هاوڵاتی هەرچەندە وابڕیاربوو كە هەفتەی ڕابردوو شاندی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بكەن، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكی هونەری لەتەواونەبوونی لیستی مووچە، ئەو سەردانە ئەنجام نەدراو بڕیارە سبەی شاندەکە سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ خۆیاندا لیستی مووچەی هەشت ببەنە بەغدا. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە، قەرارە سبەی یەكشەممە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم، كە پێكدێن؛ لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و چەند بەرپرسێكی دیكەی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆدەبنەوە. هەروەها سەبارەت بە مەبەستی سەردانەكەی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا، باسی لەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی لیستی مووچەی مانگی هەشت لەگەڵ خۆیان دەبەن، لە هەمان كاتیشدا گفتوگۆ لەسەر مووچەی خانەنشینان بە گشتی و تەواوكاری مووچەی مانگی هەشت دەكەن. ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە سەردانی ئەو شاندەی هەرێم بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ لەسەر كێشەی ناوی زیاد كراوی مووچەخۆران و چارەسەری كێشەی رادەستكردنی داهات و هەروەها باس لە دامەزراندنی سێ یەكەمەكان و گرێبەستەكان دەكەن.
هاوڵاتی دوای ئەوەی حکومەتی عێراق نزیکەی ١٥٠ ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد و پارەکەی کرد بە چەک، بەڵام لە ئێستادا کێشە بۆ خەرجکردنی بەشە پارەی جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە دروستبووە. نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو، چەکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک خەرجکراوە، بەڵام بە پاساوی نەخوێندنەوەی سیستەم، بانکی رافیدەین ئامادە نییە بەشە پارەی گەنمی شاری سلێمانی و هەڵەبجە خەرج بکات. بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت، چەکەکە کۆمپانیایەک دروستی دەکات و هەر سەر بە بانکی رافیدەینە لە بەغدا، بەڵام ئێستا بانکەکە دەڵێت، ئەو چەکەی بۆ سلێمانی کراوە سیستەم نایخوێنێتەوە و بۆیە پارەکە خەرج ناکەن. نەسرین ئەحمەد وتیشی، بەڵێنمان پێدراوە سبەی کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام دڵنیاکەرەوە نییە." هەروەها نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک، پارەی ئێمه وەرگیراوە و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەشێکیان دابەشکردووە و لە سبەینێوە بەشەکەی دیکەش دابەش دەکەن.
هاوڵاتی راوێژکارێکی سودانی دڵنیایی دەدات لە ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت:”لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی مووچە هەیە”. سەبهان مەلا جیهاد، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی زانیارییەكانمان هیچ گرفتێك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە و ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە تاوەكو تاكۆتایی ئەمساڵ بەردەوامدەبێت و ئەو بابەتە رێككەوتنی لەسەركراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە هەیە و بە گوێرەی ئەو خشتەیەی دیاریكراوە مووچە رەوانەدەكرێت. ئەوە لەکاتێکدایە لە کۆتایی مانگی ئەیلول نزیکدەبینەوە تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ٨یان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی ٠،٥٪ دابەزاند، نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بەرزبووەوە بۆ ٢٦٠٠ دۆلار، بەڵام پاشان پاشەکشەی کرد بۆ نزیکەی ٢٤٥٥ دۆلار. رۆژی پێنجشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دووبارە نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و هەر ئۆنسەیەک بە ٢٥٦٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوای راگەیاندنی بڕیاری کەمکردنەوەی سوودی بانکی رایگەیاند، "ئابووریی ئەمریکا هاوسەنگ بووەوە، ئەوەش بەو واتایەیە کاتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی هاتووە." هەرچەندە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای کاڵاکان لە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئاماژەیەکە بۆ لاوازی ئابووریی ئەمریکا و بەوپێیەش کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی زێڕ تێکەڵاوبوون. هاریش ڤی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (جیۆ جێت فاینانشیاڵ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، لە ئاستی مامناوەند دا کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی زێڕ." ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، نرخی زێر لە نزیکەی ٢٥٥٠ دۆلار، هێڵی پاڵپشتی هەیە و ئەستەمە لەو ئاستە زیاتر دابەزێت. بەپێی هاریش ڤی، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ پەیوەستە بەوەی کە تاوەکو چەند نرخی زێڕ دەتوانێت ئاستی ٢٦١٤ دۆلار تاوەکو ٢٦٣٠ دۆلار بشکێنێت.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ناردنی مووچەی مانگی8 لە بەغدادەوە دیارنییە و چاوەڕێی ناردنی پارە دەکەن. هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، چاوەڕێی دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ بکات و ئەو پارانەی کە لە مانگی دووەوە تاوەکو ئێستا بڕیویەتی بینێریت بۆ ئەوەی راستەوخۆ کێشەی موچەی مانگی 8 چارەسەر بێت. ئەوەشی خستەڕوو، لیستی مووچەی مانگی 8 نەنێردراوە بۆ بەغداد پلانیشمان نیە بینێرین و چاوەڕێی رێککەوتنن بۆ ئەوەی بەبێ لیست ئەو بەشەی ماوە بینێرن، چونکە بەشێکی مووچەی مانگی 8 نێردراوە. هونەر جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغداد چارەسەر نییە و هیچ وادەیەکیش بۆ ناردنی موچەی مانگی 8 دیار نییە.
