هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکات بەهۆی کۆچی دوایی دایکییەوە و رایگەیاند:" لەم کاتە سەختەدا دڵمان لای سەرۆکوەزیران و خێزانەکەیەتی". ئەمڕۆ سێشەممە 14 ئەیلولی 2021  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی سەرەخۆشی لە بۆریس جۆنسن کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی چارلۆتی جۆنسنی دایکییەوە و دەڵێت، "لەم کاتە سەختەدا دڵمان لای سەرۆکوەزیران و خێزانەکەیەتی". چارلۆتی جۆنسن لە ساڵی 1942 لەدایکبووە، کچی سێر جەیمس فاوسێتە کە لە حەفتاکان سەرۆکی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا بوو. بۆریس جۆنسن بە گوتەی خۆی، دایکی "زۆر" خۆشویستووە و پێشتر بە "دەسەڵاتی باڵا" لەنێو خێزانەکەی ناوی بردووە. لە کۆنگرەكەی پارتەکەی لە 2019 جۆنسن ستایشی دایکی کرد و گوتی فێری "گرنگیی یەکسانیی مرۆڤەکان و یەکسانیی رێز و شکۆ و یەکسانیی بەهای هەر تاکە مرۆڤێک لەسەر ئەم زەمینە"ـی کردووە.

عەمار عەزیز كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی سێ كورسی قەزای شەنگال و كورسییەكی كۆتایی ئێزیدیەكان لەنێوان كاندیدانی لایەن و قەوارە سیاسییەكان زیاتر بووە، بەرپرسێكی پارتی ئەوە دەخاتەڕوو كە بنكەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەشەنگال دەكەنەوە، بەڵام لایەنەكانی دیكە دەڵێن:» پارتی ناتوانێت لەناو قەزای شەنگال بنكەی هەڵبژاردن بكاتەوە». پارتی لەدوای داگیركارییەكانی شەنگال لەلایەن داعشەوەو ئازادكردنەوەی لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و هێزەكانی دیكەی عێراق بەهاوكاری پێشمەرگە نەچووەتەوە قەزای شەنگال و لقی 17ی پارتی لەناوەندی شەنگالەوە، بەفەرمانی سەركردایەتی گواستراوەتەوە بۆ قەزای سێمێلی سەر بەپارێزگای دهۆك، بەڵام بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەنیازن بنكەیەكی بانگەشە لەشەنگال بكەنەوە.  ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17 پارتی لەشەنگال كە ئێستا لەدهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت: « ئێمە سێ‌ كاندیدمان داناوە بۆ بازنەی شەنگال ، هەرسێكیان خەڵكی شەنگال و ئێزیدین، هەریەكێك لەكاندیدەكانمان چەند لیژنەیەكیان  بۆ خۆیان دروستكردووە و دەستیان بە بانگەشە كردووە لەسنوری پارێزگای دهۆك و قەزای شەنگال». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە مافی ئەوانە بچنەوە ناوەندی شەنگال و بانگەشەی خۆیان بكەن، وتیشی: «ناچارن بچینە شەنگال، چونكە تەنها خەڵكی قەزاكە و ئاوارەكان مافیان هەیە دەنگ بەكاندیدەكان بدەن «. هەروەها ئیدریس زۆزانی وتیشی: « بەدڵنیاییەوە بنكەی بانگەشەمان لەشەنگال دەبێت، بەڵام هێشتا بڕیارمان نەداوە لەچ ناوچەیەكی قەزاكە بكەینەوە، جگە لەمەش تیمی تایبەتمان دەبێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن». لەشەنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی و یەبەشە بوونیان هەیە لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، هەروەها چەندین لایەنی ئێزیدی كاندیدیان هەیە لەناو قەزای شەنگالداو حەوت كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ كورسی كۆتای ئێزیدییەكان. «نابێت هیچ هێزو لایەنێك رێگری لەكاندیدەكانمان بكەن، چونكە ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە، لەهەڵبژاردنی 2018 ستەمێكی گەورە لەئێمەو دەنگدەرانمان كرا، هیچ دەنگێكی ئاوارەكان هەژمار نەكرا بۆیە هیچ كورسیەكمان نەهێنا، ئەمەش پلانێكی داڕێژراو بوو ، هەندێك لایەن و هێزی سەرەكی لەعێراق نەیاندەویست دەنگەكانمان هەژماربكرێن «، ئیدریس زۆزانی وای وت. هەروەها خاڵا عەلی ، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « بەپێی زانیارییەكانم پارتی لەمەزارگای شەرەفەدین بنكەیەكی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكاتەوە، مەزارگای شەرەفەدین لەلایەن قاسم شەشۆ سەر بەپارتی سەرپەرشتی و پاراستنی مەزارگاكە دەكات». فەرماندەكەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشكرد كە پارتی ناتوانێت هیچ بنكەیەكی بانگەشە لەناوەندی شەنگال و ناوچەكانی تر بكاتەوە جگە لەمەزارگای شەرەفەدین نەبێت، «من ناتوانم  بڵێم هەڵویستی ئێمە چی دەبێت، چونكە خۆی لەبنەڕەتدا پارتی ناتوانێت بنكەیەكی بانگەشە لەناوەندی شەنگال بكاتەوە». هاوكات، عومەر ساڵح ، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیمۆكراتی ئێزدییان ، پارتەكەیان لەساڵی 2017 بەفەرمی موڵەتی وەرگرتووە، ساڵی 2018 بەشدارییان لەهەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی عێراقدا كردووە، لەلێدوانێكدا  بە هاوڵاتىوت:» بەدڵنیاییەوە خەڵكی شەنگال رێگانادات پارتی هیچ بنكەیەكی بانگەشە لەقەزاكە بكاتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی لەبەرامبەر خەڵكی قەزاكە، ئەگەر پارتی بنكەیەكی بانگەشە بكاتەوە، هەڵوێستی شەقامی شەنگال چی بێت ئێمە پشتگیری بۆچوونی ئەوان دەكەین».

