لیژنەی گشتی دادگای دەستوری بنەڕەتی تورکیا، لە دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلاندا (هەدەپە) لەبارەی بڕیاری پارتەکە کە نایەوێت بە زارەکی لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات کۆبووە و دۆسیەکەی بۆ ریپۆرتەری تایبەتی دادگاکە نارد. ئەمڕۆ دادگای دەستوری تورکیا لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووە و پێویست بۆ بەرپرسانی هەدەپە بە شێوەیەکی زارەکی لە دادگاکەدا بەرگری لە پارتەکەیان بکەن، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندبوو کە ئەوان ئامادە نین بە زارەکی بەرگریەکە بکەن. دادگاکە بڕیاریدا دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ ریپۆرتەری دادگەکە بنێردرێت. ریپۆرتەکەش بەگوێرەی دۆسیەکە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات و دواتر پێشکەشی ئەندامانی دادگاکەی دەکەن. چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو مانگێکی دیکە راپۆرتەکە ئامادە بکرێت. دواتر زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگاکە بۆ بڕیاردان لەبارەی داخستن یاخود دانەخستنی هەدەپە رۆژێک دیاری دەکات. پێشبینی دەکرێت، بڕیارەکە یەک دوو رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بدرێت. پێویستە لە ١٥ ئەندامی دادگای دەستوری ١٠ ئەندام بڕیاری داخستنی هەدەپە پەسەند بکەن. تاوەکو ئێستا کەمتر لە ١٠ ئەندامی دادگاکە لەدژی هەدەپە بڕیاریان داوە. ١٧ ئازاری ٢٠٢١، بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووریی تۆمار کرد بۆ داخستنی هەدەپە. ئەو تۆمەتە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بەهۆی کەموکورتییەوە رەتکرایەوە. سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمارکردەوە. دادگای دەستووریی بە کۆی دەنگی ئەندامانی دادگاکە، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ تۆمەتە نوێیەکەی قبوڵ کرد.
هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا لەو کاتەوەی ڕوسیا دەستی بە هێرشەکەی کردووە نزیک بووەتەوە لە 8500 کەس، بەڵام ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت. نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لەو کاتەوەی ڕوسیا دەستی بە هێرشەکەی کردووە نزیک بووەتەوە لە 8500 کەس و جگە لەو کەسانەی کوژراون، پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە 14 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون. هەروەها ئاژانسەکە وتی " نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو باوەڕەدایە کە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر بەرزترن چونکە وەرگرتنی زانیاری لە هەندێک شوێنەوە دواخراوە و زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان هێشتا چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەن." بۆ نمونە لە ماریوپۆل (لە ناوچەی دۆنێتسک) ، لیسیچانسک، پۆپاسنا و سیڤیرۆدۆنێتسک (لە هەرێمی لوهانسک) ، کە بڕوادەکرێت چەندین قوربانی مەدەنی لەو ناوچانە هەبێت." نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند تەنها لە نۆ ڕۆژی یەکەمی مانگی نیساندا کوژرانی 44 هاوڵاتی مەدەنی پشتڕاستکراوەتەوە، کە هەموویان جگە لە یەکێکیان بەهۆی " چەکی تەقەمەنییەوە بوون کە کاریگەری فراوانیان لەسەر ناوچەکە هەیە." هاوکات لە نوێترین زانیارییەکان لەسەر جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیادا: ڕوسیا و ئۆکرانیا سەدان بەندکراوی جەنگیان ئاڵوگۆڕ کردو هەندێک لە سەربازە ئازادکراوەکانی هەردوو وڵات لە دۆخێکی خراپدان و پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە. بێلاڕوس داوای دڵنیایی لە مۆسکۆ دەکات، سەرۆکی بیلاڕوس کە میوانداری ژمارەیەک سەربازی ڕوسیا دەکات داوای دڵنیایی دەکات کە ڕوسیا بەرگری لە بیلاڕوس دەکات ئەگەر هێرش بکرێتە سەری. کاربه ده ستانی ڕوسیا ده ڵێت 75٪ی با خمووت ده ستی به سه ردا گیرا وەو شەڕی بەردەوامە بۆ دەستگرتن بەسەر تەواوی ئەو ناوچەیەدا. سەرچاوە:voice of america
روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە سوتەمەنییەکەی رەوانەی ئێران دەکات و ئاژانسێکی هەواڵیش ئاشکرای دەکات ئەو سوتەمەنیانە لە سنوری کازاخستان و تورکمانستانەوە بۆ ئێران دەنێردرێت. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ لە دوو مانگی وەرزی زستانی ئەمساڵدا روسیا بڕێ 30 هەزار تۆن بەنزین و گازی بە شەمەندەفەر رەوانەی ئێران کردوە. ئاماژە بەوە کراوە؛ لە دوای هێرشی روسیا بۆ ئۆکرانیا، فرۆشی نەوت و سوتەمەنییەکانی روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە روبەڕوی کێشە بوەتەوە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی شەمەندەفەرەوە چەند جۆرێکی سوتەمەنیی رەوانەی ئێران کردوە. ئاژانسەکە رونی کردوەتەوە؛ روسیا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە بەنزین و گازی بەرهەمی وڵاتەکەی بە سنورەکانی وڵاتی کازاخستان و تورکمانستان بۆ ئێران رەوانە کردوە و ئەو وڵاتەش گواستویەتییەوە بۆ عێراق. بە پێی زانیارییەکانی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە رێککەوتنی بازرگانیی نێوان مۆسکۆ و تاران بۆ فرۆشتنی ئەو سوتەمەنیانەیان پشتڕاست کردوەتەوە بەڵام ئێران و روسیا ئامادە نەبون هەواڵەکە بۆ ئەو ئاژانسە پشتڕاست بکەنەوە. روسیا بەهۆی ئەوەی تێچوی رەوانەکردنی سوتەمەنیی بۆ ئێران لە رێگەی کەشتی و دەریاوە زۆرە بڕیاری داوە بە شەمەندەفەر بەنزین و گاز رەوانەی ئێران بکات کە تێچوی کەمترە.
بەهۆی ژەهراویبونی خوێندکاران ژمارەیەک خوێندکاری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران رەوانەی نەخۆشخانە کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە لە شارەکانی کامیاران و کرماشان زیاتر لە 82 خوێندکاری کچ بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 12 خوێندکاری کچ کە لە خوێندگەکەیاندا ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سینا لەو شارە کراون. لە شاری کرماشان زیاتر لە 60 خوێندکاری کچ رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون و بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی هەواڵ دۆخی تەندروستیی دوو خوێندکار ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە روداوی ژەهراویبون لە ژمارەیەک خوێندگەی شارەکانی ئەسفەهان ، تەبرێز، مەشهەد و گەناوە دوبارە بوەتەوە و دەیان خوێندکاری كچ رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ژەهراویبونی خوێندکاران زیاتر لە سێ مانگە بوەتە دیاردە لە رۆژهەڵات و ئێران و چالاکوانانی سیاسی، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە رێگەی چەند ماددەیەکی ژەهراویی بۆندار هێرش دەکرێتە سەر خوێندگەکان و قوربانییانیش زۆربەیان خوێندکارانی کچن. تا ئێستا جگە لە رەوانەکردنی دەیان خوێندکاری کچ بۆ نەخۆشخانەکان، مێرمنداڵێکی کورد لە شاری تاران بە ناوی کارۆ پەشابادی بەهۆی ژەهراویبون گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون. چەند سەرچاوەیەک لە ناو ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتوەتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە. پزیشکێک ئاشکرای کردوە لە روداوی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دژی خوێندکارانی کچ، چەند ماددەێک بە تێکەڵکراوی بەکار هێنراون کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت. محەمەدڕەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشکی لە نەخۆشانەیەکی تاران رایگەیاندوە لە نزیکەوە چاودێریی ژمارەیەک خوێندکاری کچی کردوە کە ژەهراویبون و هۆکارەکەشی هەڵمژینی چەند جۆرێک ماددەی کیمیاییە کە تێکەڵکراوە و کەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە کیمیاییانە دەستخەن و یان بەکاری بهێنن.
