هاوڵاتی دادگای دەستوریی توركیا بڕیارێكی گرنگی دەركردو هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەڵاحەدین دەمیرتاش كرابوون ڕەتكردەوە و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی كردووە لەسەر بنەمای نایاسایی". ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022ن دادگای دەستوریی توركیا دانی بەوەدانا، "دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلانی كردووەو لەسەر بنەمای نایاسایی تۆمەتی پشتیوانییكردنی تیرۆریان خستۆتە پاڵ، جگە لەوەی دادگا بڕیاری قەرەبووكردنەوەشی بۆ دەمیرتاش دەركردووە". دادگای دەستوریی توركیا لەبڕیارەكەیدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە بەرزكردنەوەی سكاڵا دژ بەسەڵاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی بەشدارییكردن لەچالاكییەكی ساڵی 2011 كە بەشێك لەبەشداربووان دروشمیان بۆ پشتیوانییكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وتۆتەوە، پێشێلكردنی مافەكانی ناوبراوە. " دەركەوتووە كە دەمیرتاش لەڕێكخەرانی چالاكییەكە نەبووە، هەروەك بەشداریكردنیشی بەتەنها مانای ئەوەنییە كە ناوبراو بەشدارە لەجوڵەی ئەوكەسانەی چالاكیی نایاساییان ڕێكخستووە"، دادگای دەستوری توركیا وا دەڵێن. لەبەشێكی تری بڕیارەكەی دادگای دەستووریی توركیادا هاتووە، "بەرزكردنەوەی ئاڵای ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانو دروشمەكانی پشتیوانیكردنیان لەلایەن بەشێك لەبەشداربووان لەكاتی بەشداریكردنی دەمیرتاش، پاساو نییە بۆئەوەی بڕیاری دواخستنی یەكلاییكردنەوەی داواكەی بدرێتو ماوەی سێ ساڵ لەژێر چاودێرییدا بهێڵرێتەوە". جگەلەوەی دادگا بڕیاریداوە دەبێت هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە بەبڕی 13 هەزارو 500 لیرە قەرەبوو بكرێتەوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لەنۆڤەمبەری لەساڵی 2016وە بەتۆمەتی پشتیوانیكردنی پەكەكە لەزیندانی ئەدرنەدایەو سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێتاوانی ناوبراوی سەلماندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەنین ئازادی بكەن.
هاوڵاتی مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق بڕیاریدا 21ی تەممووزی 2022 ماتەمینیی گشتی بێت لە عێراق بۆ ئەو نۆ كەسەی كە لە تۆپبارانەكەی سوپای توركیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گیانیان لەدەستداوە. ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێكدا ئەوەی خستۆتەروو كە مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق فەرمانی داوە بەوەی رۆژی پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022 ماتەمینیی گشتیی رابگەیێندرێت لە سەرانسەری عێراق بۆ كوژراوانی بۆردوومانەكەی سنووری زاخۆ. 20ی تەممووزی 2022 بەهۆی تۆپبارانی سوپاكەی ئەردۆغانەوە لە ناوچەیەكی گەشتیاریی گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 26 كەسی دیكەش بریندار بوون. هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق دۆسیەی پرسە بۆ كوژراوانی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ دەكاتەوە لە باڵەخانەی ئەو وەزارەتە لە بەغدای پایتەختی عێراق و سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەكانی لە دەرەوەی وڵات. دوێنێ چوارشەممە 20ی تەموز، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لیژنەیەكی بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوە رەوانەی گوندی پەرخی سنوری ئیدارەی زاخۆ كردو تێیدا وەزیری دەرەوەی عێراق بە میدیاكانی راگەیاند كە تۆپبارانەكە لەلایەن سوپاى توركیاوە بووە. هەروەها راشیگەیاند:" سەرجەم رێكارە دیپلۆماسییەكان دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەنێو خاكی عێراق".
هاوڵاتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند:"دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە". وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەی دەوڵەتی تورك حاشای لەوە كرد كۆمەڵكوژیەكەی ئەمڕۆی زاخۆی ئەنجام دابێت ڕایگەیاند، دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە كراوە. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە زاخۆ رایگەیاند:" ئێمە شارەزا و بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە". ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەهات كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند ئەوان كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجام نەداوە و پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كرد. فواد حسین كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عیراقە وتیشی:" پرۆسەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق قبوڵناكرێت. دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە، توركیا دەیان گوندی كوردستانی عێراقیان داگیركردووە، لە جیاتی شەڕی پەكەكە پەلاماری گوندەكان دەدەن و خەڵكی سڤیل دەكوژن". هاوكات، داوای كرد دەوڵەتی توركیا داوای لێبوردن بكات، ئەم هێرشانە رابگرێت، ئاشكراشی كرد لە ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆماردەكەن لەسەر حكومەتی توركیا.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆوە پەنجەی تۆمەت بۆ "پە.كە.كە" رادەكێشێت دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەن لەژێر كاریگەری "پە.كە.كە" لێدوان نەدەن. وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆ ئاماژەی بەوەداوە كە وڵاتەكەی "دژی هەر هێرش و كردەوەیەكە كە خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج" و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا دژی پەكەكە، "زۆر بە هەستیارییەوە ئۆپەراسیۆنەكان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیل، ژێرخانی سڤیل، پێگەی مێژویی و كولتووری، سروشت پارێزراوبن." ئەوەش لەكاتێكدایە لە هێرشەكانی ئەو وڵاتەدا لە باشوری كوردستان چەندین جار هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی. لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، پەنجەی تۆمەتی بۆ پەكەكە راكێشاوە لەبارەی ئەنجامدانی هێرشەكەو وتوشیەتی"توركیا ئامادەیە هەمو هەنگاوێك لە هەر خاڵێك بنێت تاراستییەكان ئاشكرا دەكرێن." ئەوەش رووندەكاتەوە كە داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەن لەژێر كاریگەریی پەكەكە لێدوان نەدەن.
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بۆردومانەكەی توركیا دەركرد و بڕیاریدا، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بكشێنێتەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، ئەمشەو مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی، كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی كرد، لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنەكە بە توندترین زاراوە سەركۆنەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی توركیای كرد كە لە هاوینەهەواری گەشتیاری لە پارێزگای دەهۆك هاوڵاتیانی بێتاوانی كردە ئامانج، ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە. دەقی بڕیارەكانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق: یەكەم: ئەنجومەنی ئاسایشی، وەزارەتی دەرەوەی ئاڕاستەی كرد كە دۆسیەی یەكپارچەی هێرشە دوبارەبوەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی عێراقییەكان ئامادە بكات، هەروەها سكاڵایەكی بەپەلە لەو بارەیەوە پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان بكات. دوەم: ئاڕاستەكردنی وەزارەتی دەرەوە بۆ بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە عێراق و ئاگاداركردنەوەی لە سزاكەیان. سێیەم: هێنانی بەرپرسی كاروباری عێراق لە ئەنقەرە بۆ مەبەستی ڕاوێژكاری، ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێ بۆ توركیا. چوارەم: ئاڕاستەكردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەسەر دۆخی سنوری