ئەمڕۆ چوارشەممە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتە پێکدەهێنرێت، هاوکات ئاشکرای کرد، بەمزووانە سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و چەندین پرسی هاوبەش تاوتوێ دەکەن. لە کۆڕبەندێکدا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی حکومەتی جیهانی لە دوبەی، ئەلشەیبانی ڕایگەیاند، “ئەو حکومەتەی لە سەرەتاى مانگی ئازاری داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، تا بتوانرێت نوێنەری گەلی سوریا دەبێت و ڕەچاوی فرەچەشنییان دەکات، هەروەها دەمانەوێت گەلی سوریا هەست بە متمانە بکات بۆ حکومەتەکە. دوای دوو ڕۆژ لە ڕووخانی بەشار ئەسەد لە 8ی کانونی یەکەم، ئیدارەی نوێی دیمەشق، محەمەد بەشیر کە ئەوکات سەرکردایەتی حکومەتێکی لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەکرد، تا 1ی ئادار سەرۆکایەتی حکومەتێکی چاودێرانی ڕاسپاردبوو. ئەلشەیبانی جەختی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا “هاوبەشی گۆڕانکارییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو ئەو گۆڕانکاری و هەموارکردنانەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە نەخشەڕێگای سیاسی کردوومانە، دەرئەنجام و ئیلهام وەرگرتن لە ڕاوێژکردن لەگەڵ پێکهاتەکان کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون و هەروەها لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆشەوە هاتوون”. شەیبانی لەبارەی عێراقەوە وتییشى "لە پەیوەندییە دەرەکییەکانماندا لەگەڵ هەر وڵاتێک رێز لە سەروەرییان دەگرین. لە دەرگاوە دەچینە نێو ماڵەکانەوە. پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەیە، جگە لە رێز و خۆشەویستی هیچی دیکەمان نییە." هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناکەوینە داوی هەندێک، کە هانی تێکدانی ئەو پەیوەندییە دەدەن لەنێوان حکومەتی نوێی سووریا و عێراق. وتیشى: پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی فەرمی و دیپلۆماسی بنیات نراوە. پەیوەندییەکی نایابمان هەیە، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیم پێگەیشتووە بۆئەوەی سەردانی بەغدا بکەم، شەرەفمەندم و بەمنزیکانە سەردانیان دەکەم. دوای ئەوەی لە ٢٩ى مانگى ڕابردوودا وەک سەرۆک کۆمار ڕاگەیەندرا، ئەحمەد ئەلشەرع بەڵێنیدا "بەیاننامەیەکی دەستووری" بۆ قۆناغی ئینتقالی دەربکات دوای پێکهێنانی "لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانانی بچووک" و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی گەل. ئەلشەرا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێویستی بە چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردن. دوای گەیشتنی بە دیمەشق، ئیدارەی نوێ بڕیاری بەرفراوانی دا، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپە چەکدارەکان، جگە لەو سوپا و خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی کە لە سەردەمی پێشوودا هەبوون، هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی مەجلیسی گەل و پارتی بەعس کە بۆ دەیان ساڵ حوکمڕانی وڵاتەکەیان کردبوو.
دادگای فیدراڵی عێراق، ئەو سکاڵایەی لەلایەن د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەسەر هەریەكە لە محەممەد شیاع سودانی و تەیف سامی تۆماریکردبوو بۆ 18ـی ئەم مانگە دواخست. پێشتر هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكان لە سەرۆكایەتی كۆمار ڕایگەیاندبوو لەبارەی پرسی موچەی فەرامبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە سكاڵایان لەسەر محەمەد شیاع سوادنی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆماركردوە و بڕیارە ڕۆژی 12 ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق رێکارەکانی دەستپێبکات. بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ بکات کە دژی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و تەیف سامی، وەزیری دارایی تۆماری کردووە، تێیدا داوا دەکات فەرمانێکی سالاری بەپەلە دەربکرێت و وەزارەتی دارایی پابەند بکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ هەموو مانگەکانی پێشوو و داهاتوو. هاتنە سەر هێڵی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەکاتێکدایە، یەکێک لەو ڕەخنانەی بەردەوام لەلایەن شەقامی هەرێمی کوردستانەوە دەگیرێت، بێ دەنگی بەرپرسانی کوردە لەبەغدا لە مەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند، "توشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە مووچەمان خەرج کردووەو هیچ لای ئێمە نەماوە." پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کور دو بەرکەوتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئەو حزبە هەڵوێستی فەرمییان لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆککۆمار نەخستووەتەڕوو. سکاڵاکەی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکتری بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکردووە کێشەی بەردەوام بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست ببێت.
