هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی کەنەدا بڕیاری دا ئەو کۆچبەرانەی هاووڵاتیی کەنەدا نین و خاوەن مافی مانەوەی هەمیشەیین لە ریزی سوپا وەربگیرێن. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاو کراوەتەوە، بەهۆی بڕیارەکانەوە کە لەبارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و دواتریش بڕیاری وەرگرتنی ڤاکسین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، کێشەی کەمیی کارمەند لە سوپای کەنەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەمەودوا، ئەو کۆچبەرانەی خاوەن مافی مانەوەی هەمیشەیین دەتوانن داواکاری پڕ بکەنەوە بۆ چوونە ریزەکانی سوپا و گرنگی بەوەیش نادرێت کە ئەو کەسانە لەلایەن سوپایەکی بیانی مەشق و راهێنانیان پێ کراوە یاخود نا. لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە هێشتا بۆشایی زیاتر لە هەشت هەزار سەرباز هەیە لە هێزە دەریایی، ئاسمانی و وشکانییەکان، ئاماژە بەوە دراوە کە زۆر دوورن لە هێنانەدی ئامانجی زیادکردنی پێنج هەزار و ٩٠٠ سەربازی دیکە بۆ سوپا لە ئاداری ٢٠٢٣.

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی داکۆک؛ ڕۆژی دووشەمە ٥ / ١٢ ڕێکخراوی داکۆک بۆ ماف وئازادی لە هەرسێ شاری لەندەن و بێرمینگهام و مانجستەر ساڵیادی تیرۆر کردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بەرز ڕاگرت . لە هەرسێ شارەکەدا بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی لەسەعات یەکی پاش نیوەڕۆو بەکاتی بەریتانیا مەراسیمەکان دەستی پێکرد . بەدەر لەبەشداری هەندێ لە ئامادەبوان لە هەرسێ شارەکە لەلایەن ئەندامانی داکۆکەوە ، وتاری ڕێکخراوی داکۆک و وتاری بنەماڵەی کاوە گەرمیانی و کورتەیەک لە ژیانی کاوە گەرمیانی خوێندرایەوە . لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵ لەسەر وێنەی کاوە گەرمیانی درودو سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و تیرۆرکراوانی دەستی غەدرو ستەم نێردرا ،نەفرەت لە تاریکخوازان و تیرۆرستان و دوژمنانی ئازادی کرا . هەر لەم یادەدا دووبارە جەخت لەسەر ئیدانە کردنی هێشتنەوەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانو بەرتەسک کردنەوەی ئازادی و ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندان کرایەوە . ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوی داکۆک بۆ ماف وئازادی

بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران و ئەوە ئاماژەیەکی رونی لاوازیی ئەو دەسەڵاتەیە نەوەک بەهێزبونی. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفیزیۆنی -سی ئێن ئێن- رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بۆ پاشەکشێکردنی خەڵک و خۆپیشاندەران، توندوتیژیی و سەرکوت بەکاردەهێنێت کە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران  لە ئاست داواکارییە رەواکانی خەڵکدا. بلینکن وتیشی: ئەمریکا پشتیوانی لە داوای رەوا و ئاشتیخوازنەی خەڵکی هەر وڵاتێک دەکات جا لە چین بێت یان ئێران. پێشتر وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاندبو؛ هیچ ‌ئاماژەیەکی ئەرێنی لە هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەدی ناکرێت و ئەوەش وا دەکات تاران لە روی نێودەوڵەتی زیاتر لە رابردو پەراوێز بخرێت.

