هاوڵاتى ‌به‌پێى تویژینه‌وه‌یه‌کى ئه‌مریکى ئه‌و که‌سانه‌ى تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بون و په‌تاکه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌ جه‌سته‌یان به‌رگرییه‌کى به‌هێزى دروستکردوه‌ جارێکى دیکه‌ تووش نابنه‌وه‌.  توێژینه‌وه‌که‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگاى نیشتیمانى ئه‌مریکى ئه‌نجامدراوه‌و نزیکه‌ى  سێ ملیۆن که‌س به‌شداریان تێداکردوه‌ که‌ ته‌نها له‌سه‌دا 0.3% ئه‌وانه‌ى توشبووى کۆرۆنا بوون جارێکى دیکه‌ تووش بونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌کى ئه‌رێنی داده‌نرێت. له‌ئێستادا چه‌ندین ڤاکسینى کۆرۆنا به‌رهه‌مهێنراون و ڤاکسینى فایزه‌ریش له‌ئه‌مریکا و چه‌ندین وڵاتى دیکه‌ بۆ هاوڵاتیان به‌رده‌ست بووه‌و به‌شێکى زۆر له‌ وڵاتان ڤاکسینه‌که‌یان پێگه‌شتووه‌.  

هاوڵاتى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌ڵمانیا رایانگه‌یاند، یه‌که‌م حاڵه‌تى توشبون به‌ ڤایرۆسه‌ نوێیه‌که‌ى کۆرۆنایان تۆمارکردوه‌ که‌ له‌ بریتانیاوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ى کانونى یه‌که‌مى2020، راگه‌یه‌ندراوێکى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌ ویلایه‌تى بادن-فۆرتمبێرگى باشورى ئه‌ڵمانیا، ژنێک که‌ له‌ 20ى (کانونى یه‌که‌م/12)ى 2020 له‌ بریتانیاوه‌ و له‌رێگه‌ى فڕۆکه‌خانه‌ى فرانکفۆرته‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ وڵاته‌که‌ی، پاش ئه‌نجامدانى پشکنین ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ توشى ڤایرۆسه‌ نوێیه‌که‌ى کۆرۆنا بووه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ ئه‌و ژنه‌ى تووشبووه‌ به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانى که‌سوکاره‌که‌ى خۆى گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ فڕۆکه‌خانه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێکى خۆیان چووه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، له‌ئێستاشدا که‌ره‌نتین کراوه‌. مات هانکۆک وه‌زیرى ته‌ندروستى بریتانیا له‌ 14ى ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند، زانایانى وڵاته‌که‌ى ڤایرۆسێکى نوێیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ناونیشانى (B.1.1.7) به‌خێراییه‌کى زۆر بڵاوده‌بێته‌وه‌ وه‌ک ڤایرۆسێکى نوێى کۆرۆنا هه‌ژمار ده‌کرێت.  

هاوڵاتى کۆشکى سپى ئاشکرایکرد که‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 24ى کانونى یه‌که‌م، بڕیارى لێخۆشبوونى بۆ چارلز کۆشنه‌رى باوکى جارید کۆشنه‌رى هاوسه‌رى ئیڤانکا ده‌رکرد. کۆشکى سپى له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپ بڕیارى لێخۆشبوونى بۆ 29 که‌س ده‌رکردووه‌ که‌ یه‌کێکیان خه‌زوورى ئیڤانکا تره‌مپه‌. لێخۆشبوونه‌وه‌که‌ى دۆناڵد تره‌مپ، ڕۆجێر ستۆن، هاوڕێى نزیک و یاریده‌ده‌رى پێشوو، پۆڵ مانافۆرت، سه‌رۆکى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌کانى پێشووى تره‌مپ و چارلز کۆشنه‌ر، باوکى گه‌وره‌ ڕاوێژکارى تره‌مپ، جارید کۆشنه‌رى گرتووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا باسله‌وه‌ کراوه‌ که‌ مانافۆرت تاوانبار کراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کانى ده‌ستێوه‌ردانه‌کانى ڕوسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌مریکا له‌ ساڵى 2016، هه‌روه‌ها ڕۆجێر ستۆن که‌ تاوانبار بوو به‌ سوێند خواردنى به‌ درۆ به‌رامبه‌ر یاساناسان له‌و دۆسیه‌یه‌دا، له‌ لیستى ئه‌وانه‌دایه‌ که‌ تره‌مپ لێخۆشبوونى بۆ ده‌رکردوو. پێشتریش دۆناڵد تره‌مپ لێخۆشبوونى بۆ 15 که‌سى دیکه‌ ده‌رکردووه‌، له‌ناویاندا دوو ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مریکاى تێدایه‌، سه‌ره‌ڕاى دوو ئه‌ندامى پێشووى کۆمارییه‌کان هه‌ریه‌که‌ له‌ دنکان هانته‌ر له‌ کالیفۆرنیا و کریس کۆلێنز له‌ نیویۆرک. هه‌روه‌ها تره‌مپ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ لێخۆشبوونى بۆ چوار له‌ تاوانبارانى کوشتارى ساڵى 2007ى به‌غداد ده‌رکرد که‌ سزادرابوون به‌ زیندانیکردن بۆ ماوه‌یه‌کى درێژ. هاوکات دۆناڵد تره‌مپ له‌ شه‌پۆلى لێخۆشبوونه‌کانیدا بڕیارى بۆ دوو ئه‌فسه‌رى پاسه‌وانى سنورى ئه‌مریکا ده‌رکرد که‌ تاوانباربوون به‌ ته‌قه‌کردن له‌ مکسیکییه‌کان له‌ ساڵى 2005.  

هاوڵاتى دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا له‌ توێتێکیدا که‌ وێنه‌ى سێ موشه‌کى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ ده‌نوسێت:" هێرشه‌کانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى سه‌ر باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌ به‌غدا، له‌رێگه‌ى موشه‌کى ئێرانیه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که‌ گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت که‌ هێرشى زیاتر ده‌کرێته‌ سه‌ر ئه‌مریکییه‌کان له‌عێراق. هاوکات ئامۆژگاریى ئێرانیه‌کان ده‌کات و ده‌نوسێت:" هه‌ندێک ئامۆژگاری دۆستانه‌م بۆ ئێران ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مریکییه‌ک بکوژرێت، ئێمه‌ ئێران به‌به‌رپرسیار ده‌زانین، باش بیرى لێبکه‌نه‌وه‌".

هاوڵاتى نرخى نه‌وت له‌ بازاره‌کانى جیهان به‌رزبووه‌ته‌وه‌و یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 51 دۆلارو 53 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ى کانونى یه‌که‌مى 2020، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 51 دۆلارو 53 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 48 دۆلارو 38 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 50 دۆلارو 76 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌ بازاردا به‌هۆى گه‌یشتنى ڤاکسینى کۆرۆنایه‌ بۆ چه‌ندین وڵاتى جیاواز و خواست له‌سه‌رى زیادى کردووه‌.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بڕیارێکى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکاى ئیدانه‌کرد به‌ئازادکردنى دوو سه‌ربازى ئه‌مریکى که‌ له‌ساڵى 2007 ده‌ستیان له‌کوشتنى 14 هاوڵاتى عێراقیدا هه‌بووه‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى کانونى یه‌که‌مى 2020، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا هاتووه‌:" به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ى سه‌رۆکى ئه‌مریکا ده‌که‌ین و پێمانوایه‌ تاوانى کوشتنى به‌ناحه‌ق له‌م بڕیاره‌دا ره‌چاونه‌کراوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقیاتى ئیداره‌ى ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به‌هاکانى مافى مرۆڤ، دادوه‌ری، سه‌روه‌رى یاسا یه‌کناگرێته‌وه‌". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ ئه‌و بڕیاره‌ى تره‌مپ په‌راوێزخستن و به‌که‌مزانینى شکۆمه‌ندى قوربانییه‌کان و هه‌ست و سۆزى خێزان و که‌سوکاریانه‌. هاوکات ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ئه‌مریکا به‌دواداچونى ته‌واو بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ن له‌ڕێگاى که‌ناڵه‌ دپلۆماسییه‌کان و داواى پێداچونه‌وه‌ به‌بڕیاره‌که‌دا ده‌که‌ن.  

