هاوڵاتى دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگا دانیشتنی دادگایكردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی دواخست، تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوایكرد دەستبەجێ مامۆستا بەدەل بەرواری ئازادبکرێت و ڕایگەیاند، هەر کۆمەڵگایەک کەسێکی وەک مامۆستا بەدەل بەرواری هەبێت دەبێت شانازی پێوە بکات. ئەمڕۆ بڕیاریبوو دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنەکەیان دواخرا بۆ ١٢ی تشرینی یەکەم. دوای بڕیاری دواخستنەكە، تیمی کوردستانی عێراقی CPT كە لە سەرجەم دانیشتنەكانی دادگایكردنی دەستگیركراوانی بادیناندا ئامادەبوون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕایانگەیاند، هەر کۆمەڵگایەک کەسێکی وەک مامۆستا بەدەل بەرواری هەبێت دەبێت شانازی پێوە بکات، چونکە ئەو شایستەیی سوپاسگوزارییە پێویستە شانازی پێوە بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا. CPT دووپاتیكردەوە، كە ئەوان بۆ بەڕێوەچونی دادگایەکی دادپەروەرانە چاودێری سەرجەمی پڕۆسەی دادگاییکردنی زیندانیکراوانی بادینانیانکردووە. ئەوەشیان خستەڕوو، بەدەل بەرواری بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵیکە لە زیندا هێڵدراوەتەوە بە بێ بونی بەڵگەیەکی زۆر بچوک لەسەری. تیمی کوردستانی عێراقی CPT داویكرد، دەستبەجێ مامۆستا بەدەل بەرواری ئازادبکرێت و بەزوترین کات بە خانەوادەکەی شادبکرێتەوە، تاوەکو بەردەوام بێت لەو خەباتەی کە دەیکات بۆ داکۆکیکردن لە سەرجەم مافی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا. مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، ڕۆژی ١٩ی ئابی ٢٠٢٠، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکران و ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵیش، لە بەرامبەر دوو دۆسێی جیاوازدا، دادگای کەتنی دهۆک سزای ساڵێک زیندانیی بەسەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ئومێد بەرۆشکیدا سەپاند. لەماوەی ڕابردوودا چەندینجار، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی براونەتە بەردەم دادوەر لە دادگای هەولێر، بەڵام بە بیانووی جیاواز دانیشتنەکانی دادگا لەبارەی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان دواخراوە ، ئەمڕۆش بۆ جارێکی دیکە دانیشتنەکە دواخرا.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەپارێزگای موسڵ ئاماژە بە گۆڕانكاریەكی گەورە دەكات لە هاوكێشەی سیاسی ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت لەپارێزگای موسڵ و نفوسی كورد بەگشتی. رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەهەولێر، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» پارتی لەسەر ئاستی موسڵ پێنج بۆ شەش كورسی و یەكێتی یەك بۆ دوو كورسی دەردەچێت». هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كورد بەگشتی لە كەركوك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك بە دەنگ و كورسی پاشەكشە دەكات. هاوڵاتى: دۆخی كورد بەگشتی لەپارێزگای موسڵ چۆنە؟ رەشاد گەڵاڵی: دیارە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەردوو لایەن (پارتی، یەكێتی)ئەو پاشەكشێیەی لەڕووی ئیداری و حزبی لە مەخمور تا دەگاتە خانەقین زەرەری گەورەی بەكورد و ئەو دوو لایەنە گەیاندووە. پارتی لەپارێزگای موسڵ، جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو یەكە ئیدارییەكانی مایەوەو تەنها لەمەخمور پاشەكشەی كرد، بەڵام لە ناحیەو قەزاكانی حەمدانییەو گوێر پارتی پاشەكشەی نەكرد. كۆی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پارێزگاكە جگە لە قەزاو ناحیەكانی شەنگال و سنونێ و تل عوزێر ئێزیدیەكان دابەشی دوو بوونەوە، كە بەشێكیان نزیكن لە گەریلاكانەوە كە خاكی شەنگالیان رزگار كردو ئێستا ئەو حزبەی هەیانە بە فكر لەگەڵ ئۆجەلاندان، چونكە ئێزیدیەكان دەزانن گەریلا شەرەف و كەرامەتیانی پاراستووە، ئەمانە رێگریان كرد لە گەڕانەوەی قایمقامی شەنگال و هەم ناحییەكانی، بێجگە لەوە پارتی لەڕووی ئیدارییەوە گەڕاوەتەوە ناحیەو قەزاكانی دیكە. هاوڵاتى: پێتانوایە دەنگی شیعەو سوینەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت بەهۆی بوونی حەشدی شەعبیەوە لەموسڵدا؟ رەشاد گەڵاڵی: سوودمەندی سەرەكی لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارە لەپارێزگای موسڵ گروپە شیعییەكان دەبن، چونكە هەریەكەو لیوای حەشدی دروستكردووە، تەنانەت لیوای حەشدیان بۆ سونیەكان دروستكردووە و پەیوەستن بە حەشدی شەعبی، بەڵام پاڵپشتی حزبوڵاو تەیاری سەدری و رێكخراوی بەدرن. شیعەكان كاندیدی سوننەیان هەیە بەڵام لەلایەن گروپە شیعییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، بۆ نموونە شەبەك لە موسڵ هەمووی دەنگ بەكاندیدی شیعەكان دەدات لەگەڵ دانیشتوانی قەزای تەلەعفەر كە هەمووی دەنگ بەشیعەكان دەدەن، سبەینێ لە پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارەكانیان دەچنە پاڵ دەنگی گروپە شیعییەكان با سوننەش بن. ئەگەر حەشدی شەعبی بوونی نەبوایە شیعەكان تەنها دوو كورسیان بەدەستدەهێنا، بەڵام بەهۆی بوونی حەشدی شەعبیەوە حەوت كورسی زیاتر دەهێنن، هەروەها سوننەكان پێگەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەمجارە كورسییەكانیان بەهۆی حەشدی شەعبیەوە كەمدەكاتەوە. هەروەها لەناو بازنەی شەنگال كە سێ كورسی بۆ دیاری كراوە، كورسییەك لەناو ئێزیدییەكاندا دەبەن و لیوا و هێزی خۆیان هەیە. هاوڵاتى: بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كورد بەگشتی پاشەكشەی كردووە؟ ئایا پارتی و یەكێتی و ئەوانەی بەفكر لەگەڵ ئۆجەلانن چەند كورسی دەهێنن؟ رەشاد گەڵاڵی: ئەگەر كورد لەمەخمور پاشەكشەی نەكردایە دەنگ و رەنگی زیاتری دەبوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاكەییەكی كاندید كردووە لەمەخمور تا دەگاتە حەمدانییە، بەڵام پارتی دوو كاندیدی هەیە هەردووكیان عەرەبن كە ژن و پیاوێكی كاندید كردووە، ئەگەر پارتی پێیوابوایە كاندیدی كورد دەتوانێت سەر دەخات ئەوا كوردی كاندید دەكرد. پارتی دەزانن ئێستا لەناحیەی گوێرو دەوروبەری لەسەدا 65% بووەتە عەرەب و تەنها لەسەدا 35% كوردی تێدا ماوەتەوە، دەنگدەری كورد لەسەر بنەمای ماددەی 140ی دەستور كە لەو ناوچەیە دەنگ دەدات تەنها ئەو رێژەیەیە كە باسم كرد. ئەگەر لەسەر بنەمای ئەوە بێت كە دەنگدەر بچنەوە ناوچەكانی خۆیان دەنگ بدەن پێموایە كورسیی و دەنگی كورد بەتەواوی دادەبەزێت و پاشەكشە دەكات، چونكە پارتی لە قەزای شەنگال دەنگەكانی كەمدەكات، بەڵام كورسی دەبات بەهۆی ئاوارەكانی ئێزیدی كە لەپارێزگای دهۆك كە لەكەمپەكاندا نیشتەجێن. لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ یەكێتی یەك كورسی بەدەستدەهێنێت و شەڕی بۆ دەكەین، هەوڵیش دەدات بیگەیەنێتە دوو كورسی بەڵام زۆر زەحمەت دەبێت، هەروەها پارتی بەزیرەكانەوە چووەتە ناو حزبەكانی سوننە و شیعەكانیشەوە و كاندیدی لەبەغداو دیالەو سەڵاحەدین و عەمارەو كووت هەیە. پێموایە پارتی لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ پێنج كورسی زیاتر دەبات، ئەگەر ئەو یاریە زیرەكانەی كردوویەتی لەبەغداو دیالەو سەڵاحەدین بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمكردنەوەی دەنگ و كورسیەكانیەتی لەموسڵ كردوویەتی. ئەو حزبەی كە لەشەنگال دروست بووە و بەفكر نزیكن لە عەبدوڵا ئۆجەلان و لیوایەكی حەشدیان هەیە بەتەئكید كورسی كۆتای ئێزیدییەكان بۆ ئەوان دەبێت. هاوڵاتى: بەپێی زانیاریەكانتان و خوێندنەوەی خۆتان لە پارێزگای كەركوك دەنگی كورد كەمدەبێتەوە؟ رەشاد گەڵاڵی: بەپێی خوێندنەوەم پارتی لە پارێزگای كەركوك دوو كورسی بەدەست دەهێنێت، ئەو دۆخە خراپ و پاشاگەردانییەی دروست بووە لەناو یەكێتی پێموایە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنەكان نەكات كاریگەری سلبی لەسەر دەنگی یەكێتی دەكات لە هەموو ناوچەكان بەتایبەت لە كەركوك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەش، چونكە هاوسۆزییەكی زۆر بۆ لاهور شێخ جەنگی هەیە تەنانەت بەهۆی ئەو دۆخەوە بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكانیش لە پارێزگای سلێمانی سەردەكەون. هاوڵاتى: پێتوایە دۆخی كورد دوای ئەم هەڵبژاردنە بە چی دەگات؟ رەشاد گەڵاڵی: ئەگەر دەنگ و كورسی كورد بەگشتی لە عێراقدا بەراورد بەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق كەمببێتەوە كاریگەری نەرێنی دروستدەكات لەسەر بودجەو مووچەو داواو مافە رەواكانی گەلی كورد بەگشتی.
