شەوی هەینی 31-03-2023 پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، "زیاتر لە 40 قاچاخچیی کۆچبەران لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون، کە بەرپرسن لە بەقاچاخبردنی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کۆچبەر بۆ نێو یۆنان." پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، هێزەکانیان توانییان 55 کەسی دیکە دەستگیر بکەن، کە پەیوەندییان بەو 40 قاچاخچییەوە هەیە، ئەو باندە بەرپرسی دابینکردنی ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختە بوون بۆ کۆچبەرەکان. گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا باندەکە توانیویانە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ناسنامە و بەڵگەی ساختە دروست بکەن. بە گوتەی پۆلیسی یۆنان، تۆڕی قاچاخچییەکان لەسەر ئاستێكی گەورە کاریان کردووە، بە جۆرێك کە ژێرخانێكی تەواو پیشەییان بۆ بەقاچاخبردنی کۆچبەران دروستکردووە. پۆلیسی یۆنان راشیگەیاند، تۆڕەکە چەندین نووسینگە و شوێنێكی تایبەتیان لە ئەسینای پایتەخت و شاری تیسالۆنیکی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات لەنزیک دەریای ئیجەی بەرامبەر تورکیادا هەبووە. کاری ساختەکاری و دروستکردنی بەڵگە و ناسنامە ساختەکانیان لە 5 تاقیگەی تایبەت لەو دوو شارەدا کردووە. هەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی یۆنان، تۆڕەکە 12 یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ شاردنەوەی کۆچبەران هەبووە. لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئەو یەکانە، هێزەکانی پۆلیس 80 کۆچبەریان بە بەڵگەی ساختەوە دەستگیر کردووە، کە ئامادە کرابوون بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی دیکە. پۆلیسی یۆنان دەڵێت، تۆڕەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2022ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ساتی دەستگیرکردنیان زیاتر لە نۆ ملیۆن یۆرۆیان دەستکەوتووە؛ دادگەی تاوانەکانی یۆنان هەریەک لە ئەندامانی تۆڕەکەی بە 10 هەزار یۆرۆ سزاداوە. بە گوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 18 هەزار کۆچبەر بە قاچاخ چوونەتە یۆنان، لە کاتێكدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021دا کەمتر لە نۆ هەزار بووە.
ئازەربایجان رایگەیاند؛ هەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر کردوە. وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند هەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکراون و میدیاکانی ئێران دەڵێن زۆربەی دەستگیرکراون کەسانی ئایینین . لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە سێ کەس لەو دەستگیرکراوانە خوێندنی ئایینییان لە ناوەندی خوێندنی ئایینیی شیعە لە شاری قوم تەواو کردوە. نزیکەی 85٪ی دانیشتوانی ئازەربایجان موسوڵمانی شیعەن و ئەوەش وای کردوە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرنجی لەسەر شیعەکانی ئەو وڵاتە بێت و دەسەڵاتی باکو چەند جارێک دژی هەوڵەکانی تاران وەستاوەتەوە. پێشتریش ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکد دەستگیرکردنی تۆڕێکی 39 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاندبون. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان زیادی کردوە و ناکۆکییەکانیش بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە رۆژی هەینی (27/1/2023)لە تاران توندیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە ئەو وڵاتە باڵیۆزخانەکەی بە تەواوەتی داخست و رایگەیاند تەنها کۆنسوڵخانەکەی لە شاری تەبرێز ئەرک و کارەکانی نێوان باکو و تاران جێبەجێ دەکات.