مزگەوتی گەورەی نوری موسڵ دوای پێنج ساڵ کارکردن تێیدا دواى ئەوەى لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە وێران کرا ئاوەدانکرایەوە. ڕیکخراوى یونسکۆ سەرکردایەتی ئاوەدانکردنەوەی کردوە ئەو پارەیەى بۆ نۆژەنکردنەوەکەى خەرجکرا لەلایەن حکومەتى ئیماراتەوە دابینکرایوو بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە مێژووییەکان، دانیشتوانی ناوچەکە دڵخۆشن و شانازی دەکەن بەوەى جارێکى دیکە منارەو مزگەوتەکە نۆژەنکراوەتەوە. مزگەوتی گەورەی نوری موسڵ کە بە منارە مەیلەکەی ناسراوە کە ماوەی هەشت سەدەیە و لە ساڵی 2017 لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە وێرانکرا، نۆژەنکرایەوە، ئەمەش وەک پەرەپێدانێک بۆ دووەم شاری عێراق، لەکاتێکدا دوای چەندین ساڵ لە شەڕ ئاوەدان دەکرێتەوە. لە مینبەری ئەم مزگەوتەی سەدەی ناوەڕاستەوە لە ٤ی تەمموزی ٢٠١٤، ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامی، خۆی بە ‘خەلافەت ڕاگەیاند کە بەشێک لە سوریا و عێراق دەگرێتەوە. دوای سێ ساڵ، گروپی توندڕەوی توندڕەو لە هەفتەکانی کۆتایی هەڵمەتێکی عێراقی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، مزگەوتەکەیان ڕووخاند و جیهادییەکانی لە موسڵ دەرکرد کە پایتەختی دیفاکتۆیان لە عێراقدا بوو. شەڕی درێژخایەن و توندی شارەکان تا ڕادەیەکی زۆر شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری دووەمی عێراقی بۆ داروپەردوو بچووک کردەوە. مەحمود تانۆن تەمەن 70 ساڵ، بەرگدروو و لە نزیک مزگەوتەکە دەژی و دوکانێکی بەرگدروو بەڕێوەدەبات کە ڕووی لە منارەی مزگەوتەکە کردووە، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وت: دوو کوڕەکەم پێش ڕووخاندنی منارەی ئەلحەدبا کوژراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک بینیم داڕما، هەستم بە خەمناکتر کرد لەوەی کە کوڕەکانم لەدەستدا". "سەیرکردنی دووبارە بەرزبوونەوەی منارەی حەدبە ڕۆژێکی خۆشە. هەست دەکەم شانازیمان بە هەمان شێوە بەرز دەبێتەوە." مزگەوتەکە بەناوی نورەدین زەنکیەوە ناونراوە کە فەرمانی بنیاتنانی دا لە ساڵی 1172 دوای یەکخستنی سوریا و چەند بەشێكی باکوری عێراق. منارە لولەییەكهی، کە پێكهاتبوو له چەندین چین خشتی به زهخرهفه نهخشێنراو، قوببەیەکی بچوکی سپیی لەسەربوو، چەند سهدهیهك بوو بنیاتنرابوو. منارهكه لەسەر پارەی 10,000 دیناریی عێراقی چاپكراوه و چەندین چێشتخانە و کۆمپانیا و تەنانەت یانەی وەرزشی بەناوەوە نراوە.