هاوڵاتى سەرۆک وەزیرانی عێراقرایگەیاند:" ملیاران دۆلار لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە عێراقەوە براونەتە دەرەوە". ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە ملیاران دۆلار بەنایاسایی براونەتە دەرەوەی عێراق و دەبێت ئێستا بۆ عێراق بگەڕێندرێنەوە. بەوتەی کازمی، کاتێک کۆمەڵگە دەچێتە شەڕی تائیفییەوە، گەندەڵی بە قورسی دەردەکەوێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، لەماوەی یەک ساڵدا توانیویانە گەندەڵیی 17 ساڵی ڕابردوو ئاشکرابکەن. پهیامهكهى كازمى لهكاتێكدایه، ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەغدا چالاکییەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
هاوڵاتى کۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:" لە کۆی 17 ملیۆن کارتی دەنگدان 14 ملیۆن کارتیان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کردوە کە مافی دەنگدانیان هەیە. نەبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتبێژی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ میدیا عیراقییهكان راشیگەیاند: کۆمسیۆن لە ئێستادا سەرقاڵی راهێنانی کارمەندە بۆ داغڵکردنی داتا، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆمسیۆن 900 کارمەند لە کۆی پێنج ههزار کارمەند دیاری دەکات بۆ داغڵکردنی داتاکان. باسی لهوهشكرد: لە رۆژی دەنگداندا دەبێت دەنگدەر کارتی دەنگدان و پێناسەی نیشتیمانی پێبێت و پەنجە مۆری ئەلکترۆنی بکات، دەبێت ناوی سیانی و پەنجە مۆرەکە لەگەڵ یەک بەراورد بکرێت ئەگەر وەک یەک بوون ئەوا مافی دەنگدانی دەبێت. لایەنە سیاسیەکان پێشبینی دەکەن رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پێشوهختهی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق کە وا بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021، ئەنجام بدرێت بگاتە 50% بۆ 60%.
هاوڵاتى باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند:"ئێمە هاوبەشیێکی زۆر نزیکمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. رێزێکی گەورەمان بۆ پێشمەرگە ئەو رۆڵەیان هەیە کە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لەم ناوچەیە و لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاویانە". ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 ستێفن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند:" ئێمە هاوبەشیێکی زۆر نزیکمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. رێزێکی گەورەمان بۆ پێشمەرگە ئەو رۆڵەیان هەیە کە بۆ پاراستنی سەقامگیریی لەم ناوچەیە و لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاویانە. ئێمە هاوکارین لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە، لەنێویشیاندا لەناوخۆی بەریتانیادا." لە هەوڵەکانی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی لیواکانی هێزەکانی پێشمەرگەشدا، هێزەکانی بەریتانیا رۆلێکی کارا دەبینن و لەو بارەیەوە راوێژی سەربازی بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن. جەیمس سۆرنتن، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر دەڵێت "ئێمەش هاوکاریی تەکنیکی دابین دەکەین، پێمانوایە زۆر گرنگە هێزی پێشمەرگە مۆدێرن بکرێت، ببێتە سوپایەکی کاریگەر بۆ سەدەی بیست و یەک، لەژێر کۆنتڕۆڵی دامەزراوە حکومییەکاندا بێت نەک حیزبە سیاسییەکان." لە گۆڕەپانی جەنگیشدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لەڕێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارانی داعش و چاودێریکردنیان و شوێنکەوتنیان یارمەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دەدەن.
هاوڵاتى گوندی بانکی لە سنوری ناحیەی باتیفا تۆپبارانکرا و زیان بەر سێ خانوو و ئۆتۆمبێلێک کەوتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 تۆپخانەکانی تورکیا ناوەندی گوندی بانکی لە سنوری ناحیەی باتیف تۆپبارانکرد. لەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە ئەو گوندانە توپباراندەکرێن. ماوەی پێنچ مانگە تورکیا لە ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکى فراوان کردووە، تاوەکو ئێستا چوار گوند چۆڵکراون و دوو هاوڵاتیی سڤیل کوژراون و سێ کەسى دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتى ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانە ئەنجام دەدات و لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەکارهێنانی سیمکارتی بێبەرایی و کوالێتی هاوردەکردنی ئارد بڕیاردەدات. ئەمڕۆ چوارشەممە 15-09-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانە ئەنجام دەدات و لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەکارهێنانی سیمکارتی بێبەرایی و کوالێتیی هاوردەکردنی ئارد گفتوگۆدەکرێت. بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەبێت. تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە لەبارەی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت کە بڕیارە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت. ئامادەکارییەکان بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و رۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی دەخرێنەڕوو. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکرێت لەبارەی جێبەجێکردنی دوو بڕیاری تایبەت بە قەدەخەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێبەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوالێتیی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە. هەروەها بڕیار لەسەر رەشنووسی پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 دەدرێت کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە لایەن د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو. لە کۆتاییشدا رەشنووسی پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی رێگەوبان دەخرێتەڕوو کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان، دارایی و ئابووری و ناوخۆ ئامادەکراوە.
هاوڵاتى ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی سێ رۆژە دەگاتە بەریتانیا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە لەندەن لەگەڵ بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا کۆدەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ دۆمنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دیداری دەبێت. بڕیاریشە 17ـی مانگ واتە رۆژی هەینی، لووتکەی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەبچێت. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لەندەن 3 رۆژ بەردەوامدەبێت و دووەم سەردانی فەرمی نێچرڤان بارزانییە بۆ ئەو وڵاتە. لە ئایاری 2014دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان سەردانی لەندەنی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئارا ئیبراهیم بەرپرسانی كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە ئەگەر هەماهەنگی یەكتر بكەن لەو بازنانەی لایەنێكیان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی دەتوانن هەردوولا قازانج بەیەكتر بگەیەنن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و دەشڵێن:» هەوڵ و گفتوگۆ هەیە». بڕیارە 10ی تشرینی یەكەمی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، عێراق دابەشكراوە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن و كێبڕكێ كەوتووەتە نێوان كاندیدی حزبەكانەوە. هەریەك لە كۆمەڵی دادگەری كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن كە وەك دوو پارتی ئیسلامین تائێستا نەیانتوانیوە هەماهەنگی بكەن لەو بازنانەی كە لایەنێكیان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی و چاوەڕێی بڕیاری باڵا دەكەن لەهەردوولاوە. كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2018 دا، 91 هەزارو 961 دەنگی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و بووە خاوەنی دوو كورسی. هەروەها یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2018 دا، 98 هەزارو 19 دەنگی بەدەستهێناو بووە خاوەنی دوو كورسی. كۆمەڵی دادگەری كوردستان پێنج كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە و یەكگرتووش شەش كاندیدی بەشێوەی سەربەخۆ هەیەو حزبەكە پاڵپشتیان دەكات، بەڵام تائێستا هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانیاندا بوونی نییە. لەپارێزگای دهۆك كۆمەڵی دادگەری كاندیدی نییەو لەهەڵبژاردنەكانی 2018ی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار دەنگی هەبوو، هەروەها یەكگرتوو لە ناوچەی پشدەرو بتوێن و دوكان چەند هەزار دەنگێكی هەیەو كاندیدی نییە. چاودێرێكی سیاسی ئەوە دەخاتەڕوو كە كۆمەڵ و یەكگرتوو دەتوانن هەماهەنگی یەكتر بكەن و قازانج بە یەكتری بگەیەنن. ئەبوبەكر كاروانی، چاودێری سیاسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەبوو كۆمەڵ و یەكگرتوو بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیان بكردایەو هەماهەنگیان بكردایە لەدانانی كاندیدەكان لە بازنەكاندا ئەوكاتە كێبڕكێیان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دەبردە ئاستێكی زۆر بەرزتر». ناوبراو وتیشی:» ئێستاش دەتوانن لەو بازنانەی لایەنێكیان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی هەماهەنگی بكەن بەوەش قازانج بەهەردوولایان دەگەیەنێت بە بەدەستهێنانی دەنگ و مسۆگەركردنی كورسی كاندیدەكانیان». كارگێڕێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت:» تا ئێستا گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری نەكراوە، بەڵام كات ماوە». مستەفا عەبدوڵا، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێش دەستپێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن گفتوگۆ لەنێوان ئێمەو كۆمەڵ هەبوو، بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام لەبەر هۆكاری جۆراوجۆر، ئێستاش هیچ گفتوگۆیەكی فەرمی نییە، بەڵام دەتوانین هەماهەنگی بكەین و قازانج بە یەكتری بگەیەنین». بەرپرسەكەی یەكگرتوو وتیشی:»هەموو تەنسیق و هەماهەنگییەك لەنێوان ئێمەو كۆمەڵی دادگەری قازانج بە هەردوولا دەگەیەنێت بەتایبەت لەو بازنانەی لایەكمان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی، كات لەبەردەماندا ماوە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین، ئەوەش بڕیاری سەركردایەتی هەردوولای دەوێت كە پێویستی بەموبادەرەكردنە». هەرچەندە بزوتنەوەی ئیسلامی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2018دا لەگەڵا یەكگرتوو یەك لیستیان هەبوو، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەشداری نەكردووە، روون نەبووەتەوە كە پاڵپشتی چ لایەنێكی ئیسلامی دەكات. عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە كاندیدانی كۆمەڵی دادگەری لەهەولێر دەڵێت:» گفتوگۆ لەنێوان ئێمەو یەكگرتوودا هەیە». عەبدولستار مەجید لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێستا ئەو هەوڵە هەیە لەنێوانماندا بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەین، بۆ نموونە یەكگرتوو لە پشدەر كاندیدی نییە ئێمە هەمانە، لە دهۆك كۆمەڵ كاندیدی نییە یەكگرتوو هەیەتی، دەكرێت ئەو هەماهەنگییە بكەین». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە هەماهەنگی كردن لەنێوان هەردوولا قازانجی زۆری دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر هەماهەنگی نەكەن هەردوولایان زەرەر دەكەن. كاندیدەكانی یەكگرتوو بۆ پەرلەمانی عێراق موسەنا ئەمین، كاندید لە لەبازنەی (3)ی سلێمانی كە ( هەڵەبجە، شارەزور، سەیدسادق، پێنجوێن) دەگرێتەوە، دارا سێكانیانی كاندید لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( باكوری قەزای سلێمانی، ماوەت، شارباژێڕ) دەگرێتەوە. هەروەها پەخشان شیان كاندید لەبازنەی (3)ی هەولێر كە (خۆرئاوای قەزای هەولێر) ، زوهێر خۆشناو كاندید لەبازنەی (4)ی هەولێر كە (خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە. هاوكات جەمال كۆچەر كاندید لەبازنەی (1)ی دهۆك كە ( دهۆك ، ئامێدی) دەگرێتەوە و عومەر كۆچەر، كاندید لەبازنەی (2)ی دهۆك كە ( زاخۆ، سیمێل) دەگرێتەوە. كاندیدەكانی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی عێراق: ئەحمەد حاجی رەشید كاندید لەبازنەی (3)ی سلێمانی كە ( هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن و هەورامان) دەگرێتەوە، سۆران عومەر، كاندید لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( رانیە، قەڵادزێ، دوكان) دەگرێتەوە. هەروەها مرواری محەمەد، كاندید لەبازنەی (2)ی سلێمانی كە ( باشوری سلێمانی، عەربەت تا بەردەقارەمان، قەرەداغ) دەگرێتەوە، هاوكات، عەبدولستار مەجید كاندید لەبازنەی (4)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، قومریە محەمەد بەرزنجی كاندید لەبازنەی (3)ی هەولێر كە (خۆرئاوای قەزای هەولێر) دەگرێتەوە.
هاوڵاتى دادگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، دەڵێت، لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د میران محەممەدی هەڵوەشاندوەتەوە، دادگاکە دەشڵێت،"تۆمەتەكان ڕەت نەكراونەتەوە، بەڵام دۆسیەکە دانەخراوە". ئەمرۆ سێشەممە 14ی ئەیلوول. لە روونکردنەوەیەکدا، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەکات، "یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا". هەروەها ئەوەی خستۆتەڕوو، " دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات". روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەمرۆ ئازاد رهشید، پارێزهری د. میران محهمهد، ئهندامی مهكتهبی سیاسی یهكێتی به وێستگه نیوزی راگهیاند، "پێشتر كه د. میران بهڕێوهبهری گشتی تهندروستی سلێمانی بوو، لهسهر كهیسێكی گهندهڵی فهرمانی دهستگیركردنی بۆ دهرچوو، بهڵام بههۆی لاوازی كهیسهكه و نهبوونی بهڵگه لهسهری، ئهو فهرمانه ههڵوهشایهوه". وتیشی، "ئێستاش كه د. میران لهو پۆسته نهماوه، دادگای تهممیزی سلێمانی و دادگای نهزاههی سلێمانی بههۆی ئهوهی د. میران هیچ پهیوهندییهكی بهو پۆستهی پێشووی نهماوه، دۆسیهكهی داخست و تۆمهتهكانی لهسهرههڵگرت". دەقی روونکردنەوەکە/ روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی .. لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د میران محەممەدی هەڵوەشاندوەتەوە و تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەك بخەینەڕوو: ١) تۆمەتەكان رەت نەكراونەتەوە و دۆسییەكە بە ھیچ شێوەیەك دانەخراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاكی بۆتەواو كردنی رێكارە یاساییەكان. ٢- دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات. ٣) یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا. سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ٢٠٢١/٩/١٤
هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکات بەهۆی کۆچی دوایی دایکییەوە و رایگەیاند:" لەم کاتە سەختەدا دڵمان لای سەرۆکوەزیران و خێزانەکەیەتی". ئەمڕۆ سێشەممە 14 ئەیلولی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی سەرەخۆشی لە بۆریس جۆنسن کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی چارلۆتی جۆنسنی دایکییەوە و دەڵێت، "لەم کاتە سەختەدا دڵمان لای سەرۆکوەزیران و خێزانەکەیەتی". چارلۆتی جۆنسن لە ساڵی 1942 لەدایکبووە، کچی سێر جەیمس فاوسێتە کە لە حەفتاکان سەرۆکی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا بوو. بۆریس جۆنسن بە گوتەی خۆی، دایکی "زۆر" خۆشویستووە و پێشتر بە "دەسەڵاتی باڵا" لەنێو خێزانەکەی ناوی بردووە. لە کۆنگرەكەی پارتەکەی لە 2019 جۆنسن ستایشی دایکی کرد و گوتی فێری "گرنگیی یەکسانیی مرۆڤەکان و یەکسانیی رێز و شکۆ و یەکسانیی بەهای هەر تاکە مرۆڤێک لەسەر ئەم زەمینە"ـی کردووە.
عەمار عەزیز كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی سێ كورسی قەزای شەنگال و كورسییەكی كۆتایی ئێزیدیەكان لەنێوان كاندیدانی لایەن و قەوارە سیاسییەكان زیاتر بووە، بەرپرسێكی پارتی ئەوە دەخاتەڕوو كە بنكەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەشەنگال دەكەنەوە، بەڵام لایەنەكانی دیكە دەڵێن:» پارتی ناتوانێت لەناو قەزای شەنگال بنكەی هەڵبژاردن بكاتەوە». پارتی لەدوای داگیركارییەكانی شەنگال لەلایەن داعشەوەو ئازادكردنەوەی لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و هێزەكانی دیكەی عێراق بەهاوكاری پێشمەرگە نەچووەتەوە قەزای شەنگال و لقی 17ی پارتی لەناوەندی شەنگالەوە، بەفەرمانی سەركردایەتی گواستراوەتەوە بۆ قەزای سێمێلی سەر بەپارێزگای دهۆك، بەڵام بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەنیازن بنكەیەكی بانگەشە لەشەنگال بكەنەوە. ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17 پارتی لەشەنگال كە ئێستا لەدهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت: « ئێمە سێ كاندیدمان داناوە بۆ بازنەی شەنگال ، هەرسێكیان خەڵكی شەنگال و ئێزیدین، هەریەكێك لەكاندیدەكانمان چەند لیژنەیەكیان بۆ خۆیان دروستكردووە و دەستیان بە بانگەشە كردووە لەسنوری پارێزگای دهۆك و قەزای شەنگال». ناوبراو باسی لەوەشكرد كە مافی ئەوانە بچنەوە ناوەندی شەنگال و بانگەشەی خۆیان بكەن، وتیشی: «ناچارن بچینە شەنگال، چونكە تەنها خەڵكی قەزاكە و ئاوارەكان مافیان هەیە دەنگ بەكاندیدەكان بدەن «. هەروەها ئیدریس زۆزانی وتیشی: « بەدڵنیاییەوە بنكەی بانگەشەمان لەشەنگال دەبێت، بەڵام هێشتا بڕیارمان نەداوە لەچ ناوچەیەكی قەزاكە بكەینەوە، جگە لەمەش تیمی تایبەتمان دەبێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن». لەشەنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی و یەبەشە بوونیان هەیە لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، هەروەها چەندین لایەنی ئێزیدی كاندیدیان هەیە لەناو قەزای شەنگالداو حەوت كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ كورسی كۆتای ئێزیدییەكان. «نابێت هیچ هێزو لایەنێك رێگری لەكاندیدەكانمان بكەن، چونكە ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە، لەهەڵبژاردنی 2018 ستەمێكی گەورە لەئێمەو دەنگدەرانمان كرا، هیچ دەنگێكی ئاوارەكان هەژمار نەكرا بۆیە هیچ كورسیەكمان نەهێنا، ئەمەش پلانێكی داڕێژراو بوو ، هەندێك لایەن و هێزی سەرەكی لەعێراق نەیاندەویست دەنگەكانمان هەژماربكرێن «، ئیدریس زۆزانی وای وت. هەروەها خاڵا عەلی ، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « بەپێی زانیارییەكانم پارتی لەمەزارگای شەرەفەدین بنكەیەكی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكاتەوە، مەزارگای شەرەفەدین لەلایەن قاسم شەشۆ سەر بەپارتی سەرپەرشتی و پاراستنی مەزارگاكە دەكات». فەرماندەكەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشكرد كە پارتی ناتوانێت هیچ بنكەیەكی بانگەشە لەناوەندی شەنگال و ناوچەكانی تر بكاتەوە جگە لەمەزارگای شەرەفەدین نەبێت، «من ناتوانم بڵێم هەڵویستی ئێمە چی دەبێت، چونكە خۆی لەبنەڕەتدا پارتی ناتوانێت بنكەیەكی بانگەشە لەناوەندی شەنگال بكاتەوە». هاوكات، عومەر ساڵح ، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیمۆكراتی ئێزدییان ، پارتەكەیان لەساڵی 2017 بەفەرمی موڵەتی وەرگرتووە، ساڵی 2018 بەشدارییان لەهەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی عێراقدا كردووە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتىوت:» بەدڵنیاییەوە خەڵكی شەنگال رێگانادات پارتی هیچ بنكەیەكی بانگەشە لەقەزاكە بكاتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی لەبەرامبەر خەڵكی قەزاكە، ئەگەر پارتی بنكەیەكی بانگەشە بكاتەوە، هەڵوێستی شەقامی شەنگال چی بێت ئێمە پشتگیری بۆچوونی ئەوان دەكەین».
شاناز حەسەن تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کەڕووی رەش تۆمارکراوە و نەخۆشەکانیش لەژێر چاودێری پزیشکیدان". هێرش سەلیم جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سلێمانی چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کەڕووی تۆمارکراون، دەشڵێت، "نەخۆشییەکە مەتریسدارە و رێژەی چاکبوونەوە کەمە." ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حاڵەتی نەخۆشی کەڕووی رەش لە پێشتریشدا هەبووە و چاوەڕوان کراوە و سێ مانگ لەمەوبەریش چەند حاڵەتێک تۆمارکراون." باسی لەوەشکردووە، "ئەم نەخۆشییە پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، بەڵکو ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان دابەزیوە بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و زۆر دەرمانی ستیرۆید بەکاردەهێنن مەترسی توشبوونیان لەسەرە." هاوكات عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" چەند حاڵەتێكی نوێی كەروی رەش مان هەبووە و دوای تەواو دڵنیا بونەوە ئەمڕۆ پشتراستكرایەوە و رامانگەیاند". کەڕووی رەش؛ نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنە و بەهۆی بەرکەوتن بە کەڕوویەک (میوکەر مۆڵدەوە) کەسەکە توش دەبێت و بەشێویەکی بەربڵاو لە خاك و رووەك و سەوزە و میوەی خراپبوو و پەیینی ئاژەڵدا هەیە و کەڕووەکە کاردەکاتە گیرفانەکانی لووت و مێشك و سییەکان.
