ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازیی لە سنوری وڵاتەکەی لەگەل ئێران دەست پێکرد و سوپای وڵاتەکەش رایگەیاند ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشی کتوپڕ. وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی مانۆڕ و مەشقی سەربازیی لە هەرێمی نەخجەوان و لە نزیک سنورەکانی ئێران-ی بڵاو کردەوە. وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کردوە؛ هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان و قەڵغانی موشەکی و ئاسمانیی سوپا بە ئامانجی بەرنگاربونەوەی هێرشی نەخوازراو، مەشق و راهێنانیان لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سەربازیی دەست پێکردوە. لە مانۆڕەکەدا سەرجەم قەڵغانە دژە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکان لەو سنورانە تاقی دەکرێنەوە و ئاستی ئامادەیی بەرگریی ئاسمانی و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان تاقی کراونەتەوە. لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم مانۆڕی سەربازیی ئازەربایجانە کە لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ئەنجامی داوە و مانۆڕەکەی پێشویی وڵاتەکە لە سنورە ئاوییەکانی دەریای قەزوێن بوە. کۆماریی ئیسلامی ئێران، وڵاتی ئازەبایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ تەلئەبیب هەیە و ئیسرائیل لە رێگەی خاکی ئازەربایجانەوە چەند جارێک هێرشی کردوەتە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان و پلانی هێرشی دیکەشی لە خاکی ئەو وڵاتەوە هەیە.
هاوڵاتی-دهۆك ساڵانە لەوەرزی بەهاردا رنین و هێنانی گیا بەهارییەكان و فرۆشتنیان لەبازاڕدا سەرچاوەیەكی دارایی بوو بۆ هاووڵاتیانی دەوروبەری قەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆك، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زیادبوونی بنكە سەربازییەكانی توركیاو مەترسی بۆردومان و تۆپبارانی توركیا لەو سنورە خەڵك نەیتوانیوە روو لەچیاكانی ناوچەكە بكات بۆ هێنانی گیا بەهارە، خەڵكی ناوچەكەش خۆیان دەڵێن: دەرفەتی كار لەسنورەكەمان زۆر كەمە، هێنانی گیا بەهارییەكان ساڵانە سەرچاوەیەكی باش بوو بۆ ئێمە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەشمان لێ قەدەغەكراوە. سەعید عەبدوڵا خەڵكی ناحیەی (شیلادزێ)یە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:"لەسنوری قەزای ئامێدی زیاتر لە15جور گیای بەهارە هەن، سترك، چوورین، دوو جۆر كاردی، لیش، رێواس، قارچك، ترشۆك، هنگەدان، شێركێت و زۆر جۆری تر، ئەمساڵ خراپترین ساڵە بۆ ئەوانەی دەچنە رنینی گیای بەهارە چونكە بەهۆی زیادكردنی بنكەو بارەگاكانی سوپای توركیاو شەڕی بەردەوامی توركیا لەگەڵ پەكەكە دەتوانم بڵێم بێبەش بووین لەگیای بەهارە، پارساڵ تا ئەم كاتە زیاتر لە10جار سەردانی شاخ و دۆڵەكانی دەوروبەری شێلادزی و ئامێدی-مان دەكرد بۆ گیای بەهارە، بەلایەنی كەم هەریەكەو رۆژانە 40 بۆ 70هەزار دینار قازانجمان دەكرد ئەمساڵ ئەوە نەماوە، سوپای توركیا رێگانادات سەردانی هیچ شوێنێك بكەین كەئێمە بمانەوێت، لەلایەكی تریش دەترسین فرۆكە بۆردومانی ناوچەكە بكات و ببینە قوربانی". وتیشی:"سەدان خێزان لەشیلادزێ و ئامێدی هەیە كەهیچ مووچەیەكیان نیەو دەرفەتی كاریان زۆر كەمە، ساڵانە چاوەڕێی ئەم وەرزە دەكەن تا لەڕێگای فرۆشتنی گیا بەهارییەكان بڕێك پارە بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، بەڵام ئەمساڵ ئەوەشمان لێ قەدەغەكراوە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەمساڵ گیای بەهارە لەبازاڕەكانی كوردستان رێژەكەی كەم بێت و نرخەكانیشیان گرانە بەراورد بەپارساڵ". هاوكات رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ سەر بەقەزای ئامێدی بەهاوڵاتی راگەیاند:"بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان چەند شوێنێك لەسنوری ناحیەی شیلادزێ و قەزای ئامێدی بەگشتی قەدەغەكراون خەڵك سەردانیان بكات، چونكە مەترسی بۆردومان و شەڕ هەیە لەنێوان هێزەكانی پەكەكەو توركیا، هەركەسێك بچێتە ئەو شوێنانە هێزە ئەمنییەكان رێگەیان پێنادەن ئەوەش تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئەوانە، چونكە هیچ گرەنتی نیە هیچ كەسێك بچێتە ئەو شوێنانەو بەسەلامەتی بگەڕێتەوە". "لەماوەی 10ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 40 كەس لەسنوری قەزای ئامێدی بەهۆی بۆردومان و شەری توركیاو پەكەكە شەهیدكراون، هەموو كاتێك ئێمە ئامۆژگاری خەڵكی خۆمان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك بۆ 50 تا 100هەزار دینارێك گیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە. لەسنوری ناحیەی شیلادزێ 92 گوند هەن، بەشی زۆریان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكە، هەركەسێك ناوچەكەی ئێمە بەچاوی خۆی نەبینێت نازانێت دۆخەكەی چۆنە"رزگار عوبێد وای وت. موحسین نەزیر، خەڵكی كۆمەڵگای سیرێی سەر بەناحیەی شیلادزێ-یە بەهاوڵاتی وت: " پارساڵ رۆژانە سەردانی شاخ و دوڵەكانی دەوروبەری خۆمان دەكرد بۆ گیای بەهارە بەلایەنی كەمی رۆژانە 50 بۆ 100 هەزار دینارمان دەستدەكەوت، بەڵام ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەك نەچوومەتە چیاو شاخەكان و ئەوەش وایكردووە لەئێستادا هەندێك جۆری گیا زۆر كەم بێت لەبازاڕدا، ئەگەر هەشبێت هی ناوچەكانی دەشتاییە ئەویش تامەكەی وەكو ئەوەی چیا خۆش نیە رەنگە نرخیشی گرانتر بێت".