هاوڵاتى ‌وه‌زیرى ته‌ندروستى به‌ریتانیا رایگه‌یاند جۆرێکى دیکه‌ى کۆرۆنا بڵاوبووه‌ته‌وه‌و هاوشێوه‌ى جۆره‌که‌ى دیکه‌ تواناى بڵاوبونه‌وه‌ى خێراتره‌ و تائێستا دو حاڵه‌تى توشبون تۆمارکراوه‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى کانونى یه‌که‌مى 2020، داونینگ ستریت، مات هانۆک وه‌زیرى ته‌ندروستى بریتانیا رایگه‌یاند:" جۆرێکى دیکه‌ى کۆرۆنا له‌وڵاته‌که‌مان ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ شێوه‌ى گۆڕاوى جۆره‌که‌ى دیکه‌ى کۆرۆنایه‌ و تواناى بڵاوبونه‌وه‌ى خێراتره‌ و تائێستا دو حاڵه‌تى توشبون تۆمارکراوه‌". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"ئه‌و دو حاڵه‌ته‌ى که‌ توشبوى جۆره‌ نوێیه‌که‌ى کۆرۆنان دو گه‌شتیار بون که‌ چه‌ند هه‌فته‌ى رابردو له‌ئه‌فریقاى باشوره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

هاوڵاتى له‌په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، مایک پۆمپیۆ پشتیوانى به‌رده‌وامیى وڵاته‌که‌ی بۆ میدیاى ئازاد له‌عێراق دوپاتکردۆته‌وه‌. ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ 22ى کانونى یه‌که‌مى 2020، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنى له‌مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکاوه‌‌ پێگه‌یشت.  به‌پێی تویتێکی مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى پشتیوانى به‌رده‌وامى ئه‌مه‌ریکاى بۆ میدیاى ئازاد له‌عێراق دوپاتکردۆته‌وه‌.  

کاکه‌لاو عه‌بدوڵا پێشبینى ده‌کرێت سزا نوێیه‌کانى واشنتن بۆ سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ له‌مه‌ڕ کڕینى سیسته‌مى به‌رگریى ئاسمانى ئێس-٤٠٠ى رووسى زیانێکى کوشنده‌ بدات له‌ژێرخانى به‌رگریى تورکیا، له‌کاتێکدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان باس له‌وه‌ده‌کات هێشتا «ده‌رگامان کراوه‌یه‌« بۆ گفتوگۆو لێکتێگه‌یشتن. دووشه‌ممه‌ى رابردوو، ١٤ى کانونى یه‌که‌مى ٢٠٢٠، ئه‌مریکا سزاى سه‌پاند به‌سه‌ر پیشه‌سازى ژێرخانى به‌رگریى تورکیاو سه‌رۆکى ئاژانسه‌که‌ که‌ئیسماعیل ده‌میره‌ به‌هۆى کڕینى سیسته‌مى به‌رگرى ئێس-٤٠٠ى رووسى له‌ساڵى ٢٠١٩. پیشه‌سازى ژێرخانى به‌رگرى تورکیا ئه‌و دامه‌زراوه‌ حکومیه‌یه‌ که‌ به‌رپرسیاره‌ له‌دابینکردن و هه‌نارده‌کردنى که‌لوپه‌لى سه‌ربازیى و گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى به‌رگریى ناوخۆ. مایک پۆمپێیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند: «ئه‌مریکا چه‌ندین جارو له‌سه‌ر ئاستى باڵا ئه‌وه‌ى بۆ تورکیا روونکرده‌وه‌ کڕینى سیسته‌مى ئێس-٤٠٠ ئاسایشى ته‌کنه‌لۆژیاى سه‌ربازیى ئه‌مریکا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و بودجه‌ى به‌رچاو دابین ده‌کات بۆ که‌رتى به‌رگریى رووسیا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێگه‌یشتنى رووسیا به‌پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا». پۆمپێیۆ وتیشى سه‌ره‌ڕاى ئاگادارکردنه‌وه‌کان تورکیا سوور بوو له‌سه‌ر