هاوڵاتی بازرگانێکی نزیک لە پوتن دان بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا دەنێت وڕاشیگەیاند بەردەوام دەبن لەو کارە. یەڤگینی پریگۆژین کە بازرگانێکی ڕووسییە و پەیوەندیی لەگەڵ کرێملندا هەیە ڕۆژی دووشەممە دانی بەوەدانا کە دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە و بەردەوامیش دەبێت لەو کارەی، بەمەش بۆ یەکەمین جار ئەوتۆمەتانەی پشتڕاست کردەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە ڕەتییان دەکاتەوە. ئەو بازرگانە لە لە لێدوانێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " دەستمان وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانەوە، دەستیش وەردەدەین و بەردەوامیش دەبین لە دەستوەردان. بە وریایی وردیی و بە شێوازی خۆمان دەستوەردەدەین." ئەم قسانەی پریگۆژین لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە هەڵبژاردنەکانی میدتێرمی ئەمەریکا دەدرێت.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین رایگەیاند، گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئاڵنگارییە کە بەرەوڕووی جیھان بووەتەوە و ئاماژەی بەوەیش دا کە بەستنی کۆنفرانسی ئاووھەوا لە شاری شەرەمشێخ لە میسر، بەدواداچوون دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەکان لەبارەی ئاووھەواوە. ئورسولا ڤۆن دێر لاین لەبارەی ٢٧ھەمین کۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا "COP27" کە لە شاری شەرەمشێخ بەڕێوەدەچێت، تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە "جیھان بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووەتەوە، بەڵام گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئاڵنگارییە کە بەرەوڕووی جیھان بووەتەوە". سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ھەروەھا نووسیوویەتی: "کۆنفرانسی ئاووھەوا لە شاری شەرەمشێخ بەدواداچوون دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەکان لەبارەی ئاووھەواوە، پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیھان بۆ ١،٥ پلەی سەدی سنووردار بکەین". جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەرووپا لەچوارچێوەیەدا، لەسەر رێگای راست ھەنگاو دەنێت. سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین بەشداری دەکات لە ٢٧ھەمین کۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا "COP27" کە لە شاری شەرەمشێخ بەڕێوەدەچێت و لە میانیدا وێنەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ ریشی سوناک ئەنجامداوە. رۆژی یەکشەممە، ٢٧ھەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووھەوا سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان "COP27" لە شاری شەرەمشێخ لە میسر دەستی پێ کرد
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ئەگەر ئێران درۆن و مووشەکی بە رووسیا نەدابایە، ئێستا وڵاتەکەی "لە ئاشتی نزیکتر دەبوو." ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2022 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، رۆژی یەکشەممە سوپای رووسیا درۆنی ئێرانی بەکارهێنایەوە و سوپای وڵاتەکەی بەشێکیانی خستە خوارەوە، بەڵام بەشێکیشیان ئامانجەکانیان پێکاوە. بە گوتەی سەرۆکی ئۆکراینا، لایەنی رووسی بە بەکارهێنانی مووشەکی ئێرانی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە دەکاتە ئامانج و ئەوەش وایکردووە، "4.5 ملیۆن کەس بێ کارەبا بمێننەوە." زیلینسکی ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی گوشارخستنە سەر ئێرانیان کردووە. سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژە بەوە دا کە سەختترین هێرشەکانی هێزەکانی رووسیا لە بەرەی دۆنێتسک ئەنجامدراون و گوتی: "دوژمن لەوێ زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت، بەڵام سەرەڕای هەموو زیانەکان بەردەوامە لە شەڕ پێ کردنی بەکرێگیراوەکانی".