ئازەربایجان چوار دیپلۆماتکاری کۆماری ئیسلامی لە باکو دوردەخاتەوە و هۆشداریی دەداتە باڵیۆزی ئێران. وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند؛ عەباس موسەوی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە باکۆ بانهگێشت کراوە و هۆشداریی داروە لەسەر کاریگەریی خراپی دەسەڵاتی تاران لە وڵاتەکە. لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ چوار کارمەندی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە باکو-ی پایتەختی ئازەربایجان بەهۆی کاریگەریی خراپیان لە وڵاتەکەدا دورخراونەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان جەختی لەوە کردوەتەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی رابردودا کاریگەریی خراپی لەسەر ئەو وڵاتە هەبوە بۆیە هۆشداریی دراوەتە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە باکو. هەفتەی رابردو وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد هەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکراون و بە گشتی و لە دوو مانگدا نزیکەی 50 سیخوڕی دەسەڵاتی تاران لە ئازەربایجان دەستگیر کراون. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان زیادی کردوە و ناکۆکییەکانیش بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە رۆژی هەینی (27/1/2023)لە تاران توندیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە ئەو وڵاتە باڵیۆزخانەکەی بە تەواوەتی داخست و رایگەیاند؛ تەنها کۆنسوڵخانەکەی لە شاری تەبرێز ئەرک و کارەکانی نێوان باکو و تاران جێبەجێ دەکات.
هاوڵاتی سەرچاوەیەک ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا هێشتا دەستپێنەکردووەتەوە بەوهۆیەشەوە چەندین کێڵگەی نەوتی بە داخراوی ماونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی کەیسێکی دیکەی پەیوەست ڕێککەوتننامەکەی بۆرییەکانی ساڵی 1973 ەوە تا ئێستا کراوەیە و تورکیا دەیەوێت ئەو کەیسە چارەسەر بکرێت پێش کردنەوەی بۆرییەکان بکاتەوە. سەرچاوەیەکی ئاشنا بە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێم بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت کە،"کارپێکەرانی بۆرییەکان هێشتا هیچ ڕێنماییەکیان پێنەگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان." سەرچاوەیەکی دیکەش بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە، "عێراق هێشتا چاوەڕێی وەڵامێکە لە تورکیاوە". ڕۆیتەرزبڵاویکردەوە لە ئێستادا کەیسێکی دیکەی پەیوەست ڕێککەوتننامەکەی بۆرییەکانی ساڵی 1973 ەوە تا ئێستا کراوەیە و تورکیا دەیەوێت ئەو کەیسە چارەسەر بکرێت پێش کردنەوەی بۆرییەکان، ئەمەش کۆمپانیاکانی نەوتی لە ناوچەکە ناچار کردووە بەرهەمهێنان لە چەند کێڵگەیەکدا ڕابگرن یان کەم بکەنەوە لە کاتێکدا کۆگاکانی عەمبارکردن بەرەو پڕبوون دەچن. تورکیا هاوردەکردنی نزیکەی 450 هەزار بەرمیلی لەڕۆژێکدا لە هەرێمی کوردستانەوە ڕاگرت، کە دەکاتە 0.5٪ ی دابینکردنی نەوتی جیهانی، لەڕێگەی بۆری نەوت لە لەکێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری سییهانی تورکیا لە25ی ئازاردا . دوای ئەوەی عێراق لە دادگای پاریس دۆسییەیەکی لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە تورکیاوە بردەوە کە عێراق تورکیای تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ساڵی 1973 بە ڕێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا لە نێوان ساڵانی 2014 و 2018. هەروەها حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتنێکی کاتییان واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، کە هیوایان وابوو هەناردەکردنی نەوت لەو ڕۆژەدا دەستپێبکاتەوە.
هاوڵاتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەلبانیا و ماڵتا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چونە دەرەوە و پەخشی ئینتەرنێتی کۆبونەوەکەیان ڕاگرت دوای ئەوەی نوێنەری ڕوسیا سەبارەت بە گواستنەوەی منداڵان لە ناوچەکانی جەنگ دەستی کرد بە قسەکردن . ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەڕیتانیا و ئەمەریکا ڕێگەیان لەوکۆبوونەوە نافەڕمییە گرت کە پەخشبکرێت ودیپلۆماتکارەکانی ئەو چوار وڵاتە ژووری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەجێهێشت کە گفتوگۆکەی تێدا بەڕێوەچوو دوای ئەوەی کۆمیسیاری ڕوسیا ماریا لۆڤا-بێلۆڤا دەستی کرد بە قسەکردن لەسەر "دەرکردنی منداڵان لە ناوچەکانی شەڕ". سەبارەت بە هەڵوێستەکەیان،باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا لەگەڵ بەڕیتانیادا بووە بۆ ڕاگرتنی پەخشی ئینتەرنێتو گواستنەوەی ئەو کۆبونەوەیە "بۆ ئەوەی لۆڤا-بێلۆڤا نەتوانێن لە پەخشێکی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زانیاری هەڵە بڵاوبکاتەوە و بەرگری لە کردەوە ترسناکەکانی بکات لە ئۆکرانیا." جێگەیباسە مۆسکۆ نایشارێتەوە کە هەزاران منداڵی ئۆکرانی هێناوەتە ڕوسیا، بەڵام وەک هەڵمەتێکی مرۆیی بۆ پاراستنی هەتیوان و منداڵانی جێهێڵراو لە ناوچەی جەنگدا باسی دەکات. لۆڤا بێلۆڤا لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان باسیلەوەشکرد، لە شوباتی 2022 ەوە نزیکەی 5 ملیۆن ئۆکرانی، لەنێویاندا 700 هەزار منداڵ، گەشتیان کردووە بۆ ڕوسیا. وتیشی نزیکەی 2 هەزار منداڵ لە هەتیوخانەکان بوون و سەربازەکان گواستویانەتەوە، هاوکات نزیکەی 1300 لەو منداڵانە لەو کاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئۆکرانیا، لە کاتێکدا 400 منداڵ ئێستا لە هەتیوخانەکانی ڕوسیان و 358 منداڵیش لە ماڵە بەخێوکەرەکانی ڕوسیا دانراون. دوای ئەوەی لۆڤا-بێلۆڤا قسەکانی تەواو کرد دیپلۆماتی بەریتانی ئەسیما غازی-بویلۆن گەڕایەوە ژوری کۆبونەوەکان و ڕایگەیاند، "ڕوسیا ده ڵێت ئه و منداڵانه ده پارێزێت ، بەڵام ئەمە سیاسەتێکی ترسناکە کە لە ڕێگەیەوە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و دەوڵەتی ئۆکرانیا دەدات." هاوکات مانگی ڕابردوو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی دژی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و لڤۆڤا بێلۆڤا دەرکرد کە تۆمەتباریان دەکەن بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی منداڵان لە ئۆکرانیاوە دەگوازنەوە بۆ ڕوسیا لەو کاتەوەی ڕوسیا لە 24 ی مانگی دووی ساڵی 2022 داگیرکاری دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد و مۆسکۆش لەو بارەیەوە گوتی فەرمانەکان لە ڕووی یاساییەوە پووچەڵن چونکە ڕوسیا واژۆی ئەو پەیماننامەیە ناکات کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر دامەزراوە. هەر سەبارەت بە کۆبونەوەکە باڵیۆزی ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی وت کۆبوونەوە نافەرمییەکە زۆر پێش ڕاگەیاندنی دادگای نێودەوڵەتی پلانی بۆ دانراوە و مەبەست لێی ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە نییە کە لە دژی پوتن و لڤۆڤا-بێلۆڤا ئەنجام دراوە. دیپلۆماتکاران دەڵێن زۆر دەگمەنە کە پەخشی ئینتەرنێتی نەتەوە یەکگرتووەکان بلۆک بکرێت. بەڵام مانگی ڕابردوش چین ڕێگەی لە کۆبوونەوەی نافەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆریای باکوور.
بەگوێرەی راپرسی کۆمپانیای یۆنەیلەمی تورک، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا هیچ کاندیدێک ناتوانێت دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام لە خولی دووەمدا ئەردۆغان شکست دەهێنێت. کۆمپانیای یۆنەیلەمی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان ئەنجامی راپرسیەکی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ئەنجامی راپرسیەکە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەردەکەوێت. بەگوێرەی راپرسیەکە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بەم شێوەیەیە؛ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل ٤٦.٤٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤١.٦٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٩.١٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئەتا ٢.٩٪ دەنگی کاندیدەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل ٥٥.١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤١.٩٪ لە راپرسیەکەدا هەروەها رێژەی دەنگی پارتە سیاسیەکانیش دیاری کراوە کە بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٥٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٧.٦٪ پارتی دیموکراتی گەلان (پارتی چەپی سەوز) ٩.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ٦.٣٪ پارتی مەملەکەت (مەپە) ٤.٥٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ٣.٣٪ پارتی رەفاحی نوێ ١.١٪ پارتی سەرکەوتن ١.٠٪ پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) ٠.٩٪
قەیرانی کەمیی دراوی دۆلار رو لە ئێران دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت زیاتر لە 20 ملیارد دۆلار بەدەست خەڵکی وڵاتەکەوەیە و بەهۆی ترس لە دابەزینی بەهای تمەن نایفرۆشن. بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ فرۆشی بڕی دراوی دۆلاری بۆ هەرکەسێک لە پێنج هەزار یۆرۆ بۆ دوو هەزار یۆرۆ کەم کردوەتەوەوە و داوا لە خەڵکیش دەکات دۆلارەکانیان لە بانکەکان دانێن و سەرەڕای سودەکەی هەر کاتێک بیانەوێت دۆلاریان رادەست دەکرێتەوە. بانکی ناوەندیی بە بێ ئەوەی هۆکاری بڕیارەکەی بۆ وەرگرتنی دراوی یۆرۆ و دۆلار ئاشکرا بکات جەختی لەوە کردوەتەوە بانکەکان دەتوانن دراوی دۆلار و یۆرۆ لە دانیشتوانی وڵاتەکە وەرگرن و سودەکەی بە تمەن ئەژمار بکەن و دواتری پارەکانیشیان لەسەر خواستی خۆیان بە دۆلار وەرگرنەوە. ئەو بڕیارە بانکی ناوەندیی گومانی ئەوەی دروست کردوە کە دراوی دۆلار لەو بانکە کەمی کردوە و ئەوەش ژۆکار بوە کە داوا لە خەڵک بکرێت دراوی دۆلار و یۆرۆ بخەنە بانکەکانەوە لە کاتێکدا پێشتر بانکەکانی ئێران تەنها کاریان بە دراوی تمەن دەکرد و مامەڵەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە تەنها بە دراوی تمەن لە بانکەکاندا دەکرا. لە لایەکی دیکەوە محەمەد پورئیبراهیمی، سەرۆکی دەستەی ئابوریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ لە ئێستادا لانیکەم 20 ملیارد دۆلار دراوی دۆلار بەدەست خەڵکی وڵاتەکەوەیە کە مامەڵەی پێناکرێت و ئەگەر ئەو دۆلارانە رادەستی بانکەکان بکرێت سود بە ئابوریی وڵاتەکە دەگەیەنێت. دوای ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندیی ئێران جارێکی دیکە دۆلار دەستی بە بەرزبونەوە کردوە و هەر دۆلارێک لە 50 هەزار تمەنەوە بۆ 51 هەزار تمەن تا کاتژمێر 1:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان بەرز بوەوە و بەرزبونەوەکەش بەردەوامە.