هاوڵاتی ماڵپەڕی واشنتۆن ئێکزامیینەری ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردەوەوتیایدا هاتووە،پێش هێرشەكە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیای لە ناوچەکە دەستنیشانکردووە و توركیا ئاگاداركراوەتەوە كە جێپێی ئەمریكییەكانیان هەڵگرتووە و کاربەدەستانی تورکیا گرنگیانپێنەداوە. لە ڕاپۆرتێكدا ماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەری ئەمریكی کە لە لایەن مایكل ڕۆبن، ڕۆژنامەنووس و لێكۆڵەرلەو ماڵپەڕەوە نوسراوە لەسەر هێرشەکەی حەوتی مانگی دەوڵەتی تورک بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی بڵاو کردووەتەوەو تیایدا هاتووە : رۆژی ٧/٤/٢٠٢٣، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی سەرەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە شەڕی داعش لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا. مەزڵوم عەبدی لەگەڵ سەرکردایەتی ناوخۆیی کورد و بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووەوەتەوە گروپەکە بەیەکەوە بە کاروانێکەوە ڕۆیشتون بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ ئەوەی لە وێوە بۆ سوریا بگەڕێتەوە. مایكل ڕۆبن وەک خۆی دەڵێت: سەیری ڤیدیۆی كامێراكانی چاودێرییەكانی كردووە، كە پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری سی یو ڤی تێدەپەڕن، دوای سێ چركەش مووشەكێك لە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە تەقێندراوە. باسلەوەشدەکات کە پێشڕودانی هێرشەکە دەزگایهەواڵگری ئەمریکا شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دەستنیشانکردووە و داوایان لە تورکیا کردووە کە پاشەکشەی پێبکات بەڵام سودی نەبووە، هاوکات لە کاتێکدا هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان پێیان وابوو هێرشەکەی تورکیا بە مەبەست شکستی هێناوە و تەنها ئاگادارکردنەوەیەک بووە بۆ واشنتۆن . بەڵام ڕۆبن دەڵێت ،ڕاستییەکان ئەم تیۆرییە ڕەتدەکەنەوە وبە پێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی باران بارینی زۆرەوە، زەوییەکە توند و قوڕاوی بووە ئەمەشبۆتە هۆی ئەوەی موشەکەکە بچەقێتە قوڵای زەوییەکە ئەمەش تەقینەوەکەی دواخستووەو بۆتە هۆی ڕزگارکردنی گیانی ئەمریکییەکان و مەزڵووم کۆبانیش. لە ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەردا هاتووە کە لە كۆشكی سپیدا ئارەزویەكە هەیە، بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە بشاردرێتەوە و پەردەپۆش بكرێت و دەشڵێت: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە کە هەر كاردانەوەیەك پێش هەڵبژاردنەكانی توركیا ڕەنگە سوودی بۆ ئەردۆغان هەبێت. باسلەوەشکراوە ڕەنگە بایدن سزا بەسەر كۆمپانیای بایرەكتاردا بسەپێنێت، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆ توركیا دروستكردووە،کە بۆتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. هاوکات مایکڵ ڕۆبن دەشڵێت، دەبێت كۆشكی سپی سنورێک بۆ پڕوپاگەندەکانی تورکیا دابنێت کە دەڵێن فڕۆكەی بایراكتار ڕۆڵی سەرەكی لە شەڕی ئۆكرانیا هەبوو، تەنانەت ڤلادیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیاش دەڵێت: میدیاكانی ڕۆژئاوا قەبارەی كاریگەرییەكانی توركیایان لەسەر شەڕەكە گەورە کردووە. ڕاپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، کە دەبێت كۆشكی سپی ڕێككەوتنی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف ١٦ بە توركیا ڕەت بكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی كۆتایی بە گرێبەستەكە بهێنرێت بۆ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆیان، هەروەها ڕاگرتنی هەموو مامەڵەی هەواڵگری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ توركیا، چونكە توركیا ڕەتكردنەوەی هۆشدارییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بوونی ئەوان لە كاروانە ئامانجدارەكەدا جێگەی