نامۆ سەربەست بەپێی شیكردنەوەی ئەو وێنانەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەمانگە دەستكردەكانەوە وەریگرتووە، لەم چەند هەفتەیەی دوایدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەوتوترین سیستمی بەرگری موشەكی و باترییەكانی سیستمی پاتریۆتی لەشانشینی عەرەبیی سعودی كشاندووەتەوە، تەنانەت لە ئەو كاتانەشدا كە سعودیە رووبەڕووی هێرشی بەردەاوم دەبوەوە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە. دووبارە دابەشكردنەوەی بەرگرییەكان لەبنكەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لەدەرەوەی شاری ریازی پایتەختی سعودیە لەكاتێكدا بوو، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەوڵاتەكانی كەنداوی عەرەبی، بەدوودڵییەوە چاودێریی كشانەوە فەوزاوییەكەی هێزەكانی ئەمریكایان دەكرد لەئەفغانستان، لە نێویاندا ئەو كشانەوانەی لەدواساتەكاندا لەفڕۆكەخانەی كابولدا كران. لەكاتێكدا هێشتا دەیان هەزار سەربازی ئەمریكی لەهەموو بەشەكانی نیمچەدورگەی عەرەبیدان و وەك بارستاییەكی بەهێزن بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەبەرامبەر ئێراندا، بەڵام وڵاتە عەرەبیەكانی كەنداو دوودڵن سەبارەت بەپلانەكانی داهاتووی ویلاتە یەكگرتووەكان، كە هەست بەزیاتربوونی هەڕەشەكان دەكەن لەئاسیادا و ئەوەش وادەكات بوونی ئەو بەرگرییە موشەكییانە زۆر پێویست بێت. هەروەها گرژییەكان تائێستا زۆر توندن و پێدەچێت گفتوگۆ راگیراوەكانی ڤیەننا لەنێوان ئێران و هێزە جیهانییەكاندا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بەتەواوی لەناوبچێت و بە ئەوەش مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەداهاتوودا زیاتر دەبێت لەناوچەكەدا. رایس كریستیان ئۆلریشن، لێكۆڵەر لەپەیمانگای جەمیس بەیكەر بۆ سیاسەتی گشتی بە ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند:»بۆچوونەكان گرنگن، جا چ لەواقعێكی ساردەوە هاتبێتن یان نا، بۆچوونەكەش لە دیدی زۆر لەو كەسانەوە كە دەسەڵاتی بڕیار دروستكردنیان هەیە لەناوچەكەدا زۆر ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەكو جاران پابەند نییە بەرامبەر وڵاتانی كەنداو». ئۆلریشن راشیگەیاند:»لەدیدی سعودیەوە ئێستا وادەبینن كە ئۆباما و ترەمپ و بایدن – سێ سەرۆكی دوا بەیەكی ئەمریكا – بڕیاری ئەوتۆ دەدەن كەتاڕادەیەك ئاماژەیە بۆ دەستبەرداربوونە لێیان». بنكەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان كە نزیكەی 115 كیلۆمەتر لەباشوری رۆژهەڵاتی ریازەوە دوورە، لەساڵی 2019ەوە دوای ئەوەی بەموشەك و فڕۆكە هێرشكرایە سەر سەنتەری بەرهەمهێنانی نەوت (ئارامكۆ) لەشانشینی سعودیە، چەند هەزار سەربازێكی ئەمریكی تێدا جێگیر بوو. سەرەڕای ئەوەی ئەوكات حوسییەكان بەرپرسیارێتی خۆیان لەهێرشەكان راگەیاند، بەڵام بەپێی وتەی شارەزایان و ئەو پاشماوە مادەییانەی موشەك و فڕۆكەكان بەجێیانهێشتووە، پێدەچێت هێرشەكان ئێران كردبێتنی، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران لەمانۆڕێكی سەربازییدا، درۆنی هاوشێوەی بەكارهێنا، حكومەتی تاران رەتیكردەوە دەستی هەبێت لەو هێرشانەدا. لەباشوری خۆرئاوای مەدرەجی بنكە ئاسمانییەكەدا، ناوچەیەك هەیە رووبەرەكەی كیلۆمەترێكی چوارگۆشەیە. لەوێدا هێزە ئەمریكییەكان باتری موشەكەكانی پاتریۆت و یەكەی (تێرمیناڵ های ئەڵتیتیود ئێر دیفێنس Terminal High Altitude Air defense) یان داناوە كە سیستمێكی پێشكەوتووی بەرگری موشەكییەو بە پاد Thad ناودەبرێت. بەپێی ئەو وێنەیەی مانگە دەستكردەكان كەكۆمپانیای پلانت لابز دابینی كردووە، سیستمی بەرگریی موشەكیی Thad ی ئەمریكی دەتوانێت موشەكە بالیستییەكان لە بەرزاییەكی بەرزتر لەموشەكی پاتریۆت بتەقێنێتەوە، ئەو وێنانەشی لەكۆتایی مانگی ئابدا دەست ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس كەوتوون، دەریدەخەن كە وێڕای بوونی جوڵەی ئۆتۆمبێلەكان، بەڵام هەندێك لەپاترییەكانی سیستمی پاتریۆت لەناوچەكەدا نەماون. دواتریش رۆژی هەینی 10ی ئەیلول وێنە ئێچ دیەكانی پلانت لابز دەریخست كە ناوچەكە چۆڵكراوە لە باترییەكان و هیچ چالاكییەكی تێدا نەماوە. چەند مانگێكە دەنگۆی دووبارە بڵاوكردنەوەی موشەكەكان هەیە، بەشێكی بۆ ئەو ویستەی بەرپرسە ئەمریكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە (ململانێی زلهێزەكان) ناوی دەبەن لەگەڵ چین و روسیادا، كە ئاماژەكانی لەئاسۆوە دەركەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا كشانەوەكە لەكاتێكدایە كە حوسییەكان بەدرۆن هێرشیان كردەسەر سعودیە و هەشت كەس بریندار بوون و فڕۆكەیەكیش لەفڕۆكەخانەی ئەبهای سعودیە زیانی پێكەوت، ئەمە لەكاتێكدایە كە شانشینەكە لەئازاری 2005ەوە لە جەنگێكی تراجیدیدایە لەگەڵ حوسییەكاندا. سەبارەت بە كشانەوەی سیستمەكانی بەرگری، جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، دوای پرسیارلێكردنی لەلایەن ئەسۆشیەیتد پرێسەوە، دانی نا