جەنگیز چاندار ئەکادیمی، رۆژنامەنووس و نووسەری بەناوبانگی تورکیا، دەبێتە کاندیدی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، داوای لە جەنگیز چاندار کردبوو کە لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کاندید بکات. چاندار رایگەیاند، شانازی بە پیشنیازەکە دەکای و وتی، " زیاتر لە نیوەی ژیانی خۆم بۆ یەکسانی و ئازادی تورک و کورد و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد تەرخان کرد. زۆر دڵخۆشم کە هەموو هێز و ئەزمونم لەپێناو گەلەکەماندا بەکار بهێنم. ئێمە لە سەردەمێکی مێژووییداین. ئامانجمان تورکیایەکی دیموکراتە و پێکەوە سەردەکەوین. نوسەر و رۆژنامەنوسی و ئەکادیمی جەنگیز چاندار، لە ساڵی ١٩٤٨ لە ئەنقەرە لەدایک بووە و ساڵی ١٩٧٠ زانکۆی ئەنقەرە بەشی زانستە سیاسیەکانی تەواو کردووە. لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩١ و ١٩٩٣دا راوێژکاری تایبەتی تورگوت ئوزاڵ سەرۆککۆماری ئەو کاتەی تورکیا بوو و رۆڵێکی گرنگی لە پەیوەندیەکانی نێوان ئوزاڵ و کورددا گێڕاوە. لە ئەیلولی ٢٠٢١دا کتێبێکی لەسەر پرسی کورد بە ئینگلیزی دەرکرد. چاندار زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فەڕەنسی دەزانێت و لەم دواییانەشدا وانەی کوردیشی وەرگرتووە.
هاوڵاتی بۆ یەکەمین جار دوای حەوت ساڵ، ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لە چین کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشیان، هەردوو وەزیر رێککەوتوون دەست بە کردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان لە وڵاتەکانی یەکدی بکەنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیشیان دەستپێبکەنەوە. بهپێی تۆڕی ههواڵی سکای نیوز، سعودیە و ئێران له بەیاننامەیەکی هاوبهشدا رێككهوتنیان لهسهر دەستپێکردنەوەی سەردانی هاوبەشی بەرپرسان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت بۆ ههردو وڵات راگهیاندوه، هاوكات رێككهوتون لهسهر ئهنجامدانی رێكارهكان بۆ كردنهوهی كونسوڵخانه و باڵیۆزخانه له تاران و ریاز. لە ١٠ی مانگی ئاداری رابردوودا، سعوودیە و ئێران ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان راگەیاند، ھەروەھا بڕیاریاندا کە لە میانی دوو مانگدا، دووبارە باڵیۆزخانەکانیان لە تاران و ریاز بکەنەوە. رێككهوتنهكهی نێوان سعودیه و ئێران دوای كۆبونهوهی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە و حوسێن ئەمیر عەبدوللههیان، وهزیری دهرهوهی ئێران دێت له چین، كه یهكهمین كۆبونهوهی ئاست باڵای نێوان ههردو وڵاته له ماوهی زیاتر حهوت ساڵی رابردودا. لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە 10ـی ئادار کراوە، ئێرانی زۆرینە شيعە مەزهەب و سعودیەی زۆرینە سوننەمەزهەب باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانیان لە ماوەی دوو مانگدا دەکەنەوە و چەند رێککەوتنێکی ئەمنی و ئابووری جێبەجێدەکەن کە زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر واژۆیان لەسەرکرابوو. لێکنزیکبوونەوەی سعودیەی گەورەترین هەناردەکاری نەوت و ئێرانێک کە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتانی رۆژئاوای لەخۆی تووڕە کردووە، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت کاریگەری و گۆڕانکاری بۆ سەر تەواوی ناوچەکە بەدوای خۆیدا بێنێت، ناوچەیەک کە چەندین دەیەیە گیرۆدەی گرژی و سەنگەرلەیەکگرتن بووە. تێکچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای ئەوە هات ، سعوودیە لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا بەتۆمەتی "تیرۆر" ٤٧ کەسی لەسێدارەدا لەنێویاندا کەسایەتی ئایینی شیعە، نەمر ئەلنەمر، ئێران کاردانەوەی توندی نیشان دا و خۆپیشاندەران، باڵیۆزخانەی سعوودیەیان لە تاران و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەیان لە مەشھەد سووتاند. دوای ئەو رووداوانە، سعوودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند.
