وەزارەتێکی ئێران ئاشکرای دەکات کێشانی جگەرە زۆر بوە و بەشێک لە جگەرەکانیش بە قاچاخ هاوردەی وڵاتەکە دەکرێن. وەزارەتی پیشەسازیی ئێران بڵاوی کردوە؛ لە یەک ساڵدا نزیکەی 73 ملیارد جگەرە لە وڵاتەکە کێشراوە کە بەراور بە رابردو نزیکەی 20 ملیارد زیادی کردوە. ئاماژە بەوە کراوە؛ لە ساڵی 2017 نزیکەی 55 ملیارد جگەرە لە ئێران کێشراوە بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2022 بۆ 73 ملیارد بەرزبوەتەوە. لە راپۆرتی ئەو وەزارەتەدا هاتوە؛ لە ساڵی 2020 نزیکەی 62 ملیارد و 475 دانە جگەرە لە وڵاتەکەدا بەرهەم هێنراوە و نزیکەی 11 ملیارد جگەرەش بە قاچاغ هاوردە کراوە و هیچ جگەرەیەک بە فەرمی هاوردەی ئێران نەکراوە. توتنی بەرهەمهاتوی ساڵی 2021 لە ئێران چوار هەزار و 886 تۆن بوە کە 600 تۆنی هەناردە کراوە و چوار هەزار و 300 تۆنی لە ناوخۆی وڵاتەکە کراوە بە جگەرەوە و نێرگەلە. بە پێی راپۆرتی وەزارەتی پیشەسازیی ئێران لە ساڵێکدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیارد و 600 هەزار دۆلار توتن و جگەرە لە وڵاتەکەدا کڕدراوە.

ناوەندنی ئاماری تورکیا بڵاوی کردەوە؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو وڵاتە و ئێران دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و کەمبونەوەی هاوردە و بەهای غاز هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکە بوە. ئەو ناوەندە ئاشکرای کردوە لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا و ئێران یەک ملیارد و 725 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا ئەو بڕە لە چوارمانگی ساڵی 2022 زیاتر لە دوو ملیارد و 173 ملیۆن دۆلار بوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە؛ رێژەی ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی نێوان ئە دوو وڵاتە لە چوارمانگی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 20% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هاوردەی تورکیا لە ئێرانەوە لە یەک ملیارد و 231 ملیۆن دۆلارە بۆ 821 ملیۆن دۆلار لەو چوار مانگەی ئەمساڵدا کەمی کردوە کە زۆربەی هاوردەکە غازی ئێران بوە و بە گشتی هاوردە تورکیا لە ئێرانەوە 33% دابەزیوە. ئاماژەی بەوە کراوە؛ هاوکات لەگەڵ کەمبوەنەوە هاوردەی غاز لە ئێرانەوە بەهاکەشی بەڕێژەی 40% دابەزینی بەخۆیەوە بینوە. لە ئامارەکاند ئەوە خراوەتەڕو کە سەرجەم هەناردەی تورکیا لەو ماەیەدا گەیشتوەتە زیاتر لە 80 ملیارد دۆلار و هەناردەی وڵاتەکەش 124 ملیارد دۆلار بوە و زیاترین هەناردەی بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا و روسیا بوە.  

بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاکسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەکانیش ئاشکرای دەکەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاکسازیی نەکات ناچارە غاز هاوردە بکات. بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی کە گروپێکی هاککەر لە پێگەی ئەلیکترۆنی سەرۆکایەتی کۆماری لە ئێران دزەیان پێکردوە، نۆژەنکردنەوە ئامێرەکانی کێلگە و پاڵاوگەکانی نەوت و غازی وڵاتەکە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیارد دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێکە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەکردوە. لەو بەڵگانەدا دەرکەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەکرێتەوە و چاکسازیی لە شێوازی بەکارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەکرێت، وڵاتەکە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بکات. غاز سەرچاوەیەکی سەرەکی سوتەمەنیی بزوێنەری کارگە و ئۆتۆمبێلەکانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن. بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە کاتێکدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و بەوە دووەم وڵات دوای روسیا  ئەژمار دەکرێت کە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.    

پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە یەکەم پارێزگا لە ئێران کە زۆرترین شلیک بەرهەم دەهێنێت و بەپرسێکی دەڵێت: زیاتر لە 60% هەمو شلیکی وڵاتەکە لەو پارێزگایە بەرهەم دێت. ساڵانە 65 بۆ 70 هەزار تۆن شلیک لە پارێزگای سنە بە بەرهەم دەهێنرێت کە دەکاتە 60%ی کۆی بەرهەمی شلیک لە ئێران کە دەگاتە 120 هەزار تۆن. بە پێی ئامارەکان نزیکەی 17 هەزار کەس لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرقاڵی چاندن و بەرهەمهێنان میوەی شلیکن. زیاتر لە 11 هەزار و 500 دۆنم زەوی پارێزگای سنە پێکدێت لە باخەکانی شلیک کە نزیکەی پێنج هەزار دۆنمی دەکەوێتە ناوچەی سیروان. قائیمقامی شاری سنە رایگەیاند؛ 12 هەزار کەس راستەوخۆ سەرقاڵی چاندن و بەرهەمهێنانی شلیکن لە شارەکە و بەرهەمی ساڵانەی ئەو میوەیە دەگاتە 65 هەزار تۆن کە 60%ی هەمو بەرهەمی شلیکە لە ئێران. بەشێکی بەرچاوی بەرهەمی شلیکی سنە رەوانەی دەرەوەی و عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەو میوەیە بە زێڕی سور ناودەهێنرێت.  

ناوەندێکی ئامار ئاشکرای دەکات بەهۆی هەڵاوسانی ئابورییەوە رێژەی هەژاریی لە ئێران بەرز بوەتەوە و شارەزایەتی ئابوریی دەڵێت هەڵاوسان لە ولاتەکە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردوە. ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی لە وڵاتەکە زیاتر لە 11 ملیۆن کەسی دیکە کەوتونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی رابردو لە کۆی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران نزیکەی 60 ملیۆن کەس بە هەژار ئەژمار کراون. ئەو ناوەندە هێلێ هەژاریی لە ئێران بە حەوت ملیۆن و 500 هەزار تمەن (150) دۆلار بۆ هەر خێزانێکی  چوار کەسیی دیاریی کردوە و هەر خێزانێک داهاتی لەو بڕە کەمتر بێت دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. پێگەی (ئێکۆ ئێران) ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی راستەقینەی ئابوریی وڵاتەکە لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەمساڵدا گەیشتوەتە 69% کە بە ژمارەیەکی مێژویی هەڵاوسانی ئابوریی لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت. مەحبوبە داودی، پسپۆڕ و شارەزای ئابوریی ئێران رایگەیاندوە؛ هەڵاوسانی ئێستای ئێران بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی 79 ساڵی رابردوی مێژوی وڵاتەکەیە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و هەڵاوسانی ئابوریی تۆمار کردوە.      

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەوروپا و ئێران دادەبەزێت و لە بەرامبەردا هۆڵەندا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا زیاترین کاڵا رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن. ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ ئێران یەک ملیارد و 180 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە رابردو 11% دابەزینی بەخۆیەوە بینوە. لە ئامارەکاندا ئەوە خراوەتە رو ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە یەک ملیارد و 330 ملیۆن یۆرۆ بەڵام ئەو بڕە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بۆ یەک ملیارد و 180 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە و ئەو وڵاتانە تەنها بە بڕی 220 ملیۆن کاڵایان لە ئێرانەوە هەناردە کردوە. هەناردەی کاڵا لە ئەوروپاوە بۆ ئێران لەو سێ مانگی ئەمساڵدا 960 ملیۆن یۆرۆ بوە کە 9% دابەزیوە و هاوکات هاوردەی ئەو وڵاتانەش لە ئێرانەوە 275 ملیۆن یۆرۆ بوە کە 20% بەچاو رابردوەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. یۆرۆستات رونی کردوەتەوە؛ سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران بەڵام هەناردەی هۆڵەندا بۆ ئێران 63% بەرز بوەتەوە و دوای ئەو وڵاتەش، ئیتاڵیا بە بەرزبوەنەی هەناردەی 24% و فەڕەنسا بە بەرزبونەوەی 17% زیاترین کاڵایان لە چوارچێوەی ئەوروپا هەناردەی ئێران کردوە.  

بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێدوایستییەکانی ژیان لە ئێران بەردەوامە و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسانی ئابوریی ئەو وڵاتە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە؛ ئێران لە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی خۆراک تۆمار دەکات و هەڵاوسان بەردەوامە لە بەرزبونەوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی؛ هەڵاوسانی ئابوریی تایبەت بە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 73% و بەوەش چوارەم وڵاتی جیهانە دوای لوبنان و ئەرجەنتین و زیمبابوێ کە زۆرترین هەڵاوسانی تۆمار کردوە. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (تجارەت نیوز) بڵاوی کردوەتەوە؛ هەڵاوسانی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران گەیشتوەتە 78% کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژوی ئابوریی وڵاتەکەدا. بانکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ نرخی خۆراک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە بەرزبونەوەدایە بەڵام رێژەی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی هەندێک وڵاتی وەک لوبنان بە (352%) و ئەرجەنتین بە (107%) و زیمابوێ بە (102%) و ئێران بە (73%) مەترسییە بۆسەر ئاسایشی خۆراک و ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە.

لە ئامارەکانی وڵاتی چین بڵاو کراوەتەوە کە چوار مانگە ئەو وڵاتە هیچ بڕە نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و لە بەرامبەردا هاوردەی نەوتی لە مالیزیا زۆر بەرز کردوەتەوە. گومگری چین بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چوار مانگی ئەمساڵدا هاوردەکردنی نەوت لە مالیزیا گەیشتوەتە 14 ملیۆن تەن کە بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردو 11 هێندە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ ئێران و ڤەنزوێلا بە ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی دەڵڵاڵەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا نەوتەکەیان رەوانەی مالیزیا دەکەن و لەو وڵاتەوە بۆ چین هەناردە دەکرێت. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە؛ جگە لە پێدانی پارەی دەڵڵاڵەکان، ئێران هەر بەرمیلێک نەوت بە 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی و بازاڕەکان بە چین دەفرۆشێت. پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی و گەڕانەوە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018، چین تەنها بڕی 27 هەزار تۆن نەوتی لە مالیزیاوە هاوردە کردوە کە ئەو بڕە ئێستا گەیشتووتە زیاتر لە 14 ملیۆن تۆن. بە پێی ئامارە نافەرمییەکان؛ ئێران لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژانە نزیکەی 960 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین کردوە کە دەکاتە 15 ملیۆن و 700 هەزار تۆن. چین بۆ ئەوەی تۆمەتەبار نەکرێت بە جێبەجێنەکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئامارەکانی کڕینی نەوت بڵاو ناکاتەوە و زیاتر لە سێ ساڵیشە هیچ ئامارێکی فەرمیی گومرگی ئێران فرۆشی نەوتی نەخستوەتەڕو و تەنها لە رێگەی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بڕی فرۆش و ساخکردنەوەی نەوتی وڵاتەکە ئاشکرا دەبێت.

بەرپرسێکی ئێران هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی قەرزەکانی حکومەت و زیانەکانی کورتهێنانی بودجە بۆ داهاتوی وڵاتەکە. رەحیم موبینی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران ئەمڕۆ شەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ قەرزەکانی حکومەت گەیشتوتەوە زیاتر لە 134 ملیارد دۆلار و کورتهێنانی بودجەی ساڵێک نزیکەی 16 ملیارد دۆلار بوە. موبینی وتویەتی قەرزەکانی حکومەت بە بانک و رێکخراوەکان گەیشتوەتە 22 ملیارد 280 ملیۆن دۆلار و هاوکات قەرزەکانی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەت بە 37 ملیارد و 880 ملیۆن دۆلار خەملێنراوە. جگە لەو قەرزانە، حکومەت بڕی 74 ملیارد دۆلاری سندوقی گەشەی نیشتیمانیی ئێران قەرزدارە. ئاماژەی بەوە کردوە کە زیانی کۆمپانیا حکومییەکانی ئێران لە ئێستادا زۆر زیاترە لە 6% بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەوەش زیانی بە بودجەی وڵاتەکە گەیاندوە. بە وتەی جێگری ناوەندی بەرنامە و بودجە: کورتهێنانی بودجەی ساڵی رابردوی ئێران 15 ملیارد و 880 هەزار دۆلار بوە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە داهاتوی ئابوریی وڵاتەکە. تێبینی (هاوڵاتی) : سەرجەم قەرزەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی بە تمەن بڵاو کراونەتەوە کە لێرە ئەو بڕانە کراون بە دۆلار. لە ئێستادا نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 51 هەزار تمەن.

بەرپرسێکی ئێران دەڵێت: نوێ کرتنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق پەیوەستە بە دانەوەی قەرزەکانی ئەو وڵاتە و هاوکات تورکیا داوا دەکات غازی زۆرتر رەوانەی وڵاتەکەی بکرێت. مەجید چگێنی، راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاند؛ بڕیارە گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق نوێ بکرێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غازی ئێران قەرزدارە و لەگەڵ یەکلاییبونەوەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە، گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە. چگێنی ئاماژەی بەوە کردوە؛ تورکیا داوای لە ئێران کردوە غازی زیاتر بە وڵاتەکەی بفرۆشرێت. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە لێدوانێکدا لە بەغدادی پایتەختی عێراق رایگەیاند؛ بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتنێک لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ کراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو کێلگە غازی و نەوتانەی کە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن. ئەوجی وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا جگە لە دروستکردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، ئێران کار دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە پاڵاوگەکانی عێراق. بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران: تاران لەگەڵ وەزارەتی وزەی عێراق رێککەوتوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێرانەوە و کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە. بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سزاکانی ئەمریکا وای کردوە عێراق نەتوانێت قەرزەکانی غاز و کارەبای لە ئێرانەوە کە دەگاتە 11 ملیارد دۆلار رادەست بکاتەوە.    

رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات ئێران لە شەش مانگدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیارد دۆلار نەوتی بۆ سوریا رەوانە کردوە. رۆژنامەی (هائارتز)ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ لە ماوەی شەش مانگی رابردودا ئێران بە نهێنیی بڕی نزیکەی 17 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی سوریا کردوە کە بەهاکەی دەگاتە یەک ملیارد و 250 هەزار دۆلار. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانیەوە؛ ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردو تا نیسانی ئەمساڵ لە رێگەی کەشتی بێ ناونیشان (کەشتی رۆحەکان) نەوتی بۆ سوریا رەوانە کردوە. پێگەی ( تەنکەر تراکێرز) ئاشکرای کردوە کە لەو شەش مانگەدا 17 کاروانی کەشتی گواستنەوەی نەوت رەوانەی بەندەری بانیاس لە سوریا کراوە. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (کلپێر) بڵاوی کردوەتەوە کە ئێران رۆژانە 74 هەزار بەرمیل نەوتی گەیاندوەتە سوریا و ئەو بڕەش هەندێکجار گەیشتوەتە زیاتر لە 90 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بە پێی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سوریا، رەوانەکردنی ئەو بڕە لە نەوتە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە بە نایاسایی و پێشێلکردنی سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم دەدرێت.  

