هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم کەشتی هەڵگری  گازی سروشتی لە ئەمریکاوە گەیشتە ئەڵمانیا، وەک جێگرەوەی بەشێکی ئەو گازەی لە ڕوسیاوە دەگەشتە ئەو وڵاتە. کەشتی ماریا ئینێرجی ئەمڕۆ گەیشتە بەندەری دەریای باکوور لە ویلهێلمشاڤن، لەو تێرمیناڵەی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلاف سکۆلزەوە کرایەوە. ئەڵمانیا لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکە بۆئەو گازەی ڕووسیا بۆی دابین دەکرد پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا هاوکات ئەو تێرمیناڵەی ویلهێلمشاڤن یەکێکە لە چەند تێرمینالێکی لەو جۆرە کە دانراوە بۆ یارمەتیدانی کەمبوونی وزە. لە هەمانکاتدا بۆ سەرکەوتن بەسەر قەیرانی کەمی وزە لەو وڵاتە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی کاتی وێستگەکانی خەڵوز و ژیانی سێ وێستگەی هێزی ناوەکی درێژکردەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسان. ئەمەشلەکاتێکدایە ڕێکخراوەکانی ژینگەی ئەو وڵاتە وتیان کە پلانیان داناوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە گەیشتنی ماریا ئینێرجی، گفتووگۆی ئەوە دەکەن کە نابێت ئەڵمانیا سووتەمەنی هاوردە بکات وپێویستە وێستگەکانی خەڵوز دابخرێن.

ئەمریکا رایگەیاند زیندوکردنەوەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران راگیراوە و ئیسرائیلیش جەخت لەوە دەکاتەوە دژایەتیی هەر جۆرە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران دەکات. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئێلای کوهێن، وەزیری دەرەوەی حکومەتی نوێی ئێسرائیل رایگەیاند؛ واشنتۆن چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران راگرتوە. بلینکن جەختی لەوە کردوەتەوە ئەمریکا پابەندە با پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و هاوکات بەهۆی هەڵسوکەوت و مامەڵەی توندی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە واشنتۆن زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران راگرتوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کە چەند رۆژێکە دەستبەکار بوە رایگەیاند؛ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دژایەتیی هەرجۆرە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی و هەوڵدان بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 دەکات کە لە ساڵی 2015 واژۆ کراوە. تا ئێستا جگە لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەر یەکە لە بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و یۆاڤ گاڵانت، وەزیریی بەرگریی وڵاتەکە جەختیان لەوە کردوەتەوە کە بەرەنگاری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبنەوە و کاری سەرەکیی حکومەتی نوێی تەلئەبیب دژایەتیی تاران دەبێت لە ناوچەکەدا.  

هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەکردن بەوەی رەنگە سوپای رووسیا هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی زیاد بکات، رایگەیاند: ''لەوانەیە شەوانی هەفتەکانی داهاتوودا پڕجووڵە بن''. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە کاتەکانی شەو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا. سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە ئامارەکانی رۆژانی رابردوو کرد و گوتی: ''تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاد لە ٨٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە ئاراستەکراون، لە ئاسماندا تێکشکێندراون. لە شەوی سەری ساڵەوە تا ئێستا کە دوو رۆژ تێپەڕیوە، ژمارەی ئەو فرکەی بێ فرۆکەوانانە ئێرانیانەی (دروستکراوی ئێران) لە ئۆکراینا خراونەتە خوارەوە ٨٠ی تێپەڕاندووە. رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ژمارەیە روو لە زیادبوون بکات. لەبەرئەوە لە هەفتەکانی داهاتوودا، رەنگە شەوان زۆر پڕجووڵە بن. زانیارییمان هەیە رووسیا پیلانی هەیە هێرشێکی درێژخایەنی شاهید (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهید) ئەنجام بدات''. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای کرد، هێزی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی هۆشیارتربێت و گوتی: ''ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان زیاتر وریابن لە پاراستنی کایەی ئاسمانیی''. سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو کە پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لایەن ئەنجام داوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی لووتکەی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا-ئۆکراینا کە بڕیارە لە مانگی شوباتدا ساز بکرێت. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ڤۆن دێر لایەن-دا باسیان لەو پشتیوانییە داراییە کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینای دەستەبەرکردووە و گوتی: ''بەپێی ئەو بڕیارەی ساڵی رابردوو دەرکراوە، چاوەڕوانین یەکەم بەشی پشتیوانییە داراییە گەورەکە لە کانوونی دووەمدا بگاتە دەستمان. ئەم پشتیوانییە زۆر گرنگە، ئەویش لەم کاتەدا کە رووسیا هەوڵی کۆکردنەوەی هێزی نوێ دەدات بۆ هێرشکردن''.

