هاوڵاتى کۆمیتەى ناوەندى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێوە ڕایدەگەیەنێت لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات. ئەمرۆ شەممە، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبووەوەتەوو دوابەدى کۆبونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لەبەشیکى ئەو بەیاننامەدا هاتووە: بیروڕا گۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بووە. هەروەها دەشڵێت: لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێت.  کۆمیتەى ناوەندى پارتى ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.

  کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ـی شووباتی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت، چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە. ئەمڕۆ شەممە، لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، دژی پێلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. بەیاننامەی کۆمیتەکە لەلایەن حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و وێرای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ـی شەرمەزارکردووە و ڕایگەیاندووە، هاوڵاتییانی کوردستان، هاونیشتیمانیانی ئازیز، وا پێ دەنێینە ٢٧ـەم ساڵی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامی ئەم قۆناغە نا مرۆڤانەیە دوورە لە هەرچی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نێوخۆییەکانی تورکیا و جیهان، لەبەر ئەوە به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین. ئاماژە بەوەشدراوە، سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری بە شێوازاێکی توند و بەردەوام درێژەی هەیە، ئەمەش مانای وایە گەورەترین شەڕ لە ئیمرالییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان شکستی خواردووە و لەبەردەم دەرگای ئیمڕاڵی داوای ئاشتی ئەکات، کەواتە ئەم پرسە ئەگەر سیناریۆش بێت، ئەوا ڕوونە فاشیزم بێچارەیە، ئۆجالان بە هێز و کەسی یەکەمی چارەسەری ئەبینێت. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕێبەر ئۆجالان ڕێگای ئاشتی تەنها لە تورکیا بە گرنگ نابینێت، بەڵکو پێیوایە جگە لە ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆی ئەو وڵاتانەی کوردستانی تێدا دابەش کراوە چارەی تریان نییە لە ئاشتی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی زیاتر، چونکە تاکە پارێزێکی ئەو قەوارانە ملدانە بۆ ماف و ئازادیی و دیموکراسی، ملدانە بۆ بە یاسایی کردنی چارەسەری و دورکەوتنەوە لە هەڵخەڵەتاندن و دوو ڕوویی. کۆمیتەکە دەشڵێت: ئەمڕۆ گەلەکەمان لە باکووری کوردستان ڕێکخستنێکی جەماوەری کۆمەڵایەتی دەرخستووە، کە دەوڵەتی تورکیای بێچارە هێشتووەتەوە، پەیمانی یەکڕیزی و متمانە بە ڕێبەرەکەی بەو پەڕی مۆڕاڵەوە گرێداوە، لەم ڕووەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “زەمینە هەبێت لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە دۆخەکە لە شەڕەوە دەگۆڕم بۆ ئاشتی بە شێوازی یاسایی و سیاسی، کەواتە ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێو تورکیا و ناوچەکەیە بەگشتییە، لەو ڕوانگەیەوە کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت میکانیزمێک بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دانراوە، ئێمە ڕێگە نادەین ئاسایشی ئێران بخرێتە ژێر هەڕەشەوە. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى ئیسناى ئێرانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەى بەوەکردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران چاودێری و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکەن لە کەرتە جیاجیاکاندا، لەوانە ئابوری، ئەمنی و ڕۆشنبیری واژۆکراون، دەقى چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی مەسعوود پیزیشکیان، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها سەردانەکەی بۆ تاران، "قۆناغ و لاپەڕەیەکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ بوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان" لەنێوان لایەنەکاندا. سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئاژانس و ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە. ئەوەشى وت: لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان یان ئاڵوگۆڕی زانیاری پێویست. ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بەهێزتر کران بۆ ئەوەی هیچ جوڵەیەک نەبێت کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سنوورەکانی هەردوولا هەبێت.  هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا نێچیرڤان بارزانى دەڵێت: ھەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی کە رێگە نەدات هیچ لایەنێک خاکی ھەرێم بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران بەکاربھێنێت.  وتیشى: ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد دەکەین بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بەم ڕێککەوتنە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمەش گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دەدەین.