دوای بڕینی بڕی 100 هەزار دینار لە حانەنشینان سۆران عومەر، ئەندانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە عێراق بە دووجۆر 100 هەزار دیناریی دەدرێت بەخانەنشینان، یەكەمیان بۆ ئەوانەیە موچەکانیان کەمترە لە 500 هەزار و دوەمیان بۆ ئەوانەیە موچەکانیان کەمترە لە یەک ملیۆن دینار. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: داوای كردوە هەردوو جۆرەکە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە، کە پێشتر هەرێم خۆی ئەمەی جێبەجێکردوە و داویەتی بە خانەنشینان، لەئێستادا عێراق دەڵێت ئەو 100 هەزارە نادەن. لەوبارەیەوە سۆران عومەر، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "داوای 100 هەزاری باشکردنی بژێوی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، تاکو ئەو بڕیارە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە ئاماژەی بەوەشكرد، لە عێراق بە دوو جۆر 100 هەزار دیناریی دەدرێت بەخانەنشینان، یەکەمیان لەیاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق هەیە بۆ ئەوانەی موچەکانیان کەمترە لە 500 هەزار، ئەمە جێبەجێکراوەو بەردەوامە. باسی لەوەشدەکات کە دوەمیان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوانەی موچەکانیان کەمترە لە یەک ملیۆن دینار، ئەم 100 هەزارەیان لەئێستەدا تەنها خانەنشینانی عێراق وەریدەگرن بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران. داوامکردووە ئەو 100 هەزارە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە.
بەپێى پێشبینیەکانى، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بولەمەرزەزانی سلێمانی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، بەڵام سبەینێ پێنج شەممە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە ئەنجامی هاتنی شەپۆڵێکی بەفر و باران لەسەر ناوچەکەمان ، باران بارین بەشێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ دەست پێ دەکات. ئەمڕۆ چوار شەممە 12- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ، لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور . پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێرای با / لەسەرخۆ- مام ناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەودای بینین / لەنێوان (8 – 10 ) کم دەبێت . سبەی پێنج شەممە 13- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت ، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لە ئەنجامی هاتنی شەپۆڵێکی بەفر و باران لەسەر ناوچەکەمان ، باران بارین بەشێوەی نمە بارانی پچڕ پچڕ دەست پێ دەکات ، لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆڵە زیاد دەکات و بارانی مام ناوەند دەبارێت ، بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنووریەکان دەبارێت ، وە ئەو ناوچانەی بەرزاییان لە (1000 ) م زیاتر بێت ئەگەری بەفر بارینی هەیە، سەنتەری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری پارێزگای دهۆک ئەگەری بەفری هەیە بە تێکەڵی لەگەڵ باران . پلەکانی گەرما / کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . خێرای با / لەسەرخۆ- مام ناوەند دەبێت (10 - 20) کم/ک مەودای بینین / لەنێوان (8 – 10) کم دەبێت ، لەکاتی باران ( 5 – 7 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 15 پلەی سیلیزی سلێمانی : 12پلەی سیلیزی دهۆک : 12 پلەی سیلیزی کەرکوک : 16 پلەی سیلیزی زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 0 پلەی سیلیزی سۆران: 11پلەی سیلیزی گەرمیان : 20 پلەی سیلیزی
شا عەبدوڵڵا شای ئوردن دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بە کۆبوونەوەیەکی "بنیاتنەر" ناوبردوە، هاوکات ترەمپ پێداگری دەکات کە ئەمریکا غەززە دەگرێتە دەست لەکاتێکدا چاوی بە شا عەبدوڵڵا کەوت. لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێکس) شای ئوردن، نوسیویەتى: سوپاسگوزارە بۆ بەخێرهاتنی گەرمی لەلایەن ترەمپەوە، هاوکات دەشڵێت، ئەوان لەکۆبونەوەکەیاندا باسیان لە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کردووە. شا عەبدوڵا دەشڵێت: هەڵوێستی چەسپاوی ئوردنم لە دژی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بۆ ترەمپ دووپاتکردەوە، ئەو وتیشى "ئەمە هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبە، ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەبێ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی ترسناکی مرۆیی دەبێت لە پێشینەی کارەکانی هەمووان بێت". پاشاى ئوردن پابەندبوونی خۆی بە چارەسەری دوو دەوڵەتی وەک ڕێگەیەک "بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە" دووپات دەکاتەوە. ئەوە یەکەم کۆبوونەوەیان بوو لە دوای ئەوەی ترەمپ پێشنیاری خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە و گواستنەوەی دانیشتوانی دوو ملیۆن فەلەستینی بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە نێویاندا ئوردن ڕاگەیاند. سەرەتای ئەم هەفتەیە، ترەمپ پێشنیاری کردبوو کە دەتوانێت یارمەتییەکانی ئوردن و میسر ڕابگرێت، مەگەر ئەوان ڕازی نەبن بە وەرگرتنی ئەو غەززییانە. ئوردن کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستاوە شوێنی نیشتەجێبوونی ملیۆنان فەلەستینییە و ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە. بەڵام لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، کە شا عەبدوڵڵا لە لای ڕاستی دانیشتووە، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکاری لەسەر بیرۆکەکەی ناکات کە بووە هۆی ئیدانەکردنی جیهانی کاتێک هەفتەی ڕابردوو پەردەی لەسەر لادا. سەبارەت بە غەززە وتی: "ئێمە دەیبەین. ئێمە دەیگرین. ئێمە بە نرخی دەزانین". ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە "هەلی کارێکی زۆر" لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروست دەبێت ئەگەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو خاکە وێرانبووە لەلایەن ئەمریکاوە ڕووبدات. ترەمپ زیادی کرد: پێموایە لە ئوردن و میسر پارچە زەوییەک دەبێت کە فەلەستینیەکان تێیدا بژین. ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی بەوە نییە حەماس ڕۆژی شەممە وەک دوا وادە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دیاری بکات. ترەمپ درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێمە زۆر بە باشی غەززە بەڕێوە دەبەین و نایکڕین فەلەستینییەکان لە شوێنێکی تر جگە لە غەززە بە سەلامەتی دەژین و دەزانم دەتوانین بگەینە چارەسەرێک.
هاوڵاتى ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایدەگەیەنن، چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن: بایکۆتی دەوام لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە.سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە. هاوکات ئەوەشدەخەنەڕوو، لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن. دەقى بەیاننامەکە.. بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان مانگرتووانی خۆڕاگر و سەربەرز مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆران، ڕای گشتی دەسەڵاتی تاڵانکار و چەواشەکار سەبارەت بە خەباتی پیرۆزی مانگرتن؛ خۆپیشاندانە مێژووییەکەی دێگەڵە و چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی ترسنۆک و ملهوڕ؛ هەڵوێست و جووڵەی ئاییندەمان؛ بەباشمان زانی ئەم خاڵانەی خوارەوە، بخەینەڕوو: هەڵوێست و خەباتی ئەو (13) خوشک و برا مانگرتووە خۆڕاگر و جوامێرەمان بەرزدەنرخێنین؛ کە بۆماوەی (15) ڕۆژ مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرت؛ ئەم خەباتەش درێژکراوەی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو؛ کە مامۆستایان و فەرمانبەران و دادخوازان؛ لەماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا دژ بە ستەم و نادادی ئەنجامیانداوە. ئێستا و پاش ڕازیبوون بەو هەموو داوا و فشار و ڕوولێنان و قورئانهێنانەڕووەی؛ تا کۆتایی بە مانگرتن بێنن، لەلایەن کەسوکار و هاوڕێ و دڵسۆزان و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئێمە ڕێز و پێزانیمان بۆ بڕیارەکەیان و بەدەمەوەهاتنی داواکاری هەمووانەوە هەیە و بە سەرکەوتن و کارێکی گەورەی دەبینین. لەپاڵ خەباتی مانگرتندا؛ پایەیەکی تری بەهێزی خەباتەکەمان؛ خەباتی 9ی شوباتی تێکشکانی خەندەق و بڤەبەندی دێگەڵە بوو؛ کە پێ بەپێ لەگەڵ مانگرتنەکەدا؛ هاوار و داوای ستەملێکراوانی بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوە گەیاند؛ تا دەنگ و دۆزەکەمان لە چوارچێوەی زۆنێکدا قەتیس نەبێت؛ هەر ئەمەش وای کرد، ئەوەی بەتەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان نەکرا؛ مامۆستایان و فەرمانبەران و ئازادیخوازان، لێبڕاوانە و قوربانیدەرانە ئەو تەلبەندە بەڕقکێشراوە شەلوپەت بکەن. بایکۆتی دەوام؛ لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە و وابەستەنییە بە بە بڕیاری پێشوەختەی هیچ ئەنجومەن و دەستەیەک و مانگرتووانەوە؛ بۆیە ئێمە پاڵپشت و پشتیوانی هەر بڕیارێکین کە ئەوان دەیدەن. سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە، وەک هەمیشە سەلماندیان کەسانی خێڵەکی و نەخوێندەوار شیاوی دەوڵەتداری نین؛ ئەگەر ڕاستگۆن! فەرموون چی بەڵگەیەکی پێشێلکاری و تێوەگلانمان لەگەڵ هێزی دەرەکی و ئیقلیمی هەیە، بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە. لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، سەرۆکایەتییەکانی (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران، دەسەڵاتی دادوەری)ی عێراق دەکەین و بەڵگە و ڤیدیۆ و وێنەکانی لەگەڵدا هاوپێچ دەکەین. چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە و بەمنزیکانە دەست بۆ جوڵەیەک دەبەین، کە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد شەرع لە لێدوانێکدا وتی باوەڕی وایە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و خاوەندارێتیکردنی کەرتەکە " تاوانێکی مەترسیدارە و لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت." ترامپ پێشنیاری ئەوەی کردووە ئەمەریکا کەرتی غەززە بگرێت بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی و گەشەپێدانی لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە دەگوازرێنەوە. شەرع لە پۆدکاستێکی The Rest Is Politics ی بەڕیتانیاییدا وتی پێشنیارەکەی سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترامپ سەرکەوتوو نابێت. ئەو وتیشى: باوەڕم وایە هیچ هێزێک ناتوانێت خەڵک لە خاکی خۆیان دەربکات. زۆرێک لە وڵاتان هەوڵی ئەوەیان داوە و هەموویان شکستییان هێناوە، بە تایبەتی لە ماوەی جەنگەکەی ئەمدواییانەدا لە غەززە." سەرۆکى کاتى سوریا دەشڵێت: لە ماوەی 80 ساڵی ئەم ململانێیەدا، سەرجەم هەوڵەکان بۆ ئاوارەکردنییان شکستییان هێناوە، ئەوانەی کە ماونەتەوە لە بڕیارەکەیان پەشیمان بوونەتەوە. وانەی فەلەستینییەکان کە هەموو نەوەکان فێری بوون گرنگیی دەستگرتنە بە خاکی خۆیانەوە. هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و ئوردن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە توندی دژایەتی هەر هەوڵێکییان کردووە بۆ پاڵنان بە فەلەستینییەکانەوە بۆ ناو وڵاتانییان.
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە واژۆی عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 14 پۆستی کارگێڕی ئەو پارێزگایە دەرچوو، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستى پارتى دەڵێت ئێمە ئەو دابەشکاریە ڕەتدەکەینەوەو پارتی بەو گۆڕانکارییانە ڕازی نابێت. مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، بەرەی نەینەوای موستەقبەل لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەبێ ئامادەبوونی بەرەی نەینەوا لیئەهلیها کە پارتی تیایدا بەشدارە، دەنگیدا لەسەر گۆڕانکاری لە 21ـی پۆستی ئەو پارێزگایە، یەکێک لە پۆستەکان قایمقامی قەزای مەخموورە. شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەوبارەیەوە ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی دراوە سیاسییە و پارتی ڕەتیدەکاتەوە و هەڵوێستی دەبێت. ئەو وتیشى: ئێمە وەکو لیژنەی تایبەتی هەرێم و پارێزگاکان نووسراومان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ناردووە پێمان وتوون کە بڕیارەکە نایاساییە، شەش لەو پۆستانەی لە ئەنجوومەن دەنگیان لەسەر دراوە کێشەی یاساییان هەیە. شێروان دووبەردانی باسی لەوەشکرد، ئەو بڕیارەی دوێنێ پارێزگاری نەینەوا داویەتی بە ناچاری بووە، چونکە بەپێی یاسای ژمارە 111ـی ساڵی 1969 هەموو بەرپرسێک لەماوەی 10 ڕۆژدا ئەگەر بڕیاری دادگا جێبەجێ نەکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە سزاکەی تا دوو ساڵ زیندانی دەبێت. بەڵام پارێزگار لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی دادگاین. ئەو وتیشى:بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2008، هەموو ئەو پۆستانەی دیاریکراون بە کۆمەڵێک ڕێکار تێپەڕ دەبن، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هیچ یەک لەو ڕێکارانەی جێبەجێ نەکردووە.
هاوڵاتى دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و کار بە یاساکە بکرێت، ئەو سکاڵایانەى دژی سێ یاساکە ڕەت بکاتەوە. ئەمڕۆ سێ شەممە، بە مەبەستی تاوتوێی کردنی کۆمەڵێک سکاڵا لەوانەش سکاڵا دژی سێ یاسا کە ئەوانیش گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی بوو، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کۆبوویەوە. رۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەریەک لە پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان، پەسند کرا. پڕۆژە یاسای باری کەسێتی لەلایەن کوتلەکانی شیعە، پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن سوننەکان و ھەروەھا پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن فراکسیۆنە کوردەکانەوە پێشکەش کرابوو. ڕۆژی سێشەممە ٤ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەسەر بنەمای چەند سکاڵایەک، (فەرمانی وەلائی) بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسانە، دەرکرد. دادگاکە بڕیاریشی دابوو کە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان لەسەر یاساکان یەکلا دەکرێتەوە، کار کردن بە هەر سێ یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی هەڵپەسێردرێت. ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناڕەزایەتی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی وڵاتەکەی لێکەوتبوویەوە و بە "نایاسایی" وەسفی کرد. ڕاگرتنی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ ناڕەزایەتی کورد و لێخۆشبوونی گشتییش ناڕەزایەتی سوننەکانی لێکەوتبوویەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، دادگای فیدڕاڵی عێراق دوای تاوتوێ کردنی سکاڵاکان، بڕیاری دا کە سکاڵا دژی سێ یاسای تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵ، لێخۆشبوونی گشتی و باری کەسێتی ڕەت بکاتەوە و لەمەولاوە کار بە یاساکە بکرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، لەگەڵ پاشا عەبدوڵای ئوردندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ پێشنیارێکی کرد بۆ دووبارە گەشەپێدانەوەی غەززە و مەترسییەکانی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕەتی بکەنەوە هاووڵاتیانی فەلەستینی وەربگرن. بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ (بەکاتى ئەمریکا) ڕۆژی سێشەممە، 11ی مانگی دوو ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت، ترامپ پێشنیاریکردوە ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی غەززە بکات و دانیشتوانەکەی بگوازێتەوە و غەززە بگۆڕێت بۆ "ڕێڤیێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، وڵاتانی عەرەبیش کاردانەوەیەکی نەرێنییان هەبوو بۆ ئەو پێشنیارە. هاوکات ڕۆژی دووشەممە حەماس وتی ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان ڕادەگرێت، وتی ئیسڕائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی پێشێل کردووە. دواتر ترامپ پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی کرد ئەگەر حەماس تاوەکو کۆتایی هەفتە سەرجەم ئەو بارمتانە ئازاد نەکات کە لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لەلایەن حەماسەوە ڕفێندران. پاشا عەبدوڵا وتی هەر جووڵەیەک بۆ لکاندنی خاکەکە و ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی سێشەممە پێشبینی دەکرێت پاشا عەبدوڵا بە سەرۆک ترامپ بڵێت کە ئەو هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی توندڕەویی و بێسەروبەریی لە ناوچەکەدا، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتییەکەی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکەوێتە مەترسییەوە. ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی سەبارەت بە پاشا عەبدوڵا وتی " پێم وایە پەنابەرەکان وەردەگرێت." کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئوردن و میسڕ پێشنیارەکەی پەسەند نەکەن، ئایا یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگرێت؟ سەرۆک ترامپ وتی " بەڵێ، ڕەنگە، بە دڵنیاییەوە، بۆ نا، ئەگەر ڕازی نەبن ئەوا یارمەتییەکان ڕادەگرم." ئوردن پێشترین میوانداریی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی کردووە لە نێو دانیشتوانە 11 ملیۆنییەکەیدا، دۆخ و دابینکردنی پێداویستی بۆ ئاوارەکان لە مێژە بوونەتە هۆی بێزاریی سەرکردایەتی وڵاتەکە. ماوەی چەندین دەیەیە ئوردن پشتی بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەستووە لە ڕووی ئابووریی و سەربازیشەوە، لە ئێستادا ئەو یارمەتییانە ساڵانە دەگەنە زیاتر لە 1 ملیار دۆلار. لە ساڵی 1994 دا ئوردن پەیماننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا گرژ کردووە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپ شایەنی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت.