هاوڵاتی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز رەخنەی لە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین گرت کە وڵاتەکەی خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار. ئۆلاف شۆلتز لە گوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ماریۆن دۆنهۆف بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی بە رێکخراوی "میمۆریاڵ" تایبەت بە مافی مرۆڤ لە رووسیا پێشکەشی کرد گوتی: ''پوتین فەرمانی خراپترین تاوان دەدات دەرهەق بە ئۆکراینا. لە هەمان کاتدا وڵاتەکەی خۆی خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار''. راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە سەرۆکی رووسیا لە جەنگی دژبە ئۆکراینا بێئومێدانە رێگای بزرکردووە و رایگەیاند: ''مووشەکبارانکردنی خەڵکی مەدەنی بێ چەک، منداڵان، ژنان و کەسانی بەتەمەن تەنیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی هەڵدێرێکی نائەخلاقی کە ناچێتە عەقڵەوە''. ئۆلاف شۆلتز بەپێویستی زانی ئۆکراینا جەنگەکە نەدۆڕێنێت و باسی لەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی کیێڤ تا ئەو کاتەی رووسیا سەربازانی دەکشێنێتەوە. راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز ئاماژەی بەوە کرد کە پچڕانی تەواوی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین هەڵەیەکی گەورە دەبێت، لەبەرئەوە سەرلەنوێ بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانی گفتوگۆ و گوتی: ''گرنگ نییە گفتوگۆکان چەندە درێژە بکێشن، هەر بەردەوامی پێ دەدەم''.

ئێران رایگەیاند عێراق بەڵێنی داوە هێزەکانی لە نێوان سنوری دو وڵاتەکەدا جێگیر بکات و ئەو وڵاتە سورە لەسەر توندوتۆڵکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر داوای رەسمی سەرۆک کۆماری ئێران بوە و ئەو سەردانەشی ئاماژەی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدایە. کەنعانی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەغدا بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران جێگیر بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو سنورانە. ئەو وتوشیەتی عێراق سورە لەسەر توندوتوڵکردنەوەی ئاسایشی سنورەکانی لەگەڵ ئێران. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایسپاردون، بە جێگیر کردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەسەر هێڵى سنورى نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا و تاران کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر لە نێوان دو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە.    

هاوڵاتی دوای ئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بڕیاریاندا ئاستی هەناردەی نەوت بەجێگیری بهێڵنەوە، ئەمڕۆ نرخی نەوت زیاتر لە 2% بەرزبوەوە. ئه‌مڕۆ له‌ بۆرسه‌ی جیهانی نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 84 سەنت و بە رێژەی 2.2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 1 دۆلار و 64 سەنت و بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئان لویس هیتل، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ود ماکنزی رایگەیاندووە، یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە شوێنگرتنەوەی نەوتی خاوی رووسیا دەبێت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا و ئەمریکا کە پێویستە لانیکەم لەماوەیەکی نزیکدا سنوورێک بۆ نرخەکانی نەوت دابنێت. هیتل دەڵێت: "ئێستا نرخەکان بەهۆی پێشبینییەکانی گەشەی خاوی خواستەوە قوڕساییان لەسەرە، ئەوەش سەرەڕای قەدەخەکردنی هاوردەی نەوتی خاوی رووسیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپا و دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوتی رووسیا لە لایەن G7ـەوە. پێدەچێت خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دوو بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی پشتگیری لە نرخەکانی نەوت بکات". هۆکاری بەرزبونەوەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) کە بڕیاریاندا ئاستی هەناردەی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان بەجێگیری بهێڵنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە کەمکردنەوەی رێکارەکانی کۆرۆنا لە چین کاریگەی کردوەتەسەر بەرزبونەوەی خواست لەسەر نەوت، چونکە بازرگانان باوەڕیانوایە ئەو هۆکەرە دەبێتەهۆی بوژانەوەی بازاڕەکان و لە ئەنجامیشدا خواست لەسەر کڕینی نەوت زیاتر دەبێتەوە. 

هاوڵاتی سەرۆکی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا دڵنیایی ئەمنی بدەنە روسیا، ئەگەر بێتو "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا قایل بێت بە ئەنجامدانی دانوستان بۆ کۆتایھێنان بە جەنگی ئۆکراین ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند  پوتن ترسی ھەیە لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کە ھەڕەشە لەسەر مۆسکۆ دروست بکات، بۆیە ئەو بابەتە بەشێک دەبێت لە دانوستانی ئاشتی و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت . وتیشی ئەوروپا پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی ئەمنی ھەیە بۆ داھاتووی کیشوەرەکە.  لێدوانەکەی "ماکرۆن" دوای ئەوە دێت کە، "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا بە مەرجی کۆتایھێنان بە جەنگی ئۆکراین ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ڕوسیا دەربڕی، ئۆکرانیاش ڕایگەیاند ، دانوستان ناکرێت تا روسیا ھێرشەکانی رانەگرێت و تەواوی ھێزەکانی نەکشێنێتەوە. 

هاوڵاتی لە شاری پونتا دێل ئێستێی ئۆرۆگوای بە بەشداریی نزیکەی 2000 شارەزا و چالاکڤانی ژینگە لە 160 وڵاتی جیاوازەوە کۆنفرانسی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهان بەڕێوەدەچێت.  ئیگنەر ئاندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێویستە بەرهەمێکی نوێ دروستبکەین کە بتوانێت تەواوی کێشەی پلاستیکمان بۆ چارەسەر بکات و دڵنیاش بینەوە لەوەی هەموو وڵاتێک هاوئاهەنگە لەگەڵمان. کاری زۆر ماوە بیکەین. پێویستە هەموو ئەو بەرهەمە پلاستیکیانەی پێویست نین وەلایان بنێین."  یەکێک لەو مژارە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، زیادکردنی گوژمەی ریسایکلکردنەوەی پلاستیک بوو کە ئێستا تەنیا 9%ی تەواوی پلاستیکی جیهان ریسایکل دەکرێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2060 ئەو رێژەیە بۆ 17% بەرزبکاتەوە. 40%ی ئەو پلاستیکەی بەرهەمدەهێندرێت پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراوە کە بە قەبارەی مایکرۆپلاستیک بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە. زانایانیش کە توێژینەوەیان لەوبارەیەوە کردووە، زانیاری شۆکهێنەر دەخەنەڕوو.  لوسی ووداڵ، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "توێژینەوەکەمان ئەوەی پیشاندا کە لە هەر جێگەیەک بە شوێن مایکرۆپلاستیکدا گەڕابین، دۆزیومانەتەوە. مایکرۆپلاستیکمان لە جەمسەری باکوور دۆزیوەتەوە کە لە شوێنی ژیانی ئێمەوە دوورە. بەڕاستی ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ هەموومان کە دەبێت بەیەکەوە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم پاشماوەیە بکەین."  بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ساڵانە 460 ملیۆن تۆن پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دەهێندرێت. ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت، لە 2060دا ئەو بڕە دەگاتە 1.2 ملیۆن تۆن، واتە سێ بەرامبەر دەبێت. ساڵانە 44 ملیۆن تۆن پلاستیک بە قەبارەی مایکرۆ دەچێتە نێو زەوییەوە و 14 ملیۆن تۆن دەچێتە نێو دەریا و زەریاکانەوە؛ 22%ی تەواوی گازی زیانبەخشی جیهانیش بەهۆی سووتاندنی پلاستیکەوە دەچێتە بەرگەهەوا.  نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە 38 وڵاتی گەورە بەرهەمهێنی پلاستیک کردووە، تاوەکو 2060، 20%ی بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە کەمبکەنەوە، بەو جۆرەش پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا بە رێژەی 33% لە جیهاندا کەمدەبێتەوە و تێکەڵبوونیشی لەگەڵ سرووشتدا لە سفر نزیکدەبێتەوە.

هاوڵاتی میدیاکانی ئێران بڵاویانکرده‌وه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌ دەستی بە دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی وزەی ئەتۆم بەتوانای ٣٠٠ مێگاوات لە پاریزگای خوزستانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەکردووه‌. بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی ئێران، لە میانی رێوڕەسمێکدا و بە بەشداریی جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی، بەردی بناغەی وێستگەی ئەتۆمی "قارون" لە ناوچەی دارخۆڤین سەر بە پارێزگای خوزستان، داندرا. توانای ئەم وێستگە ئەتۆمییە ٣٠٠ مێگاواتە و لە رێی سیستمی فشاری ئاوەوە کار دەکات، بەگوێرەی پلانی حکوومەتی تاران ماوەی دروستکردنی وێستگەکە هەشت ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەی دوو ملیار دۆلارە. لە هەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی وێستگەکە کاری پێدەکات لە سەدا چواری یۆرانیۆمی خامە.

تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی جیهان ئاستێکی دیاریکراوی بەرگریان بەرامبەر کۆڤید-١٩ بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانی جۆری دیکەی ڤایرۆسەکە هەیە. لە راگەیەندراوێکدا، تیدرۆس ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی بەرزی بەرگری لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆڤید١٩، دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی پەتاکە و جێگەی جۆری ئۆمیکرۆن بگرێتەوە کە لە ئێستادا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. تێدرۆس وتی: بەگوێرەی لێکۆلینەوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی جیهان لە رێگەی تووشبوونەکانی پێشوو یان ڤاکسینەوە، تا رادەیەک ئاستی بەرگریان لەمەرامبەر ڤایرۆسەکە بەدەست هێناوە و وتی: دەتوانین بڵێین لە کۆتایی قۆناغی نائاسایی پەتاکە نزیکتر بووینەتەوە." تێدرۆس دەڵێت: "کەلێنەکانی بەدواداچوون، تاقیکردنەوە، ڕێکخستن و کوتان، ئەگەری بەهێز بۆ سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسەکە دروست دەکات کە دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان." سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە بیریهێنانەوەی کە هەفتەی رابردوو هەشت هەزار و ٥٠٠ کەس لە سەرانسەری جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ گیانیان لەدەستداوە و وتی، " لەکاتێکدا کە ئامرازی زۆرمان هەیە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون و رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، شتێکی قبوڵکراو نییە دوای سێ ساڵ لە پەتاکە، بەم ئەندازەیە مرۆڤ لە جیهاندا گیانیان لەدەست بدەن". لە جیهاندا نزیکەی ٦٤٠ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر لە شەش ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. زۆر رێکخراو دەڵێن، رەنگە ئەم ئامارەکان لە خەمڵاندنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەندێک وڵات وەک پێویست لە ئاشکراکردنی ئامارەکاندا شەفاف نین. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ٣٣ هه‌زار و ٧٣ حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون، سێ هه‌زار و ٩٨٨ له‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌، نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و ٢٩ هه‌زار و ٨٥ حاڵه‌تی دیكه‌ش نیشانه‌كانیان تێدا ده‌رنه‌كه‌وتوون.

هاوڵاتی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، 33 هه‌زار و 73 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون . ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، 33 هه‌زار و 73 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون، سێ هه‌زار و 988 له‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌، نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و 29 هه‌زار و 85 حاڵه‌تی دیكه‌ش نیشانه‌كانیان تێدا ده‌رنه‌كه‌وتوون. تۆماركردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، حكومه‌تی چین رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چه‌ند شارێكی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش ئه‌و رێكارانه‌ی تایبه‌تن به‌ ئه‌نجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كردن. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێده‌كرێت، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا رێكاره‌كان كه‌متربكرێنه‌وه‌. کەمکردنەوەی ڕێکارەکانیش بۆ ئەو خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ، خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە دەستیانپێکرد دوای ئەوەی ئاگر لە ئەپارتمانێکی بەرز لە شاری ئورومقی ڕۆژئاوای چین کەوتەوە  تیایدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا  زۆربەی چینیەکان باوەڕیان وایە کە ڕێوشوێنەکان سنووردارکردنی کۆڤید بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ئەپارتمانەکە بێنە خوارەوەو لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لەوە دەکەن. جێگەیباسە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 20ـی تشرینی دووه‌می 2022، دوای شه‌ش مانگ یه‌كه‌م حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین تۆماركرا.  

  سەرۆکى رژێمی سوریا رەتی دەکاتەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە و ئاژانسێکیش ئاشکرای دەکات دیمەشق نایەویت پێش هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیا لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە. ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لەزارى چەند سەرچاوەیەک لە سوریا بڵاوی کردوەتەوە کە هەوڵەکانى روسیا بۆ نزیککردنەوەى ئەسەد و ئەردۆغان سەرکەوتو نەبوە و ئەنجامدانى دیدارى نێوانیشیان لەلایەن دیمەشق رەتکراوەتەوە. رۆیتەرز ئاشکرای کردوە کە ئەسەد رەتى کردوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکەى تورکیا لەگەڵ ئەرۆدغان کۆببێتەوە بەوهۆیەى کە ئەم هەنگاوە پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان بەهێز دەکات. ئەو سەرچاوانە بە رۆیتەرزیان وتوە:  تا لە لایەن ئەنکەرەوە پێشنیاریكی گرنگ رادەستی دیمەشق نەکرێت و تورکیا هێزەکانی لە خاکی سوریا نەکشێنێتەوە پێناچێت هیچ دانوستان و دیدارێک لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سوریا بەڕێوەبچێت. بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە روسیا هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رژێمی سوریا ئاسایی بکاتەوە.

هاوڵاتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمەریکا هۆشداریدایه‌ تورکیا لە پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەكانی ئەمریکی و کورد دژ بە داعش لە سوریا. جۆن کێربی وتەببێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێت ئەوا هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لەو ناوچانە دەوەستن. جۆن کێربی باسی له‌وه‌شكردوه‌، توركیا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی نزیک لە سنوری تورکیا و سوریا ئەنجامبدرێت، کە هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) بە سەرۆکایەتی کورد جێگیرکراون. ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان هەڕەشەی جدی دروست دەکەن، بۆیە پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆیانیان بیر بێتەوە لە پێناو پاراستنی خۆیان. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئێمە دان بە نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانیانی توركیادا دەنێین بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، به‌ڵام ئەوەی ئێمە نامانەوێت بیبینین ئۆپەراسیۆنەکانن لە سوریا، کە دەکرێت ببێتە هۆی دوبارە زیانی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، هه‌روه‌ها زیانگه‌یاندن به‌ كارمه‌ند و سه‌ربازانمان و هاوبه‌شانمان له‌ هه‌سه‌ده‌، هاوكات له‌ ئه‌ركێكی راسته‌قیته‌ غافڵگیریان ده‌كات كه‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعشه‌". په‌یوه‌ست به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌، جۆن کێربی وتی، "هه‌ماهه‌نگی ستراتیژی" لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، بەڵام بۆردومانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ بەو مانایەیە کە هێزە کوردییەکان "کەمتر ئامادە دەبن بۆ بەردەوامبون لە بەشداریکردن لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش، ئەمەش مایەی نیگەرانییە". هاوکات دوێنێ  وتەبێژێک بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، هەموو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرتووە. ئاماژەشی بەوەکرد کە هۆکاری راگرتنی هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنەکان، بۆ هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە.    

هاوڵاتی لە بەریتانیا به‌كتریایه‌ك له‌جۆری (Streptococcus-A) له‌نێومنداڵاندا بڵاوبۆته‌وه‌ و تا ئێستا بۆتە هۆی مردنی پێنج منداڵی خوار تەمەن ١٠ ساڵ. ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA) ڕایگەیاند ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، به‌كتریایه‌ك له‌جۆری (Streptococcus-A) له‌نێو خوێندكاراندا بڵاوبۆته‌وه‌ و تا ئێستاش پێنج خوێندكارى قوتابخانه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 10 ساڵەوەیە به‌هۆی به‌كتریایه‌كەوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، رێكاری پێویستیش بۆ بڵاونه‌بونه‌وه‌ی به‌كتریاكه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر. لەم بارەیەوە دکتۆر جیل مۆریس، ڕاوێژکاری پاراستنی تەندروستی لە ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا ڕایگەیاند: ئەمە حاڵەتێکی تراژیدییە و بیرکردنەوەمان لەگەڵ خێزان و دۆستانی خوێندکارەکانە لەم کاتە زۆر خەمناکەدا. هەروەها "ئێمە ئامۆژگاریمان داوە بە قوتابخانە و دایەنگاکان بۆ ئەوەی یارمەتی ڕێگری لە کەیسەکانی تر بدەن و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە" هاوکات به‌كتریاكه‌ تا ئێستا بوه‌ته‌ هۆی كوشتنی پێنج خوێندكاری قوتابخانه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 6 بۆ 10 ساڵاندایه‌، هه‌روه‌ها تیمه‌كانی ئاگاداركردنه‌وه‌ ته‌واوی خوێندنگه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌یان ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌وپێنج خوێندكاره‌دا په‌یوه‌ندی به‌ تیمه‌ پزیشكییه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن و له‌ ئێستاشدا رێكاری ته‌ندروستی پێویست له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر. جێگەی باسە، ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، نیشانه‌كانی ئه‌م به‌كتریایه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌كاتێكدا كه‌سی هه‌ڵگری به‌كتریاكه‌ شت قوتبدات هه‌ست به‌ ئازار ده‌كات، به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رمی جه‌سته‌ی، خورانی پێست و چه‌ند به‌شێكی جه‌سته‌. ئه‌م به‌كتریایه‌ ده‌بێت به‌ streptococcus (GAS) ئه‌گه‌ر به‌رگری جه‌سته‌ تێبپه‌ڕێنێت و له‌و كاته‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێته‌ هۆی تایه‌كی زۆر، هه‌وكردنی چه‌ند ماسولكه‌یه‌كی جه‌سته‌، ئازارێكی زۆر له‌ یه‌ك به‌شی جه‌سته‌ به‌ دیاریكراوی و رشانه‌وه‌.

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند ئەگەر سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا هەنگاو بنێت، ئەوە ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵ بکات. بایدن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا. هەردوو سەرۆک، ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێک لە تەورە سەرەکییەکانی بەرنامەی کۆبوونەوەکەیان جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بووە و هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت. سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ژیرترین رێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەوەیە کە پوتین سەربازەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و گوتی: "پوتین بە هەڵنەبژاردنی ئەم رێگایە باجی زۆر قورس دەدات. لە هەمان کاتدا رێگە بۆ وێرانکارییەکی زۆر گەورە لە ئۆکراینا دەکاتەوە". جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە نیازێکی نییە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ پوتین و گوتی: "ئەگەر پوتین نیازی هەبێت بڕیارێک بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەربکات، ئەوە ئامادەم قسەی لەگەڵ بکەم. بەڵام هێشتا بە ئاراستەی ئەو رێگایەدا نییە. ئەگەر شتێکی وا رووبدات ئەوە لەگەڵ فەڕەنسا و دۆستەکانم لە ناتۆ لە پەیوەندیدا دەبین و لەگەڵ پوتین دادەنیشین و دەبینم چی بە مێشکیدا تێدەپەڕێت". - "داوا لە ئۆکراینا ناکەین سازش بکات" لەلایەکی دیکەوە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی بڕیاری شەڕی ئۆکراینا لەدەست ئۆکراینا خۆیەتی و گوتی: "ئێمە هیچ کات داوا لە ئۆکراینا ناکەین کە سازش لەسەر ئەو شتانە بکات کە خۆیان قبوڵیان نییە". ماکرۆن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاشتییەکی لەو شێوەیە هەرگیز بەردەوام نابێت، گوتی "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی ئۆکراینییەکان دەگرین بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی دانوستان لەسەر خاکەکەیان".