شاناز حەسەن تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کەڕووی رەش تۆمارکراوە و نەخۆشەکانیش لەژێر چاودێری پزیشکیدان". هێرش سەلیم جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سلێمانی چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کەڕووی تۆمارکراون، دەشڵێت، "نەخۆشییەکە مەتریسدارە و رێژەی چاکبوونەوە کەمە." ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حاڵەتی نەخۆشی کەڕووی رەش لە پێشتریشدا هەبووە و چاوەڕوان کراوە و سێ مانگ لەمەوبەریش چەند حاڵەتێک تۆمارکراون." باسی لەوەشکردووە، "ئەم نەخۆشییە پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، بەڵکو ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان دابەزیوە بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و زۆر دەرمانی ستیرۆید بەکاردەهێنن مەترسی توشبوونیان لەسەرە." هاوكات عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" چەند حاڵەتێكی نوێی كەروی رەش مان هەبووە و دوای تەواو دڵنیا بونەوە ئەمڕۆ پشتراستكرایەوە و رامانگەیاند". کەڕووی رەش؛ نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنە و بەهۆی بەرکەوتن بە کەڕوویەک (میوکەر مۆڵدەوە) کەسەکە توش دەبێت و بەشێویەکی بەربڵاو لە خاك و رووەك و سەوزە و میوەی خراپبوو و پەیینی ئاژەڵدا هەیە و کەڕووەکە کاردەکاتە گیرفانەکانی لووت و مێشك و سییەکان.