هاوڵاتی "شاری ژێرزەوی کاریز" کە لەسەر دوورگەی کیش و لە ئاوە شینەکانی کەنداو هەڵکەوتووە، لەلایەک ئاوی شیرین بۆ ئەو دوورگەیە دابین دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە خاوەن مێژووێکی کۆنە کە بۆ هەزاران ساڵ لەمەربەر دەگەڕێتەوە. شاری ژێرزەوی کاریز کە سەرەتا لە شێوەی ئەشکەوتێکدا بووە و دواتر بە دەستێوەردانی مرۆڤ فراوانتر کراوە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە، ئەو کەناڵە ئاوییانە دەگرێتە خۆ کە بۆ دابینکردنی ئاوی شیرینی خواردنەوە بۆ دوورگەکە دروستکراون. کاریز کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوەبەر دەگەڕێتەوە، بە دەستپێشخەری و وەبەرهێنانەکانی مەنسور حاجی حوسێن کە یەکێکە بووە لە ئەندازیارە ناسراوەکانی ناوچەکە، گۆڕدراوە بۆ شارێکی ژێرزەوی گەشتیاریی کە رووبەرەکەی ١٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە. شارەکە جگە لەوەی رێڕوێکی تێدایە کە بەدرێژایی کەناڵە ئاوییەکان درێژبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژوور و پردی لەخۆگرتووە، هەروەها ژمارەیەک لە چێشتخانەی نەریتی و مۆدێرن، مۆزەخانەیەک و چەندین ستاندی تێدایە کە کاری دەستی تێدا نمایش دەکرێت. باس لەوە دەکرێت، ئەو دیوارە بەردینییانەی کە لەبەردەم دیوارە سروشتییەکانی شارەکەدا دروستکراون، بۆ رێگەگرتن بووە لە تێکچوون و داڕووخانی شوێنەوارەکە. ئەو رووبەرەی کە لە هەندێک شوێنیدا درزی تێدا بەدی دەکرێت، لە ترسی داڕمان بەڕووی سەردانیکەراندا داخراوە. دیوار و بنمیچی شوێنە گەشتیارییەکە وەک مۆزەخانەی بەبەردبووی زیندەوەرە ئاویییەکان وایە. بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە زانکۆی میونخی ئەڵمانیا لەبارەی بەبەردبووەکانەوە ئەنجام دراون، تەمەنی چینی توێژاڵی ئەو دوورگەیە ملیۆنەها ساڵە. ئەم کەناڵە ئاوییە کۆنەی کە لەم دواییانەدا شارێکی ژێرزەوی بووە، بیری زۆری تێدایە کە بۆ کۆکردنەوەی ئاو سوودی لێ وەرگیراوە، بوونی ئامرازی دەرهێنانی ئاو لە سەرەوەی بیرەکاندا، سەرنجی سەردانیکران بە لای خۆیدا رادەکێشێت. باس لەوەش دەکرێت کە درێژی شارەکە کە تەنها بەشێکی نۆژەن کراوەتەوە و بەڕووی سەردانکەراندا کراوەتەوە، ١٥ کیلۆمەترە. هەروەها ئەم کەناڵە ئاوییەی کە قوڵاییەکەی تەنها ١٦ مەتر دەبێت، بە درێژایی مێژوو ئاوی بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەنداو و لە دوورگەکەدا دابین کردووە. "شاری ژێرزەوی کاریز" رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن و شوێنەراوە مێژوویەکە و کەلوپەل و ئاسەوارە نمایشکراوەکانی بووتە جێی سەرنجی هەموو لایەک.
هاوڵاتی سبەی دیاردەی مانگگیران کە تیایدا مانگ بە رەنگی کانزای مس دەبینرێت، روودەدات. مانگگیرانەکە لە هەندێک ناوچەی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئوسترالیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور و بەشێکی باکوور و خۆرهەڵاتی ئەورووپا بەدی دەکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، سبەی دوایین مانگگیرانی ئەمساڵ روودەدات. مانگگیرانەکە کە کاتژمێر ١٢:٠٩ بە کاتی تورکیا دەست پێ دەکات و کاتژمێر ١٣:٥٩ مانگ بە رەنگی کانزای مس دەبینرێت لە هەندێک ناوچەی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئوسترالیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور و بەشێکی باکوور و خۆرهەڵاتی ئەورووپا بەدی دەکرێت. کاتژمێر ١٤:٤١ مانگ بەتەواوی دەگیرێت و لە کاتژمێر ١٥:٥٢ خولەکی پاشنیوەڕۆش مانگگیرانەکە کۆتایی دێت.
ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دیمەنی گرتە ڤیدیۆیەکی داناوە کە لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی لە رۆژئاوای زاپ لە ١١ ئەیلولی ٢٠٢٢دا تۆمار کراون دەردەکەوێت کە سوپای تورک کـ.ـوژراوانی خۆی لە رای گشتی دەشارێتەوە و تەرمەکانی سەربازانی خۆی دەسـ.ـوتێنێت ئەوەش سەرباری ئەوەی کە هـ.ـەپەگە ناو و ناسناو و دیمەنی سەربازەکان بڵاودەکاتەوە
هاوڵاتی واشنتۆن نیگەرانی تووندی لە بەرەوپێشچوونی توانا مووشەكییەكانی ئێران دەربڕی وبە تەحەددای بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانا بە گوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، ئەمڕۆ یەکشەممە، نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا، لەبارەی تاقیكردنەوەی موشەكی "قائم 100" كە توانای گواستنەوەی مانگی دەستكردی بۆ بۆشایی ئاسمان هەیە ڕایگەیاند، ئەم جۆرە كردەوانە هیچ یارمەتیدەر نین و ناسەقامگیری دروست دەكەن. وتیشی: ئەمریكا هێشتا نیگەرانە لە پەرەپێدانی بەردەوامی ئێران بۆ موشەكی هەڵگری مانگی دەستكردیی بۆ بۆشایی ئاسمان وئەمجۆرە مووشەکانە ئەو تەکنەلۆجیانە لەخۆ دەگرن کە ئەگەری گۆڕینەوەیان هەیە لەگەڵ ئەو تەکنەلۆجیانەی کە لە مووشەکە بالیستیکییەکان بەکاردەهێنرێن لەنێوانیاندا سیستەمە دوورمەوداکان. هەروەها جەختی کردەوە، تەقاندنی مووشەکە بالیستیکییەکان تەحەددای بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە داوا لە ئێران دەکات هیچ چالاکییەکی پەیوەست بە مووشەکە بالیستیکییەکانەوە ئەنجام نەدات کە دیزاینکراون بۆ هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی. باسی لەوەش كردووە كە ئەمریكا ڕێكاری پێویست دەگرێتە بەر لە نێویاندا سەپاندنی سزا بەسەر تاراندا بۆ ڕێگری لە بەرەوپێش چوونی بەردەوامی ئێران لە توانا موشەكییەكانی.
هاوڵاتی ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە وڵاتی ئەوروپا ئامادەکاریی دەکەن بۆ سزادانی دەسەڵاتی ئێران لە بەرامبەر سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە. پێگەی شپیگل لە ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە، نۆ وڵاتی ئەوروپا 31 پێشنیاریان ئامادەکردوە بۆ سەپاندنی سزا دژی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسە سەربازییەکان. بەپێی زانیارییەکانی شپیگل لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەڵمانیا، بڕیارە رۆژی دوشەممە ئەو نۆ وڵاتە لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سزاکان دژی دامەزراوە و ناوەندەکانی ئێران رابگەیەنن. ئەو سزایانە بە دوەم قۆناغی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا ئەژمار دەکرێت کە دژی دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان سەپێنرابێت.
هاوڵاتی کۆمپانیای تویتەر لە دوێنێ شەممەوە، خزمەتگوزاری بەشداریکردنی مانگانە بە ھەشت دۆلار دەست پێ کرد کە بریتییە لە پێدانی "نیشانەی شین" بەھەژماری بەشداربووان دوای ئەوەی لێی دەکۆڵدرێتەوە. ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس بڵاوی کردەوە لە نوێکردنەوەی ئامێرەکانی "Apple"دا کە بەسیستەمی "iSO" کار دەکەن، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، ئەو بەکارھێنەرانەی کە ئێستا بەشدارن دەتوانن نیشانە شینەکە لە تەنیشت ناوەکانیان وەربگرن، ھەروەک کەسایەتییە ناودارەکان، هەروەها کۆمپانیا و سیاسەتمەداران. ھێشتا ئەوە نەزاندراوە کە ئایە خاوەن نیشانە شینەکانی ئێستا، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە نەدەن، ئەم تایبەتمەندییە لەدەست دەدەن یان نا.