هاوڵاتی شازادە هاری، کە بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیای بەجێهێشت و لە ئەمریکا نیشتەجێبوو، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا به‌رله‌وه‌ی کتێبەکەی لە ١٠ی كانوونی دووه‌مدا بڵاوبکرێتەوە، ئاشكرایكرد باوکی، پاشای به‌ریتانیا، چارڵزی سێیەم و برا گەورەکەی، شازادە ویلیه‌می ده‌وێته‌وه‌. شازادە هاری لە چاوپێکەوتنێکدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ITV، كه‌ ٨ی كانوونی دووه‌م پەخش دەکرێت، روونكردنه‌وه‌ی لەبارەی بنەماڵەی شاهانە و مه‌رگی دایکی، دیانا و داهاتووی خۆی دا. له‌و به‌شه‌ كورته‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوكرایه‌وه‌، گوته‌كانی شازاده‌ هاری كه‌ ده‌ڵێت "هیچ سازانێكیان نیشان نه‌دا" هه‌یه‌ به‌ڵام دیار نییه‌ به‌م گوته‌یه‌ مه‌به‌ستی كێیه‌. هاری گوتی: "باوه‌ڕیان وایه‌ پیشاندانی ئێمه‌ به‌ كه‌سانی خراپ، كارێكی باشتره‌" و رایگه‌یاند: "خێزانم ده‌وێت، نه‌ك دامه‌زراوه‌". له‌میانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا شازاده‌ هاری ده‌ڵێت: "باوكم ده‌وێته‌وه‌، برا گه‌وره‌كه‌مم ده‌وێته‌وه‌". - "بێدەنگی خیانەتە" هەروەها چاوپێکەوتنەکەی شازادە هاری لەگەڵ کەناڵی CBS، ٨ی كانوونی دووه‌م پەخش دەکرێت. به‌شێكی كورت لەو چاوپێکەوتنەش بڵاوکرایه‌وه‌. كه‌ تیایدا شازادە هاری باس كه‌وه‌ ده‌كات میدیا چیرۆکی لە دژی ئەوان هۆنیوه‌ته‌وه‌ و ئاماژەی بەوەدا کە کۆشکی به‌کینگهام بەرگریی له‌ خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، مێگان ماركڵ نەکردووه‌ به‌ر له‌وه‌ی دەست لەكاره‌كانیان له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌دا بكێشنه‌وه‌. هاری راشیگه‌یاند: "درووشمی خێزانه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ 'هه‌رگیز گازنده‌ مه‌كه‌، هه‌رگیز روونكردنه‌وه‌ مه‌ده‌' به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها درووشمه‌. كاتێك له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا (له‌ كۆشكی به‌كینبهامه‌وه‌) ده‌گوترێت كه‌ 'ناتوانین روونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌ین بۆ پارێزگارییكردن له‌ تۆ'، كاتێك ئه‌مه‌ بۆ ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ ده‌كه‌یت، ده‌گاته‌ خاڵێكی ئه‌وتۆ كه‌ بێدەنگی خیانەتە". هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی گوته‌كانی شازده‌ هاری له‌لایه‌ن كۆشكی به‌كینگهامه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌. - چاوپێكه‌وتنه‌كانی شازاده‌ هاری به‌ر له‌ كتێبه‌كه‌ی بڵاوده‌كرێته‌وه‌ هه‌ردوو چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شازاده‌ هاری به‌ر له‌ دوو رۆژ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی كه‌ بڕیاره‌ رۆژی ١٠ی كانوونی دووه‌م بكه‌وێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. كتێبه‌كه‌ ناوی "Spare"ه‌ و به‌ ١٥ زمان بڵاوده‌كرێته‌وه‌، هاوكات كتێبێكی ده‌نگی ده‌بێت كه‌ شازاده‌ هاری به‌ ده‌نگی خۆی ده‌یخوێنێته‌وه‌. شازاده‌ هاری كوڕی بچووكی پاشای به‌ریتانیا، چارلزی سێیه‌م و شازاده‌ی وێڵز، دیانایه‌ كه‌ له‌ رووداوێكی هاتوچۆدا له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌ پاریس گیانی له‌ده‌ستدا. چارلز و دیانا لە ساڵی ١٩٩٦ جیابوونه‌وه‌. كاتێك دیانا گیانی له‌ده‌ستدا، ویلیه‌م ته‌مه‌نی ١٥ ساڵان و هاری ته‌مه‌نی ١٢ ساڵان بوو.