پۆلیسی ئێران ئاشکرای دەکات رێژەی تاوانی ئابوریی لە ساڵێکدا بەرزبوەتەوە 68 هەزار تۆمەتباری پەیوەندیدار بە بواری ئابوریی و داراییەوە دەستگیر کراون. سەعید مونتەزیرمەهدی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ لە 21ی مانگی ئازاری ساڵی رابردود تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە هۆی کاری قاچاخچێتی دەست بەسەر 43 هەزار ئۆتۆمبێلدا گیراوە و 68 هەزار تۆمەتباری ئابوریی لە وڵاتەکەدا دەستگیر کراون. بە وتەی مونتەزیرمەهدی ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە ئێران دەستگیر کراون، تۆمەتەکانیان پەیوەندیی بە تاوانە ئابورییەکانی جۆری سپیکردنەوەی پارە و قاچاخی و داگیرکردنی زەوی و شاردنەوە و کۆگاکردنی نایاسایی کاڵا و پێدوایستییەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی نرخ بوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی ئێران ئاماژە بەوە کراوە تاوانی داگیرکردنی زەوی بە رێژەی 60% بەراورد بە رابردو زیادی کردوە و هاوکات تاوانی سپیکردنەوەی پارە بە رێژەی 29% زیادی کردوە. وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەش کردوە کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانیکەم هەزار کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیر کراون.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا فۆرمی دەنگدانی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکرا کرد. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، فۆرمی دەنگدانی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکرا کرد کە بڕیارە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی فۆرمەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ژمارە یەک، موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی مەملەکەت ژمارە دوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و کاندیدی هاوپەیمانی گەل ژمارە سێ و سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی (ئاتا) لە ریزی چوارەمی فورمەکەدان. لەلایەکی دیکەوە، ١٠ی نیسان دوایین وادەیە کە پارتە سیاسیەکان ناوی کاندیدەکانیان و هاوپەیمانێتیەکان پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکەن، بۆ ئەوەی فۆرمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیش ئامادە و ئاشکرا بکرێت. لە ئیستادا سێ هاوپەیمانی بەهێز لە هەڵبژاردنەکاندا رکابەرایەتی یەکدی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان کە ئەوانیش ( هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی رەنج و ئازایە). بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان، دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ لە هەموو کاندیدەکانی دیکە زیاترە و دەسەڵات (ئاکەپە و مەهەپە) ئیدی ناتوانن زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
سەرۆکی کۆمپانیایەکی گەورەی راپرسی لە تورکیا دەڵێت، ٨٠٪ی گەنجانی تورکیا دەنگ بە پارتەکانی نێو هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پێکهێنراوە. نزیکەی شەش ملیۆن گەنج کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵدایە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٨ی ئایاردا لە تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە. ئەڕدال ئاکئاڵتون سەرۆکی کۆمپانیای 'بوپار'ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان لەم بارەیەوە بۆ رۆژنامەی جمهوریەتی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) قسەی کرد. ئەڕدال ئاکئاڵتون دەڵێت، " دەسەڵاتی سیاسی تورکیا هیچ پرۆژەیەکی بۆ گەنجان نەبووە کە پشتگیریان بکات و ئەمەش وادەکات، ئەگەری گۆڕانی دەسەڵات، ببێتە هۆی خۆشحاڵی گەنجان." ئاکئاڵتون ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆمپانیاکەیان، راپرسیەکی بە شیوەیەکی بەرەوڕوو لەگەڵ ٣ هەزار گەنج لە ١٢ هەرێمی تورکیا ئەنجامداوە و پرسیاری لە گەنجان کراوە کە دەنگ بە کام پارتی سیاسی تورکیا دەدەن؟ لە ئەنجامی راپرسیەکەیاندا دەرکەوتووە کە ٨٠٪ی گەنجانی تورکیا، ئامادە نین دەنگ بە پارتەکانی نێو هاوپەیمانی کۆمار بدەن کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات. ئەڕدال ئاکئاڵتون سەرۆکی کۆمپانیای 'بوپار' راشیگەیاند، بەگوێرەی راپرسیەکەیان ٨٠٪ی گەنجان ئاماژەیان بەوەکردووە کە لە دۆخی تورکیا نیگەرانن و دەیانەوێت وڵات جێبهێڵن، بەڵام ئەگەر دەسەڵات لە تورکیا بگۆڕدرێت، ئامادەن لە وڵات بمێننەوە و چاودێری دەسەڵاتی نوێ بکەن کە چی بۆ گەنجان پێیە. ئەڕدال ئاکیاڵتون لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت،" من لەو بڕویەدا نیم، هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) بتوانێت، زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی تورکیا بەدەست بهێنێت."