  هاوڵاتى بانکی جیهانی رایگەیاند:" تاوەکو ساڵی 2050، گۆڕانی کەشوهەوا لانیکەم 216 ملیۆن کەس دەربەدەردەکات". ئەمڕۆ سێ شەممە، 14ئەیلولوی 2021، بانكی جیهانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە، لە زانایان جەختیان لەوە كردۆتەوە:"  لێکدانەوەیان بۆ ژمارەی ئەو خەڵکانە کردووە کە لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەنێو وڵاتی خۆیان ئاوارە دەبن". راپۆرتەکە دەڵێت، ساڵانی داهاتوو گەورەترین زیان بەر هەسارەکە دەکەوێت، گۆڕانی کەشوهەوا 86 ملیۆن کۆچبەر لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەفریقیا دروستدەکات، 49 ملیۆنیش لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و 19 ملیۆن لە باکووری ئەفریقیا و 17 ملیۆن لە ئەمریکای لاتین و 5 ملیۆنیش لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا. ئەم راپۆرتەی بانکی جیهانی دوای گەرمایێکی بەتینی ئەم هاوینە دێت کە لە چەندین ناوچەی گۆی زەوی بووە هۆی وشکەساڵی و کەوتنەوەی ئاگر لە سەتان دارستان لە سەرانسەری جیهان، لە چەندین ناوچەش ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تۆمارکرا، بۆ مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ پلەی گەرما لە هەندێ ناوچەی کەناراوی بەریتانیا گەیشتە 30 پلەی سیلیزی کە زاناکان دەڵێن، ئەوە شەشەم جارە پلەی گەرمی لە مێژووی تۆمارکراودا دەگاتە ئەو ئاستە. سەنتەری یوگۆڤ لە 30ی تەممووز تاوەکو 2ی ئاب راپرسیێکی لە ئەمریکا کرد، 55٪ی خەڵک گوتوویانە لەو شوێنانەی کە لێی دەژین شایەتی کەشوهەوای دژوار لە گەرما و ئاگر و زریان و گەردەلوول بوون.

  هاوڵاتى  نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" لیژنەی کاروباری پێشمەرگە  و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80،   یەکخستن و رێکخستنی یەکەی ژمێریاری و پێداچونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی و موچەی خانەنشینی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد. راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە  لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەمەبەستی تاوتوێکردن و بەدواداچون بۆ چەند پرسێک پێشوازی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای وەزارەت کرد. کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتي ڕێڤینگ ھرۆری سەرۆکی لیژنە و بەئامادەبونی جێگری سەرۆک لیژنە و بریاردەر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لیژنەکە بەرێوەچوو. ئەوەش هاتووە، سەرەتای کۆبونەوەکە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە خرانەڕو، لەوانە لە ژێر رۆشنایی یاسای چاکسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 گفتوگۆ لەسەر یەکخستن و رێکخستنی یەکەی ژمێریاری و پێداچونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی و وردبینی لە دروستکردنی دۆسیەی کەسی ھەروەھا پێداچونەوە بە لیستی سودمەندانی خانەنشینی کەمئەندامانی پێشمەرگە و هەڵوەشاندنەوە و راستکردنەوەی موچەی خانەنشینی لەژێر رۆشنای ھەمان یاسا باس کران، هەروەها هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوان بۆ بارەگا و پلەدارەکان، و گواستەوەی پاسەوانەکان بۆ میلاکی یەکەی پاسەوانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا کێشە و گرفتەکان بەپێی بەدواداچونە مەیدانیەکانی لیژنەی پێشمەرگە و پێداویستییە سەرەکییەکانی میحوەرەکان، ھەروەھا پرسی بندیوارەکان و سزادراوی سیاسی و خواردن و تەندەرەکان و پەککەوتەی سەنگەر و گرفتی هاتوچۆی پێشمەرگەکان بۆ ئەرک بەشەهید هەژمار نەکردنی ئەوانەی لە ئەرکدا گیان لەدەست دەدەن تاوتوێ کراون.