بەوەی:»هەندێك یەكەی بەرگریی دیاریكراو دووبارە بڵاوكراونەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان پارێزگاریی لەپابەندییەكی قوڵ و فراوان كردووە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا». هاوكات ئاشكراشیكرد:»وەزارەتی بەرگری دەیان هەزار سەربازی لەوێ هەیە، ئەوە سەرەڕای دۆخی سەربازیی پشتیوانیكراو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە نوێنەرایەتی هەندێك لەپێشكەوتوترین توانا ئاسمانی و دەریاییەكانمان دەكەن، ئەوانەش بۆ پشتیوانیكردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوبەشییە هەرێمایەتییەكانمان». لەبەیاننامەیەكیشدا كە وەزارەتی بەرگری سعودیە بۆ ئەسۆشیەیتد پرێسی نارد سەبارەت بەو بابەتە، وێڕای داننان بەكێشانەوەی سیستمی بەرگرییە موشەكییەكانی ئەمریكا، بەڵام پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا بە «بەهێز و مێژوویی و درێژخایەن» لەقەڵەمداو وتی سوپای سعودیە «دەتوانێت بەرگری لەخاكەكەی و دەریاكانی و ئاسمانەكانی بكات و گەلەكەی بپارێزێت». بەیاننامەكە ئەوەشی تێدا هاتبوو كە «دووبارە بڵاوكردنەوەی هەندێك لەتوانا بەرگرییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەناوچەكە، لەڕێی لێكتێگەیشتنی هاوبەش و دووبارە رێكخستنەوەی ستراتیجییە بەرگرییەكاندا بووە». وێڕای ئەو جەختكردنەوانە، شازادە توركی ئەلفەیسەڵ سەرۆكی پێشوی دەزگای هەواڵگریی سعودیە، كە زۆرجار لێدوانە ئاشكراكانی دەربڕی بیركردنەوە نهێنییەكانی خێزانی ئال سعودی دەسەڵاتدارە، ئۆپراسیۆنی دووبارە بڵاوكردنەوەی موشەكەكانی پاتریۆتی بەستەوە بەپەیوەندی نێوان واشنتۆن و ریازەوە. ئەو شازادەیە لەچاوپێكەوتنێكدا بەتۆڕی سی ئێن بی سی CNBC ئەمریكی راگەیاند:» ئێمە پێویستمان بەدڵنیاكردنەوە هەیە سەبارەت بە پابەندیی ئەمریكی، بۆ نموونە موشەكی پاتریۆتەكان نەكشێنێتەوە لەكاتێكدا سعودیە رووبەڕووی هێرشی موشەكی و هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەبێتەوە، نەك تەنیا لە یەمەنەوە، بەڵكو لە ئێرانیشەوە». بڕیاربوو لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا لەگەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەم رۆژانەی دواییدا كردی، بچێت بۆ سعودیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی پەنتاگۆن بەكێشەی جەدوەلی كاتەكانەوە ناویانبرد، سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە و نەچوو. دوای كشاندنەوەی بەرگرییە موشەكییەكانیش، سعودیە ئامادە نەبوو قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی ئۆستن بكات. لەلایەكی دیكەوە، شانشینی عەرەبی سعودی خۆی چەند باترییەكی پاترۆتی تایبەت بەخۆی هەیە و بۆ هەر ئامانجێك دوو موشەك دەتەقێنێت، بەڵام لەگەڵ هەڵمەتی حوسییەكاندا، تێچووەكەی زۆر زیاتر بووە، چونكە هەر موشەكێكی پاتریۆت نرخەكەی سێ ملیۆن دۆلارە. سعودیە دەشڵێت بەنزیكەیی هەموو ئەو موشەك و درۆنەكانی گیراونەتە شانشینەكە، خستوونیەتە خوارەوە، ئەوەش رێژەیەكی هێندە بەرزە شارەزاكان گومانیان لەڕاستییەكەی هەیە. لەمانگی نیساندا یۆنان رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەوەی باتریەكی پاتریۆت بەقەرز بداتە حكومەتی سعودیە تا بەكاری بهێنێت، بەڵام ئەوە بەتەنیا بەس نییە و لەئێستادا كشانەوەی ئەمریكییەكان دۆخێكی لێڵ و نادڵنیایی لەناوچەكەدا دروستكردووە، بەتایبەتی سەبارەت بەهەڵوێست و پلانەكانی داهاتوو، هەر بۆیە سعودیە و وڵاتانی تری كەنداو، هەنگاو دەنێن بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و دروستكردنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئێراندا، وەك پێشخان وەرگرتنێك بۆ ئەگەری پشتێكردنی ئەمریكا. لەو بارەیەشەوە كریستیان ئۆلریشن رایگەیاند:»پێم وایە لەلێدوانەكانی بایدندا سەبارەت بەئەفغانستان ئەو شێوازەمان بەئاشكرا بینی كە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەخاتە پێش هەموو شتێكەوە، ئاشكراشە ئەوە بێهیواییەكی لای هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەسەرتاسەری جیهاندا دروستكرد، كە هیوایان وابوو دوای ترەمپ شتێكی جیاواز دەبینن». هەروەها راشیگەیاند:»ئەوە بەتەواوی هاوشێوەی مەنهەجەكەی (لەپێشدا ئەمریكا)ی ترەمپە و تەنیا لەهجەكەی گۆڕاوە».
هاوڵاتى هاوپهیمانى نیشتمانى که ئارام قادر سهرۆکایهتى دهکات پشتیوانى لیستى هاوپهیمانى(یهکێتى، گۆران) دهکات و بریاره له کۆنگرهیهکى رۆژنامهوانیدا ئهمڕۆ رابگهیهندرێت. ئهمڕۆ پێنجشهممه 16ى ئهیلولى 2021، وهفدى باڵاى یهکێتى بهسهرۆکایهتى بافڵ تاڵهبانى له مهکتهبى سیاسى یهکێتى لهگهڵ وهفدى ھاوپهیمانى نیشتیمانى بهسهرۆکایهتى ئارام قادر کۆبوهوه. ئهمڕۆ پێنجشهممه هاوپهیمانى نیشتمانى پشتیوانى خۆى بۆ سهرخستنى لیستى ھاوپهیمانى کوردستان له ههڵبژاردنهکانى 10ى تشرینى یهکهم رادهگهیهنێت. بڕیاره 10ى تشرینى یهکهمى مانگى داهاتوو ههڵبژاردنى پێشوهختهى پهرلهمانى عێراق بهرێوه بچێت.
