دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکى دیکە دووپاتی کردەوە کە فەلەستینییەکان جگە لەبەجێهێشتن و چوونەدەرەوەیان لەکەرتی غەززە، هیچ بەدیلێکی دیکەیان نییە.  ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت میسر و ئوردن پێشوازی لە پەنابەرە فەلەستینییەکانی غەززە بکەن. ئەو وتیشى: مەرج نییە من پشتگیری لەوەبکەم کەئیسرائیل لە غەززە نیشتەجێ ببێت. لە لێدوانێیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، زۆرێک لە فەلەستینییەکان دەیانەوێت کەرتی گەمارۆدراوی غەززە بەجێبهێڵن، بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکەدا بژین ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە زۆر دڵخۆش دەبن" لەو بارەیەوە. ئەم وتانەی ترامپ لە کاتێکدا بوو کە نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستی کردەوە کە کێشەی سەرەکی کە دانیشتوانی ناوچەی فەلەستین بەرەو کوێ دەڕۆن، دەبێت چارەسەر بکرێت. ستیڤ ویتکۆف ڕۆژی سێشەممە لە دەرەوەی کۆشکی سپی پێش هاتنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: چاومان لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانە لە ناوچەکەدا بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان بەرەو کوێ دەڕۆن.

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى لیستى مووچەى مانگى یەکى بڵاوکردەوەو  سبەینێ چوار شەممە، دەستبەدابەشکدنى دەکرێت و بەچوار ڕۆژ مووچەى سەرجەم وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتیەکان تەواو دەکرێت. درەنگانێکى ئەمشەو، وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەڕاگەیەندراوێکیاندا لیستى مووچەى مانگى یەکیان بڵاوکردەوە. وەزارەتى دارایی دەڵێت: ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت. هەر ئەمڕۆ سێ شەممە وەزارەتى دارایی ڕایگەیاند، بڕی (٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

سەرکردایەتی ناوەندی سوپاى ئەمەریکا (CENTCOM) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانی وردی عێراقدا بە هاوکاری ئەمەریکا لە نزیک کەرکوک پێنج چەکداری داعش کوژراون. وتیشی " دوای هێرشە ئاسمانییەکە لە شوێنەکەدا قایشی خۆتەقاندنەوە و چەندین شتی دیکە دۆزراونەتەوە." ئاماژەی بەوەشکرد " ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکردایەتی هێزە تایبەتەکانی عێراق بەشێکە لە هەڵمەتە بەردەوامەکەی شکستهێنانی داعش بۆ لە ناوبردن و تێکدانی تواناکانی داعش و تێکدانی شانە و تۆڕەکانی هێرشکردنییان." وتیشی هێزی کاری هاوپەیمانان لە ڕێی دابینکردنی پشتیوانی تەکنیکی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە تایبەتەکانی عێراق کردووە. سەرکردایەتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەش، گوتیشی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانیدا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە دوای ئەم تیرۆریستانە و پاراستنی وڵاتمان.

ــ ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی، چاودێری گرنگیی ئەم داوایە دەکەین ــ  ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) ڕایدەگەیەنێت  عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادەکارى دەکات بۆ ئەوەى بەمزووانە داوایەکی مێژوویی بکات. هاوسەرۆکی پارتی دەم تونچەر باکرهان لە پەرلەمانی تورکیادا، لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دەڵێت "ئۆجەلان ئامادەکاری دەکات بۆ داوایەکی مێژوویی لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد. ئەو وتیشى: ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی و ڕیشەیی، چاودێری گرنگیی ئەم داوایە دەکەین و پشتگیری دەکەین." عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15 ی مانگی دووی ساڵی 1999 دا لە کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە لە دوورگەیەک لە تورکیا لە زینداندایە، میدیاکانی تورکیا باسییان لەوە کردووە کە لەوانەیە ئۆجەلان لە 15 ی دووداو لە ساڵیادی دەستگیرکردنەکەیدا بەیاننامەکەی بڵاوبکاتەوە. باکرهان ئاماژەی بەوە نەدا ئۆجەلان بە نیازە چی ڕابگەیەنێت، لێدوانەکانی پێشنیاری ئەوەیان کرد کە هەر داوایەک بۆ دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە پەیوەست دەبێت بەو هەنگاوانەوە کە تورکیا دەیانگرێتەبەر. باکرهان وتی پارتی دەم کە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانە لە تورکیادا داوای لە حکومەت کردووە، ئەو زەمینەیە بەهێز بکات کە لەگەڵ ڕژدیی ئەم داوایەدا دەگونجێت و ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرێکی مێژوویدا بگێڕێت. باکرهان بە پێویستی زانی ئەو دەرفەتە مێژوویییە لە دەست نەدرێت، هاوکات هۆشداری لەوەشدرا قسەکردن بە زمانێکی هەڕەشەئامێز و ژەهراوی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت و دەڵێت: "مادام ئۆجەلان ڕایگەیاندووە دەتوانێت دۆخەکە لە شەڕ و پێکدادانەوە بگۆڕێت بۆ زەمینەی یاسایی، پێویستە زمانی ئاخاوتنی دەسەڵاتدارانیش لەگەڵ ئەوە بگونجێت. ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات".

ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات بەبۆنەى دیاریکردنى بە سەرۆکى سوریا، هیواى ئەوەش دەخوازن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت. پیرۆزباییەکەى ئەنەکەسە، لەکاتێکدایە ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان رێوشوێنەکانى دانانى ئەحمەد شەرعى بە نایاسایی دەزانن. ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا، وێڕاى پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى جددى بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانى گەلى سوریا و بەدیهێنانى سەقامگیریی و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و داڕشتنى دەستور. لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن: دەخوازین سەرکەووتوبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە قۆناغێکی گرینگدا کە پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی سوریا، چەسپاندنی سەقامگیری، هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، و داڕشتنی دەستوورێک کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات. ئەنەکەسە، لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا، داوادەکەن کاربکات بۆ گەڕانەوەى سەرجەم ئاوارەکان لەناویاندا خەڵکى عەفرین و سەرێکانى و گرێ سپى بۆ ناوچەکانیان. ئەنەکەسە جەختدەکاتەوە، سەرکەوتنى ئەم قۆناغە پێویستى بە پڕۆسەیەکى سیاسی گشتگیرە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا و پێویستى کۆتایی هێنان بە ستەمى مێژوویی لەسەر گەلى کورد و پەسەندکردنى مافەکانیان لەدەستور و بەدیهێنانى شەراکەتى راستەقینە و بنیاتنانى وڵاتێکى فرەیی لامەرکەزى.

دادگای فیدڕاڵی عێراق کارکردن بە هەرسێ یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە کەرکووک و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی ڕاگرت، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایانەی لەبارەیانەوە تۆمارکراون لەلایەن دادگاکەوە یەکلایی دەکرێنەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، بەنوسراوێک دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کارکردنى بە یاساکانى بارى کەسێتى و گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ و لێبوردنى گشتى راگرت، دواى 15 رۆژ لە پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە. ئەو سێ یاسایە کە داواکارى هەر سێ پێکهاتەى شیعە و سوننە و کورد بوو، لە کۆبوونەوەى 21 ى کانونى دووەمى رابردوودا بەیەکجار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکران. بەپێی دەقى بڕیارى دادگاى فیدراڵى، راگرتنى کارکردن بەو سێ یاسایە رێوشوێنێکى کاتییە تا ئەو کاتەى سکاڵاکان لەسەر پەسەندکردنیان یەکلایی دەکرێتەوە. لە دانیشتنى ڕۆژى ٢١ى مانگى ڕابردوودا پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە. پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە.

سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ڕایدەگەیەنێت، هیواى ئەوەدەخوازین دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە. هاوکات مەسرور بارزانى: هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە شاری بەغدا و کۆبوونەوە لەگەل وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ ڕێککەوتن لە بارەی مووچە، کەمێک پێش ئێستا شاندەکەی کوردستان گەیشتنەوە هەولێر. ڕۆژى دووشەممە، ڕێککەوتن لە بارەی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 لە نێوان هەردوو حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا، بە پێی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا مانگانە مووچەخۆرانی کوردستان هەموو مانگێک لە کاتی خۆی مووچەکانیان وەردەگرن. ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە یەک گوژمە پارەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ یان سبەی لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە.