عێراق و توركیا، هەروەها بۆ گرتنەبەری هەمو هەنگاوێكی پێویست بۆ بەرگریكردن لە خۆ. پێنجەم: بەدواداچون بۆ قوربانیانی هێرشەكە و كەسوكاری شەهیدان، و قەرەبوكردنەوەیان. شەشەم: هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی چارەنوسساز بۆ رێگریكردن لە پێشێلكاری. حەوتەم: داواكردن لە توركیا داوای لێبوردنێكی فەرمی پێشكەش بكات و هێزە سەربازییەكانی لە سەرجەم خاكەكانی عێراق بكشێنێتەوە. هەشتەم: ئەنجومەنی ئاسایش رەتكردنەوەی خۆی دوپاتكردەوە بۆئەوەی خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێك و یەكلاكردنەوەی حسابەكان، هەروەها رەتكردنەوەی توندی خۆی لە بونی هەر رێكخراوێكی تیرۆریستی یان گروپێكی چەكدار لەسەر زەویەكانی دوپاتكردەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، وەفدێكی عێراق گەیشتۆتە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشوازی لێكراوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەفدی هاوبەش سەردانی ئەو ناوچەیە لە زاخۆ بكەن كە بەر بۆردومانەكانی توركیا كەوتوە. ئێوارەی ئەمڕۆ 20ی تەموزی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ ئێوارە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی كرد لە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی، كە پێكهاتبوون لە د. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فەریقی یەكەمی روكن عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و شاندێكی یاوەریان." هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە كە وابڕیارە، هەر ئەمڕۆ شاندی هاوبەش سەردانی ئیدارەی زاخۆ و ئەو ناوچەیە بكەن، كە" بەر بۆردومانەكان كەوتووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون، بۆئەوەی لەنزیكەوە زیانە گیانی و مادییەكانی ناوچەكە ببینن و ئاگاداری روداوەكە بن." بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا لەگوندێكی بادینان نۆ كەس گیانیان لەدەستداوەو ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 26 كەس كەهەموویان گەشتیاری عەرەبن، بەڵام كرێكارێكی كورد لەو ناوچە گەشتیارییە برینداربووە.
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی عێراق لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:""پێویستە دۆسیەیەكی تەواو لەسەر پێشێلكارییە بەردەوامەكانی توركیا ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی." مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق بڕیارە كۆبونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی عێراقدا ئەنجام بدات. كازمی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەرخاكی عێراق پێویستە رابگیرێت. سهرۆك وهزیرانی عێراق راشیگهیاند، ئهو دهستدرێژییه دڕندانهیه، ئهوه دهردهخات لایهنی توركیا گوێی به داواكارییه بهردهوامهكانی عێراق نهداوه. دهشڵێت: "عێراق پابهندی یاساكانی رێزگرتنی دراوسێیه، ئهوه رهتدهكهینهوه ههر لایهنێك خاكی عێراق له دژی وڵاتێكی دیكه بهكار بهێنێت، لهبهرامبهریشدا رهتی ئهوهش دهكهینهوه له ژێر ئهم پاساوهدا ژیانی هاووڵاتیان بخرێته مهترسییهوه".
هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر پەیامێكی تووند لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ بڵاوكردەوە و داوادەكات "فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییە وشكانییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن" و دەشڵێت:" دەستدرێژی بۆ سەر پارێزگاكانی باكورو هەرێم چیتر قبوڵناكرێت". موقتەدا سەدر لە پەیامەكەیدا دەڵێت "توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە، بەوەی وادەزانێت عێراق ناتوانێت وەڵامی بداتەوە جگە لەوەی لە وەزارەتی دەرەوە بەشێوەیەكی لاواز ئیدانە بكرێت". هاوكات سەدر دەڵێت پێشنیاز دەكات ئەم هەنگاوانە دژی توركیا بگیرێتەبەر: نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە. فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن. بەشێوەیەكی فەرمی سكاڵا بۆلای نەتەوە یەكگرتووەكان بەرز بكرێتەوە. رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێندرێتەوە. دەستدرێژی بۆ سەر پارێزگاكانی باكورو هەرێم چیتر قبوڵناكرێت.