شەرمەزارییە. لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پێویستە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای هاكان فیدان، سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگری توركیا بدات و ڕێگری لە سەفەركردنی بكات، چونكە دەستی هەبووە لە بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانە، ئەمە جگە لەوەی پاڵَپشتییە بۆ لۆجستی و سەربازی توركیا، هەروەها پشتیوانی لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات. لە ڕاپۆرتەكەدا داوا لە ئەمریكا دەكات، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی توركیا بانگهێشت بكات، چونكە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا پێویستی بە پاككردنەوەی ناوخۆییە. ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی واشینگتۆن ئێکزامینەر
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دوای کۆتایهاتنی مانۆڕە سەربازییە سێ ڕۆژییەکەی فڕۆکە جەنگییەکان و کەشتییە دەریاییەکانی چین هێشتا لە ئاوەکانی دەوروبەری تایواندان وسەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕەخنەی لە چین گرت و بە "هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسیارانە" وەسفی کرد. چین مانۆڕەسەربازییەکەی لە ڕۆژی شەممە دەستپێکرد وەک وڵامدانەوەیەک بۆ گەشتێکی سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا و کۆبونەوەی لەگەڵ کێڤن ماککارثی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. جێگەیباسە چین هۆشداری دا بە ئەمەریکا کە ڕێگە نەدات تسای سەردانی مەککارسی بکات یان چاوی پێبکەوێت، و دەشڵێت "هەرگیز واز لە بەکارهێنانی هێز ناهێنێت بۆ ئەوەی ئەو دوورگەیە لەژێر کۆنترۆڵی چیندا بێت". حکومەتی تایوانیش بە توندی دژایەتی داواکارییەکانی چین وەستاوەتەوە. هەرچەندە چین شەوی دووشەممە ڕایگەیاند مانۆڕە سەربازییەکەیان کۆتایهاتووە، وەزارەتی بەرگری تایوان گوتی نۆ کەشتی چینی و 26 فڕۆکەی بینیووە، کە لە ناویاندا فڕۆکەی جەنگی جەی-16 و سو-30یان تێدابووە ، لە درەنگانی بەیانی ڕۆژی سێشەممەدا لە دەوروبەری دوورگەکە سوڕاونەتەوەو لەوێ ماون. وتیشی هێزی ئاسمانی تایوان و هێزە دەریاییەکان و تیمە موشەکییەکانی کەنار دەریا لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵی کەشتییەکان دەکەن و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە. هاوکات درەنگانی شەوی دوشەممە سەرۆکی تایوان لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەی نووسیویەتی " " نوێنەرایەتی هەرێمەکەم دەکەم بۆ جیهان و سەردانەکانم بۆ دەرەوەی وڵات، لەوانە وەستان لە ئەمەریکا، شتێکی نوێ نییە". وتیشی "بەڵام چین ئەمەی بەکارهێنا وەک هۆکارێک بۆ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازی، کە بووە هۆی ناسەقامگیری لە تایوان و ناوچەکەدا. ئەمە هەڵوێستێکی بەرپرسیار نییە بۆ وڵاتێکی گەورەی ناوچەکە." وەزارەتی بەرگری تایوان ڕاشیگەیاند ڕۆژی دووشەممە 91 فڕۆکەی سەربازی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا فڕیوە و نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات فڕۆکەکانی چین ڕۆژی دووشەممە هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانیان تێپەڕاندووە کە بە شێوەیەکی نافەڕمی وەک هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان ئەو دوو ناوچەیە سەیردەکرێت. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تایوان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری مانۆڕەکانی چین دەکات لە دەوروبەری تایوان و " ئاسوودە و دڵنیایە چونکە سەرچاوە و توانای تەواوی هەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە دورگەکە." هاوکات ، مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کردووە و لە یەکەم پەیامیدا گوتی، "سەردانی تایوان؛ ناردنی پەیامێکە بۆ پارتی کۆمیۆنیستی چین، بەوەی ئەمریکا تایوان بەهێز دەکات و پێویستە پەکین بەرلەوەی هێرش بکاتە سەر تایوان بە باشی بیر بکاتەوە."
