هاوڵاتى وەزیری بەرگریی بەریتانیا ههموو پشتگيرييهكى وڵاتەکەی بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان له رووبهڕوونهوهى تيرۆردا دووپات كردهوه ڕایگەیاند:" هێزهكانى وڵاتهكهى له چوارچێوهى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتي دژى داعش بەردەوام دەبێت". ئێوارهى رۆژی چوارشهممه 2021/9/15 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له لهندهن لهگهڵ بێن واڵێس وهزيرى بهرگريى بهريتانيا كۆبووهوه. له كۆبوونهوهكهدا كه وهزيرى هێزه چهكدارهكانی بەریتانیا و باڵيۆزى بهريتانيا له عێراق ئامادهى بوون، دوايين پێشهاتهكانى شهڕى دژى تيرۆر له عێراق و مهترسييهكانى سهرههڵدانهوهى داعش تاوتوێ كراوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون كه داعش هێشتا لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى عێراق و ناوچهكه و جيهانيش ههڕهشه و مهترسييهكى راستهقينهيه و هێشتا پشتگيرى و هاريكاريى كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان بۆ بهرهنگاربوونهوه و لهناوبردنى، پێويسته. بێن واڵێس، وهزيرى بهرگري بهريتانيا جهختى له بهردهوامي بهشداریی و ئهركى هێزهكانى وڵاتهكهى له چوارچێوهى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيى دژى داعشدا كردهوه و ههموو پشتگيرييهكى شانشينى يهكگرتووى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان له ڕووبهڕوونهوهى تيرۆردا دووپات كردهوه، ههروهها پێزانين و ستايشى بۆ قوربانييهكان و ڕۆڵى پێشمهرگه و ههرێمى كوردستان له تێكشاندنى داعشدا، دهربڕى. لاى خۆيهوه سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى بهريتانيا و پشتگيريكردنى له عێراق و ههرێمى كوردستان له شهڕى دژى تيرۆردا دووپات كردهوه و هاوكارييه سهربازييهكانى بهريتانياى بهرز نرخاند، بهتايبهتيش ئاماژهى به بوونى راوێژكاران و تيمهكانيان و مهشقكردن و راهێنانيان به پێشمهرگه كرد. هەروەها گرنگي هاريكارى و ههماههنگي نێوان پێشمهرگه و سوپاى عێراق به پشتيواني هاوپهيمانان بۆ بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر، چاكسازى و ههنگاوهكان بۆ يهكخستنهوهى پێشمهرگه، دۆخى ئهمنيى عيراق و ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى ديكه لە کۆبوونەوەکە باسکراون.
سازدانی: هاوڵاتى كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان دەڵێت:» ئەگەر هاووڵاتیان متمانەم پێبكەن لەبەغدا كار بۆ باشتركردنی ناردنی پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم». د. رێزان ئەحمەد حەسەن هەردی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» زۆر زۆر گرنگە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی) ئەگەر متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنین یەكێك لەكارە سەرەكییەكانمان كە لەگەڵ هەموو لیست و قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە پێكەوە بین». هاوڵاتى: ئامانجی كاندیدبوونت بۆ پەرلەمانی عێراق چییە؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: چەند هۆكارێك وایكردووە كە خۆم كاندید كردووە، یەكێك لەگرفتی هاووڵاتیان گرفتی كەرتی تەندروستییە، بۆ خۆشتان دەزانن لەو رۆژەی مرۆڤ لەناو سكی دایكیدا دەخوڵقێت تا ئەو رۆژەی گیان لەدەستدەدات، مەحاڵە پێویستی بەچاودێری پزیشك نەبووبێت، كەواتە لەو كاتەوەی لەدایك دەبین پێویستمان بەسەرپەرشتی و چاودێری كەرتی تەندروستی هەیە كە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانمانەوە هەیە. بەداخەوە كەرتی تەندروستی لەعێراقدا داڕماوەو بەرەو دواوە رۆیشتووە، بۆیە دەمەوێت بەگەیشتنمان بۆ پەرلەمان بچمە لیژنەی تەندروستی و لەوێوە كاریگەریمان هەبێت لەسەر سیستمی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان. هەروەها یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانم ئەوەیە كە دەزانین تائێستا دەرمان و كەرەستەی پزیشكی و پێكوتەكانمان لەعێراقەوە بۆ دێت، كەواتە راستەوخۆ پەیوەندیمان بەحكومەتی فیدراڵی عێراقەوە هەیە، گۆڕانكاریەك لەوێ رووبدات كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت. ئەگەر لەپڕێكدا دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكانمان لێ ببڕن نەخۆشەكانمان تووشی كێشە دەبنەوە، یەك دوو جار پێكەوتەی گەزازمان لەعێراقەوە بۆ نەهات لەماوەی رابردوودا، كە شتێكی زەرورە بەردەوام هەبێت، ناچار بەشێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان گەزازیان هێنا بەنرخێكی گران دەیانفرۆشت بە هاووڵاتیان. كەواتە ناتوانرێت ئەگەر كەرتی تەندروستی لەعێراقدا چارەسەر نەكرێت و كاری بۆ نەكرێت كاریگەری گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت. هاوڵاتى: بەردەوام بەغدا غەدری لەهەرێمی كوردستان كردووە لەپشكی دەرمان و پێداویستی پزیشكیدا، چی دەكەن بۆ داكۆكیكردن لەهەرێم لەپەرلەمانەوە؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: لەپەرلەماندا دوو سێ ئەركمان دەبێت، یەكەمیان دەركردنی یاساو دووەمیان چاودێریكردنی حكومەت و دەرچواندنی یاسای بودجەیە. دەركردنی یاسا پێویستی بە لۆبی كردن هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقدا كە پرۆژەیاسایەك ئامادەبكەیت و وا بكەیت نوێنەرانی عەرەبیش هاوشێوەی كورد پشتیوانی بكەن تا بتوانرێت لەپەرلەمان كاری لەسەربكرێت. دڵنیام لەپرسی گرنگ و چارەنووساز و ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی هاووڵاتیانەوە هەبێت لیستە كوردییەكان یەكهەڵویست دەبن، بەڵام پێویستمان بە لۆبی كردنیەتی لەناو عەرەبی سوننەو شیعەكانیشدا تا پاڵپشتی بكەن. ئێمە یەكێك لەگرفتەكانمان دوای ئەوەی پشكی بودجەی هەرێم لەسەدا 17% كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12.67، پشكی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانیش كەمكرایەوە، بۆ نموونە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لەعێراقەوە بۆمان دێت و وەكو نەخۆشی شەكرەو زەخت و شێرپەنجە، كە نەخۆشی زۆرمان هەیە و دەرمانی چارەسەرەكەیمان لەعێراقەوە بۆ دێت. هەروەها یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی نەخۆشانی هەرێم سستبوونی گورچیلەیە كە پێویستی بەپاككردنەوەی گورچیلە (غەسلی گورچیلە) هەیە، كە لەهەرێمی كوردستاندا ئامێرەكەیمان هەیە، بەڵام ئەو دەرمانەی بەكاردەهێندرێت بۆ ئەوەی گورچیلەكە پاكبكاتەوە لەعێراقەوە بۆمان دێت، ئەگەر پشكی ئەو دەرمانە كەمببێتەوە یان لێمان ببڕێت زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكی فەقیرو هەژاری هەرێمی كوردستانە. هاووڵاتیانی هەژارو كەمدەرامەت چاوەڕێی دەرمان دەكات وەریبگرێت نەك بیكڕێت، خۆتان دەزانن ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەفتەریان بۆ كراوەو مانگانە دەچێت وەریدەگرێت و پارەیەكی رەمزی لێوەردەگیرێت. هاوڵاتى: پێتانوایە دەبێت لیستە كوردستانییەكان بەهەموو رەنگ و دەنگەكانەوە یەكهەڵوێست بن بەرانبەر مافەكانی كورد؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: زۆر زۆر گرنگە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی) ئەگەر متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنین یەكێكە لەكارە سەرەكییەكانمان كە لەگەڵ هەموو لیست و قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بەپرسی بودجەو مووچەوە هەیە یان هاوتاكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە بەسەربازانی سوپای عێراق و پشكی دەرمان و مەوادی خۆراكی دەبێت هەموو قەوارە كوردییەكان پێكەوە بین. ئێمە كە دەڵێت وەك هاوپەیمانی كوردستان پێكەوە بەهێزترین، لەداهاتوودا لەگەڵ هەموو لیستەكانی دیكەدا بەهێزتر دەبین، ئەگەر بتوانین هەموو كوتلەكان كورسییەكانمان زیاتر بێت قەوارەی كورد بەگشتی دەنگ و سەنگی لەبەغدا زیاتر دەبێت، كاری زیاتر دەتوانین بكەین و لۆبی گەورە دروستبكەین بۆ پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەكان و روونكردنەوە بدەینە عەرەبی سوننەو شیعەكان و بەپێی دەستور مامەڵە بكەین. هاوڵاتى: دەیان ماددەی دەستوری كە پەیوەندی بەگەلی كوردەوە هەیە لەعێراقدا پێشێل كراوە، تاچەند دەتوانن وا بكەن ماددەكانی دەستور تایبەت بەكورد پێشێل نەكرێت و بەرگری لێبكەن؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: بەیەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی بەهێزتر بین و ژمارەمان زیاتر بێت وەك قەوارە كوردییەكان دەتوانین زیاتر بەرگری بكەین لەپەرلەماندا تا ئەو ماددە دەستوریانە پێشێل نەكرێت. هەروەها دەتوانین پۆستی زیاتر لەحكومەتی داهاتووی عێراقدا وەربگرین تا لەو رێگەیەوە داواكارییەكانی كوردو مافەكان بەدەستبهێنین، كە دەتوانین كار بۆ دۆزی نەتەوەكەمان بكەین. هاوڵاتى: هەموو خولەكانی پێشوو سەركردایەتی كورد چاوی لەپۆستی وەزارەتی دەرەوە بووە، تا چەند