هاوڵاتی گروپێك لەچەكدارانی سەر بە"قەڵغانی فورات" كە میلیشیای سەر بە توركیان، پەلاماری گوندێكی نزیك لەمەنبەجیاندا و هێرشەكەیان لەلایەن شەرڤانانەوە تێكشكێندرا. ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەموزی 2022، ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لەڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، گروپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا هەوڵیانداوە بچنە ناو گوندی (محسێنلی) لەمەنبەج، بەڵام شەڕڤانان وەڵامێكی توندیان داونەتەوەو هێرشەكەیان تێكشكاندووە. هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە"شەڕڤانانی ئەنجومەنەكە وەڵامی هەوڵی گروپێك لەچەتەكانی "قەڵغانی فورات"یان داوەتەوە، كە سەر بەتوركیان، ئەو میلیشیایانە دەیانویست بچنە ناو گوندی محسێنلی لەباكوری مەنبەج". هاوكات ئەوەش روونكراوەتەوە كە "دوای شەڕێكی كورتو لەئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤاناندا هێرشی میلیشیاكان تێكشكێنراوەو ناچار هەڵهاتوون". دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە كۆبونەوەی لوتكەی (ئێران، روسیا، توركیا) لەتاران لەهەوڵی ئەوەدا بوو كە قەناعەت بە پوتن و ئیبراهیم رەئیسی بكات تا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبكرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاڤای كوردستان) بەڵام سەرۆكی روسیاو ئێران بێ ئومێیدیان كردو لەبەیاننامەی هاوبەشدا ئەوە خراوەتەروو كە رێگری لەجوداخوازی دەكەن و كێشەكانی سوریا لەرێگەی دیالۆگی(سوری- سوری) چارەسەر بكرێت و هاوكاری دیمەشق بكرێت.
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لەنێوان عەبادی و ئەعرەجی یەكیان دەكەنە كاندیدی سەرۆك وەزیران كە زۆرترین چانسیان هەیە لەنێو پێنج كاندیدەكەیاندا. پێگەی (بغداد الیوم) بڵاویكردەوە كە لیژنەیەك لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهێنراوە كە لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلابكرێتەوەو دووان لەكاندیدەكان زۆرترین چانسیان هەیە كە پێكهاتوون لە(حەیدەر عەبادی، سەرۆكی كوتلەی نەسرو قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی). ئەو پێنج كاندیدەی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت پێكهاتوون لە(حەیدەر عەبادی، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی، عەلی شوكری، عبد الحسێن عەبتان). هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دوا پەیامیان ناردووە بۆ پارتی و یەكێتی كە لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێكبكەون و خۆیان یەكلایبكەنەوە.
هاوڵاتی سەرۆكی روسیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بێ ئومێد دەكات لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان و عەلی خامنەیی ۆابەری كۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری توندی داوەتە سەرۆكی توركیا. لەكۆبوونەوەی لووتكەی سەرۆكانی (رووسیا، ئێران و توركیا) لەتارانی پایتەختی ئێران ئەنجامدراو دەرئەنجامی كۆبونەوەكان بەدڵی ئەردۆغان نەبووە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە دۆخی سووریا بە رێگەی ئاشتی چارەسەر بكرێت، دەستوەردانی دەرەكی دۆخی ئەم وڵاتە ئاڵۆزتر دەكات"سەروەری خاكی سوریا هێڵی سوورە، دەبێت كۆتایی بە چالاكییەكانی تیرۆر لەم وڵاتە بهێندرێت". هاوكات ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیاش ئاماژەی بەوە كرد كە دوای ئەم كۆبوونەوەیە دەست بەگفتوگۆی سیاسی بونیادنەر لەبارەی دۆخی سووریا دەكەن، كە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكاری دیمەشق بكەن"پێویستە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا چڕ بكرێتەوەو دۆخەكە بەرەو ئاسایبوونەوە ببرێن نەك ئاڵۆز بكرێت". میدیاكانی ئێران ئەوەیان بڵاوكردەوە، دیدارەكانی سێ قۆڵی تاران بە دڵی ئەردۆغان نەبوون و بێزاری و توڕەیی بە ئەردۆغانەوە دیار بووە، چونكە پوتن و رئیسی دژی ئۆپەراسیۆنی توركیا بوون و رایانگەیاندوە" نابێت توركیا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات". هەروەها چەند میدیایەكی ئێرانیش باسیان لەوە كردوە، خامەنەیی بە شێوەیەكی روون و راشكاو بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، كە ئەوان دژی ئۆپەراسیۆنی توركیان و پێویستە جوڵە سەربازییەكانی رابگرێت. لای خۆشییەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند" وڵاتەكەمان مەترسی لەسەرەو لە چەند لایەكەوە رێكخراوە تیرۆرستییەكان هێرش دەكەنە سەر وڵاتەكەمان، بۆیە ئێمە پێویستە ئەو هەڕەشانە نەهێڵین". ئاماژەی بەوەشكردوە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان رێكخراوە تیرۆریستییەكانی ناو سووریا نابینێت و بەوتەی خۆی ئەوان چالاكن و بەردەوام لە ئەنجامدانی هێرشەكانیان. ئەردۆغان وتیشی:"ئەو رێكخراوانە خاكی سووریا دابەش دەكەن، ئەوان مەترسین بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی توركیا، بۆیە پێویستە رووبەڕووی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە سووریا ببینەوە".
