هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 11104  پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا ئەنجامدراون و لەو ژمارەیەش 1380  توشبوی نوێ تۆمارکراون و 22  توشبوی پەتاکەش مردون. وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردودا  1380  توشبوی نوێ تۆمارکراون کە زۆرترین ژمارەیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی بون. ئەوەش هاتوە، لەو ماوەیەدا 1870  توشبو چاکبونەتەوە و 22  توشبوی پەتاکەش مردون کە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بون هەولێر 8 کەس، گەرمیان 1 کەس، سلێمانی 8 کەس و لە دهۆکیش 5 توشبو مردوە.  

هاوڵاتى  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند: “ بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بدرێت، نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتييان و له‌ هه‌موو پشێوى و يه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت". ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلولی 2021  نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند: “له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى (10)ى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن. نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتييان و له‌ هه‌موو پشێوى و يه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حيساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تيی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ئافره‌ت نه‌بێت. دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كوردستانييانى خۆشه‌ويست، هاووڵاتيانى ئازيز له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى (10)ى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن. نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتييان و له‌ هه‌موو پشێوى و يه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حيساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تيی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ئافره‌ت نه‌بێت. هه‌موو لايه‌ن و داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منیيه‌كان و ميديا و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هاوكار بن بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ چوارچێوه‌ى ياسادا. به‌ ته‌واوى ئازاد بێت و ده‌رفه‌تی یه‌كسان و وه‌ك يه‌ك بۆ هه‌موو لايه‌ن و كاندیده‌كان فه‌راهه‌م بێت. هه‌موو حزب و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌يان له‌ بير بێت كه‌ دوای هه‌ڵبژاردن هه‌موومان ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پته‌وكردنى ديموكراسى، به‌رژه‌وه‌ندیيه‌كانی عێراق به‌گشتی و به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانی هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تی. له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ده‌بێ كارێكى وا نه‌كرێت هه‌ماهه‌نگی و هاريكارى و پێكه‌وه‌يى و كاری هاوبه‌شى داهاتوو له‌ به‌غدا سه‌ختتر بكات. ده‌نگدان ماف و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تييه‌، ده‌بێ په‌يامى هه‌موومان ئه‌وه‌ بێت كه‌ هاووڵاتييان ئه‌و مافه‌يان به‌ كار بهێنن، ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تى هه‌ڵبگرن و به‌ به‌شداريى كارايان له ده‌نگداندا، هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌ گۆڕانگارى و هه‌وڵه‌كانى بنياتنانى داهاتوويه‌كى باشتردا به‌شدار بن. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عيراقييه‌كان گرنگه‌، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ بايه‌خه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانێت، بۆيه‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و يه‌كێتيى ئه‌ورووپا تيمه‌كانيان ده‌نێرن و له‌ نزيكه‌وه‌ چاودێرى ده‌كه‌ن. هيواى بانگه‌شه‌يه‌كى‌ سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو لايه‌ك و هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد ده‌خوازم كه‌ جێى متمانه‌ى هه‌مووان بێت. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2021/9/10

هاوڵاتى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پرۆسەی گەڕاندنەوەی 54 کۆچبەرەکە لە سووریاوە بۆ نێو تورکیا سەرکەوتووانە کۆتاییهات و لە نزیکترین کاتیشدا دەگەنە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل.  ئەمڕۆ هەینی 10-9-2021 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە سووریاوە سەرکەوتووانە کۆتاییهات".  فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی تەواوی ئەو دامەزراوانە دەکات کە هاوکاربوون و هاوئاهەنگییان لەگەڵ فەرمانگەکە کردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی  ئەو 54 کۆچبەرە کە لە سووریا گیریان خواردبوو و دەڵێت، "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر وەرگرتنی رەزامەندیی حکومەتی کۆماری تورکیا و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە و کۆنسوڵخانەی عێراق لە غازی عەنتاب دەکات لە بەرامبەر کارئاسانیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان و لە ئەستۆگرتنی ئەرکی گواستنەوەی کۆچبەرەکان".  وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەو 54 کۆچبەرە بگەنە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش لە پێشوازییاندا دەبن.