هاوڵاتى بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:" تائێستا 80%ی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری دراوەتەوە هاوڵاتیان و 20%ی کارتی دەنگدانیش لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ماون، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوە". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16 ئەیلولی 2021 ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی لیژنەی ئەمنی پارێزگا لەگەڵ نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا پێداویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەماهەنگی زیاتری کۆمسیۆن لەگەڵ فەرمانگەکانی پەروەردە، کارەبا، تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان تاوتوێ کران. ئامانج عەزیز ئەوەشی خستەڕو، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران دوای 24 کاتژمێر لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنرێت و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەهەردو پرۆسەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبێت. ئەوەشی خستەڕو، تائێستا 80%ی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری دراوەتەوە هاوڵاتیان و 20%ی کارتی دەنگدانیش لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ماون، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوە. باسی لەوەشكرد، تائێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەدەچێت و هیچ سکاڵایەکی هاوڵاتیان، لایەنەکان و کاندیدەکان لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارنەکراوە.
عەمار عەزیز رۆژانە فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی كەمپی مەخموردا دەسوڕێنەوەو سەرەڕای مەترسییەكانی داعش كە هێرشیان كردووەتەسەر گوندەكانی دەوروبەری مەخموور، سەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور دەڵێت:» ئێمە پێویستیمان بەپارویەكی ژیان نیە، تەنها دەمانەوێت شەرەف و كەرامەتی ئێمە پارێزراو بێت «. كەمپی پەنابەرانی قەزای مەخموری باشوری خورهەڵاتی موسڵ ، لانیكەم 12 هەزار كوردی باكوری كوردستانی تێدا نیشتەجێیە، دوای ئەوە لەنەوەكانی سەدەی رابوردوو بەهۆی ئۆپراسیۆنەكانی توركیاوە ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشت، كەمپەكەش لەلایەن حكومەتی عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان بەفەرمی تۆماركراوە. یوسف ئەمین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی كەمپی مەخمور، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» مانگانە هیچ هاوكارییەك لەلایەن رێكخراوەكان و یوئێن و حكومەتی عیراق بۆ خەڵكی كەمپەكە دابەشناكرێت ئەمەش دۆخی خەڵك سەختكردووە ، ئەوەی ئیشێكی هەیە لەناو كەمپ یاخود لەدەرەوە بژێویی ژیانی خۆی پێ دابیندەكات». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە مەترسی چەكدارانی داعش لەسەر كەمپەكەو دەوروبەری هەیە، هەرچەندە لەدوای رزگاركردنی پارێزگای نەینەوا تائێستا هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر كەمپەكە بەڵام مەترسی ماوەو كۆتایی نەهاتووە، لەشەڕی دژی داعش شەش هاووڵاتی سڤیلی كەمپەكە شەهیدكراون و نزیكەی 12 كەسیش برینداربوون. هەروەها یوسف ئەمین وتیشی:» دەزگا ئەمنیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو لیوایانەی لەسنوری قەزاكەن تاڕادەیەك دەمانپارێزن، بەڵام وەك پێویست نیەو توركیا چەندین جار بۆردومانی كەمپەكەی كردووە « كارگێڕی كەمپەكە لەلایەن خەڵكەوە سەرپەرشتی دەكرێت و نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی كەمپەكە دەكەن كە لەساڵی 1998وە ئەو كەمپە دروستكراوە»هێشتا رەزگەزنامەی عێراقیمان وەرنەگرتووە، تەنها ئیقامەی نیشتەجێبوونمان هەیە، ئێمە بێبەشین لە هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆیە داوا لە رێكخراوەكان و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەین هاوكاری دانیشتوانی كەمپی مەخمور بكەن»، یوسف ئەمین وای وت. سەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور دەڵێت:» تائێستا حەوت جار شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی باكوری كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان گۆڕدراوە ، ئێمە پێویستیمان بەپارویەكی ژیان نیە، تەنها دەمانەوێت شەرەف و كەرامەتمان پارێزراو بێت». بەدران پیرانی ، سەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی یوئێن ، خاچی سوری نێودەوڵەتی ، مانگانە ئەرزاقی وشك و چەند پێداویستیەكی تریان دابەشدەكرد، بەڵام دوای هاتنی داعش و كۆنتروڵكردنەوەی پارێزگای موسڵ لەدەست داعش كارگێڕی كەمپ نەماوە و بەغداو حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكان لەساڵی 2016 تائێستا هاوكارییەكانیان راگرتووە». هاوكات، پیرانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ماوەی پێنج ساڵە هیچ هاوكارییەك بەسەر پەنابەرانی كەمپەكەدا دابەش نەكراوە. بەدران پیرانی وتیشی :» رۆژانە داعش هێرش دەكاتەسەر گوندەكانی دەوروبەری مەخمورو چیای قەرەچۆغ ، پێش چەند رۆژێك بەهۆی هێرشێكی داعش بۆ سەر گوندێكی سنوری مەخمور چوار كەس لەسوپای عیراق كوژران و نزیكەی هەشت كەسیش برینداربوون، ئەمە ترسێكی گەورەی لای خەڵكی كەمپ دروستبووە كە لەناكاو داعش دووبارە هێرش بكاتەسەر كەمپی مەخمور، جگە لەمەش رۆژانە فرۆكەی بێفروكەوانی توركیا لەسەر ئەسمانی كەمپی مەخمور دەسوڕێنەوە». رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەفەرمی لە دووی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی تەرەتەی توركی رایگەیاند:» كەمپی مەخمور هاوشێوەی قەندیل جێی مەترسییە»، لەدوای ئەو قسانەی ئەردۆغانەوە، بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان توركیا چەندین جار بۆردومانی كەمپەكەی كردووەو چەندین هاووڵاتی سڤیلی باكوری كوردستان كە لەو كەمپەدا نیشتەجێن بوونەتە قوربانی. «بەرپرسیارێتی گیانی ئێمە لەئەستۆی بەغداو حكومەتی هەرێمە ، داوا لەیوئێن و وڵاتانی ئەوروپا دەكەین فشار لەسەر توركیا بكەن تاچیتر كەمپی مەخمور بۆردومان نەكات و خەڵك بەئاسایی و بەبێ ترس ژیانی خۆی بەڕێبكات « بەدران پیرانی وای وت. بەرپرسێكی پارتی لەمەخمور" دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لەمەخمور نەماوەو لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە" بەرپرسێكی پارتی لەمەخمور دەڵێت:» دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لەمەخمور نەماوەو لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە». عەبدوڵا تاهیر، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لەقەزای مەخمور لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەدوای 16ی ئوكتۆبەر قەزای مەخمورو دەوروبەری كەوتووەتە دەست هێزەكانی عێراقی و حەشدی شەعبی، دەسەتەڵاتی حكومەتی هەرێم لەو ناوچەیە نەماوە، ئێستا هیچ پەیوەندیمان بەكەمپی مەخمور نەماوە». ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە حكومەتی هەرێم پێشتر لەڕووی مرۆڤایەتی هاوكاری خەڵكی كەمپی مەخموری كردووە، وتیشی:»ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی باڵادەستن لەئەستوی حكومەتی عێراقە ، حكومەتی هەرێم و پارتی لێی بەرپرسیار نین».