هاوڵاتی تابوتێکی مێژوویی کە بەرزیەکەی نزیکەی سی مەترە، لە مۆزەخانەی زانستە سروشتییەکانی هیوستن لە ویلایەتی تەکساس دانرابوو، پاش  لیکۆڵینەوەکانی دەسەڵاتدارانی میسر لە چوارچێوەی یاساکانی ئەمریکا سەلماندیان بەتاڵان براوە، گەڕێندرایەوە میسر. ئەو تابووتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆتاییەکانی خانەدانانی میسری کۆن، بەگویرەی وتەکانی مستەفا وەزیری لە ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکان، سەردەمانێک کە لە ساڵی ٦٦٤ پێش زایین تا ٣٣٢ پێش زایین، لە سەردەمی هەڵمەتی ئەسکەندەری مەکدۆنیدا لە میسربووە. مستەفا وەزیری، لە ئەنجومەنی باڵای شوینەوارەکان وتی، تابوتەکە بەشێک لە نوسراوەکانی سڕدراونەتەوە، بەڵام پێدەچیت بگەڕێتەوە بۆسەردەمێکی  کۆن و هی قەشەیەکی کۆن بوبێت بەوناوی ئەنخێنمات. هاوکات جگە لەم تابوتە مێژووییە، لە ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتدارانی قاهیرە زیاتر لە ٥ هەزار و٣٠٠ کەلوپلەی مێژووی تاڵانکراویان گەڕاندەوە بۆ میسر.

هاوڵاتی کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی کە سێ یەکی ئابوری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ڕوو لە کەمبونەوە ئەکات، هەروەها ڕایگەیاند هەریەک لە پێشەنگی ئابوری جیهانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، چین ئابوریەکەیان لە پاشەکشەدایە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسە رهەموو جیهان دادەنێت. کریستالینا جۆرجیڤا، لەبارەی چینەوە ئاماژەی بەوەکرد کە چین وەک دووەم گەورەترین وڵاتی بەهێزی ئابوری لە چەند مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ دا ئابوریەکەی بەسەختیەکی زۆردا تێپەڕدەبێت، هەروەها ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر چین، هەموو وڵاتانی جیهان دەبێت، بەتایبەتیش وڵاتانی ئاسیا. ئابوری چین بەپێی ئەو داتا وئامارانەی کە لەهەفتەکانی کۆتایی مانگی کانونی یەکەم بڵاوکرانەوە، ڕووی لە دابەزین کردووە، بەپێی داتاکانی بەڕێوبەرانی فەرمی کڕین، جموجۆڵی کارگەکانی چین بۆ سێ مانگ لەسەریەک کەمی کرردووە و داهاتەکەی دابەزیوە ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆررۆنا لە چین. جگە لە کەمبوونەوەی جوموجۆڵە ئابوری وبازرگانیەکانی کارگەکانی چین، هاوکات یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە کە کاریگەری لەسەر ئابوری چین داناوە، نزمبونەوەی نرخی خانووبەرەیە. هەروەها لەبارەی دابەزینی ئەمریکا بەجۆرێکە، کە خواست کەم بۆتەوە لەسەر ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتەکانی دیکەی ئاسیا لەوانەش ڤێتنام وتایلەند وچین درووست دەکرێن، هاوکات یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە بەرزبوونەوەی سودی ئەو قەرزانەیە کە وەریدەگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانەکان کارەکانیان وکۆمپانیاکانیان فراوان نەکەن. وەک سەرۆکی سندوقی دراوی جیهانی دەڵیت، پاشەکشەی ئابوری لە وڵاتانی پێشەنگی ئابوری جیهانی، کاریگەری گەورە دادەنێت لەسەر جیهان، یەکێک لەوانەش گەشەنەکردنی وڵاتانی زلهێزە کە وادەکات سەرمایەدارەکان پارەکانیان لە پڕۆژەکان بکێشنەوە وئەمەش کێشە بۆ وڵاتانی هەژار درووست ئەکات کە پارەی کاشیان بەبڕی پێویست نیە. ئەم لێدوانەی کریستالینا جۆرجیڤا لەکاتێکدایە کە مانگی تشرینی یەکەم، سندوقی دراوی جیهانی رایگەیاند  ئابوری جیهان ڕوو لە پاشەکشەیە. ئابوریاناسان هۆکاری قەیران وپاشەکشەی ئابوری جیهانیان بۆ جەنگی ئۆکرانیا وبەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە چین، بەرزبونەوەی نرخەکان بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا، بەرزبونەوەی سودی قەرزەکان گەڕاندەوە.    

