هاوڵاتی موقتەدا سەدر، ئەو كەسایەتییە شیعەیەی عێراق لەدەستەكانیدایە كە 73پەرلەمانتارەكەی واژۆیان لەسەر دەستلەكاركێشانەوە لە ناوچەی حەنانە تەسلیم كردووەو چاوەرێی گلۆپی سوری سەدر دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. نویسنگەی راگەیاندنی رەوتی سەدر رایگەیاند:" سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان واژۆكردووە و رادەستی موقتەدا سەدرییان كردووە". دوێنێ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم. هەروەها، داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن. ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پێویستی بە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، نەك حكومەتی سازان. سەدر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چەقبەستوویی سیاسی بابەتێكی سیاسی نییە، بەڵكو دۆخێكی دروستكراوە بۆ رێگری كردن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی. سەدر وتیشی، "زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەك بۆ كەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێكهێنانی حكومەتی سازان ناكەین". موقتەدا سەدر چەندین جار داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە لایەنگرانی كردووەو خۆپیشاندەران بەردەوام بەدەم داواكارییەكەی سەركردەكەیانەوە چوون، بۆیە یەكێك لە بژاردنەكان پەنا بردنە بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی، یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وەك سیناریۆی دووەم. موقتەدا سەدر، لەگەڵ محەمەد خحەلبوسی لە سونەكان و مەسعود بارزانی، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیان پێكهێناوە، لەبەرانبەردا سێیەكی "پەكخەر" بەسەرۆكایەتی نوری مالكی رێگە نادەن حكومەتێك پێكبهێندرێت كە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تێیدا بەشدار نەبن. هەر دوێنێ، فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، حكومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چاورچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێكناهێنرێت. ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەكانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەك دەبات كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت. ناكۆكی نێو ماڵی شیعە بەتایبەت كێشەكانی نێوان نوری مالكی و موقتەدار سەدر لەلایەك و بەرەی رزگاری نیشتمان (سەدر، حەلبوسی، بارزانی) و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، عێراق پاش هەشت مانگ زیاتر لە هەڵبژاردنەكان بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات و ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاری كردنی وادەیەكی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لەو بژاردانەی سەدرو لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان گفتوگۆی جدی لەسەر دەكەن.

هاوڵاتی لەم رۆژانەدا مەرج و گوشارەکانی تورکیا بەڤیتۆکردنی داوای سویدو فینلاند بۆ ئەندامبوونیان لەناتۆدا بووەتە بابەتێکی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیایی و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەڕوسیاوە تاوەکو ئەمریکا. ڤیتۆکەی تورکیا راستەوخۆ پەیوەندیی بەکوردەوە هەیە، بەڵام ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتار ستۆپی بەداواکاریەکەی ئەردۆغان هێناو سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند:» بەپەیوەندیەکاندا دەچنەوە لەگەڵ توركیا».  تورکیا هەموو مەرجەکانی و ڤیتۆکەی بۆ ئەوەیە سویدو ئەوروپاو ناتۆو ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. رێگریش لەوە بکات، کە سوید پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. هەروەها گەمارۆی چەک و هەندێک لە سزاکانی سەر تورکیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە هەڵبگیرێن، کە ئەو سزانەش پەیوەندییان بەشەڕی تورکیا لە دژی کورد لە باکوورو رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەیە. لەم نێوانەدا بەپێی میدیاکانی تورکیاو سوید، تورکیا داوای رادەستکردنی ٣٣ کەسی لە سوید و فینلاند کردووەو ئەو کەسانەی بە «تیرۆریست» ناساندووەو لەوەش زیاتر رۆیشتووە وڵاتانی سویدو فینلاندی بەلانەی تیرۆر پێناسە کردووە.   لێپرسینەوەی ناوخۆیی پەکەکە لەقۆناغی سەرەتای شەڕی چەکداریدا پەکەکە ٤٤ ساڵ لەوەوپێش وەک گروپێکی گەنج بەپێی هەلومەرج و کەشی شۆڕشگێڕیی باوی جیهانی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکان دامەزرا. بە کردەوەو بە دروستکردنی تۆڕی رێکخستن کاریان بۆ سەرخستنی شۆڕشەکەیان کرد. کاتێک تورکیا کودەتای ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠ی ئەنجامداو هەموو دەرەتانەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی نەماو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە کوژران و دەستگیرکران، پەکەکە لەساڵی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی تورکیای ئەندامی ناتۆ هەڵگیرساند. هاوکات پەکەکە لە ئەوروپا تۆڕێکی فراوانی لە رێکخستن دروستکردو گەنجانی پڕ لە وزە رێکخستنەکانی پەکەکەیان بەڕێوەدەبرد. وەک زۆربەی هێزە شۆڕشگێڕەکان و وەک ئەوەش، کە بە درێژایی مێژوو روویداوە پەکەکە لە لێپرسینەوەی ناوخۆیدا بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە لە رێکخستنەکاندا بۆ کارکردن بەدوژمنەوە گلابوون توندو یەلاکەرەوە بووە. وەک نەریتێکی لەمێژینەی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەی لە دۆخی خەباتی نهێنیدا خیانەتیان بکردایە سزای شۆڕشگێڕی دەدران و پەکەکەش پەیڕەویی لەو یاسایە کردووە. وەک بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، پەکەکە لەسوید ٢ کەس و لە ئەڵمانیاش ٢ کەسی لە ناو رێکخستنەکانی خۆیدا لەسەر تۆمەتباربوونیان بە خیانەت سزا داوە.  سزادانی کەسانێک، کە لەخیانەتەوە گلاون مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لەسەردەمی راپەڕینی سپارتاکۆسەوە تاوەکو ئێستا هێزە شۆڕشگێڕەکان پشت بە لێدانی گورزی گورچکبڕ لە دوژمن و دەستوپێوەندەکانیان بەستووە. هیچ هێزێکی چەکداری زرگاریی نیشتمانی و دژ بە داگیرکەری و دیکتاتۆری نییە، کە پەیڕەویی لەو شێوازو میتۆدە نەکردبێت. بە دیوەکەی تریشدا ئیستاش لە یاسای هەموو وڵاتەکاندا خیانەت بە تاوانی گەورە پێناسە دەکرێت و قورسترین سزاکانی بۆ دانراوە.  خەباتی نهێنی و چەکداری، پاراستنی رێکخستن و ئەندامان و نهێنییەکانی حزب، جموجوڵەکان و کاروباری دارایی بۆ هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا کارێکی قورسە و بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو دۆخەوە ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵە رووبدات. هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا ناتوانێت  وەک دەوڵەتێک مامەڵە بکات و لەدامەزراوەی دادگاو بە ئامادەبوونی پارێزەرو هێزی ئەمنی و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەکەسێکی تۆمەتبار بە خیانەت بکات و لە شوێنێکدا وەک زیندان بۆ ماوەی چەندین ساڵ رای بگرێت. سەرباری ئەوەش سیستمی داد لەوڵاتەکاندا هەڵە دەکەن و روویداوە، کەسانێک لەسەر تۆمەتێک زیندانیکراون، کە هیچ پەیوەندییان بەو تۆمەتەوە نەبووەو ساڵەهای ساڵی تەمەنیان لە زینداندا بەسەربردووە. بەزمانێکی سادەش خیانەت ئەوەیە، کە کەسێک لەناو هێزەکەی خۆیدا کار بۆ دوژمنەکەی بکات. مرۆڤ و سیستمە مرۆییەکان بەدەر نین لەهەڵە، بەڵام گرنگ ئیرادەیە بۆ چاککردن و تێپەڕاندنی هەڵە بۆ ئەوەش پەکەکە چەندیجار داوایکردووە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەوەی روویداوە پێبکبهێنرێت بۆ ئەوەی راستییەکان روون بێتەوە. پەکەکە و سەرکردایەتیی پەکەکە لە چەندین چاوپێکەوتن و بابەتەدا لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەڕوونی داوایانکردوە، لیژنەی لێکۆڵنەوە لە ڕووداوەکان و بۆ روونبوونەوەی راستییەکان دروست بکرێت...   