هاوڵاتی بڕیاربوو لەبەرانبەر تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتیی كە شیعە داوای دەكات و ناڕەزایەتیی لەسەر دروستبووە، یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنەكانیان پەسەند بكرێت كە كورد داوای دەكات، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراو دواخرا بۆ ئەوكاتەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت. یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوەی عێراق لەبارەی خاوەندارێتیی زەوییە كشتوكاڵییەكان كە خواستی فراكسیۆنە كوردییەكانی لەسەر بوو، لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراو دواخرا بۆ كاتێكی تر. لەبارەی دواخستنی دەنگدان لەسەر یاساكە، موهەیمن حەمدانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پیكهاتەی عەرەبی كەركوك سوپاسی هەریەكە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی (لایەنە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق)و حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی و حزبی سیادەی خەمیس خەنجەرو عەزمی موسەننا سامەڕایی كرد، هەڵوێستی ئەم لایەنانەی بۆ راوەستان دژی پەسەندكردنی یاساكە بە "هەڵوێستی نیشتمانی" ناوبرد. بەپێی قسەی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی كوتلەی توركمانیی لە پەرلەمانی عێراق، دواخستنی دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە رەزامەندی هەردوو کوتلەی کوردو تورکمان بووە، بۆ ئەوەی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا بگەنە رێککەوتن. هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ماددەی ١٤٠ـی دەستورە، ئەمڕۆ چووە ناو پەرلەمان و كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵای جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و نوێنەرانی پارێزگای كەركوك كرد، ئەمە بۆ تاوتوێكردنی پەسەندكردنی یاساكەو ئاگاداربوون لە بۆچوونە جیاوازەكان. بەگوێرەی زانیارییەكان، جگە لە كۆبوونەوەكەی عامری، لەسەر هەمان پرۆژە یاسا كۆبوونەوەیەكی تری لە نوسینگەی موحسین مەندەلاوی كراوە، بەڵام هێشتا وردەكاریی گفتوگۆكان ئاشكرا نەكراون. ئەمەش لەکاتێکدا شیعەكان بەنیازن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراق تێپەڕێنن، هەموارێك كە رێگە بە بەشودانی كچانی تەمەن (٩ ساڵ) دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی شەقام دروستكردووە، بۆ كۆنترۆڵی ناڕەزایەتییەكان لەناو پەرلەماندا، دوو ئۆفەریان پێشكەشی كوردو سوننە كردووە، ئۆفەرەكەی سوننە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای (لێبوردنی گشتیی)، ئۆفەرەكەی كورد دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵەكان بۆ خاوەنەكانیان، ئەوانەی كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی (هەڵوەشاوە) دەیانگرێتەوە، ئەمە خواستی كوردی لەسەرە، بەتایبەتی لە كەركوك ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كورد لەم یاسایە سودمەند دەبن. هەروەها جێگەی ئاماژەیە، تەنیا لە كەركوك بەهۆی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رژێمی پێشووەوە، دەست بەسەر زیاتر لە ١٣٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كورددا گیراوە. ئەم بڕیارانەی بەعس لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرچوون و بە پلەی یەكەم ئامانج لێیان گۆڕینی دۆخی دیمۆگرافیا بووە لە ناوچە جێناكۆكان.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ لەبارەی هەڵبژاردنەوە رایگەیاند، دەبێت بانگەشە بکرێت بەو شێوەیەی کەس کەس نەشکێنێت. دڵنیاییشی دا کە "مووچە دەدرێت". رۆژی یەکشەممە، ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر پردی دەلالی زاخۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، کێشە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، دەبێت لە بەغدا ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. هاوکات، لەبارەی مووچەوە، رایگەیاند، تائێستا، لەدوای ئەوەی ئەو شاندە لە بەغدا هاتن، شتی روون ئەوەیە کە "مووچە دەدرێت، ئێمە داوای لێبووردن دەکەین، هەندێ جار دوادەکەوێت، بەڵام پێموانییە کێشە بۆ پرسی مووچە دروستبێتەوە." نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە گوتی: "هێشتا بۆ بانگەشە ماوە، پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم کە دەبێت بانگەشە بکرێت بەو شێوەیەی کەس کەس نەشکێنێت، لە ئەنجامدا ئێمە هەموومان لە کەشتییەکداین، هەڵبژاردن شتێکی سرووشتییە، هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام یەکتر شکاندن و یەکتر سڕینەوە، بەڕای من نابێت ئەوە بکەین و نابێت بگاتە ئەو قۆناخە. دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەک نەبێ کە ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت."