هاوڵاتی ڤیدیۆ..دیمەنی تۆپبارانکردنی سوپای ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە  

هاوڵاتی رۆژی شەممە پارێزگاری دیموکراتەکانی ویلایەتی نیویۆرک ڕایگەیاند، نیویۆرک بووە شەشەمین ویلایەتی ئەمریکا کە بڕیاری بەپەینکردنی لاشەی مردووی مرۆڤی پەسەندکرد، ئەمەش لەپێناو سودگەیاندن بە ژینگە وکەمکردنەوەی کاریگەریەکانی لەسەر زەوی. کەتی هۆچول، پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرک بڕیاریدا کە ڕێگەبدرێت بە پەیەنکردنی لاشەی مرۆڤی مردوو لە نیویۆرک، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شێوازەکانی دیکەی ناشتنی مردوو و سوتاندن کاریگەریەکی خراپیان لەسەر ژینگە هەیە ودەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە. لەم شێوازەدا لاشەی کەسی مردوو لەگەڵ چەند پێکهاتەیەکی دیکە تێکەڵ دەکرێن وەک پوش، چیلکە ودار وچەند ماددەیەکی دیکەدا بۆماوەیەکی کەم گەرم دەکرێت و دەکرێت بە پەین کە دواتر دەتوانرێ بۆ نەمام چاندن سودی لێوەربگیرێتەوە، لەپاش پرۆسەکە پەینەکە دەدرێتەوە بە کەسوکاری مردووەکە بۆ بەکارهێنانی لە چاندنی نەمام وڕووەکێکدا. هاوکات پێش ویلایەتی نیویۆرک، لە ساڵی ٢٠١٩ واشنتۆن یەکەم ویلایەتی ئەمریکا بوو کە بە یاسایی کرد، هەریەک لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، ئۆریگۆن، ڤێرمۆنت و کالیفۆرنیاش بەدوایدا  بڕیارەکەیان پەسەندکرد..

هاوڵاتی ژمارەی قوربانیانی ئەو لافاوەی لە هەفتەی پێشوەوە  فلیپینی گرتۆتەوە گەیشتە ٥١ کەس و زیاتر لە ١٩ کەسیش بێسەروشوێنن. ئاژانسی وەڵامدانەوەی کارەساتی نەتەوەیی ڕۆژی دووشەممە گوتی،  بەلایەنی کەمەوە 22 شار و شارۆچکە دۆخی لەناکاویان ڕاگەیاندووە لافاو لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە شەپۆلی بارانبارین لێیداوە دروست بووە ،تەنها لە هەرێمی میندانای باکوور  ٢٥ کەس گیانیانلەدەستداوە ڕاشیگەیاند زۆربەیان بەهۆی خنکان و ڕۆچونی زەوییەوە بوەو ژمارەیەکیشیان ماسی گربوون . وتیشی، زیاتر لە 8,600 کەس لە پەناگەی فریاکەوتن ماونەتەوە باسی لەوەشکرد، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 4500 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و لەگەڵ ڕێگاوبان و پردەکان و هەندێک ناوچەیش هێشتا کارەبایان نییە. ئاژانسی وەڵامدانەوەی کارەساتی نەتەوەیی  ئەوەشی ڕونکردەوە حکومەت خواردن و پێداویستی ناردوو بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و کەلوپەل و پەناگە بۆ ئەو کەسانە دابین کراوە کە ماڵەکانیان ژێر ئاو کەوتون. هاوکات زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەھۆی بارانبارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون لە ناوچەی میندانا و باکووری فلیپین تۆمارکراوە.