شارەزایانی ئابوریی ئێران رایدەگەیەنن بەهۆی خراپ بەکارهێنان و شکستی پڕۆژەکان زیاتر لە 500 ملیارد دۆلار لە وڵاتەکە بەفیڕۆدراوە. رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە ماوەی 30 ساڵی رابردودا هەژاریی و بێکاریی بە بەردەوامیی بەرز بوەتەوە و جیاوازیی چینایەتیی بەهۆی گرنگیدان بە شارە گەورەکانی وەک تاران-ی پایتەخت لە پارێزگاکانی دیکە زۆر زیادی کردوە. حوججەت میرزایی توێژەرەی ئابوریی ئاماژە بەوە کردوە کە 85%ی دانیشتوانی ئێران داهاتیان لە دانیشتوانی شاری تاران کەمترە و بێکاریی لە نزیکەی 40%ی دانیشتوان وڵاتەکە دەگاتە زیاتر لە 15%. فەرشاد موئمینی، شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بە رۆژنامەی شەرقی راگەیاندوە؛ بە هۆی پلانی گواستنەوەی کەرتی حکومی بۆ کەرتی تایبەت، زیاتر لە 350 ملیارد دۆلار بەفیڕۆ دراوە. موئمینی وتوشیەتی لە ماوەی سێ دەیەی رابردودا لانیکەم نزیکەی 200 ملیارد دۆلاری دیکەی نەوەیەکی ئێران بە بیانوی پلانی گواستنەوەی کەرتەکان لە حکومییەوە بۆ تایبەت، لەناوچوە و هیچ بەڵێنێکی دەسەڵات لە چوارچێوەی پلانی کەرتی تایبەتدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. لە راپۆرتێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لە ئێران دەرکەوتوە هەژارەکانی ئەو وڵاتە بە پێی داهاتەکانیان دەبێت 248 ساڵ چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی بتوانن پارەی کڕینی خانو و یان شوێنی نیشەجێبونی وەک شوقە کۆبکەنەوە. بە پێی دوایین ئامار هێڵی هەژاریی لە ئێران گەیشتوەتە 21 ملیۆن تمەن کە نزیکەی (400) دۆلار دەکات و زیاتر لە 60%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە هەژار ئەژمار دەکرێن داهاتی خێزانەکان کەمترە لەو بڕە.

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە و فیلتەرکردنی سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پشپۆری ئینتەرنێت و دنیای گریمانەیی  ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژی فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.  لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە. پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە. ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن. بە وتەی ئەو: دیاردەی ژیان لەناو کەلاوەکانی تاران چوار دەوری ئەو شارەی گرتوەتەوە و تەنانەت لە ناوچە هەژارنشینەکانی پایتەخت ، کرێ خانو حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەنە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت. پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.    

بەرپرسێکی ئێران ئاشکرای دەکات فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەرز بوەتەوە و رۆیتەرز بڵاوی کردەوە فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەهۆی چاوپۆشی ئەمریکا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردو. موحسین مەنسوری، جێگری جێبەجێکاری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان، فرۆشی نەوتی وڵاتەکە گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەو بەرپرسەی ئێران هۆکار و وردەکاریی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی ئاشکرا نەکردوە لە کاتێکدا سزاکانی ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردوەتەوە فرۆشتن و هەناردەی نەوتی ئێران لە سێ مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە ئەوەش زۆرترین هەناردەی نەوتەکەیەتی لە چوار ساڵی رابردودا. ئەمریکا لە ساڵی 2018 و دوای کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی رایگەیاند؛ سزاکانی واشنتۆن نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕەکانی جیهان بۆ نزیکەی سفر دادەبەزێنێت. رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردوە کە زیادبونی هەناردەی نەوتی ئێران پەیوەندیی بە چاوپۆشیی ئەمریکا لە فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتەوە هەیە. وڵاتی چین سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا رۆژانە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە و بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش ئێران نەوتەکەی بە ناوی نەوتی عێراق و بە نهێنی لە رێگەی کەشتی نەوتهەڵگری بێ ناو و نیشان ساخ کردوەتەوە. هەناردەی نەوتی ئێران پێش سزاکانی ئەمریکا رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بوە کە لە ساڵی 2019 بەهۆی ئەو سزایانەوە هەناردەی نەوتەکی بۆ کەمتر لە 250 هەزار بەمیلی رۆژانە دابەزی.