کڕینى سیسته‌مه‌که‌و داواشى له‌تورکیا کرد ده‌ستبه‌جێ «کێشه‌ى سیسته‌مى ئێس-٤٠٠ چاره‌سه‌ر بکات به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا». سزاکان قه‌ده‌غه‌کردنى مۆڵه‌تپێدان ده‌گرێته‌وه‌ به‌و که‌لوپه‌لانه‌ى ئه‌مریکاو ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هه‌ر قه‌واره‌ و موڵکێکى دامه‌زراوه‌که‌ که‌ له‌ژێر ده‌ستى حکومه‌تى ئه‌مریکیدا بێت. دوابه‌دواى سه‌پاندنى سزاکان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکى تورکیا رایگه‌یاند، «سزاکانى ئه‌مریکا ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌وپێشچوونه‌کانى که‌رتى به‌رگریى تورکیا بوه‌ستێنن و وا له‌و وڵاته‌ بکه‌ن دووباره‌ پشت به‌وڵاتانى تر ببه‌ستێت، ئه‌م بڕیاره‌ هێرشێکه‌ بۆ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیى تورکیا». به‌ڵام له‌شه‌ممه‌ى رابردوودا، ئه‌ردۆغان به‌تۆنێکى جیاوازتر قسه‌ى کرد و وتی: «ئێمه‌ ده‌رگاکانمان به‌کراوه‌یى جێدێڵین بۆ ئه‌وانه‌ى ئاماده‌ى دانیشتن و دانوستانن له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر مه‌رجى یه‌کسان و رازیبوونیان به‌ئۆڤه‌رى دادپه‌روه‌رانه‌«. دوابه‌دواى راگه‌یاندنى سزاکان، دوو بۆچوون له‌تورکیا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ که‌یه‌کێکیان به‌رگریکردن له‌حکومه‌ته‌ و باس له‌وه‌ ده‌کات پێشتریش سزا سه‌پێنراوه‌، به‌ڵام ته‌نها روحیه‌تى نیشتمانیى زیاد کردووه‌و ژێرخانى به‌رگرى وڵاته‌که‌ له‌وه‌ به‌هێزتره‌ ئه‌م سزایانه‌ کاریگه‌ریى لێبکه‌ن. به‌ڵام بۆچوونه‌که‌ى تر پێچه‌وانه‌ى بۆچوونى یه‌که‌مه‌و شاره‌زایان پێیانوایه‌ سزاکانى ئه‌مریکا گورزێکى کوشنده‌ ده‌دات له‌که‌رتى به‌رگرى تورکیا له‌ماوه‌ى دوو بۆ سێ ساڵى داهاتوودا. پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا پشتێکى زۆرى به‌ستووه‌ به‌هاورده‌ى ئه‌مریکا، به‌پێى راپۆرتێکى یه‌کێتى به‌رهه‌مهێنه‌رانى پیشه‌سازى ئاسمانى و به‌رگریى تورکیا له‌ساڵى ٢٠١٩، ئه‌نقه‌ره‌ به‌به‌هاى یه‌ک ملیارو (٤٠٠) ملیۆن دۆلار که‌لوپه‌لى سه‌ربازیى له‌ئه‌مریکا کڕیوه‌، که‌زۆربه‌یان مادده‌ى خام و به‌رهه‌مى نیمچه‌ دروستکراون، ئه‌مه‌ش له‌سه‌دا ٤٥٪ى کۆى گشتى هاورده‌کردن پێکده‌هێنێت که‌ سێ ملیارو (١٠٠) ملیۆن دۆلار بووه‌ له‌ساڵى رابردوودا.  له‌و بڕه‌ (٦٤٨) ملیۆن دۆلارى بۆ هاورده‌ى که‌لوپه‌لى هێزى ئاسامانى بووه‌، له‌کاتێکدا (٤٦٤) ملیۆنى بۆ فڕۆکه‌ى شارستانى و (١٠٧) ملیۆن دۆلاریش بۆ سیسته‌مى زه‌مینى رۆیشتووه‌. «سزاکان کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر له‌سه‌دا ٤٠٪ى هاورده‌ى پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا که‌ له‌ئه‌مریکاى ده‌کڕێت و ده‌گونجێت کاریگه‌رییه‌کى رووخێنه‌رى هه‌بێت له‌حاڵه‌تى به‌رده‌وامبوونى سزاکان بۆ دوو بۆ سێ ساڵى داهاتوو»، شاره‌زایه‌کى بوارى به‌رگریى تورکیا، که‌ناوى نه‌هاتووه‌، ئه‌مه‌ى به‌پێگه‌ى ئه‌لمۆنیته‌رى ئه‌مریکى وت. به‌پێى راپۆرتێکى میدڵ ئیست ئاى به‌ریتانی، سزاکانى ئه‌مریکا