نیگار عومەر شوێنی نیشتەجێبوون و زەوی و خانوبەرە لەقەزای كەلار نرخی پێوانەیی تۆماردەكات و زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلار، شوقەی نیشتەجێبوون هەیە نرخەكەی دەگاتە نزیەی 350 هەزار دۆلار. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەقەزای كەلاردا نزیكەی 10هەزار یەكەی نیشەجێبوون دروستكراوە سەرەڕای ئەمە نرخی یەكەكان و زەوی لەقەزاكەدا بەبەرزی ماوەتەوەو هەندێك كات بەگوێرەی بازاڕی قەزاكە دەگۆڕێت و زۆر لەو نرخە زیاتر دەبێت. هەندێك لەشارەزایان پێیان وایە هۆكاری گرانبوونی زەوی یەكەی نیشەجێبوون دەگەڕێتەوە بۆ هەڵكەوتەی جوگرافیای ناوچەكە، كە بەیەك لەشارە ستراتیژی و بازرگانییەكان دادەنرێت لەعێرقدا. پسپۆرێكی ئابوری ئاماژە بەوەدەكات گەر ئیدارەی ناوچەكە لەدەستێكی شارەزادا بێت كەلار دەبێتە گەورەترین شاری بازرگانی لەعێرقدا. فەرهاد جیهاد خاوەن نوسینگەی فرۆشتنی خانوبەرە لەقەزای كەلار بۆ هاوڵاتی وتی:» ئەو یەكانەی كە دروستدەكرێن لەقەزای كەلاردا هەندێكیان نرخەكانیان دەگاتە 350 هەزار دۆلار، كە بەزمانی خەڵك واتە 35 دەفتەر دۆلار، نرخی پارچە زەویەكی دووسەد مەتری لەهەندێ شوێنی نایابدا زیاتر دەبێت لەدوو ملیۆن دۆلارو خەڵكی ناوچەكە بەگوێرەی ئەو كارەی كەدەیكات چ قازانێكی دەستبكەوێت دەیدات بەزەوی یاخود خانوو، هیچ شوێنێكی ئەمین نیە تابتوانیت پارەكەی تێدا دابنێت». ئەوەشی وت،» من پێم وایە ئەو یەكانەی كە دروستكراون یان كاركردن تێیدا بەردەوامە سودێكی ئەوتۆی بۆ ناوچەكە نابێت پارەیەكی زۆری كاشی ناوچەكە دەباتە دەرەوەو نرخەكانی زۆر گرانەو خەڵكی ئاسایی ناتوانێ بیانكڕێت بۆیە كۆمەڵێک پارەدار كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكەن». وتیشی:» تەنانەت زۆربەی كرێكاری كۆمپانیاكان بیانین و سودی بۆ ناوچەكە نیە یاخود مەوادەكەی لەدەرەوە دێنن، داوادەكەین خەڵك هۆشیار بێت لەكڕینی هەر یەكەیەكدا رەنگە گرانی نرخی یەكەكان لەداهاتوودا دەربكەوێت كەخەڵكی ناوچەكە دەكەوێتە ژێر چ باری قەرزێكەوە كە بەشێكی زۆری خەڵكە ئاساییەكە ناتوانێت بیداتەوە». هاوكات مەریوان حەسەن، كەئەویش خاوەنی نوسینگەی خانوبەرەیە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:» بەڵی زەوی هەیە نرخی یەك مەتری دەگاتە 10 هەزار دۆلارو گرانی نرخی زەوی و خانووش لەكەلاردا بەگوێرەی شوێنەكان دەگوڕێت، لەهەندێ شوێنی كەلاردا هەیە پارچە زەوییەكی 200 مەتری لەشوێنێكی ئاساییدا نرخی چوار بۆ هەشت دەفتەر دۆلار دەبێت و هەرچەندە لەئێستادا لەبازاڕدا خستنەڕوو زیاترە تاوەك كڕین ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كەبەشێكی پەیوەندی بەبەرزی نرخی دۆلارەوە هەیە بەرامبەر دینار». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: گەڕەكەكانی شەهیدان و فەرمانبەران «حەی موەزەفین» یەكێكیك لەو شوێنانەی كەنرخی زەویەكانی گرانترینن لەهەموو شوێنەكانی دیكە، تەنانەت بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە یەكێكە لەهەرە هۆكارە دیارەكانی ناوچەكە بۆ نموونە ئێستا نرخ لەناوچەكانی دیالە وك بەعقوبە زۆر گران بووە لەبەرئەوە بارودۆخی ئەمنی ئەوێ باشترە وەك لەپێشوو، لەڕابردوودا دروستبوونی نائارامی لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هۆكاربوو بۆ ئەوەی خەڵك رووبكاتە شاری كەلارو ئەمەش ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لەناوچەكە». سەبارەت بە بەرزی نرخی خانووبەرە لەقەزای كەلار بەقەزاكانی تر، موشیر عارف پسپۆڕی ئابوری بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» كەلار هەڵكەوتەی جوگرافیەكەی وایكردووە ببێتە شوێنێكی ستراتیجی گرنگ لەناوچەكەدا، رێگای نێوان پارێزگاكانی خوارووی عێراق بەهەرێمەوە دەبستێتەوە، بەم پێیەش ئێستا شوێنێكی بازرگانی گرنگە لەعێراقداو تادێت ژمارەی دانیشتوانی زیاددەكات و هەڵكەوتەكەی شوێنەكەی وایە توانای گەورەبوونی خێرای هەیە». «لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فراوانبوون و گەورەبوونە سودێكی ئەوتۆی بۆ هەمووان نەبووە چونكە دەرگای فراوان بۆ هەموو خەڵك نەكراوەتەوە تاخەڵك ئازادبێت لەوەبەرهێنانداو وەبەرهێنان كەمبووەو كەمتر رێگە دراوە خەڵكی ئاسایی سودی لێوەبگرێت، ئەگەر ئەمە لەدەستی شارەزادا بوایە، كەلار دەبوە گەورەترین شوێنی بازرگانی لەعێراقداو نرخی زەوی هەندێ كات وای لێدێت لەجیهاندا گرانتر دەبێت». «گەورەبوونی ئەم شارە پێویستی بەكەسانێكی شارەزایە تابتوانرێت بكرێت بەناوەندێكی دیار لەجیهانداو پێویستە وەبەرهێنان كاری لەسەربكرێت كەهەموو خەڵكێك سودی لێ ببینێت نەك كۆمەڵێك خەڵك، چونكە سەرەڕای زۆری یەكەكان بەڵام خەڵكێكی كەم توانیویەتی سودی لێ ببینێت چونكە نرخەكانیان گرانە»، موشیر عارف وای وت. هەروەها هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت:» لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 10هەزار یەكەی نیشتەجێبوونمان دروستكردووە یان لەقۆناغی دروستكردندان، كە هەریەكە لەپیشەوران و مامۆستایان و فەرمانبەران و پارێزەران و هێزە ئەمنییەكان سودیان لێوەردەگرن، لەداهاتوشدا یەكەی دیكە دروستدەكرێت بۆ كەمدەرامەتان كەنزیكەی هەزارو 500یەكە دەبێت لەشێوەی شوقە دروستدەكرێت بۆ كەمدەرامەتان». هونەر مەحمود بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەم یەكانە هەندێكیان تەواوبوونە و هەندێكی دیكەیان لەدروستكردندان و كاریان تێدادەكرێت، لەساڵی داهاتوودا دوو هەزار یەكە تەواو دەبێت و بەتەوابوونی هەموو یەكەكان رۆڵی باشی دەبێت لە كەمكردنەوەی كرێنشینیدا». وتیشی: هەندێك خانوو یان ڤێلا هەیە لەنێو یەكەكانی نیشتەجێبووندا نرخەكەی تا 300 هەزار دۆلارو زیاتریش دەڕوات، چونكە ئەمە واریدە كەخانوویەك یان ڤێلایەك تایبەت بێت و نرخەكەی بەو شێوەیە بەرز بێت، بەهەمان شێوە پارچە زەوی هەیە كەبكرێت بەپرۆژەی بازرگانی لەناوەڕاستی كەلاردا نرخی 200 مەتری 2 ملیۆن دۆلار بێت ، هۆكارەكەشی ئەوەیە لەلایەن حكومەتەوە لەم چەندساڵەی رابردوودا زەوی دابەشنەكراوە، یان بەهۆی زۆری جوڵەی بازرگانی لەسنورەكەدا و بوونی ئیشوكاری بازرگانی وایكردووە نرخەكان بەو شێوەیە بێت».
هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی لایە كەپێشوەختە پارەی وەرگرتووەو پێویستە نەوتی خاویان پێبدات. بەشێك لەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكان لەڕاپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلیۆیت ئاماژەی پێكراوە كەپێویستە حكومەتی هەرێم بیداتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كەزیاتر لە 9 ساڵە نەوتی خاو بەشێوەی سەربەخۆ دەفرۆشێت، بەڵام قەرزەكانی 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو وەك كورد دەڵێت قازانج سەری مایەی خوارد، ئایا هەرێم نەوتی كڕیوە یان فرۆشتوویەتی؟ حكومەتی هەرێم نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی لایە كەپێشوەختە پارەی وەرگرتووەو پێویستە نەوتی خاویان پێبدات، بەڵام بۆ لەمەودوا بەغداد بەرپرسیاری سەرەكی نەوتی هەرێم دەبێت و هەرێم ناتوانێت پێشەكی پارە وەربگرێت و نەوتی خاو بدات. هەروەها بەشێك لەقەرزەكان شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكان و ئەو كۆمپانیایانەیە كە بۆری نەوتەكەیان لەهەرێم كڕیوە. دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئادار، لەپاش دادگایی ناوبژیوانی لەپاریس كە لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا، كێشەی گەورەی بەردەم حكومەتی هەرێم ئەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكانە كە لەسەری كەڵەكە بووەو هێشتا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانیش روون نەبووەتەوە ئەو پارانەی پێشەكی وەرگیراون چووەتە گیرفانی حكومەت یان گیرفانی خەڵكی دیكەوە. قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە كە سێ ملیارو 350 ملیۆن دۆلاری شایستەی دارایی كۆمپانیاكانەو ئەوی دیكەشی كرێی بۆری نەوتی هەرێم و سودی قەرزەكانە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی رابردوودا یەك ملیارو 833 ملیۆن دۆلاری داوە بەكۆمپانیا نەوتییەكان كە یەك ملیارو 115 ملیۆن دۆلاری قەرزی راستەقینەی كۆمپانیا نەوتییەكان بووەو 700 ملیۆن دۆلاریشی سودی قەرزی كەڵەكەبوو بووە. لەكۆتایی ساڵی رابردوو، بێجگە لەو سێ ملیارو 350 ملیۆن دۆلارەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان، بڕی 160 ملیۆن دۆلاری كرێی بۆری نەوتی كوردستانیش هاتووەتە سەر قەرزەكانی حكومەتی هەرێم. كۆمپانیای ترافیگۆرا، لەناوەڕاستی مانگی یەكی ئەمساڵ لەكڕینی نەوتی هەرێم كشایەوەو بڕی 273 ملیۆن دۆلاری لای حكومەتی هەرێمە كە پارەی پێشەكی كڕینی نەوتی هەرێمە. هاوكات كۆمپانیای پێترۆكۆو ڤیتۆڵ نزیكەی ملیارێك دۆلاریان خستووەتە سەر ئەژماری حكومەتی هەرێم وەك پارەی پێشەكی كڕینی نەوت كە تاكۆتایی مانگی ئایار نەوتی هەرێمیان كڕیوە. حكومەتی هەرێم جگە لەكرێی بۆری سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیكەی چوار ملیارو 800 ملیۆن دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانی نەوتەو بەپارەی كرێی بۆری نەوت گواستنەوە دەگاتە پێنج ملیار دۆلار. تانیوەڕۆی رۆژی 25ی ئادار حكومەتی هەرێم لەبەندەری جەیهانەوە نەوتی رادەستی كڕیارەكان كردووە كە 9 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیلی فرۆشتووەو هەر بەرمیلێكی بەتێكڕا بە 57 دۆلار فرۆشتووە كەدەكاتە 555 ملیۆن دۆلار.