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە ئەوروپا دەکەن سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆر و دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی تیرۆر و رفاندنی هاوڵاتییانی ئەوروپای داوە. 150 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) لە نامەیەکدا بۆ جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردوە یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. لە نامەکەدا کە واژۆی 150 نوێنەری دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمریکای لەسەرە ئاماژە بەوە کراوە؛ سوپای پاسداران لە پێنج ساڵی رابردودا لانیکەم 33 پیلانی رفاندن و تیرۆر و سیخوڕیی دژی هاوڵاتییانی ئەوروپا ئەنجام داوە. لە نامەکەدا هاتوە: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی تیرۆرە و چەند دەیەیە پیلان دژی هاوڵاتییانی ئەوروپا دەگێڕێت. پێشتر پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبونەوەیەکیدا بە کۆی 598 دەنگی بەڵی و تەنها 9 دەنگی نەخێر و 31 دەنگی بێ لایەنن گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد کە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاوە جێبەجێ بکرێت. داواکارییەکەی ئەو نوێنەرانەی ئەمریکا لە کاتێکدا واشنتۆن لە ساڵی 2019 سوپای پاسدارانی خستوەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە و زیاتر لە 12 هەزار کەس لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا خۆپیشاندانیان کرد بۆ ئەوەی ئەو سوپایە بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
هاوڵاتی کۆمەڵەی ئازادیخوازانی بادینان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی پشتگیرییان ئاڕاستەی خەڵکی سلێمانی کردودژی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستانەوە. لە پەیامەکەیاندا ڕایانگەیاند،" ئێمە وەک کۆمەڵەی ئازادیخواز و ڕیفراندۆمخوازی بادینان هێرشی تیرۆرستی ئەردۆغان و تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی شەرمەزاردەکەین". هاوکات داوایەکیان ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە،"سنورێک بۆ هێرشی دوژمنکاری بەردەوامی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستان دابنێن کە تیایدا سەدان هاوڵاتی سیڤیل بونەتە قوربانی دەستی ڕەشی تیرۆری ئەردۆغان". باسیانلەوەشکرد کە سلێمانی هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ کوردان لە هەرچوارپارچەی کوردستان. دەقی ڤیدیۆی پەیامەکەی کۆمەڵەی ئازادیخوازانی بادینان:
لیستی کاندیدەکانی ٢٦ پارتی سیاسی بۆ ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کرا و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارەی کورسیەکانی پارێزگاکانی ئاشکرا کرد. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، ٢٦ پارتی سیاسی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە و سبەینێ پێداچوونەوە بە ناوی کاندیدەکان دەکەن و لە ئەگەری هەر کێشەیەکدا دەیگەڕێننەوە بۆ پارتەکان. لە کاتێکدا کە ٣٣ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردەنەکان ژمارەی کورسیەکانی پارێزگاکانی باکوری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە: ئەستەنبوڵ ٩٨، ئەنقەرە ٣٦، ئیزمیر ٢٨، بورسا ٢٠، ئارتڤین ٢، ئایدن ٨، بالیکەسیر٩، بیلەجیک٢، بەدلیس٣، بۆلو٣، بوردوور٣، ئەنتاڵیا١٧، ئاگری٤، ئاماسیا٣، ئەدەنە١٥، سەمسور٥، ئافیۆنکاراهیسار ٦، کۆنیا ١٥، قەرس٣، کاستامۆنو٣، قەیسەری١٠، کرکلارئەلی٣، کرشەهیر٢، دیلۆک١٤، ئەدرنە٤، خارپێت٥، ئەرزینگان٢، ئەرزەرۆم٦، ئەسکیشەهیر٦، روحا١٤، تۆکات٥، ترابزۆن٦، ئوشاک٣، مێرسین١٣، هاتای١١، ئسپارتا٤، ئامەد١٢، چاناککالە٤، چانکری٢، چروم٤، دەنیزلی٧، مانیسا١٠، کوتاحیا٥، مەلەتی ٦، مەرەش٨، مێردین ٦، موغلا٧، موش ٣، سامسون ٩، سێرت ٣، سینۆپ ٢، سێواس ٥، تەکرداغ ٨، وان ٨، یۆزگات ٤، زۆنگولداغ ٥، ئاکسارای ٤، ئێلح (باتمان) ٥، کارامان ٣، کرککالە ٣، شڕنەخ ٤، بارتین ٢، ئەردەخان ٢، گیرەسون ٤، گوموشخانە ٢، جۆلەمێرگ ٣، نەوشەهیر ٣، نیغدە ٣، ئۆردو ٦، ریزە ٣، ئیدر ٣، کارابوک ٣، کیلیس ٢، عوسمانیە ٤، دوزجە ٣، دەرسیم یەک و بایبورت یەک.
