهها ماڵى مهلا مستهفاش بهردهوامبون لهخهبات، ڕهنگه كارى خراپى زۆریشیان كردبێت، بهڵام كهسیان كوڕیان نهكوژراوه، ئازارى كوڕ كوشتنى خهڵكیان لهناخدا نییه، بۆیه بهو شێوهیه حاكمیهت دهكهن، ئومێدهوارین بهخۆیاندا بچنهوه". ئهندامهكهى مهكتهبى سیاسیی یهكێتى وتى:"تكایه بۆ پهرلهمانى عێراق واز لهسزادانى حزبه سیاسییهكان بێننو ئهو سزایه ههڵبگرن بۆ پهرلهمانى كوردستان، لهوێ سزایان بدهنو بۆیان بسهلمێنن كه ئهگهر جهماوهر نهبێت حزبه سیاسییهكان هیچ نین، چونكه لهبنهڕهتدا نابێت حزبى سیاسیی خاوهنى سامانو پاره بێت، حزبى سیاسیى دهبێت لهسهر ئابونه بژى، نهك ئهوهى ئێستا حزب خاوهنى ئهو ههموو پارهو سامانه بێت كه ئێستا ههیهتى".