هاوڵاتى ‌ جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کۆنسوڵى گشتى نوێى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى کۆمه‌ڵێک پرسى جێگه‌ بایه‌خى هه‌ردولا گفتوگۆیان کرد و داوایکرد بریتانیا گه‌رمتر له‌ جاران په‌یوه‌ندییه‌ دو قۆڵییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان بباته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئه‌یلولى 2021، نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق بڵاویکرده‌وه‌، قوباد تاڵه‌بانى پێشوازى کرد له‌ ده‌یڤد هه‌نت، کۆنسوڵى گشتى نوێى بریتانیا له‌ هه‌رێمى کوردستان و جه‌یمى هامیڵ-ى جێگرى و له‌باره‌ى کۆمه‌ڵێک پرسى جێگه‌ بایه‌خى هه‌ردولا گفتوگۆیان کرد. قوباد تاڵه‌بانى وێڕاى پیرۆزبایى له‌ ستافى نوێى کۆنسوڵخانه‌ى بریتانیا، داواى کرد کاربکه‌ن له‌ پێناو ده‌سته‌به‌رکردنى پشتیوانى بریتانیا بۆ پرۆسه‌ى چاکسازى و په‌ره‌پێدانى حوکمڕانى له‌ کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تگوزارى باشتر پێشکه‌ش به‌ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان بکرێت.  هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو که‌ هاوڕابون له‌باره‌ى گرنگى هه‌ڵبژاردنى 10ى مانگى داهاتو، "ده‌بێت به‌شێوازێکى ته‌ندروست و پاکوبێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت"، شانده‌ به‌ریتانییه‌که‌ ئاماده‌یى وڵاته‌که‌یان ده‌ربڕى بۆ ڕه‌وانه‌کردنى چاودێر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى چۆنییه‌تى به‌ڕێوه‌چونى پرۆسه‌که‌ و دڵنیابونه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێکردنى به‌ندو باوه‌ یاسایى و دیموکراسییه‌کان.  هاوکات، قوباد تاڵه‌بانى داوایکردوه‌، بریتانیا گه‌رمتر له‌جاران په‌یوه‌ندییه‌ دو قۆڵییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان بباته‌ پێشه‌وه‌، شانده‌که‌ش پابه‌ندى وڵاته‌که‌یان دوپاتکرده‌وه‌ به‌ درێژه‌دان به‌ هاوکارییه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کان و باشترکردنیان له‌ قۆناغى داهاتودا به‌تایبه‌ت پاش کشانه‌وه‌ى هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانى ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان له‌ کۆتایى ئه‌م ساڵ.   

هاوڵاتى به‌رێوبه‌ری ته‌ندروستی سلێمانی داوای له‌مامۆستایان و هاوڵاتیان کرد ڤاکسینی دژه‌ کۆرۆنا وه‌ربگرن و راشیگه‌یاند:" خه‌ڵک ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ڤاکسینیش وه‌ربگرین تووشی کۆرۆنا ده‌بینه‌وه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ڵێ‌ ڕاسته‌، به‌ڵام له‌ مردن دوورتده‌خاته‌وه‌". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى ئه‌یلولى 2021، به‌رێوبه‌ری ته‌ندروستی سلێمانی، له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نیدا رایگه‌یاند:"خه‌ڵک ده‌ڵێت خۆ ئه‌گه‌ر ڤاکسینیش وه‌ربگرین تووشی کۆرۆنا ده‌بینه‌وه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ڵێ‌ ڕاسته‌، به‌ڵام وه‌رگرتنی ڤاکسین له‌ ئه‌گه‌ری مردن دورت ده‌خاته‌وه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" داوا له‌هاوڵاتیان و مامۆستایان ده‌که‌م ڤاکسین وه‌ربگرن". ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ ده‌رگای قوتابخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕووی زیاتر له‌ یه‌ک ملێۆن و 800 هه‌زار قوتابی و خوێندکار کرایه‌وه‌ و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش له‌قوتابخانه‌یه‌کی شه‌قڵاوه‌ زه‌نگی ده‌ستپێکردنی وه‌رزی نوێی خوێندنی لێدا.  