هاوڵاتى سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە ئێوارەخوانێكدا لەگەڵ ژمارەی لە پەرلەمانتاری بەریتانیا كۆبوتەوە و پوختهیهكی دهربارهی دۆخ و پێشهاتهكانی ئێستای ههرێمی كوردستان و عێراق و ناوچهكه پێشكهش كرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16 ئەیلولی 2021 پێگەی سهرۆكایهتی ههرێمی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان لهگهڵ شاندێكی یاوهری له لهندهن له ئێوارهخوانێكدا لهگهڵ گروپی پهرلهمانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایهتیی كوردستان كۆبوهوه. بەپێی هەواڵی پێگەکە، له گفتوگۆیهكی كراوهدا نێچیرڤان بارزانی، پوختهیهكی دهربارهی دۆخ و پێشهاتهكانی ئێستای ههرێمی كوردستان و عێراق و ناوچهكه پێشكهش كرد، دید و بۆچوونی خۆی و ههرێمی كوردستانی بۆ چۆنیهتیی چارهسهركردنی كێشهكان و ههوڵ و ههنگاوهكان لهپێناو پاراستنی ئارامی و سهقامگیری له ناوچهكهدا خستهڕوو. سهرۆكی ههرێم راشیگهیاندوه، ههرێمی كوردستان وهك ههمیشه به فاكتهری ئارامی و سهقامگیری دهمێنێتهوه و ئامادهیه ههموو كێشهكانی لهگهڵ حكومهتی فیدراڵی عێراق به دیالۆگ و لهسهر بنهمای دهستوور چارهسهر بكات، ههروهها سوپاسی پشتگیریی گروپی پهرلهمانتارانی بەریتانیای بۆ دۆستایهتیی كوردستان و حكومهتی بهریتانیای بۆ ههرێمی كوردستان كرد. ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخ و پێشهاتهكانی ناوچهكه بهگشتی و چهند پرسێكی جێی بایهخی هاوبهش، تهوهرێكی دیكهی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوهری لهگهڵ گروپی پهرلهمانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایهتیی كوردستان بوون.
هاوڵاتى ئەمڕۆ وڵاتانی جیهان و ئەندام لە وڵاتە هاوپەیمانێتیەكان لوتكەی كۆبونەوەیەكی گشتگیر لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستان دەبەستن. دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، رووسیا و چین دەیانەوێت رۆڵی سەرەکیی لە پاراستنی ئاسایشی ئاسیای نێوەڕاست بگێڕن و نەهێڵن گرووپە چەکدارەکان لە ئەفغانستانەوە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکانی ناوچەکە دروستبکەن. لە کاتێکدا کە پاکستان دەڵێت، لە دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان، گرووپە چەکدارەکان لەسەر سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە جموجووڵ کردووە. موعید یوسف، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی پاکستان دەڵێت "ئێمە بە روونی گوتوومانە کە ئێمە ناتوانین هیچ کارێکی تیرۆریستی لە خاکی ئەفغانستانەوە قبووڵ بکەین و روونمانکردووەتەوە کە هیچ بەرژەوەندیێک لە رێگەپێدان بە روودانی ئەو شتە نییە. بۆیە ئێستا ئامانجمان ئەوەیە کە سنوور تووندوتۆڵبکەین و دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەو کەسانە وەکو رابردوو جموجوڵ بکەن." رێکخراوی پێکەوەکارکردنی شەنگهای کە چین سەرکردایەتیی دەکات لەگەڵ رێکخراوی پەیماننامەی ئاساییشی هاوبەش کە رووسیا سەرکردایەتیی دەکات دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا باس لە دۆخی ئەمنی، مرۆیی و ئابووریی ئەفغانستان بکەن. هەرچەندە ئەفغانستان یەکێکە لەو چوار وڵاتانەی کە لە رێکخراوی پێکەوەکارکردنی شەنگهایدا رۆڵی چاودێر دەگێڕن، بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت نەکراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی تائێستا دان بە حکومەتی تاڵیباندا نانرێت. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت "هیچ کەس نایەوێت پەلە لە دانپێدانان بە تاڵیباندا بکات. ئێمە هیچ مەرجێک بەسەر تاڵیباندا ناسەپێنین. ئەوان خۆیان ئامانجەکانی خۆیان داناون، لەنێویشیاندا پابەندبوون بەشەڕی دژی تیرۆر و بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر." فلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تاڵیبان سازش بۆ یەکدی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و بارودۆخی مرۆیی ئەفغانستان پێکەوە کاربکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چوار ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیی بەپەلەیان بە خۆراک هەیە و ئەگەر یارمەتیی پێویست نەگەیێنرێتە ئەو وڵاتە، ئەوا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 97٪ـی ئەفغانییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
هاوڵاتى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشانەوەی پەسندکردنی بەربژێر ئەشواق فەهد عەبود ئەلغرێری و سڕینەوەی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردن بەدەستی دەهێنێت، ئەویش بەهۆی ئەو سکاڵایانەی باس لەوە دەکەن کە ئەو بەربژێرە کارتی دەنگدانی کڕیوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16 ئەیلولی 2021 بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجوومەنی کۆمیساران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا بە هەڵوەشانەوەی پەسندکردنی بەربژێر ئەشواق فەهد عەبود ئەلغرێری و سڕینەوەی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردن بەدەستی دەهێنێت، ئەویش بەهۆی ئەو سکاڵایانەی باس لەوە دەکەن کە ئەو بەربژێرە کارتی دەنگدانی کڕیوە.. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دووپاتیدەکاتەوە، بڕیارەکە دەکرێت تانەی لێبدرێت لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لەماوەی سێ رۆژدا. دکتۆر ئەشواق فەهد عبود ئەلغرێریی، بەربژێری هاوپەیمانی عەزم-ە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر. بەربژێری ژمارە 70-یە لە بازنەی 17ی پارێزگای بەغدا. بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی داوە 130 چاودێر رەوانە بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنیداوە 100 چاودێر رەوانە بکات، هەروەها کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی بۆ 51 وڵات و 25 رێکخراو ناردووە بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردن بکەن.