هاوڵاتى سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “هەر پەدەکە بەشدار و تاوانبار نییە لە دۆسێیەی  دەستگیرکراوانی بادینان، بەڵکو حزبە بەشداربووەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە، بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە”. ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلول، یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، “هەر پەدەکە بەشدار و تاوانبار نییە لە دۆسێیی دەمکوتکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی بادینان، بەڵکو حزبە بەشداربوەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە و هەمو ئەوانەی بەناوی چاکسازییەوە پۆستی بێدەسەڵاتیان لەناو حوکمڕانیی هەرێم هەیە بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە”. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وتوە، دوای زیاتر لە ساڵێك لە دەستگیركردنیان، هەندێك لە دەستگیركراوانی بادینان مانیان لە خواردن گرتوە وەك دژایەتییەك بۆ دۆخی دەستگیركردنیان و ئەو تۆمەتانەی بۆیان دروستكراون و هەروەها دواخستنی بەردەوامی دادگاییكردنیان بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان. جەختیشی كردۆتەوە كە بێدەنگی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوە مرۆییەكانی دیكە بەرامبەر بە پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان، كارێكی شەرمئاوەرو سەركۆنەكراوە.  

هاوڵاتى تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە سنووری ناوچەی باڵەکایەتی و برادۆستیان تۆپبارانکرد، موختاری گوندی بەربزینیش دەڵێت، تۆپبارانەکە زیانی گیانی و ماڵی نەبووە.  ئەمڕۆ هەینی 10-09-2021 بۆ دووەم رۆژی بەدوای یەک تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گوندی بەربزینیان لە سنووری سیدەکان تۆپبارانکرد. رۆژی 07-09-2021 ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری بە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و داوای کرد خەڵک لە بارەگاکانیان دووربکەونەوە. دوای دوو رۆژ لە هۆشدارییەکە، ئێران دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی باڵەکایەتی و برادۆست کرد. ماوەی هەفتەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرزاییەکانی دۆڵمەیدانی قەزای شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆپخانەیێکی جێگیر کردووە و لەوێوە تۆپەکان ئاراستەی باشووری کوردستان دەکات.

هاوڵاتى سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند:" لە بۆردوومانەکانی رۆژی پێنجشەممە بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ یەکەمجار کەڵکیان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و شەڕکەر وەرگرتووە".  سوپای پاسداران ڕایگەیاند:" لەو بۆردوومانەدا بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشداوە کە جگە لە بۆردوومانکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێشکەوتووترین سیستەمی تۆپخانەی ئێرانیش، کە بە تۆپخانەی زیرەک و خاڵپێک ناسراوە، بەکارهێنراوە". رۆژی پێنجشەممە سوپای پاسداران بە چڕی ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان و چۆمانی باشووری کوردستانی بۆردوومانکرد. بۆردوومانەکان زیانی گیانیان نەبوو، بەڵام زیانیان بە دارستان و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.  هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپای پاسداران، ئەو هێزە لە تویتەری خۆی ئایەتی 123ی سووڕەتی تەوبەی داناوە، کە  ئایەتەکە داوا لە ئیمانداران دەکات هێرش بکەنە سەر کافرەکان. پێگەکانی ئەو سوپایە لە تیلیگرام ئاماژە بە هێزەکانی دژبەری ئەو وڵاتە دەکات، وەک ئامانجی ئایەتەکە.  هێرشەکانی رۆژی پێنجشەمەی سوپای پاسدرانان دوای ئەوە هات کە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو هێزە و بەرپرسێکی باڵای سوپای قودس لە عێراق هەڕەشەی لێدانیان لەو گرووپانە کرد، کە بە وتەی ئەوان دەبنە هۆی نانەوەی پشێوی ئاسایشی لە ناوچە سنوورییەکانی ئیران. حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی ئێران و بەرپرسی باڵای سوپای قودس، رۆژی 31ی مانگی رابردوو  داوای لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە "رێگری بکەن لەو هەڕەشە"یە کە لە ناو خاکی عێراقەوە رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە.  دانایی فەڕ بە ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسدارانی گوت: "دەوڵەتی عێراق لاوازی ئاسایشی خۆی وەک هۆکارێک ناودەبات بۆ رووبەڕوونەبوونەوەی ئەم گرووپانە. بۆیە ئەگەر عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان  بیانوویێک بۆ کۆنترۆڵنەکردنی بارودۆخەکە بیننەوە، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی هەنگاوی کردەیی بنێت و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە لە ئەستۆ بگرێت."  دوای هەڕەشەکانی دانایی فەر، بەرپرسی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ژەنەڕاڵ محەممەد پاکپوور داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بنکە و بارەگای هێزە دژبەرەکانی ئێران دووربکەونەوە.

هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند:"دەتوانن لەبەغدا رۆڵێکی بەرچاو ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا". ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلول،  بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ کۆمیتەکانی سنورى مەڵبەندی رێکخستنی کەرکوکی (ی.ن.ک) دا کۆبۆتەوە، داوایکردووە، کەیەکێتییەکان گەڕەک بەگەڕەک بگەڕێن بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک و دەنگدەران و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەکەدا. سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان ئاماژەشى بەوەداوە:" کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان دەتوانن لەبەغدا رۆڵێکی بەرچاو ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، زامنکردنی دابینکردنی موچە بۆ موچەخۆران و پاراستنی سەقامگیری. قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە:" کەرکوک هێڵی پێشەوەی هێرش و بەرگرییەو بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانی کوردستانە، بۆیە پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا؛ کورد زۆرترین نوێنەری خۆی لە کەرکوک بنێرێتە بەغداد، چونکە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان باشبن؛ مەترسییەکان لەسەر کورد و قەوارەی هەرێم دەڕەوێتەوە.

هاوڵاتى بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند:" ماوەیەکە گروپێک هەڵدەستن بە دزینی ئاسنی ئەو تاوەرانەی کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوازنەوە و مەترسی کەوتنی تاوەرەکان و بێ کارەبایی گەرمیان و سلێمانی هەیە". لە راگەیەنراوێکدا سالار حسامەدین بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند:" کۆمەڵێك کەس لە سنوری ناوچەی سەنگاو هەستاون بە دزینی ئاسنی ئەو تاوەرانەی کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوازنەوە". ئاماژەی بەوەشداوە:" زیانە ماددییەکانی ئەو کارە بە ٢٠٠ ملیۆن دینار دەخەمڵێنترێت و نیوەی سلێمانی و گەرمیان بێ کارەبا دەبن و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە توانراوە چەند کەسكێکیان لێ دەستگیربکرێت". بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ئەوەى خستووەتەڕوو، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری زیاتر بکەن بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە و تاوانێکە بەرامبەر سلێمانی و گەرمیان دەکرێت.

 هاوڵاتى  شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان داوای لە مەرجەعە ئاینیە جیاوازەكان كرد یەكڕیزبن و بیروبۆچونەكانیان یەكبخەن و خاوەنی یەك وتاربن. ئەمرۆ هەینی 10ی9ی2021  شێخ نەهرۆ كەسنەزانی شاندێكی نارد بۆ شاری نەجەف بەمەبەستی سەردانیكردنی پرسەی بنەماڵە و خانەوادەی مەرجەعی ئاینی سەید محەمەد سەعید حەكیم و لەلایەن محەمەد حسێن حەكیمی كوڕێوە بەگەرمی پێوازیان لێكرا.  پاشان شێخ نەهرۆ پەیوەندیەكی تەلەفۆنی بە كوڕەكەیەوە كرد و دووپاتیكردەوە كە زۆر گرنگە پەیوەندی نێوان مەرجەعە ئاینیە جیاوازەكان بەردەوام بێت بەمەبەستی یەكڕیزی و یەكخستنی وتار و بیروبۆچونەكانیان. شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەكەیدا رونیكردەوە، تەریقەتەكەیان دەمارگیری و تەكفیر رەتدەكاتەوە و لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بنەمای خۆشەویستی و لێبوردن و بێكەوەژیان و رێزگرتنە لەمرۆڤ. لەلایەن خۆیەوە محەمەد حسێن حەكیم سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ شێخ نەهرۆ دەربڕی و ستایشی پڕۆگرامی تەریقەتی كەسنەزانی كرد كە بریتیە لە چاكسازی و بانگەشەكردن بۆ خۆشەویستی و دادپەروەری و میانڕەوی و رەتكردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر و تەكفیر.

هاوڵاتى وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژەى بەوەکرد کە سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی هه‌ڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق له‌ ڕووی كوالێتییه‌وه‌ باشن و زۆر به‌ باشی كار ده‌كه‌ن و جەختیکردەوە کە  به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ساخته‌كاری قبووڵ ناكه‌ن.  جومانه‌ ئه‌لغه‌لایی وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا  ڕایگه‌یاند: ئه‌و ئامێرانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی عێراق به‌كار دێن له‌ ڕووی كۆكردنه‌وه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی داتاكان زۆر وردن و هیچ كه‌سێك ناتوانێ ده‌ستكاری ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كان بكات یان هه‌وڵی ساخته‌كردن بدات. ئاماژەى بەوەشکردوە، تا ئێستا 76 باڵیۆزخانه‌ی عه‌ره‌بی و جیهانی و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ییان پێشانداوه‌ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق بكه‌ن كه‌ بڕیاره له‌‌ ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێ. وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان روونیکردەوە کە ڕێككه‌وتووین‌ 100 چاودێری یه‌كێتی ئه‌وروپا بێنه‌ عێراق بۆ چاودێریكردنی پڕۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژی ده‌نگدانیش 130 چاودێری دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چاودێری بنكه‌ و سندووقه‌كان ده‌كه‌ن، واته‌ به‌ كۆی گشتی 230 چاودێر ئاماده‌ ده‌بن و بۆیان هه‌یه‌ بۆ خۆیان هه‌ر بنكه‌یه‌ك یان چه‌ندان بنكه‌ هه‌ڵبژێرن به‌ مه‌به‌ستی چاودێریكردن. ئه‌لغه‌لایی باسى لەوە کرد، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 9ی ساڵی 2020، هه‌ر كه‌سێك یان لایه‌نێك وێنه‌ی به‌ربژێره‌كانی هه‌ڵبژاردن بدرێنێ یان ده‌ستكاری بكات سزای پێبژاردن و ده‌ستگیركردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ. ئەم لێدوانەى بەرپرسەکەى کۆمسیۆن لە کاتێکدایە کە مانگی رابردوو دەستگیرکردنى گروپێکى ساختەکردنى دەنگەکان لە عێراق راگەیەنرا کە لەناویاندا بەرپرسێکى پێشووی کۆمسیۆن هەبووە، بەڵام تائێستا بە فەرمى حکومەتى عێراق ئەوەى پشتڕاست نەکردوەتەوە.

    هاوڵاتى بایدن فەرمانی بە 2.5 ملیۆن کارمەندی فیدڕاڵی و بەڵێندەر و کارمەندانی تەندروستی کرد ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن، فەرمانەکەی ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە کە کارمەندەکانیان لە 100 کەس زیاترن، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە. کارمەندانی حکومەتی فیدڕاڵی دەبێت هەموو هەفتەیەک پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و بیسەلمێنن کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام کارمەندانی کۆمپانیا گەورەکان هەڵبژاردنی خۆیانە هەفتانە پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە بکەن یاخود نا، بەڵام دەبێت ڤاکسینەکە وەربگرن. دەنگی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە، هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا پێشتریش داوایان لە کارمەندەکانیان کردووە ڤاکسین وەربگرن، ئەگەرنا ئەوا کارەکانیان لەدەست دەدەن. بایدن لە وتارێکدا وتی " ئەگەر دەتەوێت کار لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بکەیت یاخود مامەڵەی کارمان لەگەڵدا بکەیت، ئەوا ڤاکسین وەربگرە." بایدن جەختی لەوە کردەوە مەبەست لەم هەنگاوەی پاراستنی ئەو کارمەندە ئەمەریکیانەیە کە ڤاکسینیان وەرگرتووە لەو کارمەندانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. جێی ئاماژەیە ئابووری ئەمەریکا لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشکەوتووە، بەڵام لە مانگی هەشتدا هەلی کار لە وڵاتەکەدا کەمبۆوە، بایدنیش هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و گیان لەدەستدانەکان زیاتر لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بەڵام هەندێک حاڵەتی توشبوونیش هەبووە لەنێو ئەو کەسانەدا کە چەند مانگێک لەمەوبەر ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە. بایدن وتی " ئەمە پەتای ئەو کەسانەیە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە." ئاماژەی بەوەدا 80 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. وتی " ئەولە سەدا 25 ە دەتوانن ببنەهۆی کەوتنەوەی زیانێکی گەورە، هەر بەو شێوەیەش بووە، " ئاماژەشی بە پڕبوونی نەخۆشخانەکان و یەکەکانی چاودێری چڕدا لە وڵاتەکەدا. زیاتر لە 177 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی لە کۆی 322 ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا ڤاکسینەکان بۆ خوار تەمەن 12 ساڵ پەسەند نەکراون. زیاتر لە لە سەدا 62 ی دانیشتوانی ئەمەریکا لە 12 ساڵەوە بۆ سەرەوە ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام لەم هەفتانەی ڕابردوودا ڕۆژانە نزیکەی 150,000 حاڵەتی توشبوون لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە، هەروەها ڕۆژانە 1000 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیان لەدەستدەدەن. بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە، وەکو ئەو باوەڕەی کە توشی ڤایرۆسەکە نابن یاخود پێیان وایە هیچ کەسێک ناتوانێت فەرمانیان پێبکات ڤاکسین وەربگرن، ملیۆنان ئەمەریکی هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

هاوڵاتى نوسینگەی فاروق مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجومەنی فاروق گرپ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، " ئەوان درورن لە ململانێی لایەنە سیاسیەكانی ئێستای سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بە گشتی، وە دوورن لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی". ئەمرۆ هەینی 10ی9ی2021  نوسینگەی فاروق مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فاروق گروپ راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"لەچەند میدیایەكی كوردی  و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە كە چوار دەوری مەكتەكەی كاك (فاروقی مەلا مستەفا) لە كۆمپانیای ئاسیا گیراوەو فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنرێت". ئاماژە بەوەشکراوە، "لێرەوە رایدەگەیەنین، هەموو ئەو هەواڵ و بڵاوكراوانە دوورن لە راستیەوەو بەشێوەی ئاسایی كاروبارەكانمان بەڕێوە دەچێت، ئەو كێشەو ململانێیانەی كە روو دەدەن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانمان نابێت". ئەوەشخراوەتەروو، "لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین ئێمە دوورین لە ململانێی لایەنە سیاسیەكانی ئێستای سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بە گشتی، وە دوورین لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی". راگەیاندراوێك لە مەكتەبی فاروق مەلا مستەفاوە لەچەند میدیایەكی كوردی  و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە كە چوار دەوری مەكتەكەی كاك (فاروقی مەلا مستەفا) لە كۆمپانیای ئاسیا گیراوەو فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنرێت. لێرەوە رایدەگەیەنین، هەموو ئەو هەواڵ و بڵاوكراوانە دوورن لە راستیەوەو بەشێوەی ئاسایی كاروبارەكانمان بەڕێوە دەچێت، ئەو كێشەو ململانێیانەی كە روو دەدەن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانمان نابێت. لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنن ئێمە دوورین لە ململانێی لایەنە سیاسیەكانی ئێستای سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بە گشتی، وە دوورین لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی. ئێمە سەربەخۆین و دوورین لە كاروباری حزبایەتی لە هەرێمی كوردستان. مەكتەبی فاروقی مەلا مستەفا 10/9/2021  

  هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند:" دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم نەک تەنها کێشەی ئیسرائیلە، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانە". یایر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە هاوتا روسییەکەی رایگەیاندووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل دان بە پێویستیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رووسیا لە سووریادا دەنێت، "توانای خۆمان وەگەڕدەخەین تاوەکو بەرگری لە خۆمان بکەین". لەمیانی سەردانێکیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، یایر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە 09-09-2021 ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بوەستێندرێت. دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، لاپید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتیشی، "دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم نەک تەنها کێشەی ئیسرائیلە، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانە". وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، پێویستە جیهان ئێران لە گەیشتنی بە توانای دەستکەوتنی چەکی ئەتۆم بوەستێنێت، "خۆ ئەگەر جیهان ئەوە نەکات، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە شتێک بکات". لاپید ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ سەقامگیری لە سووریا یان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی ناکرێت لە کاتێکدا ئێران بوونی لەوێ هەیە و تارانیشی بە "گەورەترین هەناردەی تیرۆر" ناوبرد. ئەو وەزیرەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل بە بێدەنگی دانانیشێت، لە کاتێکدا "ئێران لەسەر سنووری باکوورمان بنکەی تیرۆر دروستدەکات یان کاتێک ئێران چەکی پێشکەوتوو دەبەخشێتە رێکخراوە تیرۆریستییەکان". هەرچەندە لە قسەکانیدا، سێرگی لاڤرۆڤ باسی ئێرانی نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ لاپید باسی بارودۆخی سووریایان کردووە.

نامۆ سەربەست تاڵیبان كۆنترۆڵی ویلایەتی پەنجشێریان راگەیاندووەو بەرەی بەرگری باكور بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شا مەسعود دەڵێن لەچیاكان و ناوچەكانی دەوروبەری پەنجشێر بەرگری كردن بەردەوامە. دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان كۆنترۆڵی كابولی پایتەختی كرد، لەویلایەتی پەنجشێر بەرەی بەرگریی باكور بەسەرۆكایەتی ئەحمەد مەسعود كوڕی ئەحمەد شا مەسعودی سەركردەی دیاری ئەفغانستان پێكهات، بۆ بەرگریكردن دژی رژێمی تاڵیبان. رۆژی دوو شەممە 5ی ئەیلول، زەبیحوڵا موجاهد وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند:» كۆنترۆڵی تەواوی ویلایەتی پەنجشێریان كردووەو بەوەش وڵات لەزۆلكاوی جەنگ چووە دەرەوە». وێڕای هەوڵەكان بۆ بەئاشتی كۆتایی هێنان بەناكۆكییەكان، بەڵام دواجار شەڕ دەستیپێكردو بزوتنەوەی تاڵیبان بەتەواوی هێزیەوە هێرشی كردەسەر پەنجشێر، لەشەڕەكاندا بەردەوام بەرەی بەرگری تاڵیبانی تۆمەتباردەكرد بەوەی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەدا هاوپەیمانیی بەستووە لەدژیان و چەندین ئاماری كوژراو بریندارو بەدیلگیراوی قاعیدەی بڵاوكردەوە، بەڵام تاڵیبان بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتدەكردەوە. سەرەتای هەفتەی رابردوو سەرۆك عەشیرەتەكانی پەنجشێرو ویلایەتەكانی دەوروبەری، سەردانی كابولیان کرد تا بگەنە چارەسەرێك بۆ كێشەكان، بەڵام هەوڵەكانیان بێسود بوو. لەڕۆژانی شەمەو یەكشەمەی رابردوودا هێرشەكانی تاڵیبان زۆر چڕ ببووەوەو شەڕەكان زۆر توندتر ببوون و ژمارەی قوربانییەكان زۆر زیاتر بوو. بۆیە ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامیی ئەفغانستان داوایكرد شەڕ رابگیڕێت و وتووێژی ئاشتی دەستپێبكات. هاوكات سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بەهێرشەكانی تاڵیبان بۆ پەنجشێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»ئەو راپۆرتانەی پێمان گەیشتون ئاماژە بە ئابڵوقەدانی ناوچەی پەنجشێرو بڕینی كارەبا لێی و برسیكردنی دانیشتوانەكەی دەكەن، ئەوەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە». لەكۆنگرەكەدا، خەتیب زادە زۆر بە توندی ئیدانەی دەستوەردانە دەرەكییەكانی كرد لەئەفغانستاندا و راشیگەیاند:»دەستوەردانی دەرەكی لەئەفغانستاندا دەرئەنجامەكەی شكستە، گەلی ئەفغانی گەلێكی بەغیرەتەو هەوڵی سەربەخۆیی دەدات، بۆیە هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی لەئەو وڵاتە رەتكراوەیە، دۆزی پەنجشێر دەبێت سیاسییانە و لەڕێی نێوەندگیرییەوە چارەسەر بكرێت و نابێت بە براكوژی كۆتایی بێت و تاڵیبان دەبێت پەیمانەكانی جێبەجێ بكات». مەبەستی خەتیب زادە لەدەستوەردانە دەرەكییەكان، هاوكارییەكانی پاكستان بوو بۆ بزوتنەوەی تاڵیبان. هەر ئەو رۆژە لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئەحمەد مەسعود ئامادەیی نیشاندا بۆ راگرتنی شەڕ بەمەرجێك تاڵیبان هێزەكانی لە ویلایەتەكە بكشێنێتەوە، بەڵام تاڵیبان هەر بەردەوامبوو لە هێرشەكانی و رۆژی دووشەممە زەبیحوڵا موجاهد وتەبێژی بزوتنەوەكە لەبەیاننامەیەكدا كۆنترۆڵكردنەوەی پەنجشێری رایگەیاندو نووسی:»لەگەڵ ئەم سەركەوتنەدا وڵاتەكەمان لەزۆلكاوی جەنگ هاتە دەرەوە، هەڵگەڕاوەكان كوژران و هەندێكیشیان رایانكرد، دانیشتوانی پەنجشێر دڵنیا دەكەینەوە كەس رووبەڕووی جیاكاری نابێتەوە، ئەوان برامانن و پێكەوە بۆ وڵاتێك و ئامانجێك كاردەكەین» هەروەها زەبیحوڵا ئاشكراشیكرد لەڕۆژی سێشەممەوە خزمەتگوزارییەكانی كارەباو مۆبایل و ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی پەنجشێرو وتیشی:» بزوتنەوەی تاڵیبان توانی دوایەمین چاڵی تیرۆر لە ئەفغانستاندا لەناوبەرێت». وتەبێژەكەی تاڵیبان داوای لەوڵاتان كرد بەردەوامبن لە هاوكاریكردنی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەدەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەكان كردو وتی چاوەڕێی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتییەكانن. هاوكات موجاهد هەڕەشەی لەهەركەسێك كرد كە بەڕووی تاڵیباندا هەڵگەڕێتەوەو رایگەیاند:»ئیمارەتی ئیسلامی زۆر هەستیارە بەرامبەر بزوتنەوەكانی هەڵگەڕانەوە و هەركەسێك هەڵبگەڕێتەوە گورزێكی توند دەخوات و رێگا بە هەڵگەڕانەوەی تر نادەین». داواشی لە ئەندامانی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی ئەفغانستانكرد بگەڕێنەوە و تێكەڵی سیستمی نوێ ببن و وتی:»ئەو هێزە ئەفغانییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا مەشقیان وەرگرتووە، داوایان لێدەكرێت بچنە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەكانەوە لە پاڵ ئەندامانی تاڵیباندا». هاوكات بزوتنەوەكە وێنەی چەكدارەكانی لەبەردەم باڵەخانەی ویلایەتی پەنجشێردا بڵاوكردەوە و لەگرتەیەكی ڤیدیۆییشدا نیشانیدا كەچۆن ئاڵای تاڵیبان لەسەر باڵەخانەكە هەڵدەكەن. دواتر لەپەیامێكی دەنگیدا ئەحمەد مەسعود دانی بەوەدا نا كە تاڵیبان ویلایەتەكەی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام وتی ئەوان تەنیا شارەكەیان گرتووە و شوێنەكانی تری دەرەوەی شار بەدەست بەرەی بەرگرییەوەیە و بەرگریكردن بەردەوام دەبێت. لەقسەكانیدا مەسعود ئاماژەی بە ئەوەدا كە بەهۆی زۆریی قوربانییەكانەوە و لەسەر داوای زانایانی ئیسلامی ئامادەییان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تاڵیبان گوێی بە زانایانی ئاینیش نەدا و بەوەش زیاتر سەلماندیان كە دژی ئاین و دژی مرۆڤایەتین. ئاشكراشیكرد كەتەنانەت لە ناو خێزانەكەی خۆشیدا قوربانیی و كوژراو هەیە. لەدرێژەی پەیامەكەیدا ئەحمەد مەسعود وتیشی:»بەرگریی دژی تاڵیبان لە پەنجشێر بەردەوامە، تاڵیبان بیانییەكان دەهێنێت بۆ كوشتنی ئەفغانییەكان، ئێمە دەستوەردانی دەرەكیی بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە، ئەگەرچی ئەوان پایتەختی ویلایەتەكەیان بەدەستەوەیە، بەڵام سەرجەم شوێن و پێگە ستراتیجییەكان بەدەست بەرەی بەرگرییەوەن» ئەویش بە هەمان شێوەی خەتیب زادە، مەبەستی لە بیانییەكان هاوكارییەكانی پاكستان بوو بۆ تاڵیبان. لەسەرەتای دروستبوونی تاڵیبانەوە پاكستان بەهەموو شێوەیەك هاوكاری دارایی و سەربازی و لۆجستی كردوون، تەنانەت دوای ڕوداوەكانی 11ی سێپتەمبەر و داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریكاشەوە، ئەو هاوكارییانە بەردەوامبوو، هۆكاری سەرەكیی ئەو پشتیوانییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پاكستان دەیەوێت لە ئەفغانستاندا حكومەتێك هەبێت لایەنگری خۆی بێت دژی هیندستان، تا لەڕكابەرییە مێژوییەكەیدا لەگەڵ ئەو وڵاتە، پێگەی خۆی بەهێزتربكات. مەسعود لە پەیامە دەنگییەكەیدا كە بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی ناردبوو، داوای ڕاپەڕینێكی نیشتیمانیی كرد و بە ئەفغانییەكانی راگەیاند:»لەهەر شوێنێكن، لە ناوەوە و دەرەوە، هانتان دەدەم بۆ دەستپێكردنی راپەڕینێكی نیشتیمانی لەپێناو كەرامەت و ئازادی و گەشەكردنی وڵاتەكەماندا» بەرەی بەرگریش لە تویتەری فەرمی خۆی رایگەیاند، فەهیم دەشتی وتەبێژی بەرەكە و جەنەراڵ عەبدولوەدود زادە، یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی بەرەكە، لە شەڕەكاندا كوژراون. لە دوای كۆنترۆڵكردنی كابولەوە، بەردەوام بزوتنەوەی تاڵیبان راگەیاندنی حكومەتی ئەو وڵاتە دوا دەخات، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەگەڵ راگەیاندنی كۆتایی هێنان بەبەرەی بەرگریدا، لەهەفتەی داهاتوودا تاڵیبان پێكهاتە حكومییەكەی ئاشكرادەكات. پێشتر چەند سەرچاوەیەكی تاڵیبان ئاشكرایانكرد كە عەبدولغەنی برادەر، یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەكە سەرۆكایەتی حكومەتەكە دەكات. رۆژنامەی واشینتن پۆست لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بە ئەوە كرد، بزوتنەوەكە لە هەوڵی ئەوەدایە سیستمێكی سیاسی هاوشێوەی ئێران دابمەزرێنێت و ئەم چەند رۆژەی دوایی راوێژە سیاسییەكان لە ناو بزوتنەوەكەدا بەردوام بووە بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی ئاینی بەسەرۆكایەتی هەیبەتوڵا ئاخوند زادە سەرۆكی بزوتنەوەكە، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە (رابەری باڵای ئەفغانستان) هاوشێوەی پەیكەرە سیاسییەكەی ئێران. سەبارەت بەحكومەتە نوێیەكە و چارەنووسی ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، جەنەراڵ مارك میلی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا، پێشبینی ئەوە دەكات ئەفغانستان بەرەو شەڕی ناوخۆ بخزێت و گومانی هەیە لەوەی تاڵیبان بتوانێت ئیدارەی وڵات بكات و پێشبینیی گەڕانەوەی گروپە تیرۆریستییەكانیشی كرد. میلی لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند:»بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییەكانم، ئەگەری زیاتر ئەوەیە بارودۆخی ئێستا تەشەنەبكات بۆ شەڕی ناوخۆ، ئەگەرێكی گەورە هەیە بۆ هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆی لەئێستا فراوانترو ئەوەش دۆخێك دروستدەكات رێگا بەگەڕانەوەی بزوتنەوەی قاعیدە و گەشەكردنی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر دەدات.» هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەماوەی 12 تا 36 مانگی داهاتوودا دەركەوتنەوەی تیرۆر لەو ناوچەیە (ئەفغانستان) ببینن. لەلایەكی دیكەوە، ینس ستولبێرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سەندەی تێلێگرافی بەریتانی رایگەیاند:»دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێكەوە، بە روسیا و چینیشەوە، كاربكەین بۆ ڕێگریكردن لە ئەوەی ئەفغانستان ببێتە سەنتەری رێكخراوە تیرۆریستییەكان و ئازادانە كاری تێدا بكەن و ئامادەكاری و پلانڕێژی بكەن بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكانمان».

هاوڵاتى وه‌زیری دارایی و كاروباری ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند:"  موچه‌ی 20.000 كه‌سیان راگرتوه‌ كه‌ دو موچه‌یان هه‌بوه‌ و ده‌شڵێت، "ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵیه‌وه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت مسۆگه‌ر نیه‌". ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و كاروباری ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ، به‌ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ 900 ملیار دینار هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی مانگانه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابین بكات. سه‌باره‌ت به‌ ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا، ئاوات شێخ جه‌ناب وتی، "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت مسۆگه‌ر نیه‌". سه‌باره‌ت به‌ دو موچه‌یی و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌زیری دارایی و كاروباری ئابوری ئاشكرایكرد، موچه‌ی 20.000 (بیست هه‌زار) كه‌س راگیراوه‌ كه‌ دو موچه‌یان هه‌بوه‌. سه‌باره‌ت به‌ داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش، ئاوات شێخ جه‌ناب رایگه‌یاند، "داهاتی ناوخۆی له‌هه‌رێم له‌ مانگێكه‌وه‌ بۆ مانگێكی دیكه‌ جیاوازه‌وه‌، به‌ڵام به‌گشتی مانگانه‌ به‌ 240 ملیار دینار ده‌خه‌مڵێنرێت".