ئیران لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوا دەکات رێگریی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا بکرێت و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی وەڵامدانەوە لە تەلئەبیب دەکات. ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەسەڵاتی سوریا بوەتە هۆی کوشتنی دوو راوێژکاری سەربازیی ئێران لەو وڵاتە. بە وتەی ئەو بەرپرسە کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل بە هێرشەکانی لە سوریا یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە و زیانی زۆری بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندوە و لەگەڵ ئەوانەشدا دوو راوێژکاری سەربازیی ئێران کە لەسەر داوای دەسەڵاتی دیمەشق لە سوریا بون کوژراون. لە کۆتایی نامەکەی ئیرەوانی بۆ گۆتیرێس جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی هەیە کە دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە راوێژکاران و ئەندامانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا. سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی رۆژی هەینی 31ی ئەم مانگەی ئیسرائیل لە دیمەشق دوو ئەندامی ئەو سوپایە بە ناوەکانی میقداد مەهقانی و میلاد حەیدەری کوژراون.
ئەمشەو کچان و کوڕانی گەنج لە چەند ناوچەیەکی تاران-ی پایتەختی ئێران بە رێپێوان و خۆپیشاندان دروشمیان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وتەوە. هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبونی حەمیدڕەزا روحی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، شەوی چوارشەممە لە تاران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک گەنج و خۆپیشاندەریان لە گەڕەکی (شاری زیبا) لە تاران و لە بەردەم ماڵی خانەوادەی حەمیدڕەزا روحی دەستگیر کردوە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی زۆر لە کچان و کوڕانی گەنج بەشدارییان لە یادی لەدایکبونی روحی کردوە و دواتر بە رێپێوان و خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
گەرمبونی و پیسبونی ژینگە لە ئێران پێنج هێندەی وڵاتانی دیکەی جیهان قوربانیی لێدەکەوێتەوە. گۆڤاری (لێنست) بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی گەرمبون و پیسبونی ژینگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ژمارەی مردن 10 بۆ 60 هێندە بەرز دەبێتەوە و ئێران دۆخی لە هەمو وڵاتانی ناوچەکە خراپتر دەبێت. بە پێی توێژینەوەیەکی گۆڤارەکە؛ بەهۆی گەرما و پیسبونی ژینگەوە ئاستی مردن لە ئێران پێنج هێندەی ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەبێتەوە و لە هەر 100 هەزار کەس دانیشتوی وڵاتە 11 کەس بەو دوو هۆکارە گیانیان لەدەست دەدەن. لە توێژینەکەدا ئاماژەوە بەوە کراوە کە گەرما و پیسبونی ژینگە لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی مەرگی زیاتر لە دوو کەس لە هەر 100 هەزار کەسی دانیشتوی ئەو ناوچانە. رێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن لە ئێران ساڵانە دەگاتە 750 ملیۆن تۆن کە ئەوەش هاوتای ئەڵمانیایە کە ئابورییەکەی 12 هێندەی ئەو وڵاتەیە. هەر لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتوە ئێران لە روی ژینگەییەوە بە مەترسیدارترین ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرێت.
هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لەبەرەبەیانی 27ی مانگی ئازاری رابووردوو دوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان (پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان) بڕیاریدا لەدوای 18 ساڵ و بۆ جارێكی تر لەشاری كەركوك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت كە بەهۆی دۆخی تایبەتی كەركوكەوە لەو ماوەیەدا هیچ هەڵبژاردنێكی تیادا ئەنجامنەدراوە، ئەمە لەكاتێكدا عەرەبەكان پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن و توركمانەكانیش رەتیناكەنەوەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش یاساكە بەدەستكەوت دەزانێت چونكە هیچ عەرەبێكی هاوردە ناتوانێت لەكەركوك دەنگبدات و یەكێتیش لایەنێكی سیاسی تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحییەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركوك كردووە. شاری كەركوك كە لەساڵی 2003ەوە بەدەست كوردەوە ئیدارە دەدراو پارێزگارەكەی كورد بووە، لەدوای ساڵی 2017شەوە حكومەتی عێراقی ئیدارەی شارەكەی بەدەستەوەیەو پارێزگاكەی بەوەكالەت لەلایەن عەرەبێكەوە بەڕێوەدەبرێت، دانیشتوانەكەی نزیكەی 1 ملیۆن و 600 هەزار كەس دەبێت، كەزۆرینەی كوردو بەشێكیشی پێكهاتەی عەرەب و توركمان و چەند نەتەوەیەكی دیكەی تیادایە، خاوەنی شەش كێڵگەی نەوتییە كە یەدەگی نەوتی بە 13 ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت، لەڕووی سیاسیشەوە ئەم شارە بەهۆی دۆخی تایبەتیەوە لەدوای ساڵی 2005ەوە جگە لەهەڵبژارنەكەی ئەو ساڵە نەبێت هیچ هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تیا ئەنجامنەدراوەو هەر بەو شێوەیە ماوەتەوەو چەند جارێك هەوڵدراوە گۆڕانكاری تیادا ئەنجامبدرێت، بەڵام سەری نەگرتووە. بەپێی ماددەی 15 لەیاسای هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 12 كورسی پێكدێت كە بۆ هەر 200 كەسێكیش لەو پارێزگایانەی كە ژمارەی دانیشتوانیان لە 1 ملیۆن كەس زیاترە (بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ساڵی 2019)، بەم جۆرە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبێتە 15 كەس چونكە ژمارەی دانیشتوانەكەی 1 ملیۆن و 600 هەزار كەسە. دەربارەی شاری كەركوكیش یاساكە چەند خاڵێكی دیاریكردووە كەگرنگترینیان ئەوەیە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و پەرلەمانتارانی هەر پێكهاتەیەك لەپێكهاتەكانی