هاوڵاتى وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاریی هاوشێوەی پرۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك لەسەر چیای سەفینی شەقڵاوەش دەكرێتەوە و بانگهێشتی سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستانیش دەكات بۆ ئەوەی پرۆژەی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، كەرتی گەشتوگوزار جێی بایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەناو پێكهاتەی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشدا دەستەیەكی سەربەخۆ كاروبارەكانی ئەو كەرتە بەڕێوەدەبات و ماستەرپلانێكی گشتی بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، "خواستی ئێمە لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا لەوەی ئێستا هەمانە زۆر زیاترە و دەمانەوێت بایەخی زیاتر بەو سێكتەرە بدەین، لە بەرنامەماندایە پرۆژەی گەشتوگوزاری هاوشێوەی تەلەفریكەكەی چیای زاوای دهۆك، لەسەر چیای سەفین لە شەقڵاوەش جێبەجێ بكەین". وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانیش دەكات سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ لە پرۆژەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە دەڵێت، "بانگهێشتی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەكەین بۆ ئەوەی سود لە بەرزایی و چیاكانی كوردستان وەربگرن و پرۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی پرۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك، لەو شوێنە گەشتیارییانەی تاوەكو ئێستا دەستیان پێنەگەیشتوە پرۆژەی هاوشێوە بكەن و لە هەر شوێنێكیش وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت بیانەوێت سود لەو شوێنانە وەربگرن". ئەوەشی خستەڕو، حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی سەرمایەداران دەكات كە بەشێوەیەكی باش سەرمایەكانیان لە هەمو بوارەكان و بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزاردا بخەنەگەڕ.
شاناز حەسەن لەدوای پەسەندكردنی بڕیاری زیندانیانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، بەشێوەیەك لەلایەن وڵاتانی جیهانییەوە داوا لەسەرۆكی هەرێم دەكرێت لێخۆشبوون بۆ سزادراوان دەربكات. دادگای پێداچوونەوەو ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت:»بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسیەیە بەپشت بەستن بەزانیاری و بەڵگەو دیكۆمێنتی دروست و بەوپەڕی پیشەیی و یاساییانە و سەربەخۆییانە و بێلایەنانە مامەڵەیان كردووە». لەڕوونكردنەوەكەیاندا ئەوە دەخەنەڕوو» ئەو بڕیارە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووەو قۆناغی دیكەی تانەلێدانی ماوە كەئەویش قۆناغی داواكردنی راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەیە». پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنووسی بادینان، كاردانەوەی وڵاتانی ئەمریكاو ئەڵمانیاو فەرەنساو كەنەداو چەندین رێكخراوی داکۆكیكردن لەئازادی رادەربڕینی لێكەوتەوەو داوا لەسەرۆكی هەرێم دەكەن دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت تا لێبووردنیان بۆ دەربكات. هاوكات لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند:» داوا دهكهم بهڕێز سهرۆكی ههرێمی كوردستان دهسهڵاتی خۆی بهكاربێنێ: دادگا لهدهستتێوهردانی سیاسی بپارێزێ، سزای ناڕهوای سهر گهنجه دهستگیركراوهكانی بادینان لابهرێ و ئهو دهستدرێژییهی كراوهته سهر نێرده دیپلۆماسییهكان، بهرپهرچبداتهوه.». فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق کەداوا دەكەن ئازاد بكرێن و ئەو پەسەندكردنە بە»نایاسایی» ناودەبەن، تەنها مەكتەبی سیاسی پارتی و فراكسیۆنەكەی پەرلەمانیان و حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەكانیاندا دەڵێن» بەیاسایی مامەڵە كراوەو دادگا سەربەخۆ بووە». ئەنوەر بازگر: لەم رۆژانەدا نێچیرڤان بارزانی بەقازانجی سزادراوانی بادینان بڕیار دەدات ئەندامێكی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە لەمانگی رابردوودا سەندیكای رۆژنامەنووسان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا كۆبوونەوەو تێیدا داوای ئازادكردنی ئەو پێنج رۆژنامەنووسەی بادینانیان كردبوو، دەڵێت:» لەم رۆژانەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەقازانجی سزادراوانی بادینان بڕیار دەدات، بەڵام بەبێ دانوسان و گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی نابێت». ئەنوەر بازگر، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان یەكێك بوو لەوانەی لەو سەردانەدا بەشداربوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» داوام لەسەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد كەئەو رۆژنامەنووسانە ئازاد بكرێن، بەڵام مەسرور بارزانی وتی (دادگا بڕیار دەدات، چ بڕیارێك بدات ئێمە رێزی لێدەگرین». بازگر باسی لەوەشكرد كەسەرۆكی حكومەت وتوویەتی ئەوانە بە كەیسی دیكە دەستگیركراون نەك كاری رۆژنامەنووسی. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كە كاردانەوەكان كاریگەرییان دەبێت كەزۆربەی لایەنەكان و بەتایبەت یەكێتی داوای ئازادكردنیان دەكەن،»رۆڵی نێچیرڤان بارزانی گرنگە كە لەچەند رۆژی داهاتوودا رەنگە بڕیاری خۆی بدات كە لەقازانجی دەستگیركراوان بێت». ئەنوەر بازگر، جەختی لەوەشكردەوە كە نێچیرڤان بارزانی پێی باشە بەقازانجی پرۆسەی دیموكراسی بێت، هەم ئەو داواكارییانەی هەیە كەئەو كۆتا بڕیار بدات كە مروونەت بنوێنێت، وتیشی:» ئەم بڕیارە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت ئاسان نابێت بۆ سەرۆكی هەرێم، ئەوان لەتاووتوێی ئەوەدان كە ئەم كەیسە كۆتایی پێبێت جیاوازترە لەهەموو كەیسەكانی دیكە». « هێشتنەوەی رۆژنامەنووسانی بادینان لەزینداندا كاریگەری سلبی لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی دروست دەكات، بۆیە ناكرێت ئەم دۆسیەیە بەم شێوەیە بمێنێتەوە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە لە رابردوودا خەڵك هەبووە تلیاك كێش بووەو یا بازرگانی موخەدەرات بووە، یان «جاسوس» و پیاوكوژ بووە بەر لێبوردنی گشتی كەوتووە، « حەقە ئەم كەیسە كۆتایی پێبهێندرێت خزمەتی پرۆسەی دیموكراسی دەكات لەهەرێمی كوردستاندا». ئەنوەر بازگر جەختی لەوەشكردەوە كەچۆن كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەسەر حزبەكان كەوتووە، بەهەمان شێوە كەیسی سزادانی رۆژنامەنووسانی بادینان لەسەر»پارتی و حكومەتی هەرێم كەوتووە». رێكخەری سەنتەری میترۆ: نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی هەیە لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەدڵنیایەوە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات». رێكخەری سەنتەری میترۆ، وتیشی:»داخوازی سەنتەری میترۆش ئەوەیە بڕیارەكە دووبارە تانەیەكی دیكەی لێبدرێتەوە یان سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی خۆی جێبەجێبكات و لێخۆشبوونێكی تایبەتیان بۆ دەربكات». چالاكوانێكی مەدەنی: بڕیارەكەی دادگا بەبێ تێگەیشتنە لەپەیوەندییە ستراتیجیەكان نیاز عەبدوڵڵا، چالاكوانی مەدەنی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بڕیارەكەی دادگاوە، بەتۆمەتباركردنی ئەو وڵاتانە، بەبێ تێگەیشتن لەپەیوەندیە ستراتیجیەكان بڕیاریداوەو ئامانجی پشتی ئەم بڕیارانە بۆ ترساندنی ناوخۆیی و ترساندنی وڵاتانی جیهانە كەدەیانەوێت هاوكاری خەڵكی ئازادیخواز بكەن». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كەبڕیارەكەی دادگا مەترسیدارەو «شەرمەزاریشە بۆ حكومەت و دادگا»، چونكە دەزانرێت «بڕیارەكە لەدەستتێوەردانی خودی مەسرور بارزانی و دەزگای ئاسایش بووە»، بۆیە ئەوە پێمان دەڵێت ئەم حكومەتە دەیەوێت هەموو هاوكاری وڵاتان وەربگرێت بێ ئەوەی هیچ جۆرێك لەئاستی قبوڵكردنی هەبێت بۆ دیموكراسییەت. ئەو چالاكوانە كە لەدانیشتنەكانی دادگای تایبەت بەدادگایی كردنی ئەو رۆژنامەنووسانە ئامادەبووە، دەشڵێت:» بەپێی تۆمەتەكانی دادگا بێت من گەورەترین تاوانبارم، چونكە زۆر بەرپرسی وڵاتانم بینیوەو گفتوگۆمان كردووە، لەوانە پارتی كرێكارانیش، بۆیە ناكرێت ئەوانە بكرێتە تاوان». ئەم چالاكوانە ئەوەشی خستەڕوو و وتی:»پێویستە ئەو وڵاتانەی حكومەتی هەرێم تۆمەتی داونەتە پاڵ، چیتر ڤیزا نەدەنە ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارو تاوانبارانەی كەدەستیان هەبووە لەئەشكەنجەدان و هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووسان و چالاكوان و ئەوانەش كە ناسنامەیان هەیە لێیان بسەننەوە». نوێنەری زیندانیانی بادینان: دەمانەوێت بڕیارەكە بچێتە دەستەی گشتی بۆ دووبارە پێداچوونەوە ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بۆ هەموو لایەن دەركەوت كە بڕیارەكە ناعەدالەتیە و عەیبەیەكی دیبلۆماسییە». هەروەها باسی لەوەشكرد لەگەڵ هەردوو وڵاتی ناوبراو (ئەمریكا، ئەڵمانیا) پەیامیان بۆناردوون و ئاگاداریان كردوونەتەوە، لەسەر خەتن لەگەڵ رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی و هەموو وڵاتان لەهەوڵدان بۆ پشتگیری پەیداكردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. نوێنەری زیندانیانی بادینان جەختی لەوەشكردەوە « پێویستە پارتی بە رق و كینە لەپەیامی لایەنەكانی دیكە تێنەگات». هاوسەری شێروان شێروانی: ئەو زوڵمە زۆر گەورەیە شەش ساڵ تەمەنی كەسانێك بەناهەق لەزینداندا بڕوات هاوسەری شێروان شێروانی رۆژنامەنووس دەڵێت:» ئەو زوڵمە زۆر گەورەیە شەش ساڵ تەمەنی كەسانێك بەناهەق لەزینداندا بڕوات». رووگەش جەباری، هاوسەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» داوام ئەوەیە دووبارە پێداچوونەوە بەبڕیارەكەدا بكرێتەوەو بەعەدالەتانە بڕیار بدرێت، ئەو زوڵمە زۆر گەورەیە شەش ساڵ تەمەنی كەسانێك بەناهەق لەزینداندا بڕوات». هاوسەری شێروان شێروانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەوەی ئەوان باسی دەكەن لەسەر شێروان هیچ راست نیەو هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووەو تەنیا بۆ تۆڵەكردنەوە ئەوە دەكرێت بەرامبەریان.
هاوڵاتى رۆژی 17ی ئابی 2021، بۆ دادگاییكردنی مامۆستا به دهل بهرواری دیاری كرا، سهرۆكی تیمی پارێزهرانی ئهو مامۆستایهش زانیاری دهدات. ئاسۆ هاشم، سهرۆكی تیمی پارێزهرانی بهدهل بهرواری، له لاپهڕهی خۆی له فهیسبوك بڵاویكردووهتهوه: دادگایی تاوانەكانی دووی هەولێر رۆژی 17ی ئابى 2021ی دیاریكردووه بۆ دادگایی كردنی مامۆستا به دهل بهرواری. رۆژی 15ی ئایاری 2020، رۆژێک پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری، کە یەکێک بوو لە رێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکرا. هەرچەندە بەدەل بەرواری یەکێک بوو لەو 14 کەسەی، کە دەبووایە لە کۆتایی مایسی رابردوو ئازادبکرێت، بەڵام بە بڕیاری دادوەر بە تۆمەتی هاندان خرایەوە زیندانەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- لقی دهۆک، ساڵی رابردوو زیاتر لە 300 مامۆستا و چالاکوان و بەشداربووی گردبوونەوەکانی ناڕەزایەتی لە دهۆک دەستگیرکراون و بەشێکیان دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکران، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی نزیكهی 50 کەس نادیارە.
