سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ لە هەولێر وەفدی ئیمراڵی دەبینم، ئەمان بە پەیامی عەبدوڵا ئـ.ـۆجەلانەوە هاتوون، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە قەندیل زۆر بەجددی بیر بكاتەوە كە پێشوازی لە بانگەوازەکەى بکات. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میۆنشن، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەولێر و چەندان پرسی دیکە کرد.  ئەو وتى: سبەینێ لە هەولێر وەفدی ئیمراڵی دەبینم، ئەمان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵا ئۆ*جەلانەوە هاتوون، ئێمە پێشبینی دەكەین پەیامی ئاشتی بێت، پەیامەكەش زیاتر بۆ (پە**كە*كە) دەبێت، هیوادارین (پە**كە*كە) هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی بەڕێز ئۆ*جەلان بكات.  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا باسی پرۆسەی ئاشتییان كردوە، ئەوتى: هەست دەكەم توركیا زۆر بەجددی دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات، هەموو شتێك لەسەر وەفدەكەی (دەم پارتی) ماوەتەوە كە هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو بانگەوازەی كە بڕیاروایە بەڕێز عەبدوڵا ئۆ*جە*لان لەماوەیەكی نزیكدا بیكات. هەروەها وتیشى: پێشبینی دەكەم تا نیهایەتی ئەم مانگە ئەو بانگەوازە دەربچێت، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە قەندیل زۆر بەجددی بیر بكاتەوە كە پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز ئۆ*جەلان بكات. نێچیرڤان بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باسی لەوە کرد "هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە 'گفتوگۆیەکی جیددیدان' بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تاوەکوو ئێستە چەندان دیدار لەنێوان هەردوولادا کراوە." بە وتەی جێگری سەرۆکی پارتی "دیدارەکانی پێشووی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی، لەبارەی ئەوە بووە، چۆن پێکەوە کار بکەین؟ ئەگەر هەردووکمان هاوبەشین لە حکوومەتێکدا ئەو هاوبەشییە مانای چییە؟ ئەمانە، ئەو بابەتانە بوون کە جێگەی بایەخی هەردووکمان بوون و پێشوەچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە." نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا ئەو گفتوگۆیانە تەواو بکەین، تاوەکوو لە قۆناغی داهاتوودا، باس لە چۆنییەتی دابەشکردنی پۆستە حکوومەتییەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی، پێکهاتە و لایەنەکانی دیکەدا بکرێت."

ڕۆژنامەنووسێکى مۆسکۆ ئاشکرای دەکات، سەرچاوەکانی لە دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا دەڵێن "بەشیکى زۆرى کارمەندو ئەفسەرەکانى دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی ئەسەدو بنەماڵەکەیان لەڕووسیا پێسپێردراوە، چونکە ڕووسەکان ئاسایشی ئەسەد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان زۆر بە جددی وەردەگرتووەو دەیانەوێت بیانپارێزن. ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسێکی مۆسکۆ کە ڕۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی" بڵاویکردووەتەوە، وردەکارییەکانی ئەو ژیانەی ئاشکرا کردووە کە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریای لەکارلابردو لە ڕووسیا تێیدا دەژی. ئەو ڕۆژنامەنووسە کە بە مەرجی ئەوەی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەدواداچوون بۆ ژیانی نوێی ئەسەد دەکات لە پایتەختی ڕووسیا، وتی: “ئەسەد نەک هەر توانی هەڵبێت و ڕزگاری بێت بەهۆی فەرمانی ئاشکرای ڤلادیمێر پوتین بۆ دوورخستنەوەی لە ناوەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شتانەی لەگەڵ خۆی هێنا کە پێویستی بوو بۆ ژیانێکی ئاسوودە و بێخەم و پارەیەکی زۆرى هێناوە”. بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کە دانیشتووی مۆسکۆیە، بنەماڵەی ئەسەد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانیکەم ١٩ شوقەی جیاوازیان لە سەرانسەری شارەکەدا هەبووە. ئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە ڕەنگە بەدیارکراوى نەزانرێت کێ هەڕەشە لە ئەسەد دەکات لە مۆسکۆ کە هەزاران کیلۆمەتر لە سوریاوە دوورە؟ ئەو دەڵێت: “بەڵام لەبیرت نەچێت کە هاوڵاتیانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست کە سەردەمانێک بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەت – بۆ نموونە ئۆزبەکستان و تاجیکییەکان – دەتوانن بەبێ ڤیزا بچنە ناو ڕووسیا، و لەوانەیە بێنە مۆسکۆ و بەدوای تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانە بگەڕێن کە هەڤاڵەکانیان کوشتووە. ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی ئەسەدی پێسپێردراوە، ڕووسەکان ئاسایشی ئەسەد و ئەندامانی بنەماڵەکەی زۆر بە جددی وەردەگرن. ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشبینی کردووە کە "ئەسەد" بچێتە ناو بواری بازرگانییەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی شەخسی نەبێت ئەوا لە ڕێگەی کوڕەکانییەوە ئەو کارەدەکات. میدیاکانی ڕووسیا ڕووماڵی چالاکییەکانی بنەماڵەی ئەسەد لە مۆسکۆ ناکەن، ڕۆژنامەنووسانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئەمە بابەتێکی قەدەغەکراوە بۆ ڕووماڵکردن". ڕوونیشیکردەوە، هیچ ڕۆژنامەنووسێک ناوێرێت قەدەغەکردنەکە پێشێل بکات و بە ئاشکرا ڕاپۆرتێک بدات کە ئەم خێزانە لە کوێ دەژین و چی دەکەن و ژیانی ڕۆژانەیان چۆنە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی ئەسما ئەسەد خراپتر بووە، ئێستاش لە دامەزراوەیەکی پزیشکی بەناوبانگی مۆسکۆ لە دابڕانێکی تەواودایە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. جگە لەوەش جێگەی پرسیارە کە ئایا ئەسەد خۆی لەگەڵ پێگەی نوێی خۆیدا گونجاندووە وەک دەربەدەرێکی دەوڵەمەند کە ڕۆژەکانی بە ئاهەنگگێڕان بەسەر دەبات. لە کۆتاییدا، بە دڵی بێت یان نا، نیگەرانییەکانی ئاسایشی کەسی بەدوایدا دەڕۆن بۆ پایتەختی ڕووسیا، بەپێی هەمان ڕاپۆرت. ئەو ڕۆژنامەنوسە دەڵێت: لە ڕاستیدا سەرۆکی ڕووسیا حەز ناکات لەگەڵ کەسێک دەربکەوێت کە کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لەدەستداوە و وێنەی دۆڕاوێکی بەدەستهێناوە. بەشار پێویستی بە لەبیرکردنی سیاسەت و کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ سەرکردەکان دەبێت، بەڵام مۆسکۆ یاریزانی بەهێزی کەم نییە کە بە خۆشحاڵییەوە هاوکاری بازرگانی لەگەڵدا بکەن و ئەو پارەیەی لە خەزێنەی سوریا هێناویەتی قسەیەکی زۆر دەکات.

هاوڵاتى بارەگاى بارزانى ڕایدەگەیەنێت، شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی  (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یان بەبارزانی گەیاندوە، ئەویش ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.  ئەمڕۆ یەكشەممە 16ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و بەڕێز سری سورەیا ئوندەر كرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو.  هەروەها شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـیشیان بە مەسعود بارزانی گەیاندوە. هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، لەو دیدارەدا بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.  هەروەها بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند. دوێنێ شەممە وەفدی ئیمراڵی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەڕێگاى وشکانى هاتنە هەرێمی كوردستان، وەفدەكە پێكهاتووە لە هەریەكە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، هەروەها ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراهیم بیلمەز لە فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، بەردان ئۆزتورک هاووتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) هەریەکە لە  پەرلەمانتاران گولجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ. سەردانەی وەفدی ئیمراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، درێژەدانە بەو سەردانانەی كە وەفدەكە لەدوای دیداری عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری دەستبەسەركراوی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2024وە بۆلای لایەنە سیاسییەكانی توركیاو كارەكتەرە سیاسییەكانی كورد لە باكوری كوردستان دەستیپێكردووە.

هاوڵاتى دوای بڕیاری ڕاگرتنی لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی بایدن، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، گەیشتنی باری بۆمبی قورسی ڕاگەیاند کە لەلایەن ئیدارەی ئێستای ئەمریکاوە ئازادکرابوون. نزیکەى مانگێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند  فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کردووە بۆمبە 2000 پاوەندییەکان بدەن بە ئیسڕائیل دوائ ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆ بایدن ناردنی ئەو جۆرە بۆمبەی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە بۆمبەکانی ئێم کەی (مارک) ٨٤ کە بەم دواییە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە فەرمانی پێکرابوو، ڕایگەیاندووە، بارێکی بۆمبی ئاسمانی قورس کە بەم دواییە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە نێردراوە، ئەمشەو گەیشتوەتە ئیسرائیل. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سوپاسی ئیدارەی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند، ناردنی بۆمبی قورس کە شەوی شەممە گەیشتە ئیسرائیل، زیادکردنێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی و سوپای ئیسرائیل. کاتز وتی: ئەمە زیادکردنێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانی، سوپاسی سەرۆک ترامپ و ئیدارەی ئەمریکا دەکەم بۆ پاڵپشتییە چەسپاوەکانیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. باری بۆمبی قورسی کەشتییەکە بریتی بوو لە بۆمبی ئێم کەی ٨٤ کە کێشی تەقینەوەی بە نیو تۆن مەزەندە دەکرێت و تیژڕەوی بەرکەوتنی ٣٦٥ مەتر دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 76 هەزار تۆن کەرەستەی سەربازی بە 678 فڕین و 129 باری دەریای گەیشتوونەتە ئیسرائیل، ئەمەش بە گەورەترین باری ئاسمانی و دەریای دادەنرێت لە مێژووی ئیسرائیلدا. بۆمبێکی 2000 پاوەندی دەتوانێت کۆنکریت و کانزای ئەستوور ببڕێت و نیوەتیرەی تەقینەوەیەکی بەرفراوان دروستبکات. ڕۆیتەرز ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەزاران بۆمبی 2000 پاوەندی بۆ ئیسڕائیل ناردووە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. بەڵام یەکێک لە بارەکانی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتووە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەمەریکا بە بەهای ملیاران دۆلار یارمەتی بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاندووە. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو بۆمبانەی داوە بە ئیسڕائیل، رامپ وتی " لەبەرئەوەی کڕیویانە."

هاوڵاتى فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، هەولێر و بەغداد کار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش، هەفتەی داهاتوو هەردوولا کۆدەبنەوە. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسی میونشن-دا رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. دەشڵێت، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، 19 ملیار دینار زیانی بە عێراق گەیاندووە. فوئاد حسێن وتیشی، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە تەکنیکییانە دەستپێدەکەن و بە چەند رۆژێک، رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت. رۆژی 2ـی شوباتی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد و بەمپێیەش، لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، جارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە. پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی پەسەندکرد، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکانە لە هەرێمی کوردستان. پەسەندکردنی پلانی زیادکردنی پارە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا، لەو چوارچێوەیەدا تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم بە ١٦ دۆلار دیاریکرا.

هاوڵاتى پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکانى خۆى دەستپێدەکاتەوە، لەبارەی شەش پڕۆژە یاسای گرنگ دانیشتنی خۆی ڕێکدەخات، یەکێک لەوانە خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژە یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 1:00ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت، هاوکات پەرلەمان کارنامەی ڕۆژی دووشەممەشی بڵاوکردووەتەوە.  قوتەیبە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بەشێک لەو یاسایانەی کە بڕیارە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، دوا دەخرێن بۆ خوولی داهاتوو، لەوانەش یاسای ئەنجوومەنی یەکگرتوو و یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی. کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیەیە:-  - دەنگدان بە پێشنیازە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای هاوتاکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکانی عەرەبی و بیانی ژمارە 20ـی ساڵی 2020. - دەنگدان لەسەر بڕیار بە شێوەی ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی پەروەردە بەمەبەستی کارکردن بە سیستمی هەوڵدان 'پەڕینەوە' لە خوێندندا.  -ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمانی کاتی بۆ چاودێریکردنی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەت.  -خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی. -خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و قوبرس. -خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری دووەمی یاسای موختارەکان، ژمارە 13ی ساڵێ 2011. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەم وەرزی یاساداناندا هەنگاوی باش لەبارەی پێکهێنانی ئەنجوومەنی یەکگرتووی فیدراڵی دەنرێت. بەگوێرەی ماددەی 48ـی دەستوور، دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی پێکدێت، هاوکات لە مادەی 65ـی دەستووریشدا باسی وردەکاریی ئەنجوومەنەکە و ئەندامبوون و چۆنیەتی پێکهێنانی دەکات. کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیەیە:- -دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق. -خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ڕەزامەندی عێراق، لەسەر رێککەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتننامەی هاوتاکردنی نێودەوڵەتیی نێوەندگیری. -خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەی اسای یەکێتیی نەخۆشخانە تایبەتەکانی عێراق. -خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی یەکێتی ئابووری لەنێوان وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، ژمارە 169ی ساڵی 1963. - خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بەشداربوونی عێراق لە رێککەوتنی هەمواری یاسای رێککەوتننامەی پاراستنی لە ماەدە ئەتۆمییەکان.  -خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستە نیشتمانییەکانی چاودێری ئەتۆمی، تیشکدانەوە، کیمیایی و بایۆلۆجی، ژمارە 1ی ساڵی 2024.

  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت سەردانەکەی ڕوبیۆ سعودیە و ئیمارات دەگرێتەوە، ناتانیاهۆ ئاشکرای دەکات بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک بۆ ئاستی سیاسی و ئەمنی ئەنجام دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوی داهاتوو لە غەززە. درەنگانێکى شەوى ڕابروو، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای دەستبەکاربوونیەوە گەیشتە تەلئەبیب، بڕیارە دواتر سەردانى هەریەکە لەوڵاتانى سعوودیە و ئیماراتیش بکات. هەروەها بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە ڕوبیۆ گەشت بۆ قودس بکات، پێش ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل گفتوگۆ بکات. لە گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا داهاتووی کەرتی غەززە دەبێت، هەروەها پلانی دۆناڵد ترەمپ لەو بارەوە. ڕوبیۆ پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو کە پلانەکەی ترەمپ تاکە پلانە کە لە ئێستادا بەردەستە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن ئامادەیە گفتوگۆ بکات لەبارەى پێشنیارەکانی وڵاتانى عەرەبى سەبارەت بە غەززە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەر پلانێک کە حەماس لە غەززە بەجێبهێڵێت کێشەیەک دەبێت، چونکە ئیسرائیل تەحەمول بەو شتە ناکات، بەپێی دەربڕینەکەی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە هەر پلانێکی عەرەبی بۆ غەززە کرد کە "باشتر" بێت لە پێشنیازی ترەمپ. وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا وتیشى: هەموو ئەم وڵاتانە دەڵێن گرنگی بە فەلەستینییەکان دەدەن، بەڵام هیچیان نایانەوێت هیچ فەلەستینییەک ببەن، هەروەها هیچ کامیان مێژوویەکیان نییە کە هیچ کارێکیان بۆ غەززە کردووە لەم ڕووەوە.

ئەمشەو، سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ روبیۆ، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەیان کردووە و ئامادەکارى دەکەن بۆ کۆبونەوەى پوتین و ترەمپ، هاوکات هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی هاوبەش دووپاتکردووەتەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتی دەرەوەی رووسیا،  بەدەستپێشخەرى واشنتن، ئەمشەو  مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیەکى تەلەفۆنى لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤى هاوتا ڕووسیەکەى ئەنجامداوە. لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، هەردوو وەزیى ناوبراو، ویستی خۆیان بۆ کارکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە "کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، دۆخی فەلەستین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و پرسە ناوچەییەکانی دیکەش پیشانداوە." "سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ ڕوبیۆ ئامادەیی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن پێکەوە بۆ گەڕاندنەوەی گفتوگۆی نێوان وڵاتەکانیان کە ڕێز لە یەکتر دەگرن بەگوێرەی ئەو هەنگاوانەى کە سەرۆکەکان دانیا دەنێن. ترەمپ و پوتین ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو زیاتر لە کاتژمێرێک قسەیان کردوە، ئەمەش یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیایە کە پوتین پەیوەندییەکی لەگەڵ جۆ بایدن هەبووە، ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی لە شوباتی ٢٠٢٢دا فەرمانی بە دەیان هەزار سەرباز بدات بۆ ناو ئۆکرانیا. رۆژی 12-02-2025 دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیال) رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین کرد." بەوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وزە، هێزی دۆلار، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کردووە. ترەمپ وتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین. هەروەها رێککەوتین سەردانی وڵاتی یەکدی بکەین."

هاوڵاتى بارەگای بارزانیی ڕایدەگەیەنێت ئەوەی ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆرە. ئێوارەى ئەمرۆ شەممە، ئەیاد عەلاوی، سیاسەتمەداری عێراقی وتى: مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لقێکی بۆ حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. لەوەڵامى ئەو قسانەى  ئەیاد عەلاویدا، بارەگاى بارزانى ڕونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو ئەو زانیاریانەى ڕەتکردەوە. بارەگاى بارزانى دەڵێت: دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی. هەروەها دەشڵیت: لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین. دەقى ڕوونکردنەوەیەکەى بارەگای بارزانیی  ڕۆژی شەممە 15ی شوباتی 2025 لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسیەوە بەڕێز ئەیاد عەللاوی هەندێ قسەی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان خستووەتەڕوو، لێرەدا جەخت دەکەینەوە  دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین.

  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، داواى لە کۆمپانیای ئەیرباس بۆ هێلیکۆپتەر کردوە، لەبەر ڕۆشنایی گرێبەستی دوو قۆڵی نێوانیان خێراتر بکەن بۆ دابینکردنی هەلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ عێراق.  بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە میونشن پێشوازی کرد لە جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەیرباس بۆ هێلیکۆپتەر بەڕێز ستیفان توومی. هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی مەشق و پاراستن و مۆدێرنکردنی فڕۆکەوانی ئاسمانی کرا، لە بەر ڕۆشنایی گرێبەستی دوو قۆڵی بۆ دابینکردنی هەلیکۆپتەری شەڕکەر بۆ عێراق، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر خێراکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی مەرجەکانی گرێبەستەکە.  هاوکات هەر لەوکۆبوونەیەدا سودانی جەختی لەسەر پەرۆشی و هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە ناسراوەکان و دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکانی پێویست بۆ ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ کارەکانیان لە عێراق.

هاوڵاتى کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێوە ڕایدەگەیەنێت لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات. ئەمرۆ شەممە، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبووەوەتەوو دوابەدى کۆبونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لەبەشیکى ئەو بەیاننامەدا هاتووە: بیروڕا گۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بووە. هەروەها دەشڵێت: لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێت.  کۆمیتەى ناوەندى پارتى ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.

  کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ـی شووباتی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت، چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە. ئەمڕۆ شەممە، لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، دژی پێلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. بەیاننامەی کۆمیتەکە لەلایەن حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و وێرای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ـی شەرمەزارکردووە و ڕایگەیاندووە، هاوڵاتییانی کوردستان، هاونیشتیمانیانی ئازیز، وا پێ دەنێینە ٢٧ـەم ساڵی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامی ئەم قۆناغە نا مرۆڤانەیە دوورە لە هەرچی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نێوخۆییەکانی تورکیا و جیهان، لەبەر ئەوە به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین. ئاماژە بەوەشدراوە، سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری بە شێوازاێکی توند و بەردەوام درێژەی هەیە، ئەمەش مانای وایە گەورەترین شەڕ لە ئیمرالییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان شکستی خواردووە و لەبەردەم دەرگای ئیمڕاڵی داوای ئاشتی ئەکات، کەواتە ئەم پرسە ئەگەر سیناریۆش بێت، ئەوا ڕوونە فاشیزم بێچارەیە، ئۆجالان بە هێز و کەسی یەکەمی چارەسەری ئەبینێت. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕێبەر ئۆجالان ڕێگای ئاشتی تەنها لە تورکیا بە گرنگ نابینێت، بەڵکو پێیوایە جگە لە ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆی ئەو وڵاتانەی کوردستانی تێدا دابەش کراوە چارەی تریان نییە لە ئاشتی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی زیاتر، چونکە تاکە پارێزێکی ئەو قەوارانە ملدانە بۆ ماف و ئازادیی و دیموکراسی، ملدانە بۆ بە یاسایی کردنی چارەسەری و دورکەوتنەوە لە هەڵخەڵەتاندن و دوو ڕوویی. کۆمیتەکە دەشڵێت: ئەمڕۆ گەلەکەمان لە باکووری کوردستان ڕێکخستنێکی جەماوەری کۆمەڵایەتی دەرخستووە، کە دەوڵەتی تورکیای بێچارە هێشتووەتەوە، پەیمانی یەکڕیزی و متمانە بە ڕێبەرەکەی بەو پەڕی مۆڕاڵەوە گرێداوە، لەم ڕووەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “زەمینە هەبێت لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە دۆخەکە لە شەڕەوە دەگۆڕم بۆ ئاشتی بە شێوازی یاسایی و سیاسی، کەواتە ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێو تورکیا و ناوچەکەیە بەگشتییە، لەو ڕوانگەیەوە کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دانراوە، ئێمە ڕێگە نادەین ئاسایشی ئێران بخرێتە ژێر هەڕەشەوە. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئیسناى ئێرانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران چاودێری و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەن لە کەرتە جیاجیاکاندا، لەوانە ئابوری، ئەمنی و ڕۆشنبیری واژۆکراون، دەقى چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی مەسعوود پیزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانەکەی بۆ تاران، "قۆناغ و لاپەڕەیەکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان" لەنێوان لایەنەکاندا. سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئاژانس و ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە. ئەوەشى وت: لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان یان ئاڵوگۆڕی زانیاری پێویست. ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەهێزتر کران بۆ ئەوەی هیچ جوڵەیەک نەبێت کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سنوورەکانی هەردوولا هەبێت.  هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا نێچیرڤان بارزانى دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی کە رێگە نەدات هیچ لایەنێک خاکی ھەرێم بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران بەکاربھێنێت.  وتیشى: ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەکەین بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بەم ڕێککەوتنە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمەش گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەدەین.

هاوڵاتى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە بەردەوامدەبن لەسەر بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن و ئامادەنین سبەینێ یەکشەممە دەوام دەستپێبکەنەوە. هەرچەندە بەڕیوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەى بایکۆت کۆتایی بێت و لەرۆژى یەکشەممەوە دەوام دەستپێبکاتەوە، بەڵام مامۆستایانى ناڕازى دەڵێن بایکۆت ناشکێنین. اکاتەوە. نەجمەدین محەمەد لە دەستەى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، لەسەر شکاندنى بایکۆت وتی، ئەوان وەک ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى بەردەوام دەبن لە بایکۆت. دەشڵێن، بایکۆت بڕیارێکى خۆڕسکى خودى مامۆستایانە. ئەو مامۆستایە ئەوەشى خستەڕوو، ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا جارێکى دیکە بەفەرمى سوربوونى خۆیان لەسەر بڕیارى نەشکاندنى بایکۆت دووپاتدەکەنەوە. دەشڵێت، تاوەکو حکومەتى هەرێم مووچەى مانگى 12 و تەوتین و مووچە فەوتاوەکان و پلە بەرزکردنەوەیان دەستپێنەکاتەوە بایکۆت ناشکێنن. هەروەها ئەوەشى وت: لە چەند رۆژى داهاتوودا چالاکییان دەبێت و بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى. نزیکەى مانگێکە، بایکۆت لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان و شارەزوور بەردەوامە. پێنج شەممەى ڕابردوو ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایانگەیاند، چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن: بایکۆتی دەوام لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە.سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە.

  ــ لە بەرامبەر ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. ــ ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لەشەممەدا ئازاد نەکرێن. بزوتنەوەى حەماس ناوی سێ بارمتەیەى ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە کە بەنیازن ئەمڕۆ شەممە 15ی مانگی دوو لە بەرامبەر ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازادیان بکەن، هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی. ئەم کەسانە سێ ئیسرائیلین کە جگە لە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی، ڕەگەزنامەی ڕووسی و ئەمریکی و ئەرجەنتینیشیان هەیە. ئەو بارمتە گیراوانە هەروەک حەماس بڵاوی کردۆتەوە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردۆتەوە، بریتین لە ساگوی دێکل چێنی کە ئەمەریکایی- ئیسرائیلیە و تەمەنی 36 ساڵ، هەروەها ساشا ترۆفانۆڤ تەمەن 29 ساڵ کە ڕەگەزنامەی ڕووسیاشی هەیە و سێیەم بارمتەش ناوی ئیایر هۆرنی ئەرجەنتینی ئیسرائیلییە و تەمەنی 46 ساڵە. حەماس لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لە ڕێگەی درێژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر خەڵکی غەززە و ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان. گروپەکە ڕایگەیاند ئازادکردنی بارمتەکان دوادەخرێت. دواتر ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لە ڕۆژی شەممەدا ئازاد نەکرێن. هاوکات ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە حەماس بە چاوی خۆی دۆزەخ دەبینێت ئەگەر بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە. لە کۆی ٢٥١ کەس کە لە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێندرابوون، ٧٣ کەسیان تا ئێستا لە غەززە دەستبەسەرن و بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل ٣٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. بڕیارە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە ئازادکردنی هەموو بارمتە زیندووەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ بەخۆیەوە ببینێت. قۆناغی سێیەم و کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێچووی زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. بەپێی داتا فەرمییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هەزار و ٢١٠ کەس لە لایەنی ئیسرائیل کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. لەبەرامبەردا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیکەم 48 هەزار و 222 کەسی کوشتووە کە زۆربەیان مەدەنین، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە متمانەپێکراوی دەزانێت.