کار ناکاته‌سه‌ر ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ى پێشتر بۆ هه‌نارده‌کردن ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دراوه‌، وه‌ک پارچه‌ى یه‌ده‌گى ئێف-١٦ى تورکی، به‌ڵام ده‌کرێت کاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر چه‌ندین گرێبه‌ستى ساڵانه‌ که‌ به‌هاکه‌یان نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌دوو ملیار دۆلار، که‌ له‌لایه‌ن پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیاوه‌ ئیمزا کراوه‌. به‌پێى راپۆرته‌که‌، ده‌کرێت سزاکانى واشنتن کێشه‌ دروستبکه‌ن بۆ پرۆژه‌ى فره‌ ملیار دۆلارى، له‌وانه‌ که‌شتى جه‌نگیى بچووک، فڕۆکه‌ى شه‌ڕى سووک و راهێنانى (هێرجێت)، هه‌روه‌ها فرۆکه‌ى جه‌نگیى نه‌وه‌ى پێنجه‌مى  TFX. جان که‌ساپۆغلۆ، به‌ڕێوەبه‌رى توێژینه‌وه‌ى به‌رگریى له‌ناوه‌ندى تووێژینه‌وه‌ى ئیدامى تورکى به‌میدڵ ئیست ئاى راگه‌یاندووه‌، «پاکێجى سزاکان سووک نییه‌. پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا بزووێنه‌رى سه‌ره‌کى پرۆژه‌ به‌رگرییه‌کان و هه‌ماهه‌نگییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى تورکیایه‌ که‌خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌گواستنه‌وه‌ى ته‌کنه‌لۆجیاو به‌رهه‌مهێنانى هاوبه‌ش». که‌ساپۆغلۆ باسى له‌وه‌شکرد که‌ دامه‌زراوه‌ به‌رگرییه‌که‌ى تورکیا له‌ئێستادا «سه‌ده‌ها پرۆژه‌ى سیسته‌مى چه‌ک و گرێبه‌ستى گرانبه‌هاى به‌رگریى به‌ڕێوه‌ده‌بات». له‌ئێستادا پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا کار له‌ (٧٠٠) پرۆژه‌دا ده‌کات، که‌ به‌هاکانیان زیاتره‌ له‌نۆ ملیار دۆلار که‌زۆرێکیان په‌یوه‌ستن به‌مۆڵه‌تى هه‌نارده‌وه‌. زنجیره‌یه‌ک له‌پرۆژه‌ى ناوخۆیى پشتیان به‌ستووه‌ به‌سه‌ده‌ها سیسته‌مى دروستکراوى ئه‌مریکى و له‌م روانگه‌یه‌وه‌ سزاکان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ له‌باربردنى پیشه‌سازى به‌رگریى تورکیا له‌ماوه‌ى درێژخایه‌ندا. به‌پێى وته‌ى شاره‌زا به‌رگرییه‌که‌ى قسه‌ى بۆ ئه‌لمۆنیته‌ر کردووه‌، پێده‌چێت سزاکان لایه‌نى سێهه‌م، واته‌ وڵاتانى تر، سارد بکاته‌وه‌ له‌هه‌ماهه‌نگیکردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ تورکییه‌که‌دا. به‌پێى راپۆرته‌که‌ى ئه‌لمۆنیته‌ر، هه‌موو ئه‌م مه‌ترسییانه‌ کار ده‌که‌نه‌سه‌ر پێویستییه‌کانى بزوێنه‌رى فڕۆکه‌و تانکى تورکى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له‌پرۆژه‌ى نیشتمانى که‌په‌یوه‌ستن به‌که‌لوپه‌لى گرنگ وه‌ک هه‌لیکۆپته‌رى  T-70، فڕۆکه‌ى جه‌نگى  TFX، فڕۆکه‌ى راهێنانى (‌هێرجێت)، که‌شتى جه‌نگى (میڵگێم) و هه‌نارده‌کردنى هه‌لیکۆپته‌رى  T129ى هێرشبه‌ر. به‌رپرسانى ئیداره‌ى تره‌مپ له‌مێژه‌ داواى سه‌پاندنى سزا ده‌که‌ن به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا کاتێک له‌ ته‌مموزى ٢٠١٩ یه‌که‌مین پارچه‌کانى سیسته‌مه‌که‌ى پێگه‌یشت، که‌ واشنتن پێیوایه‌ سیسته‌مه‌که‌ ده‌کرێت به‌کاربهێنرێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ى