بەرپرسێکی ئێران لە بەغداد رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی هێرشکردن بۆسەر هەرێمی کوردستانی نەبوە ئەوە بانگەشەیەکە دژی ئێران کراوە. محەمەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ئەلئەخباریە) رایگەیاندوە؛ بەرپرسانی بەغداد و تاران رێککەوتنی ئەمنیی و ئاسایشییان واژۆ کردوە و پێشتر هیچ پلانێک نەبوە کە ئێران لە رێگەی وشکانییەوە هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. بە وتەی ئەو: هێرشەکانی رابردوە بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم مافی کۆماری ئیسلامی بوە بۆ پاراستن و بەرگریی لە خۆی. ئال سادق وتویەتی: ئەوان هیوایان وایە بە رێککەوتنی ئەمنی و ئاساییشیی ئەم دواییانەی نێوان بەغداد و تاران پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێت. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، سوپای پاسداران لانیکەم چوار جار بە درۆنی خۆکوژ و موشەک و تۆپخانەکانی بنکەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە هەڵگورد و برادۆست و بارەگاکانی ئەو پارتانە لە کۆیە و زرگوێز-ی کردوەتەوە ئامانج و بەهۆیەوە 21 کەس کوژران و نزیکەی 90 کەسیش برینداربون. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردوەتەوە: کە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا لە ژێر کاریگەریی ژمارەیەک نەیاری کورد لە هەولێرەوە بوە و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هەوڵەکانی گروپێک لەو کەسانە هەڵوەشێنێتەوە کە لە هەولێر ئامادەکارییەکانیان کردوە. ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: ئەمریکا خاکی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنێت و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە کاری هەواڵگریی لە سنورەکانی هەرێم و خاکی عێراقەوە دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن و تا ئێستا 18 نوسراوی ناڕەزایەتیی لە لایەن ئێرانەوە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کراوە. محەمەدکازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژە بەوە کردوە کە بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات چونکە پەیوەندیی مێژویی لە نێوان ئەوان و کورد و هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک ئاماژەی بەوە کرد کە پشتڕاستکراوە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە کە هێشتا درێژەی هەیە هەشت هەزار و ٤٠٠ کەسی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ١٤ هەزاری دیکەش برینداربوون. لە چوارچێوەی ٥٢مین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئۆکراینا، تورک گوتارێکی پێشکەش کرد. تورک باسی لەوە کرد کە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە مرۆڤ و پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی رووسیاوە لە جەنگی دژ بە ئۆکراینادا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بووەتە کارێکی رۆتینی و داتاکانی جەنگەکەی هەر لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا خستەڕوو. گوتیشی: ''لە کاتێکدا تا ئێستا کوژرانی هەشت هەزار و ٤٠٠ مەدەنی پشتڕاستکراوەتەوە، هاوکات پشتڕاستی برینداربوونی زیاتر لە ١٤ هەزار کەسیش کراوەتەوە. ئەم ژمارانە تەنیا بەشی بینراوی شاخە سەهۆڵین''. تورک ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ بەڵگەیەکی زۆری لە بارەی رووداوی کوشتنی بێ دادگایی و هێرشی بە ئامانجگرتن کۆکردووەتەوە کە لە ناوچەکانی ئۆکراینا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی رووسیا کە گرووپە چەکدارەکانی وەک واگنەریشیان تێدایە دژ هاووڵاتیانی ئەنجامدراوە و گوتی: ''لەو ماوەیەشدا، ٦٢١ دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنبوون روویداوە''. هەروەها تورک رایگەیاند: ''بەپێی دیمانەیەک کە لەگەڵ ٨٩ کەسی مەدەنی ئەنجامدراوە، سەدا ٩١ی ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن سەربازانی رووسیەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە یان مامەڵەی خراپ بوونەتەوە''. تورک باسی لەوە کرد کە بەڵگەیان لەسەر ١٠٩ رووداوی توندوتیژی سێکسی کۆکردووەتەوە کە سەربازانی رووسی تێدا تێوەگلاون، زۆربەی رووداوەکانیش لە شوێنی دەستگیرکردنەکان روویداوە و سێ کەس لەوانە رووبەڕووی ئەمە بوونەتەوە کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون. کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان تورک، ئەوەشی خستەڕوو کە بەڵگە لەسەر ٩١ رووداوی بێسەروشوێن بوون و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی کۆکراوەتەوە کە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە ئەنجامدراوە. گوتیشی: ''لە کۆی ٧٣ قوربانیی سەدا ٥٣یان لەلایەن سەربازانی ئکراینییەوە ئەشکەنجە دراون یان رووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، هەروەها ئۆکراینییەکان تێوەگلاون لە ٢٤ رووداوی توندوتیژی سێکسی''. تورک باسی لەوەیش کرد کە نووسینگەکانی مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتن لە چاوپێکەوتنیان لەگەال زیاتر لە ٤٠٠ دیلی جەنگ کردووە، سەدا ٩٠ی دیلە ئۆکراینییەکان ئەشکەنجەدراون یان رووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، بەڵام ئەم رێژەیە لە ناو دیلە رووسەکاندا سەدا ٥٠ ە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە پاراستی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان، هاوکات دڵنیایی دایە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان كه ههرێمى كوردستان وەک هەمیشە به نيشتمانى ههمووان دهمێنێتهوه. ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە کە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی و جەژنی ئەکیتۆی پێکهاتەی کلدانی، سریانی و ئاشووری بڵاوی کردووەتەوە. لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەری ساڵی نويێ بابلیى ئاشووری و جهژنى ئەکیتۆ، به گهرمى لە خوشک و برایانی کلدانی، ئاشوورى و سریانی لە ههرێمى كوردستان و عێراق و له ههر كوێى جیهان بن پیرۆز دەكهم. هيواى سهركهوتن و جهژن و پشوويهكى شاد و ئاراميان بۆ دهخوازم". نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لە پاراستی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "لهم يادهدا داكۆكى له پاراستنى يهكسانى و ماف و ئازادييهكان و برهودان به كولتوورى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى لهنێو ههموو پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكانى كوردستاندا دهكهين". سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات دڵنیایی داوەتە کریستیان و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە كه ههرێمى كوردستان وەک هەمیشە به نيشتمانى ههمووان دهمێنێتهوه.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، سەرکردایەتی ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر ناردنی هێزی پارێزەری ئاشتی دەکەن بۆ ئۆکرانیا و ئەوانیش لەو پرۆسەیەوە نزیکن و پێشتر هەنگاریا بڕیاریداوە چەک نەنێرێت بۆ ئەو وڵاتە و لە ئێستاشدا بەردەوامی بەو بڕیارە دەدات. ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئەوروپا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئایا بڕیارێکی باشە ئەگەر هێزی سەربازی بەشێوەی ئاشتی پارێز بنێرن بۆ ئۆکرانیایاخود باشترە هیچ هێزێک نەنێرن ئاماژەی بەوەشدا، ساڵێک لەمەوبەر ناکۆکی لەسەر ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا هەبوو، لەو کاتەدا هەنگاریا بەو پرۆسەیە ناڕازی بوو ئێستاش ناڕازییە و وڵاتەکانی رۆژئاواش نیگەرانن ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە هەنگاریا رەتیکردەوە سزا بەسەر سەرچاوەی وزەی روسیا بسپێنێت و ئۆکرانیا پڕ چەک بکات
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئابوریی ژاپۆن، ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەرەستەی بیناسازی بۆڕوسیا،هەروەها بزوێنەری فڕۆکە و کەشتی، ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ گەشتکردن، فڕۆکە، کەشتی ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رێگەیان پێنادرێت چیتر رەوانەی روسیا بکرێن. بڕیارەکەی ژاپۆن قەدەغەکردنی هەناردەکردن بەرهەمی پۆڵا، بەرهەمی ئەلەمنیۆم، کەرەستەیڕێگاوبان، مۆلیدە، ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و پارچەییەدەگەکانیان دەگرێتەوە، هەروەها هەناردەکردنییاری و پایسکیلەکانی منداڵانیش بۆڕوسیا قەدەغەکرا. ژاپۆن درێژە بە هەڵمەتی دژ بەڕوسیا دەدات، بەو پێیەی پێشتر زنجیرەیەک سزای سەپاندوە کە زۆرێک لە بەرپرسانی سەرکردایەتیڕوسیا و خەڵک و دامەزراوە و بانکەکان و ئەوانی دیکەی لەخۆگرتبوو.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئێران لەعێڕاق محمدکازم ئال سادق رایگەیاند کەوا ئێران کێشەی کەمئاوی هەیە. ئال سادق بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاندووە بەپێی ئامارەکان نزیکەی 80٪ ی ئاوی عێڕاق لە باکوورەوەدێت، کەچی تەنها ڕێژەی 8تاکو 10 لەئێرانەوەدێت و بەگشتی کێشەی ئاولەهەموو ناوچەکەدا هەیە. وتیشی کۆماری ئیسلامی ئێران کێشەی کەمئاوی هەیە و ڕووبارێک بەناوشاری ئەسفەهان تێپەڕدەبێت بەڵام ئێستا وشکی کردووە، جوتیارانیش خۆپێشاندان دەکەن بۆ داواکردنی ئاو ژمارەیەکی زۆریش لە مەڕو ماڵیات لەبەربێئاوی لەناوچەکانی باشوور مرداربوونەتەوە. ئاماژەشی بەوەکرد کە شایستەی داراییمان لەبری کارەبا وگاز گەیشتووەتە 11 ملیار دۆلار، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
هاوڵاتی لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک دوای کوشتنی پێنج ئەندامی خێزانەکەی، خۆیشی کوشت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە ،ئەمڕۆ هاوڵاتییەک لە باکوری کوردستان بەهۆی دروستبەنی دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دایک و باوک و خوشک و براکانی دەکوژێت و خۆشی دەکوژێت. ئەوەشبڵاوکراوەتەوە کە ئەو هاوڵاتییە ناوی حوسێن فورات بووە و قەرزی زۆری قوماری بەسەردا کەڵەکەبووە و داوای لە باوکی کردووە هاوکاری بکات بۆ دانەوەی قەرزەکانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی رەتیکردووە و پارەی پێنەداوە، دەمەقاڵی لەنێوانیاندا روویداوە و لە ماڵدەرکراوە. دواتر حوسێن بە چەکی کلاشینکۆف گەڕاوەتەوە ماڵەوە و تەقەی لە تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی کردووە و هەموویانی کوشتووە و هەر لەوێش بەگوللـەیەک خۆی کوشتووە. هاوکات دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس لەلایەن دراوسێکانییەوە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تەرمی هەر شەش کەسەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری زانکۆی فورات کراوە.
