هاوڵاتى ئەندامێکی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، راده‌ستنه‌كردنی هه‌مو سه‌رچاوه‌كانی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ حكومه‌تی فیدراڵ، ڕێگر ده‌بێت له‌وه‌ی له ‌ماوه‌ی ساڵی 2021دا پاره‌ وه‌ربگرێت، به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌ش له‌ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. مه‌نسور بعێجی، ئەندامی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا لە پەرلەمانی عێراق  رایگه‌یاند، "سه‌ره‌ڕای سه‌ردانی شاندی كوردی بۆ به‌غدا كه‌ یه‌كه‌م و دوا شاندی شاند نییه‌ كه‌ دێت، به‌ڵام دانوستانه‌كان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، بەڵام حكومه‌تی كوردستان ئه‌گه‌ر داهاته‌كانی راده‌ست نه‌كات، ئه‌وا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رناگرێت له‌ ساڵی 2021دا، له‌و روه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌باشی ئاگاداركراوه‌ته‌وه"‌. ئاماژەی بەوەشکرد، "به‌هه‌مانشێوه‌ی یاسای كورتهێنانی دارایی، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم داهاته‌كانی پێشوه‌خت راده‌ست نه‌كات، له‌ناو پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقدا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رناگرێت". مه‌نسور بعێجی باسی لەوەشکرد، "ده‌بێت گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك راستی هه‌یه‌ ده‌ركی پێبكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ بوه‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان حكومه‌ته‌كه‌یانه‌، كه‌ پابه‌ند نابێت به‌یاسا و ده‌ستوره‌وه‌ و داهاته‌كه‌ی ناگه‌یه‌نێته‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی، وه‌ك سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات و داهاتی ناوخۆیی و فڕۆكه‌خانه‌كان و گومرگه‌كان ده‌بات و نازانین بۆ كوێ ده‌چێت".  ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا ئەوەشی خستەڕو، "هیچ رێكه‌وتنێكی فه‌رمی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی بونی نییه‌، شانده‌كه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بو به‌ به‌ڵێنه‌كانی، بۆیه‌ ئه‌و به‌رپرسیارێتی یاسایی و ده‌ستوریشیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ". ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ پرۆژه‌ بدوجه‌ى ساڵى 2021ى عێراق نێردراوه‌ته‌ په‌رله‌مان و وه‌فدى هه‌رێمیش بۆ رێککه‌وتن چه‌ندین جار چونه‌ته‌ به‌غدا و بێ هیچ رێککه‌وتنێک گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.  

هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، ئاماری سزادراوانی ساڵی 2020ی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، 345 نه‌وجه‌وانی راگیراو و ئه‌مساڵ به‌راورد به‌ساڵی رابردو، ژماره‌ی سزادراوان كه‌میكردوه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی، ئه‌مڕۆ،چوار شه‌ممه‌، 30ى12ى 2020 ئاماری ساڵی 2020ی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "345 (سێسه‌د و چل و پێنج) نه‌وجه‌وانی راگیراو و دانراو و سزادراوی ژنیان له‌ ساڵی 2020دا بۆ ره‌وانه‌كراوه‌". له‌ ئاماره‌که‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ روو له‌و رێژه‌یه‌ش 301 (سێسه‌د و یه‌ك كه‌سیان) له‌ره‌گه‌زی نێر بون، 44 (چل و چوار) كه‌سیشیان له‌ره‌گه‌زی مێ بون، به‌رێژه‌ی 74%ی سزادراوه‌كان به‌ سزای سوك سزادراون و 26%شیان سزای قورسیان هه‌یه‌".

هاوڵاتى پزیشکێکی کوردی پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو له‌ له‌نده‌ن ڕایگه‌یاند ھەمو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە ئەو ژمارەیە زۆر بە خێرایی له‌ زیادبوندایە، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەو شریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندالان دەبێت. دکتۆر عارف گۆران  پزیشکێکی کوردی پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو له‌ له‌نده‌ن بڵاویکردۆته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌کات"ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە ئەو ژمارەیە زۆر بە خێرایی له‌ زیادبوندایە، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەو شریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندالان دەبێت، چونکە جۆری یەکەمی ڤایرۆسەکە کەمتر لە منداڵان دەردەکەوێت، هاوکات ھیچ بەڵگەیەک  له‌به‌رده‌ستدا نیە وانیشان بدات ڤایرۆسکە بە ھێزتر بوە. ئەوەشی خسته‌ڕو، کاتێک کە ژمارەی توشبوان زیاتر دەبێت ژماره‌ی ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە زیاتر دەکات، ئێستا لە ھەمو کاتێک زیاتر گرنگی ڤاکسین دەردەکەوێت،  تا ئێستا زۆربه‌ی پسپۆرانی بواری ڤاکسین لەو باوەڕەدان، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان لە سەر ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە ھەیە، بەڵام ئەو پرۆسەیە پێویستی بە کاتە تاوه‌کو ژمارەیه‌کی بەرچاو لە خەڵک بە ڤاکسین ده‌کوترێت، بۆ ئەوەی لە رێژەی بڵاوبونەوە و توشبون بەو ڤایرۆسە کەم ببێته‌وه‌، بەوھیوایەن لە چەند مانگی داھاتودا ئەو ڤایرۆسە و رێژەی توشبون رو لە کەمی بکات.  ڤایرۆسە نوێکە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا زۆر بەخێرایی بڵاوده‌بێته‌وه، بە تایبەتی لەندەن روبەڕوی دۆخێکی زۆرسه‌خت بوەتەوە، ئەوەی تا ئێستا ده‌رباره‌ی دەزانرێت، 80%ی زیاتری توشبوان، بە ھۆی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌یه‌. دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە ئاگاداریەکدا بۆ کوردانی بریتانیا رایگەیاندوە، "لە ھەفتەی رابردو ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی بریتانیا توشی ئه‌و په‌تایه‌ بون و پەیوەندیم پێوەدەکەن و داوای ئامۆژگاری ده‌كه‌ن، لای کەس شاراوە نیە ئەو ڤایرۆسە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا زۆر بەخێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌، بە تایبەتی لەندەن روبەڕوی دۆخێکی زۆرسه‌خت بوەتەوە". دکتۆر عارف گۆران داوا لە کوردانی بریتانیا دەکات "تا بۆیان دەکرێت لە ماڵەوە دەرنەچن، لە ھەمان کات رۆژانە لانیکەم 10 کاتژمێر لە نەخۆشخانەم".

هاوڵاتى وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن  پارەی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای ئەوروپا دابین بکەین. رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند: "لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق لە بەغدا گەیشتووینەتە رێککەوتن تاوەکو بتوانین سوود لە سەرچاوە دارایییەکانی ئێران لەو وڵاتە وەربگرین و پارەی کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنای ئەوروپا دابین بکەین." وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوە دا، ئەو پارەی غاز و کارەبایە کە عێراق قەرزاری ئێرانە بۆ کڕینی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای ئەوروپا بەکاردێت. ئەردەکانیان باسی لەوەش کرد کە ئێران خاوەنی سەرچاوەی داراییە لە دەرەوەی وڵات، لەوانەش لە عێراق و بە گوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەو سەرچاوە داراییانەی ئێران کە لە عێراقن بۆ ڤاکسینی کۆرۆنای ئەوروپا بەکاردەهێنرێن. وەزیری وزەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ ئەو هەموو سنووردارکردنانەدا کە هەن، وەزارەتی کارەبای عێراق سەرکەوتوو بووە بەشێك لە داواکارییەکانی کۆمپانیای نەتەوەیی گازی ئێران دابین بکات.