هاوڵاتی دوای ئەوەی رووسیا هەناردەی گازی لە رێگەی بۆرییەکانی نۆردستریمەوە بۆ یەکێتیی ئەوروپا راگرت، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا دەستی بە کارپێکردنەوەی وێستگەکانی کارەبای خەڵووز کردووە بۆ دابەزاندنی نرخی کارەباو ئەمەش چالاکوانانی ژینگەی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە. لە تەواوی ئەڵمانیادا 63 وێستگەی کارەبا هەیە کە بە خەڵووز کاردەکەن. دوای کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی گازی رووسیا و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا لەو وڵاتە، 21 وێستگەی خەڵووز لەو وڵاتە خراونەتەوە کار. ئەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا شەش گێگاوات کارەبای لە ئەڵمانیا زیادکردووە و نرخی کارەبا کە بۆ هەر مێگاواتێک لە کۆتایی ئابدا 699 یۆرۆی تێپەڕاند، لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا بۆ 114 یۆرۆ دابەزیوە. ئێلیزابێز واسوتی، لەگەڵ بەشێک لە ژینگەپارێزان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی سەردانی کارگەکەیان کردووە و دەڵێن، لە داهاتووی هاووڵاتییان نیگەرانن. دەشڵێت، "پێویستە بڵێم، زۆر سەرم سوڕماوە لەوەی لە پشتمەوە روودەدات، چونکە لەلای من ئەمە کوشتنی راستەقینەی خەڵکی کیشوەرەکەیە. ئەمە ئەوەیە کە ژیانی خەڵک وێران دەکات".. هەرچەندە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەڵمانیا سیاسەتێکی ناچاری بوو، ژینگەپارێزان هیواخوازن چارەسەرێکی دیکە بۆ قەیرانی وزەی وڵاتەکە بدۆزرێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم هەنگاوە لەگەڵ پلانی 2035ی ئەڵمانیا بۆ زیادکردنی وزەی نوێبووەوە و بنبڕکردنی دەردانی گازە زیانبەخشەکان پێچەوانەیە.
هاوڵاتی کۆمیسیاری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا نزیکەی هەزار ڕۆژنامەنوس کوژراون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە لە ڤیێنا بەڕێوەچوو ڤۆڵگەر تورک ڕایگەیاند لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 958 ڕۆژنامەنووس لەجیهاندا کوژراون. وهەر لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا زیاتر لە هەزار ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون، . وتیشی ئەم ژمارەیە مایەی قبووڵکردن نییە. هەروەها ڤۆلکەر، پێی وایە، لەو سەرکەوتنانەی کە لە نزیکەی 50 وڵات کە لەچوارچێوەی پلانی کارکردن دا بەدەست هێنراوە، دروستکردن یان پتەوکردنی میکانیزمەکانە بۆ پاراستنی ئەوانەی کار دەکەن لە میدیا. ئاماژەی بەوەشدا، لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی پڕۆسەکانی کوشتن کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیی هەیە بۆ گرتنەبەری ئەرکی زیاتر بۆ ڕاگرتنیان.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکیدا بۆ پاڵپشتیکارانی بەڵێنی دا ئێران ئازاد بکات و گوتی خۆپیشاندەران کە دژی حکومەتی ئەو وڵاتە کاردەکەن بەم زووانە لە ئازادکردنی خۆیان سەرکەوتودەبن. ڕۆژی پێنج شەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە میانەی کەمپینەکانی بۆ هەڵبژاردنی نیوەی وەرز کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە بچێت ڕایگەیاند "نیگەران مەبن ئێمە ئێران ئازاد دەکەین" پاشان "ئەوان خۆیان ئازاد دەکەن بەم زووانە" ی بۆ قسەکانی زیاد کرد. ئەم قسانەی بایدن لە کاتێکدا بوو ژمارەیەک لە ئامادەبوانی کەمپینەکە مۆبایلەکانیان بەرز کردبۆوە و وێنەی free iran واتە"ئێران ئازاد بکە" یان بەرز کردبۆوە. هەروەها بایدن قسەی زیاتری لەسەر ئەم بابەتە نەکرد و دیاری نەکرد چ هەڵوێستێکی نوێیان بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی لە ئێران ڕودەدەن دەبێت ،ڕاستەوخۆ چووەوە سەر ئەو بابەتەی کە پێشتر گفتوگۆی لەسەر ئەکرد کە ئەویش باشترکردنی چاودێری تەندروستی جەنگاوەرە دێرینەکانی وڵاتەکەی بوو. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی بایدن ڕووبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆری چالاکوانانی ئەمەریکی ئێرانی بۆتەوە کە داوا لە کۆشکی سپی دەکەن هەوڵەکانی بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بوەستێنن. لە میانی نوێترین هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئێران کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە نیازە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کار بکات بۆ ئەوەی ئەندامێتیی ئێران لە (کۆمیسیۆنی رەوشی ژنان) هەڵبوەشێنێتەوە، گوتیشی هەر وڵاتێک مافەکانی ژنان پێشێل بکات، پێویستە هەرگیز "رۆڵی لە هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی یان نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە پاراستنی ئەو مافانەدا نەبێت." جێگەی باسە خۆپیشاندانەکانی ئێران دوای کوشتنی مەهسا ئەمیننی تەمەن ٢٢ ساڵ دەستی پێکردو بۆ ٤٩ هەمین ڕۆژ بەردەوامە و بەپێی دواین ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ٤٨ شەو ڕۆژی ناڕەزاییەکاندا ٢٩٨ کەس کوژراون.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا لەوانەش درۆن و مووشەکی بالیستی "مایەی قبووڵکردن نییە". یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتی: "ئێمە دەبینین کە ئێران درۆن دەداتە رووسیا و بیر لە ناردنی مووشەکی بالیستیش دەکاتەوە". ستۆڵتنبێرگ گوتی، ئەمە "مایەی قبووڵکردن نییە. نابێت هیچ وڵاتێک هاوکاریی رووسیا بکات لەم جەنگە نایاساییەیدا". بەگوێرەی ئۆکراینا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، 400 درۆنی دروستکراوی ئێران "لە دژی ژێرخانی سڤیل لە ئۆکراینادا بەکارهێندراون" و دەڵێت، مۆسکۆ داوای 2 هەزار مووشەکی کردووە. هەرچی رووسیا و ئێرانن، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە. ستۆڵتنبێرگ لە ئیستەنبوڵ گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "لە جەنگەکەی لە رووسیا تووشی شکست بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تووندڕۆیانەتر وەڵامدەداتەوە". بە گوتەی ستۆڵتنبێرگ: لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەیان درۆن و مووشەکیان بینیوە لە سەرتاسەری ئۆکراینا بەکارهێندراون، لەنێویدا وەکو خۆی دەڵێت، لە دژی ژێرخانی ئاو و کارەبا بەکارهێندراون. رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2022 رووسیا بە درۆن و مووشەک کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی وڵاتەکەی کردە ئامانج. ئەوەش دوای 105 رۆژ لە وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا هات. دوای هێرشەکە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کیێڤی پایتەختەوە رایگەیاند، رووسیا درۆنی شاهیدی بەکارهێناوە کە دروستکراوی ئێرانە.
هاوڵاتی بەپێی داتاکانی سەرژمێری دانیشتووان کە لە تانزانیا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە ٦١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٤٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس بوو. ژمارەی دانیشتوان لە تانزاینا بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە، ئەوەیش لە میانی ١٠ ساڵی رابردوودا زیادبوونێکی بەرچاوە کە لەڕووی دانیشتوانەوە لەو وڵاتە تۆمار دەکرێت. بەپێی داتاکانی سەرژمێری دانیشتووان کە لە تانزانیا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە ٦١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٤٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس بوو. لە داتاکاندا ئەوە خراوەتەڕوو کە رەگەزی مێ لەسەدا ٥١ی ژمارەی دانیشتوانی تانزاینا پێکدەھێنێت. لای خۆیەوە رێکخراوی ھاریکاریکردنی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) پێشبینی کردووە کە تا ساڵی ٢٠٥٠، یەک لەسەر چواری دانیشتوانی جیھان لە کیشوەری ئەفریقیابن، ئەگەر پێش نەگیرێت لە گەشەی دانیشتوانی ئێستای کیشوەرەکە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد بەبۆنەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی، هاوکات جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵیدا کردەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینا رۆمانەوسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس-ی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لە محەمەد شیاع سوودانی کردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەت و گەلی عێراق لەپێناو رێزگرتنی زیاتر لە مافەکانی مرۆڤ، زیادکردنی دەرفەتی ئابووری و پێشخستنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوادا کردووەتەوە. ئەوەش هاتووە کە ئانتۆنی بڵینکن جارێکی دیکە پابەندبوونی واشنتۆنی بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە شکستپێهێنانی داعش کردووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازیی لە بانگەواز و بەڵێنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی و سەروەرییەکەی دووپات کردووەتەوە. رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم، کاندیدی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، محەمەد شیاع سوودانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.