پەکەکەو لایەنە سیاسیەکانی پێش خۆی پەکەکە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەلایەن نەوەی پێشووی سیاسیی کورد وەک گروپێکی گەنج و «بێ ئەزموون» و «توندڕەو» سەیر دەکران و چاوەڕێ بوون پەکەکە گوێڕایەڵیان بێت و ئامۆژگارییەکانیان بۆ هەندێک پەیوەندیی سیاسی و هەندێک لەوڵاتان قبوڵ بکات، کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو نەوە سیاسییە جیاوازەی کورد لەو سەردەمەدا گەیشتە قۆناغێک، کە پەکەکە نەوەی پێش خۆی بە نەوەیەکی ناچالاکی سیاسی و ناشۆڕشگێڕ دەزانی، چونکە حساب بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵە و هەندێک هێزو وڵات دەکەن و خۆیان بۆ شۆڕش و ئازادی یەکلایی نەکردووەتەوە. لایەنی بەرامبەریش پەکەکەی بەسەرئێشە و هێزێک دەزانی، کە پێچەوانەی ئاو مەلە دەکات و پێداگرییان لەوە دەکرد، کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری و شێوازی کاری رێکخستنی خۆی بێت. هەرچۆنێک بێت بە تێپەڕبوونی کات پەکەکە گەشەی کردو بەشێکی زۆر لە هێزەکانی تر لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵێکی بەرچاویان نەما. ململانێی نێوان ئەو دوو نەوەیە گەیشتە ئاستێک، کە بەشێک لە ئەندامانی لایەنەکانی تر چالاکییەکان و لێپرسینەوەکانی پەکەکەیان بە «تیرۆر» پێناسە دەکردو هەوڵی دابڕاندن و تەریکخستنی پەکەکەیان دەدا. تەنانەت لەوەشدا سودیان لە پەیوەندییە کۆنەکانیان لەوڵاتانی ئەوروپی وەرگرت.   تورکیا پشتیوانیی ناتۆی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە بەدەستهێنا لەسەردەمی جەنگی ساردو شەڕەکانی زرگاریی نیشتمانیی لە ئەفریقا تاوەکو ئەمریکای لاتین و باڵکان دەیان هێزو لایەنی شۆڕشگێڕیی دژ بەداگیرکەری و دیکتاتۆری لەهەوڵی رزگارکردنی وڵاتەکانیان، یان دامەزراندنی سیستمێکی تری سیاسی بوون. ئەو دۆخە دونیای بەسەر دوو بەرەی سۆڤیەت و ئەمریکادا دابەشکردبوو. بەرەی سۆڤیەت یارمەتیی گروپە شۆڕشگێڕەکان و راپەڕیوانی دژ بەدەوڵەتەکان دەداو ئەمریکاش بە ناوی پاراستنی دۆخی باو یارمەتیی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی وەک پینۆشە، شای ئێران، ئەتاتۆرک و کەنعان ئەڤرەن لەتورکیا، سەدام و سوهارتۆ لە ئەندەنوسیا، باتیستا دیکتاتۆری کوبا، سوموزا دیکتاتۆری نیکاراگوا و داگیرکەران دەدا. تورکیاش وەک ئەندامی ناتۆ لەبەرەی ئەمریکادا بوو و کاتێک پەکەکە شەڕی چەکداریی راگەیاند، کەنعان ئەڤرەن لە کۆبوونەوەی ناتۆدا پەکەکەی وەک هێزێکی سەر بەسۆڤیەت، کە دەیەوێت کۆماری تورکیای ئەندامی ناتۆ بەو جیۆپۆلتیکە گرنگەیەوە بڕوخێنێت و سیستمێکی سەر بەسۆڤیەتی تیادا دابمەزرێنێت بە ئەندامانی ناتۆ ناساند و ناتۆ پشتیوانیی لەشەڕەکانی تورکیا لەدژی پەکەکە کرد. تورکیا سوودمەند بوو لەپرۆژەی دژە تیرۆری پنتاگۆن بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان، پنتاگۆن لە نیکاراگواو ئەمریکای لاتین و ئەفریقا کۆمەڵێک گروپی بۆ پاراستنی رژێمەکان و شەڕ لەدژی گروپە شۆڕشگێڕەکان دروستکردبوو، کە بە کورتی پێیان دەوترێت گلادیۆ و لەهەر وڵاتێک ناوێکیان هەبوو. ئەوە لەکاتێکدابوو، پەکەکە کەمترین پەیوەندیی بەسۆڤیەتەوە هەبوو. پەکەکە رەئاڵ سۆسیالیزمی سۆڤیەتی رەخنەکردبوو. ئەوەش وایکردبوو، سۆڤیەت گرنگی بە پەکەکە نەدات. لەو سەردەمەدا تەنها حزبی کۆمۆنیستی ئەلبانیا دووجار لەگەڵ پەکەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو. هەروەها پەکەکە لەجیاتی دەوڵەتەکان پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خۆی کردبووە بنەمای کارەکانی و بۆ ئەوەش پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕیەکانی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی لەلوبنان هەبوو. تورکیا لەو سەردەمەوە تاوەکو ئێستا بە چەک و پارەو پلانی ناتۆ لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات. تورکیا دۆسیەی پەکەکەی بەڕادەیەک لە ناتۆدا گەورەو مەترسیدار پیشانداوە، کە هەموو کارەکانی خۆی لە ناتۆدا بەستووەتەوە بەشەڕ لەدژی پەکەکە و لەناوبردنی پەکەکە.   سزادانی پەکەکە لەسویدو ئەڵمانیا و تیرۆرکردنی پاڵمەو دانانی پەکەکە لە «لیستی تیرۆر» ئۆلاف پاڵمە لەساڵی ١٩٦٩دا لەحزبی سۆسیال دیموکرات بووە سەرۆک وەزیرانی سویدو تاوەکو ساڵی ١٩٧٦ لەو پۆستەدا بوو. دواتریش لەساڵانی ١٩٨٢ تاوەکو کاتی تیرۆرکردنەکەی لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا بووەوە بە سەرۆک وەزیرانی سوید. پاڵمە کەسایەتییەکی ئازادیخواز بوو. لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەردانی ئەمریکای نەکرد. لە دژی شەڕی ڤێتنام، سیستمی رەزگەپەرستیی ئەفریقای باشوور (ئاپارتاید) و سەرکوتکارییەکانی سۆڤیەت لەئەوروپای رۆژهەڵات بوو. پشتیوانیی لەهێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەرتاسەری جیهان دەکرد. بۆ نمونە پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەمریکا پشتیوانیی دەوڵەتی کوباو هێزە شۆڕشگێڕەکانی نیکاراگوا بوو. لەساڵی ١٩٨٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بەنوێنەری ناوبژیوان بۆ کۆتایهاتن بە شەڕی ئێران و عێراق. هاوکات دۆستی گەلی کورد بوو و پلانی هەبوو کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێکبخات. ئەوانەش وایکردبوو پاڵمە دوژمنی زۆر بێت، بەڵام کێ پاڵمەی تیرۆرکرد؟ کێ بەرپرسیاریی تیرۆرەکەی هەڵگرت؟ ئەوانە هیچی دیار نەبوون. کێ لەکوردو پەکەکە بێ پشت و پەناترە بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ بکرێتەوە، چونکە هیچ هێزو کەسێک  ئامادە نییە بەرگرییان لێبکات. دوای ماوەیەکی کەم بەخێرایی تورکیاو ئەڵمانیا و ساپۆ (پۆلیسی ئاسایشی سوید) پەکەکەیان وەک تاوانباری تیرۆری پاڵمە ناساند. سەرباری ئەوەی لیسبێت پاڵمە هاوسەرەکەی پاڵمە وتبووی ئەو کەسەی پاڵمەی تیرۆر کردووە سەروچاوی سکاندیناڤیی هەبوو نەک دەموچاوێکی رۆژهەڵاتییانە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرت. هەموو میدیا گەورەکانی سویدو ئەڵمانیا و تورکیا پێکەوە دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرت لە دژی پەکەکەو تاوانبارکردنی پەکەکە بەکوشتنی پاڵمە.  گەرچی پەکەکە لەو کاتەدا راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی پاڵمەوە نییە، بەڵام ناتۆو تورکیا و ئەڵمانیاو ساپۆی سوید گوێیان لەوە نەگرت و پێداگریان لەسەر تاوانبارکردنی پەکەکە کرد. پۆلیسی سوید لەو کاتەدا رایگەیاند، پسپۆڕی کێشانەوەی وێنەی تاوانبارەکەیان نییە، بۆیە دەڕۆن بۆ ئەڵمانیا و بەهاوکاریی ئەوان وێنەی دەموچاوی تاوانبارەکە دەکێشنەوە. ئەو کارەیان کرد و لەئەنجامدا وێنەی دەموچای کەسێکی وەک کوردیان کێشایەوە و لەهەموو میدیاکانیاندا بڵاویانکردەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی تیرۆریست وێنا کرا... لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەدۆسیەی کوشتنی پاڵمە ٦٠٠ ملیۆن کرۆنی سویدی تێچووە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٠ هەزار کەس کراوە و ١٣٠ کەسیان دانیان بەکوشتنی پاڵمەدا ناوە. هانس هولمێر بەڕێوەبەری پۆلیس و لێکۆڵینەوەی ئەوکاتە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا راگەیاند، سەدا ٩٥ لەوە دڵنیان، کە کورد لەپشت تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرەوەیە. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە ٥٨ کوردی دانیشتوی سوید کرا. لەدوای لێدوانەکەی هولمێر چەندین دوکان و کارگەو شوێنی کاری کوردان داخران. کوردەکان تەریکخراون و وەک گروپێکی تاوانکار سەیر کران. کوردەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە و دۆخێکی قورسیان بۆ دروستکرا. تەنانەت لەو سەردەمەدا نزیکەی ٧٠ کەسی کوردی سەر بەلایەنە نەیارەکانی پەکەکە لە سوید راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پەکەکەیان بەتیرۆرکردنی پاڵمە تۆمەتبارکرد! خالیس ئیکینجی سۆی لەساڵی ١٩٨٠ەوە لەسوید دەژی و یەکێک لەکوردە قوربانییەکانی دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دەڵێت، هەموو هەفتەیەک دەبوو بڕۆن بۆ بنکەی پۆلیس و بەڵگەی خۆ سەلماندن واژۆ بکەن. پۆلیس بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گوێی لە هەموو پەیوەندییە تەلەفونیەکانمان دەگرت. پۆلیس ناوە ناوە و لەپڕ دەیدا بەسەر ماڵەکانمان و شوێنی کارەکانماندا و دەستیان بەپشکنین و لێکۆڵینەوە دەکرد. کەلەبچەی ئیلکترۆنیان خستە قاچمان و بۆمان نەبوو لەگەڕەکەکەی خۆمان دوور بکەوینەوە. ئەگەر بەهەڵە سنوری گەڕەکەمان لێ تێکبچووبایە پۆلیس خێرا هەڵیدەکوتایە سەرمان و گوشاری زیاتریان لەسەر دروست دەکردین...  بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لەکوشتنی پالمە سەرۆکی داواکاری گشتیی سوید کریستەر پێتەرشۆن لە رۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠دا  رایگه‌یاند، ستیگ ئێنگسترۆم، كه‌ پێشتر چه‌ندین جار وتە‌ی لێوه‌رگیراوه‌ و به‌ «سکاندیامانەن» ناسراوه‌، بكوژی راسته‌قینه‌ی ئولۆف پاڵمه‌یه‌. لەبەرئەوەی ستیگ ئینگسترۆم لەساڵی ٢٠٠٠دا گیانی لەدەستداوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەکوشتنی پاڵمە دادەخرێت!. نووسه‌ری كورد شۆڕش ره‌شی كتێبێكی به ‌ناوی «پالمه‌، په‌كه‌كه‌ و گلادیۆ» نووسیوه‌ و ده‌ڵێت: «كوشتنی پاڵمه‌ هه‌م له‌كوردستان، هه‌م له‌سوید، هه‌م له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیانی به‌كورد گه‌یاند. زیانی هه‌ره‌به‌رچاو له‌ڕووی سیاسییەوە بوو و كوردانی دانیشتوی سوید کرانە ‌ئامانج». کوشتنی پاڵمە کرا بە بەهێزترین بەڵگەو ئارگۆمێنت بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوەو تائێستاش پەکەکە لەو لیستەدایە، بۆیە ئەوانەی استەوخۆ بوونەتە قوربانیی ئەو تاوانەو پەکەکەو کەجەکە و دۆستانی کورد لەسوید داوا دەکەن، حکومەتی سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و سوید، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. بەوە دۆخی تورکیا ئاڵۆز بووە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا و بەتایبەتی لەم دوو ساڵی رابردوودا سوید بەپشتیوانی تیرۆر تاوانبار دەکات!.   داوای سویدو فینلاند بۆ بوونە ئەندامی ناتۆو ڤیتۆی تورکیا دوای سێ مانگ لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی سویدو فینلاند بۆ ئەوەی خۆیان لەئەگەری هێرشی رووسیا بپارێزن و وەک ئۆکراینیان بەسەر نەیت داوایانکرد ببنە ئەندامی ناتۆ. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ناتۆ دەبێت بەڕەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندام بێت و هەموو وڵاتانیش مافی ڤیتۆیان هەیە، چونکە نابێت لە ناو ناتۆدا لەنێوان ئەنداماندا ناکۆکی هەبێت! تورکیاش راستەوخۆ داواکەی سویدو فینلاندی ڤیتۆ کردو ژمارەیەک داواکاری و مەرجی بۆ سویدو فینلاند دانا، کە لەبنەڕەتدا هەموویان پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە. بەپێی رۆژنامەی حوڕیەتی تورکیا وەزارەتی دادی تورکیا داوای لەوەزارەتی دادی فینلاند کردووە شەش ئەندامی پەکەکە و ٦ ئەندامی گروپەکەی گولەن و داواشی لەسوید کردووە، ١١ ئەندامی پەکەکە و ١٠ ئەندامی گولەن رادەستی ئەنقەرە بکەنەوە. لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە باسی سەرەکی بووە باسی کورد و سویدو مەرجەکانی تورکیا و ژمارەیەک دۆسیە بوونە بابەتی رای گشتی. جگە لەوە تورکیا داوا دەکات گەمارۆی چەکی لەلایەن سویدەوە لەسەر هەڵبگیرێت، کە لەساڵی ٢٠١٩ و لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر کورد لەعەفرین بەسەریدا سەپێنراوە. داواشیکردووە، سوید موشەک و درۆن بۆ یەپەگە نەنێرێت. سویدش ئەوەی رەتکردووەتەوە چەکی بۆ ئەو هێزانە ناردبێت و سوید هیچ جۆرە چەکێکی بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نەداوە و تەنها بەشێوەیەکی سنووردار هاوکاریی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان دەکات. تورکیا داواش دەکات لەشەڕی دژ بە «تیرۆر»، کە مەبەستی شەڕە لەدژی پەکەکە و هێرشەکانیەتی بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سوید و فینلاند هەماهەنگیی لەگەڵ بکەن. ئەوانەش دەریدەخەن هەموو داواکانی تورکیا لەسوید و فینلاندا بۆ دژایەتیکردنی کوردە. ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید لە بەرامبەر ئەو داوایانە و تۆمەتەکانی تورکیا وتی، سیاسەتی سوید بەرامبەر بە پەکەکە نەگۆڕاوە و هەر پەکەکە بەهێزێکی «تیرۆریستی» دەزانن. لیند راست دەکات و هێشتا پەکەکە لە لیستی تیرۆری سویددایە و ناوەکەی دەرنەهێنراوە. لیند لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت، سوید لە دوای تورکیا یەکەم وڵات بووە، کە لەسەردەمی پاڵمەدا پەکەکەی خستووەتە «لیستی تیرۆر». لیند دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، گەرچی کوشتنی پاڵمە لەسەر پەکەکە نەماوە، بەڵام پەکەکە لەسەردەمی ئەودا لەو لیستەدایە و ئێمە هەر پابەند دەبین بە مانەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا. ئەگەر بێتو سوید داوای لێبوردن لەکورد بکات، کۆمەڵێک پابەندبوونی یاسایی و سیاسیی بۆ دروست دەبێت. هەر چۆن ئەگەر تورکیا دان بەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێت، کۆمەڵێک پێبەندنی و کۆت و بەندی بۆ دروست دەبێت و هاوکات دانانە بەو تاوانەدا، بۆیە رەنگە بەشێک لەڕێچکەی سیاسەت لە سوید چاو لەو سیاسەتەی تورکیا بکەن و ئامادە نەبن داوای لێبوردن لە کورد بکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سوید هەوڵبدات خۆی لەو پابەندییە لابداو گوشارەکانیان لەسەر پەکەکە بەردەوام بێت و ناوی پەکەکە لەلیستەکەیاندا بهێڵنەوە. بەوەش تورکیا رازی بکەن و پەکەکەو کوردیش بەو لیستەوە قەتیس بکەن. سوید لەدۆسیەی جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ویکیلیکس دا هاوکاریی ئەمریکای کرد. پێشتریش بەناڕەوا پەکەکەی بە بکوژی پاڵمە ناساند، بۆیە سیستمی سیاسیی سوید ئەو بەهەشتە دیموکراتییە بێخەوشەش نییەو هەموو کات ئەگەری مامەڵەو سەودای بەهەندێک کەیسی هەستیارەوە لێدەکرێت. سوید بەدروستکردنی مینی دژە نەفەرو دینامیت و موشەک هاوکاریی زۆرێک لەدەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانی کردووە، کە ئەو دەوڵەتانە لە بری دیموکراسی لایەنی شەڕانگێزییان لەسوید وەرگرتووە. سوید بۆ ئەوانەش گرێبەست و سەفەقاتی زۆر گەورەی ئەنجامداوە و یەکێکە لەهەناردەکارە گەورەکانی چەک بۆ سەرتاسەری جیهان، کە لەئەنجامدا چەک بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت. جگە لەوانەش سوید لەساڵی ٢٠٢٠دا رەسوڵ ئۆزدەمیری رادەستی تورکیا کرد. بەچەند پەنابەری تری کوردیشیان راگەیاندووە، دۆسیەکانیان وەرنەگیراوە و رادەستی تورکیا دەکرێنەوە. لەبەر نیگەرانیەکان ١٧ رۆشنبیری سویدی لە نامەیەکی هاوبەشدا، کە هاوکات لە پێنج رۆژنامەی سویددا بڵاوکرایەوە داوایانکرد، دەوڵەتی سوید هیچ رۆژنامەنووس و رۆشنبیرو نووسەرێک رادەستی تورکیا نەکات.   تورکیا داوای کێ لەسوید دەکات بەپێی میدیاکان، تورکیا داوایکردووە، ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئێستای سوید، ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید، ئەڤین چەتین پەرلەمانتاری پیشووی سویدو محەمەد سیراج بیلگین نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، کە پێنج ساڵ لەوەو پێش لە سوید کۆچی دوایی کردووە رادەست بە تورکیا بکرێنەوە. جگە لەوانەش دەوترێت تورکیا داوای رادەستکردنی پێنج کەسی سویدی کردووە، کە یەکێکیان پیتر هولتکویست وەزیری بەرگریی ئێستای سویدە. تورکیا پێیوایە لەبەرئەوەی موشەک و درۆنی سویدی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش بەدەست یەپەگە گەیشتووە و یەپەگەش ئەوانەی لەشەڕی دژ بەداعشدا بەکارهێناوە، ئەوا  وەزیری بەرگریی سوید پاڵپشتیی لە تیرۆر کردووە، بۆیە دەبێت رادەست بەتورکیا بکرێت!. دوو ساڵ لەوەو پێش لەڕاپۆرتی رێکخراوی سیتای سەر بەدەوڵەتی تورکیادا ناوی هەموو ئەو کەسانە وەک پشتیوانیانی تیرۆر هاتووە، بۆیە ئەو ناوانە لەئێستادا زۆر باسیان لێدەکرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا لەمێژ بووبێت بەدوای ئەو کەسانەوە بێت و لەئەگەری ئەوەدا سوید رادەستیان نەکات وەک تیرۆرکردنی ساکینە جانسزو هاوڕێکانی ئەمانیش تیرۆر بکات