زانیارییه‌ نهێنییه‌کانى فڕۆکه‌ى ئێف-٣٥ى ئه‌مریکی. به‌پێى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ رووسیا ئه‌نجامیداوه‌، تورکیا دوو ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دۆلارى داوه‌ به‌مۆسکۆ له‌به‌رامبه‌ر کڕینى سیسته‌مه‌که‌دا،  که‌پێیوایه‌ پێویستییه‌کى هه‌نوکه‌ییه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و ململانێ سه‌ربازییانه‌ى له‌ده‌وروبه‌رى وڵاته‌که‌یدا هه‌ن و رایگه‌یاندووه‌ هاوپه‌یمانه‌کانى به‌ئه‌مریکاشه‌وه‌ له‌ناتۆ نه‌یانتوانیوه‌ جێگره‌وه‌یه‌کى بۆ دابین بکه‌ن – وه‌ک سیسته‌مى به‌رگرى پایتریۆتى ئه‌مریکى - که‌ لایان قبوڵکراو بێت. له‌ماوه‌ى چوار ساڵى سه‌رۆکایه‌تیدا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا، ساردبووه‌ له‌سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌داو چه‌ندین جار ڤیتۆى له‌سه‌ر سزا سه‌پاندن به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا کردبوو به‌هۆى نزیکى و په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغاندا. شاره‌زایان پێیانوایه‌ ره‌زامه‌ندیى تره‌مپ له‌ئێستادا بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر تورکیادا بۆ کێشه‌ دروستکردنه‌ بۆ ئیداره‌ى داهاتووى جۆو بایدن، سه‌رۆکى هه‌ڵبژیردراوى ئه‌مریکا. جۆن سۆلۆمۆ، ستوونوسى ئاژانسى هه‌واڵى باشورى ئاسیا له‌وتارێکدا نووسیویەتی: «ئه‌و راستییه‌ى که‌ ئه‌مجاره‌ دۆناڵد تره‌مپ سزاى کۆنگرێسى نه‌وه‌ستاند وه‌ک پێشتر له‌سێ ساڵى رابردوودا کردی، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌و ئاره‌زووه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌ده‌یه‌وێت تاده‌توانێت کێشه‌ بۆ جۆو بایدنى سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراو دروستبکات». بایدن که‌ تووڕه‌یى خۆى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانى ئه‌ردۆغان، به‌ڵێنیداوه‌ ده‌بێت سه‌رۆکى تورکیا «باجی» کرده‌وه‌کانى بدات دژ به‌کوردو ئه‌و کێشانه‌ى دروستکردووه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا. له‌لایه‌کى تره‌وه‌ یه‌کێتى ئه‌ورپا چه‌ند سزایه‌کى دژى تورکیا راگه‌یاندووه‌و ئه‌نجێلا مێرکڵ، راوێژکارى ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریکا ده‌که‌ن بۆ توندکردنه‌وه‌ى سزاکان و قه‌ده‌غەکردنى فرۆشتنى چه‌ک به‌ئه‌نقه‌ره‌. تا به‌هارى داهاتوو سزاکان قورستر ده‌بنه‌وه‌و ئه‌مریکاو ئه‌وروپا پێکه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى ده‌که‌ن بۆ سه‌پاندنى سزاى زیاتر، که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رووبدات زیانێکى زۆر به‌ئابورى تورکیا ده‌که‌وێت. «ئه‌وکات ئه‌ردۆغان به‌هۆى بێزارى رایگشتى سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵسوکه‌وته‌ داپڵۆسێنه‌ره‌کانى دژى نه‌یاره‌کانى و چه‌وت به‌ڕێوەبردنى ئابورى وڵاته‌که‌ی، ئیتر ناتوانێت ئه‌وه‌نده‌ دژى رۆژئاوا بوه‌ستێته‌وه‌«، سۆلۆمۆ واى نوسیووه‌.