هاوڵاتی لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو هەلیکۆپتەر لە ئوسترالیا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە دۆخێکی مەترسیداردان.  دووشەممە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو هەلیکۆپتەرلە دەوروبەری کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی ئوسترالیا لە نزیک هێڵی گەشتیاری بەناوبانگی کەناری سەرەکی لە کەناری گۆڵد لە باشووری بریسبان چوار کەس گیانیان لەدەستدا. گاری وۆرێل، لێکۆڵەری پۆلیسی کوینزلەند،  بە پەیامنێرانی گوت: "ئەو دوو فڕۆکەیە، کاتێک بەیەکدا کەوتن، لە کەناری دەریاکە کەوتونەتە خوارەوە. سێزدە کەس لەسەر دوو هەلیکۆپتەرەکە بوون، بە وتەی جەینی شێرمان، لە خزمەتگوزاری ئامبولانسی کوینزلاند لەو ژمارەیە چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش برینداری سەختیان هەیە وو شەش کەسیش برینی بچوکیان  هەبووە و سەرجەمیان براونەتە نەخۆشخانە. هاوکات ئەنگوس میچێل، سەرۆکی کۆمیساری فەرمانگەی سەلامەتی گواستنەوەی ئوسترالی (ئەی تی ئێس بی) لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەسەرهۆکاری پێکدادانەکە دەستی پێکردووە.    

هاوڵاتی لە ئەنجامی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر زیندانی سیوداد خوارێز لە سنووری ئێل پاسۆ لە تێکساس 10 پاسەوان و چوار زیندانی کوژران . نوسینگەی داواکاری گشتی ویلایەتی چیهواوا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە نزیکەی کاتژمێر 7ی بەیانی ئۆتۆمبێلیکی زرێپۆشکراو هێرشی کردۆتە سەر زیندانەکەو  تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە جگە لەو کوژراوانە 13 کەسی دیکە  برینداربوون و بەلایەنی کەمەوە 24 زیندانیش هەڵهاتوون. وتیشی ، لە ئێستادا زیندانەکە کۆنتڕۆڵ کراوەو لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیی مه‌كسیك، رووداوه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك روویداوه‌، ژماره‌یه‌ك چەکدار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر زیندانه‌كه‌ و تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە، لە کاتێکدا کە بنەماڵەی زیندانییەکان چاوەڕێی چوونە ژوورەوەی زیندانەکە بوون بۆ ئەوەی بە بۆنەی سەری ساڵەوە سەردانی کەسوکارەکانیان بکەن. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "مەبەست لەو هێرشە ئاسانکاریی بوو بۆ هەڵهاتنی کۆمەڵێک زیندانی." هاوکات بەپێی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتی ئەو ویلایەتە، کەمێک پێش هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی سەر زیندانەکە، پۆلیسی ئەو ناوچەیە هێرشی کراوەتە سەرو دوای بەدواداچوون توانییویانە چوار پیاو دەستگیر بکەن. جێگەیباسە، توندوتیژی لە زیندانەکانی مەکسیکدا زۆر جار ڕودەدات، پێکدادانەکان بە بەردەوامی لە نێوان باندە ڕکابەرەکاندا هەیە، لە مانگی ئابدا پشێوی لە ناو هەمان بەندیخانەدا کەوتەوەوسەرئەنجام 11 کەسی گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی لە کۆنسێرێکدا لە کامپالای پایتەختی ئۆگەندا لە مۆڵێکدا بەهۆی قەرەباڵغیەوە ٩ کەس گیانیان لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی کامپالا، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە وخنکاون زۆربەییان منداڵ ونەوجەوانن، لەناو مۆڵەکەدا قەرەباڵغیەکی زۆر درووستبووە وخەڵکەکە بەپێچەوانەی یەکترەوە رۆشتوون. نزیکەی ٥ لەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن و ژێر پێ کەوتوون و خنکاون، هەروەها بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات لەدوای پەتای کۆرۆنا، ئەمە یەکەم کۆبونەوە وئاهەنگی سەری ساڵ بووە لە ئۆگەندا، پۆلیسی کامپالا ڕایگەیاندووە کە خەڵکێکی زۆر لە مۆڵەکەدا کۆبونەوە بۆ بینینی یاریە ئاگرینەکان وئاهەنگی سەری ساڵ، هەر بۆیە ئەم ڕووداوەی لێکەوتۆتەوە و هەروەها ئاماژەی بەوەداوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