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، 17 داگیركەری سوپاكەی ئەردۆغان لە هەرێمەكانی (ئاڤاشین، مەتینا، زاپ) كوژراون و سوپای تورك بە چەكی كیمیایی و بۆردومانی فرۆكەكانی شەڕ دەكات. هەر ئەمڕۆ گەریلا تیڤی ڤیدیۆیەكی 19ی ئایاری لە خانتوری هەفتانین بڵاوكردەوە، كە حەوت داگیركەری تورك كوژراون. ئەمڕۆ، پێنجشەممە 9ی حوەزیرانی 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، ڕاگەیەندراوێكی دیكەی سەبارەت بە چالاكییەكانیان بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە لە هەرێمەكانی ئاڤاشین، مەتینا، زاپ: لە هەرێمی ئاڤاشین: ٨ی حوزەیران كاتژمێر ٠١:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ كامێرای حەراری و سیستمی ڕاداری داگیركەران كە لە گۆڕەپانەكە جێگیریان كردبوو، لە لایەن تیمە گەڕۆكەكانی یەژەئاستارمانەوە لەناوبران. لە ئەنجامی چالاكییەكەدا ٢ كامێرای حەراری و سیستمێكی راگار تێكشكێنران. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٥:٣٥ بە چەكی قورس لە داگیركەران لە گۆڕەپانی بەرخودانی وەرخەلێ درا. لە چالاكییەكەدا ٤ داگیركەر سزادران و داگیركەرانیش كە گورزیان بەركەوت تائاستێك كشانەوە. لە هەرێمی مەتینا: ٦ی حوزەیران لە دژی داگیركەران لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاری تیمە گەڕۆكەكانمان بە چەكی سوك و نیمچە ئۆتۆماتیك چالاكییان سازكرد. لە چالاكییەكەدا ٤ داگیركەر سزادران. ٧ی حوزەیران كاتژمێر ١٢:٠٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاری بە چەكی نیمچە ئۆتۆماتیك لە داگیركەران درا. لە ئەنجامدا داگیركەرێك سزادرا، ٢ داگیركەریش برینداربوون. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٨:٤٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاری بە چەكی قورس لە داگیركەراندرا. لە چالاكییەكەدا ٥ داگیركەر سزادران، ٢ داگیركەریش برینداربوون. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٥:٥٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم كامێرایەكی حەراری بە نیشانشكێن لەناوبرا. لە هەرێمی زاپ: ٨ی حوزەیران لە ٠٧:٠٠ دا لە گۆڕەپانی بەرخودانی كاركەر، لە دژی داگیركەران كە هەوڵیان دەدا جێگیرببن هێزەكانی یەژەئاستارمان بە نیشانشكێن چالاكییان كرد. لە چالاكییەدا داگیركەرێك سزادرا. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٤:٢٠ و ١٧:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی شەهید شاهین بە چەكی قورس لە داگیركەران درا. داگیركەران كە گورزییان بەركەوت ناچاربوون تا ئاستێك بكشێنەوە. ٩ی حوزەیران كاتژمێر ٠٠:٠٠ و ٠٢:١٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی كاركەر لە دژی داگیركەران هێزەكانی یەژەئاستارمان چالاكی نیشانشكێنیان كرد. لە ئەنجامدا ٢ داگیركەر سزادران. هێرشەكان بە چەكی كیمیایی ئەو هێرشانەی سوپای توركی داگیركەر بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی ئەنجامی داون: ٧ و ٨ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی هەكاری، داگیركەران لە بەردەم تونێلەكانی شەڕی شەهید عاكیف ئاگریان كردەوە و هەوڵیاندا دوكەڵ بخەنە ناو تونێلەكانەوە. ٨ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی هەكاری تونێلەكانی شەڕی شەهید هەژار و شەهید عاكیف ٩ جار بە تەقەمەنی بۆردومان كران. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٧:٣٠ داگیركەران لە بەردەم تونێلەكانی شەڕ لە وەرخەلێ ئاگریان كردەوە و هەوڵیاندا دوكەڵ بكەنە ناو تونێلەكان. كاتژمێر ١٨:١٠ بە گازی بیبەر هێرشیان كردە سەر تونێلەكان. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ٠٨:٠٠ تا ١٨:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شەهید شاهین ٢٦ جار بە تەقەمەنی و ١٨ جاریش بە چەكی كیمیایی تونێلەكانی شەڕی شەهید هەورێ بۆردومان كران. ٨ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخودانی ئەشكەوتی برینداران جارێك بە تەقەمەن تونێلەكانی شەڕ بۆردومان كران. هێرشەكان بە فڕۆكە، هێلكۆپتەر و كاتیۆشا هێرشەكانی سوپای توركی داگیركەر بە كاتیوشا، هەلیكۆپتەری هێرشبەر و فڕۆكەی شەڕ: ٧ی حوزەیران كاتژمێر ١٨:٢٠ لە هەرێمی گارە دەوروبەری گوندی گوزە بە فڕۆكەی شەڕ جارێك بۆردومان كرا. ٧ی حوزەیران گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاریی لەلایەن بارەگاكانی سەر سنوورەوە بە كاتیوشا بۆردومان كرا. ٨ی حوزەیران هەرێمی خواكورك، گۆڕەپانی ئاوی لۆلان و شاخی شەهید حەقی بە كاتیوشا بۆردمان كرا. ٨ و ٩ی حوزەیران شاخی هەكاری، شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم، كاركەر، ئەشكەوتی برینداران بە هەلیكۆپتەری هێرشبەر ٢٠ جار بۆردومان كران. ٨ و ٩ ی حوزەیران گۆڕەپانەكانی وەرخەلێ، چیاڕەش، ئەشكەوتی بریندارن، چەمچۆ و شاخی بەهار ٢٤ جار بە فڕۆكەی شەڕ بۆردومان كران”.  

هاوڵاتی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێكیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا رایگەیاند:"بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەین لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێمی". هەروەها راشیگەیاند:" عێراق پێویستی بە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، كە چاكسازی بكات نەك حكومەتی سازان". "زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەك بۆ كەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێكهێنانی حكومەتی سازان ناكەین"، سەدر وای وت. هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە كە حكومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێكناهێنرێت"بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەكانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەك دەبات كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت". موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە كە 73 كورسی هەیەو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە سونەكان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیان ئەنجامداوە، لەبەرانبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێیان دەوترێت سێ یەكی "پەكخەر" دەیانەوێت هەموو لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حكومەتی داهاتوو بكات و حكومەتی تەوافوقی پێكبهێندرێت.

هاوڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"بۆ بەرپەرچدانەوەی گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بڕیاری زۆر گرنگ لە دژی ئەو دوو وڵاتە دەدەین"، راشیگەیاند:"توركیا لەسەدا 80 و ئێران لەسەدا سەد ئاویان لە عێراق بڕیووە".  ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022، حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری سەرچاوەكانی ئاو كۆبووەوە و پرسی كەمئاوی و وشكەساڵیان تاوتوێكرد و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، حاكم زاملی رایگەیاند:" توركیا 80٪ی بەردانەوەی ئاوی بۆ عێراق كەمكردووەتەوە و 20٪ی ئاو بەردەداتەوە، ئێستا هەوڵدەدەن بەنداوی جەزیرە دروست بكەن كە دەستیانپێكردووە، بەمەش یەك دڵۆپە ئاومان پێ ناگات. ئەو بڕە ئاوەشی دەگاتە عێراق، كە كەمترە لە 20٪ بەهۆی ئەوەی لە بەنداوی ئەلیسۆ ئاو بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەردەدرێتەوە، بۆیە ئەمەش لەبەر خاتری عێراق نییە".  هەروەها راشیگەیاند:" ئێران بەتەواوی ئاوی لە عێراق بڕیوە و رێڕەوی چوار رووباری سەرەكیشی گۆڕیووە بە ئاراستەی خاكی ئێران". ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە بازرگانیی توركیا لەگەڵ عێراق ساڵانە زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە و ئێرانیش 16 ملیار دۆلاری ساڵانەیە، لە كاتێكدا عێراق هیچ بازرگانییەكی هەناردەكراوی نییە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە تەنیا هاوردە دەكات.   جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەشكردەوە" ئەگەر توركیا و ئێران بەردەوامبن لەسەر ئەو هەڵوێستەیان، ئەوا ناچار دەبن لە پەرلەمان یاسا دەربكەن، كە تێیدا مامەڵەی ئابووری و بازرگانی و كاری كۆمپانیاكان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە قەدەغە بكرێت، بڕینی ئاو واتەی مردنمانە".  حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" زۆر فشاری هەیە، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە دروست بكات.  پەنا بەخوا لە  پەرلەماندا زۆر بڕیاری گرنگ دەبینن، كە دەكرێت بەرپەرچی ئەو وڵاتانە بداتەوە".  

هاوڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوتارێكدا لە ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی رایگەیاند:"بانگهێشتی كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەم بۆئەوەی لەسەر بنەمای دەستور و بەسەروەركردنی یاسا هەوڵی چارەسەركردنی هەمو ئەو كێشانە بدەین كە ئەمڕۆ توشی وڵاتەكەمان بوون". نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوتارێكدا پەیامێكی ئاراستەی دەرچوانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وتی: "دونیای دەرەوەی زانكۆ پڕە لەئاستەنگ لەگەڵئەوەشدا پڕە لەدەرفەت، ئێوە زانستی زۆر و بڕوانامەیەكی گرنگتان هەیە، بۆیە لەئەمڕۆوە دەتوانن دەست بەدروستكردنی دوارۆژێكی گرنگ بۆ خۆتان و وڵاتەكەتان بكەن، كار پەیدا بكەن و هەر دەرفەتێكی كار كە دەستتان دەكەوێت، لەدەستی مەدەن و دواتر دەتوانن خەونی گەورەتر بەدەستبهێنن.". هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە"مێژوی وڵاتەكەمان پڕە لەجەنگ و چەوسانەوە و وێرانی، نەوەكانی رابردو ژیانێكی زۆر سەختیان هەبو، بەرگری و خەباتێكی زۆریان كرد، بۆئەوەی ئێوە لەوان باشتر و خۆشتر بژین، زۆر گرنگە ئەمڕۆ گەشبینی بڵاوبكەنەوە و بەدڵگەرمی بۆ دوا رۆژێكی باشتر بدەنە هەمو گەلی كوردستان و عێراق، پێویستی ئامانجی سەرەكیتان ئەوە بێت ژیانی خۆتان خۆش بكەن و ژیان لەوڵاتەكەمان بەرەو پێش ببەن. باسی لەوەشكرد كە "كاری ئێوە كۆتایی نەهاتوە و بەرپرسیارێتیتان بێ كۆتاییە، هەر رۆژێك كە بەشداری دەكەن لە باشتركردنی ژیانی كەسانی دیكەدا، شان دەدەنە بە بەرپرسیارێتی،  نابێت كۆڵ بدەن و بەدڵنیاییەوە سەردەكەون". نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت، "داواتان لێدەكەم ئامادەبن بۆ هەمو ئەو ئاستەنگ و بەرپرسیارێتیانەی دێنە رێگاتان، ببنە هێزی چارەسەركردنی كێشەكان و بەشداری سەرەكیتان لە ژیانێكی نوێ هەبێت لەم وڵاتە، دونیایەكی باش لەخۆیەوە دروست نابێت، بەڵكو پێویستە بەلەخۆبوردەیی و كاری بەردەوام ئەو دونیایە دروست بكرێت". ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:  به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق.. به‌ڕێزان سه‌رۆك و مامۆستایانی زانكۆ و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی بۆردی زانكۆ .. ئاماده‌بوانی به‌ڕێز .. ئێواره‌تان باش و به‌خێر بێن خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانیم، له‌ شوێنێكی گرنگ كه‌ زانكۆی ئه‌مریكییه‌، له‌ بۆنه‌یه‌كی زۆر خۆشدا كه‌ ئه‌ویش ڕێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی ده‌رچونی (291) خوێندكاری ئه‌م زانكۆیه‌ یه‌. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت پیرۆزبایی له‌ یه‌ك به‌ یه‌كی قوتابیانی ده‌رچو بكه‌م، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ دایك و باوكیان ده‌كه‌م. زۆر سوپاسی سه‌رۆكی زانكۆ و هه‌مو مامۆستایانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانی ده‌كه‌م، بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ گه‌نجه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان. هه‌ر لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم پیرۆزباییه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی ئه‌و (32) ده‌رچوه‌ بكه‌م كه‌ خه‌ڵكی ئه‌فغانستانن و ئه‌مڕۆ له‌م زانكۆیه‌ ده‌رده‌چن. هیوادارم به‌و زانسته‌ی لێره‌ وه‌ریانگرتوه‌ ببنه‌ پشتیوان بۆ به‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجی گه‌له‌كه‌یان. سوپاسی هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌رفه‌تیان ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قوتابیانه‌ له‌م زانكۆیه‌دا بخوێنن، چ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیی ئه‌م خوێندكارانه‌یان دا، چ سه‌رۆك كۆماری عیراق كه‌ من ئاگادارم زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بوه‌ بۆ هێنانی ئه‌م قوتابیانه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان له ‌ده‌ست نه‌چێت و به‌رده‌وام بن له‌ خوێندن و پیرۆزباییان لێده‌كه‌م. پیرۆزبایی له‌ دامه‌زرێنه‌ری زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانی، هاوڕێ و برای خۆشه‌ویستم د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كه‌م كه‌ هه‌میشه‌ كار ده‌كات بۆ پێشكه‌وتنی ئه‌م زانكۆ گرنگه‌ی كوردستان و عیراق. ده‌رچوانی خۆشه‌ویست. ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی گرنگ و نوێی ژیانتانه‌. ئه‌ویش چونه‌ بۆ ناو ژیانی كرده‌یی و مه‌یدانی كار. دنیای ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ پڕه‌ له‌ ئاسته‌نگ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕه‌ له‌ ده‌رفه‌ت. ئێوه‌ زانستێكی زۆر و باوه‌ڕنامه‌یه‌كی گرنگتان پێیه‌. بۆیه‌ ده‌توانن له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ دروستكردنی دواڕۆژێكی گرنگ بكه‌ن بۆ خۆتان و بۆ وڵاته‌كه‌تان. كار په‌یدا بكه‌ن، هه‌ر ده‌رفه‌تێكی كار كه‌ ده‌ستتان ده‌كه‌وێت له‌ ده‌ستی نه‌ده‌ن. دواتر به‌ خه‌ونی گه‌وره‌ و كاری زۆری خۆتان، ده‌توانن كار و ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره‌تر به‌ده‌ست بهێنن. داواتان لێده‌كه‌م ببنه‌ بنیاتنه‌ری دنیایه‌كی نوێ. دنیایه‌ك كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت. دنیایه‌ك كه‌ له‌ دروستكردنیدا كوڕ و كچ وه‌ك یه‌ك به‌شدارن و هاوكارن. جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌ ڕێژه‌یه‌كی هاوسه‌نگ له‌ كوڕان و كچانی سه‌ركه‌وتو لێره‌ ده‌بینم. ئه‌مه‌ ئومێدبه‌خشه‌، چونكه‌ هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بنیاتنانی داهاتوی ئه‌م وڵاته‌دا، هه‌ردو ڕه‌گه‌ز پێكه‌وه‌ به‌شدارن و به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵده‌گرن. به‌داخه‌وه‌ مێژوی وڵاته‌كه‌مان پڕه‌ له‌ جه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه‌ و وێرانی. نه‌وه‌كانی ڕابردو ژیانێكی زۆر سه‌ختیان هه‌بوه‌. به‌رگری و خه‌باتێكی زۆریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌وان خۆشبه‌ختتر و باشتر بژین و ده‌رفه‌تی باشتری خوێندن و پێگه‌یشتنتان هه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ ئێوه‌ ئه‌مڕۆ گه‌شبینی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و دڵگه‌رمی بۆ دواڕژێكی باشتر بده‌نه‌ هه‌مو گه‌لی كوردستان و گه‌لی عێراق. پێویسته‌ ئامانجی سه‌ره‌كیتان ئه‌وه‌ بێت كه‌ ژیانی خۆتان باش بكه‌ن و ژیان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن و خۆشی بكه‌ن. متمانه‌تان به‌ خۆتان هه‌بێت، متمانه‌تان به‌ تواناكانتان هه‌بێت. به‌ كرده‌وه‌ و له‌ كاردا سود له‌و زانسته‌ وه‌ربگرن كه‌ به‌ ده‌ستتان هێناوه‌. كاری ئێوه‌ كۆتایی نه‌هاتوه‌. به‌رپرسیاریه‌تیی ئێوه‌ پرۆسه‌یه‌كی بێ كۆتایه‌، هه‌ر ڕۆژێك كه‌ تواناكانی خۆتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌ر ڕۆژێك كه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ باشتركردنی ژیانی كه‌سانی دیدا، زیاتر شان ده‌ده‌نه‌ به‌رپرسیاریه‌تی. كاری ئێوه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ست پێده‌كات. ده‌كرێ سه‌ختی و به‌ربه‌ست بێنه‌ ڕێتان، به‌ڵام پێویسته‌ كۆڵ نه‌ده‌ن و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئێوه‌یه‌. ئێوه‌ ده‌توانن له‌ كاردا سه‌ركه‌ون، چونكه‌ له‌ خوێندندا سه‌ركه‌وتن. ئامانجی ئێوه‌ ده‌بێ گه‌وره‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانتان و كارتان گه‌وره‌ بێت. ده‌بێ گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر، گۆڕینی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌ره‌و باشتر، ئامانجی ئێوه‌ بێت. ئێوه‌ ده‌توانن ئه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانن، چونكه‌ ڕێگه‌ زانستییه‌كانی ئه‌و گۆڕینه‌ له‌م زۆنكۆیه‌ و له‌ زانكۆیه‌كانی دیكه‌ فێربون و ده‌توانن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و گۆڕینه‌ به‌ره‌و باشتر له‌م وڵاته‌دا دروست بكه‌ن. ئێوه‌ هێزی گه‌وره‌ی پێشكه‌وتن و گۆڕانكارین له‌م وڵاته‌دا، ژیانی خۆتان باش بكه‌ن و وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ش پێشبخه‌ن. ده‌رچوانی خۆشه‌ویست . ئێوه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیشتان له‌ ده‌ره‌وه‌ هاتون، ئه‌م زانكۆیه‌ ئێوه‌ی پێكه‌وه‌ كۆكرده‌وه‌، ئێوه‌ش پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن. ئێوه‌ لێره‌ فێر بون كه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ پێكه‌وه‌بوندا ئاسانتره‌. ژیان له‌ پێكه‌وه‌بوندا خۆشتره‌. ئه‌و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌بونه‌ی لێره‌ فێر بون، ببه‌ن بۆ هه‌مو عێراق. براده‌رانی زانكۆتان له‌بیر نه‌كه‌ن و په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستیتان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بپارێزن. ئێوه‌ پێویسته‌ هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌كاركردن بكه‌نه‌ كولتور. ئێوه‌ پێكه‌وه‌ ده‌توانن كار له‌سه‌ر فراوانكردنی ماف و ئازادییه‌كان بكه‌ن. ئێوه‌ی گه‌نج ده‌توانن هه‌میشه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. ده‌بێ دروستكردنی بڕیار له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان و زانست بكه‌نه‌ كولتور، ئاوا وڵات پێشده‌كه‌وێت. ئێستا قوتابخانه‌ و زانكۆی باش هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ بۆ من