هاوڵاتی بەرهەمی نەوتی ئۆپیک لە مانگی ئازاردا بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی نەوتی لە ئەنگۆلا و وەستانی هەندێک لە هەناردەکانی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لەم مانگەدا 28.90 ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە ، بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕێژەی بەرهەمهێنان بە بڕی 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەچاو مانگی شوباتدا دابەزیوەهاوکات بەرهەمهێنان لەچاو مانگی ئەیلولەوە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی ناسراو بە ئۆپێک+، ڕازی بوون لە کۆتایی ساڵی 2022دا بڕی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە بۆ پشتگیریکردنی بازاڕ بەو پێیەی کە ئابووری خراپتر دەبوو و نرخەکان بەرەولاوازبوون دەچوو. ئۆپیک پڵەس بڕی بەرهەمهێنانی بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە کە بڕیاربوو نزیکەی 1.27 ملیۆنی لە 10 وڵاتی بەشداربووی ئۆپیکەوە بێت . لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەنگۆلا و عێراق لەم مانگەدا پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە زیادی کردووە بۆ 173٪ ی بەڵێندراوی کەمکردنەوەکان بەپێی ڕاپرسییەکە لە بەرامبەر 169٪ لە مانگی شوباتدا. ئەو بڕەی کە بەرهەمدەهێنرێت لە ئێستادا بە بڕی 930 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمترە لەوەی کە دانراوە چونکە زۆرێک لە بەرهەمهێنەرەکان - بە شێوەیەکی بەرچاو نایجیریا و ئەنگۆلا - توانای بەرهەمهێنانیان لەو ئاستەدا نییە . ئەنگۆلا، عێراق: یەکەم هۆکار بۆ کەمبونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 100هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئەنگۆلا بوو بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی دالیادا. دووەم گەورەترین دابەزین لەعێراقەوە هات کەکۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان لەڕۆژی شەممەوە لە هەرێمی کوردستان کەمکردۆتەوە و بەشێکیان تەواو وەستاندویانە بەڵام زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردن لە باشوری عێراقەوە کاریگەری ئەو کەمبونەوەیەی سنوردار کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕۆیتەرز بەرهەمهێنەرانی کەنداوی ئۆپیک سعودیە و کوێت و ئیمارات پابەندی باڵایان هەبووە بەو بڕەی کە ئامانجبووە بەرهەمیبهێنن .
هاوڵاتی ئێران كەچەقی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانە لەجیهان، خاوەنی مێژوویی 500 ساڵەیە لەگەڵ ماددەی هۆشبەری تریاك و لەئێستاشدا 12 ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە بەشێوازی كاتی یان هەمیشەیی ئالودەی ماددە هۆشبەرەكان بوون و تەنها لەساڵێكدا دەست بەسەر 600 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە. لەنوێترین زانیاریی ناوەندی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی ئێران دەركەوتووە 50%ی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان ماددەی تریاك و و دوای تریاك، ماددەی جۆری گوڵ و كریستاڵ(كراك) زیاترین بەكارهێنانی هەیەو زۆرینەی كچان و ژنانی ئالودەبوو ماددەی هۆشبەری جۆری گوڵ بەكاردەهێنن. كریستاڵ یان كراك كە لەئێستادا لەشارەكانی سەردەشت و مەهابادو ورمێ و چەند شارێكی دیكەش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دروستدەكرێت و بووەتە دیاردەو دانیشتوانی ئەو بەشە لەكوردستان ئەو دیاردەیە بەدەستی دەسەڵات بۆ گیرۆدەكردنی گەنجان و لاوان بەماددە هۆشبەرەكان ناودەبەن چونكە ئەو ناوچانە لەئامارەكاندا بەبەردەوامیی بەپاكترین ناوچەی جوگرافیای ئێران لەقەڵەمدراون كەكەمترین بازرگانی یان بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا بەدیكرابێت. ساڵی 