هاوڵاتی لەسەر داوای تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆران و ژمارەی وەزیفيیان بۆ وەزارەتی دارایي عێراق بنێرێت. بەوتەی سەرچاوەیە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان "بە ناردنی لیستی نوێی راستکراوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفییان، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ٨ و ٩ پێکەوە دەنێرێت". بەوتەی سەرچاوەکە "ناردنی ئەو لیستە راستکراوەیە بە ژمارە وەزیفییەکانەوە؛ کێشەکان چارەسەر دەکات و وادەکات ئاستەنگەکانی رابردووی بەردەم ناردنی مووچە دووبارە نەبنەوە". لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و رەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفيیان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت. رۆژانی ٨-٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو:"ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە". ئەمڕۆ ١٢ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو و دوای زیاتر لە ٥٥ رۆژ مووچەی مانگەی تەموزیان وەرگرت. مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق لەبری مووچەی مانگی ٧، مووچەی مانگی ٨ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ٧ پێ دابەشکرد.
هاوڵاتی ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە لەسەر بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکە( ٧٠ ) درا. تێبینی/ خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە(١٠) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. شایەنی باسە بەپێی یاسای چاکسازی پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی( ٢٠٢٠) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت. بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠٢٤/٩/١
هاوڵاتی بەپێی نووسراوێكی وەزیری دارایی كە تێیدا هاتووە، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سزای دواكەوتن لەسەر خاوەنكارانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەرچوو. بەپێی نووسراوێكی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارمان بۆ لێخۆشبوون لەسەر قەرزی دەستەبەری و ماوەكەی درێژ كردەوە. باس لهوهشكراوه لێخۆشبوونەكە لە تەواوی 100%ـی سزای دواكەوتنی كەڵەكەبوو لەسەر خاوەنكاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری كۆمەڵایەتی تا 31ـی تشرینی یەكەم دەبێت. لێخۆشبوون لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ سێیەمین جارە درێژ دەكرێتەوە، لە ماوەی رابردوودا دووجار ئەو بڕیارە دراوە و ئەمجارەش بۆ خزمەتی هاووڵاتییان درێژ كرایەوە.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 149 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەكرا. بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كاتی كردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەكراوە. هەرچەندە لە ئەمساڵدا حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراق چەند بڕیارێكیان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار دەركرد، بەڵام لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیی.
هاوڵاتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە ناردنی مووچە ڕاگیراوەكانی هەرێمی كوردستان. لەوبارەیەوە هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کە تا کۆتایی ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو: حکومەتی هەرێمی كوردستان کوردستان تا سەری ساڵ بایۆمەتری و هەژماری من تەواو دەکات. رۆژی دووشەممە، 09-09-2024 تیمی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاریدا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێمـی کوردستان"، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
هاوڵاتی ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان: شاندێکی هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ بە هاوتاکردنی مووچەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدا دەکەن، هەروەها زیاتر لە 25 هەزار زیندانیی سیاسیی سوودمەند دەبن. رەشنووسی رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆتاییەکانیدایە بۆ ئەوەی مووچەی زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی زیندانییانی سیاسیی عێراق بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بکات، ودوای ئەوەش شاندێک بچنە بەغدا بۆ ئەو پرسە، بەڵام وادەی چوونی شاندەکە تائێستا دیار نییە. هەروەها ئێمە پێشتر داوامان کردووە مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسیی کوردستان هاوتا بکرێت و بخرێنە سەر دامەزراوەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق، ئەگەر ئەوە بکرێت کارێکی باشە. لە هەرێمی کوردستان 25 هەزار و 107 زیندانی سیاسیی بە لیژنە و بڕیاری دادوەر هەموو رێککارەکانی پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کراوە، هەندێکی دیکەش ماون.
هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ تەیف سامی، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکی ئابووری سەردانی شاری هەولێر بکات و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم کۆدەبێتەوە. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی عێراق و لەگەڵ چەند وەزیرێکی دیکە سەردانی هەولێر دەکەن و دوو رۆژ دەمێننەوە، بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی گرفتەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی هەشت تاوتوێ بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممەی رابردوو دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم دەستیپێکرد و بۆ یەکەمین جار خانەنشینان مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق وەرگرت.