هه‌میشه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ئامانجه‌كانم. چونكه‌ پێشكه‌وتنی وڵات لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. زۆر پێویسته‌ زانكۆكان ڕۆڵێكی زیاتریان هه‌بێت و زیاتر تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ببن. جا بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م كه‌ ئاماده‌ بن بۆ هه‌مو ئه‌و ئاسته‌نگ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ی دێنه‌ ڕێگه‌تان. بێ هیوا نه‌بن و وڵاته‌كه‌تان به‌جێنه‌هێڵن. ببنه‌ هێزی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. ببنه‌ هێزی نه‌هێشتنی كێشه‌كان و ببنه‌ به‌شداری سه‌ره‌كیی دروستكردنی ژیانێكی نوێ له‌م وڵاته‌دا. دڵنیا بن دنیایه‌كی باش له‌ خۆیه‌وه‌ دروست نابێت، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ له‌خۆبوردویی و كاری به‌رده‌وامی ئێوه‌ ئه‌و دنیایه‌ له‌ كوردستان و له‌ عیراق دروست ده‌بێت. دنیایه‌كی باش و وڵاتێكی پێشكه‌وتو، پێویستی به‌ ئێوه‌یه‌. ئێوه‌ ده‌بێ ئێره‌ بكه‌نه‌ شوێنێكی باشتر بۆ هه‌مومان. ئێوه‌ به‌شێكن له‌و نه‌وه‌ وشیاره‌ی ئه‌مڕۆ پێده‌گات و ده‌زانێت ده‌بێ ژینگه‌ و هه‌ساره‌كه‌مان له‌ تێكچونێكی زۆر مه‌ترسیداری كه‌شوهه‌وا بپارێزین و چاكی بكه‌ینه‌وه‌. ده‌رچوانی خۆشه‌ویست.. ئاماده‌بوانی به‌ڕێز .. له‌سه‌ر ئاستی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها ڕێگه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبوڵكردن و یه‌كترخوێندنه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ نه‌رمونیانی نواندنه‌، ئێمه‌ جگه‌ له‌ لێبورده‌یی بژارده‌یه‌كی دیمان نییه‌، جێگره‌وه‌ی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، بریتیه‌ له‌ جه‌نگ و په‌راوێزخستنی یه‌كتر، وڵات ئێستا له‌ هه‌مو كات زیاتر پێویستی به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان پێشمه‌رجی خۆی هه‌یه‌، پێشمه‌رجی پێكه‌وه‌ژیانیش بریتییه‌ له‌ ویستی لێكنزیكبونه‌وه‌ و لێكگه‌یشتن. سه‌ركرده‌كانی عێراق هه‌مو هه‌ست به‌ مه‌ترسیی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای وڵات ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی وڵات و كۆتاییهێنان به‌و چه‌قبه‌ستویی و بنبه‌ستی سیاسی له‌ وڵات، له‌ ده‌ستی بڕیاربه‌ده‌ستانی وڵاتدایه‌. هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاره‌سه‌ریش بریتییه‌ له‌ ویست و ئیراده‌ بۆ چاره‌سه‌ر. ئه‌گه‌ر بێتو هه‌ریه‌كه‌مان هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر بڕۆین، هه‌نگاوی كرده‌یی، ئه‌وا له‌ زۆر خاڵی هاوبه‌شدا یه‌كده‌گرینه‌وه‌ و كۆتایی به‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی وڵات ده‌هێنین كه‌ گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتر و دۆخێكی باشتره‌. له‌ عێراق ئێمه‌ و هه‌مو پێكهاته‌كان، به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌وه‌، له‌ ژیانێكی هاوبه‌شداین، چوارچیوه‌ی یه‌ك وڵات كۆمانده‌كاته‌وه‌، یه‌ك ده‌ستور ماف و شایسته‌كانمان پێناسه‌ ده‌كات. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مێژویه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه‌. مه‌به‌ستم مێژوی هه‌نوكه‌ییی عێراقی فیدراڵه‌. ئێمه‌ هه‌مو پێكه‌وه‌ له‌ ئێستایه‌كی هاوبه‌شداین، داهاتو و چاره‌نوسیشمان له‌ چوارچێوه‌ی سنوری عێراقدا هاوبه‌شه‌. خۆشه‌ویستان؛ ده‌مه‌وێ ئه‌و ڕاستییه‌ به‌بیر هه‌مو لایه‌ك بهێنمه‌وه‌: عێراقی نوێی فیدراڵ كه‌ سیسته‌مێكی په‌رله‌مانیی دیموكراسی هه‌یه‌، به‌ به‌شداریی هه‌موان هاتۆته‌ ئاراوه‌. هه‌مو پێكهاته‌كان له‌ دروستكردنی ئه‌م عیراقه‌ نوێیه‌ به‌شدار بون. هه‌ر بۆیه‌ش پێشمه‌رجی مانه‌وه‌ی عێراق و به‌ره‌وپێشچونی عیراق، بریتییه‌ له‌ پاراستن و چه‌سپاندنی مافی هه‌مو پێكهاته‌كان. ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌ییی عیراقدا ده‌بینین و داخوازیه‌كانمان له‌ عێراقی فیدرال ده‌ستورین، مافن. شتێكی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستوری عیراقدا هه‌یه‌، داوا ناكه‌ین و داوامان نه‌كردوه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ من وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی كۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و به‌سه‌روه‌ركردنی یاسا، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو ئه‌و كێشانه‌ بده‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ ڕوبه‌ڕوی وڵاته‌كه‌مان بونه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ئاماده‌ی هه‌مو هاوكاریه‌كین. ویستمان هه‌یه‌ و هه‌نگاومان ناوه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی دۆخی وڵات. له‌ هه‌نگاوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بین تاكو ده‌گه‌ین به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ عێراق ده‌رباز ده‌كات له‌و دۆخه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ پێیدا تێده‌په‌ڕێت. ده‌رچوانی خۆشه‌ویست؛ له‌ كۆتاییدا ڕوی قسه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌ ئێوه‌. خوێندن و زانست ڕێگه‌ی سه‌ره‌كیی به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی وڵاتن. بیری ئێوه‌ به‌ زانست پێشكه‌وتوه‌. داواتان لێده‌كه‌م وڵاته‌كه‌تان پێشبخه‌ن. چاومان له‌ هیممه‌تی ئێوه‌یه‌ بۆ پێشخستنی ئه‌م وڵاته‌. دیسانه‌وه‌ له‌ قوڵایی دڵمه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ هه‌رهه‌موتان ده‌كه‌م و كاتێكی خۆش بۆ هه‌مو لایه‌كتان ده‌خوازم و زۆر سوپاس بۆ هه‌مولایه‌كتان. زۆر سوپاس..

هاوڵاتی رۆژنامەیەكی توركی ئەوەی ئاشكرا كرد لەم هەفتەیەدا هێرشەكان بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەكات، ئەنجومەنی سەربازی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە" ئەو هێرشانە تەنها لە ناوچە بەئامانجكراوەكان وەڵام نادرێنەوە، بەڵكو هەموو ئەو ناوچانەی كە ئێستا داگیركراون دەكەوێتە چوارچێوەی بەرپەرچدانەكانەوە". پاش ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند هێرشدەكەنە سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) دایە، ڕۆژنامەی (حوریەت)ی توركی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە" ئامادەكارییەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا تەواوبووە و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هێرشەكە دەستپێدەكات". شەوی رابردوو خولوسی ئاكار، وەزیری دەرەوەی توركیا پەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەنجامدا و باسیان لە دۆخی ئەمنی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاوە كردووە. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە ئەنقەرە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەتەوەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رۆژی 1ی حوزەیران، لەبەردەم ئەندامانی كوتلەی حزبەكەی ئاكپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:" خەریكە پێ دەنێینە قۆناغێكی نوێ لەبارەی بڕیارەكەمان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر لە باكووری سووریا (رۆژئاوای كوردستان) ئەمەش بۆ پاككردنەوەی هەردوو ناوچەی تەل رەفعەت و مونبج لە "تیرۆرستان". لێدوانەكەی ئەردۆغان هاوكات بوو لەگەڵ هۆشدارییەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، كە بە فەرمی رایگەیاند، "نیگەرانین لە  ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان چونكە هێرشی لەوجۆرە سەقامگیریی ناوچەكە دەشێوێنێت."   ئەنجومەنی سەربازی هەسەدە: ئامادەكاریی تەواو دەكەین بۆ پاراستنی خاك و دانیشتووانی ناوچەكان و وەڵامدانەوەی هێرشە چاوەڕوانكراو و شەڕە درێژمەوداكان دەدەینەوە   لەبەرانبەردا دوێنێ جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەسەر هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوا ئەنجامدا. لە ڕاگەیەندراوێكیشدا ئەوەیان دووپاتكردەوە كە ئەنجامدانی هەر هێرشێكی نوێی سەربازیی، ناوچەكە دەگێڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی سووریا" ئێمە گرنگیی بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان دەدەین". ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سووریای دیموكرات-قەسەدە بە ئامادەبوونی فەرماندەكانی ئەنجومەنەكە و گروپە سەربازییەكان، كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ تاوتوێكردنی دوایین پەرەسەندنەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت دوای هەڕەشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی نوێ دژی ڕۆژئاوا ئەنجامدا. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر وردەكارییەكانی هێرشەكانی ئەمدواییە دەوڵەتی تورك بەتایبەت لە تلتەمر، زرگان، منبج و شەهبا كرا، هاوكات تاوتوێی كاریگەریی هەر هێرشێكی نوێی دەوڵەتی تورك كرد لەسەر دۆخی مرۆیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەگشتیی و بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی وەك ئامانج نیشان دەدرێن. ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە جەختیان لەوە كردەوە كە" لە هەمان كاتدا ئامادەكاریی تەواو دەكەین بۆ پاراستنی خاك و دانیشتووانی ناوچەكان و وەڵامدانەوەی هێرشە چاوەڕوانكراو و شەڕە درێژمەوداكان دەدەینەوە". "ئەو هێرشانە تەنها لە ناوچە بەئامانجكراوەكان وەڵام نادرێنەوە، بەڵكو هەموو ئەو ناوچانەی كە ئێستا داگیركراون دەكەوێتە چوارچێوەی بەرپەرچدانەكانەوە"، ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە وا دەڵێن.  