  سازدانی: زانا عەلی   بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەم نزیكانە لەقەزای پێنجوێن بەڕێوەبەرایەتییەكی دیكەی پاسپۆرت دەكرێتەوەو دەشڵێت:» ‌لەپارێزگای سلێمانی یەك ملیۆن و  574 هەزار كەس خاوەنی پاسپۆرتن». عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە زۆرترین خواست لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپشووەكانی وەرزی هاویندایە. لەسەر داوای عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی و بەپێی نووسراوێك كە ئیمزای ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەژمارەی (624)ی بەرواری (2/8/2021) لەسەرەو ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراقی كردووە، تێدا داوای كردنەوەی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن دەكات.  هەروەها لەوەڵامی ئەو نووسراوەدا فەریق سمكۆ نازم ئەمین یاریدەدەری وەكیلی وەزیری ناخۆی عێراق بۆ كاروباری ئاسایشی فیدڕاڵی بەژمارەی (6/353)ی بەرواری (3/8/2021)ی رەزامەندی داوە بەكردنەوەی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن لەپارێزگای سلێمانی . لەمبارەیەوە، عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا بەهاوڵاتىوت:» بەم نزیكانە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن دەكرێتەوە، بەمەش پارێزگای سلێمانی دەبێت بەیەكەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق كە جگە لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی خاوەنی (5) پەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتە، لە (هەڵەبجە، گەرمیان (كەلار)، رانیە، چەمچەماڵ، پێنجوێن». بەپێی دوایین ئاماری دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتۆتە (40,150,200) كەس كە دابەشبوون بەسەر (18) پارێزگادا، ئەمە لەكاتكێدایە پارێزگای بەسرە یەكێكە لەگەورەترین پارێزگا عەرەب نشینەكانی عێراق، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (3,640,284) كەسە تەنها سێ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیەو پارێزگای هەولێریش كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (1,754,268) كەسە تەنها سێ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیە. هەروەها پارێزگای كەركوك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (1,683,043) كەسەو یەك بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیە، بەڵام پارێزگای سلێمانی كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (2,278,380) كەسە شەش بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەیە، بەمەش دەبێتە یەكەم پاریزگا لەسەر ئاستی عێراق كە زۆرترین بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هەیە و زۆرترین خزمەتی هاووڵاتیانی كردووە لەپێدانی پاسپۆرت . سالار محەمەد، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی وتیشی:» تامانگی ئەیلولی ئەمساڵ (2021) لەكۆی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی (1,574,000) خەڵكی سلێمانی بوون بەخاوەنی پاسپۆرتی عێراقی، ئەمەش بەراورد بەڕێژەی دانیشتوانی دەردەكەوێت چالاكترین بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەیە لەعێراقدا». هاوكات، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان كە زیاتر لە (10) هەزار كەس دەبێت تائێستا پاسپۆرتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە كە زیاتر لەشەش هەزار لەو پاسپۆرتە وەرنەگیراوانە لەناو بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانیدایە، جگە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەی پاسپۆرتی سنووری پارێزگای سلێمانی . بەشێكی زۆر لەگەنجانی هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بۆ ئەو مەبەستەش پاسپۆرت دەردەكەن و خۆیان دەگەیەننە توركیاو لەوێوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. «زۆرترین خواست لەسەر دەرهێنانی پاسپۆرت لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپشووەكانی وەرزی هاویندایە یان پشووەكانی نیوەی ساڵی خوێندن و جگە لەو دوو كاتەش لەپێش جەژنەكانی رەمەزان و قوربانی پیرۆز هاووڵاتیان مامەڵەی دەركردنی پاسپۆرت ئەنجامدەدەن»، عەمید سالار وای وت. بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی داواشی لەهاووڵاتیان كرد، بەزووترین كات و لەكاتی تەواوبوونی پاسپۆرتەكانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی پاسپۆرت بكەن بۆ وەرگرتنەوەیان.

هاوڵاتى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیاندا، دەیڤد هەنت پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە. رۆژی یەکشەممە 12ی ئەیلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەیدا کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بە تایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێناندا، هەروەها "ستایشی هەوڵەکانمانی کرد لە ئەنجامدانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانیی شانشینی یەکگرتووشی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە". پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

هاوڵاتى وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند:"ملیشیاکانی عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری کاشانی ئێران راهێنان لە سەر بەکارهێنانی درۆن دەکەن". ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، بنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند:" ئێران لە رێگەی ئەو گروپانەی شەری بە وەکالەتی بۆ دەکەن، سەرقاڵی پێکهێنانی "سوپای تیرۆریستی رێکخراوترە لە ناوچەکەدا". وتیشی:" درۆن یەکێکە لەو کەرەستە سەربازیانەی کە ئێران بۆ هاوکاری گروپەکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەکاریدەهێنێت و سەدان کەسی راهێنراو لەسەر بەکارهێنانی درۆن لە وڵاتانی سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان جێگیر کراون". ئاشکراسی کرد:" ئێران لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری کاشانی باکوری پارێزگای ئەسفەهان لەسەر بەکارهێنان و ئاراستەکردنی درۆن راهێنان بە ملیشیاکانی سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن دەکات". ئەوەشی خستەڕوو:" کە ئێران بە نیازبووە، تەکنەلۆژیا و زانستی دروستکردنی درۆن بۆ غەزە بگوازێتەوە".

  هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، لە هەرێمەکانی ئاڤاشین و مەتینا دا لە ئەنجامی چالاکیی گەریلا دا، لانیکەم نۆ داگیرکەر سزادران. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، کە لە ئاڤاشین چوار داگیرکەر، لە مەتیناش پێنج داگیرکەر،  لە ئەنجامی چالاکیی گەریلا دا سزادران. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس لە هەرێمی ئاڤاشیندا؛ ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٣٠ خولەکی بەیانی، هێزەکانی یەژاستار  چالاکییەکیان لە دژی مۆڵگەیەکی دوژمنان ئەنجامدا کە شەش داگیرکەری تێدا بووە. هەر بۆیە بە گازی کیمیاویی و تەقەمەنیی هێرشیان کردبووە سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی، لە ئاکامی ئەو چالاکییەدا چوار داگیرکەر کوژران، دوو داگیرکەریش بریندار بوون و مۆڵگەکەش لەگەڵ چەکە کیمیاوییەکانی ناویدا لەناوبران. هێزەکانی یەژاستار ئەو چالاکییەیان بۆ پیرۆزکردنی بەرخۆدانی گردی سور و وەرخەلی ئەنجامدا، دوای ئەو چالاکییە سەرکەتووە، سوپای داگیرکەری تورک، کاتژمێر ٠٩:٠٠ بەیانی کوژراوەکانی بە هێلیکۆپتەر گواستەوە. لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی خابوور لە هەرێمی مەتینا؛ ئەو داگیرکەرانەی کە لە نزیک گردی کۆردینە، خەریکی دروستکردنی ڕێگە بوون بۆ داگیرکردنی ناوچەکە، خرانە ژێر چاودێریی هێزەکانمانەوە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەکی شەو گەریلاکانمان لە دوو قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر داگیرکەران، لە چالاکیی قۆڵی یەکەمدا لە نزیکەوە داگیرکرانی کرانە ئامانج و سێ کەسیان سزا دا، قۆڵی دووەمیش ئەو داگیرکەرانەی کە دەیانویست دەستتێوەردانی شەڕەکە بکەن  کرانە ئامانج، لانیکەم دوو داگیرکەر کوژران، بەم شێوەیە لانیکەم پێنج داگیرکەر سزا دران، سوپای داگیرکەری تورک پاش ئەو چالاکییە، کوژراوەکانی بە هەلیکۆپتەر گواستەوە. لە هەرێمی ئاڤاشین لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی؛ ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە سوپای داگیرکەری تورک، لە درەنگانی شەودا گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی بۆردوومان کرد و هەوڵی پێشڕەوییدا، پاش پێکدادانێکی قورسی داگیرکەران، نەیانتوانی بە ئامانجیان بگەن. ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٤٠ خولەکی بەیانی، سوپای داگیرکەری تورک بۆ بۆردوومانکردنی گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلی، تەقەمەنیی دانا، بەڵام ئەو تەقەمەنییە لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵ کرایەوە. ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ، لە گۆڕەپانی دەشتی کافیای هەرێمی گارێ، فڕۆکە جەنگییەکان گۆڕەپانی شەهید ئامەدیان بۆردوومان کرد. ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠١:٢٥ تا ٠٢:١٠ خولەکی نیوەڕۆ، لە هەرێمی ئاڤاشین، گۆڕەپانی ستوون لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کران، شەوی ئەو ڕۆژە هێلیکۆپتەر بە ئاسمانی گۆڕەپانی مەرڤانۆس، تابووری عەرەبان، گردی سپی، گردی سوور و گردی سلێمان سووڕایەوە و هەروەها گردی شەهید ئینتقام، دۆڵی باسایا، دۆڵی بزانا و گردی قارتال، لەلایەن هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومان کران. ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٤٠ خولەکی ئێوارە، گوندی شی لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ، بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومان کرا. ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٧:٣٠ تا٠٨:٠٠ لە هەرێمی زاپ، گۆڕەپانی کورۆژاهرۆ و گۆڕەپانی وەرخەلی لە ئاڤاشین بە فڕۆکەی جەنگیی، بۆردوومان کران.