هاوڵاتى وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند:" وەزیر بەڵێنی داوە بە درێژکردنەوەی ماوەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەکسی درێژبکاتەوە. رۆژی چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021 ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازیی لە نوێنەری سەندیکای کرێکاران و شۆفێرانی تەکسی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆژەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی "بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتیی شوفێری تەكسی و سەرنشینەكانە". بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، شۆفێرانی تەكسی داواکارییەکیان ئاراستەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن كردووە بۆ مەبەستی درێژكردنەوەی وادەی كۆتایی كە بڕیارە لە 1ی تشرینی دووەمی 2021 كۆتایی بێت و لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەوە كردووەتەوە، "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و خودی وەزیری ناوخۆ لەسەر هێڵن و ئەم پرسە بە هەند وەرگیراوە و بەڵێنی دا ماوەكەیان بۆ درێژبكاتەوە، تەنانەت سزای پێبژاردنەكەش دوادەخرێت"، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ماوەکە تاوەکو کەی درێژدەکرێتەوە. ئانۆ جەوهەر دڵنیایی داوەتە شوفێران کەوا "پاڵپشت بە یاسا هەموو هاوكارییەكیان دەكات"، راشیگەیاند، "شوفێران پێویستە پابەندبن بە لێدانی لۆگۆ و كارتی زانیاریی تەكسی بۆئەوەی دووچاری سزای یاسایی نەبنەوە". هاوکات نوێنەرانی شۆفێرانی تەکسی "بەڵێنیان دا کە جەخت لەسەر پرۆسەی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەکسی و دروستکردنی کارتی زانیاریی شۆفێر دەکەن".
هاوڵاتى بەرهەم ساڵح رایگەیاند:"ههڵبژاردنی ئهمجارهی عێراق چارهنوسساز و مێژوییه". لایەنەکان پهیماننامهی رهفتاری ههڵبژاردنیان واژۆ كرد لهپێناو پاراستنی پاكوبێگهردی دهنگدان و مسۆگهركردنی ههلی یهكسان بۆ كاندیدهكان. ئهمڕۆ چوارشهممه بەئامادەبوونی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سهركرده و نوێنهری هێز و لایهنه سیاسییهكان و سهرۆك و ئهندامانی كۆمیسۆنی ههڵبژاردنهكان و نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبەغدا بەڕێوەچوو و لایەنەکان پهیماننامهی رهفتاری ههڵبژاردنیان واژۆ كرد لهپێناو پاراستنی پاكوبێگهردی دهنگدان و مسۆگهركردنی ههلی یهكسان بۆ كاندیدهكان. بەرهەم ساڵح، سهرۆك كۆماری عێراق لەکۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، كه ههڵبژاردنی ئهمجارهی عێراق چارهنوسساز و مێژوییه، ههروهها بڕیارێكی نیشتمانی عێراقی له پشته كه به شێوهیهكی پێشوهخته ئهنجام بدرێت، تاوهكو تهنگژه سیاسییهكانی ئێستای وڵات تێپهرێنێت، هاوكات ئاماژهی بهوهشدا كه ئهم ههڵبژاردنه ههلێكی مێژوییه بۆ راستكردنهوهی پرۆسهی سیاسی عێراق و ههنگاونان روهو چاكسازییهكی راستهقینه كه خواست و ئیرادهی عێراقییهكان بۆ ژیانێكی شكۆمهندانه بهێنێتهدی. ئاماژهی بهوهكرد، پهیماننامهكه دوپاتدهكاتهوه لهگرنگی پاراستنی یاسا و رێسا دهستورییهكان و هێنانهئاراوهی ژینگهیهكی ئارام بۆ ههڵبژاردنهكان و ههلی یهكسان بۆ كاندیدهكان له ههڵبژاردهكاندا و زامنكردنی جێبهجێكردنی رێنماییهكانی كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكان و رێگریكردن له دیارده نهرێنییهكان كه كاریگهری بۆ سهر بڕیاری دهنگدهر ههیه، وهك بهكارهێنانی پارهی سیاسی و ترساندنی هاوڵاتییان و یاریكردن به دهنگدان و ساختهكاری. سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، پابهندبونی هێز و لایهنه سیاسییهكان بهو پهیماننامهیه پشكداری دهكات له باش بهڕێوهچونی پڕۆسهی ههڵبژاردنهكان، هاوكات ئهوهشی راگهیاند، "گهلی عێراق و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی به وردی چاودێری ههڵبژارنهكان دهكهن و ئێمهش هیواخوازین ئهو ئهركهی سهرشانمان به باشی جێبهجێ بكهین و ههڵبژاردنی ئایندهش ببێته نمونهیهكی جوانی دیموكراسی بۆ دهستاودهستكردنی ئاشتییانهی دهسهڵات". لهڕاگهیهندراوی کۆبوونەوەکەدا ئهوهش خراوهتهڕو، لای خۆشیانهوه ههریهك له سهركرده و نوێنهری هێز و لایهنه سیاسییهكان پابهندی خۆیان به بنهماكانی پهیماننامهكه دوپاتكردهوه، و جهختیان لهوهش كردهوه كه دهبێت ههمو لایهك كهشێكی گونجاو و لهبار بۆ سهرخستنی پڕۆسهی دهنگدان بڕهخسێنن، پشتیوانی خۆشیان بۆ كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكان دهربڕی له سهرخستنی پڕۆسهكه و ئهنجامدانی ئهركهكانی سهرشانیان و پاراستنی مافی دهنگدهران لهوهی ئازادانه نوێنهرهكانی خۆیان ههڵبژێرن.
هاوڵاتى ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند:" مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تیمی پشکنەرەکانی دەزگاکەیان لەئێران ژمارەیەک رێکاری ناپێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر لەوانەش "پشکنینی کارمەندێکی ئافرەتی دەزگاکەمان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێران بەشێوەیەکی نەشیاو، ئەوەش رەفتارێکە جێگەی قبوڵکردن نیەو داوای رونکردنەوە لەو وڵاتە دەکەن". ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ سەردانی وێستگەی ناوەکی ناتانزیان لە ئێران کردوە، پشکنەرێکی ئافرەت کەسەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بوە " لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێران بەشێوەیەکی نەشیاو مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بەبێ ئەوەی پێویست بێت پشکنیی بۆ کراوە". ئەوەش هاتوە، پەیوەست بەم بابەتە لەگەڵ ئێراندا باسی کێشەکەیان کردوە و "بەڕونی پێمان وتون ئەو روداوە و پشکنینەکانی ئاسایشەوە جێی قبوڵکردن نیە و نابێت دوبارە ببێتەوە." مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و حکومەتی ئێران گەیشتنە رێککەوتن بۆ چۆنیەتی چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و لەو کاتەشەوە چەندجارێک پرۆسەکە درێژکراوەتەوە.
هاوڵاتى وەزیری بەرگریی بەریتانیا ههموو پشتگيرييهكى وڵاتەکەی بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان له رووبهڕوونهوهى تيرۆردا دووپات كردهوه ڕایگەیاند:" هێزهكانى وڵاتهكهى له چوارچێوهى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتي دژى داعش بەردەوام دەبێت". ئێوارهى رۆژی چوارشهممه 2021/9/15 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له لهندهن لهگهڵ بێن واڵێس وهزيرى بهرگريى بهريتانيا كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا كه وهزيرى هێزه چهكدارهكانی بەریتانیا و باڵيۆزى بهريتانيا له عێراق ئامادهى بوون، دوايين پێشهاتهكانى شهڕى دژى تيرۆر له عێراق و مهترسييهكانى سهرههڵدانهوهى داعش تاوتوێ كراوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون كه داعش هێشتا لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى عێراق و ناوچهكه و جيهانيش ههڕهشه و مهترسييهكى راستهقينهيه و هێشتا پشتگيرى و هاريكاريى كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان بۆ بهرهنگاربوونهوه و لهناوبردنى، پێويسته. بێن واڵێس، وهزيرى بهرگري بهريتانيا جهختى له بهردهوامي بهشداریی و ئهركى هێزهكانى وڵاتهكهى له چوارچێوهى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيى دژى داعشدا كردهوه و ههموو پشتگيرييهكى شانشينى يهكگرتووى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان له ڕووبهڕوونهوهى تيرۆردا دووپات كردهوه، ههروهها پێزانين و ستايشى بۆ قوربانييهكان و ڕۆڵى پێشمهرگه و ههرێمى كوردستان له تێكشاندنى داعشدا، دهربڕى. لاى خۆيهوه سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى بهريتانيا و پشتگيريكردنى له عێراق و ههرێمى كوردستان له شهڕى دژى تيرۆردا دووپات كردهوه و هاوكارييه سهربازييهكانى بهريتانياى بهرز نرخاند، بهتايبهتيش ئاماژهى به بوونى راوێژكاران و تيمهكانيان و مهشقكردن و راهێنانيان به پێشمهرگه كرد. هەروەها گرنگي هاريكارى و ههماههنگي نێوان پێشمهرگه و سوپاى عێراق به پشتيواني هاوپهيمانان بۆ بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر، چاكسازى و ههنگاوهكان بۆ يهكخستنهوهى پێشمهرگه، دۆخى ئهمنيى عيراق و ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى ديكه لە کۆبوونەوەکە باسکراون.
سازدانی: هاوڵاتى كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان دەڵێت:» ئەگەر هاووڵاتیان متمانەم پێبكەن لەبەغدا كار بۆ باشتركردنی ناردنی پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم». د. رێزان ئەحمەد حەسەن هەردی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» زۆر زۆر گرنگە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی) ئەگەر متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنین یەكێك لەكارە سەرەكییەكانمان كە لەگەڵ هەموو لیست و قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە پێكەوە بین». هاوڵاتى: ئامانجی كاندیدبوونت بۆ پەرلەمانی عێراق چییە؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: چەند هۆكارێك وایكردووە كە خۆم كاندید كردووە، یەكێك لەگرفتی هاووڵاتیان گرفتی كەرتی تەندروستییە، بۆ خۆشتان دەزانن لەو رۆژەی مرۆڤ لەناو سكی دایكیدا دەخوڵقێت تا ئەو رۆژەی گیان لەدەستدەدات، مەحاڵە پێویستی بەچاودێری پزیشك نەبووبێت، كەواتە لەو كاتەوەی لەدایك دەبین پێویستمان بەسەرپەرشتی و چاودێری كەرتی تەندروستی هەیە كە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانمانەوە هەیە. بەداخەوە كەرتی تەندروستی لەعێراقدا داڕماوەو بەرەو دواوە رۆیشتووە، بۆیە دەمەوێت بەگەیشتنمان بۆ پەرلەمان بچمە لیژنەی تەندروستی و لەوێوە كاریگەریمان هەبێت لەسەر سیستمی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان. هەروەها یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانم ئەوەیە كە دەزانین تائێستا دەرمان و كەرەستەی پزیشكی و پێكوتەكانمان لەعێراقەوە بۆ دێت، كەواتە راستەوخۆ پەیوەندیمان بەحكومەتی فیدراڵی عێراقەوە هەیە، گۆڕانكاریەك لەوێ رووبدات كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت. ئەگەر لەپڕێكدا دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكانمان لێ ببڕن نەخۆشەكانمان تووشی كێشە دەبنەوە، یەك دوو جار پێكەوتەی گەزازمان لەعێراقەوە بۆ نەهات لەماوەی رابردوودا، كە شتێكی زەرورە بەردەوام هەبێت، ناچار بەشێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان گەزازیان هێنا بەنرخێكی گران دەیانفرۆشت بە هاووڵاتیان. كەواتە ناتوانرێت ئەگەر كەرتی تەندروستی لەعێراقدا چارەسەر نەكرێت و كاری بۆ نەكرێت كاریگەری گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت. هاوڵاتى: بەردەوام بەغدا غەدری لەهەرێمی كوردستان كردووە لەپشكی دەرمان و پێداویستی پزیشكیدا، چی دەكەن بۆ داكۆكیكردن لەهەرێم لەپەرلەمانەوە؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: لەپەرلەماندا دوو سێ ئەركمان دەبێت، یەكەمیان دەركردنی یاساو دووەمیان چاودێریكردنی حكومەت و دەرچواندنی یاسای بودجەیە. دەركردنی یاسا پێویستی بە لۆبی كردن هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقدا كە پرۆژەیاسایەك ئامادەبكەیت و وا بكەیت نوێنەرانی عەرەبیش هاوشێوەی كورد پشتیوانی بكەن تا بتوانرێت لەپەرلەمان كاری لەسەربكرێت. دڵنیام لەپرسی گرنگ و چارەنووساز و ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی هاووڵاتیانەوە هەبێت لیستە كوردییەكان یەكهەڵویست دەبن، بەڵام پێویستمان بە لۆبی كردنیەتی لەناو عەرەبی سوننەو شیعەكانیشدا تا پاڵپشتی بكەن. ئێمە یەكێك لەگرفتەكانمان دوای ئەوەی پشكی بودجەی هەرێم لەسەدا 17% كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12.67، پشكی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانیش كەمكرایەوە، بۆ نموونە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لەعێراقەوە بۆمان دێت و وەكو نەخۆشی شەكرەو زەخت و شێرپەنجە، كە نەخۆشی زۆرمان هەیە و دەرمانی چارەسەرەكەیمان لەعێراقەوە بۆ دێت. هەروەها یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی نەخۆشانی هەرێم سستبوونی گورچیلەیە كە پێویستی بەپاككردنەوەی گورچیلە (غەسلی گورچیلە) هەیە، كە لەهەرێمی كوردستاندا ئامێرەكەیمان هەیە، بەڵام ئەو دەرمانەی بەكاردەهێندرێت بۆ ئەوەی گورچیلەكە پاكبكاتەوە لەعێراقەوە بۆمان دێت، ئەگەر پشكی ئەو دەرمانە كەمببێتەوە یان لێمان ببڕێت زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكی فەقیرو هەژاری هەرێمی كوردستانە. هاووڵاتیانی هەژارو كەمدەرامەت چاوەڕێی دەرمان دەكات وەریبگرێت نەك بیكڕێت، خۆتان دەزانن ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەفتەریان بۆ كراوەو مانگانە دەچێت وەریدەگرێت و پارەیەكی رەمزی لێوەردەگیرێت. هاوڵاتى: پێتانوایە دەبێت لیستە كوردستانییەكان بەهەموو رەنگ و دەنگەكانەوە یەكهەڵوێست بن بەرانبەر مافەكانی كورد؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: زۆر زۆر گرنگە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی) ئەگەر متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنین یەكێكە لەكارە سەرەكییەكانمان كە لەگەڵ هەموو لیست و قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بەپرسی بودجەو مووچەوە هەیە یان هاوتاكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە بەسەربازانی سوپای عێراق و پشكی دەرمان و مەوادی خۆراكی دەبێت هەموو قەوارە كوردییەكان پێكەوە بین. ئێمە كە دەڵێت وەك هاوپەیمانی كوردستان پێكەوە بەهێزترین، لەداهاتوودا لەگەڵ هەموو لیستەكانی دیكەدا بەهێزتر دەبین، ئەگەر بتوانین هەموو كوتلەكان كورسییەكانمان زیاتر بێت قەوارەی كورد بەگشتی دەنگ و سەنگی لەبەغدا زیاتر دەبێت، كاری زیاتر دەتوانین بكەین و لۆبی گەورە دروستبكەین بۆ پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەكان و روونكردنەوە بدەینە عەرەبی سوننەو شیعەكان و بەپێی دەستور مامەڵە بكەین. هاوڵاتى: دەیان ماددەی دەستوری كە پەیوەندی بەگەلی كوردەوە هەیە لەعێراقدا پێشێل كراوە، تاچەند دەتوانن وا بكەن ماددەكانی دەستور تایبەت بەكورد پێشێل نەكرێت و بەرگری لێبكەن؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: بەیەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی بەهێزتر بین و ژمارەمان زیاتر بێت وەك قەوارە كوردییەكان دەتوانین زیاتر بەرگری بكەین لەپەرلەماندا تا ئەو ماددە دەستوریانە پێشێل نەكرێت. هەروەها دەتوانین پۆستی زیاتر لەحكومەتی داهاتووی عێراقدا وەربگرین تا لەو رێگەیەوە داواكارییەكانی كوردو مافەكان بەدەستبهێنین، كە دەتوانین كار بۆ دۆزی نەتەوەكەمان بكەین. هاوڵاتى: هەموو خولەكانی پێشوو سەركردایەتی كورد چاوی لەپۆستی وەزارەتی دەرەوە بووە، تا چەند بەلاتەوە گرنگە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی كورد كاری بۆ بكات و وەریبگرێت لانی كەم بۆ بەدەستهێنانی پشكی حەقیقی خۆی لە پێداویستییە تەندروستییەكان؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: بەبۆچوونی شەخسی خۆم یەكێك لەوەزارەتە گرنگەكان كە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاری بۆ بكات وەرگرتنی وەزارەتی تەندروستییە. لەوەزارەتی تەندروستیدا ئەگەر كارێك هاتە بەردەمت پرسەكە پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەبێت دەتوانی كاری بۆ بكەیت كە نەهێڵیت ئەو غەدرە بكرێت، بەڵكو وا بكەیت پشكی حەقیقی كورد لەدەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێم رەوانە بكەیت، گرنگە كورد كاری بۆ بكات و وەریبگرێت. هەروەها گرنگە كە وەزارەتی تەندروستی كەرتێكی خزمەتگوزارییە هەم واش بكەیت ئیشی باش بۆ ئەوانیش بكەیت كە پێیان بڵێت ئێمە بۆ دوژمنایەتی نەهاتووین، بەڵكو پێش ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست ببێت كورد لەسەر ئەم زەویە ژیاوەو نیشتەجێبووەو بەهەزاران ساڵە كورد بوونی هەیەو مافمان لەم وڵاتەدا هەیە، ئێستا زەمەنی شۆڕش و كوشتن كۆتایی هاتووەو زەمەنی شەڕی مەدەنی و لۆبی كردن و دۆست پەیداكردن هەیە، كورد لەو رێگەیەوە كاربكەین. هاوڵاتى: بزوتنەوەی گۆڕان كە لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانی كوردستانتان پێكهێناوە تاكە كاندیدی ژنن، تا چەند بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی هاوپەیمانی كوردستان پاڵپشتیتان دەكات؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: نەك هەر لەبەرئەوەی ژنم بەڵكو بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لەناو لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) هەوڵدەدەن هەموو كاندیدەكانیان لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستان سەربكەوێت، تەنانەت ئەو بازنەو شوێنانەی گۆڕان كاندیدی نییە بە هەڵسوڕاوانی گۆڕانمان راگەیاندووە كە دەنگ بدەن بەكاندیدەكانی یەكێتی لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا. پاڵپشتییەكی بەهێزم هەیە هیوادارم هەر پاڵپشتییەكەم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نەبێت، بەڵكو لەناو یەكێتی و خەڵكی دیكەشدا هەبێت، چونكە بەتەنها نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان نابم، بەڵكو نوێنەری هەموو كورد دەبم. هاوڵاتى: لەچ بازنەیەكی سلێمانیدان، ئەو شوێنانە كوێن كەهاووڵاتیان دەتوانن دەنگت پێبدەن؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: لەبازنەی دووی باشووری سلێمانیدام، كە لەعەربەتەوە دێتە خوارەوە بەرەو چوارباخ و سەرشەقام و شارەوانی و رزگاری و ئنجا دەچێتە بەختیاری و بەكرەجۆو راپەڕین و تاسڵوجەو بازیان و باینجان، هەروەها لەولاوە بەرەو قەراغ و سێوسێنان دەڕوات. هیوادارم هاووڵاتیان متمانەی دەنگمان پێبدەن، ئینشائەڵا ئێمەش پاڵپشتی داوا رەواكانی گەلی كورد دەبین.
هاوڵاتى هەپەگە ڕایگەیاند:" سەربازێکی سوپای تورک کە ویستوویەتی خۆی ڕادەستی هێزەکانی گەریلا بکات، لەلایەن سەربازەکانی دیکەوە کراوەتە ئامانج و کوژراوە. ئەمڕۆ، چوارشەممە 15ی ئەیلوول، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر شەڕو پێکڤدادانی گەیلاکانی لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورک بڵاوکردەوە و تێدا ئاشکرایکرد کە سوپای تورک سەربازێکی خۆی کوشتووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە مەیدانی شامکێی ناوچەی زاپ، هێزی گەریلا گروپێکی داگیرکەرانیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵەوە، سەربازێکی سوپای تورک، بۆ ئەوەی خۆی تەسلیمی گەریلا بکات هەڵهاتووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە لای گەریلاکان، لەلایەن سوپای تورکەوە تەقەی لێکراوە، بە ئامانجی ڕزگارکردنی سەربازەکە شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی گەریلا و سوپای تورکدا دروست بووە و گەریلایەک لەو شەڕەدا بریندار بووە. هەروەها هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک شوێنی سەربازەکەیان بە هاوەن تۆپباران کردووە، دوای تۆپبارانەکە، کاتێک هێزی گەریلا گەیشتووەتە شوێنەکە، ئاشکرا بووە، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە سەربازەکە کوژراوە و هەروەها زانیویانە ناوی ئەو سەربازەی کە نەیویستووە شەڕی گەریلا بکات، ‘سەزای گونگۆر’ بووە.
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کوردێک بەناوی نەدیم زەهاوی، کردە وەزیری پەروەردە. ئەمڕۆ، چوارشەممە 15ی ئەیلوول، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆریس جۆنسن گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەیدا رادەگەیێنێت، ئەوەش بە ئامانجی "پێکهێنانی تیمێکی بەهێزی یەکگرتوو" بۆ قۆناغی دوای پەتای کۆرۆنا. نەدیم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا بۆ کاروباری ڤاکسین، لە شوێنی گاڤین ولیەمسن بووە وەزیری پەروەردە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی لە نەدیم زەهاوی کردووە و نووسیویەتی: "ئەمشەو بە تەلەفۆن پیرۆزباییم لە هاوڕێم کاک نەدیم زەهاوی کرد بۆ دیاریکردنی وەکو وەزیری پەروەردەی بەریتانیا". لە هەمانکاتدا، وەزیری پەروەدەی ئەو وڵاتە بەهۆی رێوشوێنەکانی داخستنی قوتابخانەکان، رێکخستنی ئەزموونەکان و چوونی قوتابیانی ئامادەیی بۆ زانکۆ رووبەڕووی رەخنە و گلەیی بووەتەوە سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەی وەزیرەكەی گۆڕی كوردێكی لە شوێنی دانا. ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا بەهۆی ئاستی کارەکانیان لە ماوەی رابردوودا رەخنەیان لێگیراوە؛ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەندێکیان لە کارەکانیان دووربخاتەوە. هاوكات ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەریتانیا. بڕیاریشە 17ـی مانگ واتە رۆژی هەینی، لووتکەی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەبچێت. جۆنسن لە ساڵی 2019ـەوە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا لە بەرامبەر بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوونەدەرەوەی بەریتانیا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.