ئەنجومەنى ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانى سەرتاسەرى، ڕایدەگەیەنن بەردەوامدەبن لەخۆپیشاندانەکانیان و هەفتەى داهاتووش خۆپیشاندان دەبەنە هەولێر. عادل حەسەن ئەندامى  ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: ئەگەر ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی (12)ـی ساڵی 2024 رانەگەیەنرێت و تا رۆژی شەممە وەڵامی داواکارییەکانی مانگرتوانی سلێمانی نەدرێتەوە، رۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە هەولێر ئەنجامدەدەین. هەڕەشەى خۆپیشاندانەکەى هەولێر لەکاتێکدایە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن بەنیازن شێوازى مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لەڕۆژانى داهاتوودا بگۆڕن و بچنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق و لەوێ درێژە بەمانگرتن و خستنەڕووى داواکاریەکانیان بدەن. ئەمڕۆ سێ شەممە، ماوەی هەشت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لەو مامۆستا مانگرتووانە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیارەکانى دیکە، وەک پێویست نەهاتوون بەدەمیانەوە، دەیانەوێت و بیریان لەوەکردوەتەوە رێگەیەکى نوێى ناڕەزایەتى هەڵبژێرن. هادى حەمەڕەشید وتى بیرمان لەوەکردوەتەوە مانگرتووەکانى سلێمانى بچینە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغداد بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و لەوێ درێژە بەناڕەزایەتیەکانمان بدەین. هاوکات هەر ئەمڕۆوەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕی (958.012.332.759) دینار، وەک شایستەی موچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، خراوەتەسەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە. دەشڵێت: دوای تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکە، لە نزیکترین کاتدا دەستبەدابەشکردنی موچە دەکرێت.  

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی لە میانی دیداری لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان لە تاران جەختی کردەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەحمود مەشھەدانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران چاوی بە سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان کەوتووە. ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات. باسی لەوەش کردووە کە لە ھەر میانی دیدارەکەدا، باس لە پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران کراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پێشھاتەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و ڕەنگدانەوەی پێشھاتەکان لەسەر وڵاتانی ناوچەکە. ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود مەشھەدانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران

بەڕیوەبەرایەتى کەشناسى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە رۆژى چوارشەممەوە باران بارین و سەرمان دەستپێدەکات و ڕۆژى پێنج شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە زیاد دەکات و تا رۆژى هەینى بەردەوامدەبێت. بەشى پێشبینى، بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێم، ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە دەخاتەڕوو لە دوو رۆژى داهاتوودا شەپۆلى باران بارین و بەفر بارین دەگاتە هەرێم. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێوارەى ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى 5/2/2025 کاریگەرى شەپۆلی نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان , سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان وسنوورییەکان و بەشێک لە ناوچەى جیاجیا نمە باران دەسپێدەکات لەکاتەکانى ئێوارە  لەگەڵ بەفرێکى کەم لە سەر ناوچە سنوورییەکان. بەپێى پێشبینیەکان، ڕۆژى پێنج شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات و باران  لەسەرجەم ناوچەکەمان دەبارێت وئاستى باران مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت  وئەگەرى هەورە تریشقەش هەیە  لەگەڵ باران بارین  لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەواییەکى سارد شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە سنوورییەکان و شاخاووییەکان دەگرێتەوە . هەر لەو ڕاگەیەندراوەى کەشناسیدا هاتووە: کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە ئێوارەى ڕۆژى چوار شەممەوە  دەست پێدەکات تاکو کاتەکانى بەیانى ڕۆژى هەینى بەردەوام دەبێت , پلەکانى گەرما بە گشتى نزم دەبێتەوە  بە (5-7) پلەى سیلیزى و لە ناوچە شاخاوییەکان لە کاتەکانى بەرە بەیان دادەبەزێت بۆ سفر پلەى سیلیزى  . سەبارەت بە خێراى با لە سنوورى پارێزگاى هەولێر زیاد دەکات بۆ سەرووى 35 کم لە کاتژمێرێکدا .

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ تەمویلی مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەت، سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکەن و لەنزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک لەپەڕەى تایبەتى خۆیان وەزارەتی دارایی هەرێم، لە راگەیەندراویکدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-2-2024) بڵاویانکردەوە: دەڵێن ئەمڕۆ بڕی (٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩ ) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم. تەمویلی مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.                                                          ڕۆژی سێ شەممە ٤ ی شوباتی ٢٠٢٥، بڕی ( ٩٥٨،٠١٢،٣٣٢،٧٥٩ ) دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.                                                            تیمەکانی وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکەن و لەنزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.                             راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، ڕایدەگەیەنن بەنیازن شێوازى مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لەڕۆژانى داهاتوودا بگۆڕن و بچنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق و لەوێ درێژە بەمانگرتن و خستنەڕووى داواکاریەکانیان بدەن. ئەمڕۆ سێ شەممە، ماوەی هەشت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لەو مامۆستا مانگرتووانە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیارەکانى دیکە، وەک پێویست نەهاتوون بەدەمیانەوە، دەیانەوێت و بیریان لەوەکردوەتەوە رێگەیەکى نوێى ناڕەزایەتى هەڵبژێرن. هادى حەمەڕەشید وتى بیرمان لەوەکردوەتەوە مانگرتووەکانى سلێمانى بچینە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغداد بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و لەوێ درێژە بەناڕەزایەتیەکانمان بدەین. هاوکات دڵشاد میرانى نوێنەرى مانگرتووانى سلێمانى، ئەوەى خستەڕوو، ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان و عێراق وەڵامیان نەدەنەوە، بەنیازن رێگاى دیکە بگرنەبەر. هەروەها دڵشاد میرانى، مامۆستاى مانگرتوو وتیشى: ئەنجامى ئەو رێککەوتنەى کە لە بەغداد کراوە تاوەکو ئێستا ئەوە نییە کە ئێمە مانمان بۆ گرتووە. دوێنێ دووشەممە، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ پشتگیریکردن لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان ڕوویان لە سلێمانی کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی داوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕەوا ناوبرد، بەڵام هێرشیکردە سەر بەشێک لە مامۆستاو فەرمانبەرە مانگرتووەکان و بە نزیکایەتی لە گروپە شیعەکان تۆمەتباری کردن. هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و بەرپرسی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند،"مانگرتن مافی ڕەوای مامۆستایانە، بەڵام نابێت مامۆستایان قوتابییان بەرەڵا بکەن." نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەنزیکەوە چاودێری دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دەکەم کەماوەی چەندڕۆژێکە لە سلێمانی بۆ داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچە، مانیان لەخواردن گرتووە. چارەسەرکردنی کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داوایەکی ڕەوایەو هەموومان پشتگیری لێدەکەین."

وەزارەتى نەوتى عێراق رێکارەکانى رادەستکردنى نەوتى هەرێمى بە کۆمپانیاى سۆمۆ دەستیپێکرد، دواى رۆژێک لە پەسەندکردنى هەموارى بودجە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێکمى کوردستان. ئەمڕۆ دووشەممە، بەیاننامەیەکى ڕۆژنامەوانیدا حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دەستپێکردنی ڕێکارەکانی گەیاندنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە کۆمپانیای سۆمۆ ڕاگەیاند. بەیاننامەکەى وەزارەتی نەوت ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەستپێکردووە بە ناردنی نوسراوێکی فەرمی بۆ گەیاندنی نەوت بەشێوەیەکی یاسایی بە کۆمپانیای سۆمۆ. بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێم وەربگرێت و لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانییەوە هەناردەی بکات. لەبەیاننامەکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، رێکارەکان لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە بۆ ئامادەکردنی هێڵی بۆری عێراق - تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێکراوە. عەبدولغەنی ئەوشى ڕوونکردەوە، بڕە دیاریکراوەکان لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتر نین لە نەوتی هەرێم، ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردە بکرێت. دەستکردن بە رێکارەکانى رادەستکردنى نەوتى هەرێم بە سۆمۆ، دواى رۆژێک دێت لە پەسەندکردنى هەموارکردنى بودجەى عێراق بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە ساڵى 2023 ەوە و لەسەر سکاڵاى عێراق و بەبڕیارى دادگاى ناوبژیوانى پاریس راگیراوە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە بەرپرسیارانە و بنیاتنەرە دەربڕی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گیرایەبەر بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی عێراق. هاوکات داوای لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد، دەستبەجێ دەست بە ئەم کارە بکەن و جێبەجێی بکەن هەموارکردنەوە. لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پێشوازیی لە پەسەندکردنى هەموارەکە کرد و هیواى خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، ئەوکەسەى تاوانبارە بە کوشتنی مامۆستاکەی  چەمچەماڵ دەستگیرکراوەو ڕووبەڕوی یاسا کراوەتەوە. نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە لە قەزاى چەمچەماڵ ژنێکی تەمەن 34 ساڵ بەر چەقۆ درا و کوژرا؛ ئەو ژنە ناوی لەنیا ئەحمەدە، لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و "چەقۆ لە مل و جەستەی دراوە" و کوژراوە؛ رووداوەکەش لەنێو ماڵی ژنەکەدا بووە. لەڕاگەیەندراوێکى رۆژنامەوانیدا دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەستگیرکردنى تاوانبارى ڕوداوەکەى ڕاگەیاند. لەبەشێکى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تاوانبار پێشینەی تاوانی هەیە و ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراوە بەمادەی تیرۆر  لەسەر بیری توندڕەوی چونە ناو گروپی تیرۆریستی داعش و کارکردن لەگەڵیاندا. دەقى ڕاگەیەندراوەکە دەزگاى ئاسایشى هەرێم تاوانباری کوشتنی مامۆستاکەی ئه مڕۆی چەمچەماڵی دەستگیرکرد لەمیانەی بەدواداچون و گەڕان بەدوای تاوانباری سەرەکی و کۆکردنەوەی زانیاری و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بکوژی مامۆستا( ل.ا.ح)سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان گیرانە بەرو توانرا لە لەلایەن ب.ئاسایشی بازگەکان  تاوانبار (ه.ح.س) دەستگیر بکات و ڕووبەڕوی یاسای بکاتەوە ،هەروەها لەئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ تاوانباردا  دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لێکۆلینەوە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە تاوانبار پێشینەی تاوانی هەیە و ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراوە بەمادەی تیرۆر  لەسەر بیری توندڕەوی چونە ناو گروپی تیرۆریستی داعش و کارکردن لەگەڵیاندا  

ــ ئێستاش ئەو قسانە دەکەمەوە کەبەرامبەر بەشێک لەمامۆستایانى مانگرتوان کردوومە  ــ  لە دواى ڕێککەوتنەکان، بڕیارە بەدوو گوژمە بەغدا پارەکە بنێرێت  ــ سوپاس بۆ خودا ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەشكاو سەرکەوتوبوو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت بەتەنها خۆى شەڕى کردوە لەبەغدا لەسەر شیرى مناڵى موچەخۆران شەڕى کردووە، بێ ویژدانیە بلێن کێشەکان خەتاى کاک مەسرورە. پێشەوا هەورامى، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەر شانی خۆی جێبەجێ كردووە، سوپاس بۆ خودا ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەشكاو سەرکەوتوبوو. ئەو وتیشى: ئەوەى کە هاوخەمێت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و چارەسەرى کێشەکان تەنها مەسرور بارزانى و حکومەتى هەرێم بووە، بێ ویژدانیە بلێن دواکەوتنى مووچە تەواوى کێشەکانى ٣٠ ساڵى ڕابردوو خەتاى کاک مەسرورە، جەنابى خۆى بەمەسئول زانیوەو شەڕى کردوە.   پێشەوا هەورامى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وتیشى: بەبێ کێشە مووچەى ١٢ مانگى ئەمساڵ مسۆگەرەو هەرولا ڕێککەوتن کراوەو واژۆکراوە، موچەى مانگى یەک لەم هەفتەیە دەنێردرێت بەپێى ڕێککەوتنەکە ئەوەى مەسەلەى تەکنیکى و هونەریە کۆتایی هاتوەو ئیدى سابتکراوە. وتەبێژەکەى حکومەت، ئەوەشى وت: لەدواى ڕێککەوتنەکان، بڕیارە بەدوو گوژمە بەغدا پارەکە بنێرێت. سەبارەت بەو ڕەخنانەى کەلێى گیرا لەلایەن مامۆستایانەوە، پێشەوا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە لەوقسانە پەشیمان نیە، ئەو وتى: ئێستاش ئەو قسانە دەکەمەوە کەبەرامبەر بەشێک لەمامستایانى مانگرتوان کردوومە ئەوانیش سێ چوارکەسن، لایەنی سیاسی دەستی لە بابەتی خێمەی خۆپێشاندەران هەیە، ئەوانە نوێنەرى مامۆستایان نین نوێنەرو کاندیدى دۆڕاوى پەرلەمانن.