هاوڵاتى ریفراندۆم یان راپرسی کە بەواتای بەشداریی خەڵک بۆ یەکلاکردنەوەی پرسێکی چارەنووسساز دێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (508) ساڵ پێش میلادو سەردەمی سەرهەڵدانی دیموکراسیی لەیۆنان، ئەمڕۆ بووەتە چەکێکی کاریگەر بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی حزب و لایەن و بەرپرسان و ئەمەش وایکردووە ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتداریی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی خۆیدا چەندجارێک سوود لەڕیفراندۆم وەربگرێت و لەدوایین داواکاریشدا حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکی روون و ئاشکرای کاری حکومەت و پەرلەمان جارێکی دیکە داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی لەوڵاتەکەی کرد کەکاردانەوەی توندی باڵی محافزکاری لەو وڵاتە لێکەوتەوەو ئەمەیان بەگەمەیەکی رۆحانی بۆ پەردەپۆشکردنی حەوت ساڵی کەموکوڕیی و ناکارامەیی لەئەرکی سەرۆکی حکومەت لەقەڵەمداو بەدوایین کارتی سووتاوی سەرۆک کۆماری ئێران وەسفیان کرد، کە لەڕاستیشدا بەپێی دەستوری ئەو وڵاتە ئەنجامدانی راپرسیی زۆر قورسەو قفڵی لێدراوەو بە تابۆ ناودەهێنرێت و شارەزایانی مێژووی ئێران پێیانوایە ریفراندۆم سەری سەرۆکی حکومەت دەخوات. مێژووی ریفراندۆم و راپرسی لەئێران یەکەم (راپرسیی موسەددیق) لەدەستوری سەردەمی پاشایەتی لەئێران ئاماژە بەڕیفراندۆم نەکراوە، بەڵام لەو سەردەمەدا حکومەتی کاتیی محەمەد موسەددیق، سەرۆک وەزیرانی ئێران خولی (17)یەمی ئەنجومەنی شورای نیشتیمانی (پەرلەمان)ی لەساڵی (1953)هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای ریفراندۆم، محەمەد رەزا پەهلەوی پاشای ئەوکاتی ئێران کودەتایەکی لەدژی موسەددیق بەڕێوەبردو کۆتایی بەحکومەتی موسەددیق هێنا. دوەم (راپرسیی شۆڕشی سپی) محەمەد رەزا پەهلەوی لەساڵی (1962) بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتەکانی پاشایەتیی لەئێران بەرفراوان بکات لەدووتوێی شەش دەسەڵاتی پاشایەتیدا ریفراندۆمی لەوڵاتەکەی راگەیاند، کە بەشۆڕشی سپی ناوی دەهێنرا، بەڵام ئەم کارەی پەهلەوی بەهۆی دژایەتیی زانا ئاینییەکانی ئەو سەردەمەوەو بەتایبەت روحەڵڵا خەومەینی، ناکۆکیی زۆری لێکەوتەوەو بایکۆت کرا. سێیەم (راپرسیی تەختی پاشەیەتی بۆ کۆماری ئیسلامی) دوای راپەڕینی گەلانی ئێران لەساڵی (1979)و کۆتایی سیستمی پاشایەتیی لەو وڵاتەو هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لەڕێکەوتی (30 و 31)ی ئازاری هەمان ساڵدا ریفراندۆم بەڕێوەچوو، کەدواتر راگەیەنرا (92%)ی خەڵکی ئێران بەدەنگی بەڵێ دەنگیان بە سیستمی کۆماری ئیسلامی داوە لەوڵاتەکەیان. چوارەم (گۆڕینی دەستوری پاشایەتی بۆ کۆماریی) دوای ریفراندۆم بۆ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی لەئێران، رەشنوسی نوێی دەستوری ئێران بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو یەکەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کراو لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەو نووسینەوەی دەستنیشانکران و دوای سێ مانگ لەپێداچوونەوە لەساڵی(1980) خرایە راپرسییەوەو راگەیەنرا کە دەستوری نوێ دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەدەستهێناوەو پەسندکراوە. پێنجەم (راپرسی لەسەر دەستوری کۆماری ئیسلامی) سالی (1989) بەفەرمانی خومەینی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنرا، بەڵام مەرگی خومەینی بووە هۆی دواکەوتنی راپرسیی لەسەر دەستور، دواتر بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی خومەینی، پۆستی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەڕەسمی لەدەستوردا لابراو دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی بەرفراوانتر کران و چاودێریی هەموو سەرۆکایەتییەکانی (حکومەت، پەرلەمان، دادوەریی)، دەستنیشانکردن یان لابردنی فەرماندە سەربازییەکان و تەنانەت دوورخستنەوەی سەرۆک کۆمار کەوتە ژێردەستی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و لە رێکەوتی (28)ی تەمموزی (1989) گۆڕانکارییەکان لەدەستوردا لەگەڵ هەڵبژادنەکانی خولی پێنجەمی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە خرایە راپرسی و دەنگدانەوەو عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی بوو بەسەرۆک کۆمارو دەستوری نوێ پەسند کرا. ریفراندۆم بنبەستی کۆماری ئیسلامی لەچوار یاسای (6،59،99،110)ی دەستوری ئێراندا ئاماژەی راستەوخۆ بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەئێران کراوەو تائێستا هیچ لەو چوار یاسایە بۆ ریفراندۆم جێبەجێ نەکراوە. دوای مەرگی خومەینی (72%)ی ئەنجومەنی دەستەبژێری ئێران (نوخبەگان) دەنگی بە عەلی خامنەیی دا بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی خومەینی، لەکاتێکدا بەپێی دەستوری رابردووی کۆماری ئیسلامی، خامنەیی مەرجی (مەرجەعیەت)بوونی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە نەبووە، بەڵام دواتر ئەو مەرجە لەدەستوری نوێدا لابراو دوای راپرسی لەسەر دەستوری نوێ جارێکی دیکە لەئەنجومەنی دەستەبژێرانی ئێران دەنگدان بۆ خامنەیی کرایەوە، کە ئەمجارەیان لەکۆی (64) ئەندامی ئەنجومەنەکە (60) کەسیان دەنگیان بەخامنەیی داو ریفراندۆم بووە مایەی خێرو بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی ئەو لەئێراندا. بەپێی بڕگەی (177)ی ئەو دەستورەی کەخامنەیی یەکێک لەئەندامانی سەرەکیی لیژنەی پێداچوونەوەی بوو لەڕاپرسیدا دەنگی هێنایەوە، بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی لەسیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و (ویلایەتی فەقێ) و ئیمامی گشتیی کەخامنەییە راپرسیی لەسەر ناکرێت. هەر لەهەمان بڕگەداو لەبەشی کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە سیستمی کۆماریی لەئێران بەپشتبەستن و لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک، دین و ئایین تێیدا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، واتە سیستمی کۆماری ئیسلامیی بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و نابێت بخرێتە دەنگدان یان راپرسییەوە. لەلایەکی دیکەوە ماددەی (59) لەدەستوری کۆماری ئیسلامی ئێراندا رێگەی بەوەداوە کە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی) داوە، لەکاتێکدا لەساڵی (1989) تائێستا دەیان داواکاریی بۆ راپرسی خراوەتە بەردەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەڵام رەتکراوەتەوەو حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە پسپۆریی لەدەستوردا هەیە، لەساڵی (2015) تائێستا داوای ریفراندۆم و راپرسیی لەسەر چەند پرسێک دەکات، بەڵام رەتکراوەتەوەو هێرشی توند کراوەتەسەری، بۆیە بەبڕوای شارەزایان ریفراندۆم لەئێران تابۆیەو قفڵی لێدراوەو دەستبردن بۆی مەترسیدارە . سەرۆکەکان لەئێران داوای ریفراندۆم دەکەن مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لەساڵی (2010) لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنی داوای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان سەبارەت بەبودجەی ساڵی (2011) ریفراندۆم لەوڵاتەکەی بەڕێوەبچێت، کەپەرلەمانی ئەوکات زۆرینەی لەدەستی ریفۆرمخوازاندا بوو رایانگەیاند؛ حکومەت ناچارە بەجێبەجێکردنی یاسای پەسندکراوی پەرلەمان و پێویستی بە ریفراندۆم و راپرسیی نییەو لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی بووە نێوەندگیر لەنێوان حکومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی راپرسیی نەبێتە چەکێک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو دو دەزگا سەرەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێران. حەسەن رۆحانی کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسای بنەڕەتی (دەستور)ە، رەخنەی لەدەستوری وڵاتەکەی گرتووەو رایگەیاندووە زۆر ئاساییە چەند ساڵ جارێک راپرسی و ریفراندۆم لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەستورو ئاسانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەڵام (30) ساڵە ریفراندۆم لەئێراندا نەکراوە. رۆحانی لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: (30) ساڵە هیچ گۆڕانکارییەک لە(دەستور)ی ئێراندا نەکراوە، لەو ماوەیەدا هیچ ریفراندۆمێک رووی نەداوە لەکاتێکدا بەپێی هەندێک ماددەو بڕگەی یاسایی ناو دەستور، ناکۆکیی دەزگاو دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک حکومەت و پەرلەمانی ئێران سەبارەت بەپرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابوریی دەبێت بە ریفراندۆم و راپرسیی یەکلایی بکرێتەوە، ئەم دواکارییەی رۆحانی دووەم داواکاریی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەوڵاتەکەی. ئەم وتانەی رۆحانی کاردانەوەی توندی زۆربەی کەسایەتیی و بەرپرسانی سەر بەباڵی محافزکارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوەو موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاردانەوەی داواکارییەکەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم رایگەیاند؛ باسکردنی ریفراندۆم ئەدرەسێکی ناڕاستەو جۆرێکە لەلادان، ئەو وتی: لەدەستدانی هەلەکان وهەڵسوکەوتەکانی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماریی بەڕیفراندۆم قەرەبوو ناکرێتەوە. بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی لەئێران زۆربەی ئەو داواکاریانەی کە بۆ ریفراندۆم کراوە بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی حکومەت و پەرلەمان بووە و داوای ریفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی یان بابەتێکی چارەنووسساز لە ئێران نەکراوە هەندێک سەرچاوەی نزیک لە حەسەن رۆحانی ئاشکرایان کردووە کە ئەو حەوت ساڵە پێشنیاری ریفراندۆم و راپرسیی لەدەستوری ئێراندا کردووە و داواکارییەکەی لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی پەرلەمانی ئێران و حکومەت سەبارەت بە بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەئێران وایکردووە رۆحانی پیداگریی لەئەنجامدانی ریفراندۆم بکات. رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە زمانحاڵی سەرۆک کۆمارەو نزیکە لە ریفرۆرمخوزانەوە بەناونیشانی (پەرلەمان سەرۆک کۆماری تەشریفاتیی دەوێت) نووسیویەتی: هەوڵ و پلانەکانی ئەم ماوەیەی پەرلەمانی ئێران بۆ گۆڕانکاریی لەیاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو، چونکە تەمەنی کاندیدی سەرۆک کۆمار لە (45) ساڵەوە بۆ (40) ساڵ کەم  کراوەتەوەو فەرماندە سەربازییەکانیش تا شەش مانگ دوای خۆ کاندیدکردنیان، پێویستیان بەدەستلەکارکێشانەوە لەپۆستەکەیان نییە و هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بە نامەو فەرمان کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکات کە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە پێچەوانەی یاساکانی رابردووەو پێدەچێت پەرلەمان مەبەستی لەم کارەی سەپاندنی سیستمی حوکمڕانیی پەرلەمانی بەسەر وڵاتەکەدا بێت، چونکە بەو رێوشوێنە نوێیانە بازنەی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەئێران بچووکتر کردووەتەوە. ریفراندۆم مۆتەکەی محافزکاران بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی لەئێران زۆربەی ئەو داواکاریانەی کە بۆ ریفراندۆم کراوە بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی حکومەت و پەرلەمان بووە و داوای ریفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی یان بابەتێکی چارەنووسساز لە ئێران نەکراوە، بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە هەر کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سەر بەباڵی محافزکار کاردانەوەی توندیان دەبێت و وەک مۆتەکەیەک بۆ دەسەڵاتەکانیان لێی دەڕوانن. رۆژنامەی (شەرق) نیمچە ئەهلی و نزیک لەڕیفۆرمخوازان؛ بەناونیشانی (بۆچی محافزکاران بەناوی ریفراندوم روویان ترش دەکەن؟) نووسیویەتی: هەر کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت لەئێران، محافزکاران هەڵوێستی توند لەدژی ئەو پڕۆسەیە دەردەبڕن و دەڵێن کێشەی خەڵک بژێوییە نەوەک ریفراندۆم.. لەدوایین پێشهاتیشتدا کە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران باسی ریفراندۆمی سەبارەت بەدەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی کرد، زۆربەی رۆژنامە و میدیاکانی سەر بەمحافزکاران رەخنەیان لێگرت و هاوکات بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتوندی رەخنەیان لەپرسی ریفراندۆم گرت و دژی وەستانەوە، لە کاتێکدا بەپێی دەستوری ئێران، ئەنجومەنی چاودێریی بۆی نییە دەستوەردان لەپرسی ریفراندۆم یان راپرسیی لەوڵاتەکەدا بکات و تەنها ئەرکی چاودێریی پڕۆسەکەیە و لەلایەکی دیکەشەوە موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی رەخنەی لەشێوازی ماوەی سەرۆک کۆماریی حەسەن رۆحانی گرت بەهۆی وروژاندنی پرسی ریفراندۆم، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم رەخنەگرانی پرسی ریفراندۆم لە ئێران سەر بەمحافزکارانن و بەبیستنی ناوی ریفراندوم کاردانەوەی توندیان هەیە. هەر لەدرێژەی کاردانەوەی بەداوای رۆحانی بۆ ریفراندۆم، ژمارەیەک حزبی سەر بەمحافزکاران لەچەند راگەیەنراوێکدا داوایان کردووە بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی ئەرک و کارەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆماریدا، حەسەن رۆحانی بە مەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت و ناچار بکرێت دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە بەوتەی ئەوان رۆحانی هۆکاری سەرەکیی قەیرانە دارییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە لە چوار هەزارو (200) تمەنەوە بۆ (35) هەزار تمەن، راگەیەنراوەکانی ئەو حزبانە لە کاتێکدایە کەتەمەنی کابینەکەی رۆحانی ماوەی پێنج مانگی ماوە. ریفراندۆم سەری رۆحانی دەخوات! شارەزایانی سیاسەت و مێژوو لەئێران داواکارییەکەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم بەهاوشێوەی ریفراندۆمی موسەددیق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی خولی (17)یەمی سەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن ئەو کارەی موسەددیق لەساڵی (1953) بووە هۆی ئەوەی محەمەد رەزا پەهلەوی کودەتا لەحکومەتەکەی موسەددیق بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆیە دوور نییە ئەم داواکارییەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم ئەویش تووشی هەمان چارەنووسی موسەددیق بکات و سەری سەرۆک کۆماری بخوات!.  

هاوڵاتى بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی کرێنشینان ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 90 هەزار كرێنیشین بوونیان هەیە، 396 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ چینی هەژاران و كەمدەرامەتانی هەولێر لە قۆناغی تەواوبووندایە. مەحمود ئیسماعیل مەحمود سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان لە كۆنگرەیەكەی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەکە ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 90 هەزار كرێنیشین بوونیان هەیە و لەو ژمارەیەشدا 23 هەزار كرێنشین لە سنووری پارێزگای هەولێرن. وتیشی: لە ئێستادا 396 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ چینی هەژاران و كەمدەرامەتانی هەولێر لە قۆناغی تەواوبووندایە، بەڵام لە كۆی 23 هەزار كرێنشین و 396 یەكەی نیشتەجێبوون هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، بۆیە پێویستە ئاوڕی زیاتر لە كرێنشینان و كەم دەرامەتان بدرێتەوە . سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان ئەوەشی خستە روو" بەهۆی ئەو بەرز و نزمیەی لە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لە دروست بووە دۆخی كرێشنینان زۆر خراپ بووە، داواكارین لە خێرخوازان  هاوكاری كرێنشینان بکەن" . كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە كرێنشینان 2004 دامەزراوە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەكو ئێستا ئەو كۆمەڵەیە زیاتر لە 90 هەزار ئەندامی هەیە.

هاوڵاتى پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، سەرەڕای دۆخی سەختی تەندروستی و دارایی لەساڵی 2020دا سەرجەم لایەنەکان بەهاوبەشی توانیان بەسەر ئاستەنگییەکاندا زاڵ بن و لەئێستادا دۆخی کۆرۆنا بەراورد بەچەند مانگی رابردو لەئاستێکی باشدایە هاوكات قائیمقامییەتی سلێمانیش رایگەیاند 1053 شوێنیش داخراون. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند" سوپاسی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی دەکەن کەلەماوەی ساڵی 2020دا کارەکانیان بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵی هاوڵاتیان چڕکردوەتەوە، هەروەها لەو ماوەیەدا بەهاوکاری هاوڵاتیان وکەرتی تایبەت رێگری کراوە لەوەی ژمارەیەک کەرت  وبواری خزمەتگوزاری لەشاری سلێمانی دابخرێن. پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها سوپاسی رۆڵی دەزگاکانی راگەیاندن، هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکەن کە بەدرێژایی ئەو ساڵە توانیان بەهاوبەشی کاربکەن بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی خەڵک و کەمکردنەوەی مەترسییەکان بەجۆرێک ئێستا "ئەوەی لێرە دەکرێت لەشوێنەکانی دیکە دوبارە دەکرێتەوە". هاوكات قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لەساڵی 2020دا سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بەهۆی کەرەنتینەوە دوکان و بازارەکان داخرابوون، بەڵام لیژنەکانیان بەردەوامبون لەسەر کارەکانیان و لەوماوەیەدا 66 هەزار و 751 شوێن بەسەرکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش  5 هەزار و 763 سەرپێچی تۆمارکراون و 1053 شوێنیش داخراون.