هاوڵاتی بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازی و هەواڵگرییە نهێنییەکان بەهۆی کاریگەرییان لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری هەستیار لەناو حکومەتدا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێداچوونەوەی بۆ زیاتر لە 50 لەو دۆکیومێنتانە کردووە کە بە "نهێنی" و "زۆر نهێنی" ناونراون، کە بۆ یەکەم جار لە سەرەتای مانگی سێدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و وردەکاری لاوازییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و زانیاری دەربارەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای ئاشکرا کرد لەوانە ئیسرائیل و کۆریای باشوور و تورکیا. کاردانەوەی حکومەتە جیاوازەکان لە بەرامبەر بڵاوبونەوەی ئەو بڵگەنامانە : لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو یەکێک لە بڵگەنامەکانی بە " بێ بنەما " ناوی برد کە تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆساد، یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە، هانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی داوە دژی پلانەکەی ناتانیاهو بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەری. کۆریای باشور؛ کاربەدەستێکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەیان ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەیە سەبارەت بە بەڵگەنامە دزەکراوەکان و پلانی هەیە لەگەڵ واشنتن تاوتوێی ئەو بابەتانە بکات . یەکێک لە بەڵگەنامەکان وردەکاری گفتوگۆ ناوخۆییەکانی بەرپرسانی باڵای کۆریای باشووری تێدایە سەبارەت بە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سیئۆل بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا . تورکیا؛ یەکێک لە بەڵگەنامەکان بە ناوی "زۆر نهێنی" بە وردی باس لەوە دەکات کە چۆن بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتەکانی ڕوسیا لەگەڵ تورکیا کۆبوونە تەوە بۆ کڕینی چەک لە ئەنقەرە. لەو بارەیەوە باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن ڕەتی کردەوە لێدوان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بدات. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لەو بڵگەنامانە باس لە توانای سەربازی ئۆکرانیا دەکان بەرامبەر ڕوسیا ویەکێک لە بەڵگەنامەکان کە بەرواری 23ی شوبات و نیشانەی "نهێنی"ی لەسەرە، وردەکارییەکانی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس300ی ئۆکرانیا دەخاتەروو، کە بەو رێژەیەی ئێستای بەکاریدەهێنن. ئەو جۆرە زانیارییە وردە پارێزراوانە دەتوانن سوودێکی زۆریان بۆ هێزەکانی رووسیا هەبێت و ئۆکرانیاش رایگەیاندووە کە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمنی ڕلە رۆژی هەینی کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی رێگریکردن لە دزەپێکردنەکان. بڵاوبونەوەی ئەم دۆکۆمێنتانە بە تەواوی پنتاگۆنی توڕەکردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی بڵگەنامەکان دەستی پێکردووەو بابەتەکە ڕەوانەی وەزارەتی داد کراوە. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دەزگاکان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی ئەو دۆکیومێنتانە دەکەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و هەروەها کاریگەرلەسەر هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمەریکا، کە ئەمەش پرۆسەیەکی ستانداردە و بە " هەڵسەنگاندنی زیانەکان " ناسراوە بۆ دزەکردنی زانیاری نهێنی. هاوکات مایکل مۆڵرۆیی، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "لە ئێستادا گرنگی بەو بابەتە دەدرێت، چونکە زۆرێک لەو بەڵگەنامانە تەنها لە دەستی ئەمریکادا بوون". هەروەها دانیێل هۆفمان، ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) وتی بەهۆی چالاکییەکانی پێشووی دەزگا هەواڵگرییەکانی مۆسکۆوە، ئەگەری زۆرە کاربەدەستانی ڕوسیا بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە ئۆکرانیاوە بڵاو بکەنەوە. وتیشی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە "بە مەبەستی چاندنی سەرلێشێواوی،ودروستکردنی ناکۆکییە لەنێوان دوژمنەکانی ڕوسیادا، کردارێکی "کلاسیک"ی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕوسیایە بۆ دزەکردنی بەڵگەنامەی ڕاستەقینە کە تیایدا زانیاری هەڵەیان تێدایە." بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و ئەوانەی بەرپرسی ئیدارەکەن، بەدووری نازانن ئەو کەسانە لایەنگری رووسیابن لەپشت دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان، ئەمەش وەک یەکێک لە پێشێلکارییە ئەمنییە جددیەکان سەیر دەکرێت لەدوای دزەپێکردنی ویکیلیکسەوە لە ساڵی 2013 کە زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامە و ڤیدیۆی لەخۆگرتبوو.
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند کە بەهای راستەقینەی دۆلار لە وڵاتەکە لەگەڵ ئەو نرخانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلێگرام بڵاو دەکرێنە زۆر جیاوزە و بەهای راستەقینەی هەر دۆلارێک 28 هەزار و 500 تمەنە کە نزیکەی 2% بەرزی و نزمیی بەخۆیەوە دەبینێت. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە لێدوانێکدا وتی: بەهای راستەقینەی دۆلار ئەو بەهایانە نییە کە لە تێلێگرام بڵاو دەکرێنەوە. فەرزین وتویەتی: لە ساڵی رابردودا بانکی ناوەندیی زیاتر لە 65 ملیارد دۆلاری رادەستی خەڵک کردوە کە بەهای هەر دۆلارێک نزیکەی 28 هەزار تمەن بوە. لێدوانی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوشەممە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران لە نێوان 50 بۆ 51 هەزار تمەنە.