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت بەدوا داچونمان کردووە لەسەر دەستگیر کردنی ئادەم عوسمان بڕیارە لەئاییندەیەکی نزیک ئازادبکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025 لە راگەیەندراوێکدا لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە کەسێکیان بەناوی ئادەم عوسمان سلێمان دەستگیرکردوە، کە رۆژی 09-02-2025 شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەکرد. لەو کاتەشدا پەرلەمانتاری ناوبراو سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند شوێنێک بووە. دەستەى مافى مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی شوبات لەسەر داوای علی حمە ساڵح ئەندامی پەرلەمان کەپەیوەندی کردبوو بەبەڕێز سەرۆکی دەستە داوای کردبو دەستە بەدوا داچون بکات لەسەر دەستگیر کردنی هاوڵاتی ئادەم عوسمان بکات. ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت بۆ ئەو مەبەستە مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەیاوەری رواێژکاری دەستە فیض اللە محمد سەڕدانی ئاسایشی هەولێریان کرد لەلایەن بارزان قصاب پێشوازیان لێ کراوە، بەمەبەستی بە دواداچوونی کەیسی ناوبراوچاویان پێ کەوت لەنزیکەوە وە بڕیارە لەئاییندەیەکی نزیک ئازادبکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لە هەندێک لە پلاتفۆڕمەکانی نەیاری قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی نادروست بڵاوکراونەوە، بۆیە پۆلیس بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر بەدواداچوونیان دەستپێکرد و گەیشتنە ئەنجام. لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، ئادەم عوسمان یەکێک بووە لەو سێ پاسەوانەی وەکو پەرلەمانتار تاوەکو ساڵی 2022 لەگەڵیدا بوون. گوتیشی "ئەو رۆژەی بڕیاربوو مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مووچە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر، ئەو هاوڕێیەی من کە ناوی ئادەمە، تەلەفۆنی کرد و گوتی: حەزناکەم بەتەنیا بیت. ئۆتۆمبێلەکەی خۆشم کێشەی هەبوو، هات بەدوامدا و چووینە بەردەم یوئێن و ئەنجوومەنی وەزیران و خۆم ڤیدیۆم کردووە و بڵاومکردووەتەوە." عەلی حەمەساڵح گوتی "من، ڤیدیۆم بە ئاشکرا لە فەیسبووکی خۆم بڵاوکردووەتەوە، جا سایتی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی هەرکەس وەریگرتبێت {پەیوەندی بە منەوە نییە}. ئێستا پێیانوایە دانپێدانانێکی گەورەیان دەستکەوتووە، کە عەلی ڤیدیۆی سەر شەقامی گرتووە، ئەوە چی قەدەخەیەکی تێدایە؟"
دوای 15 ڕۆژ مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازیی، بڕیاریاندا مانگرتنەکەیان هەڵپەسێرن، ئەویش لەسەر داواو فشارى هاولاتیان و سەدان خۆپیشاندەر کە ئەمڕۆ لەبەردەم دروشمیان دەوتەوە. مامۆستا هادى حەمەڕەشید، یەکێک لەمانگرتووەکان لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، وتى: دواى بەدەستهێنانى کۆمەڵێک دەستکەوت، ئێمە لەژێر فشاری ئەو دایکانە بووین کە بەدەست قورئانەوە داوایان کرد مانگرتن بشکێنین، توانیمان شکۆ بگەڕێنینەوە بۆ شەقام، بۆیە ئەمڕۆ بڕیارمانداوە مانگرتنەمان هەڵپەسارد. لەدواى شکاندنى مانگرتنەکەیان، بە ١٣ ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن سەرجەم مانگرتووان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى، بۆ ئەوەى چارەسەر وەربگرن، چونکە دۆخى تەندروستى سەرجەمیان تێکچووبو. لە ٢٨ى مانگى یەکى ڕابردوو، ١٣ مامۆستاو فەرمانبەرى سلێمانى و هەڵەبجەو سەیدسادق، ماوەى 15 ڕۆژ مانگرتنیان لەخواردن ڕاگەیاند، ئەوان لەبەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی لەژێر چادردا مانەوەو چەند داواکارییەکیان هەبوو تایبەت بەمووچەو پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران. پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە، سەدان هاوڵاتى و کاسبکار و فەرمانبەر و مامۆستا، خۆپیشاندانێکى بەرفراوانیان لە بەردەم چادرى مانگرتووان ڕێکخست و دروشمى جۆراوجۆریان دەوتەوە. ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەى سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندبوو، داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمیان بەرزکردبوویەوە، بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچوو ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکران، ئەمرۆ دۆخى تەندروستى سێ لە مانگرتووان تێکچووەو بەوتەى بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ئەو سێ کەسە تووشی خوێنبەربوون بوون و ڕەتیشیانکردوەتەوە چارەسەر وەربگرن.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە سەرۆكایەتی دادوەر محەمەد جاسم عەبود، لەکۆبوونەوەو گفتوگۆدایە، لەبارەی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە؛ دادگاکە بڕیار لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەدات، پێش ئەم دانیشتنە، ئەو سکاڵایەى لەیەر هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو رەتکرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 11ى شوباتى 2025، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە پێمان راگەیێنرا کە سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دوو وەزارەتە رەتکراونەتەوە. سکاڵاکان لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکرا بوون و پاساوەکانى بۆ ئەو دوو داوایە، پشتبەستن بوو بە هەردوو مادەى 103 و 104 ى دەستوور کە دەبێت ئەو جۆرە دامەزراوانە دەستەی سەربەخۆ بن نەک وەزارەت. بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان وتى: "دانیشتنى دادگە بۆ رەتکردنەوەى ئەو دوو سکاڵایە بەبێ دادبینى بووە، ئێمە لە وەڵامنامەکاندا ئاماژەمان بەوەدابوو کە ئەوە پرسێکى دەستوورى نییە تاوەکو لەو دادگەیە تانەى لێ بدرێت و لە تایبەتمەندی دادگەى فیدڕاڵى نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارى رەتکردنەوەى سکاڵاکانمان پێ رانەگەیێنراوە". وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 2007 پێکهێنراوە، وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستانیش بە گوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. ئێستا دانیشتنى دادگاى فیدراڵى بەڕێوەدەچێت کە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تانانەی کە لە دژی سێ یاساکە پێشکەش کراون.
مانگرتنى مامۆستایان پێدەنێتە ١٥ رۆژ، پاشنیوەڕۆى ئەمرۆش بۆ پشتیوانى مانگرتووان دریژە بە ناڕەزایەتیەکان دەدرێت و كاتژمێر دوو لەبەردەم چادرى مانگرتووان خۆپیشاندانێکى بەرفراوان ڕێکدەخرێت. لەو بارەیەوە عوسمان عەبدوڵا گوڵپی وتەبێژی مانگرتووان لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دەڵێت: دۆخی تەندروستی مانگرتوان خراپە تیمە پزیشكیەكان دەڵێن مانگرتنەكەیان كاریگەری لەسەر جەستەیان درووستكردووە بەتایبەت گورچیلەكانیان. وتەبێژى مانگرتووان دەشڵێت داواتان لێدەكەین ئەمڕۆ سێ شەممە كاتژمێر (2) هەمووتان بۆ پشتیوانی مانگرتووان لێرەبن بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانێکى بەرفراوان. عوسمان گوڵپى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان، توڕەن لە میدیا دابەستەكان، وتیشى: توڕەین لە خاوەنەكانیان ، تكاتان لێدەكەین بازرگانیتان بە هەموو شتێكەوە كرد بازرگانی بە گیانی خەڵكەوە رابگرن. ئەمرۆ سێ شەممە ماوەى ١٥ رۆژە 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.