كەركووك وردبینی لەتۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكەن، ئەویش لەسەر ئەم بنەمایانە: یەكەم/ئەو هاووڵاتییانەی لەسەرژمێریی ساڵی 1957ی سەرژمێری پاشایەتیدا تۆماركراون. دووەم/ ئەوانەی دەركراون و گەڕاونەتەوەو بەپێی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی ماددەی 140ـی دەستوور یان ئەوانەی رێوشوێنەكانیان بەپێی رێكارە كارپێكراوەكان كردووە، سێیەم/ كورسییەك لەئەنجوومەنی پارێزگە بۆ پێكهاتەی كریستیان «كلدان، سریان، ئاشوورییەكان» تەرخاندەكرێت. چوارەم/ هەڵگرتنی دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی پارێزگاكە بە رێژەی 32٪ بۆ پێكهاتەكانی كورد، توركمان، عەرەب و رێژەی 8٪ بۆ كریستیانەكان. پێنجەم/ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەسەرۆك وەزیران بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەپارێزگای كەركووك. دوابەدوای پەسەندكردنی یاساكەش كاردانەوەی لایەنە سیاسییەكان لەكەركوك جۆراوجۆربوون، بەجۆرێك هەر حزبەو پێكهاتەیەك بەشێوەیەكی جیاواز تێپەڕاندنی یاساكەیان وەسفكرد. مەحمود زەیدان عوبێدی سەركردە لەحزبی مەشروعی عەرەبی سووننە (كە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت) دەڵێت: لەڕابووردوودا غەدرێكی گەورە لەپارێزگاكە كراوەو لەساڵی 2005ەوە دۆخێكی ناجێگیری هەیە و چارەسەرنەكردنی گرفتە سیاسییە هەڵواسراوەكان لەپارێزگاكەدا وایكردووە هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئاماژەش بەوەدەكات رێككەوتنی سیاسی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك بەكوردو عەرەب و توركمانەوە وایكرد كەئەم یاسایە تێپەڕێت، دەربارەی تۆماری هەڵبژاردنەكانیش ئەو سەركردەیەی عەرەب دەڵێت لەڕابووردوودا ئەوە گرفتی گەورەی بەردەم هەڵبژاردن بووە، پێویستە وردبینی تیادابكرێت و چارەسەری كەموكورتییەكان بكرێت و دواتر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كەئەمەش پێویستی بەئیرادەیەكی سیاسی راستەقینەو ئاشكرا هەیە. سەبارەت بەهەڵوێستی توركمانەكانیش حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی لەكەركوك دەڵێت: ساڵی 2018 تەواوی پێكهاتەكان رێككەوتن كە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت لەساڵی 2019 بەڵام پێكهاتەی كوردی لەدادگای فیدراڵی تانەیان لەهەڵوەشاندنەوەی تۆماری دەنگدەران لەوكاتدا داو نەكرا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان بەڵام كوردەكان ترسیان لەوردبینی تۆماری دەنگدەران هەیە بەوتەی حەسەن تۆران ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لەدوای ساڵی 2003 لەو تۆمارانەدا كراون، سەركردەكەی بەرەی توركمانی هیواش دەخوازێت هەنگاوی جددی بنرێت بۆ وردبینی تەواوەتی تۆماری دەنگدەران بەر لەهەر هەڵبژاردنێك. دەربارەی هەڵوێستی كوردیش، پارتی دیموكراتی كوردستان یاساكە بەدەستكەوت دەزانێت چونكە هیچ عەرەبێكی هاوردە ناتوانێت لەكەركووك دەنگبدات و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لایەنێكی سیاسی تۆمەتبار دەكات بەوەی لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحییەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركووك كرد. لەڕاگەیەندراوێكدا فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق یاساكە بەدەستكەوت و گرنگ و پێویستی دەزانێت و دەڵێت: «لەكەركووك هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەكەمجار سەرژمێری ساڵی 1957 دەكرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لەكەركووك دابڕابوون، وەكو: (چەمچەماڵ و كفری و كەلار و دووزخورماتوو) ناوچەكانی دیكە دەكەین.» هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: یاساكە چەندین دەستكەوتی تیادایە وەك (هەڵگرتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووك لەسەر بنەمای یەكسانی 32٪، زامنی دەنگی دەنگدەرانی سنووری شارۆچكەی (سەرگەڕان)، ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لەكەركووك راگوازرابوون بەپێی مادەی 140 دیسان مافی دەنگدانیان دەبێت، ماددەی 35 لەیاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018 و ماددەی 12 لەیاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2019 هەڵگیران، كە رێگربوون لەبەردەم هەڵبژاردنی كەركووك، گەرەنتیكردنی دەنگی ئاوارەكانی كەركووك و شەنگال كەدەتوانن لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن دەنگی خۆیان بۆ شارەكەیان بدەن، لەبارەی كۆتایی كریستیانەكانیش دوای هەوڵدانێكی زۆر سەركەوتوو بووین لەوەی كریستییەكانی كوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و خەڵكی دیكە لەجیاتی ئەوان نەچێتە پەرلەمانی عێراق). لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنەی هەیەو تانەشی لەبڕیارەكە داوە، فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: «لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبیان لەبەرامبەر دوو كورسی كۆتای مەسیحییەكان و دەنگی ئاوارەكانی ناو كەمپەكانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر كەركووك كرد». بەكورتییەكەی رەخنەكەی یەكێتی لەیاساكە ئەم خاڵانەیە: (یەكەم/ جارێكی دیكە دۆخی كەركووك لەپارێزگاكانی دیكە جیاكراوەتەوە. دووەم/ بێبەشكردنی دەیان هەزار دەنگدەری كەركووك لەچەمچەماڵ، كەلار، كفری و خورماتوو. سێیەم/ دەنگدانی ئەو عەرەبە هاوردانەی لەپێش ساڵی 2003ـەوە لەكەركووك بوون و كۆبۆنی خۆراكیان كەركووكە. چوارەم/ هیچ واتایەك بۆ ماددەی 140ـی دەستوور ناهێڵدرێتەوە). ئێستا ئەوەی پرسیاری سەرەكییە ئایا لەكەركوك هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەم دۆخە ئاڵۆزو پڕ گرێ و نەگونجانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكاندا ئەنجامدەدرێت یاخود نا..؟