‌هاوڵاتى حكومەتی عیراق ڕایگه‌یاند  وەفدی هەرێمی كوردستان بەیاسای قەرز رازی بوون  و ئه‌مڕۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمانی عیراق و لە مانگەكانی داهاتووشدا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواناكەوێت.  حەسەن نازم وتەبێژی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: ئه‌مڕۆ 29ی 12ی 2020 پرۆژە یاسای بودجەی 2021 عیراق دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران. لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە لەساڵی داهاتوودا، وتی: لە مانگەكانی داهاتوودا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دواناكەوێت.  وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە وەفدی هەرێم بەیاسای قەرز رازی بوون، رایگەیاند: گفتوگۆكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی2021 بەردەوامەو وەفدی هەرێمی كوردستان بەیاسای قەرز رازی بوون. هەر ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە کە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندووە وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەنجوومەنی نوێنەران وەرزی یەکەم لە سێیەم ساڵی یاسادانان بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ دەکاتەوە، ئەوەش بۆ تەواوکردنی چەند یاسایەک لەنێویاندا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 کە ئەمڕۆ گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران". وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتوشیه‌تى"  پرۆژەیاساکە لەسەر بنەمای دیدگەیەکی چاکسازی داڕێژراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی پێشکێشکراوە و کاریش لەسەر کاراکردنی کەرتی تایبەت دەکات". ئەوە لەکاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراقیش نرخی 100 دۆلاری بە 145 هەزار دینار بۆ وەزارەتی دارایی و بۆ هاووڵاتییانیش بە 147 هەزار دینار جێگیرکردوو ئه‌مر|ِۆش نرخى 100دۆلارى ئه‌مریکى بۆ 143هه‌زار دینار دابه‌زاند. 

هاوڵاتى وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان  رِایگەیاند، هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبێتە بڕیاری کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕوووبوونەوەی کۆرۆنا، "ئەگەر پێویست بەوە بکات دۆخەکە درێژتربکرێتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە هێشتا قوتابخانەکان نەکرێنەوە، بەتایبەت ئێستا ئێمە لە حاڵەتی چاودێریکردنی جۆرێکی دیکەی کۆرۆناین کە تاوەکو چەند بۆ ناوەندەکانی خوێندن کاریگەریی هەیە." ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئمرۆ سێ شه‌ممه‌، 29ى کانونى یه‌که‌مى2020 لە هەڵەبجە له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند"رۆژی 1-11 بڕیاری داخستنی ناوەندەکانی خوێندن درا و تاوەکو ئێستاش تووشبووی کۆرۆنا هەیە، لەبەرئەوە بەبێ قسەی وەزارەتی تەندروستی جارێ ناتوانین بڕیار لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان بدەین. وەزارەتی تەندروستیش خۆی هەڵسەنگاندنەکان دەداتە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دواتر بڕیار لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەدات." وتیشى" "ئەگەر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا بڕیاری درا کە دەرگای قوتابخانەکان بەشێوەی قۆناخ قۆناخ و بەشێوەی تەناوب بکرێتەوە ئەوا دەستپێدەکەین، ئەگەر بڕیاری دواخستنیش درا بەرنامەی خۆمان دادەڕێژینەوە. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌، له‌ دواى بڵاوبنه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان بۆ رێگرتن له‌ته‌شه‌نه‌کردنى بارودۆخه‌که‌ ده‌رگاى قوتابخانه‌کان داخراون.  

شاناز حه‌سه‌ن پاش دابه‌زینى به‌هاى دینارى عێراقى، به‌رهه‌مه‌ خۆراکییه‌کانى (برنج، رۆن، چاو ئارد)ى به‌رزکردووه‌ته‌وه‌و هه‌ر به‌رهه‌مێک دوو تا پێنج هه‌زار دینارى چووه‌ته‌ سه‌رو ئه‌وه‌ش بارگرانى دارایى بۆ هاووڵاتیان و کاسبکاران دروستکردووه‌. نرخی به‌رهه‌مه‌ خۆراکییه‌کان له‌بازاڕدا به‌رزبووەته‌وه‌و کاسبکاران و بریکاره‌کانى خۆراک هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ حکومه‌ت له‌خراپبوونى زیاترى بارى دارایى هاووڵاتیان. ‌رۆژ 20ى کانونى یه‌که‌مى 2020، بانکى ناوه‌ندى عێراق به‌فه‌رمى دابه‌زینى به‌هاى دینارى به‌رانبه‌ر به‌دۆلار راگه‌یاند، که‌هه‌ر (100) دۆلارێک به‌رانبه‌ر به‌ (145) هه‌زار دینارى عێراقى ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ دوێنێ له‌بازاڕدا (100) دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ (143) هه‌زار دینار بووه‌، له‌دواى ئه‌و بڕیاره‌ى بانکى ناوه‌ندى، بازاڕ به‌ته‌واوى شڵه‌ژاوه‌و کاڵاو پێداویستییه‌کانى رۆژانه‌ى هاووڵاتیان به‌رزبووه‌ته‌وه‌. کاسبکاران و هاووڵاتیان ده‌ڵێن دابه‌زینى به‌هاى دینار گرفتى داراییان بۆ دروستده‌کات و دۆخه‌که‌ خراپتر ده‌کات. جه‌لال مسته‌فا، ماوه‌ى زیاتر له‌ (12) ساڵه‌ دوکانى وشکه‌ى هه‌یه‌ له‌ناو بازاڕى سلێمانى، باس له‌وەده‌کات نرخى خوارده‌مه‌نى به‌تایبه‌تى (برنج و رۆن) به‌رزبووەته‌وه‌، چونکه‌ دۆلار هه‌ژمار ده‌کرێت. ئه‌م دوکانداره‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد»ئه‌م حکومه‌ته‌ هیچ رێگه‌یه‌ک نازانێت بۆ کارئاسانى کردنى هاووڵاتیان، چونکه‌ هه‌موو بڕیاره‌کانى هه‌ر سه‌ختکردنى بارودۆخى ئێمه‌ى کاسبکار و هاووڵاتیانى موچه‌خۆره‌«. «خه‌ڵک واده‌زانێت که‌نرخمان به‌رزکردووەته‌وه‌ قازانج ده‌که‌ین، نه‌خێر ئه‌وه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌، زه‌ره‌ره‌ گه‌وره‌که‌ به‌ر ئێمه‌ ده‌که‌وێت، چونکه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ى به‌هاى دینار دابه‌زیوه‌ به‌رانبه‌ر دۆلار، ئێمه‌ پاره‌ى رۆژێکى کرێ دوکانه‌که‌مان ده‌رنه‌کردووەته‌وه‌«، جه‌لال مسته‌فاى دوکاندار واده‌ڵێت. نه‌سرین جه‌لال، ته‌مه‌ن (41) ساڵ، له‌دوکانى وشکه‌دا له‌نرخى برنج و رۆنى ده‌پرسى، وتى»ئه‌مه‌ زوڵمه‌ له‌خه‌ڵکى ده‌کرێت له‌م بێکاری و بێ موچه‌ییه‌دا نرخه‌کان زیادیان کردووه‌«. نه‌سرین فه‌رمانبه‌ره‌و وتى: «به‌داهاتى موچه‌که‌م ته‌نها ده‌توانم شته‌ زۆر پێویستییه‌کان بکڕم و له‌دواى  دابه‌زینى دینار له‌سه‌دا 50%ى شت