هاوڵاتى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە بەردەوامدەبن لەسەر بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن و ئامادەنین سبەینێ یەکشەممە دەوام دەستپێبکەنەوە. هەرچەندە بەڕیوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەى بایکۆت کۆتایی بێت و لەرۆژى یەکشەممەوە دەوام دەستپێبکاتەوە، بەڵام مامۆستایانى ناڕازى دەڵێن بایکۆت ناشکێنین. اکاتەوە. نەجمەدین محەمەد لە دەستەى ئەنجومەنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى، لەسەر شکاندنى بایکۆت وتی، ئەوان وەک ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى بەردەوام دەبن لە بایکۆت. دەشڵێن، بایکۆت بڕیارێکى خۆڕسکى خودى مامۆستایانە. ئەو مامۆستایە ئەوەشى خستەڕوو، ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا جارێکى دیکە بەفەرمى سوربوونى خۆیان لەسەر بڕیارى نەشکاندنى بایکۆت دووپاتدەکەنەوە. دەشڵێت، تاوەکو حکومەتى هەرێم مووچەى مانگى 12 و تەوتین و مووچە فەوتاوەکان و پلە بەرزکردنەوەیان دەستپێنەکاتەوە بایکۆت ناشکێنن. هەروەها ئەوەشى وت: لە چەند رۆژى داهاتوودا چالاکییان دەبێت و بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى. نزیکەى مانگێکە، بایکۆت لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان و شارەزوور بەردەوامە. پێنج شەممەى ڕابردوو ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایانگەیاند، چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن: بایکۆتی دەوام لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە.سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە.

  ــ لە بەرامبەر ئەو سێ بارمتەیە، ئیسرائیل ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. ــ ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لەشەممەدا ئازاد نەکرێن. بزوتنەوەى حەماس ناوی سێ بارمتەیەى ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە کە بەنیازن ئەمڕۆ شەممە 15ی مانگی دوو لە بەرامبەر ٣٦٩ زیندانی فەلەستینی ئازادیان بکەن، هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی. ئەم کەسانە سێ ئیسرائیلین کە جگە لە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی، ڕەگەزنامەی ڕووسی و ئەمریکی و ئەرجەنتینیشیان هەیە. ئەو بارمتە گیراوانە هەروەک حەماس بڵاوی کردۆتەوە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردۆتەوە، بریتین لە ساگوی دێکل چێنی کە ئەمەریکایی- ئیسرائیلیە و تەمەنی 36 ساڵ، هەروەها ساشا ترۆفانۆڤ تەمەن 29 ساڵ کە ڕەگەزنامەی ڕووسیاشی هەیە و سێیەم بارمتەش ناوی ئیایر هۆرنی ئەرجەنتینی ئیسرائیلییە و تەمەنی 46 ساڵە. حەماس لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە لە ڕێگەی درێژەدان بە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر خەڵکی غەززە و ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان. گروپەکە ڕایگەیاند ئازادکردنی بارمتەکان دوادەخرێت. دواتر ناتانیاهۆ وتی شەڕی غەززە دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بارمتەی زیاتر لە ڕۆژی شەممەدا ئازاد نەکرێن. هاوکات ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە حەماس بە چاوی خۆی دۆزەخ دەبینێت ئەگەر بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە. لە کۆی ٢٥١ کەس کە لە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێندرابوون، ٧٣ کەسیان تا ئێستا لە غەززە دەستبەسەرن و بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل ٣٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە. بڕیارە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە ئازادکردنی هەموو بارمتە زیندووەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ بەخۆیەوە ببینێت. قۆناغی سێیەم و کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێچووی زیاتر لە ٥٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. بەپێی داتا فەرمییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، هەزار و ٢١٠ کەس لە لایەنی ئیسرائیل کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. لەبەرامبەردا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لانیکەم 48 هەزار و 222 کەسی کوشتووە کە زۆربەیان مەدەنین، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە متمانەپێکراوی دەزانێت.

هاوڵاتى بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان لەکارەکەی دوورخرایەوە و قەییومی لە جێگە دانرا. بەیانی ئەمڕۆ شەممە (15ـی شوباتی 2025) وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئۆرزان بالچی پارێزگاری وانی وەک قەییوم لە جێگەی عەبدوڵڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری وان دانا و لە کارەکەی دووریخستەوە.  هەروەها دەڵێت: "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆکشارەوانی.    هەروەها بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان بڕیاردرا بە دانانی ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک سەرۆکشارەوانی بە وەکالەت."  دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، خەڵکی لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی وان گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. عەبدوڵڵا زەیدان، واژۆی لەسەر نووسراوی ئاگادارکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی نەکرد.    لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێشکگر کرد بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و ئازارو ئەشکەنجەدانی کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و رایگەیاند؛ کودەتاکەی نیوەشەو دژی شارەوانی گەورەشاری وان گورزێکە لە ئیرادەی خەڵک دراوە. جگە لە شارەوانیی گەورەشاری وان، تاکوو ئێستا قەییوم بۆ سەرۆکایەتیی نۆ شارەوانیی دیکەی تورکیا و باکوری کوردستان داندراوە. لەنێو ئەوانیشدا هەریەک لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی گەورەشاری وان، گەورەشاری مێردین، سێرت، ئێله (باتمان)، دێرسیم، خەلفەتی، باخچەسەرای لە باکوری کوردستان و ئاکدەنیز لە تورکیا بەدی دەکرێن کە دەم پارتی توانیووویەتی بەدەستیان بهێنێت. جگە لەو شارەوانییانەی کە دەم پارتی تیایاندا براوە بووە، حکومەتی تورکیا هەروەها ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی قەزای ئەسەنیورت لەکار دوورخستەوە و قەییومی لەجێ دانا.

ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی 14ی مانگی دوو سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی خەریکە کۆتایی دێت. سەرەڕای دژایەتی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی 60 لەسەد و نزیکیش بووەتەوە لە پیتاندنی لەسەدا 90 کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ڕۆژنامەنووسان، گرۆسی هۆشداریدا لەوەی کات بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران و ئەمەریکا خەریکە تەواو دەبێت و وتیشی "بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ناتوانین بە خێرایی ئەو کارە بکەین". بە وتەی ناوبراو، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "هەموو ئەو زانیاریانەی" لەبەردەستدایە کە پێویستی پێیەتی، بەڵام بڕیاردان لە ئەستۆی وڵاتانی ئەندامی ئاژانسە. بەڕێوەبەری گشتی ئاژانس وتی "بەرهەمهێنانی مانگانەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی لەلایەن ئێرانەوە حەوت هێندە زیادی کردووە و پێدەچێت تا ئەو کاتەی ئاژانس ڕاپۆرتی خۆی لە مانگی داهاتوودا بڵاو دەکاتەوە، کۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%ی ئەو وڵاتە بۆ 250 کیلۆگرام زیاد بکات." بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسەکە، ئەم بڕە یۆرانیۆمە، ئەگەر پیتێنرابێت، بەسە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی. ڕافایل گرۆسی هۆشداریدا لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئەم بابەتە "زۆر بە جددی" وەربگرێت و "هەر بۆیە پێموایە نابێت کاتێکی زیاتر لەمە بەفیڕۆ بدەین". بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئاژانس وتی "چاوەڕوانی دەستنیشانکردنی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران لەلایەن کۆشکی سپی دەکات بۆ دەستپێکردنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ناوبراو سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لەبارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. گرۆسی هەروەها زیادی کرد کە ئاژانسەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپدا. وتەکانی گرۆسی لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا چەند رۆژ پێش ئیستا فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین گوشار" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی هه‌یه‌ كه‌ سنوورێكی به‌رفراوانمان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێك جار ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ناڕوونی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێك چوون. ئێوارەى ئەمڕۆ هەینی، 14ـی شوباتی 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی العربیة وتی: پشتگیریی له‌ به‌شداریی كوردی سووریا ده‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌ی نوێی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌. مه‌سرور بارزانی له‌ باره‌ی ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران وتی: هه‌رێمی كوردستان خۆی بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی ده‌دات و له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بڕیار وه‌رده‌گرێت. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە هه‌رێمی كوردستان بریكاری هیچ لایه‌نێك نییه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌،  وتیشى: هاوكات به‌ شانازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی هه‌یه‌ كه‌ سنوورێكی به‌رفراوانیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ندێك جار ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی ناڕوونی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ تێك چوونه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌مان بڕیوه‌ و بڕوامان وایه‌ ویست و نیازی باش تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان چاره‌ ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی بوونی پێگه‌ و بنكه‌ی ئیسرائیل له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ تۆمه‌تن و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌ و ته‌نیا بانگه‌شه‌ی بێ به‌ڵگه‌ن، زۆر به‌ كورتی ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ گوتراوه‌ و ده‌گوترێت ڕاست نین، ئیسرائیلییه‌كان له‌ كوردستان نین، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ ده‌گوترێت هیچ پاساوێكی دیكه‌یان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ ده‌كه‌ن

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا. ئەمرۆ هەینى، لە یەکەم هەڵوێستی فەرمیدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق، ڕەتیکردەوە، هیچ مەرجێکى پێشوەختەیان هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق.  حکومەتى بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی لوتکەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ و چاودێران پێیان وایە کە ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ شکاندنی بنبەست و دوودڵی نێوان بەغدا و دیمەشق. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرەنسا 24 تیڤی ڕایگەیاندووە، بانگهێشتی فەرمییان ئاراستەی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات. ئەوەشى وت: بڕیارە ئەو وەزیرە بە زووترین کات لە پایتەختی عێراق دەبێت، شەیبانی ڕایگەیاندبوو کە "بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراق بۆ سەردانی بەغدا قبوڵ دەکات". بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و کردنەوەی دەروازەکان. فواد حسێن ڕوونیشیکردەوە، "ئەو لووتکەیەی عێراق میوانداری دەکات لە مانگی ئایاری داهاتوودا، بانگهێشتەکە دەنێردرێت بۆ هەموو سەرکردە عەرەبییەکان، لەنێویاندا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا". وەزیری عێراق جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، حکومەتی عێراق هیچ مەرجێکی نییە سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ سوریا، بەڵام ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێک بۆچوونی هەیە سەبارەت بە داهاتووی سوریا.  حسێن ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، وڵاتەکەی نیگەرانن لە بوونى ڕێکخراوی داعش  چەکدارەکانی لە نزیک سنووری عێراق و سووریا، ئەو وتی: ئێمە ئەو ڕێکخراوە بە هەڕەشە دەزانین، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئیدارەی نوێی سووریا هەڵوێستی لەسەر داعش هەیە، پێویستمان بە هاوکاری و کاری هاوبەشمان لەگەڵ سووریا لەم بابەتەدا، بۆ لێدانی داعش و ڕێگە نەدات جارێکی دیکە ببێتە هەڕەشە.

هاوڵاتى سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند تورکیا ڕێگە نادات "ڕێکخراوە جوداخوازەکان" لە سوریا داڵدە بدەن و دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەو بارەیەوە. ئەردۆغان لەکاتى گەڕانەوەیدا لە گەشتەکەی بۆ پاکستان و مالیزیا و ئیندۆنیسیا وتی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد شەرعدا وادیارە کە دژی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" بوەستێتەوە. ئەو وتیشی: لە ماوەی کۆبوونەوەکەی پێشتریدا لەم مانگەدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ئەنکەرە تاوتوێی هەنگاوەکانییان کردووە دژی ئەو ڕێکخراوانە. تورکیا هێزە کوردییەکان (هەسەدە) بە باڵێکى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت و بە تێرۆریست ناویان دەبات. لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای تورکیا بە بیانووی هێرشکردنە سەر پەکەکە هێرشی بەرفراوانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سوریا و عێراق لە دژی کورد ئەنجامداوە. هێزە کوردییەکان کە بە هەسەدە ناسراون، لە سووریا ڕیبەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە لە شەڕی داعشدا پشتیوانی دەکرێن. مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین جار ڕەتیکردوتەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی لەنێوان هەسەدە و پارتی کرێکارانی کوردستان هەبێت.

  سەرپەرشتیاری فەرمانگەى گومرگی پارێزگاى کوردستان ڕایگەیاند: هاتوچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو زیادی کردووە. ئەمڕۆ هەینی فەرامەرز ئومێدی سەرپەرشتیاری فەرمانگەى گومرگی پارێزگاى کوردستان (سنە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، ڕایگەیاند: لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا یەک ملیۆن و ٢٠٧ هەزار کەس لەڕێگەى دەروازەى سنوری باشماخ هاتووچۆیان کردووە، هەروەها ١٢٧ هەزار و ١١٧ کەسیش لە سەیرانبەندەوە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەشکردوە کە هاوتوچۆى هاوڵاتیان و گەشتیاران و بازرگانان  لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخى مەریوان بە درێژایی ٢٤ لەشەو ڕۆژیشدا ئەنجام دەدرێت و ناوەستێت. سەرپەرشتیاری فەرمانگەى گومرگی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى وت: ژمارەی هاوڵاتیان و گەشتاران لەو دەروازەیە لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 26% زیادیکردووە، هەروەها ژمارەی سەرنشینانی ڕۆیشتن بە ڕێژەی 16% زیادیکردووە. فەرامەرز ئومێدی باسی زیادبوونی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کرد، وتی: لەم ماوەیەدا زیاتر لە 39 هەزار هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەو ڕێگەیەوە  ئەنجام دراوە، لەو ژمارەیەش 19 هەزار و 499 ئۆتۆمبێل هاتوون، 19 هەزار و 546 ئۆتۆمبێلیش ڕۆشتوون. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: لەڕووی هاتنەناوەى ئۆتۆمبێل، لەماوەى 10 مانگدا بە ڕێژەی 13% زیادبووە، لە ڕووی ڕۆشتنى ئۆتۆمبێلیشەوە بە ڕێژەی 14% زیادبووە.

قەسەدە بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی، دوێنی هێزەكانمان چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا، هەروەها لە نزیك پردی قەرەقۆزاك و چەند ناوچەیەكی دیكە توانیان چەند چەتەیەكی سەر بە دەوڵەتی تورك بكوژن و بریندار بكەن. هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی دوێنیان و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بۆ سەر هاوڵاتیان و شەڕڤانان، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی، دوێنی هێزەكانمان چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا، كە بنكەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری تورك لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاك كرایە ئامانج. ئاماژە بەوەشكراوە، دوێنێ دوای ئەوەی شەڕڤانانمان سەرنجی جموجۆڵ و گردبوونەوە و ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنی هێرشی چەتەكان بۆ سەر خاڵەكانی هێزەكەماندا، شەڕڤانان سێ ئۆپەراسیۆنی كاریگەریان ئەنجامدا و خاڵی چەتەكان لە گوندەكانی نزیكیان لە بەنداوی تشرین كردە ئامانج، لە ئەنجامدا كوژران و برینداربوونی لەناو چەتەكان هەبوو، بەڵام ژمارەیان نازانرێت. هاوكات، ئۆپەراسیۆنی دووەم لە دەوروبەری گردی “سریاتیل” ئەنجامدرا، كە لە ئەنجامدا كوژراو و برینداریش لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان هەبوون، بەڵام ژمارەیان نازانرێت. هەروەها ئۆپەراسیۆنی سێیەم شەڕڤانانمان خاڵێكی چەتەكانی لە شارۆچكەی ئەبو قەلقالیان كردە ئامانج، لەئەنجامی كوژران و برینداربوون لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان هەبووە، بەڵام ژمارەیان دیار نەبوو. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەوڵەتی تورك و چەتەكانی بە درێژایی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بەردەوام بوون لە بۆردومانی دەوروبەری بەنداوەكە، كە زیانی ماددی لێكەوتەوە. كاتژمێر ٠٧:٥٠ دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك هێرشیان دەستپێكرد و ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كێڵگەی ئەحمەد مونیریان لە ڕۆژئاوای كۆبانی كردە ئامانج و زیانی ماددی لێكەوتەوە.

هاوڵاتى نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، جەختیان لەوەکردەوەوە مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا پارێزراوبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2025/2/14 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. محه‌مه‌د ئه‌لخلێفى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، كۆبووه‌وه‌. هەر لەو ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانیەدا ئەوەش خراوەتەڕوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و سووريا به‌تايبه‌تى. هاوکات دەشڵێن هه‌ردوولا پشتگيرييان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ سووريا دووپات كرده‌وه‌ و پرسى كورد و پێكهاته‌كانیان له‌ سوورياى تازه‌دا، خستە بەر باس. له‌مباره‌يه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا كرده‌وه‌. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

  وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، ئەفسەرێکى باڵایان بە پلەى ڕائید گیانى لەدەستداوە، دواى ئەوەى حەوتى ئەم مانگە لە ڕۆژئاواى کوردستان بەدەستى هێزەکانى هەسەدە بریندراکراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى بەرگرى، ئەو ئەفسەرە ناوى عوسمان ئۆکتایە پلەکەى لەسوپادا ڕائیدبووەو تەمەنى ٢٢ ساڵەو پێشتر لە هەرێمى کوردستان بووەو دواتر چوەتە لیبیاو چەند مانگێکە گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژئاواى کوردستان شەڕى دژى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کردوەو ماوەى هەشت ساڵە لەڕیزەکانى سوپادایە. هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو ئەو ئەفسەرە ماوەى هەفتەیەکە لەژێر چاوێرى چڕدایە و لەنەخۆشخانەیەکى شاری غازی عەنتاب چارسەرى وەردەگرت، بەهۆى ئەوەى بەفیشەکى هێزەکانى هەسەدە بریندراکراوە، ئەو ئەفسەرە کوژراوە بەنیازبووە لە مانگی ئایارى ئەمساڵدا ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدات. هەفتەى پێشووش وەزارەتى بەرگریى تورکیا، کوژرانى ئەفسەرێکى باڵاى وڵاتەکەى ڕاگەیاند، کە لەکاتى گەڕان و پشکنێکدا وەک تورکیا ناوى ناوە لەناوچەى ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ  شەڕ دروستبووەو کوژراوە. بەیاننامەکەى وەزارەتى بەرگریى تورکیا دەڵێت: ئەو ئەفسەرە ناوى موراد کەمالەو ئەفسەرێکى باڵا بووە لە سوپاى پیادە لە ڕۆژى پێنجى ئەم مانگە لەکاتى ئۆپرسێۆن و گەڕان و پشکنیندا، بەدەستى پــ.ەکەکە کوژراوە.

جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کەنەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە کەنەدا ٥١هەمین ویلایەتی ئەمریکایە. ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، حاکمی کەنەدایە. ترەمپ هەروەها ئەوەشى وت: کەنەدا حاکمى سەربازیی پێویستی نییە و پارەمان پێنادات بۆ پاراستنی، ئێمە 20% باج بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنین، ئەو باجە نوێیانەش هەلی کار دەڕەخسێنن. ترودۆش بە توندی وەڵامی ئەو قسانە دەداتەوە، ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا پێشتر ڕایگەیاند کە کەنەدا بە تەواوی سەربەخۆیە و بە شێوەیەکی ڕستەیی هەر ئەگەرێکی پەیوەستبوونی بە ئەمریکاوە ڕەتکردەوە. ترودۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل، کە لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئەوروپا بەڕێوەچوو، بە تۆنێکی پتەو و جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتەکەی کردەوە، وتی: بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕێگەیەک نییە کە کەنەدا ببێتە ویلایەتى 51، ئەمە بە تەواوی لە پرسیار دەرچووە". ترودۆ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دوای هەشت ساڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، درک بە گرنگی وەرگرتنی لێدوانەکانی بە جددی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەنەدا کردووە. دۆناڵد ترەمپ دوو هەفتە لەمەوپێش ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەگەر مەکسیک و کەنەدا نەتوانن کێشەی سنوور، کۆچبەران و ماددەی هۆشبەر چارەسەربکەن 25% باجی زیادکراو بەساریاندا دەسەپێنێت.