هاوڵاتی توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیكردەسەر سەربازگەیەكی سوپای سوریا لەشاری تەلڕەفعەتو بریندار هەیە. بەپێی میدیای كوردی لەڕۆژئاڤای كوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەموزی 2022، توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیكردۆتەسەر سەربازگەیەكی سوپای سوریا لەشاری تەلڕەفعەت كە چەند ڕۆژێكە لەو شوێنە جێگیربوون. هەروەها ئەوەش خراوەتەروو كە"بەهۆی تەقاندنەوەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەكە لەناو سەربازگەكەدا دوو سەربازی سوپای سوریا برینداربوون". دوێنێ لەچوارچێوەی ڕێوشوێنە سەربازییەكانی حكومەتی دیمەشق، كاروانێكی دیكەی سەربازیی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتەوە لەدەروازەی تایهەی ڕۆژئاوای مەنبەج، گەیشتە كوبانێ. لەسەر بنەمای لێكگەیشتەكانی هەسەدەو حكومەتی دیمەشق، بەچاودێریی ڕوسیا، بەشێوەیەكی بەردەوام هێزی سەربازیی سوریا دەبرێتە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ توركیاو گروپە چەكدارەكانی هاوسۆزی.
هاوڵاتی دوای بڵاوبونەوەی تۆمارە دەنگییەكانی مالكی دژی موقتەدا و حەشدی شەعبی، سەدر داوا لە عامری دەكات خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پشتیوانی دەكات. میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە كە "موقتەدا سەدر پەیوەندیی بەهادی عامرییەوە دەكاتو ئاگاداری كردووەتەوە لەوەی، ڕەوتی سەدر پشتیوانی دەبێت گەر خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران".
هاوڵاتی لە دوو رۆژی ڕابردوودا و بە بەشداری دەیان توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئیران و سەدان توێژەر و ئەكادیمیست و مامۆستایانی زانكۆ لە زانكۆی رازی كرماشان لە كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یەكەمین جار كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەورامان بەڕێوەچوو. كۆنفرانسەكە بە دروشمی (كەلەپووری جیهانیی هەورامان و گەشەپێدانی بەردەوام- گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان لە لایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە) ئەنجامدراو لە رۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا و لە مەراسیمی كردنەوەیدا وەزیری رۆشنبیری ئێران و پارێزگاری كرماشان و نوێنەری هەورامان لە پەرلەمانی ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی ئێران وتەیان پێشكەش كرد و جەختیان لەسەر گرنگی بایەخدانی فراوانتری حكومەت بە هەورامان كردەوە. هاوكات عەباس غەزالی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە ناوی چڤاكی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستانەوە وتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لەسەر گرنگیپێدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەورامان كردەوە رایگەیاند: «پێویستە هەوڵی فراونكردنی كاری هاوبەشی نێوان رۆشنبیران و توێژەران بدرێت بۆ ئەوە باشتر بەسەر ئاڵەنگارییە كلتورییەكاندا سەركەوتوو بین.» لە پانێڵێ یەكەمی كۆنفرانسەكەشدا هەریەك لە (د. حەسەن دانایی فەڕ) باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق، (د. موئمین زەڵمی) مامۆستای زانكۆ و رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و (د. محەمەدرەزا مەجیدی) نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە یۆنسكۆ وتاریان پێشكەش كرد. لای خۆیەوە د. موئمین زەڵمی مامۆستای زانكۆ رایگەیاند:" هەورامان دەتوانێت لە چەند گۆشە نیگای جیاوازەوە ببێتە ئەڵقەی بەهێزكردنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران. "گرنگە بەرپرسانی هەورامیی لە هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی نزیكتریان هەبێت لە پێناو باشتركردنی پەیوەندی دوو حكومەت، هەروەك سود لە لایەنی گەشتیاری هەورامان وربگیردرێت (گەشتیاری دیپلۆماسی) بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و