کڕینم که‌مکردووەته‌وه‌«. نه‌سرین داواى له‌حکومه‌تى هه‌رێم کرد، له‌کاتى خۆیدا موچه‌ دابه‌شبکه‌ن و چاودێریى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى خوارده‌مه‌نییه‌کان بکه‌ن. ‌له‌پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021ی عێراق که‌بڕه‌که‌ى (150) ترلیۆن و (50) ملیار دیناره‌، بڕى (58) ترلیۆن دینار کورتهێنانى هه‌یه‌، بۆ پڕکردنه‌وه‌ى به‌شێک له‌و کورتهێنانه‌ى  په‌ناى بۆ دابه‌زینى به‌هاى دینار برد به‌رانبه‌ر به‌دۆلارى ئه‌مریکى. موسا محێدین، ته‌مه‌ن (38) ساڵ و دانیشتووى پارێزگاى هه‌ولێر به‌هاوڵاتى وت: «نرخه‌کان به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى خه‌ڵک رۆژانه‌ ناچاره‌ بیانکڕێت وه‌ک برنج و ئارد، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بارگرانییه‌کى زۆره‌ بۆ موچه‌خۆران». پێداویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى هاووڵاتیان له‌هه‌رێمى کوردستان برنج و ئاردو رۆن و چایه‌، که‌ رۆژانه‌ به‌کارده‌هێندرێت، خاونى مارکێتێک ده‌ڵێت به‌پێى کاڵاکان که‌مێک نرخیان به‌رزکردووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌دۆلار ده‌یکڕن. بارودۆخى دۆلار به‌رانبه‌ر دینار کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت و به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ وه‌زعه‌که‌ وه‌ک ئێرانى لێدێت، خه‌ڵک ناتوانێت هیچ شتێک بکڕێت کاروان جه‌زا، خاوه‌نى سۆپه‌رمارکێتى نما له‌سلێمانى به‌هاوڵاتى وت:» هه‌زار دینارێکمان زیادکردووه‌ له‌سه‌ر کاڵاکانى خوارده‌مه‌نى، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و کورتهێنانه‌ى که‌ له‌کرێى دوکانه‌که‌دا هه‌مانه‌ پڕی بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتیان و موچه‌خۆران به‌تایبه‌تى». ئه‌و خاوه‌نى سۆپه‌رمارکێته‌ پێیوابوو هه‌موو بارگرانییه‌کان یه‌که‌م جار بۆ موچه‌خۆره‌و دواتر بۆ کەسانى کاسبکارو خاوه‌ن کاره‌کانه‌، وتیشى:» تاچه‌ند مانگێک ده‌توانم له‌به‌ر هاووڵاتیان نرخه‌کان گران نه‌که‌م، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌ بۆ من و نه‌ بۆ هیچ کاسبکارێکى دیکه‌ قازانجى نابێت و ناتوانین تاکۆتایی ئاوا کاربکه‌ین، بۆیه‌ ئه‌رکى حکومه‌ته‌ بارودۆخه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکات». بریکارى زۆربه‌ى به‌رهه‌مه‌ خۆراکییه‌کانى ناو شارى سلێمانى ده‌ڵێت نرخه‌کان هه‌ر له‌یه‌که‌م چرکه‌وه‌ له‌سه‌ریان زۆر زیادى کرد، بۆیه‌ ناچاربوون له‌فرۆشتنه‌وه‌یدا نرخه‌کان به‌رزبکه‌نه‌وه‌. شێرکۆ خالید، یه‌کێک له‌بریکارى خۆراک وتى: »بارودۆخى دۆلار به‌رانبه‌ر دینار کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت و به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ وه‌زعه‌که‌ وه‌ک ئێرانى لێدێت، خه‌ڵک ناتوانێت هیچ شتێک بکڕێت». ناوبراو پێشیوابوو رۆژ به‌ڕۆژ فرۆشیاره‌کانى ناوبازاڕ ناچار ده‌بن نرخه‌کان له‌وه‌ى ئێستا گرانتر بکه‌ن، چونکه‌ «ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌ڵێت نرخه‌کان زیاد ناکه‌م مانگێکى دیکه‌ ناتوانێت خۆراک و به‌رهه‌مه‌کان به‌و پاره‌یەى ده‌ستیده‌که‌وێت بیکڕێته‌وه‌«. سه‌رۆکى ژوورى بازرگانیى سلێمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، ئه‌و بڕیاره‌ى حکومه‌تى عێراق بۆ دابه‌زینى به‌هاى دینار به‌رانبه‌ر به‌دۆلار ده‌بوو هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بووایه‌ نه‌ک له‌شه‌وو رۆژێکدا بڕیارى له‌سه‌ربده‌ن. سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکى ژوورى بازرگانیى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: «گرفتى گه‌وره‌ بۆ بازرگانان و خه‌ڵک دروستده‌کات دابه‌زینى به‌هاى دینار، گه‌وره‌ترین زیانمه‌ندیش له‌و بڕیاره‌ به‌ڵێنده‌ره‌کانن». سه‌رۆکى ژوورى بازرگانیى سلێمانى، باسى له‌وه‌شکرد قه‌باره‌ى بازرگانى له‌هه‌رێم ساڵانه‌ (10) ملیار دۆلاره‌، واتا کاڵا هاورده‌کراوه‌کان به‌دۆلار دێنه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌، بۆیه‌ کاتێک ئه‌و کاڵایانه‌ به‌دینار ده‌فرۆشرێن نرخه‌کانیان به‌رزده‌بێته‌وه‌. «هاوڕانیم له‌گه‌ڵ وته‌کانى وه‌زیرى دارایى عێراق که‌ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بۆ زیادکردنى هه‌نارده‌کردنى به‌رهه‌مى ناوخۆ بێت، به‌ڵکو رێگاى دیکه‌ هه‌یه‌ بۆ نموونه‌؛ ده‌توانێت رێژه‌ى گومرگ له‌و کاڵایانه‌ به‌رز بکاته‌وه‌ که‌دێنه‌ وڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هانى پیشه‌سازى و به‌روبوومى ناوخۆیى بدات»، سیروان محه‌مه‌د واده‌ڵێت. سه‌رۆکى ژوورى بازرگانیى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌چاره‌سه‌رى دۆخى دارایى عێراق به‌وه‌ ناکرێت به‌هاى دینارى خۆت داببه‌زێنیت له‌به‌رانبه‌ر دۆلاردا، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک چاکسازیى ریشه‌یى هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌نجامبدرێت، به‌تایبه‌ت له‌به‌هه‌ده‌ردان و خه‌رجى و موچه‌ى ناپێویست و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کانى ده‌وڵه‌تدا

عه‌مار عه‌زیز _ دهۆک به‌شێکى زۆر له‌که‌سوکارى رفێنراوانى ئێزیدى بێهیوا بوونه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى که‌سوکاریان، نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى له‌دهۆکیش دڵنیایى ده‌داته‌ که‌سوکارى رفێنراوان که‌ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌کاره‌کانیان تاوه‌کو ته‌واوى رفێنراوان رزگارده‌که‌ن. رافیدا نایف عیسا، دواى شه‌ش ساڵ له‌ رفاندنی، دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ که‌مپى هۆڵه‌وه‌ له‌ رۆژئاڤاى کوردستان گه‌یشته‌ لاى که‌سوکارى له‌پارێزگاى دهۆک، گه‌یشتنه‌وه‌ى (رافیدا) خێزانه‌که‌ى و ئێزیدییه‌کانى دڵخۆش کرد که‌ به‌شێکى دیکه‌یان له‌ که‌مپى هۆڵ له‌ رۆژئاڤا له‌ژیاندا ماون. رزگاربوانى ئێزدى داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ى له‌ژیاندا ماون هه‌وڵى رزگارکردنیان بده‌ن تابگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاى که‌سوکاریان. ئه‌دیبا موراد، رزگاربوویه‌کى ده‌ستى داعشه‌، پێش هێرشى داعش بۆ سه‌ر شنگال له‌گه‌ڵ هاوژینه‌که‌ى له‌گوندى کوچۆ ژیانیان به‌ڕێده‌کرد، به‌‌هاوڵاتى وت «زیاتر له‌سێ ساڵ له‌ژێر ده‌ستى داعشدا بووم، دواتر له‌مانگى ئادارى 2019 له‌ڕۆژئاڤاى کوردستان به‌هاوکارى نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى به‌هه‌شت هه‌زار دولار رزگارکرام، پاره‌که‌ که‌سوکارى من داویانه‌، دواتر نوسینگه‌که‌ بۆم ده‌گەڕێننه‌وە». هاوسه‌رى ئه‌دیبا له‌گه‌ڵ (15) که‌سى تر له‌که‌سوکارى هاوسه‌ره‌که‌ى چاره‌نووسیان دیارنیه‌و ئێستا ئه‌دیبا له‌گه‌ڵ کچه‌ تاقانه‌که‌ى که‌ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵه‌ پێکه‌وه‌ له‌که‌مپێکى سنورى قه‌زاى شێخان ده‌ژین، به‌‌هاوڵاتى وت «زیاتر له‌شه‌ش ساڵه‌ چاوه‌رێی هاوسه‌رەکەم ده‌که‌م، زۆر جار کچه‌که‌م پرسیارى باوکى له‌من ده‌کات، منیش ناتوانم هیچ وەڵامێکى بده‌مه‌وه‌و به‌فرمێسکه‌وه‌ پێى ده‌ڵێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویش بێزاربووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌دیبا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد به‌رپرسانى عێراق و وڵاته‌ زلهێزه‌کان هیچ گرنگییان به‌بابه‌ته‌که‌یان نه‌داوه‌، وتیشى:»ده‌یان جار داوامان له‌به‌رپرسان کردووه‌ هه‌وڵبده‌ن رفێنراوانى ئێمه‌ رزگاربکه‌ن، به‌ڵام بێسود بووه‌، ئێستا ته‌نها چاوه‌ڕێی ره‌حمى خوا ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رگایه‌ک بۆ رفێنراوانمان بکاته‌وه‌و رزگاربن له‌و دۆزه‌خه‌ى داعش که‌ئێستا تێدا ده‌ژین». لێپرسراوى نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى ده‌ڵێت له‌دواى رزگارکردنى شه‌نگاله‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا به‌رده‌وام به‌دواى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى ده‌گه‌رێین. حسێن قایدى، لێپرسراوى نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى بههاوڵاتى وت «له‌مانگى ئۆکتۆبه‌رى 2014 به‌فه‌رمانى نێچیرڤان بارزانى که‌ئه‌وکات سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بوو، نوسینگه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ڕزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى له‌دهۆک دامه‌زراند، هه‌ر له‌وکاته‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا به‌رده‌وام به‌دواى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى ده‌گه‌رێین، له‌کۆى شەش هه‌زارو (417) رفێنراوى ئێزیدى تائێستا توانیومانه‌ سێ هه‌زارو (540) رفێنراو رزگار بکه‌ین، ئه‌وانه‌ى رزگار نه‌کراون ژماره‌یان دوو هه‌زارو (٨٨٧) که‌سن». له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى که‌بۆچى تاوه‌کو ئێستا هه‌موویان رزگار نه‌کراون، لێپرسراوى نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى دهۆک باسی له‌چه‌ند هۆکارێک کرد بۆ ‌ و وتی «هۆکاره‌کان زۆرن، یه‌که‌میان جگه‌ له‌حکومه‌تى هه‌رێم هیچ وڵاتێکى عه‌ره‌بى و ئیسلامى و ئه‌وروپى هاوکاریى ئێمه‌یان نه‌کردووه‌«. هه‌روه‌ها پێشیوابوو  چه‌کدارانى داعش له‌دواى رزگارکردنى نه‌ینه‌وا رفێنراوانى ئێزیدى بۆ هه‌ندێک شوێن گواستۆتەوه‌ وه‌کو رۆژئاڤاى کوردستان و پرۆسه‌که‌ش قورسه‌و کارێکى وردو باشی ده‌وێت تاوه‌کو هه‌موویان رزگاربکه‌ن. حسێن قایدى وتیشى: «به‌پێى زانیارییه‌کانمان ئێستا به‌شێک له‌ژن و منداڵانى ئێزیدى له‌شارى نه‌ینه‌وان و له‌لایه‌ن ژنانى داعشەوە شاردراونه‌تەوە، زۆر به‌داخه‌وه‌ حکومه‌تى فیدراڵى عێراق زۆر که‌مته‌رخه‌مییان کردووه‌ له‌باره‌ى رزگارکردنى ئه‌و ژن و کچانه‌ى ئێزیدى که‌ تائێستا له‌شاره‌کانی عێراقدان». لێپرسراوى نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى دهۆک جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ نزیکه‌ى (400) رفێنراوى دیکه‌ى ئێزدى له‌ناو که‌مپى هۆلى رۆژئاڤاى کوردستاندان. نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێنراوانى ئێزیدى به‌ڵێن به‌که‌سوکاری رفێنراوان ده‌دات که‌ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌کاره‌کانیان تاوه‌کو ته‌واوى رفێنراوان رزگارده‌کرێن، به‌ڵام به‌هۆى لایه‌نى ئه‌منى و پاراستنى سه‌لامه‌تى گیانیان ناتوانین ئاماژه‌ به‌ناوه‌رۆکى پلانه‌که‌یان بده‌ن. ئێزدییه‌کان له‌عێراق به‌زۆرى له‌قه‌زاى شنگال لەباکورى خۆرئاواى موسڵ و ده‌شتى نه‌ینه‌وا نیشته‌جێن، به‌پێى ئاماره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم ژماره‌یان له‌عێراق (550) هه‌زار که‌س بووه‌و (360) هه‌زاری ئه‌و پێکهاته‌یه‌ له‌دواى هێرشى داعش بۆ سه‌ر شنگال ئاواره‌ بوون و زیاتر له‌ (100) هه‌زار که‌سیشیان کۆچیان کردووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات. جێگرى مێرى ئێزیدییان ئه‌وه‌ده‌خاته‌روو گفتوگۆو دانوساندنه‌کانیان به‌رده‌وامه‌ بۆ رزگارکردن و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و کچ و ژنانه‌ى له‌ناو که‌مپى هۆڵ ماونه‌ته‌وه‌ له‌ رۆژئاڤاى کوردستان. جه‌وهه‌ر عه‌لى به‌گ ، جێگرى میرى ئێزیدییان بۆ کاروبارى په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندن به‌ هاوڵاتى وت « پارساڵ لەسه‌ر فه‌رمانى میرى ئێزیدییان ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شاندێکى باڵاى ئێزدییه‌کان که‌ پێکهاتبوون له‌ئه‌ندامانى جڤاتى روحانى و به‌شێک له‌کەسوکارى قوربانیان سه‌ردانى ماڵى ئێزیدییانمان کرد له‌ رۆژئاڤاى کوردستان، گفتۆگۆو دانوستاندنمان کرد له‌سه‌ر چۆنیه‌تى رزگارکردنى ئه‌و ژن و کچانه‌ى ئێستا له‌ناو که‌مپى هوڵى رۆژئاڤادان، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى چه‌ند هۆکارێک نه‌مانتوانى بچینه‌ ناو که‌مپ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى که‌مپ قسه‌ بکه‌ین « هه‌روه‌ها جه‌وهه‌ر عه‌لى بەگ وتیشى: «حکومه‌تى سوریاو به‌رپرسانى که‌مپ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوکارنین، کوڵناده‌ین و ئه‌م پرسه‌ له‌هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ میرى ئێزیدییان تاووتوێ ده‌که‌ین که‌ گه‌یشتینه‌ چ ئه‌نجامێک ئاشکراى ده‌که‌ین». «پلانى نوێ داده‌نێن و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق تاووتوێى ده‌که‌ین، به‌رپرسیارێتى ئه‌م پرسه‌ زیاتر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆى به‌غداو ده‌بێت رفێنراوه‌کانمان رزگاربکات» جێگرى میرى ئێزیدییان وا ده‌ڵێت.

ئارا ئیبراهیم حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان نه‌کردووه‌و تاکه‌ «بیانوویه‌ک»یان بۆ په‌رله‌مانتاران هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌رچاوڕوونى داراییان نییه‌ بۆ ناردنى. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2014ەوه‌ پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌بیانووى قه‌یرانى دارایى و نه‌ناردنى شایسته‌ داراییه‌کان له‌به‌غداوه‌. گفتوگۆکانى ئه‌مجاره‌ى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم و گفتوگۆکانى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق و جێگیرکردنى شایسته‌ داراییه‌کان له‌پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021، ئه‌م پرسه‌ یه‌کلاده‌کاته‌وه‌ که‌گه‌یشتووەته‌ په‌رله‌مانى عێراق. په‌رله‌مانى کوردستان سێ ئه‌رکى سه‌ره‌کى له‌سه‌ره‌، که‌ ده‌رکردنى یاساو چاودێریکردنى حکومه‌ت و په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى ساڵانه‌یه‌، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌رنامه‌ى دارایى بۆ حکومه‌ت دیارى بکرێت. به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان پێویسته‌ حکومه‌ت ساڵانه‌ له‌مانگى تشرینى یه‌که‌م (مانگى 10) پڕۆژه‌ى بودجه‌ به‌شێوه‌ى خه‌مڵاندن ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکات، به‌ڵام حکومه‌ت شه‌ش ساڵه‌ پێشێلى ده‌کات سه‌ره‌ڕاى فشارى په‌رله‌مانتارانیش تائێستا خۆى دزیوه‌ته‌وه‌ له‌ناردنى. کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لایه‌ن سێ لایه‌نى سه‌ره‌کییه‌وه‌ پێکهاتووه‌ که‌(پارتى و گۆران و یه‌کێتیه‌)،  په‌رله‌مانتاره‌کانیان ده‌ڵێن حکومه‌تى هه‌رێم یه‌ک «بیانوو»ى هه‌یه‌ که‌ به‌رچاوڕوونیان له‌ڕووى داراییه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ تائێستا پرۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌کراوه‌. سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت: «فشارمان له‌سه‌ر حکومه‌ت کردووه‌ که‌ بۆ ئه‌مساڵ پڕۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکات». زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌ هاوڵاتى  وت: «له‌ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى وه‌رزى کاره‌کانماندا سێ کۆنووس و پێشنیار دراوه‌ته‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌یه‌کێکیان ناردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021-ە، به‌ڵام تائێستا حکومه‌تى هه‌رێم و وه‌زیرى دارایى بیانوو ده‌هێننه‌وه‌ بۆ نه‌ناردنى». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ناردنى پڕۆژه‌ى بودجه‌ شه‌فافییه‌ت دروستده‌کات و گه‌نده‌ڵى که‌مده‌کاته‌وه‌و به‌رنامه‌و کارو پرۆژه‌ى وه‌زاره‌ته‌کانى تێدایه‌و یه‌کێکه‌ له‌ئه‌رک و کاره‌کانى په‌رله‌مان که‌په‌سه‌ندکردنى بودجه‌یه‌. سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌حکومه‌تى هه‌رێم له‌ساڵى 2014وه‌ پرۆژه‌ى بودجه‌ى نه‌ناردووه‌ته‌ په‌رله‌مان و ماوه‌ى سێ ساڵیشه‌ (به‌یانى مالى) راپۆرتى دارایى نه‌ناردووه‌ته‌ په‌رله‌مان، وتیشى: «چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى له‌ناو په‌رله‌مان و له‌کۆبوونه‌وه‌کانمان له‌لیژنه‌ى دارایى پێمان راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام بیانووه‌که‌یان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ روون نییه‌و نایانه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌ماى داهات و خه‌رجییه‌کانى هه‌رێم ره‌وانه‌ى بکه‌ن». زیاد جه‌بار، ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ناردنى پرۆژه‌ى بودجه‌ ده‌بێت» ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق رێککه‌وتن بکات یان نا، گرنگترین کار ناردنى پرۆژه‌ى بودجه‌یه‌و ده‌کرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى داهاته‌کان و خه‌رجییه‌کانى پرۆژه‌ى بودجه‌ به‌خه‌مڵاندن ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکات». یه‌کێک له‌به‌ڵێنه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان «شه‌فافیه‌ت» بووه‌ بۆ به‌رنامه‌ى حکومه‌ت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابوورى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر پشکى گۆڕان ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام تائێستا ئاماده‌ نییه‌ پرۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکات. دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌لێدوانێکدا بههاوڵاتى  وت:» سه‌د جار داوامان له‌حکومه‌ت و وه‌زیرى دارایى کردووه‌ که‌پرۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکه‌ن، به‌ڵام (وتوویانه‌ به‌رچاومان روون نییه‌) ئه‌مه‌ تاکه‌ بیانوویه‌ک بووه‌ بۆ نه‌ناردنى». ناوبراو هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بکات هیچ «بیانوویه‌ک» نامێنێت بۆ نه‌ناردنى پرۆژه‌ى بودجه‌، چونکه‌ به‌بڕواى په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆڕان نه‌بوونى شه‌فافییه‌ت به‌هۆى نه‌ناردنى پرۆژه‌ى بودجه‌وه‌ بووه‌.  «یه‌کێک له‌ئه‌وله‌ویه‌ته‌ گرنگه‌کانى فراکسیۆنى گۆڕان ناردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 ده‌بێت و کاریشى له‌سه‌ر ده‌که‌ین»، دابان محه‌مه‌د وا ده‌ڵێت. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بودجه‌ له‌وه‌زاره‌تى دارایى داواى کارنامه‌و پرۆژه‌کانى له‌وه‌زاره‌ته‌کان کردووه‌ بۆ ساڵى 2021، به‌ڵام هێشتا کاره‌کانیان ته‌واو یه‌کلانه‌بووه‌ته‌وه‌. ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى پارتى ده‌ڵێت حکومه‌تى هه‌رێم به‌ڵێنیداوه‌ بۆ 2021 پرۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکات پاش په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق. ئه‌رشه‌د حوسێن لۆلانى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى  وت: «ساڵى رابردوو، ته‌نانه‌ت ئه‌مساڵیش داوامان کردووه‌ پرۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێت، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم به‌رچاوڕوونى نه‌بووه‌و مانگ بۆ مانگ داهاته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم جیاواز بووه‌«. ناوبراو وتیشى: «بۆ پرۆژه‌ى 2021، حکومه‌تى هه‌رێم به‌ڵێنیداوه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستانى بکات، به‌ڵام پاش په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق، چونکه‌ ئه‌وکات شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێم دیار ده‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌کرێت». ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌لیژنه‌ى دارایى ده‌ڵێت: «حکومه‌تى هه‌رێم پێشێلى سه‌ره‌کیترین کارى حکومه‌تدارى کردووه‌ به‌نه‌ناردنى ره‌شنووسى پرۆژه‌ى بودجه‌«. عومه‌ر گوڵپى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى  وت: «حکومه‌تى هه‌رێم پێشێلى سه‌ره‌کیترین کارى حکومه‌تدارى کردووه‌ به‌نه‌ناردنى پرۆژه‌ى بودجه‌، چونکه‌ پێویسته‌ حکومه‌ت راپۆرتى ساڵانه‌ى دارایى هه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ى یاسای داراییدا ده‌بێت». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌کردووه‌ که‌ بۆ 2021 پرۆژه‌ى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌که‌ن، وتیشى: «ناکرێت حکومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕێى په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق بکات، ئه‌وه‌ خه‌لقى یاساییه‌ به‌رانبه‌ر په‌رله‌مانى کوردستان». حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ئێستادا چه‌ند جۆرێک داهاتى هه‌یه‌، که‌بریتین له‌ داهاته‌کانى (فرۆشتنى نه‌وت، داهاتى ناوخۆ له‌باج و گومرگ، هاوکارى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان)، به‌ڵام به‌فه‌رمى هیچ ژماره‌یه‌کى روون نه‌دراوه‌ته‌ په‌رله‌مان که‌مانگانه‌ ئه‌و داهاتانه‌ ده‌گاته‌ چه‌ند. حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ (460) هه‌زار به‌رمیل له‌ڕێگه‌ى بۆرییه‌وه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌کات و له‌داهاتى نه‌وت مانگانه‌ ته‌نها (380) ملیار دینار ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ داهاته‌کانى ناوخۆو مانگانه‌ى (20) ملیار دینارى هاوکارى هاوپه‌یمانان بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌. شه‌فاف نه‌بوونى سه‌رجه‌م داهاته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و نه‌ناردنى پرۆژه‌ى بودجه‌ى ساڵانه‌ بۆ په‌رله‌مانى کوردستان وایکردووه‌ په‌رله‌مانتارانیش وه‌ک پێویست نه‌یانتوانیوه‌ به‌دواداچوون و چاودێریى بۆ سه‌رجه‌م کاره‌کانى حکومه‌ت بکه‌ن، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ تائێستا به‌فه‌رمى نازانن داهاته‌کانى  حکومه‌تى هه‌رێم ده‌گاته‌ چه‌ند، زیاد جه‌بار وتى: «ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانین که‌به‌شێک له‌داهاتى نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وه‌زاره‌تى دارایى، داهاتى ناوخۆى حکومه‌ت له‌باج و زه‌رائیب ژماره‌که‌ى لاى ئێمه‌ نییه‌«.

شاناز حه‌سه‌ن په‌رله‌مانتارانى کورد له‌به‌غدا ده‌ڵێن ئه‌و کارمه‌ندانه‌ى به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌هه‌رێم کاریان کردووه‌ (840) که‌سیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى  وت»له‌پارێزگاکانى هه‌رێمدا له‌وێستگه‌کانى هه‌ڵبژاردن به‌به‌راورد به‌پارێزگاکانى دیکه‌ى عێراق جیاوازى هه‌یه‌، چونکه‌ له‌ساڵى 2018 له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ژماره‌یه‌ک کارمه‌ند هه‌بون گرێبه‌ست بوون لابران و گرێبه‌سته‌کانیان کۆتایى پێ هێنرا، به‌و پێیه‌ جیاوازى له‌ژماره‌ى کارمه‌ندان له‌وێستگه‌کاندا دروست بووه‌«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌هه‌ر وێستگه‌یه‌کى هه‌ڵبژاردن له‌عێراق هه‌شت کارمه‌ند هه‌یه‌ که‌ له‌پارێزگاکانى هه‌رێم که‌مکرایه‌وه‌ بۆ سێ کارمه‌ند، به‌هار مه‌حمود وتیشى: «له‌دوورخستنه‌وه‌که‌دا پشک پشکێنه‌ى حزبییان به‌کارهێناو له‌سلێمانى ئه‌وانه‌یان هێشته‌وه‌ که‌یه‌کێتین و له‌دهۆک و هه‌ولێریش ئه‌وانه‌ى که‌ پارتین مانه‌وه‌«. په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌، که‌ئێستا مۆڵه‌تى گه‌ڕاندنه‌وه‌مان بۆ وه‌رگرتوون له‌ڕێگه‌ى کۆمسیۆن و حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ «ئه‌و (840) کارمه‌نده‌ به‌پێى پارێزگاکان دابه‌شده‌کرێته‌وه‌ به‌پێى وێستگه‌کانى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بودجه‌ى ساڵى داهاتوو». بڕیاره‌ 6ى حوزه‌یرانى ساڵى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت له‌عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌ندامانى نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت و حکومه‌ت نوێ بکرێته‌وه‌. شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌‌ هاوڵاتى وت: «کاتى خۆى ژماره‌ى ئه‌ندامانى وێستگه‌کانى پارێزگاکانى هه‌رێم که‌مکرایه‌وه‌ به‌بیانووى ئه‌نجامنه‌دانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان، به‌ڵام دواتر ئه‌مه‌ له‌عێراقیش هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش داوامان کردووه‌ وه‌ک یه‌کى لێبکرێته‌وه‌«. ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد دانانه‌وه‌ى ئه‌و کارمه‌ندانه‌ په‌یوه‌ندى به‌هیچ حزبێکه‌وه‌ نیه‌و به‌پێى ئه‌زموون و لێهاتوویى که‌سه‌کان و ساڵى خزمه‌تیان ده‌بێت، ئه‌وانه‌ى زۆر موسته‌هه‌قن، وتیشى:» کۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆیه‌و خۆى کاره‌کان رێکده‌خات».

  هاوڵاتى ‌جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان و لیژنه‌ى دارایى و یاسایى په‌رله‌مانى کوردستان جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ پابه‌ندن به‌ پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق و ڕۆژانه‌ 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ده‌که‌ن. ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، 28 کانوونى یه‌که‌مى 2020 قوباد تاڵه‌بانی،  جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌مڕۆ دواى کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند، "رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌ موازه‌نه‌ى 2021دا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، ئه‌و موازه‌نه‌یه‌ به‌ره‌و په‌رله‌مان ده‌چێت و گفتوگۆیه‌کى جددى له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌درێت بزانین ده‌رئه‌نجامى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌مان گه‌یه‌نێت به‌ کوێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تا ئێستا هه‌یه‌ رێککه‌وتنێکه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى 2021 که‌ به‌شێکى به‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌". ‌جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، "ئێمه‌ وه‌کو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و به‌شه‌ى که‌ په‌یوه‌ندى به‌ حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌م رازیین پێى هه‌م پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی". له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بودجه‌ وه‌ک خۆى په‌سه‌ندکرا، هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌که‌ راده‌ستبکات، قوباد تاڵه‌بانى وتی، "ئێمه‌ ئاماده‌یى خۆمان ده‌ربڕى بو له‌ رابردو له‌ مانگى 11ى ساڵى 2019 له‌ رێککه‌وتنه‌که‌مان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدڕاڵ، ئێستاش له‌ پڕۆسه‌ى گفتوگۆکردن و په‌سه‌ندکردنى موازه‌نه‌ى 2021 وتومانه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ى سۆمۆوه‌ بفرۆشین وه‌کو چۆن له‌ پڕۆژه‌ یاساى موازنه‌که‌دا هاتوه‌". له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان و شاندى دانوستانکار، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان و لیژنه‌کانى دارایى و سامانه‌سروشتییه‌کان و یاسایى به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌یان کرد، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌ له‌ فراکسیۆنه‌کانى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان و یه‌کگرتوى ئیسلامى کوردستان به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌یان نه‌کرد، هاوکات هه‌ریه‌که‌ له‌ په‌رله‌مانتارانى سه‌ربه‌خۆ مه‌م بورهان قانع و دیارى ئه‌نوه‌ر که‌ بانگهێشتکراون به‌شداریان نه‌کردوه‌.  

عه‌مار عه‌زیز _ دهۆک ‌له‌ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل (37) هه‌زار دۆسیه‌ى بازرگانى بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ى دادگاکان کراون به‌پێى وته‌ى به‌رپرسى راگه‌یاندنى ده‌روازه‌که‌، ده‌شڵێت:» له‌دوو ساڵدا زیاتر له‌ (150) هه‌زار تۆن که‌لوپه‌ل گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ تورکیا». کامى کمال، لێپرسراوى به‌شى راگه‌یاندن له‌ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل به‌‌هاوڵاتى وت:» له‌ماوه‌ى ساڵى 2019و 2020 نزیکه‌ى (100) هه‌زار تۆن که‌لوپه‌ل گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنه‌کانى خۆیان». هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ته‌نها له‌ساڵى 2019 نزیکه‌ى (50) هه‌زار تۆن بووه‌و به‌شێک له‌و که‌لوپه‌لانه‌ له‌ناو ده‌روازه‌که‌ له‌ناوبراون و به‌شێکى دیکه‌یان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ تورکیا.  کامى که‌مال ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ى گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ تورکیا بریتیبوون له‌(کۆزماتیک ته‌ندروستى، خواردن و خواردنه‌وه‌، کشتوکاڵى و بیناسازى و خۆراکى)، هۆکارى له‌ناوبردنیان نه‌بوونى جێبه‌جێکردنى مه‌رج و رێنماییه‌کانى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێم بووه‌ یان به‌سه‌رچوون، وتیشى:» هه‌ر بازرگانێک که‌لوپه‌ل به‌پێى رێنماییه‌کانى حکومه‌ت هاورده‌ نه‌کات به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ناده‌ین بێته‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌«. کامى که‌مال باسى له‌وه‌شکرد له‌ماوه‌ى ساڵانى 2019 و 2020 زیاتر له‌ (37) هه‌زار دۆسیه‌ له‌ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل بۆ لێکۆڵینه‌وه‌  ره‌وانه‌ى دادگاکان کراون، وتیشى: «ئه‌م دۆسێیانه‌ بۆ مه‌به‌ستى لێکۆڵینه‌وه‌ و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بازرگانانه‌ى که‌لوپه‌له‌کانیان به‌پێى مه‌رجه‌کان نه‌بووه‌ رەوانەی دادگا کراوە». هاوکات جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگه‌رى له‌سه‌ر خاوبوونه‌وه‌ى جوڵه‌ى ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ى که‌ له‌تورکیاوه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان دروستبووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا باشتر بووه‌ . ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل که‌ده‌که‌وێته‌ سنورى پارێزگاى دهۆک، یه‌کێکه‌ له‌سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى داهاته‌کانى ناوخۆ بۆ حکومه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام تائێستا به‌فه‌رمى داهاتى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بۆ راگه‌یاندنه‌کان و په‌رله‌مانتاران ئاشکرا نه‌کراوه‌.