  هاوڵاتی ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سویدەوە بەرانبەر ئەردۆغان وەستایەوە كە ئەو داواكاریانەی هەیانە لەحكومەتی سوید، سوید رەتیبكاتەوەو بەو مەرجە دەنگی بەلێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری دادو ناوخۆ نەداو لەپەرلەمانیشەوە رایگەیاند:» ئەرتەشی توركیا 25 ساڵە هێرش دەكاتەسەر كوردەكان و خەڵكی بێتاوان دەكوژێت». دوێنێ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی سوید تایبەت بە لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری داد دەنگی ئامینە كاكە باوە یەكلاكەرەوە بوو. ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سوید وتی:»  لەماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی سنوورەكانی عێراقی بەزاندووە و هێرشی كردووەتە سەر كوردەكانی عێراق». هەروەها وتیشی:» ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی گوندەكانی كوردانی كردووەو سەدان كوردی بێتاوانیان كوشتووە، ١٤٠ گوندیان وێران كردووە و هەزاران كەسیش ئاوارە بوون. خەڵكی ئەو دەڤەرە لەترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، زەوی كشتوكاڵ، دارستان، باخ و بەروبوومی ئەو خەڵكە وێران بوون و لەناوچوون». هاوكات ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوەی توركیا لەكوردستانی عێراق دەیكات هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەڵ ئەوەی لەعەفرین روودەدات» واتە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خەڵكی سڤیل و بنپێكردنی مافەكانی مروڤ». كاكە باوە وتیشی:» پرسیاری من لەوەزیری دەرەوەی سوید مارگوت ڤالستروم ئەوەیە: ئایا سوید سەبارەت بەو بابەتە چ هەنگاوێكی هەڵێناوەتەوە كە لەڕێگەی نەتەوەیەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپاوە توركیا ناچار بەپاشەكشە لەكوردستانی عێراق بكات؟ مارگوت ڤالستروم وەزیری دەروەی سوید لەوەڵامدا وتی:» ئێمە بەردەوام ئەم مژارەمان لێرەدا لەمینبەری پەرلەمانەوە خستووەتە بەرباس و من شتێكی باشترم نیە لەوەی ئامینە باسی كرد بۆ ئاماژەدان بەڕەوشی ناوچەكە، بێگومان ئێمە لەڕێگەی پەیوەندی تایبەتی خۆمان و لەڕێگەی یەكێتی ئەوروپاوە كە ٢٨ وڵات لەخۆدەگرێ و پێكەوە بەهێزترو كاریگەرتر دەبین، فشار دەخەینە سەر توركیا سەبارەت بەم بابەتەو ئەو هەڵوێستانەی ئێمە هەمانە». وەزیری دەرەوەی سوید وتیشی:» ئێمە بەردەوام چالاك دەبین لەباسكردنی مافەكانی مروڤ و توندوتیژیەكان و ئەوانە كێشەی بەرچاون لەتوركیادا و بەردەوام بەرفراوان دەبنەوە. ئەوە كێشەیەكی گەورەیە لە توركیادا ئەگەر باسی پرسی كورد بەگشتی نەكرێ». هاوكات وەزیری دەرەوەی سوید ئەوەی دووپاتكردەوە كە خوازیارن كە پرسی كورد بكەوێتە رۆژەڤەوەو دانوساندنەكان دەستپێبكەنەوە و دانیشتنەكان بۆ باسكردنی ئاشتی بێت لەداهاتوودا. لەبەرانبەردا ئامینە كاكە باوە باسی لەوەكرد كە سێشەمەی رابردوو لەپەرلەمان دوو میوانیان لەكوردستانەوە هەبووە كە»شیروان شیروانی و تارا حوسێن»  رۆژنامەوان و چالاكی سیاسی و مافەكانی مرۆڤن و داوایان لەپەرلەمان و دەوڵەتی سوید ئەوە بووە كە پێش بەم بۆردومان و هێرشانەی توركیا بگرن، هەر لەکاتی ئەو قسانەیان هەواڵ بڵاوبووەوە كە چوار كەس لە بۆردومانەكانی توركیادا كوژراون كە كوردی سڤیلن». ئامینە پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا دەوڵەتی سویدو وەزیری دەرەوە واتە بەڕێزتان، ئەمە دەخەنە بەرباس لەگەڵ توركیادا كۆتایی بەم وەزعە بێنێت، چونكە ئەو شوێنانەی بۆردومانیان دەكات پ ك ك-ی لێ نیە و تەنیا خەڵكی سڤیل لەوێدا دەژین؟ لەوەڵامدا، مارگوت ڤاڵستروم وتی:» ئاواتەخوازم بمتوانیایە بڵێم كە دەستبەجێ كۆتایی بەو بۆردومانانە بێنن، ئەوە ویستی شەخسی خۆمە، بێگومان ئێمە دەبێ هەموو رێگاو رێبازە سیاسییەكان بگرینەبەرو فشار بخەینەسەر توركیا كە بەپێی پرنسیپەكانی مافی مروڤ بجوڵێتەوەو رێبازێكی ئاشتیانە بگرێتەبەرو ئێمە یارمەتیدەری  قوربانیانی بۆردومانەكان بین و كەڵك لەهەموو ئامرازەكانمان وەربگرین». ئامینە كاكە باوە دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری دادو ناوخۆ نەداو بەو هۆیەوە حكومەتی سوید بەسەرپەرشتی سۆشیالیستەكان بەردەوام دەبێت كە لیبراڵەكان(راستڕەوەكان) داوایان كرد كە متمانەی لێوەربگیرێتەوە. ئەو وتانەی ئامینە كاكە باوە حكومەتی سوید ناچار دەكات ئەو داواكاریانەی توركیا هەیەتی بۆ تەسلیمكردنی دەیان داواكراو سوید رەتیبكاتەوە كە یەكێكیان ئامینە كاكە باوە، پەرلەمانتاری سویدە.  

هاوڵاتی  وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند:" هێرشی سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدەدەین كاتی خۆی هات چی پێویست بكات ئەنجامی دەدەین". ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا قسەیكرد و باسی لەو ئۆپەراسیۆنە كرد كە توركیا دەیەوێت بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریاری دیموكرات(هەسەدە) ئەنجامی بدات. خولوسی ئاكار، راشیگەیاند:" وەڵامی پێویستمان بۆ ئەو هەوڵانە دەبێت سەقامگیری هەندێك ناوچەی سووریا دەكەنە ئامانج كە ئارامییان بۆ دەستەبەركراوە، تەنیا دەمانەوێت ئاسایشی سنوورەكەمان و هاووڵاتییانمان بپارێزین".  

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای دەكات تێكڕای داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان تا مانگی نیسان گەیشتۆتە 48 ترلیۆن دینار،جێگری پارێزگاریی بانكی ناوەندییش ڕایگەیاند:"كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 90 ملیار دۆلار". ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، وەزارەتی دارایی عێراقدا لە راپۆرتێكدا داهاتی چوار مانگی ئەمساڵی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە:" كۆی گشتیی خەرجییەكانی حكومەتی عێراق تا مانگی نیسان 34 تریلۆن و 500 ملیار دینار بووە لە كۆی 48 تریلۆن داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەو زیادەیەی بەدەستهاتووە 13 تریلۆن و 500 ملیار دیناربووە". وەزارەتەكە پێشبینیشیكردووە، كۆی گشتی داهاتەكان تا كۆتایی ساڵ بگاتە 142 ترلیۆن دینار، هاوكات كۆی گشتیی خەرجیی‌و پێشینەكانیش بگاتە نزیكەی 100 ترلیۆن دیناری عێراقی، بەوجۆرە عێراق تا كۆتایی ساڵ 40 ترلیۆن دیناری عێراقی زیادەی داهاتی دەبێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە داهاتی مانگی ئایاری هەناردەو فرۆشی نەوت گەیشتە 11 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، ئەوەش پێشبینییە داراییەكانی بۆ داهاتی عێراق تێپەراند كە لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا عێراق لە ماوەی مانگێكدا ئەو بڕە داهاتەی لە فرۆشی نەوتی خاو دەست نەكەوتووە. عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاریی بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند:" بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر یەدەگی دراوی بیانی وڵات كە ئێستا بڕەكەی زیاتر لە70 ملیار دۆلارە". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 90 ملیار دۆلار. نرخی نەوتی خاو لەجیهاندا لەمانگی حوزەیراندا بەراورد بە مانگی ئایار بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیووەو بۆ هەر بەرمیلێك 5 تا 8 دۆلار نرخەكەی زیادی كردووە.  

