بەهای دراوی ئێران بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکایی بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی دابەزی، دوای ئەوەی ڕابەری باڵای ئێران گفتوگۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە و سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەوڵیدا هەڵمەتی " زۆرترین فشار " بۆ سەر تاران بگەڕێنێتەوە. بەپێی ماڵپەڕی ئاڵوگۆڕی بیانی alanchand.com، ڕۆژی یەکشەممە نرخی تمەن لە بازاڕە نافەڕمییەکاندا بۆ 900,500 تمەن دابەزی، بە بەراورد بە 869,500 تمەن لە ڕۆژی شەممەدا. ماڵپەڕی bazar360.com دەڵێت دۆلار بە 883,100 تمەن فرۆشراوە. ماڵپەڕی Asr-e-no بڵاویکردەوە کە نرخی دۆلار بە 891,000 تمەن مامەڵەی پێوەکراوە. لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ڕێژەی هەڵاوسانی فەڕمی لە سەدا 35 بوونەتەوە، ئێرانییەکان بەدوای پەناگەیەکی پارێزراودا دەگەڕێن بۆ پاشەکەوتەکانییان، دۆلار و دراوی قورسی دیکە و زێڕ دەکڕن. دوای هەڵبژاردنەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە و بە نزیکەی 690,000 تمەن مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بەوەی ترامپ سیاسەتی " زۆرترین فشار " بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و سزای توندتر بخاتە سەر ئەو وڵاتە و دەسەڵات بە ئیسڕائیل بدات هێرش بکاتە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە ساڵی 2018 دا سەرۆک ترامپ کە ئەو کاتەش سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ڕێککەوتنەکە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سنووردار دەکرد و لە بەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران سووک دەکران. ئێرانیش لە وەڵامدا زۆربەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی پێشێل کرد و پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد. لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانەوە لە ساڵی 2018 دا، تمەنی ئێرانی زیاتر لە سەدا 90 ی بەهاکەی لە دەستداوە.
لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە، لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى سکاڵاکانى خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، سکاڵاکەى سەرۆک کۆمار، لە رۆژی 20-01-2025، تۆمار کراوە 19 رۆژ بەسەر سکاڵاکەیان تێپەڕ بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بوون. هاوڕێ تۆفیق وتى: داوامان کردووە دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە. بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە سکاڵاکەیان دا داوایان کردووە دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی نوێنەران پابەند بکات بە پەسندکردنی مادەی 12، بڕگەی ج لە یاسای بودجەی فیدراڵی کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە رۆژانی رابردوو ئەوە کرا. رۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە هەمواری یاسای بودجە دا. مادەی 12 لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق تایبەتە بە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێشنیاز کراوە 16 دۆلار بێت، لە عێراق خەرجییەکە 6 دۆلارە، لەو ماددەیەدا بە خاڵ لایەنە یاساییەکەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان باسکراوە. هاوڕێ تۆفیق لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوەش کرد، دادگاییەکە رۆژ 12ـی مانگ دەکرێت و "هەموو لایەک چاوەڕوانین دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووریی خۆی دەربکات". بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەتیف رەشید "پەرۆشی دۆخی مووچەخۆران و سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتەکان لە هەموو عێراق، بۆیە ئێمەی راسپارد بۆ داکۆکی لە مووچەخۆران، ئەو سکاڵایە تۆمار بکەین". ئەمڕۆ 13 رۆژە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە، خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە. هاوڕێ تۆفیق باسی لەوە کرد، سەرۆککۆمار داوای کردووە، دادگەی فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی رابردوو و تەواوی مانگەکانی داهاتوو پابەند بکات.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت". ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیان مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازى، بەمەبەستى خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانى دیکەوە، چونە هەولێر، بەڵام لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێکراو دواى تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا. لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەڵێت: جەند رۆژێکە لە سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان. وەزارەتى ناوخۆ هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، دەڵێت: کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەند رۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حکوومەتی فیدرال لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین. ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی شوبات وەک وادەی تانەدان دیاریکرد کە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاساکە پێشکەشکرابوون. لە بەیاننامەیەکی دادگاکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو ڕۆژی 11ی شوباتی وەک وادەی تانەدان داناوە کە لە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاسای (لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی خانووبەرە) پێشکەشکراون. پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی دادوەری بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەرکردبوو. پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت یاساکانی لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان تائێستا لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاونەکراونەتەوە و نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆیەش ناکرێت فەرمانی سالارییان بۆ ڕاگرتنی کارپێکردنیان دەربچێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دەستوورییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن. ڕۆژنامەی شەرقلئەوست لە سەرچاوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەمەبەستی دەرفەتدان بە دادگای فیدڕاڵی دواخراوە تا چارەسەرێک بۆ ئەو فەرمانە سالارییەی بدۆزێتەوە کە بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە سێ یاسا دەریکردووە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا لایەنەکان کار بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە کەم وێنەیە دەکەن کە بەهۆی سێ یاساکە لەنێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدڕاڵی ڕوویداوە، لایەنەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەتایبەتی دەیانەوێت چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو ناکۆکییە بدۆزنەوە کە بۆ خوێندنەوەی دەستوور دروستبووە.
بەڕێوەبەری بانكی خانەنشینی پێشمەرگە: كێشەی موچەی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر دەكرێت بەڕێوەبەری بانكی خانەنشینی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، لە مانگی داهاتووەوە كێشەی موچەی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر دەكرێت و وەك پێشوی لێدێتەوە. عەزیز عەلی بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئەو پارەیەی لە موچەی مانگی یەك لێیان بڕاوە، لەگەڵ موچەی مانگی دوو بۆیان قەرەبوو دەكرێتەوە ئەمڕۆ یەكشەم نۆی شوبات، ژمارەیەك لە خانەنشینانی پێشمەرگە دژی بڕینی نیوەی موچەكانیان لەبەردەم بانكی خانەنشینی سلێمانی گردبونەوە. وەك ئەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە باسی دەكەن، لە مانگی یەكدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەت و گەڕانەوە بۆ ئەو یاسایەی پێی خانەنشینكراون، موچەی تێكڕای خانەنشینانی پێشمەرگە بۆ 500 هەزار دینار كەمكراوەتەوە. هەر ئەمرۆ لە سلێمانی ژمارەیەك لە خانەنشینانی پێشمەرگە دژی بڕینی بەشێك لە موچەكانیان گردبونەوە و وەك خۆیان دەڵێن: نزیكەی پێنج هەزار ئەفسەر و پێشمەرگەی خانەنشینن بەبێ گەڕانەوە بۆ ساڵانی خزمەت و پلەكەی خانەنشین كراون و بڕێكی زۆر پارەیان لێبڕاوە.
هەرچەندە کرێملین چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە ڕووسیا و ئەمریکا هێشتا وردەکاریی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپیان تاوتوێ نەکردووە، بەڵام ئەم دووەمیان لێدوانی نوێی دا. سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی قسەی کردووە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لەناو فڕۆکەی تایبەتى سەرۆکایەتیدا بوو، سەبارەت بەوەى چەند جار قسەی لەگەڵ پوتین کردووە، ترەمپ وتی "پێم باشە نەیڵێم". ترەمپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پوتین "نایەوێت هیچ مردنێکی دیکە زیاتر بێت"، بەپێی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێدەچێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکەن. ترەمپ ڕوونیشیکردەوە کە هەمیشە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتین هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پلانێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕە زۆر خراپە و وتی "دەمەوێت کۆتایی بەشەڕو ململانێ نەفرەتییە بهێنم".
سەرلەبەیانى ئەمرۆ لەزۆربەى شارو شارۆچکەکانى سنوۆى سلێمانى و هەوڵەبجەو گەرمیانەوە دەیان مامۆستاو فەرمانبەرى ناڕازى بەپاس بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەى بچنە هەولێر بەمەبەستى ئەنجامدانى خۆپیشاندان. لەدوو رۆژى ڕابردوودا، ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداو بانگەوازیانکرد، ڕۆژى یەکشەممە دەچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکەیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت. بەشێک لەو حزبانە وەک یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى دادگەریی نەوەى نوێ و ڕەوتى هەڵوێست لەڕێگەى فراکسیۆنەکانیانەوە پشتیوانى خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕى و رایانگەیان داواکانیان رەوایە. وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان دوێنێ شەممە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرا بچنە هەولێر. لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر. هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن. ئەمرۆ یەکشەممە ماوەى ١٣ ڕۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.
عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە مانگرتووانى سلێمانى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت. ئەمیرى کۆمەڵى دادگەرى هەر لەو پەیامەیدا هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێم دەدات، ئەو دەلێت: هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە. ئەو وتیشى: با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ. ئەمەش دەقى پەیامەکەی سەرۆکى کۆمەڵە:- مانگرتن و خۆپێشاندان و هەڵوەستەیەك نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم، لە دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆراندا. بەوبۆنەیەوەش دەڵێم: 1- بێگومان مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە. 2- هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە و، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان و، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن و، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ. 3- بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت، بەو هیوایەی بەزووترین كات ئەو كێشە و گرفتە چارەسەر بكرێ. هیچ كەسێكی خاوەن ئیمان و ویژدانیش، ناتوانێ لەگەڵ ستەملێكراواندا نەبێ و، دژی ستەم و بێدادیی نەبێ. عەلی باپیر 9 شەعبانی 1446 ك 8 / 1 /2025 ز
کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی شەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە تاران لەگەڵ سەرکردەی کاتی حەماس خەلیل ئەلحەیا و دوو سەرکردەی دیکەی حەماسدا کۆبووەتەوە. خامنەئی لەو کۆبوونەوەیەدا بە بەرپرسانی حەماسی ڕاگەیاند " ئێوە شکستتان بە ڕژێمی زایۆنی هێنا. ڕێگەتان نەدا هیچ کام لە ئامانجەکانییان بە دەستبهێنن." کەناڵەکە وتی سەرکردە فەلەستینییەکان لە تاران بوون بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە خامنەئی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی 1979 ی ئێرانەوە. سوپاسی پشتیوانییەکانی ئێرانییان کردووە. شاندەکەی حەماس کە سەرۆکی ئەنجومەنی حەماس موحەمەد دەروێش و بەرپرسی باڵای حەماس نزار عەوەزوڵاشیان تێدا بووە، ڕاپۆرتێکییان داوە بە خامنەئی سەبارەت بە دۆخی ئێستای غەززە و کەناری ڕۆژئاوا. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەلحەیا بە خامنەیی وتووە "ئەمڕۆ بە شانازییەوە هاتووین بۆ بینینیت." هەروەها خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا وتویەتی هەڕەشەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکەکەمان نییە." ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە پرسی فەلەستین بۆ ئێران، پرسێکی سەرەکییە، سەرکەوتنی فەلەستینیش بۆ ئەوان پرسێکی دیاریکراوە، هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس وتی: بە فەزڵی خودا ڕۆژێک دێت کە هەمووتان بە شانازییەوە پرسی قودستان بۆ جیهانی ئیسلامی یەکلایی کردبێتەوە و بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە ڕوودەدات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت باشترە حكومەت گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت نەك رێگریان لێبكات بێنە هەولێر فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر دەكات و داوایان لێدەكات، سبەی مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و هەروەها پشتیوانیش دووپات دەكاتەوە بۆ ئەومامۆستایانەی بڕیارە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر و خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامبدەن. لەوبارەیەوە مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێم فاشیل و خەمساردە بەرامبەر بە داواكاریەكانی خەڵكی كوردستان، لەجیاتی ڕێگری لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و تۆمەت دروستكردن بۆ مامۆستا وفەرمانبەران دروست بكات، باشترە گوێیان لێبگرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێبكات. ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداوە، ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو بچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى. ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت. ئەمڕۆش لەزۆربەى شارو شارچکەکەکانى هەرێم دەستکرا بەناونوسین و ئامادەکارى بۆ بەشداریکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەى سبەینێى هەولێر. ئەمڕۆش وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان هەر لە ئێستاوە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرێت بچنە هەولێر. لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر. ئەم رێگرییەی پارتی لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ لە شارەکانی تری هەرێمەوە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕوو لە شاری هەولێر بکەن، لە بەرامبەر نەبوونی مووچە و نادادی و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکبخەن. هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن. ئەمرۆ شەممە ماوەى ١٢ رۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.
ناوەندى ڕاگەیاندنى قەسەدە ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری کۆتایی بەرخۆدانی هێزەکانییاندا، ١٤ چەتە کوژراون، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتەی دیکەش بریندار بوون، هەروەها تۆتۆمبیلێکی داگیرکەرانیش تێکشکێندرا. لەڕاگەیەندراوێکیاندا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری شەڕ و چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری کۆتایی لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدەدا ئەم زانیارییانە بڵاوکراوەتەوە: "لە چەندین بەرەوە چالاکییە ڕەواکانی هێزەکانمان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە. دوێنێ لە بەرەی دێر حافیر چەتەکەک کوژرا. یەکنەکانی شەهید هاروونیش گورزی لە ئۆتۆمبیلێکی گوێزەرەی چەتەکان وەشاند و بەتەواوەتی تیكشێندرا. شەڕڤانانمان بەرپەرچی هێرشێکی چەتەکانیان دایەوە بۆسەر خاڵێکی هێزەکانمان لە گوندەواری باکووری بەنداوەی تشرین و شەڕ و پێکدادان درووست بوو. لە ئەنجامی شەڕەکەدا ٣ چەتە کوژران و ٥ی دیکەش بریندا بوو. جموجۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاسمانی هەرێمەکەدا بەردەوام بوو. هاوکات لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بە قورسی بە تۆپهاوێژ تۆپباران کرا. لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی خەڵکی هەرێمەکە کەوت. هێزەکانمان چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای داگیرکەران لە گردی قەرەقۆزاقی باشووری کۆبانێ ئەنجامدا. لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی گەورە لە بارەگاکەدا درووستبوو کە نزیکەی ٤ کاتژمێر بەردەوام بوو. هاوکات یەکینەی شەهید هاروون لە هەمان گرددا گورزی لە هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر وەشاند و ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون. هێزەکانمان خێمەیەکی داگیرکەرییان لەنابرد. هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییە ڕەواکاندا لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر لە گردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا خاڵێکی سەربازی خاپور کرا، ١٠ چەتەیش کوژران و ١٤ چەتە برینداربوون کە ٣ دانەیان سەربازی تورکی داگیرکەر بوون. فرۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندی تینی بۆمباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی مەدەنییەکان کەوتەوە. لە هەمانکاتدا گوندەکانی تینی، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، خەسەق، مەلحا، پری قەرەقۆزاق و گرێ شێڤیی لە باشووری کۆبانێ بە هاوەن، موشەک، تانک بۆمباران کران. بە هۆکاری تۆپبارانەکە زیانی ماددی کەوتەوە. فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ دوو جار شارۆچکەی شیوخی بۆمباران کرد و زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. دوێنێ کاتژمێر ١٦:٠٠ هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بارەگای خۆی لە گوندی هۆشەری، بە موشەک گوندی تۆرمانی تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. فرۆکەی بێفرۆکەوانیش لە هەرێمەکە دەگەڕا. ئاماری دوێنێی زیانەکانی چەتە ە داگیرکەران بەمجۆرەیە: ١٤ چەتە کوژرا، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتە بریندار بوون. هەروەها ئۆتۆمبێڵێکی گواستنەوەی سەربازی تێک شکێنرا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامی بۆردوومانێکی مانگی رابردووی هێزەکانی بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش راگەیاند، 7 چەکدار کوژراون، سیان بەرپرسن و یەکێکیان والی کەرکوکى داعشە لهبهیاننامهیهكی فهرماندهیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمرۆ شەممە، ڕایدەگەیەنت، لەڕێگەى فڕۆكهكانی ئێف 16وە له 31ی 1ی 2025، هێرشێکى ئاسمانیی کرایە سەر مۆڵگەیەکى داعش. به پشتبهستن به زانیاریی ههواڵگریی دروستی ناو بهڕێوهبهرایهتی ههواڵگری سهربازی و لهژێر چاودێری و پلاندانان و بهدواداچوون، حهشارگهیهكی تیرۆریستانی كرده ئامانج لهناوچهی زهركه لهناو كهرتی فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنهكانی سهڵاحهدین و له ناوهوهیدا مهفرهزێكی تیرۆریستی ههبووه. بەیاننامەکە ئاماژهی بهوهشكردوە: دوای ههوڵی تهكنیكی و بهدواداچوون و بهكارهێنان و پشكنینی زانیاری، و ئهنجامدانی پشكنین لهسهر تهرمی 7 كوژراوهكه لهم ئۆپهراسیۆنهدا، لهلایهن بهڕێوهبهرایهتی ههواڵگری سهربازییهوه، به ههماههنگی تهكنیكی و ههواڵگری لهگهڵ هاوپهیمانی نێودهوڵهتی، ئهوه پشتڕاستكرایهوه و یهكلاكهرهوه بوو كه سهركرده گرنگه تیرۆریستهكان كوژراون. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەوەش دەخاتەڕوو: لهنێو ئهم سهركردانهدا بریتین له: 1- تیرۆریست دههام محهمهد علێوی مهكهنی (ئهبو سهعید دهندوشی) بهناو والی كهركوك، بهرپرسه له چهندین ئۆپهراسیۆنی تیرۆریستی و كوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوان و تاوانی تیرۆریستی له دۆڵی شای و چیای حهمرین و حهویجه له كهرتی كهركوك. 2- تیرۆریست شهحازه عهلاوی ساڵح مهكهنی (ئهبو عیسا)، بهناو بهرپرسی كهرتی حهمرینی چهتهكانی داعش. 3- تیرۆریست بهناو ڕهبیع بهتوش، یهكێك له توخمه تیرۆریستییه گرنگهكانی ناو چهتهكانی داعش.
بەپێى پێشبینیەکانى بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بارانبارین لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت بەفربارین بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان. لەبەرەبەیانى زوەوەو شەپۆڵێكی چڕی بەفر و بارانبارین هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە و پلەكانی گەرماش دابەزین، ئەمەش بەهۆی کاریگەری تێكەڵبوونی دوو تەوژمە هەوای پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوای ساردی سیبریی ڕووسیا ڕوودەدات و تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا، بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەکەن: ئهمڕۆ شهممه ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە چەند شوێنێكیش هەوری سووپەرسێلی چڕ ئاسمان دادەپۆشێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە جیاجیاكان. هەروەها بەپێى پێشبینیەکان هەندێك كات بارانی مامناوەند دەبارێت بە تایبەت لە بەشی باشوری هەرێمی كوردستان، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەكرێت لە پارێزگای سلێمانی و بەشێكی پارێزگای هەولێر، بەفر بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان." پێشبینییەکانی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان سەبارەت پلەکانی گەرما بەمشێوەیە: پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو، ئاڕاستەی با باشووری رۆژهەڵات دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ- مام ناوەند و لهنێوان 10 بۆ 20 كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دهبێت و لە رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەندێکجار چالاک دەبێت بۆ سەرووی 25 كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا. نزمترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو لە ناوچە سنوورییەكان بەتایبەت لە حاجی ئۆمەران تۆماردەكرێت كە (-1) پلەی سیلیزییە و بەزرترین پلەی گەرمیش لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت كە 13 پلەی سیلیزیە.
پارێزگاری ئەنقەرەى وڵاتى تورکیا، واسیپ شاهین بڵاویکردەوە ٣٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ کەسی دیکە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان. لە وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بنکەیەکی پۆلیس لە ئەنقەرە پێشکەشی کرد، شاهین ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووداوی مردن بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە ئەنقەرە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەوەیش نیگەڕانی کردوون، وای لێکردوون لە ئامادەکاری زیاتردابن. شاهین باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکان شەو ڕۆژ بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی بە بەرهەمهێنانی خواردنەوەی کحولی ساختە ژیانی هاووڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە. پارێزگاری ئەنقەرە شاهین ئەوەیشی خستەڕوو کە ٣٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە و، ڕایگەیاند: "لە ئێستادا٢٠ کەس لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان. ڕێکاری یاسایی لە بارەی ٣٢ کەس بەهۆی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی ساختە گیراوەتەبەر و، لەوانەیش ١٣ کەسیان دەستبەسەر کراون". هاوکاتداود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، مانگی رابردوو بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 70 کەس لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، تیمەکانیان چەندین هەڵمەتیان ئەنجامداوە. داود گوڵ، 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مۆڵەتی فرۆشتنیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون. 10ی تشرینی یەکەمی 2024یش پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە مەبەستی رێگری لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، بڕیاردرا لە هەموو فرۆشگەکان سیستمی کامێرای چاودێریی 24 کاژێری دابنرێت. بەگوێرەی ئامارێکی پارێزگای ئیستەنبووڵ، پار لەو پارێزگەیە 48 کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێکی ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی دەڵێت، دوێنێ سێ گوندی سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا، سێ گوندی سنوری ناحیەی دینارتە چۆڵکران. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، ئەمڕۆ شەممەڕایگەیاند دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینى، بەهۆی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا و مەترسی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە ناوچەکەدا سێ گوند چۆڵیانکردوە. ئەو وتیشى: گوندنشینانی هەر سێ گوندی (نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا) لە بناری چیای گارا، لە ناوچەی زێباری، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد و ڕویان لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانییان لە ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ کرد. بەوتەى کامەران عوسمان، لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبۆوە، کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم وەرزە وەزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوندنشینانی ناوچەکە. بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا ١٨٣ گوند بەتەواوی چۆڵبوون. ٦٠٢ گوندی تر مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکە ٤٠٠ گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.