هەڵۆ سەربەست تۆڕی چالاكوانانی عەفرین كە لەكۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی پێكدێن، بەردەوام چاودێری دۆخی ناوچەكە دەكەن و سەرجەم پێشێلكارییەكانی سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا تۆمار دەكەن و مانگانە بەشێوەی راپۆرت لەڕێی پێگەی تایبەتیی خۆیانەوە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی دەكەنەوە. لەڕاپۆرتی مانگی نیساندا تۆڕەكە پێشێلكارییەكانی دابەشكردووە بۆ حەوت بەشی سەرەكی كەبریتین لە (كوشتن، رفاندن، ئەشكەنجە و دەستدرێژی، گۆڕینی دیموگرافی، داگیركردن، بڕینەوەی درەخت، سەپاندنی سەرانەی دارایی). كوشتن بەپێی راپۆرتی تۆڕەكە لەمانگی نیساندا سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی پێنج هاووڵاتییان كوشتووەو نوسیویەتی كەڕۆژی 29/3/2021 چەكدارەكانی فەیلەقی شام بە ئەنقەست هاووڵاتی شێخۆ مەنان (35) ساڵیان كرد بەژێرەوەو كوشتیان كەخێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. هەروەها رۆژی 4/4 هاووڵاتی عمیرات، كە عەرەبە، دوای ئەوەی لەڕۆژی یەكی نیساندا مینێك لەنزیك یاریگای بەلەدی لەناوەڕاستی عەفریندا، بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقییەوەو خۆی و براكەی و سێ هاووڵاتی تر برینداربوون، رۆژی چواری مانگ بەهۆی بریندارییەكەیەوە گیانی لەدەستدا. كچێك بەناوی زەحا یوسف (19) ساڵ، بەهۆی گێچەڵپێكردنی بەردەوامی چەكدارانی سوپای توركیاو گروپە هاوپەیمانەكانییەوە لەنهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەكەوە خۆی هەڵدایە خوارەوەو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا هەروەها، لەڕۆژی 18/4/2021 چەكدارەكانی ئەحرار ئەلشام، هاووڵاتی یەحیا عەلی كە كوردەو دانیشتوی گوندی (كەرزیلە) یە، دەیگرن و سەرەتا لەماڵەكەی خۆیدا ئەشكەنجەی دەدەن و دواتریش دەیبەنە بارەگای ئەمنی گوندەكەو لەوێش بەردەوامدەبن لەئەشكەنجەدانی و دواتر ئازادی دەكەن، بەڵام ئەشكەنجەدانەكەیان بەجۆرێك بوو، رۆژی 21/4 بەهۆی ئاسەواری ئەشكەنجەكەوە، گیانی لەدەستدا." بەڵام لەوانە نەخوازراوتر، راپۆرتەكە باس لەكوشتنی موراد مەزڵوم محەمەد دەكات، كەمنداڵێكی شەش ساڵانەو ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی سەر بەمیلیشیاكانی (سوپای نیشتیمانیی) لێیداوەو كوشتویەتی. رفاندن و دەستگیركردن راپۆرتەكە باس لەئەوە دەكات كە لەماوەی ئامادەكردنیدا، (61) هاووڵاتی لەلایەن دەزگای هەواڵگری و سوپای توركیاو پۆلیسی سەربازیی و ئەوانەی ناونراون پۆلیسی ئازادو پۆلیسی مەدەنی و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی فەیلەقی شام و فیرقەی حەمزە كە بەحەمزات ناسراوە و فەسیلی مەلەك شاو چەكدارەكانی ئەلوەقاص، گیراون و رفێندرێندراون كە هەندێكیان براونەتە خاكی توركیا و هەندێكیشیان هێشتا لەزیندانە ئاشكراو نهێنییەكانی سوریادان و چارەنوسی زۆرینەیان نادیارە، واتە نازانرێت لە چ شوێنێك دەستبەسەرن. بەشێكی زۆری ئەو گرتن و رفاندنانە بەبیانوی ئەوەوەیە كە ئەو هاووڵاتییانە پێشتر پەیوەندیان بە ئیدارەی خۆسەری ناوچەكەوە هەبووە پێش ئەوەی لەلایەن سوپای توركیاوە داگیربكرێت و هەندێكیشیان بۆ ئەوەیە لەبەرامبەر بڕێك پارەدا ئازادیان بكەن. بەپێی راپۆرتەكەی تۆڕی چالاكوانانی عەفرین، كۆی ئەو كەسانەی لەئەو ماوەیەدا ڕفێندراون و گیراون، (61) كەسن كە هەشتیان ژنن و هەشتیان هاووڵاتی بەساڵاچوون و یەكێك لەژنەكانیش منداڵێكی شیرەخۆرەی لەگەڵدا بووە. گۆڕینی دیموگرافی راپۆرتەكە باس لەبەردەوامیی هێزەكانی توركیا دەكات لەهەواڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەكەمكردنەوەی كوردو نیشتەجێكردنی عەرەب و توركمان لەناوچەكەدا، بەتایبەتی خێزان و كەسوكاری چەكدارەكانی گروپە هاوپەیمانەكانی و دەڵێت: "داگیركەری توركیا بەهاوكاریی دامەزراوەی (ئیحسانی خێرخوازی) بەنیازی دروستكردنی (247) یەكەی نیشتەجێبوونە لەناوچەی شاخی حاجی حەسنو، بەڕوبەری (100) مەتر دووجا بۆ هەر یەكەیەك". پێشتریش ئۆردوگایەكی لەسنوری چیای گوندی بافلیۆنی ئێزدی بەناوی ئۆردوگای تەعاون دروستكرد بۆ نیشتەجێكردنی (70) خێزانی ئۆردوگانشین و خێزانی چەكدارەكان. ئەوەش دوای ئەوەی تەواوی دانیشتوانی گوندە ئێزدیەكەی بەزۆر ئاوارەكردو بەهاوكاری رێكخراوە ئیخوانییەكان كە قەتەرو كوەیت پاڵپشتییان دەكەن، بڕی (200) دۆلاری دایە هەر خێزانێكی نیشتەجێكراو. هاوكات لەڕێگای رێكخراوی (ولیت هنكر هیلف) هەستاوە بە كەمكردنەوەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی (400) خانو لەناوچەكانی ئەعزاز و عەفرین، تا بدرێتە خێزانی چەكدارەكان كەبریتین لەماڵی ئەو كوردانەی بەزۆر دەركراون، بەڵام دوای ناڕەزایی (28) رێكخراوی جیهانیی، كەمكردنەوەكە راگیرا. لەدوای داگیركردنی عەفرینەوە لەمانگی ئازاری 2018دا تائێستا توركیا (300) هەزار دانیشتوی رەسەنی ناوچەكەی بەزۆر ئاوارەكردووەو لەهەوڵی ئەوەدایە خێزانی چەكدارەكان و تورك و توركمان بخاتە جێیان. سەرچاوەیەك لەشاری جەرابلوسی سنورییەوە