هاوڵاتى سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاندووە، زیادبوونی جموجۆڵی "گرووپە تیرۆریستییەکان" لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە. سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران باسی لەوەش کردووە، "ئەم جموجۆڵانە تێکدەری ئاسایشی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتە"، داواشی کردووە، "پێویستە ئەو گرووپانە بەزووترین کات چەک بکرێن و بەپەلە لە عێراق دەربکرێن". رۆژی 07-09-2021 ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداریی بە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و داوایکرد خەڵک لە بارەگاکانیان دووربکەونەوە. دوای دوو رۆژ لە هۆشدارییەکە، ئێران دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی باڵەکایەتی و برادۆست کرد. كاتژمێر 12:00ـی رۆژی هەینی 10-09-2021 و بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گوندی بەربزینیان-ی لە سنووری سیدەکان تۆپباران کرد. ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرزاییەکانی دۆڵمەیدانی قەزای شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆپخانەیەکی جێگیر کردووە و لەوێوە تۆپەکان ئاراستەی ناوچەکانی باشووری کوردستان دەکات.

  هاوڵاتى  وەزیری دادی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" هەرچەندە دادگای بازرگانی لە کوردستان بونی نییە، بەڵام چەندین بیرۆکە هەیە لەوانە دامەزراندنی سەنتەر یان دەستەی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی و سازاندن، کە دەبێت سەربە وەزارەتی داد بن، هەروەها لەم قۆناغەدا بونی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بازرگانی بەکارێکی گرنگ دەزانن". ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دکتۆر عیماد باڵەک، سەرۆکی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی/ ئۆکرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، "هەرچەندە دادگای بازرگانیمان نییە، بەڵام چەندین فیکرە هەیە لەوانە دامەزراندنی سەنتەر یان دەستەی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی و سازاندن، کە دەبێت سەربە وەزارەتی داد بێت". ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتەکەیان سەنتەری توێژینەوەی یاسایی داناوە، کە یەکێک لەئەرکەکانی تاوتوێکردنی بیرۆکەی هەمەجۆرە. وەزیری داد هەروەها وتی، "هەبونی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بازرگانی کارێکی گرنگە، چونکە وادەکات دۆسییە و کێشە بازگانیەکان، خێراتر یەکلایی بکرێنەوە و کاروباری بازرگانان و کۆمپانیاکان دوانەکەون."

هاوڵاتى  وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" 1214 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 17 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. بەپێی راگەیێندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 كاتژمێری رابردوودا نۆ هەزار و 215 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 1214 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە. ئەو 17 تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان لە هەولێر، پێنجیان لە دهۆک، سیانیان لە سلێمانی و سیانەکەی دیکەشیان لە هەڵەبجە بوون. هەروەها 1380 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە، زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەمترینیان لە هەڵەبجە بوون. تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 975 هەزار و 18 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 310 هەزار و 550 کەسیان پۆزەتیڤ بوون، 274 هەزار و 804 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و 597 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، 30 هەزار و 149 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.  

هاوڵاتى وەزارەتی کارەبای حکومەتی‌ هەرێم رایگەیاند:" لە ئێستادا بڕی سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت و رۆژانە بە تێکڕایی 18 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتییان". ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئه‌یلوولی 2021، وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبا سێ هەزار و 700 مێگاواتە و خواست لەسەر کارەباش له‌ پێنج هەزار مێگاوات، بۆ چوار هه‌زرا و 500 مێگاوات دابەزیوە. ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا رۆژانە بە تێکڕایی نزیکەی 18 کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان. ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، پلانیان بۆ دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام بۆ هاوڵاتییان داڕشتووە و تاکۆتایی مانگی ئاب، دەتوانن 15 کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.