بەلاتەوە گرنگە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی كورد كاری بۆ بكات و وەریبگرێت لانی كەم بۆ بەدەستهێنانی پشكی حەقیقی خۆی لە پێداویستییە تەندروستییەكان؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: بەبۆچوونی شەخسی خۆم یەكێك لەوەزارەتە گرنگەكان كە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاری بۆ بكات وەرگرتنی وەزارەتی تەندروستییە. لەوەزارەتی تەندروستیدا ئەگەر كارێك هاتە بەردەمت پرسەكە پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەبێت دەتوانی كاری بۆ بكەیت كە نەهێڵیت ئەو غەدرە بكرێت، بەڵكو وا بكەیت پشكی حەقیقی كورد لەدەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێم رەوانە بكەیت، گرنگە كورد كاری بۆ بكات و وەریبگرێت. هەروەها گرنگە كە وەزارەتی تەندروستی كەرتێكی خزمەتگوزارییە هەم واش بكەیت ئیشی باش بۆ ئەوانیش بكەیت كە پێیان بڵێت ئێمە بۆ دوژمنایەتی نەهاتووین، بەڵكو پێش ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست ببێت كورد لەسەر ئەم زەویە ژیاوەو نیشتەجێبووەو بەهەزاران ساڵە كورد بوونی هەیەو مافمان لەم وڵاتەدا هەیە، ئێستا زەمەنی شۆڕش و كوشتن كۆتایی هاتووەو زەمەنی شەڕی مەدەنی و لۆبی كردن و دۆست پەیداكردن هەیە، كورد لەو رێگەیەوە كاربكەین. هاوڵاتى: بزوتنەوەی گۆڕان كە لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانی كوردستانتان پێكهێناوە تاكە كاندیدی ژنن، تا چەند بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی هاوپەیمانی كوردستان پاڵپشتیتان دەكات؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: نەك هەر لەبەرئەوەی ژنم بەڵكو بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لەناو لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) هەوڵدەدەن هەموو كاندیدەكانیان لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستان سەربكەوێت، تەنانەت ئەو بازنەو شوێنانەی گۆڕان كاندیدی نییە بە هەڵسوڕاوانی گۆڕانمان راگەیاندووە كە دەنگ بدەن بەكاندیدەكانی یەكێتی لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا. پاڵپشتییەكی بەهێزم هەیە هیوادارم هەر پاڵپشتییەكەم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نەبێت، بەڵكو لەناو یەكێتی و خەڵكی دیكەشدا هەبێت، چونكە بەتەنها نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان نابم، بەڵكو نوێنەری هەموو كورد دەبم. هاوڵاتى: لەچ بازنەیەكی سلێمانیدان، ئەو شوێنانە كوێن كەهاووڵاتیان دەتوانن دەنگت پێبدەن؟ د. رێزان ئەحمەد هەردی: لەبازنەی دووی باشووری سلێمانیدام، كە لەعەربەتەوە دێتە خوارەوە بەرەو چوارباخ و سەرشەقام و شارەوانی و رزگاری و ئنجا دەچێتە بەختیاری و بەكرەجۆو راپەڕین و تاسڵوجەو بازیان و باینجان، هەروەها لەولاوە بەرەو قەراغ و سێوسێنان دەڕوات. هیوادارم هاووڵاتیان متمانەی دەنگمان پێبدەن، ئینشائەڵا ئێمەش پاڵپشتی داوا رەواكانی گەلی كورد دەبین.
هاوڵاتى هەپەگە ڕایگەیاند:" سەربازێکی سوپای تورک کە ویستوویەتی خۆی ڕادەستی هێزەکانی گەریلا بکات، لەلایەن سەربازەکانی دیکەوە کراوەتە ئامانج و کوژراوە. ئەمڕۆ، چوارشەممە 15ی ئەیلوول، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر شەڕو پێکڤدادانی گەیلاکانی لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورک بڵاوکردەوە و تێدا ئاشکرایکرد کە سوپای تورک سەربازێکی خۆی کوشتووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە مەیدانی شامکێی ناوچەی زاپ، هێزی گەریلا گروپێکی داگیرکەرانیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵەوە، سەربازێکی سوپای تورک، بۆ ئەوەی خۆی تەسلیمی گەریلا بکات هەڵهاتووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە لای گەریلاکان، لەلایەن سوپای تورکەوە تەقەی لێکراوە، بە ئامانجی ڕزگارکردنی سەربازەکە شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی گەریلا و سوپای تورکدا دروست بووە و گەریلایەک لەو شەڕەدا بریندار بووە. هەروەها هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک شوێنی سەربازەکەیان بە هاوەن تۆپباران کردووە، دوای تۆپبارانەکە، کاتێک هێزی گەریلا گەیشتووەتە شوێنەکە، ئاشکرا بووە، کە بەهۆی ئەو تۆپبارانەوە سەربازەکە کوژراوە و هەروەها زانیویانە ناوی ئەو سەربازەی کە نەیویستووە شەڕی گەریلا بکات، ‘سەزای گونگۆر’ بووە.