ژەهراویکردنی خوێندکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و مانگرتن لە شاری سەقز بەڕەێوچو. ئەمڕۆ دوشەممە وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر ژەهراویکردنی خوێندکاران، دوکان و بازاڕەکانی شاری سەقز نەکرانەوە و داوا دەکرێت مانگرتنی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوبچێت. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ خوێندکارانی ژمارەیەک خوێندگەی کچان لە شارەکانی سنە و ورمێ و خۆی ژەهراویبون و بەهۆی تێکچونی دۆخی تەندروستی خوێندکارانەوە ئامبوڵانس رەوانەی ئەو خوێندگەیانە کراون. دوێنی یەکشەممە بەهۆی ژەهراویبونەوە زیاتر لە 50 خوێندکاری شاری سەقز رەوانەی نەخۆشخانەکان کران و ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لێکەوتەوە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كورستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارین بەشێوەی نمەباران لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان هەندێكجار بەشێوەی تاوەباران بروسکە دەبێت، سبهینێش هەندێكجار بەشێوەی تاوەباران و بروسکە دەبێت لەکاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارین بەشێوەی نمەباران لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان، هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران بروسکە هەور دەبێت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بۆ کاتەکانی ئێوارە .پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ تەنها ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرئاوا و پارێزگای دهۆک نزم دەبنەوە بە (4 -5 ) پلە. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی سێشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەبێت لە زۆربەی ناوچەکاندا. پلەی گەرما بە گشتی نزم دەبێتەوە بە (4-5) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 19 پلەى سیلیزى سلێمانی: 20 پلەى سیلیزى دهۆک: 18پلەى سیلیزى کەرکوک: 23 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 23پلەى سیلیزى زاخۆ: 19 پلەى سیلیزى سۆران: 15 پلەى سیلیزى گەرمیان: 26 پلەى سیلیزى
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ رایگەیاند، کاروباری هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ بەردەوامە و ئامانجیانە دوو ملیۆن دەنگ لەو پارێزگایە بەدەست بهێنن. مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی قسەی کرد و وتی، " پارتەکەمان لە ئەستەنبوڵ و ناوچەکانی کە ١٦ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، ٢٥٠ ناوەندی هەڵبژاردنی کردووەتەوە و پلانی هەیە لە ١٩١٧ قۆتابخانەدا، ٦٢ هەزار و ٥٠٠ چاودێر، چوار هەزار کارمەندی سەر سندوقەکان و دوو هەزار پارێزەر دابنێت." ئوستاباش باسی ئەوەی کرد کە ساڵێکە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی هەدەپە بڕیاریدا لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، کاروبارەکانیان خێرا کردووە و لەنێو خەڵکدا کاروبارەکانیان بەباشی بەڕێوە دەچن. مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز دەشڵێت، ئەمڕۆ پێویستە هەموو هێزی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەکار بهێنن و کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکڕەوی ئاکەپە و مەهەپە بهێنن. باسی ئەوەشی کرد کە پارتەکەی پلانی هەدەپە لەسەدا ٢٠ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەست بهێنێت کە دەکاتە ملیۆنێک نیو بۆ دوو ملیۆن دەنگ. ٣٤ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە و لایەنە سیاسیەکان لیستی کاندیدەکانیان رادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کردووە. بەرپرسانی هەدەپە رایدەگەیەنن کە ئامانجیان ئەوەی لانیکەم ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی دوو ئەندامی سوپای پاسداران هەوڵی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەدات. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە یەکەی بۆشایی ئاسمان و هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کەنەداو و دەریای عومان ، ئەوەش وەک تۆڵەیەک بەرامبەر کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دەوروبەری دیمەش لە سوریا. ئەو رۆژنامەیە زانیارییەکانی لە زاری شیکەرەوەیەکی سەربازیی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو کردوەتەوە. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە بەهۆی هێرشەکانی رۆژی هەینی 31ی ئەم مانگەی ئیسرائیل لە دیمەشق دوو ئەندامی ئەو سوپایە بە ناوەکانی میقداد مەهقانی و میلاد حەیدەری کوژراون. بڵاوبونەوەی ئامادەکارییەکانی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) یەکێک لە ژێردەریاییەکانی وڵاتەکەی بە ئامانجی بەرنگاربونەوەی هێرشەکانی ئێران لە سوریا رەوانەی کەنداو کردوە.