هاوڵاتى بانکی جیهانی رایگەیاند:" تاوەکو ساڵی 2050، گۆڕانی کەشوهەوا لانیکەم 216 ملیۆن کەس دەربەدەردەکات". ئەمڕۆ سێ شەممە، 14ئەیلولوی 2021، بانكی جیهانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە، لە زانایان جەختیان لەوە كردۆتەوە:" لێکدانەوەیان بۆ ژمارەی ئەو خەڵکانە کردووە کە لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەنێو وڵاتی خۆیان ئاوارە دەبن". راپۆرتەکە دەڵێت، ساڵانی داهاتوو گەورەترین زیان بەر هەسارەکە دەکەوێت، گۆڕانی کەشوهەوا 86 ملیۆن کۆچبەر لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئەفریقیا دروستدەکات، 49 ملیۆنیش لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و 19 ملیۆن لە باکووری ئەفریقیا و 17 ملیۆن لە ئەمریکای لاتین و 5 ملیۆنیش لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا. ئەم راپۆرتەی بانکی جیهانی دوای گەرمایێکی بەتینی ئەم هاوینە دێت کە لە چەندین ناوچەی گۆی زەوی بووە هۆی وشکەساڵی و کەوتنەوەی ئاگر لە سەتان دارستان لە سەرانسەری جیهان، لە چەندین ناوچەش ژمارەی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تۆمارکرا، بۆ مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ پلەی گەرما لە هەندێ ناوچەی کەناراوی بەریتانیا گەیشتە 30 پلەی سیلیزی کە زاناکان دەڵێن، ئەوە شەشەم جارە پلەی گەرمی لە مێژووی تۆمارکراودا دەگاتە ئەو ئاستە. سەنتەری یوگۆڤ لە 30ی تەممووز تاوەکو 2ی ئاب راپرسیێکی لە ئەمریکا کرد، 55٪ی خەڵک گوتوویانە لەو شوێنانەی کە لێی دەژین شایەتی کەشوهەوای دژوار لە گەرما و ئاگر و زریان و گەردەلوول بوون.
هاوڵاتى نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80، یەکخستن و رێکخستنی یەکەی ژمێریاری و پێداچونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی و موچەی خانەنشینی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد. راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەمەبەستی تاوتوێکردن و بەدواداچون بۆ چەند پرسێک پێشوازی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای وەزارەت کرد. کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتي ڕێڤینگ ھرۆری سەرۆکی لیژنە و بەئامادەبونی جێگری سەرۆک لیژنە و بریاردەر و ئەندام و ڕاوێژکارانی لیژنەکە بەرێوەچوو. ئەوەش هاتووە، سەرەتای کۆبونەوەکە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە خرانەڕو، لەوانە لە ژێر رۆشنایی یاسای چاکسازی ژمارە 2 ساڵی 2020 گفتوگۆ لەسەر یەکخستن و رێکخستنی یەکەی ژمێریاری و پێداچونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی و وردبینی لە دروستکردنی دۆسیەی کەسی ھەروەھا پێداچونەوە بە لیستی سودمەندانی خانەنشینی کەمئەندامانی پێشمەرگە و هەڵوەشاندنەوە و راستکردنەوەی موچەی خانەنشینی لەژێر رۆشنای ھەمان یاسا باس کران، هەروەها هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوان بۆ بارەگا و پلەدارەکان، و گواستەوەی پاسەوانەکان بۆ میلاکی یەکەی پاسەوانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا کێشە و گرفتەکان بەپێی بەدواداچونە مەیدانیەکانی لیژنەی پێشمەرگە و پێداویستییە سەرەکییەکانی میحوەرەکان، ھەروەھا پرسی بندیوارەکان و سزادراوی سیاسی و خواردن و تەندەرەکان و پەککەوتەی سەنگەر و گرفتی هاتوچۆی پێشمەرگەکان بۆ ئەرک بەشەهید هەژمار نەکردنی ئەوانەی لە ئەرکدا گیان لەدەست دەدەن تاوتوێ کراون.