رایگەیاندووە، توركیا شارێكی نوێی لەدەشتی شاری جەرابلوسی رۆژئاوا دروستكردووە تاخێزانی ئەو چەكدارانەی تێدا نیشتەجێ بكات كە لەڕۆژهەڵاتی فوراتەوە هەڵاتوون، لەگەڵ هەندێك خێزانی چەكدارانی داعش و موسوڵمانە ئیگۆرەكانی چین. هەر لەچوارچێوەی سیاسەتی بە تورككردندا، بەهاوكاریی سەنتەری (یونس ئەمرە) هەستاوە بەكردنەوەی خولی فێركردن و بەهێزكردنی زمانی توركی بۆ مامۆستاكانی ناوچەكەو هەواڵدان بۆ گۆڕینی مەنهەجی خوێندن و قەدەغەكردنی خوێندنی زمانی كوردی لەخوێندنگاكاندا. بڕینەوەی درەخت درەختی زەیتون ناسنامەیەكی دیارو سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهاتنی دانیشتوانی عەفرینەو سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكان بەردەوام لەهەوڵی داگیركردنی باغەكانی زەیتون و بڕینەوەی درەختەكانیدان. لەماوەی ئامادەكردنی راپۆرتەكەدا توركیاو گروپەكانی (810) درەختی زەیتون و (40) درەختی هەناریان لەناوچەكەدا بڕیوەتەوە و بەرو خەرمانی هەندێكی تریشیان دزیوە. راپۆرتەكە ئاماژە بەئەوەش دەكات، لەسەرەتای داگیركاریی توركیاوە تائێستا نزیكەی نیو ملیۆن درەخت لەناوچەكەدا بڕدراونەتەوەو مەترسیی لەناوچونی زۆرێك لەدارستانەكان لەئارادایەو ژینگەی ناوچەكەش بەرەو تێكچوون دەچێت. سەرانە چەكدارەكانی گروپی سوڵتان موراد هەستاون بەسەپاندنی سەرانە بەسەر خاوەن دوكان و كلینیكە پزیشكییەكانی شەقامی (الملعب البلدی) بەبیانوی پاراستنیان بەبڕی (100) لیرەی توركی بۆ هەر دوكان یان كلینیكێك. چەكدارەكانی (ئەحرار ئەلشەرقیە)ش هەمان سەرانەیان بەسەر خاوەن دوكان و كلینیكە پزیشكییەكانی ناوچەی نەخۆشخانەی دێرسیمدا سەپاندووە بەبیانوی هەڵواسینی كامێرای چاودێری، بەمەرجێك پێشتر دەزگای هەواڵگریی توركیا كامێرای لەناوچەكەدا داناوە.
ماردین نورەدین مەسیحییەكانی عەینکاوەی هەولێر پەنا بۆ پەرلەمان دەبەن گفتوگۆ لەبارەی داگیركردنی هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكدا بكەن، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵیش دەڵێت:» پێویستە دەست لەو زەویە كشتوكاڵییە هەڵبگیرێت بۆ نیشتەجێبوون». عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد نزیكەی (15) رۆژ پێش ئێستا نوێنەری جووتیارەكانی عەینكاوە هاتن بۆ لامان بۆ لیژنەی كشتوكاڵ، بەندەو چەند پەرلەمانتارێكی تر لەگەڵیاندا گفتوگۆیان كردو مەسیحییەكان وتیان:» ئێمە بەبەڵگە هەزار دۆنم زەویمان هەیە لەمقاتەعەی پێنج لەنێوان شەقامی (100) بۆ (120) مەتری، دراوە بەكۆمپانیایەك، ئەو كۆمپانیایە سەر بەدەسەڵات و حكومەتە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئێمە بەڕاستی رازیی نین باشترین زەوی كشتوكاڵییە و هەر ئەوەمان ماوە لە عەینكاوە و دەوروبەری عەینكاوە، ئەوەشیان داگیركردووە». هەروەها باسی لەوەشكرد كە ئەو هاووڵاتیە مەسیحیانە ئەوەشیان باسكردووە كە زەویەكەیان كردووە بەگەنم و شۆفڵیان لێداوە. عەبدولستار مەجید وتی: بەپێی یاسای كشتوكاڵ ئەگەر زەویەك دەستیشی لێهەڵگیرابێت بۆ پرۆژەی شارەوانی یان هەر پڕۆژەیەكی دیكەی نیشتەجێبوون كاتێك ئەم زەویە داچێنرا بێت دەبێت لێی بگەڕێن تا دەیدورێتەوە كابرا، ئەوان هاتوون هێشتا بەسەوزی گەنمە وایان كردووە». هاوكات جەختی لەوەشكردەوە كە پێیان راگەیاندوون یەكەمیان نووسراوێكی فەرمی لەسەر داوای خۆتان كەداوایەكیان نووسیوە، نووسراوێكی رەسمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو دواتریش پێمانڕاگەیاندوون ئامادەین بچینە شوێنەكە، وتیشی:» دواتر هەندێ خەڵك هاتنە سەر هێڵ پێدەچێت سەر بەلایەنی دەسەڵات بن كەوتیان وا نییە، دواتر كەسێك لەخۆیان لەمەسیحییەكان ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كەهاوار بۆ بەرپرسەكان دەبات و دەڵێت هەر ئەوەمان ماوە ئەوەشمان لێ داگیرمەكەن، ئەوە پشتڕاستی ئەو بابەتەی كردەوە». «حكومەت دەبێت دەستی لێهەڵبگرێت و واز لەو پڕۆسەیە بهێنێت، هەزار دۆنمی كشتوكاڵی گوناحە بكرێتە زەوێ نیشتەجێبوون، ئێمە سەدەها شوێنمان هەیە سەخەریە (بەردی)یەو بەكەڵكی كشتوكاڵ نایەت، دەكرێت ئەم شوێنانە بكرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون»، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لەپەرلەمانی كوردستان وا دەڵێت. لەلایەكی دیكەوە یونادم كەنا سەرۆكی كوتلەی رافیدەین لەپەرلەمانی عێراق لەبەرنامەیەكی كەناڵی شەرقیەی عێراقی لەشەوی 6ی ئایاردا باسی لەوەكرد كەمەسیحییەكان زەوی كشتوكاڵییان لێ داگیركراوە لەهەولێرو وتی:»كە باسی زیادەڕۆیی دەكرێت وادەزانن تەنیا لەبەغدا زیادەڕۆیی هەیە بۆ سەر موڵكی مەسیحییەكان، زیادەڕۆیی لەزاخۆوە بیگرە تائێران، لەسنوری عێراق توركیاوە، بەهەموو دهۆكدا بڕۆ، تەنیا لەدهۆكدا زیاتر لە (70) گوند هەیە كێشەم هەیە تێیدا». هەروەها وتیشی:» دواترینیان عەینكاوە بوو، راماڵینی كێڵگەكانی عەینكاوە لەپێناو پرۆژەیەكی وەبەرهێناندا، گەنمەكە نەدوراوەتەوە، بەگرێدەرو بلدۆزەر رایانماڵی، سێ رۆژ لەمەوبەر تەنیا لەعەینكاوە دەست بەسەر (700) دۆنم زەویدا گیراوە».
هاوڵاتى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زۆر دەنگۆ لەسەر دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بڵاودەکرێنەوە، بەڵام راستی و دروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێنەوە و ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە. سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرۆژنامەنوسانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، پەیوەست بە راپۆرتی ماڵپەڕی یاهونیوزی ئەمریکی لەبارەی "تێوەگلانی رژێمی ئیسرائیل و دژەتیرۆری کوردستانی عێراق لەروداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی" حکومەتی ئێران بەردەوامە لەهەوڵ و لێکۆڵینەوەکانی "لەسەر دۆسیەی شەهید سلێمانی لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان، زۆر دەنگۆ لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام راستی ودروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەهەر وڵاتێکدا بن، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە". لای خۆیەوە وتەبێژی دهزگای دژه تیرۆر رایگەیاند، راپۆرتێك بڵاوكراوهتهوه كه تیایدا به شێوهیهكی ناڕون تۆمهتی بهشداربون له كهیسی تیرۆركردنی ژهنراڵ قاسم سلێمانی دهخاته سهر چهند ئهفسهرێكی كوردی و له شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژه تیرۆری سهر به ههرێمی كوردستان هاتوە، "بهههمو شێوهیهك ئاگاداربون و بهشداربونی هێزهكهمان له كردهوهی لهوجۆرهدا رهتدهكهینهوه".
ماردین نورەدین سەرۆكایەتی هەرێم وێستگەیەكی بۆ لای شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەنجامداو تێیدا پەیامێكی پێگەیاندن كەدەیانەوێت دەستبكرێتەوە بەپرۆژەی نووسینەوەی دەستور كە لەخولی پێشووی پەرلەماندا كارەكانیان راگیرا. هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ جێگرانی مستەفا سەد قادرو جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی كۆمەڵ و یەكگرتوو و گۆڕان و یەكێتی و پارتی و سۆسیالیستیان كرد لەپێناو وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لایەنانە تا كۆدەنگییەك دروستبكرێتەوە بۆ دەسپێكردنەوەی نووسینەوەی پرۆژەی دەستور. لەخولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژەی دەستور لیژنەیەكی (20) كەسی بۆ پێكهێندرا لەپێنج لایەنی سیاسی و پێكهاتەی مەسیحی و توركمانەكان بوو لەماوەی سێ مانگدا سێ دەروازەی پرۆژەی دەستوریان نووسیوە كە پێشەكی پرۆژەی دەستور لەگەڵ دەروازەی ئایین و ماف و ئازادییەكان و كەمینەكانی كوردستان لەگەڵ دەروازەی پرەنسیپە گشتییەكان، ئەوكات داواكرا ماوەكەیان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام پەیوەندییەكان لەنێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان تێكچوو، سەرۆكی پەرلەمان كەئەوكات یوسف محەمەد بوو رێگەی پێنەدرا بچێتەوە پەرلەمان و وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەفەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی دوورخرانەوە لەحكومەت. جوڵە سیاسییەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەپێناوی ئەوەدایە لەڕێگەی سازانی لایەنە سیاسییەكانەوە پەرلەمان جارێكی دیكە لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی پرۆژەی دەستور پێكبهێنێت. ئەم جوڵەیەی سەرۆكایەتی هەرێم هاوكاتە لەگەڵ داوای سەرۆكایەتی پەرلەمان لەفراكسیۆنەكان كە تا 15ی ئەم مانگە روئیای خۆیان لەسەر دەستپێكردنەوەی نووسینەوەی پرۆژەی دەستور بخەنەڕوو. دانا دارا راوێژكاری یاسایی پەرلەمان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەستور دەقێكی نووسراوی بێ روحە، كاتێك روحی دەكرێت بەبەرا كەجێبەجێ بكرێت، دەستور وێڕای داڕشتنە یاساییەكەی رەهەندێكی سیاسی هەیە، ئەگەر جێبەجێ نەكرێت دەبێت بە بەڵایەكی دیكە بەسەر هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان». ناوبراو وتیشی:» ئەم پرسە بوعدێكی پەرلەمانی هەیە، راستە یەكێتی و پارتی زیاتر جوڵەی تێد ا دەكەن و جێ پەنجەی هەموو لایەنەكانی پێوە دیار دەبێت». دانا دارا کە لەسەر پشكی كۆمەڵی دادگەری راوێژكاری یاسایی پەرلەمانە ئەوەشی خستەڕوو هێزێكی وەك كۆمەڵ كەژمارەیەكی گەورەیە ئەگەر لەگەڵی نەبێت رەنگە شەقامەكەشی دەنگی پێنەدات و كاردانەوەی خراپی لێبكەوێتەوە. هەروەها فارس نەوڕۆڵی وتەبێژی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بە وت:»دەستور بۆ هەر نەتەوەیەك مانایەكی تایبەتی هەیە بەتایبەتی بۆ میللەتێكی چەوساوەی وەك كورد، گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەهەمووی گرنگتر نەیخەینە ناو چوارچێوەی ململانێ و ئایدۆلۆژیەوەو هەوڵبدەین دەستورێكی مەدەنی كە لەگەڵ دنیای مۆدێرنی ئەم سەردەمە بگونجێت هەبێت». ناوبراو پێشیوابوو تەنیا مەرجی ئەوان ئەوەیە كەدەستورێك بێت كۆی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردی جێپەنجەیان و رەنگی ئەوانی تێدا بێت، ئێمە دەستور ناكەینە ململانێی ئایدۆلۆژی و ململانێی حزبی». هاوكات شێركۆ جەودەت ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد بێگومان دەستور بەرنامەی پێكەوەژیان و ئیدارەدانی وڵاتەو زەروورەتە، وتیشی:»ئێمە لەپەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرنامەی كارەكانمان هەمووی ستراتیج و لەپێشینەمان بۆ دەستوری هەرێمی كوردستانە، دەستورێك كە جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوەو مافی هەمووان بپارێزێت و مرۆڤ سەنتەر بێت تێیداو هەموو ئاراستەكان لەپێناو پاراستنی كەرامەت و ئازادییەكانی مرۆڤ بێت». ناوبراو ئەوەشی باسكرد كەمەرجەكەیان لەنووسینەوەی دەستور ئەوەیە كە مرۆڤ سەنتەری ئەو دەستورە بێت، ماف و ئازادییەكان تێیدا پارێزراو بێت، كەرامەتی ئینسان و نان و بژێویی، سیستمی لامەركەزی تێیدا چەسپاو بێت و بەرنامەی گەشەپێدانی ئابوری و سەرچاوەی سروشتی و بژێوی ژیان تێیدا پارێزراو بێت.
هاوڵاتى سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی كەهاوكات سەرۆكایەتی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان دەكات دەڵێت:» هەموو هەوڵێكی حكومەتی هەرێم بۆ رێككەوتن بوو لەگەڵ بەغدا، ئێستا كە رێكەوتن كراوە بڕیارە پشكی هەرێم بێت، پێویستە لێبڕینی موچە نەمێنێت». زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ئێمە وەكو كاری پەرلەمانی نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و حكومەت كردووە كە داهاتەكانی ناوخۆ زیادی كردووەو نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پێویستە لێبڕینی موچە نەمێنێت». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لەماوەی رابردوو كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هاتوونەتە پەرلەمان لەگەڵیاندا گفتوگۆیان كردووەو بەڵێنیانداوە دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بەرچاو روونی دەبێت لەگەڵ بەغدا تایبەت بەجێبەجێكردنی بودجە ئەوكات لێبڕینی موچە نامێنێت. هەروەها باسی لەوەشكرد وەزیری دارایی پێی راگەیاندوون كە چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنەكە لەگەڵ عێراق دەكەن و هیچ شتێكی دیكە نییە تا چاوەڕێی بكەن دوای ئەوەی حكومەت بەرچاوی روون دەبێتەوەو لێبڕینی موچە هەڵدەگرێت. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە حكومەتی هەرێم خۆیان دەڵێن داهاتی ناوخۆ زیادی كردووە بۆیە لەگەڵ فرۆشی نەوت دەتوانن موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكەن، وتیشی:»ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكێتی و سەرجەم فراكسیۆنەكان پێویستە فشار دروست بکەین بۆ كۆتایی هێنان بەلێبڕینی موچە». سەرەڕای ئەوەی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی حكومەتی هەرێم پرۆژەی بودجەی 2021 ئامادە كردووەو دوو هەفتەیە حكومەتی هەرێم تاووتوێی دەكات، بەڵام هێشتا بڕیاری ناردنی پرۆژەكە بۆ پەرلەمان یەكلانەكراوەتەوە. زیاد جەبار وتی:» سەرەتا حكومەت بەڵێنیاندا مانگی ئازار پرۆژەكە بنێرن بۆ پەرلەمان، دواتر وتیان بابزانین لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێككەوتن، رێكکەوتن كراوەو هێشتا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەردەكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانم بڕیارە بەم زووانە پرۆژەكە بگاتە پەرلەمانی كوردستان». بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، پرۆژە بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ئامادەكراوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت بۆ یەك مانگ پشكی هەرێم رەوانە بكرێت تا بزانرێت مانگانە چەند دەگاتە هەرێم ئەوكات پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكەن كەدەكەوێتە كۆتایی ئەم مانگەوە بۆ رەوانەكردنی.
هاوڵاتى ئەمڕۆ دووشهممه 10ی ئایاری 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 68 دۆلار و 64 سەنتە. هاوکات لە بۆرسە بازارە جیهانییەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە65 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. ماوهی چهند مانگێكه نرخی نهوت له بازاڕهكانی جیهان بهرزبوونهوهی بهخۆیهوه بهجۆرێك له سهرو 60 دۆلارهوه مامهڵهی پێوه دهكرێت.
هاوڵاتى وهزیرى دهرهوهى ئێران رایگهیاند:"بهههماههنگى لهگهڵ قاسم سولهیمانى زانیاریمان به ئهمریکا داوه و گفتوگۆمان لهگهڵدا کردوون." محهمهد جهواد زهریف وهزیرى دهرهوهى ئێران له چاوپێکهوتنێکیدا لهگهڵ کهناڵێکى فهرهنسی رایگهیاند:" به ههماههنگى لهگهڵ قاسم سولهیمانى فهرماندهى پێشووى سوپاى قودسى ئێران، زانیارییان به ئهمریکییهکان داوه و ههماههنگییان لهگهڵ کردوون. ههروهها ئاماژهى بهوهشکردووه که سێ جار گفتوگۆیان لهگهڵ ئهمریکییهکاندا کردووه، که تیایدا دوو جاریان پێش ساڵى 2003 بووه و جارێکى دیکهش دواى ئهوه بووه، که لهوکاتهدا باڵیۆزى ئێران بووه له نهتهوهیهکگرتووهکان. ئهمڕۆ زهریف له کۆبوونهوهى پهرلهمانى ئهو وڵاتهدا بهشدار بوو بهمهبهستى لێپرسینهوه لێى لهسهر بڵاوبوونهوهى تۆمارێکى دهنگی، که رهخنهى له قاسم سولهیمانى گرتووه بهڵام دواى وهڵامدانهوهى پرسیارهکان لیژنهى ئاسایش رایگهیاند، "وهڵامهکانى زهریف جێى باوهرنین". لهماوهى رابردوودا، تۆمارێکى نهێنى محهمهد جهواد زهریف بڵاوبووهوه، که چاوپێکهوتن لهگهڵ یهکێک له رۆژنامهنووسه ئێرانییهکان دهکات و تیایدا ئاماژه بهوهدهکات، "قاسم سولهیمانى ههیمهنهى بهسهر سێکتهرى دهرهوهى ئێراندا کردبوو".
شاناز حهسهن ئهندامێکى ڕابهرى حزبى کۆمۆنیسى کرێکاراى حیکمه دهڵێت:"سهلهفیهکانى ناو شارى مهریوان بهناوى دینهوه به چهقۆ و شمشێر هێرش دهکهنه سهر خهڵکانى کوردانى ڕۆژههڵاتى کوردستان". عبدڵاى دارابى، ئهندامى ڕابهرى حزبى کۆمۆنیسى کرێکاراى حیکمه، له لێوانێکدا بههاوڵاتى وت" ئهو سهلهفیانه، شهو به قهمه و شمشێرهوه ههڵیان کوتایه سهر گهڕهکى دارسێران له شارى مهریوان بۆ ئهوهى ئهو کوڕه بدۆزنهوه که ئێوارهکهى رێگهیان پێ گرتبوو هاتنه سهرى و دهستى و سهریان شکاندبوو و ویستبویان ههڵبێن، بۆیه ژنان و کچانى ئهو ناوچهیه به بهرد و دار راویان نانن". زیاتر رونیکردوه و وتى" ئهو سهلهفیانه ئێستا بۆنى ئهوهیان کردووه که جمورى ئێران به هێرشى خهڵکى ئێران ئهمساڵ بێت یان سالێکى تر دهڕوخێت دهیانهوێت لهئێستاوه جێگه و پێگهیهک بۆ خۆیان بگرن و کۆشک و تهلار و سامانهکهیان لهدهست نهچێت بۆیه بههانه بهم خهڵکانه دهگرن". عبدڵاى دارابى ئاماژهى بۆ ئهوهشکرد ئهو سهلهفیانه بهناوى دینهوه دێن و ئهو کاره نامرۆڤانهیه بهرامبهر خهڵک دهکهن و وتیشى" دهڵێن ئهم شهڕانه شهڕى دینیه، بهڵام خۆى وانیه ههر کهس ئازاده لهدواى ههژده ساڵى". عبدڵاى دارایى جهختى لهوهکردهوه ئهم کارهى سهلهفیهکان کاردانهوهى ناوخۆى ههموو شارهکان لێ کهوتهوه و خهڵک لهزۆر لاوه پشتگیرى خهڵکى (دارسێران) ى کردووه بۆ ئهو بهرپهرچدانهوهیه و وتى" خهڵک لهههموو شاره کوردیهکانهوه پشگرى خۆیان بۆ خهڵکى دارسێران دهربڕیوه و کۆدهنگى ناوخۆیى دروست بوو". عبدڵاى دارابى ئهوهشى وت" ئهو هیچ راست نیه به بیانوى دروست کردنى مادده کهولیهکان هێرش بکرێته سهر خهڵکى ئهم ناوچانه، چونکه ئهوه هچ بنبهمایهکى نیه، بهڵام خهڵکى ئهو ناوچهیه کۆڵبهرن ڕهنگه مادده کهولیهکانیان هێنابێته ماڵهوه بهڵام نهک ئهوهى دروستى بکهن". ئهندامهکهى رابهرى حزبى حیکمه، وتیشى" ئهو سهلهفیانه خۆیان و کهسوکاریان زیاتر مهشروب دهخۆنهوه و بهکاریدههێنن بۆیه ئهوانه تهنیا بیانوون، دهیانهوێت خهڵک کۆت و بهند بکهن و جێگهى خۆیان بکهنهوه له ناوچهکاندا". ئهم گروپه سهلهفیانهى ناو شاره کوردیهکانى ئێران زۆربهیان له مهریوان و سنه و زۆربهى ناوچهکانى دیکه بوونیان ههیه، چهند ڕۆژێک لهمهوپێش له شاری مهریوان، ژمارهیهک له سهلهفییهکان، ههوڵیانداوه کهسێک به (چهقۆ) له پێشچاوی خهڵکهوه سهرببڕن، بهڵام خهڵکی ئامادهبووی ڕووداوهکه ڕێگهیان پێنادهن، دوای ڕاوهستانهوه و پهلاماربردنیان بۆ سهر سهلهفییهکان کهسهکه ئازاد دهکهن له دهستییان. بوتهى ئهو بهرپرسهى حزبى کۆمهنیستى کرێکارى بهرهى سهلهفیهکان لهئێران دا 42 ساڵه بوونیان ههیه و بهرهى ئیخوانیهکانن، زۆر جارى دیکه هێرشیان کردۆته سهر خهڵکى ناوچه کوردیهکان و بهتایبهتى دژى ژنان.
هاوڵاتى حکومهتى ههرێمى کوردستان بڵاویکردهوه، رۆژانى 13، 14 و 15ـى ئهم مانگه لهسهرجهم دهزگاکانى حکومهتدا پشووى فهرمى دهبێت بهبۆنهى جهژنى رهمهزان و رۆژى یهکشهممه 16ى ئایار دهوامى فهرمى له فهرمانگهکان دهستپێدهکاتهوه. حکومهتى ههرێمى کوردستان لهرۆژمێرى ساڵانهى پشو و بۆنه فهرمییهکاندا ئاماژهى بهوهشکردوه، رۆژانى پێنجشهممه تا شهممهى داهاتو (13، 14 و 15ـى ئایار) بهبۆنهى جهژنى رهمهزان لهسهرجهم دهزگاکانى حکومهتدا پشوى فهرمى دهبێت. ههروهها ئهوه خراوهتهروو رۆژى یهکشهممهش 16ى ئایار دهوامى فهرمى لهفهرمانگهکان دهست پێدهکاتهوه. هاوکات پهیوهست بهم بابهتهش ئهمڕۆ وهزارهتى پهروهرده ئهوهى دووپاتکردووهتهوه که "رۆژى یهکشهممه 16/5/2021 دهستپێکى دهوامى خوێندنگهکانه و خوێندن لهناو پۆل دهست پێدهکات".
هاوڵاتى دژەتیرۆری کوردستان لەسەر راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهوو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی قاسم سولەیمانی رایگەیاند پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆئەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن. دەقی روونکردنەوەکەی دژەتیرۆری کوردستان: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهوو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە تێیدا ناوی دژەتیرۆری کوردستان هاتووە، لێرەوە بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین، دژەتیرۆری کوردستان ناسراوە بە CTD و دوور و نزیک پەیوەندی بە زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتە و ئەو ئۆپەراسیۆنەوە نییە و لێی بێئاگایە. گرووپێک هەیە بە ناوی CTG کە سەر بە لاهوور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکار و یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان - عێراق. لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکەی یاهوو نیوزدا بە روونی باس لەم تێوەگلان و بەشدارییەی هێزەکانی CTG دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە راپۆرتەکەدا بە روونی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییان بە لاوێن ئازادی گوتەبێژی لاهوور جەنگییەوە کردووە بۆئەوەی روونکردنەوە لەسەر بەشداریی و تێوەگلانیان لە بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانیدا بدەن. ئێمە دووبارە رایدەگەیەنین کە دژەتیرۆری کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە. پێشنیار دەکەین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆئەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێکدا دوایین ئامار و زانیارییەکانی لەسەر شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ تورکیادا لە ناوچەی بادینان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" سەرەرای بەكارهێنانی چەكی كیمیایی سوپای توركیا لە ناوچەكانی بادینان، ناتوانێت پێشڕەویی بكات و لە بەرامبەر گەریلادا شكست دەهێنێت". دەقی ڕاگەیانراوەكەی هەپەگە: ”هێزەكانی ئێمە لە چوارچێوەی هەڵمەتی كات كاتی ئازادییە بە چالاكیی بەهێز لەدژی هێرشی داگیركەری دەوەستنەوە. زانیاریی ورد دەربارەی چالاكی هێزەكانی ئێمە بەم شێوەیە: هێزەكانی بەرگریی ئاسمانی شەهید دەلال ئامەد لە ڕۆژی ٧ی ئایار لە كاتژمێر ١٠:٣٠ و ١٠:٤٠ خولەك داگیركەرانیان لە سەر گردی زەندوورای هەرێمی مەتینا كردە ئامانج. لەو چالاكییەدا ئامانجەكەن سەركەوتووانە بۆردومانكران. ‘چالاكی لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆرشگێڕیی بازەكانی زاگرۆس ٧ی ئایار لە كاتژمێر ٠٩:٠٠ لە سەر گردی شەهید مونزوور لە ناوچەی مام ڕەشۆی ئاڤاشین بە چەكی قورس داگیركەران كرانە ئامانج. لەو چالاكییەدا ئامانجەكان گورزی سەختیان بەركەوت، ژمارەی كوژراوانی دوژمن نەزانراوە. ٧ی ئایار كاتژمێر ١٢:٠٠ و ١٧:٠٠ هێزەكانی ئێمە بەچەكی قوورس داگیركەرانیان لە دەڤەری ئارس فارسی هەرێمی ئاڤاشین كردە ئامانج. لەو چالاكییەدا سەنگەرەكانی داگیركەران كرانە ئامانج. دوای چالاكییەكە داگیركەران گەلی ئاڤاشینی بۆردوومانكرد. ٧ی ئایار لە كاتژمێر ٢٠:٠٠ داگیركەران تونێلەكانی شەڕی دەڤەری ئارس فارسی ئاڤاشینیان بۆردومانكرد، دوای ئەوەی بڕێكی زۆر بۆمبی گازی ژەهراوییان خستە ناو تونێلەكان ویستیان پێشڕەویی بكەن، هێزەكانی ئێمە لە مەودایەكی نزیكەوە داگیركەرانیان كردە ئامانج، لەو شەڕەدا داگیركەران هیچ ئەنجامێكیان دەست نەخست و ناچار بوون لە تونێلەكان دوور بكەونەوە. داگیركەران كە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلاكانی ئێمەدا ناتوانن ئەنجام دەست بخەن و پیشڕەویی بكەن، ٨ی ئایار كاتژمێر ٠٩:٠٠تونێلەكانی شەڕیان بە بۆمبی كیمیایی كردە ئامانج. سەرەڕای ڕێبازی دژە مرۆیی دەوڵەتی تورك گەریلا وەڵامیكی تووندی داگیركەرانیان دایەوە و گورزی سەختیان لە داگیركەران وەشاند. ‘ لەچوارچێوەی جەنگی خابوور ٦ی ئایار لە كاتژمێر ٠٩:٠٠ گەریلاكانی یەژاستار لە مەیدانی خانتووری هەرێمی هەفتانین ، لە گردی بەرخۆدان، كە جموجوڵی داگیركەران هەبوو، بە تاكتیكی سابۆتاژ بە شێوەیەكی كاریگەر لەداگیركەرانیان دا. دوای چالاكییەكە داگیركەران ناوچەكەیان تۆپ بارانكرد. هێرشی ئاسمانی هێرشی ئاسمانی سوپای داگیركەری تورك بۆسەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بەردەوام دەكات. زانیاریی ورد بەم شێوەیە: ٧ی ئایار كاتژمیر لەنێوان ٠٧:٠٠ بۆ ١٩:٠٠ دەورووبەری گوندی هرۆرێ، زناری كەستێ و گوندی كەستێ لە هەرێمی مەتینا بۆردومانكرا. ٨ی ئایار كاتژمێر ٠٨:٠٠ گردی زەندوورای ناوچەی مەتینا بۆردومانكرا. ٧ی ئایار كاتژمێر ٠٨:٣٠ قادی كەنیشكای زاپ بۆردومانكرا. لەو بۆردوومانانەی سوپای داگیركەری توركیادا هیچ زیانێك بەر هێزەكانی ئێمە نەكەوتووە.