هاوڵاتی ترسی خۆپێشاندەران بۆ نێو باڵەخانەی پەرلەمان، وای كرد پەرلەمانتاران بینای پەرلەمان چۆڵ بكەن.  

هاوڵاتی "لە زاپ زلـلەیەكی نوێ لە لە سوپای تورك دەدرێت و تەرمی ئەو سەربازانەی لە دۆڵەكاندا كەوون بۆی كۆناكرێتەوە،ئەو سەربازانەشی لە ناوچەكانی جەنگدان باری دەرونییان تێكچووە، بۆیە بە ناچاری چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت".، لەراپۆرتێكی تایبەتدا باسی داگیركارییەكانی سوپاكەی ئەردۆغان دەكرێت. ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، ئاژانسی فورات نیوز میدیای نزیك لەپارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)راپۆرتێكی بڵاویكردووەتەوە كە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە، دەوڵەتی تورك هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بەڵام لەسەر دەستی گەریلاكان شكستی گەورەریان بەركەوتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە"زلـلەیەكی نوێ لە زاپ لە سوپای تورك دەدرێت لە گۆڕەپانەكانی كوڕەژارۆ، ئەشكەوتی برینداران، چیاڕەش و ئەرتوش تێكۆشانێكی مێژوویی هەیە، لەلایەك بەرخودانی تونێلەكان هەیە، كە ڕێگە بە پێشڕەویی داگیركەری نادەن و شاخەكان و لوتەكان دەپارێزن". ئەوەش خراوەتەروو كە " تیمە نیمچە گەڕۆكەكان هەر لە رۆژی یەكەمەوە لە ژێر بۆردومانی قورسی فڕۆكەكاندا چالاكییان ئەنجام دەدا و بۆ ساتێكیش ڕانەوەستان و بەردەوامن لە چالاكییەكانیان، تیمە نیشانەشكێنەكان سەربازەكانی توركیان تووشی شۆك كردووە، دەیان گەریلا بۆ سەركەوتنی ئەم شەڕە خۆیان فیدا كردووە". وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە:" فڕۆكە جەنگییەكان ناتوانن گورز لە گەریلا بدەن و لەبەر ئەوەش ناوچەكانی كوردستان بۆردوومان دەكەن، تەرمی ئەو سەربازانە، كە  ناسنامەكانیان ئاشكرا نەكراوە و بە ڕای گشتی و بنەماڵەكانیان ڕانەگەیەندراوە، لە ژێر تاشەبەردەكاندا كەوتوون، تەرمی ئەو سەربازانەی لە دۆڵ و زنارەكانی زاپ دا كەوتوون بۆ ئەو سوپایە كۆ ناكرێتەوە، ئەو سەربازانەشی لە ناوچەكانی جەنگدان باری دەرونییان تێكچووە…". هاوكات ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە" تەنها یەك چەك لە دەستی سوپای توركدا ماوە، ئەوش چەكی كیمیایی، گازی ژەهراوی و تەقەمەنی گەورەیە، سوپای تورك ساڵی پار بە تایبەتی لە هەرێمی ئاڤاشین بەهۆی ئەو گورزانەی لێیدرابوون لە دژی تونێلەكانی جەنگ گازی كیمیایی بە ڕێژەییەكی زۆر  بەكارهێنا و پێوەر و ئەخەلاقی جەنگی پێشێلكرد، ئەمساڵیش بەهەمان شێوە لەم جەنگە پیسەیدا هەمان ئەو شێوازە چەپەڵە بەكار دەهێنێت، لە چیاڕش هەشت گەریلا و لە كوڕەژارۆش پێنج گەریلا بەهۆی چەكی كیمیاییەوە شەهید بوون".  

هاوڵاتی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا ناڕەزایەتیی زۆر بەرامبەر توركیا سەریهەڵدا و پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتی تایبەت بە دۆخی توركیادا، چەندین ناڕەزایەتییان بەرامبەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان و داگیركارییەكانی لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان نیشاندا. بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكاری و داگیركارییەكانی ئەردۆغان بخرێتە دەنگدانەوە و هەڵوێستێكی توند بدەنە حكومەتی توركیا. لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپادا كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستیپێكردووە، ڕاپۆرتێكی تایبەت لەبارەی دۆخی توركیا خوێندرایەوە، لەبارەی بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و دیموكراسیی و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردستان. ناچۆ سانچێز ئامۆر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ڕاپۆرتەكەی خوێندەوە و ڕایگەیاند:" ڕۆڵی جیۆپۆلەتیكی توركیا هەرچییەك بێت یەكێتیی ئەوروپا بێدەنگ نابێت بەرامبەر پێشێلكردنی ئازادییە بنچینەییەكان".  وتیشی: توركیا جیۆپۆلەتیكەكەی بەرامبەر ڕۆژئاوا قۆستووەتەوە و سیاسەتی هێرشكردن بەڕێوەدەبات، لە ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكاندا دەردەكەوێت كە بنەماكانی دیموكراسیی لە چ كارەساتێكدان. هەروەها باسی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)ی كرد كە خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە و زیاتر لە سەد شارەوانییە، كە لە چەند مانگی ڕابردوو بڕیاری نایاساییبوون بەسەر سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتەكەدا سەپێندراوە، وتیشی:" دەبێت مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن وەك یەك بێت، توركیا لە پێگەی داگیركەردایە لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان". هاوكات دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند:" ئەگەر ئێمە دەمانەوێت لە توركیا دیموكراسیی بەدی بێت، ئەوا پێویسمان بە هەڵوێستێكی بەهێز هەیە بەرامبەر ئەردۆغان".  

هاوڵاتی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای دەكات كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، وەزارەتی دارایی ناچار دەكات بەهەند بڕیارەكە وەربگرێت و راشیگەیاند:" هەرێمی كوردستان هیچ بڕە پارەیەك لە چوارچێوەی پشكی 12% وەرنەگرێت". ئەمڕۆ 6ی حوزەیرانی 2022، وەزیری دارایی عێراق لە میانی چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند:"داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ناشەرعییە". هەروەها راشیگەیاند:"ناكرێت هیچ بڕە پارەیەك لە بودجەی ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان دیاریبكرێت، تا ئەو كاتەی پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم یەكلانەكرێتەوە و نەچێتە دەستی كۆمپانیای سۆمۆ". ئەم وتانەی وەزیری دارایی عێراق لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ئومێد سەباح، ئەندامی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، دوای سەردانەكەیان و گفتوگۆیان لەگەڵ دویانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاند:" هیچ بیانوویەكیان نەهێشتووەتەوە بۆ بەغدا كە 200 ملیار دینارەكە رەوانە نەكات". هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سەرجەم داتاكانی داهات و خەرجییەكانیان تەسلیمی بەغدا كردووە.  

هاوڵاتی بریكاری وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە سەرقاڵی بەدواداچوونن و وەڵامیان بۆ زنجیرە دراما توركییەكە دەبێت. لە ئەڵقەی  19یەمی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) كە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022،   پەخشكرا، لە یەكێك لە دیمەنەكاندا كەسێكی تورك دادگایی دەكرێت لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دانراوەو یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەیەكی سووری لەسەرە. ئەو كەسە تۆمەتبارە بە كاری سیخوڕی، كوشتن و كاری مافیایی و بە سووكایەتییەوە باس لە حكومەت و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت" ئەو دان بەو دادگایە و حكومەتەكەشدا نانێت".  تۆمەتباری نێو زنجیرە دراماكە دەشڵێت، تورك هەزارو 200 ساڵە لە ناوچەكەدا دەژی و لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وەك لە درامەكەدا هەیە دەڵێت:" كەركوك خاكی توركمانەكانە، كەركووك و موسڵ هی ئێمەیە، گەورەترین شەقامی هەولێریش موزەفەرەدین گۆكبۆروە، لەوانەیە رۆژێك بیسڕنەوە، بەڵام ناتوانن مێژوو بسڕنەوە."   ئەو كەسە كە لە زنجیرە دراماكەدا رۆڵی كەسێكی مافیا و سیخوڕ بەناوی "تەكین گیریتلی" دەگێڕێت، جوگرافیایەك بەناوی هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە و داوا دەكات لە بەغدا یانیش لە توركیا دادگایی بكرێت.  سالار عوسمان، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی زنجیرە دراماكەوە رایگەیاند:"شتێكی خراپەو بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەین بۆئەوەی وەڵامی بدەینەوە، بە دڵنیاییەوە وەڵامی خۆمان دەبێت و رایدەگەیێنین. زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی توركواز میدیا كە نزیكە لە حكومەتی توركیاوە بەرهەم دەهێندرێت.  سیناریۆی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" باس لە مێژووی توركیا، شەڕوپێكدادانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) و دۆخی سیاسیی توركیا دەكات. هەروەها گۆڕانكارییەكانی توركیا و دەوروبەری و رۆڵی ئەمریكاش لە ناوچەكەدا باسیان لێوە دەكرێت.