شاناز حه‌سه‌ن سه‌ره‌ڕاى که‌مبوونه‌وه‌ى گیانله‌ده‌ستدان و تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ده‌ڵێت:»خۆپارێزى له‌کۆرۆنا به‌رده‌وام ده‌بێت تاکۆتایى پێدێت». ماوه‌ى زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه‌ ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان که‌مبووه‌ته‌وه‌و کۆى تووشبووان گه‌یشتووه‌ته‌ (101) هه‌زارو (661) تووشبوو، چاکبوونه‌وه‌ (66) هه‌زارو (903) تووشبوو، سێ هه‌زارو (340) تووشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى  وت»راسته‌ ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان که‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام رێکاره‌کانى خۆپارێزى وه‌ک خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن تا ڤایرۆسه‌که‌ کۆتایى پێدێت». هه‌روه‌ها وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبوون په‌یوه‌ندى به‌ڕێکاره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و ئاستى خۆپارێزى تاک هه‌یه‌ تاراده‌یه‌ک، چونکه‌ زیاتر توندکردنه‌وه‌ى رێکاره‌کان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌و هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى تاکپارێزى و داخستنى قوتابخانه‌کان و هه‌موو ئه‌مانه‌ کاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌که‌مبوونه‌وه‌ى تووشبووان به‌کۆرۆنا. هاوکات، ئاسۆ حه‌وێزى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌، «ڤایرۆسى کۆرۆنا ناتوانرێت گه‌ره‌نتى بکرێت»، بۆیه‌ که‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبووان ماناى ئه‌وه‌نییه‌ که‌ رێکاره‌کان که‌مبکه‌نه‌وه‌، به‌ڵکو تا بوونى حاڵه‌تى کۆرۆنا ده‌بێت رێکاره‌کان وه‌ک خۆیان به‌رده‌وام بن تا کۆتایى پێدێت».

هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌و ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ 52 دۆلارو 32 سه‌نت. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ى کانونى یه‌که‌مى 2020، یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 52 دۆلارو 32 سه‌نت له‌بازاره‌کاندا مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 48 دۆلارو 96 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 51 دۆلارو 17 سه‌نته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى خاو بۆ کاریگه‌رییه‌کانى ڤاکسینى کۆرۆنا ده‌گه‌رێته‌وه‌ که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زۆربه‌ى وڵاتان و تا راده‌یه‌ک جوڵه‌ى بازارى نه‌وتى زیاد کردووه‌. هه‌فته‌ى رابردوو وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد له‌سه‌ره‌تاى ساڵى نوێدانرخى نه‌وتى خاو بۆ هه‌ر به‌رمیلێک ده‌گاته‌ 55 دۆلار.  