هاوڵاتی دوێنی لەدوای وتارەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ سەری ساڵی نوێ، ڤلادیمێر زیلێنسکی لە پەیامێکدا بۆ ڕووسیەکان وتی، پوتین وڵاتەکەتان لەناو ئەبات، ڤلادیمێر پوتین لەپشت سوپاکەی خۆی حەشارداوە نەوەک سەردکردایەتیان بکات. لەدوای هێرشە موشەکیەکانی ڕووسیا بۆسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەدواین ساتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکرانیەکان پەیامی تووندیان ئاڕاستەی سەرۆکی رووسیا کرد و روسیایان بەوە تۆمەتبارکرد کە خەڵکی سڤیلیان کردۆتە ئامانج لەکاتێکدا ئۆکرانیەکان کۆببونەوە و ئاهەنگی سەری ساڵیان دەگێڕا. سەرەڕای هێرشە موشەکیەکانی ڕۆژی شەممە کە تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا، ڕوسیا هێرشە موشەکیەکانی بۆسەر کیەڤی پایتەخت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دەستیانپێکردەوە وبەردەوام بوون، بەپێی ڕاگەێندراوی کاربەدەستانی ئۆکرانیا لە هێرشەکانی ڕۆژی یەک شەممە نزیکەی ٤٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کامیکازی درووستکراوی ئێرانیان خستۆتە خوارەوە. هەر لەبارەی هێرشە موشەکیەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەندری نێبیتۆڤ، بەرپرسی پۆلیسی کیێڤ وینەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بڵاوکردەوە کە خستبوویانە خوارەوە و بە ڕووسی لەسەری نوسرابوو " سەری ساڵی نوێتان پیرۆز"

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دادگای نێودەوڵەتی بۆچوونێک سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش بکات، هاوڵاتیانی فەڵەستین دەستخۆشیان لەم بڕیارە کرد و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش توڕەی خۆی دەربڕی. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند کە دەنگدانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و داواکردنیان  لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پێدانی بۆچونێک لەسەر دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە بڕیارێکی "چەپەڵە". وتیشی : "جولەکەکان لەسەر خاکی خۆیان داگیرکەر نین و داگیرکەر نین لە ئۆرشەلیمی پایتەختی هەتاهەتایی ئێمە و هیچ بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەو ڕاستییە مێژووییە بگۆڕێت". هاوکات، فەڵەستینییەکان پێشوازیی و دەستخۆشییان لەم بڕیارە کرد. نەبیل ئەبو ڕودەین، وتەبێژی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ملکەچی یاسا بێت، و لێپرسینەوە لە تاوانە بەردەوامەکانی لە دژی گەلەکەمان بکرێت". هەروەها حسێن ئەلشێخ بەرپرسی باڵای فەلەستین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، دەنگدانەکە "دەرخەری سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی فەلەستینە". لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا 87 ئەندام هەبوون کە دەنگیان بە پەسەندکردنی داواکارییەکە دا، ئیسرائیل و ئەمەریکا و 24 ئەندامی دیکە دەنگی نەخێریان دا، و 53 نەندامیش بێلایەنبوون. جێگەیباسە دادگای نێودەوڵەتی کە بنکەی لە لاهایە و بە دادگای جیهانیش ناسراوە، دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان و نەتەوەکاندا دەکات. بڕیارەکانی پابەندکەرن، هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنیان نییە

وڵاتێکی دیکەى ئەوروپا چوە ناو ناوچەی شنگن و لەمەودوا مامەڵە بە دراوی یۆرۆ دەکات. کرواتییا کە ماوەى 10ساڵە  بوەتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا،  لە نوێترین هەنگاودا بڕیاری دا  بە درکار بە دراوی یۆرۆ بکات. وڵاتی کرواتیا بەم هەنگاوەی ماڵئاوایی لە دراوی نیشتیمانیی خۆی کرد کە دراوی (کونا) کرد و بەوەش یەکێکی دیکە بە وڵاتانی ئەوروپا زیاد دەکات کە کار بە دروی یۆرۆ دەکەن. کرواتیا یەکێکە لە وڵاتە سنورییەکانی کیشوەری ئەوروپا و روبەرێکی گەورەی سنوری ئاویی هەیە و بە پەیوەستبونی بە ناوچەی شنگن سودمەند دەبێت لە چەندین پێودانگی نوێ. لە کۆی 27 ئەندامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی رابردو 19 وڵات دراوی یۆرۆیان وەک دراوی سەرەکیی بەکارهێناوە و کرواتیا دەبێت بە بیستەمین وڵات کە دراوی یۆرۆ دەبێت پارە و دراوی وڵاتەکەی.