2021 ژمارەی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران گەیشتووەتە 12 ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و 500 هەزار كەسیان بەكارهێنی بەردەوامی ماددە هۆشبەرەكان ئەژماردەكرێت و ژنان (10%)ی كۆی ژمارەی ئالودەبوان بەماددە هۆشبەرەكان لەو وڵاتە پێكدێنن. ساڵی 2009 بەپێی راپۆرتێكی نهێنیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆماری ئیسلامی ئێران بەگەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان لەجیهان لەقەڵەمدراوەو تەنانەت ناوی سوپای پاسداران لەو راپۆرتەدا وەك هێزێكی سەربازیی هێنراوە كەسەرقاڵی گواستنەوە و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوەیە. بەپێی زانیارییەكان لەماوەی ساڵی رابردوودا 182 بەلوچ لەسێدارە دراون كەتۆمەتی (81%)یان بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەوە بوووە. پارێزگای سیستان و بەلوچستان كە بەهەژارترین پارێزگای ئێران لەكۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت و ژمارەیەكی زۆری كاسبكاران و گەنجانیان ناچارن بۆ دابینكردنی بژێوی كاری گواستنەوەی سوتەمەنی و كاڵاو ماددە هۆشبەرەكان لەنێوان ئێران و ئەفغانستان و پاكستاندا بكەن. دەسەڵاتی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە 70%ی جێبەجێكردنی سزای سێدارە سەرتاسەری وڵاتەكە پەیوەندیی بەتۆمەتبارانی بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەكانەوە هەیە. دوستعەلی جەلیلی، فەرماندەی پۆلیسی ئێران لەسیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە كردووە كە لەیەك سالدا 71 باندی گەورەی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان لەو پارێزگایە دەستگیركراون و دەستگیراوە بەسەر 95 تۆن و 177 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر. رەزا بەنی ئەسەدیفەر، سەرۆكی پۆلیسی پێشگیریی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ تەنها لەساڵی رابردووداو لەئەنجامی 12 هەزار هەڵمەتی هێزەكانی پۆلیس، دوو تۆن و 622 كیلۆ لەجۆرەكانی ماددەی هۆشبەر لەفڕۆكەخانەكانی ئێراندا دەستی بەسەردا گیراوە. ئیسكەندەر موئمینی، ئەمینداری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران رایگەیاندووە؛ لەساڵی 2022 دەستگیراوە بەسەر 600 تۆن لەجۆرە جیاوازەكانی ماددە هۆشبەرەكان و بەو پێیە ئێران بووەتە یەكەم وڵاتی جیهان كەدەستی بەسەر زیاترین بڕی ماددەی هۆشبەردا گرتووە. موئمینی وتوویەتی: ئێران لەیەك ساڵدا دەستی بەسەر 92%ی تریاكی هەموو جیهان و 59%ی مۆرفین و 27%ی هیرۆئینی جیهاندا گرتووەو هەر بەو هۆیەوە لانیكەم 12 پۆلیس و هێزی ئەمنیی كوژراون. ئاماژە بەوە كراوە 70%ی ئەو بڕە لەماددە هۆشبەرەكان لەحەوت پارێزگای رۆژهەڵاتی ئێران دەستی بەسەرداگیراوەو 20%یشی لە پارێزگاكانی دیكەی وڵاتەكە بووە. ئەفغانستان كەنزیكەی 95%ی هەموو تریاكی جیهان بەرهەمدەهێنێت ئەو ماددەیە بۆ ئێران دەگوازێتەوەو لەئێرانیشەوە بەرەو وڵاتانی دیكەی جیهان بەڕێدەكرێت و بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتی ئێران بێت دەبێ تەنها 3%ی تریاك لەو وڵاتەوە گوازرابێتەوە چونكە بانگەشەی ئەوەدەكرێت كە 92%ی تریاكی جیهان لەوڵاتەكەدا دەستی بەسەردا گیراوە.
هاوڵاتی كۆمپانیای نەوتی گۆڵف كی ستۆنی كەندی، كە لە كێلگە نەوتییەكانی شێخان كاری دەكرد، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، كارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ڕاگرت، ئەمەش دوای بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دێت. ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردەوە کۆمپانیای گۆڵف کی ستۆن ئێوارەی ئەمڕۆ کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی شێخان ڕادەگرێت دەشڵێت، ