مامۆستا عەلی ڕەوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم. بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی مانگی دووی 2025، مامۆستایانی گرێبەست لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە پێش بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان بکەن و داوای موچەکانیان بکەن، بەڵام بە دەستگیرکردنی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندانەکە هەڵوەشایەوە. مامۆستا عەلی ڕەوف دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند، دوای ئەم هەفتەیە گەر شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشنەکرێت خۆپیشاندان دەکەنەوە، دەشڵێت،" لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە لەسەر داواکردنی ماف دەستگیربکرێیت و بدرێیتە دادگا." نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دوای ئازادکردنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە دوێنی 1ی مانگ بڵاومانکردەوە کە مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندان دەکەن و داوای شایستە داراییەکاندەکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو لە چێشتخانەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستیگرکرام بە بیانووی ئەوەی نابێت خۆپیشاندانەکە بکرێت کە من سەرپەرشتیم دەکرد ئەو وتیشی: دوای ئەوەی ئەمڕۆ 2ی مانگی دووی 2025، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە کراوە و نەکرا نیوەرۆی ئەمڕۆ ئازاد کرام، بەڵام من لەئاسایش سوربووم لەسەر ئەوەی گوتم تا هەفتەی داهاتوو گەر موچە دابەشنەکرێت ئەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین." ڕۆژی 28ی مانگی هەشتی ساڵی 2024، بە فەرمانی ژمارە 4142 کە واژووی مەرسرور بارزانی سەرۆکوەزیر انی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بڕیاردرا سی و حەوت هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ بکرێن بە مامۆستای گرێبەست و لە 26ی مانگی نۆی 2024، بە واژووی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم فەرمانی وزاریان بۆ دەرکرا. مامۆستا عەلی ڕەوف دەڵێت: سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، لەکاتێکدا نەدەبوو وابێت و لەسەر داواکاری خۆت بدرێتە دادگا و تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم. وتیشی،" من منداڵی هەژارم و نانی سەربڵندی دەخۆم، بۆیە لەگەڵ هاوپیشەکانم بێدەنگ نابین و داوای مافەکانمان دەکەین، خۆ داوای شتی دیکەمان نەکردووە، ئێمە تا ئێستا 21 جار خۆپیشاندانمان کردووە و نەمان هێشتووە پەنجەی کەسێک خوێنی لێبێت." خۆپیشاندانی مامۆستایانی گرێبەست لەکاتێکدایە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێکە مامۆستایانی هەمیشەی و فەرمانبەران لەپێش بارەگای یو ئێن خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە و داوای پێدانی موچەکانیان دەکەن لەکات و ساتی خۆیدا.  

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر ـ سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیاو یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون. ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی خۆکوژ ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا، کە دەکەوێتە سنووری  چەمچەماڵ. هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەى دژە تیرۆر، هاتووە: بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدواوە نەبوو و کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون"، لە راگەیەندراوەکەدا واهاتووە. دژە تیرۆر دەشڵێن: دەزگا ئەمنییەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییە دەکات و هەر زانیارییەکی نوێ لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنرێت". وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.

سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردسنان ڕایدەگەیەنێت، دەنگدان بە یاساى بودجە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەیەیامێکدا دەڵێت، پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین.  هاوکات دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکات هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکات  بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.    لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى مەسرور بارزانى ئەوەش هاتووە: هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022  پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووه‌می 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە.

ــ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە ــ کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمدایە لە 2008ەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند، ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، لەبارەى هێرشەکەوە دەڵێت: لە شوێنی هێرشەکەدا دووکەڵێکی رەش بەرزبووەتەوە، تیمە ئەمنییەکان لە هەوڵی دوورخستنەوە و پاراستنی کارمەندەکاندان و تائێستا بەدواچوون دەکرێت بۆ زەرەرو زیانەکان. لاى خۆشیانەوە وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت. کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز. دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو. کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە. کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.  

دیوانى شاهانەی ئوردن ڕایگەیاند، شا عەبدوڵڵای دووەم ڕۆژی سێشەممەى داهاتووتر لە کۆشکی سپی چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێت. ئێوارەى ئەمڕۆ ڕۆژی یەکشەممە، لە بەیاننامەیەکدا دیوانى شاهانەى ئوردن لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس ڕایگەیاند: شا عەبدوڵڵای دووەم لە کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٥ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو نامەیەکی بانگهێشتنامەی لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە پێگەیشت”. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، “پێویستە ئوردن و میسر هأولاتیانى زیاترى فەلەستینی لە غەززە وەربگرن، کە هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل دۆخێکی مرۆیی ترسناکی لێکەوتووەتەوە و دەیان هەزار کەسی کوشتووە. ترەمپ ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن قسەی کردووە و پێی وتووە "پێویستە وڵاتەکەی ئوردن زیاتر خەڵکی غەززی وەربگرێت". ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە باس لە ملیۆن و نیوێک دەکەین، هەموو ناوچەى غەززە  چۆڵ دەکەین. لای خۆیەوە ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن ڕۆژی یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ شانشینی غەززە ڕەتکردەوە. سەفدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: چارەسەری پرسی فەلەستین لە فەلەستینە، ئوردن بۆ ئوردنییەکان و فەلەستین بۆ فەلەستینییەکانە. بڕیارە سبەی دووشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەشت بۆ واشنتۆن بکات و ڕۆژی سێشەممەش دەبێتە یەکەم بەرپرسی بیانی لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بەشێك لە مامۆستایان مانگرتوو ئێمە وەك نوێنەری هەندێك سەركردەی دژە كورد سەیریان دەكەین. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، پێشەوا هەورامى، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەى مانگرتنى مامۆستایانى سلێمانیەوە دەڵێت: بەشێك لەو مامۆستایانەی ئێستا لەژێر خێمەدان لە سلێمانی، خۆپیشاندان و جادەگرتنیان بۆ ئەوەبوو كە ئێمە بچینە بەغداد موچە وەربگرین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتیشى:  بەشێك لە مامۆستایان مانگرتوو ئێمە وەك نوێنەری هەندێك سەركردەی دژە كورد سەیریان دەكەین، هەندێك دەموچاویان تێدایە هێندەی باوەشیان كردووە بە هەندێك سەركردەی بێزراوی میلیشیا عێراقییەكاندا رەنگی ئەوانیان گرتووە، ئەمانە کەى و لەکوێ نوێنەرى مامۆستایانن. پێشەوا هەورامى ئەوەشى وت: چەند كەسێكیان بەروونی دیارە بۆچی مانیانگرتووە و خۆیان دەنوێنن، پێشتریش ئەم سیناریۆیانەمان بینیوە كە بەشێكیان خۆیان كاندید دەكەن لەسەر حسابی خەڵكی خۆیان دەوڵەمەند دەكەن و دەبنە کاندیدى پەرلەمان و لیستیان دەبێت. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە مانگرتنەکەى مامۆستایانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، پێمان وایە هەقى خۆیانە داواى مافى خۆیان بکەن، بەس مووچەو هەقى ئەوان لاى حکومەتى هەرێم نییەو لاى بەغدایە. ئەو بەرپرسەى پارتى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، وتى: ئیشەڵا  تیمەکانى تەندروستى نایەڵن تەندروستیان ئەو مامۆستایانە تێکبچێت، داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەین، ئەوان هەقیان لای حكومەتی عێراق نیەو لە بەغدایە. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازى لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن سبەینێ دووشەممە،  گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکانى سەرجەم شار و  شارۆچکەکان دەکەن؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموودى سلێمانى ئامادەبن. دەقى ڕاگەیەندراوەکە سبەینێ گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەین لەژێر دروشمی (ڕۆژی وەفا و پشتیوانی) ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی؛ سبەینێ دووشەممە 3/ 2/ 2025 خۆپیشاندانێکی گەورە و بەرفراوان بە ئاڕاستەی خێوەتگەی هاوپیشە مانگرتووەکانمان ئەنجامدەدەین. داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان و هاووڵاتیانی ویژدان زیندوو و بەهەڵوێستی سەرجەم شار و  شارۆچکەکان دەکەین؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموود (لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحموود) ئامادەبن. ئامادەبوونتان پشتیوانی و وزە و هێز و نیشاندانی وەفای ڕاستەقینەیە بۆ مانگرتووانی هاوپیشەمان. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، کە بەبەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەک سەرۆکی سوریا دیاری کرا. له‌ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سوریا دەدرێن، ناشەرعین، چونکە بە بێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک ئەنجامدراون. ئیدارەکە ئاماژەی بە کۆنگرەی “سەرکەوتن” کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق بەڕێوەچوو و بە ناشەرعی ناوی برد، چونکە دەڵێت، زۆرێک لە بەشداربووان تیرۆریست بوون و نوێنەرایەتی خەڵکی سوریا و ژنان و گەنجانیان تێدا نەبوو. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بە بێ بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی گەلی سوریا و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکات. ئیدارەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد، کە لەو هەڵەیە تێبگەن و هەموو سوورییەکان لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی گشتیدا کۆبکەنەوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و دیموکراتیک. ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت: هەر رێکارێک لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەکان کەموکوڕیی هەیە، بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێکهاتە و لایەنەکانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەکەی بە کەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێکهاتە و لایەنێک دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو. ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات هەڵەکانیان راستبکەنەوە و سەرجەم سورییەکان بە پێکهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانەوە لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەکاریی بۆ بکرێت و چوارچێوەکانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە. هەروەک داوا دەکەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و کەسێک گوتاریی رقاوی بڵاوبکاتەوە و کاربکەن بۆ بەرجەستەکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022  پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووه‌می 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە. عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە  نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات. هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا،  کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە توانەو هێزو دەستکەوتە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی ئەوەندە هەیە کەڕێگە بە هیچ وڵاتێک نەدات هێرش بکاتە سەری هێزو توانا سەربازیەکانی ئێرانیش تەنها بۆ بەرگرییە و بۆ هێرشکردنە سەر هیچ کەس و وڵاتیک نییە. لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر نوێترین دەستکەوتەکانی بەرگری و بۆشایی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئیمام خومەینی، سەرۆک کۆمار ئێران وتی: ئەم دەستکەوتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دوژمنان ناتوانن بە ئاسانی هەرچییەکیان بوێت بەرامبەر خاکی ئێران بیکەن. ناوبراو زیادی کرد: ئەم دەستکەوتانە بە مەبەستی بەرگری لە نیشتمان و شۆڕشی ئیسلامی و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوون و بە مەبەستی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە نین. مەسعود پزیشکیان پێیوابوو، هیچ وڵاتێک بەهۆی دەستکەوتە بەرگرییەکانییەوە ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە هیچ وڵاتێک ناوێرێت هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتەکەى. لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا و دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە بوونی زلهێزە بیانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەکانی ناوچەکە دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.

ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە مانگرتنەکەى مامۆستایانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، پێمان وایە هەقى خۆیانە داواى مافى خۆیان بکەن، بەس مووچەو هەقى ئەوان لاى حکومەتى هەرێم نییەو لاى بەغدایە. ئەو بەرپرسەى پارتى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، وتى: ئیشەڵا  تیمەکانى تەندروستى نایەڵن تەندروستیان ئەو مامۆستایانە تێکبچێت، داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەین، ئەوان هەقیان لای حكومەتی عێراق نیەو لە بەغدایە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئاری هەرسین، پارتی واقع بینە بۆیە هیچ بەیاننامەو قسەیەکى نییە لەسەر ئەو مانگرتنەى مامۆستایان، پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی خۆیان بەشێكن لە مەكینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكە لەوەدایە ئەوانەی بەشێكن لە حكومەتەكە ئەچن بۆناو مانگرتووەكان و دەبن بە دەمڕاست و محامی ئەوانەی مانیانگرتووە بۆ موچەكانی خۆیان ، بۆیە ئەگەر ئێمە وەكو پارتی بەیاننامە دەربكەین هیچ شتێك نیە جگە لە دووفاقی ئەوە عەیبە لە سیاسەتدا. بەرپرسى لقى چوارى پارتى ئەوەشى وت: هەموو كەسێك مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات و موچەش حەقی شەرعی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی موچەی راگرتووەو ناینێری حكومەتی هەرێم نیە، وەزیری دارایی حكومەتی بەغدایە. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران چیدیکە پێداگری ناکەن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2025 ئەرکە سەربازییەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی بێت، هێزەکانی ئەمەریکاش هەندێک لەو بنکە سەربازییانەیان جێهێشت کە ماوەی دوو دەیەیە لە عێراقدا بەکارییان هێناون. لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە نێو ئەو دەنگە دیارانەدا بوون کە داوای کشانەوەی ئەمەریکایان کردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە. کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وتییان مەترسی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نیە بۆ شکستهێنان بەو خانانەی داعش کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە. بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ڕێی هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووە ئیسلامییە سوننییەکانەوە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی ئەوەی لە عێراق جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکرێتەوە، بە ئەندامانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگیشەوە کە بریتییە لە هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا. ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، وایکرد گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن. زۆرێک لە عێراق لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە بگرێت کە لە ئاسایشی وڵاتەکەدا هەیە و بگەڕێتەوە، هاوکات سەرکردە نوێیەکانی سوریاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری وڵاتەکە و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دەدەن. بەرپرسێکی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی وتی " زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی شیعەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەوەی کە لە سوریادا ڕوویدا عێراق جێبهێڵن. لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە ئەمەریکا دروستی دەکات ئەگەر عێراق جێبهێڵێت و دۆخەکەی ناو عێراق تێکبچێت." چەندین بەرپرسی سیاسیی و ئاسایشی دیکەی عێراق هەمان هەڵسەنگاندنییان هەبوو، بەرپرسەکان نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکەن. عێراقییەکان لەوە دەترسن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە بێسەروبەرییەکەی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرێت، لەو چەکە زۆرانەش دەترسن کە سوپای پێشووی سوریا جێیهێشتوون. گروپە چەکدارییەکانی عێراقیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا ئاڵۆز کردووە، هەندێک لەو گروپانە هەندێک جار هێرش دەکەنە سەرییان و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا دەبنە هاوپەیمانیان لە شەڕی دژ بە دوژمنێکی هاوبەشدا.

لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بڕیاریانداوە بەپێ بەڕێبکەوون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە. ماوەى دوو رۆژە لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەواز دەکرێت بۆ ئەو بەپێ ڕۆشتنەو بڕیارە سبەینێ دووشەممە بەرەو شارى سلێمانى بەڕێبکەون. سەردار مەلیحە، سەرپەرشتیاری بە پێ رۆیشتنەکە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دوو رۆژە بانگەوازەکەمان کردووەو تائێستا ١٢ کەس ئامادەیی خۆى دەربڕیوە، وەک پاڵپشتیەک بۆ مانگرتووەکان سبەینێ دووشەممەبە پێ بەڕێدەکەون بۆ سلێمانی. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە. شەوى ڕابردوو تیمى پزیشکانى خۆبەخش لە سلێمانى، سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووی کرد و پشکنینی بۆ کردن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیشدا پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرانبەران راگەیاند. دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانییان کرد و هاوشێوەی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەربڕی. دڵشاد جەمال، لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتى، "مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، درێژکراوەی خەباتی پیشەیی 10 ساڵی رابردووی مامۆستایانی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان". بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایاندان بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت. خێمەی مانگرتووانی سلێمانی لەهەموو چین و توێژەکانەوە و لە زۆربەی ناوچەکانەوە شەو ڕۆژ سەردانیان دەکرێت.

ــ 25% باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنێت کە لە کەنەداو مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن ــ تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆچبەران. وڵاتانى چین و کەنەدا، هەرەشە لەئەمریکا دەکەن و دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بڕیارانەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕاگەیاند کە وتویەتى باجى گومرگیی زیاتر بەسەر چین و مەکسیک و کەنەدا دەسەپێنێت. ترەمپ ڕایگەیاندووە لە رۆژى سێ شەممەوە، 25%ـی باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنێت کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن، لەگەڵ باجی 10% لەسەر سەرچاوەکانی وزەی کەنەدا، تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆچبەران. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، کاڵاکان لە چینەوە 10% باجیان دەخرێتەسەر، ئەمە جگە لە باجەکانی ئێستا. لای خۆیەوە جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، لە وتارێکی بە وشەی تونددا، ڕایگەیاند کە کەنەدا باجی گومرگی بەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان دەسەپێنێت وەک وەڵامێک بۆ ئەو بەرهەمانەی کە پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو. ترۆدۆ وتى: ئێمەش بەرێژەی 25% باج بەسەر کەلوپەلی ئەمریکادا دەسەپێنین، لەڕۆژى سێ شەممەوە جێبەجێى دەکەین. سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئەوەشى وت: یەکەم کۆمەڵەی باج بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی لەسەر کەلوپەلی واشنتن دەبێت، کۆمەڵەی دووەمیش بە بەهای 86 ملیار دۆلار دەبێت و لە ماوەی سێ هەفتەدا جێبەجێدەکرێت. لاى خۆشیانەوە وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیەندراوێکدا وتى، "رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی هاوشێوە بۆ پاراستنی مافەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان دەگرینەبەر". راشیگەیاند، چین قایل نییە و بەتوندی دژی بڕیارەکەیە، لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵا لە دژی واشنتن تۆمار دەکات. کەنەدا و مەکسیک و چین، پێکەوە زیاتر لە 40%ـی هاوردەکردنی ئەمریکا پێکدەهێنن.

بەپێى کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، ئەمرۆ دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. ئەمرۆ یەکشەممە، ٢ى مانگى ٢ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە تێدەپەڕێنین، بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆمان رەوانەكراوە. سەرۆکى پەرلەمان بە ڕۆژنامەی الصباحی عێراقى وت:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە، كە تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە، ئەوەش بەهۆی بوونی هۆكاری تەكنیكی و یاسایی بڕواپێهێنەر. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکات پرۆژەکە یاساكەیان خستوەتە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی دانیشتنەکە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەم سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان  گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق. لای خۆشیانەوە، لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، ئەو هەمواركردنەوەیەی ئەنجامدراوە لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو دەقەیە كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیكردووە. هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.