هاوڵاتى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا به‌ هاوتا تورکییه‌که‌ى مه‌ولود چاوش ئۆغلۆى راگه‌یاندووه‌ که‌ سزاکانى واشنتن به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا به‌هۆى کڕینى سیستمى به‌رگرى موشه‌کى ڕوسى ئێس 400 ه‌وه‌ بووه‌. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى کانونى یه‌که‌مى 2020، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا کیل براون وتى مایک پۆمپیۆ له‌میانه‌ى گفتوگۆکه‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ وتویه‌تى " ئامانج له‌ سزاکان ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌نه‌ده‌ین ڕوسیا پاره‌یه‌کى زۆرى ده‌ستبکه‌وێت و ده‌ستى بگاته‌ سیستمى به‌رگرى تورکیا و کارى تێبکات." هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" سزاکانى ئه‌مه‌ریکا ئامانج لێیان لاوازکردنى توانا سه‌ربازییه‌کان تورکیا نیه‌." هاوکات، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا داواى له‌ تورکیا کردوه‌ " چاره‌سه‌رى کێشه‌ى ئێس 400 بکه‌ن به‌شێوه‌یه‌ک که‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌کانى هاریکارى به‌رگرى نێوان دو وڵاته‌که‌دا بگونجێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌کانى وه‌کو ئه‌ندامێک له‌ هاوپه‌یمانێتى ناتۆ و جۆره‌ چه‌کێک بکڕێت که‌ له‌گه‌ڵ چه‌که‌کانى هاوپه‌یمانێتى ناتۆدا بگونجێت."   هه‌فته‌ى رابردوو، ئه‌مریکا سزاى به‌سه‌ر که‌رتى پیشه‌سازى چه‌ک و به‌رگرى تورکیادا سه‌پاند، به‌ڕێوه‌به‌رى پیشه‌سازى دروستکردنى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى تورکیاشى له‌نێو لیستى سزادراواندا تۆمارکردووه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆى کرینى سیستمى موشه‌کى ئێس 400ى رووسیه‌وه‌ بووه‌.  

هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاوى برێنت له‌ بازاره‌کانى جیهاندا به‌ 51 دۆلارو 48 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى کانونى یه‌که‌مى 2020، نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 51 دۆلارو 48 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 48 دۆلارو 38 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 50 دۆلارو 12 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت.  

هاوڵاتى سه‌رۆکایه‌تى فه‌ره‌نسا تووشبوونى ئیمانوئێل ماکرۆن سه‌رۆکى وڵاته‌که‌ به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕاگه‌یاند که‌ نیشانه‌کانى ڤایرۆسه‌که‌ى تێدایه‌. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى کانونى یه‌که‌مى 2020، به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێک که‌ له‌لایه‌ن کۆشکى ئیلیزێیوه‌ بڵاوکرایه‌وه‌”ماکرۆن بۆ ماوه‌ى حه‌وت ڕۆژ خۆى که‌ره‌نتین ده‌کات، به‌ڵام له‌ ئه‌رکى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات دانابڕێت و به‌ ئۆنلاین کاره‌کانى جێیبه‌جێ‌ ده‌کات". له‌ هه‌فته‌ى ڕابردوودا سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا له‌ لوتکه‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپا له‌ برۆکسل چاوى به‌ ژماره‌یه‌ک به‌رپرسى ئه‌وروپایى که‌وتووه‌. دوابه‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى تووشبوونى ماکرۆن به‌ کۆرۆنا، هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کانى ئه‌وروپا که‌ له‌و لوتکه‌یه‌ به‌شداربوون و به‌ریه‌ککه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ماکرۆن، بڕیاریاندا خۆیان که‌ره‌نتین بکه‌ن له‌وانه‌ش پیدرۆ سانشێز سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسپانیا و چارڵس میشێل سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى ئه‌وروپا. تائێستا له‌ فه‌ره‌نسا نزیکه‌ى 60 هه‌زار که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و نزیکه‌ى دوو ملیۆن که‌سیش تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون.  

هاوڵاتى له‌ئێستادا نرخى نه‌وتى خاو گه‌یشتووه‌ته‌ 51 دۆلارو 39 سه‌نت بۆ هه‌ر به‌رمیلێک. نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى برێنت له‌ ئێستادا به‌ 51 دۆلارو 39 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 48 دۆلارو 11 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 50 دۆلارو 72 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت.