ــ مانگی داهاتوو ئەو زیادکرنەى موچە یفەرمانبەران جێبەجێدەکرێت ــ هەفتەى داهاتوو موچەى مانگى یەک لە سوریا خەرج دەکرێت وەزیری دارایی سوریا رایگەیاند، موچەى بەشێک لەفەرمانبەرانمان لە ٤٠٠% زیادکردوەو مانگى داهاتوو ئەو زیادکردنە جێبەجێدەکرێت. محەمەد ئەبازید، وەزیری دارایی سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی ڕێکخستنەوەی کارگێڕی وەزارەتەکان، لە مانگی داهاتوودا مووچەی زۆرێک لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بە ڕێژەی 400% زیاد دەکات. تێچووی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران بە بڕی 1.65 ترلیۆن لیرەى سوری (127 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت و لە خەزێنەی ئێستای دەوڵەت و هاوکارییە ناوچەییەکان و وەبەرهێنانی نوێ و هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەروەت و سامانی سوریا لە دەرەوەی وڵات دابین دەکرێت. ئەو وەزیرە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەمە "یەکەم هەنگاوە بەرەو چارەسەری بەپەلە بۆ واقیعی ئابووری لە سوریا"، ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ ئەو مانگە لەم هەفتەیەدا خەرج دەکرێت. لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، بەسیل عەبدول حەنان، وەزیری ئابوری لە حکومەتی چاودێر، بە کەناڵی جەزیرە نێتی ڕاگەیاندبوو، دوای ئەوەی ڕژێمی پێشوو دەوڵەتێکی ڕووخاو لە هەموو سێکتەرەکاندا بەجێهێشت، بەتایبەتی کەرتی ئابوری، لە هەموو بوارەکاندا، حکومەتەکەی ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە بە بنەمای بنیاتنانی دەوڵەت و هێزەکەی دادەنرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی ئەو گەندەڵییەی کە دەسەڵاتی لابراو بەجێی هێشتووە زۆر لەوە زیاتر بووە کە چاوەڕوان دەکرا، جگە لە شلبوونەوەی ئیداری لەگەڵ بێکاریی پۆشراو و یاسا و سیستەمی نوێ کە گەندەڵی بە یاسایی کردووە، “بۆیە ئێمە لە قۆناغی هەڵسەنگاندنی واقیع و داڕشتنەوەی ئابووریی هەبووداین دامەزراوەکان”.
ــ تمەنى ئێرانى و لیرەى سورى یەکەم و دووەمن ــ بەهۆى گرژییەکانی سوریاوە پێدەچێت تمەن و لیرە زیاتر دابەزن ڕیزبەندی هەرزانترین و خراپترین دراوەکانى جیهان، بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، کە چەند وڵاتێکى عەرەبى تێدایە لەوانە لیرەى لوبنان و لیرەى سورى و تمەنى ئێرانى لەڕیزبەندیەکەدا دەبینرێن. 1. لیرەى لوبنانی ساڵی ڕابردوو یەکێک لە خراپترین ساڵەکان بوو بۆ لیرەى لوبنانى، نرخی دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی 500% بەرزبووەوە و گەیشتە 89.56 هەزار لیرە بەرامبەر بە دۆلار. سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند کە ڕێوشوێنە سیاسەتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی لوبنانەوە گیراوەتەبەر سیاسەتی دارایی توند و تۆڵ و هەنگاونان بەرەو یەکخستنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن و سەقامگیرکردنی ڕێژەی پارە. 2. تمەنی ئێرانی دوای دابەزینی بەهای لیرەى لوبنانی، تمەنی ئێرانی کە ساڵانێک هەرزانترین تمەن بوو لە جیهاندا، بووە بە دووەم، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو سنووردارکردن و سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥دا. لە ماوەی ساڵی 2024، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن نزیکەی 0.21% بەرزبووەوە، بەهۆى گرژییەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێدەچێت تمەنی ئێرانی زیاتر بەرەو دابەزین بڕوات. 3- دۆنگی ڤێتنامیی دۆنگی ڤێتنامی (VND) بووەتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان لە ئەنجامی سنووردارکردنی هەناردەکردنی دەرەکی، کە قەبارەکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە بانکی ناوەندی ڤێتنام بەهای دراوەکە دابەزێنێت بۆ ئەوەی توانای کێبڕکێی هەناردەکردن بەرز بکاتەوە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دۆلار بەرامبەر دۆنگی ڤێتنامی بە ڕێژەی نزیکەی 4.46% بەرزبووەتەوە و ساڵەکە بە 25.46 هەزار دۆنگ بەرامبەر دۆلار کۆتایی پێهاتووە. 4- لیۆنی سیرالیۆنی سیرالیۆن بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کاریگەری لەسەرە، لەوانە ئاستی بەرزی قەرزو هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کاریگەری درێژخایەنی قەیرانە تەندروستییە گەورەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا. نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیۆن نزیکەی 1.43% بەرزبووەوەو گەیشتە 22.79 هەزار لیۆن بۆ هەر دۆلارێک. 4- کیب لاوی لاو کیپ (LAK) لە لاوازترین دراوەکانی جیهانە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە بریتین لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و زیادبوونی قەرزی دەرەکی. لە ساڵی 2024 نرخی دۆلار بەرامبەر بە کیب بە ڕێژەی نزیکەی 6.44% بەرزبووەوە و 21.82 هەزار کیبی تۆمارکرد. 6. ڕوپیەی ئەندەنوسیا ئەندەنوسیا زۆر پشت بە هاوردەکردنی کاڵاو کەرەستەی خاو دەبەستێت، لەنێویاندا نەوتی خاو، بۆیە لەنێو ئەو وڵاتانەدا بووە کە زۆرترین کاریگەری شەپۆلی هەڵاوسانی جیهانی لەسەرە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و ناردنی پارەی هاوردەکردن بەرزبووەتەوە و کورتهێنانی بازرگانی وڵاتەکەی قووڵتر کردووەتەوە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە ڕوپیەی ئەندەنوسیا بەڕێژەی 4.86% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 16.22 هەزار دۆلار. 7. لیرەی سوری سەرەڕای باشتربوونی لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵدا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەڵام ئاستی 13 هەزار لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلار وەک یەکێک لە نزمترین نرخی دراو لە جیهاندا دەمێنێتەوە لەبەر ڕۆشنایی شەرو ئاژاوەکانى ئەو وڵاتە لە ژێر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ململانێکە زیاتر لە ١٤ ساڵە بەردەوامە. 8. سۆم ئۆزبەکی سۆم ئۆزبەکستانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، ئەمەش بەهۆی هۆکارەکانی وەک بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بەرزی هەڵاوسان، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، کێشەکانی گەندەڵی. لەسەر بنەمای ساڵانە، دۆلار بەرامبەر سۆم بە ڕێژەی 4.59% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 12.9 هەزار لیرە. 9. فرانکی کینیا فرانکی کینیا دوای ململانێکانی ئەو وڵاتە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە دابەزین کرد و بەهۆی هۆکارەکانی وەک نائارامی سەربازی و هەڵاوسانی بەرزەوە، دراوەکە بە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان مایەوە. لەڕووی ئەدای ساڵانە نرخی دۆلار بەڕێژەی 1.61% بەرامبەر بە فرانکی کینیا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 8,645 هەزار فرانک. 10. گواریانی پاراگوای دراوی پاراگوای، گوارانی، بەدەست هەڵاوسانی بەردەوام و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان، لەگەڵ گەندەڵی بەربڵاو و پارەی ساختە. لەسەر بنەمای ساڵانە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکە بە ڕێژەی 7.55% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 7.8 هەزار گوارانی بۆ هەر دۆلارێک.
ــ لە 19 پارێزگادا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە ــ لە سەدا 40ی بەنداوەکانی وڵات ئاویان تێدایە، بهشێكى زۆریان بەتاڵن ــ مانگی یەکەمی زستان ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لە ڕێژەی ئاسایی بهرپرسێكى باڵاى ئێران، هۆشدارى توندیدا و رایگهیاند قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لەو وڵاته رودهدات و ڕووبەڕووی بارودۆخێكى سهختى بێ ئاوی دەبێتەوە، بههۆى ئهوهى لهسهرانسهرى وڵاتدا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە. ئەحمەد وهزیفى، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیران و وشکە ساڵی ئێران، لهچاوپێكهوتنێكى رۆژنامهوانیدا وتی: لهوەرزی پاییز به کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی لەسەدا ٤٣ کۆتایی هات، مانگی یەکەمی زستانیشدا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لە ڕێژەی ئاسایی، ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا هیچ پێشبینییەک بۆ ساڵێکی باراناوی لە وڵاتدا تۆمار نەکراوە. لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ڕێکخراوی کەشناسی ئێران ڕایگەیاند، لە 19 پارێزگادا ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە، گەورەترین کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی 89 لەسەد لە پارێزگای سیستان و بەلووجستان بووە، هەروەها پارێزگای هورمزگان بە کەمبوونەوەی 77 لەسەد لە پلەی دووەمی ئەو پارێزگایانەی کەمترین باران باریوە. ئەو بەرپرسە لە ڕێکخراوی کەشناسی دووپاتی کردەوە کە ئێران ڕەنگە شاهیدی ناهاوسەنگییەکی گهورهبێت لە دابەشکردنی ئاودا، ئەگەر بارانبارین لە ماوەی باقی ساڵدا بهمجۆره بەردەوام بێت لە کەمبوونەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو هەفتەی داهاتوودا دۆخەکە باشتر نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکانی وڵات لە ئێستادا بەفریان نییە، یان تا ئێستا بەفرێکی بەرچاویان لێ نهباریووه، هەروەها باسی لە دۆخی ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان کرد، وتی: کەمتر لە سەدا ٤٠ی بەنداوەکانی وڵات ئاویان تێدایە، بهشێكى زۆریان بەتاڵن. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەتوانرێت پشت بە شێوازەکانی دیکە ببەسترێت، وەک بارانکردنی دەستکرد یان كێشكردنى هەور، ئهحمهد وهزیفى وتی پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم شێوازانە کاریگەرن، جەختیشی لەوە کردەوە کە کاریگەریی ئەم شێوازانە بەس نییە بۆ پشتبەستن لەسەریان بە شێوەیەکی بەرفراوان.
هاوڵاتی - لەگەڵ بردنەوەی ترەمپ نرخی نەوت دابەزی و دۆلار بەرزبۆیەوە. - دراوی بیتكۆین بۆ بەرزترین ئاستی خۆیی بەرزەوەبوو. - ئاڵوگۆڕكردنی دراوی ئەمڕۆ ناوی لێنراوە ئاڵوگۆڕی ترەمپ دوای راگەیاندنی بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا و گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی، نرخی نەوت زیاتر لە 1% دابەزی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نەوتی خاوی عەمباركراوی ئەمریكا بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو، لەبەرامبەریشدا نرخی دۆلار بەرزبۆیەوە. بەپێی زانیاریەكان نەوتی خاوی برێنت 92 سەنت، لە 1.22% دابەزی و هەر بەرمیلێك نەوتیش دابەزی بۆ 74.61 دۆلار، نەوتی خاوی ئەمریكیش لە باشوری تێكساس 83 سەنت، لە 1.15%ی لەدەستدا و یەك بەرمیل نەوت بوو بە 71.17 دۆلار. بەهەمان شێوە بردنەوەی ترەمپ كاریگەری خستە سەر دراوەكان و دۆلار بەرزترین نرخی خۆی تۆماركرد لەماوەی ساڵی 2020 تاكو ئێستا بەرامبەر بە دراوە سەرەكیەكان، هەروەها دراوی بیتكۆین بۆ بەرزترین ئاستی خۆیی بەرزەوەبوو لەگەڵ دەستپێكردنی وەك ناوی لێنراوە ئاڵوگۆڕكردنی ترەمپ، بەجۆرێك گەیشتە 75361 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی بەرزبونەوەیەتی كە تاكو ئێستا تۆماری كردبێت. دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆماریەكان لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا بەسەر كامالا هاریس ركابەرە دیموكراتەكەیدا سەركەوت و كورسی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای بردەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتو لە كۆشكی سپییەوە سەرۆكایەتی واشنتن دەكات.
ھاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە راِیگەیاند تاوەکو ئێستا ھیچ بازرگانێکی نێوخۆیی داواکاری بۆ ھەناردەکردنی ھەناری ھەڵەبجە پێشکەش نەکردوون، ئاماژە بەوەشدەکات پار لەم کاتانەدا ھەنار ھەناردە دەکرا. لەوبارەیەوە ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بە کەناڵی ڕووداوی راگەیاندووە "تاوەکو ئەمڕۆ ھیچ داواکارییەکمان لەلایەن بارزگانە نێوخۆییەکانەوە بەدەستنەگەیشتووە کە داوا بکەن ھەناری شارەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات ھەناردە بکەن. پار لەم کاتانەدا ھەنار ھەناردە دەکرا." رۆژی ٣١ـی مانگی رابردوو ڤیستیڤاڵی ساڵانەی ھەنار لە ھەڵەبجە دەستیپێکرد. بەگوێرەی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵی ھەنار ٨٠ ھەزار و رۆژی دووەم ١١٠ ھەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە وتیشی، "مەزەندە دەکرێت بەرھەمی ھەناری ئەم ساڵی ھەڵەبجە ٢٥ بۆ ٣٠ ھەزار تۆن بێت." ھاوکات زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاندووە "تاوەکو ئەمڕۆ ھیچ نووسراوێکمان بۆ ھەناردەکردنی ھەناری ھەڵەبجە بۆ دەرەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجەوە بەدەستنەگەیشتووە". زێدا محەممەد دەشڵێت، "ھەناردە کردنی ھەنار بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق بەردەوامە. سەرەڕای ئەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە دەتوانێت بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت، لەرێگەی دەروازەکانی سنووری خۆیانەوە ھەنار ھەناردە بکەن". بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی ساڵانەی ھەناری ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٨٠ ھەزار تۆنە کە نزیکەی ٣٠ ھەزاری لە پارێزگای ھەڵەبجەیە.
هاوڵاتی - نرخی زێڕ زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا - نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار رۆژی پێنجشەممە و رۆژی هەینی، نرخی زێڕ زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا و له 2790 دۆلاروه دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. رۆژی پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ 2744 دۆلار و رۆژی هەینیش زیاتر دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا له مانگی رابردوو تەنیا 12 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە، ئەوەش کەمترین ئاستی دروستبوونی هەلیکاری مانگانەیە لە ئەمریکا لە مانگی 12ی ساڵی 2020 بەدواوە. سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆربەی بازرگانان گرەو لەسەر دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا بکەن. بەپێی شرۆڤەکاران، ئەوە بووەتە هۆکار، دابەزینی نرخی زێڕ سنوورداربێت و هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، سەرەڕای دابەزینی گەورەی دوو رۆژی رابردوو. %100ی بازرگانان پێیانوایە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکەکە بڕیار دەدات سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25%ی دیکە دابەزێنێت. دابەزینی زیاتری سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
هاوڵاتی - نرخی زێڕ زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا - نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار رۆژی پێنجشەممە و رۆژی هەینی، نرخی زێڕ زۆربەی قازانجەکانی هەفتەی رابردووی لەدەستدا و له 2790 دۆلاروه دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. رۆژی پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ 2744 دۆلار و رۆژی هەینیش زیاتر دابەزی بۆ نزیکەی 2736 دۆلار. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا له مانگی رابردوو تەنیا 12 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە، ئەوەش کەمترین ئاستی دروستبوونی هەلیکاری مانگانەیە لە ئەمریکا لە مانگی 12ی ساڵی 2020 بەدواوە. سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆربەی بازرگانان گرەو لەسەر دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا بکەن. بەپێی شرۆڤەکاران، ئەوە بووەتە هۆکار، دابەزینی نرخی زێڕ سنوورداربێت و هەندێ لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، سەرەڕای دابەزینی گەورەی دوو رۆژی رابردوو. %100ی بازرگانان پێیانوایە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بانکەکە بڕیار دەدات سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25%ی دیکە دابەزێنێت. دابەزینی زیاتری سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
هاوڵاتی نرخی نەوت لە دواساتەکانی داخستنی بازاڕەکان، بەرزبووەوە بە جۆرێک بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا تۆمارکرد کە ٨٪ بوو. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ٤٣ سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیل بە ٧٨ دۆلار و ٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ٧٨ سەنت بەرزبووەوەو بە ٧٤ دۆلار و ٣٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی بەرێژەی ٢٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ٨٠ دۆلار، پاشان بەخێرایی دابەزی بۆ نزیکەی ٧٨ دۆلار دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەگەر لە شوێنی ئیسرائیل بێت هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران."
داهاتی هەفتەى ڕابردووى سلێمانى زیاتر لە ١١ ملیار دینار بووە هاوڵاتی ماڵپەڕى شەفافییەت داهاتی هەفتەى ڕابردووى پارێزگای سلێمانی بڵاو کردەوە، بەپێى ڕاگەیاندراوەکە لە ڕۆژى ٢٨ـی ئەیلولى ٢٠٢٤ تا ٤ـی تشرینى یەکەمى ٢٠٢٤، کۆى گشتیى داهاتى سلێمانى ١١ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن و ٣٤٨ هەزار و ٥٩٥ دینار بووە. هەروەها هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ٧٤%ـی ئەو بڕە نەختینەیی بووە و لە ٢٦%ـی دیکەشى بەشێوەى چەک و مقاسەیە بووە. جێگاى ئاماژەیە، ڕۆژی ١٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی کەوتە کار و لە ئێستادا هاوڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەى ماڵپەڕى شەفافییەتەوە ئاگادارى داهاتى ڕۆژانەى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین بن.
وەزارەتی دارایی: هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ڕۆژی هەینی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت، هەروەها بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش بکرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگیرابوون، لە هەفتەی داهاتوودا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت." هەروەها شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی راگەیێندراوەکە "بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب ڕاگیرابوون، لە شاری بەغدان." شاندەکە پێکهاتوون لە: رێباز عەباس، راوێژکاری وەزارەت، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری، بە هاوکاریی فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دارایی "لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون، کە ئەمانەن: 1- دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بڕی ٥٩٨ ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمەنبەران و خانەنشینانی شارستانی و فەرمانبەرانی گرێبەست، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان. 2- لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە رۆژی هەینی (٤-١٠-٢٠٢٤) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت و لەماوەی چەند رۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش دەکرێت. 3- ڕوونکردنەوە و زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جیاواز ڕاگیرابوون، بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی، پێشکەشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا و، بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێن. 4- دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لە مووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو مانگی ئاب راگیرابوون لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەهەفتەی داهاتوودا، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش دەکرێت.
هاوڵاتی بانکی ڕافیدەینی عێراقی بڵاوی کردەوە، سێ جۆری قەرز دەدەینە فەرمانبەران، هاووڵاتییان و خانەنشینان کە ڕێژەی سوودەکەی دەگاتە 6٪ و بە ماوەی 15 ساڵ لێیان وەردەگرینەوە. قەرزەکە بەم شێوەیە دەبێت: لە (50) ملیۆن دینارەوە تا (75) ملیۆن دینار بۆ مەبەستی کڕینی پارچە زەوییەک لە (15) ملیۆن دینارەوە تا (75) ملیۆن دینار بۆ مەبەستی بیناکردن و نۆژەنکردنەوە.. لە (50) ملیۆن دینارەوە تا (150) ملیۆن دینار بۆ مەبەستی کڕینی خانووی نیشتەجێبوون، شوقە، یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، لە 5 ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کە قەرزەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لە بانکی ڕافیدەین بە بانکیکراوە، پێویستە ماستەرکارت و تاپۆیەکی خانووبەرە وەک بیمە پێشکەش بکەن. هاووڵاتییانیش دەتوانن لە قەرزەکە سوودمەندبن، بەڵام بەو مەرجەی فەرمانبەرێک لە مووچەکەی لە بانکی ڕافیدەین بەبانکیکراوە ببێتە کەفیل و تاپۆیەکی خانووش وەک بیمە دابنێت. خانەنشینانیش بە پێشکەشکردنی کەفیل و تاپۆی خانوو دەتوانن لە قەرزەکە سوودمەندبن.
هاوڵاتی بڕیاره سبهینێ تهواوكارى مووچهى مووچهخۆرانى ههرێمى كوردستان بۆ مانگى ههشت له لایهن بهغداوه بنێردرێت و لهگهڵ گهیشتنى پارهكهش لستى دابهشكردنى مووچه رادهگهیهندرێت. بهپێى بڵاوكراوهی ئاژانسێکی عیراقی، بهغدا بڕیاریداوه سبهینێ یهكشهممه 29ى ئهیلوول، پارهى تهواوكار بۆ مووچهى مانگى ههشتى مووچهخۆرانى ههرێمى كوردستان رهوانه بكات و دواتریش مووچەی مانگی نۆ رەوانە دەکرێت". ئاژانسهكه، ئهوهشى ئاشكرا كردووه "ههركه پارهكه گهشت واته سبهینێ یهكشهممه، لیستى دابهشكردنى مووچه بڵاودهكرێتهوه و بڕیاریشە لە ماوەی سێ رۆژدا مووچە دابەشبکرێت". ئهوهشى خستووهتهڕوو "دواى چەند رۆژێکیش، پارە بۆ مووچەی مانگی نۆ رهوانه دهكرێت". ئهمه لهكاتێكدایه، له كۆتایی مانگى نۆداین و نزیكهى 800 ملیار دینار له لایهن بهغداوه رهوانه كراوه و دهسهڵاتدارانى ههرێم به بیانووى كورتهێنان، هێشتا مووچهى مانگى ههشتیان دابهشنهكردووه.
هاوڵاتی دوابەدوای هەوڵەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و بایکۆت کردنی هۆڵەکانی خوێندن و داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان، لە بەگرێبەست کردنیی مامۆستایان و وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، لە کۆتایدا بە فشارەکانی مامۆستایانی وانەبێژ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانیان ناچار کرد بە کرێبەستکردنی ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە نوسراوێکی فەرمی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بڕیاری بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوو. بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە واژۆی کردووە و ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیاردراوە بە گرێبەستکردنی ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە. بە نوسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ژمارە ٢٦٦٠٧ رێکەوت ٢٦-٩-٢٠٢٤ کە واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی لەسەرە و بڕیاری بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوو. هەر لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ، کە کراون بە گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە ٣٧ هەزار و ٩٣٣ کەسن و لە ١.٩.٢٠٢٤ـەوە بۆیان هەژمار دەکرێت. هەروەها ئەوەش هاتووە پێویستە لەسەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک کاری پێویست ئەنجامبدەن. هاوڵاتی، بۆ ئەو مەبەستە، مامۆستا محەمەد نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە شاری سلێمانی دواند و وتی، پێویستی وەزارەتی پەروەردە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ناوەندەکانی خوێندن، هەروەها فشارەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بە درێژایی ٥ مانگی بایکۆتی سەرشەقامەکان هۆکارێکی سەرەکی بووە، کە وای کرد حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ. هەروەها نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، ئەوەشی خستەڕوو، بە گرێبەست کردنی مامۆستایانی وانەبێژ، چیتر هیچ بەڕێوەبەری پەروەردەیەک ناتوانێت مامۆستایەکی وانەبێژ لابەرێت و مامۆستایەکی دامەزراو بکات بە جێگەرەوەی، ئەمەش گرنگە وەک دڵنیاییەک وایە لە سوودی مامۆستایانی وانەبێژ.
بانکى ناوەند بانکى عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بڕى ٢٥١ ملیۆن و ٤٥٨ هەزار ٥٢٤ دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە، دەشڵێن، لەو بڕە ١٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و ٢٤١ ملیۆن ٥٨ هەزار و ٥٢٤ دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. بانکى ناوەندى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بڕى ٢٥١ ملیۆن و ٤٥٨ هەزار و ٥٢٤ دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە . ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو بڕە ١٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و ٢٤١ ملیۆن و ٥٨ هەزار و ٥٢٤ دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە بەهاى دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٥١ هەزار و ٨٠٠ دینار ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت .
هاوڵاتی دهقی راگهیهندراوهكه: ئەمڕۆ بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کۆبوونەوە، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە ، ئاماژەمان بە گرنگی سەردانەکە کرد و هیوامان خواست، ببێتە هۆی زیاتر ڕوونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان. دووپاتمان کردەوە ،کە هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکوو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت. هەروەها ئاماژەمان بەوە دا ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت ، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن. دووپاتیشمان کردەوە کە ئێمە دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەموومان کار لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان بکەین. جەختیشمان کردەوە کە نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش ، وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق ، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بەوە دا کە بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە نۆزدە ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا ، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت. بەڕێز عەتوان عەتوانی سەرۆکی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، بەناوی شاندەکەوە ، سوپاسی پێشوازی گەرم و هەماهەنگی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی کردەوە کە ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی جیددی و بنەڕەتی، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.