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کوردێک بەناوی نەدیم زەهاوی، کردە وەزیری پەروەردە. ئەمڕۆ، چوارشەممە 15ی ئەیلوول، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆریس جۆنسن گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەیدا رادەگەیێنێت، ئەوەش بە ئامانجی "پێکهێنانی تیمێکی بەهێزی یەکگرتوو" بۆ قۆناغی دوای پەتای کۆرۆنا. نەدیم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا بۆ کاروباری ڤاکسین، لە شوێنی گاڤین ولیەمسن بووە وەزیری پەروەردە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی لە نەدیم زەهاوی کردووە و نووسیویەتی: "ئەمشەو بە تەلەفۆن پیرۆزباییم لە هاوڕێم کاک نەدیم زەهاوی کرد بۆ دیاریکردنی وەکو وەزیری پەروەردەی بەریتانیا". لە هەمانکاتدا، وەزیری پەروەدەی ئەو وڵاتە بەهۆی رێوشوێنەکانی داخستنی قوتابخانەکان، رێکخستنی ئەزموونەکان و چوونی قوتابیانی ئامادەیی بۆ زانکۆ رووبەڕووی رەخنە و گلەیی بووەتەوە سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەی وەزیرەكەی گۆڕی كوردێكی لە شوێنی دانا. ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا بەهۆی ئاستی کارەکانیان لە ماوەی رابردوودا رەخنەیان لێگیراوە؛ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەندێکیان لە کارەکانیان دووربخاتەوە. هاوكات ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەریتانیا. بڕیاریشە 17ـی مانگ واتە رۆژی هەینی، لووتکەی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەبچێت. جۆنسن لە ساڵی 2019ـەوە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا لە بەرامبەر بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوونەدەرەوەی بەریتانیا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا سێ هەزارو 895 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون و هاوكات رێژەی مردن بەشێوەیەكی بەرچاو کەمیکردووەو لە دوێنێوە 35 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بون. وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 33 هەزارو 193 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان سێ هەزارو 895 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە زۆترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون و ژمارەیان 492 توشبو بوە. بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بون لە توشبوانی نوێ بەشێوەیەك كە پێنج هەزارو 725 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردودا 35 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆترینیان لە پارێزگای هەولێر بون و ژمارەیان پێنج گیانلەدەستدان بوە.
هاوڵاتى لەكۆبونەوەی ئاساییی هەفتانەیدا ئەنجومەنی وەزیران پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 پەسەندكرد و بڕیاریدا سیمكارتی بێ سەرەتا و كوالێتی جۆری ئارد بەوردی كاری لەسەر بكرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا. پەسندکردنی پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران خرابووە ڕوو، بە کۆی دەنگ پەسند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان. سیمکارت و ئاردی هاوردەکراو هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان خستەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالێتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەو بڕیارانە بەزوویی جێبەجێ بکرێن. هەڵبژاردن لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێویستی زانی "هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبڕکێیی نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن . سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، رەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . رەشنووسەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە. ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری رێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە رەشنووسەکەدا بکەن لەڕووی قانونی و تەکنیکیی و داراییەوە، لەبەر رۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت لە پاڵپشتیی وەزارەت لە گەشەپێدانی پرۆژەکانی رێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر رۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری رێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.
هاوڵاتى وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئهو بڕه سوتهمهنییهی دێته ههرێمهوه بهشی پێداویستیی ناوخۆ ناكات و ههرێم پێویستی به شهش ملیۆن لیترهو له حكومهتی عێراقهوه تهنها یهك ملیۆن لیتر دێت، ئهمهش وایكردوه نرخی بهنزین بهرز بێت". ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 جوتبار عادل، وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانی لهدوای كۆبونهوهی ئهنجومهنی وهزیران رایگهیاند كه ئهو بڕه سوتهمهنییهی دێته ههرێمهوه بهشی پێداویستیی ناوخۆ ناكات و ههرێم پێویستی به شهش ملیۆن لیترهو له حكومهتی عێراقهوه تهنها یهك ملیۆن لیتر دێت، ئهمهش وایكردوه نرخی بهنزین بهرز بێت. وتیشی كه نرخی نهوت دابهزینی بهخۆوه بینیوه و پێشبینی دهكهن له داهاتودا نرخی سوتهمهنی جێگیر بكهن، بهپێی ئهو بهڵێنهش كه وهزیری نهوتی عێراق بڕیاریداوه، دهبێت رۆژانه یهك ملیۆن لیتر بهنزین بێته ههرێمی كوردستانهوه. له بهشێكی دیكهی كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا، جوتیار عادل وتی كه مافی ههرێمی كوردستانه پێشمهرگه بگهڕێتهوه كهركوك، لهسهر دۆخی ئهمنیی ههرێمیش رایگهیاند كه سهقامگیریی ههولێر له بهرژهوهندیی سهقامگیریی ناوچهكهدایه. بۆ پرۆسهی ههڵبژاردنیش وتهبێژی حكومهت رایگهیاند كه كار بۆ سهرخستنی ههڵبژاردنهكان دهكهن و نابێت موڵكی گشتی و حكومهت بۆ بانگهشه بهكاربهێنرێت.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" 1178 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 11 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە". ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەراگەیاندراوێكدا رایگەیاند:" نۆ هەزار و 645 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 1178 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە. ئەو 11 تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، پێنجیان لە هەولێر، سیانیان لە دهۆک و سیانیان لە سلێمانی بوون، لە هەڵەبجەش هیچ گیانلەدەستدانێک بە کۆرۆنا تۆمارنەکراوە. هەروەها 1430 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەمترینیان لە هەڵەبجە بوون. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و سێ هەزار و 993 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 314 هەزار و 302 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 279 هەزار و 348 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 641 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 29 هەزار و 313 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.
هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند:" دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمی ئاڤاشین سێ گەریلای بە چەکی کیمیایی شەهید کردووە". ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە لەسەر شەهیدبوونی سێ گەریلای كوردستان بە چەكی كیمیاوی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی سێی ئەم مانگە سوپای داگیرکەری تورک لە گردی سۆر پاش ئەوەی کە ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلا بووەتەوە، هێرشی کیمیاویی ئەنجام داوە و سێ شەڕڤانی شەهید کردووە، کە لە داهاتوودا ناسنامەی ئەو سێ کەسە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێتەوە. وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێدا، هێزە داگیرکەرەکانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە و کاتژمێر ٠١:٣٠ خولەکی شەو لە دوو باڵەوە گورزی کوشندەکان لێداون، بەشێوەیەك، کە باڵی یەکەم بە چالاکیی تەقینەوە داگیرکەرانی کردووەتە ئامانج و باڵی دووەمیش بە نارنجۆک و چەکی سووک هێرشیان کردووەتە سەریان، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا سێ داگیرکەر سزا دراون و سوپای داگیرکەری تورک لە درەنگانی شەودا کوژراوەکانی گواستووەتەوە. لە بەردەوامی ڕاگەیەدنراوەکەدا هاتووە کە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٣:٣٠ تا ٠٥:٠٠ خولەکی شەو، سوپای داگیرکەری تورک بە گازی کیمیاوی و چەکی قورسەوە هێرشی کردووەتە سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ. دوای ئەوەی، ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی شامکێی ناوچەی زاپ، هێزی گەریلا گرووپێکی داگیرکەرانیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵەوە، سەربازێکی تورک، بۆ ئەوەی خۆی تەسلیمی گەریلا بکات هەڵاتووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە لای گەریلاکان، لەلایەن سوپای تورکەوە تەقەی لێکراوە، بە ئامانجی دەرچوونی سەربازەکە شەڕێکی قورس لەنێوان هێزی گەریلا و سوپای تورکدا دروست بووە و گەریلایەک لەو شەڕەدا بریندار بووە. سوپای داگیرکەری تورک شوێنی سەربازەکەیان بە تۆپی ئۆبووس بۆردوومان کردووە، پاش بۆردوومانەکە کاتێک هێزی گەریلا گەیشتووەتە شوێنی سەبازەکە، ئاشکرا بووە، کە بەهۆی ئەو بۆردوومانەکەوە مردووە و هەروەها، زانیویانە ناوی ئەو سەربازەی کە نەیویستووە شەڕی گەریلا بکات، سەزائی گونگۆرە. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگەدا بەم شێوەیە ئاشکرا کراوە: ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٠٠ تا ٠٦:٠٠ گوندی ڕێنچبرائای سەر بە هەرێمی زاپ لەلایەن بارەگاکانی سەر سنوورەوە بە تۆپی ئۆبووس بۆردوومانکران. ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٣٠ تا ٠٠:٣٠ خولەکی شەو هێلیکۆپتەر بەسەر هێڵی قاشوورای هەرێمی مەتینادا سووڕاوەتەوە و نزیکی گوندەکانی ئێدنێ، دێشیشێ، هرۆری دێرارێ و سەراروو لە شارەدێی کانی ماسیی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی و گۆڕەپانی گردی شەهید چیا، کۆردینە، قەڵای قوومری لەلایەن هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومان کراون. ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٤٠ تا ٠٠:١٠ خولەکی شەو لە مەرڤانۆس، تابووری عەرەبان، گردی سپی، گردی سۆر و گردی سلێمانی هەرێمی ئاڤاشین جوولەی هێلیکۆپتەر بینراوە، هاوکات هێلیکۆپترەکان بناری وەرخەلێ و دۆڵی باسایان کردووەتە ئامانج.
هاوڵاتى دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگا دانیشتنی دادگایكردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی دواخست، تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوایكرد دەستبەجێ مامۆستا بەدەل بەرواری ئازادبکرێت و ڕایگەیاند، هەر کۆمەڵگایەک کەسێکی وەک مامۆستا بەدەل بەرواری هەبێت دەبێت شانازی پێوە بکات. ئەمڕۆ بڕیاریبوو دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنەکەیان دواخرا بۆ ١٢ی تشرینی یەکەم. دوای بڕیاری دواخستنەكە، تیمی کوردستانی عێراقی CPT كە لە سەرجەم دانیشتنەكانی دادگایكردنی دەستگیركراوانی بادیناندا ئامادەبوون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕایانگەیاند، هەر کۆمەڵگایەک کەسێکی وەک مامۆستا بەدەل بەرواری هەبێت دەبێت شانازی پێوە بکات، چونکە ئەو شایستەیی سوپاسگوزارییە پێویستە شانازی پێوە بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا. CPT دووپاتیكردەوە، كە ئەوان بۆ بەڕێوەچونی دادگایەکی دادپەروەرانە چاودێری سەرجەمی پڕۆسەی دادگاییکردنی زیندانیکراوانی بادینانیانکردووە. ئەوەشیان خستەڕوو، بەدەل بەرواری بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵیکە لە زیندا هێڵدراوەتەوە بە بێ بونی بەڵگەیەکی زۆر بچوک لەسەری. تیمی کوردستانی عێراقی CPT داویكرد، دەستبەجێ مامۆستا بەدەل بەرواری ئازادبکرێت و بەزوترین کات بە خانەوادەکەی شادبکرێتەوە، تاوەکو بەردەوام بێت لەو خەباتەی کە دەیکات بۆ داکۆکیکردن لە سەرجەم مافی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا. مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠٢٠، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکران و ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵیش، لە بەرامبەر دوو دۆسێی جیاوازدا، دادگای کەتنی دهۆک سزای ساڵێک زیندانیی بەسەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ئومێد بەرۆشکیدا سەپاند. لەماوەی ڕابردوودا چەندینجار، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی براونەتە بەردەم دادوەر لە دادگای هەولێر، بەڵام بە بیانووی جیاواز دانیشتنەکانی دادگا لەبارەی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان دواخراوە ، ئەمڕۆش بۆ جارێکی دیکە دانیشتنەکە دواخرا.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەپارێزگای موسڵ ئاماژە بە گۆڕانكاریەكی گەورە دەكات لە هاوكێشەی سیاسی ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت لەپارێزگای موسڵ و نفوسی كورد بەگشتی. رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەهەولێر، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» پارتی لەسەر ئاستی موسڵ پێنج بۆ شەش كورسی و یەكێتی یەك بۆ دوو كورسی دەردەچێت». هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كورد بەگشتی لە كەركوك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك بە دەنگ و كورسی پاشەكشە دەكات. هاوڵاتى: دۆخی كورد بەگشتی لەپارێزگای موسڵ چۆنە؟ رەشاد گەڵاڵی: دیارە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەردوو لایەن (پارتی، یەكێتی)ئەو پاشەكشێیەی لەڕووی ئیداری و حزبی لە مەخمور تا دەگاتە خانەقین زەرەری گەورەی بەكورد و ئەو دوو لایەنە گەیاندووە. پارتی لەپارێزگای موسڵ، جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو یەكە ئیدارییەكانی مایەوەو تەنها لەمەخمور پاشەكشەی كرد، بەڵام لە ناحیەو قەزاكانی حەمدانییەو گوێر پارتی پاشەكشەی نەكرد. كۆی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پارێزگاكە جگە لە قەزاو ناحیەكانی شەنگال و سنونێ و تل عوزێر ئێزیدیەكان دابەشی دوو بوونەوە، كە بەشێكیان نزیكن لە گەریلاكانەوە كە خاكی شەنگالیان رزگار كردو ئێستا ئەو حزبەی هەیانە بە فكر لەگەڵ ئۆجەلاندان، چونكە ئێزیدیەكان دەزانن گەریلا شەرەف و كەرامەتیانی پاراستووە، ئەمانە رێگریان كرد لە گەڕانەوەی قایمقامی شەنگال و هەم ناحییەكانی، بێجگە لەوە پارتی لەڕووی ئیدارییەوە گەڕاوەتەوە ناحیەو قەزاكانی دیكە. هاوڵاتى: پێتانوایە دەنگی شیعەو سوینەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت بەهۆی بوونی حەشدی شەعبیەوە لەموسڵدا؟ رەشاد گەڵاڵی: سوودمەندی سەرەكی لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارە لەپارێزگای موسڵ گروپە شیعییەكان دەبن، چونكە هەریەكەو لیوای حەشدی دروستكردووە، تەنانەت لیوای حەشدیان بۆ سونیەكان دروستكردووە و پەیوەستن بە حەشدی شەعبی، بەڵام پاڵپشتی حزبوڵاو تەیاری سەدری و رێكخراوی بەدرن. شیعەكان كاندیدی سوننەیان هەیە بەڵام لەلایەن گروپە شیعییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، بۆ نموونە شەبەك لە موسڵ هەمووی دەنگ بەكاندیدی شیعەكان دەدات لەگەڵ دانیشتوانی قەزای تەلەعفەر كە هەمووی دەنگ بەشیعەكان دەدەن، سبەینێ لە پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارەكانیان دەچنە پاڵ دەنگی گروپە شیعییەكان با سوننەش بن. ئەگەر حەشدی شەعبی بوونی نەبوایە شیعەكان تەنها دوو كورسیان بەدەستدەهێنا، بەڵام بەهۆی بوونی حەشدی شەعبیەوە حەوت كورسی زیاتر دەهێنن، هەروەها سوننەكان پێگەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەمجارە كورسییەكانیان بەهۆی حەشدی شەعبیەوە كەمدەكاتەوە. هەروەها لەناو بازنەی شەنگال كە سێ كورسی بۆ دیاری كراوە، كورسییەك لەناو ئێزیدییەكاندا دەبەن و لیوا و هێزی خۆیان هەیە. هاوڵاتى: بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كورد بەگشتی پاشەكشەی كردووە؟ ئایا پارتی و یەكێتی و ئەوانەی بەفكر لەگەڵ ئۆجەلانن چەند كورسی دەهێنن؟ رەشاد گەڵاڵی: ئەگەر كورد لەمەخمور پاشەكشەی نەكردایە دەنگ و رەنگی زیاتری دەبوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاكەییەكی كاندید كردووە لەمەخمور تا دەگاتە حەمدانییە، بەڵام پارتی دوو كاندیدی هەیە هەردووكیان عەرەبن كە ژن و پیاوێكی كاندید كردووە، ئەگەر پارتی پێیوابوایە كاندیدی كورد دەتوانێت سەر دەخات ئەوا كوردی كاندید دەكرد. پارتی دەزانن ئێستا لەناحیەی گوێرو دەوروبەری لەسەدا 65% بووەتە عەرەب و تەنها لەسەدا 35% كوردی تێدا ماوەتەوە، دەنگدەری كورد لەسەر بنەمای ماددەی 140ی دەستور كە لەو ناوچەیە دەنگ دەدات تەنها ئەو رێژەیەیە كە باسم كرد. ئەگەر لەسەر بنەمای ئەوە بێت كە دەنگدەر بچنەوە ناوچەكانی خۆیان دەنگ بدەن پێموایە كورسیی و دەنگی كورد بەتەواوی دادەبەزێت و پاشەكشە دەكات، چونكە پارتی لە قەزای شەنگال دەنگەكانی كەمدەكات، بەڵام كورسی دەبات بەهۆی ئاوارەكانی ئێزیدی كە لەپارێزگای دهۆك كە لەكەمپەكاندا نیشتەجێن. لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ یەكێتی یەك كورسی بەدەستدەهێنێت و شەڕی بۆ دەكەین، هەوڵیش دەدات بیگەیەنێتە دوو كورسی بەڵام زۆر زەحمەت دەبێت، هەروەها پارتی بەزیرەكانەوە چووەتە ناو حزبەكانی سوننە و شیعەكانیشەوە و كاندیدی لەبەغداو دیالەو سەڵاحەدین و عەمارەو كووت هەیە. پێموایە پارتی لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ پێنج كورسی زیاتر دەبات، ئەگەر ئەو یاریە زیرەكانەی كردوویەتی لەبەغداو دیالەو سەڵاحەدین بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمكردنەوەی دەنگ و كورسیەكانیەتی لەموسڵ كردوویەتی. ئەو حزبەی كە لەشەنگال دروست بووە و بەفكر نزیكن لە عەبدوڵا ئۆجەلان و لیوایەكی حەشدیان هەیە بەتەئكید كورسی كۆتای ئێزیدییەكان بۆ ئەوان دەبێت. هاوڵاتى: بەپێی زانیاریەكانتان و خوێندنەوەی خۆتان لە پارێزگای كەركوك دەنگی كورد كەمدەبێتەوە؟ رەشاد گەڵاڵی: بەپێی خوێندنەوەم پارتی لە پارێزگای كەركوك دوو كورسی بەدەست دەهێنێت، ئەو دۆخە خراپ و پاشاگەردانییەی دروست بووە لەناو یەكێتی پێموایە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنەكان نەكات كاریگەری سلبی لەسەر دەنگی یەكێتی دەكات لە هەموو ناوچەكان بەتایبەت لە كەركوك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەش، چونكە هاوسۆزییەكی زۆر بۆ لاهور شێخ جەنگی هەیە تەنانەت بەهۆی ئەو دۆخەوە بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكانیش لە پارێزگای سلێمانی سەردەكەون. هاوڵاتى: پێتوایە دۆخی كورد دوای ئەم هەڵبژاردنە بە چی دەگات؟ رەشاد گەڵاڵی: ئەگەر دەنگ و كورسی كورد بەگشتی لە عێراقدا بەراورد بەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق كەمببێتەوە كاریگەری نەرێنی دروستدەكات لەسەر بودجەو مووچەو داواو مافە رەواكانی گەلی كورد بەگشتی.
هاوڵاتى سەرۆک وەزیرانی عێراقرایگەیاند:" ملیاران دۆلار لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە عێراقەوە براونەتە دەرەوە". ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە ملیاران دۆلار بەنایاسایی براونەتە دەرەوەی عێراق و دەبێت ئێستا بۆ عێراق بگەڕێندرێنەوە. بەوتەی کازمی، کاتێک کۆمەڵگە دەچێتە شەڕی تائیفییەوە، گەندەڵی بە قورسی دەردەکەوێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، لەماوەی یەک ساڵدا توانیویانە گەندەڵیی 17 ساڵی ڕابردوو ئاشکرابکەن. پهیامهكهى كازمى لهكاتێكدایه، ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەغدا چالاکییەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
هاوڵاتى کۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:" لە کۆی 17 ملیۆن کارتی دەنگدان 14 ملیۆن کارتیان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کردوە کە مافی دەنگدانیان هەیە. نەبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتبێژی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ میدیا عیراقییهكان راشیگەیاند: کۆمسیۆن لە ئێستادا سەرقاڵی راهێنانی کارمەندە بۆ داغڵکردنی داتا، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆمسیۆن 900 کارمەند لە کۆی پێنج ههزار کارمەند دیاری دەکات بۆ داغڵکردنی داتاکان. باسی لهوهشكرد: لە رۆژی دەنگداندا دەبێت دەنگدەر کارتی دەنگدان و پێناسەی نیشتیمانی پێبێت و پەنجە مۆری ئەلکترۆنی بکات، دەبێت ناوی سیانی و پەنجە مۆرەکە لەگەڵ یەک بەراورد بکرێت ئەگەر وەک یەک بوون ئەوا مافی دەنگدانی دەبێت. لایەنە سیاسیەکان پێشبینی دەکەن رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پێشوهختهی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق کە وا بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021، ئەنجام بدرێت بگاتە 50% بۆ 60%.
هاوڵاتى باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند:"ئێمە هاوبەشیێکی زۆر نزیکمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. رێزێکی گەورەمان بۆ پێشمەرگە ئەو رۆڵەیان هەیە کە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لەم ناوچەیە و لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاویانە". ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 ستێفن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند:" ئێمە هاوبەشیێکی زۆر نزیکمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. رێزێکی گەورەمان بۆ پێشمەرگە ئەو رۆڵەیان هەیە کە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لەم ناوچەیە و لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاویانە. ئێمە هاوکارین لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە، لەنێویشیاندا لەناوخۆی بەریتانیادا." لە هەوڵەکانی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی لیواکانی هێزەکانی پێشمەرگەشدا، هێزەکانی بەریتانیا رۆلێکی کارا دەبینن و لەو بارەیەوە راوێژی سەربازی بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن. جەیمس سۆرنتن، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر دەڵێت "ئێمەش هاوکاریی تەکنیکی دابین دەکەین، پێمانوایە زۆر گرنگە هێزی پێشمەرگە مۆدێرن بکرێت، ببێتە سوپایەکی کاریگەر بۆ سەدەی بیست و یەک، لەژێر کۆنتڕۆڵی دامەزراوە حکومییەکاندا بێت نەک حیزبە سیاسییەکان." لە گۆڕەپانی جەنگیشدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لەڕێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارانی داعش و چاودێریکردنیان و شوێنکەوتنیان یارمەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دەدەن.