پێگەی هەورامان و دۆخی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئەوەی كە لە ناوچەی هەورامان كەمترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە دەكرێت ببێتە ئولگوویەكی سەركەوتوو بۆ باشتركردنی دۆخی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا"، موئمین زەڵمی وای وت. لە رۆژی دووەمی كۆنفرانسەكەشدا ژمارەیەك توێژەری زانكۆكانی ئێران و سلێمانی و هەولێر توێژینەوەكانیان لەسەر تەوەرە جیاوازەكانی كۆنفرانسەكە پێشكەش كرد. هەورامان ناوچەیەكی فراوانی سەوزی كوێستانییە لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەی دانیشتوانەكەی بە نزیكەی ٧٠٠،٠٠٠ هەزار كەس هەژمار دەكرێت كە نزیكەی ٦٠٠ گوند و شار و شارۆچكەی دەكەوێتە سنوری ئێران و ٢٣ گوند و ناحیە و شارۆچكەی دەكەوێت سنوری هەرێمی كوردستانی عێراقەوە.
هاوڵاتی هەریەك لە ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا و ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەسەردانێكی فەرمی شەوی رابردو گەیشتنە تاران و بڕیارە بەشداری لەكۆبونەوەی لوتكەی سێ قۆڵی روسیا، ئێران و توركیا بكەن و ئۆپەراسیۆنی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان تاوتوێ دەكرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی میهر ئابادی نێودەوڵەتیەوە گەیشتە تارانی پایتەخت و لەلایەن جەواد ئۆجی وەزیری نەوت و ڕەزا ناگیپور بەڕێوەبەری گشتیی پرۆتۆكۆڵەكان لە نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران، محەممەد فرازمان باڵوێزی ئێران لە ئەنقەرە، دێریا ئورس باڵوێزی توركیا لە تاران پێشوازی لێكرا. لەو سەردانەدا هەریەك لە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە، خڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ، نورەدین نەباتی وەزیری خەزێنە و دارایی، فاتح دۆنماز وەزیری سامانە سروشتییەكان، محەمەد موش وەزیری بازرگانی، مستەفا ورانك وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆجیا، فەخرەدین ئاڵتون بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی سەرۆك كۆمار یاوەری رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەن. وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەوڵدەدەن قەیران و نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا لە سووریا لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە توركیا سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێك بۆسەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان. بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حكومەتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی باڵای هاوكارییەكانی ئێران و توركیا كۆدەبنەوە و پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات تاوتوێ دەكەن و رێكارەكان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان هەڵدەسەنگێنن. رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ناسراو بە ئاستانە، سەردانی ئێرانی كردووە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆككۆمارەكانی رووسیا و ئێران كۆدەبێتەوە. حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەی ئاستانە بۆ كەمكردنەوەی ململانێ و كێشە و جێگیركردنی ئارامییە لە سووریا." سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: "لایەنی توركی باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تا قوڵایی 30 كیلۆمەتری خاكی سووریا دەكات، ئێمە هەوڵدەدەین لەڕێی سیاسییەوە ئەم قەیرانە و نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا بڕەوێنینەوە." بە گوتەی ئەمیر عەبدوڵاهیان، ئامانجی كۆبوونەوەی ئەمجارەی ئاستانە لە تاران، گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەكانە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها هەوڵی جێگیربوونی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایش لە سووریا دەدەن.