سەرپەرشتیاری فەرمانگەى گومرگی پارێزگاى کوردستان ڕایگەیاند: هاتوچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو زیادی کردووە. ئەمڕۆ هەینی فەرامەرز ئومێدی سەرپەرشتیاری فەرمانگەى گومرگی پارێزگاى کوردستان (سنە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، ڕایگەیاند: لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا یەک ملیۆن و ٢٠٧ هەزار کەس لەڕێگەى دەروازەى سنوری باشماخ هاتووچۆیان کردووە، هەروەها ١٢٧ هەزار و ١١٧ کەسیش لە سەیرانبەندەوە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەشکردوە کە هاوتوچۆى هاوڵاتیان و گەشتیاران و بازرگانان  لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخى مەریوان بە درێژایی ٢٤ لەشەو ڕۆژیشدا ئەنجام دەدرێت و ناوەستێت. سەرپەرشتیاری فەرمانگەى گومرگی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشى وت: ژمارەی هاوڵاتیان و گەشتاران لەو دەروازەیە لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 26% زیادیکردووە، هەروەها ژمارەی سەرنشینانی ڕۆیشتن بە ڕێژەی 16% زیادیکردووە. فەرامەرز ئومێدی باسی زیادبوونی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کرد، وتی: لەم ماوەیەدا زیاتر لە 39 هەزار هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەو ڕێگەیەوە  ئەنجام دراوە، لەو ژمارەیەش 19 هەزار و 499 ئۆتۆمبێل هاتوون، 19 هەزار و 546 ئۆتۆمبێلیش ڕۆشتوون. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: لەڕووی هاتنەناوەى ئۆتۆمبێل، لەماوەى 10 مانگدا بە ڕێژەی 13% زیادبووە، لە ڕووی ڕۆشتنى ئۆتۆمبێلیشەوە بە ڕێژەی 14% زیادبووە.

قەسەدە بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی، دوێنی هێزەكانمان چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا، هەروەها لە نزیك پردی قەرەقۆزاك و چەند ناوچەیەكی دیكە توانیان چەند چەتەیەكی سەر بە دەوڵەتی تورك بكوژن و بریندار بكەن. هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی دوێنیان و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بۆ سەر هاوڵاتیان و شەڕڤانان، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی، دوێنی هێزەكانمان چەند ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا، كە بنكەكانی سەر بە دەوڵەتی داگیركەری تورك لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاك كرایە ئامانج. ئاماژە بەوەشكراوە، دوێنێ دوای ئەوەی شەڕڤانانمان سەرنجی جموجۆڵ و گردبوونەوە و ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنی هێرشی چەتەكان بۆ سەر خاڵەكانی هێزەكەماندا، شەڕڤانان سێ ئۆپەراسیۆنی كاریگەریان ئەنجامدا و خاڵی چەتەكان لە گوندەكانی نزیكیان لە بەنداوی تشرین كردە ئامانج، لە ئەنجامدا كوژران و برینداربوونی لەناو چەتەكان هەبوو، بەڵام ژمارەیان نازانرێت. هاوكات، ئۆپەراسیۆنی دووەم لە دەوروبەری گردی “سریاتیل” ئەنجامدرا، كە لە ئەنجامدا كوژراو و برینداریش لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان هەبوون، بەڵام ژمارەیان نازانرێت. هەروەها ئۆپەراسیۆنی سێیەم شەڕڤانانمان خاڵێكی چەتەكانی لە شارۆچكەی ئەبو قەلقالیان كردە ئامانج، لەئەنجامی كوژران و برینداربوون لەنێو ڕیزەكانی چەتەكان هەبووە، بەڵام ژمارەیان دیار نەبوو. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەوڵەتی تورك و چەتەكانی بە درێژایی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بەردەوام بوون لە بۆردومانی دەوروبەری بەنداوەكە، كە زیانی ماددی لێكەوتەوە. كاتژمێر ٠٧:٥٠ دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك هێرشیان دەستپێكرد و ناوچەیەكی ڕۆژئاوای كێڵگەی ئەحمەد مونیریان لە ڕۆژئاوای كۆبانی كردە ئامانج و زیانی ماددی لێكەوتەوە.

هاوڵاتى نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، جەختیان لەوەکردەوەوە مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا پارێزراوبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2025/2/14 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. محه‌مه‌د ئه‌لخلێفى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، كۆبووه‌وه‌. هەر لەو ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانیەدا ئەوەش خراوەتەڕوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و سووريا به‌تايبه‌تى. هاوکات دەشڵێن هه‌ردوولا پشتگيرييان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ سووريا دووپات كرده‌وه‌ و پرسى كورد و پێكهاته‌كانیان له‌ سوورياى تازه‌دا، خستە بەر باس. له‌مباره‌يه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا كرده‌وه‌. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

  وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، ئەفسەرێکى باڵایان بە پلەى ڕائید گیانى لەدەستداوە، دواى ئەوەى حەوتى ئەم مانگە لە ڕۆژئاواى کوردستان بەدەستى هێزەکانى هەسەدە بریندراکراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى بەرگرى، ئەو ئەفسەرە ناوى عوسمان ئۆکتایە پلەکەى لەسوپادا ڕائیدبووەو تەمەنى ٢٢ ساڵەو پێشتر لە هەرێمى کوردستان بووەو دواتر چوەتە لیبیاو چەند مانگێکە گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژئاواى کوردستان شەڕى دژى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کردوەو ماوەى هەشت ساڵە لەڕیزەکانى سوپادایە. هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو ئەو ئەفسەرە ماوەى هەفتەیەکە لەژێر چاوێرى چڕدایە و لەنەخۆشخانەیەکى شاری غازی عەنتاب چارسەرى وەردەگرت، بەهۆى ئەوەى بەفیشەکى هێزەکانى هەسەدە بریندراکراوە، ئەو ئەفسەرە کوژراوە بەنیازبووە لە مانگی ئایارى ئەمساڵدا ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدات. هەفتەى پێشووش وەزارەتى بەرگریى تورکیا، کوژرانى ئەفسەرێکى باڵاى وڵاتەکەى ڕاگەیاند، کە لەکاتى گەڕان و پشکنێکدا وەک تورکیا ناوى ناوە لەناوچەى ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ  شەڕ دروستبووەو کوژراوە. بەیاننامەکەى وەزارەتى بەرگریى تورکیا دەڵێت: ئەو ئەفسەرە ناوى موراد کەمالەو ئەفسەرێکى باڵا بووە لە سوپاى پیادە لە ڕۆژى پێنجى ئەم مانگە لەکاتى ئۆپرسێۆن و گەڕان و پشکنیندا، بەدەستى پــ.ەکەکە کوژراوە.

جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لە کەنەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە کەنەدا ٥١هەمین ویلایەتی ئەمریکایە. ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، حاکمی کەنەدایە. ترەمپ هەروەها ئەوەشى وت: کەنەدا حاکمى سەربازیی پێویستی نییە و پارەمان پێنادات بۆ پاراستنی، ئێمە 20% باج بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنین، ئەو باجە نوێیانەش هەلی کار دەڕەخسێنن. ترودۆش بە توندی وەڵامی ئەو قسانە دەداتەوە، ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا پێشتر ڕایگەیاند کە کەنەدا بە تەواوی سەربەخۆیە و بە شێوەیەکی ڕستەیی هەر ئەگەرێکی پەیوەستبوونی بە ئەمریکاوە ڕەتکردەوە. ترودۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل، کە لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ ئەوروپا بەڕێوەچوو، بە تۆنێکی پتەو و جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتەکەی کردەوە، وتی: بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕێگەیەک نییە کە کەنەدا ببێتە ویلایەتى 51، ئەمە بە تەواوی لە پرسیار دەرچووە". ترودۆ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دوای هەشت ساڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، درک بە گرنگی وەرگرتنی لێدوانەکانی بە جددی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەنەدا کردووە. دۆناڵد ترەمپ دوو هەفتە لەمەوپێش ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئەگەر مەکسیک و کەنەدا نەتوانن کێشەی سنوور، کۆچبەران و ماددەی هۆشبەر چارەسەربکەن 25% باجی زیادکراو بەساریاندا دەسەپێنێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێم پشتیوانی لە بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی سیاسی سوریا دەکات و پێشی وایە، هەسەدە نوێنەرایەتی تەواوی کورد ناکات. مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیەی سعودی، ئاماژەی بەوە کردووە، کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد روخسارێکى سیاسییان هەیە و هەرێمی کوردستان پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە بودجەی عێراق پێنادرێت. هەروەها باسی لەوەشکردووە، دەنگۆی بوونی هێزی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دوورە لە راستییەوە، بەڵام هەرێم خواستی پێشوازیکردن لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە. مەسرور بارزانی بە کەناڵی عەرەبیەی گوتووە، تاوەکو ئێستا پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا نەبووە. هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا، مەسرور بارزانی خواستی خۆی بۆ هاتنی ژمارەیەکی زیاتر لە کۆمپانیاکانی سعودییەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. لەلایەکى دیکەوە، مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخان و شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە. سەرۆک وەزیرانى هەرێم، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی، بە هاوبەشیی بەهێزتر و چاکسازیی بوێرانە و دیدگای ڕوون، کوردستان لەگەڵ ناوچەکە پێشدەکەوێت.

  ♦️ترەمپ سوورە لەسەر راگواستنی دانیشتوانی غەززە، میسر و ئوردنیش ئەو داوایە رەتدەکەنەوە. ♦️پێشنیار کراوە ئەزموونی ژاپۆن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەکاربهێنرێت. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تەواوی جیهانی هەژاند، کاتێک رایگەیاند پلانیان هەیە دانیشتوانی غەززە بۆ هەریەک لە میسر و ئوردن بگوازنەوە. ترەمپ کە ماوەی تەنها ٢٦ رۆژە سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە، تا ئێستا چەندین جار ئەو داوایەی دوپاتکردوەتەوە، دواجاریش لە میانی پێشوازیکردنی لە شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن،  ترەمپ رایگەیاند، ئەمە شتێکی قورس و ئاڵۆز نییە. ئەگەر ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بکات، ئەوا بۆ یەکەمجار سەقامگیری روو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەوەش بەو واتایە دێت ترەمپ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراستی بەستوەتەوە بە چۆڵکردنی غەززەوە. لەبەرامبەردا هەر یەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن جەختدەکەنەوە لەسەر گرنگی دەستبەجێ دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە بێ راگواستنی دانیشتوانەکەی. پێشتریش شای ئوردن رایگەیاندبوو، پێویستە ئەمریکا بزانێت کە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ داهاتووی کەرتی غەززە هەیە. ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی خەمڵاندنێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بڕی ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر چەندین جار رایگەیاندبوو، ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا پاککردنەوەی داروپەردووی غەززە لانیکەم 15 ساڵی پێویستە. تا ئێستاش چەندین پێشنیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە خراونەتەروو یەکێک لەو پێشنیارانە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ژاپۆن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بە تایبەت هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی کە بەهۆی شەڕەکە و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تەواو داروخابوون، ژاپۆنییەکانیش بۆ ئاوەدانکردنەوەیان کۆی داروپەردووی پاشماوەی شەڕەکەیان فرێدایە ناو دەریای چواردەوری وڵاتەکەیان کە ملیۆنان تۆن داروپەردووبوو، لەو رێیەوە رووبەری وشکانیان لە ژاپۆن بە رێژەی %0.5 زیاد کرد، بەناوباگترین ئەو ناوچانەش ژاپۆنییەکان لەم رێگەیەوە دروستیان کردن ناوچەی ئودیبایە لە کەنداوی تۆکیۆ و فرۆکەخانەی کانسای نێودەوڵەتی لە کەنداوی ئۆساکا. بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش دکتۆر محەمەد سەید عەلی کە ئەندازیارێکی میسرییە و لە ژاپۆن نیشتەجێیە پێشنیاری کردووە داروپەردوی شاری غەززە کە بە هەزاران تۆن مەزەندە دەکرێت فرێبدرێنە کەناراوەکانی ئەو شارە تا لەرێیەوە بتوانرێت سنووری وشکانی پێزیادبکەن و سود لەو ئەزموونەی ژاپۆنییەکان وەرگرن. ئەو پێشنیارەش لە کاتێکدایە ترەمپ سوورە لەسەر پلانەکەی بۆ راگواستنی دانیشتوانی غەززە بۆ میسر و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش دژی پێشنیارەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە، بۆ تێچووی ئاوەدانکردنەوەشی کە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ٥٣ ملیار دۆلاری پێویستە، تا ئێستا کەس خۆی نەکردووە بە ساحێبی و روونیە ئایا کێ دەچێتە ژێرباری هاوکاریکردنی فەلەستینییەکان لە کاتێکدا ئەگەر رێگەیان پێبدرێت ئەو شارە ئاوەدانبکەنەوە.

هاوڵاتى مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ڕەنگە دوژمنانی تاران بتوانن هێرش بکەنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێران لە توانای بنیاتنانی ناوەندی ئەتۆمی نوئ بێبەش بکەن." ئەم لێدوانانەی پزشکیان دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە هەواڵگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل پێدەچێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێبکات. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەسعود پزشکیان، وتی: ئەوان هەڕەشەمان لێدەکەن کە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەدەن. ئەگەر ئێوە لە سەد لەوانە بدەن، ئێمە هەزاری دیکە دروست دەکەین. دەتوانن باڵەخانەکان و شوێنەکان بکەنە ئامانج، بەڵام ناتوانن لەئەوانەی دروستی دەکەن، بکەنە ئامانج". دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ئەگەری لێدانی ئیسرائیلی لە ئێران هێنایە ئاراوە و ڕایگەیاند کە لەبری هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، پێی باشترە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکات. ترامپ وتی: هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە هاوکاری ئێمە یان ڕەزامەندی ئێمە لێیان دەدات و بۆردومانیان دەکات، من پێم باشە ئەوە ڕوونەدات." بەڵام عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕەتکردەوە و وتی نە "ژیرانە" و نە "زیرەکانە"یە ئەگەر دانوستاندن بکەین و دوابەدوای ئەویش بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا هاتنە دەنگ. ئیسرائیل لەم دواییانەدا دوو هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرپرسانی ئیسرائیل و شارەزایانی سەربازی باسیان لەوە کردووە کە هێرشی دووەم زیانی وێرانکەری بە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران گەیاندووە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور ڕایدەگەیەنێت توانیویانە ٥ تۆمەتباری شوێنەواری دەستگیربکەن و هەروەها دەستبەسەر بڕی ١٤٤٤ سکەى شوێنەواریدا بگرن. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەڵێن لە چالاکیەکیاندا هێزەکانی ئاسایش بەهاوکاری کۆماندۆی کوردستان توانیان دەستبەسەربڕی(١٤٤٤) سکەی جۆراوجۆری شوێنەواریدا بگرن. هەروەها لەچالاکی دووەمدا، هێزەکانی ئاسایش توانیان دەستبگرن بەسەر (سێ) ئامێری پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان. دەقى ڕاگەیەندراوەکە  1444 سکەی شوێنەواری دەستی بەسەر دا گیرا  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور(٥)تۆمەتباری شوێنەواری دەستگیرکرد لەماوەی دوومانگی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دوای چاودێریکردن و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، لە دووچالاکی جیاوازدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە مامەڵە و بازرگانیکردنێک بەپارچە شوێنەوارییەکان و پاراستنی و ڕێگریکردن لەگەڕان و پشکنینی نایاسایی ناوچە شوێنەوارییەکان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەپارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەیدسادق توانیان(٥) تۆمەتباری شوێنەوار دەستگیربکەن. لەچالاکی یەکەمدا، هێزەکانی ئاسایش بەهاوکاری کۆماندۆی کوردستان توانیان دەستبەسەربڕی(١٤٤٤) هەزار و چوارسەت و چل و چوار سکەی جۆراوجۆری شوێنەواریدابگرن. لەچالاکی دووەمدا، هێزەکانی ئاسایش توانیان دەستبگرن بەسەر (سێ) ئامێری پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان. لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٢٤)ی شوێنەوار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

  پۆلیسی شاری میونشن لە باشووری ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی دوو ڕایگەیاند شۆفێری ئۆتۆمبێلێک کە بە ئەنقەست خۆی کێشاوە بە خەڵکی بەشداری گردبوونەوەیەک لەسەر شەقامێکی ئەو شارە، پەنابەرێکی تەمەن 24 ساڵەی ئەفغانی بووە. میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا ژمارەی بریندارانی ڕووداوەکەیان بە 28 کەس ڕاگەیاندووە و ڕایانگەیاندووە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە. ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە پۆلیسی میونشن، ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوەکەی بە گەنجێکی پەنابەری ئەفغانی ڕاگەیاندووە. پێدەچێت ئەو ڕاستییەی کە ئەنجامدەری ڕووداوەکە پەناخواز بووە، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی ئەڵمانیا سەبارەت بە پێویستی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی زیاتر بکات. تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی کوژرانی کەس لەو ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە. ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری پارێزگاری ویلایەتەکەوە ڕایگەیاندووە پۆلیس وەک "هێرشێکی گوماناوی" مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکەدا دەکات. هێرشکردنە سەر گردبوونەوەیەک لە میونشن تەنها ڕۆژێک پێش کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دێت کە بڕیارە میوانداری چەندین میوانی باڵا بکات، لەوانە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و جی. د. ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دانۆڵد ترامپ. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕووداوەکە بە دووری کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە شوێنی کۆنفڕانسەکە ڕوویداوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە پۆلیس "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان"ی لە دەوروبەری وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەری میونشن دەستپێکردووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی میدیای ناوخۆیی، ئۆتۆمبێلەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکی سەندیکاکانی کرێکاران کردووە. لەکاتێکدا ئەمە لە ئاڵمانیا ڕوودەدات کە کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە شاری ماگدێبۆرگ خۆی کێشا بە خەڵک و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا. هێرشەکە بۆ سەر بازاڕێکی جەژنی کریسمس لە شاری ماگدێبۆرگ لەلایەن "پزیشکێکی سعودییەوە" ئەنجامدرا و تێیدا لانیکەم پێنج کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.

وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ٩١٦٥ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە، فەرمانی تەرخانکردنی زەویان بۆ دەرچووە، پارێزگای سڵێمانی (٦٢٧) ناو،  زاخۆ(١١٤) ناو، هەڵەبجە (١٨) ناو، راپەرین(٤٩٠) ناو، هەولێر (٣٨٩٩) ناو، دهۆک(٢٤١٣)ناو. هاوکات هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا وەزارەتى پێشمەرگە ئەوەشدەخەنەڕوو، پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت و بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە تاکوو ئێستا فۆرمەکانیان تەواو نەکردووە پەلەبکەن لە ڕێکخستن و بە داتاکردنی فۆرمەکانیان. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگە. فەرمانی پێدانی زەوی بۆ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە دەرچوو راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دوای بریاری ئەنجومەنی ژمارە (٢٤٢ لە ٢٠٢٤/٣/٢٧) نوسراوی گشتاندنی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(٧٨٢٠ لە٢٠٢٤/٦/١٢) تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشینان بە پێی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٤ تایبەت بە دابەشکردنی زەوی، وەزارەتی پێشمەرگە لە گەڕی دووەمی پڕۆسەیە لە کۆی ئەو(١٨٨٧٩) ناوەی کە بە دوو وەجبە ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی کردووە، ناوی(٩١٦٥) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە، فەرمانی تەرخانکردنی زەویان بۆ دەرچووە، بە پێی ئەم خشتەیەی کە لە خوارەوە هاتووە:- -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ(١١٤) ناو. -سنوری پارێزگای هەڵەبجە (١٨) ناو. -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین(٤٩٠) ناو. -سنوری پارێزگای سڵێمانی (٦٢٧) ناو. -سنوری پارێزگای هەولێر(٣٨٩٩) ناو. -سنوری پارێزگای دهۆک(٢٤١٣)ناو. -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان(٤٨)ناو. -سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران(١٥٤٤)ناو. پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت و بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە تاکوو ئێستا فۆرمەکانیان تەواو نەکردووە پەلەبکەن لە ڕێکخستن و بە داتاکردنی فۆرمەکانیان و بە ڕێک و پێکی ناردنیان بۆ لیژنەی زەوی وەزارەتمان و هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانەی بۆیان نێردراوە بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەندبێت لەم پڕۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

  فەرمانگەى پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجامی هاوتاکردنی پاشماوەی 53 شەهید لە دوو گۆڕستانی شنگال و حەمام ئەلعەلیل بڵاوکردەوە، هاوکات لە حەویجە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە، کە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی پێشمەرگەی لە حەویجە راگەیاند. یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، رایگەیاند هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی نموونە لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە ناوچەی حەویجە، کە لە هەولێر دوو رۆژی خایاند. گوتیشی "هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەکە تەواو دەبێت، کە هەموو خێزانەکان لە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە."   سەبارەت بە ژمارەی قوربانییان لە گۆڕەکەی حەویجە، یاسەمین مونزر وتی 17 رووفاتن. جەختیشی کردەوە لەوەی هەڵمەتی دیکە لە داهاتوودا رێکدەخرێن، کاتێک گۆڕی نوێ هەڵدەدرێنەوە، کە رووفاتی شەهیدانی پێشمەرگەیان تێدایە. بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پزیشكی دادوەری زەید عەلی لە میانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجامەكانی هاوتەریبكردنی دوو گۆڕستانە ونبووەكانی شەنگال و حەمام عەلیل ڕاگەیەندرا، بەو پێیەی پێشتر ژمارەی تووشبووان لە شنگال 243 حاڵەت بووە، و ئەمڕۆش 32 حاڵەتمان هەیە، بەمەش كۆی گشتی یارییەكان گەیشتە 275 حاڵەت. ناەوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: كۆی گشتی گۆڕەبەكۆمەڵەكان 696 حاڵەتە و جگە لە 102 حاڵەت كە لە لایەن ستافی پزیشكی دادی موسڵ هەڵكەنراوەنەتەوە وكۆی ژمارەكەی گەیشتە 798 حاڵەت و ئەمەش ئاماژەی بۆ ئەوەیە رەنگە ڕێژەی هاوتاكردن كەمتربێت لەوەی چاوەڕوان دەكرا،هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەوەیە كەتا بنكە زانیارییەكی پێویست و بەرفراوان زیاتر هەبێت، ڕێژەی هاوتاكردن زیاتر بێت.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا تۆمەتبار کراوە بەوەی بە بێدەنگی ڕێگری لە داواکاری ڕەگەزنامەی هەزاران پەنابەر کردووە و دەکات کە بە بەلەمی بچووک یان بە خۆحەشاردان لەناو ئۆتۆمبێلدا چوونەتە ناو وڵاتەکەوە. لە ڕێنماییەکی نوێی حکومەتی بەریتانیا هاتووە لەمەودوا ئەوانەی لە ڕێگەی گەشتێکی مەترسیدارەوە دەچنە ناو بەریتانیا یان چوونەتە ناو بەریتانیا و داوای رەگەزنامە دەکەن، داواکارییەکەیان ڕەتدەکرێتەوە، ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەوەی چەندە لەو وڵاتەدا ژیاون. ئەم گۆڕانکاریانە وەک نیشانەی هەڵوێستی توندی حکومەتی کیەر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران بەرامبەر بە پەنابەران سەیر دەکرێت؛ هەڵوێستێک کە پێدەچێت بۆ بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی پێگە و جەماوەری پارتی چاکسازی بەریتانیای دژە کۆچبەری گیراوەتەبەر. پەرلەمانتارێکی پارتی کرێکاران لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەو ڕێنماییەیان کردووە. ستێلا کریسی لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "ئەم سیاسەتە پێویستی بە گۆڕینی دەستبەجێ هەیە. ئەگەر ئێمە پێگەی پەنابەریمان بە کەسێک بەخشیوە، دروست نییە دواتر ڕێگایان لێبگرین کە نەبنە هاووڵاتی." کریسی ڕایگەیاندووە گۆڕانکارییەکان بەو مانایە دێت کە "پەنابەران هەمیشە وەک هاووڵاتی پلە دوو دەمێننەوە". لە ڕێسا نوێیەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە بە کارمەندانی بەشی ڤیزە و کۆچبەری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕاگەیەندراوە، تێیدا هاتووە: "هەموو ئەو کەسانەی پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە بەریتانیا و لە 10ی مانگی دووی سالی 2025 ەوە داوای ڕەگەزنامەیان کردووە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕەت دەکرێنەوە، بەبێ گوێدانە ئەو ماوەیەی کە تێپەڕیوە لە هاتنە ژوورەوەی نایاسایییانەوە". لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیادا هاتووە، "گەشتە مەترسیدارەکان بریتین لە گەشتکردن بە بەلەمی بچووک، یان خۆ شاردنەوە لەناو ئۆتۆمبێل یان ئامرازەکانی تری گواستنەوەدا." پێشتر ئەو پەنابەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەچوونە ناو بەریتانیا، دەبوو دە ساڵ چاوەڕێ بکەن تا داواکاریان بۆ وەرگرتنی مافی هاوولاتیبوون جێبەجێ بکرێت. ساڵی ڕابردوو نزیکەی 37 هەزار کەس بە بەلەمی بچوکەوە کەناڵی مانشیان لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەزاندووە.

هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى، ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سبەینێ هەینى، باران بارین تەواوی هەرێم دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت، لە سەنتەری  دهۆك و سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایەدەبارێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە   13-02-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو . لە ئەنجامى هاتنی شەپۆڵێکى بەفر و باران بۆ سەر ناوچەکەمان . سەرەتا باران بارین لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ بە شێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند دەست پێدەكات و پاشان كاریگەریەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ ئیدارەی سۆران و ڕاپەرین و پارێزگای هەولێر وە لە ناوچە شاخاوییەكانی باكورو باكوری ڕۆژهەلاتی هەرێم بەفر و و كڕێوە دەبارێت . بۆ درەنگانی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی باران بارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت هەروەها پێشبینی دەكرێت بەفر لە سنتەری پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆكان ببارێت  . .پلەکانی گەرما /  كەمێك نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێراى با /   لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 - 10 ) کم دەبێت ، لەکاتى باران ( 5 – 7 ) کم دەبێت . سبەى  هەینی   14-02-2025  کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت ، لە كاتەكانی بەیانیدا نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت . بەفر لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین دەبارێت لە ناوچە شاخاویەكان بەفر بارین زیاتر دەبێت . بۆ كاتەكانی شەو  كاریگەری ئەو شەپۆڵە لەسەر ناوچەكەمان كۆتایی دێت . پلەکانی گەرما / بە نزیكەی 4 تــــا 6 پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانى ئەمرۆ ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێراى با /   لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 6-8 ) کم دەبێت لەو ناوچانەی بەفر بارین دەبێت لە نێوان ( 2-5 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر     : 11 پلەى سیلیزى سلێمانی  :  9 پلەى سیلیزى دهۆک     : 9 پلەى سیلیزى کەرکوک  : 13 پلەى سیلیزى زاخۆ      :  9 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 10  پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 3-  پلەى سیلیزى سۆران: 8 پلەى سیلیزى گەرمیان  : 17 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى    13-02-2025

ڕوانگەی سوری رایگەیاند، هاوپەیمانان پشتیوانی زیاتری سەربازییان رەوانەی رۆژاڤای کوردستان کرد، لە عێراقەوە فڕۆکەیەکی بارهەڵگر، کە چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی و پزیشکی هەڵگرتبوو لە بنکەی سەربازی خەراب جیری دەوروبەری رومێلانی باکوری حەسەکە نیشتوەتەوە. ڕۆژی 4ـی ئەم مانگەش فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگر، کە چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو، سیستمی رادار و ژمارەیەک سەربازی پێبوو لە بنکەی سەربازی خەربا جیری حەسەکە نیشتەوە. هاوکات لەماوەی ئەم هەفتەیەشدا ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستانەوە 42 بارهەڵگریان گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانیان لە حەسەکە، کە تانک و زرێپۆست و چەک و تەقەمەنیان پێبوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 72 فڕۆکە، 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دکەن.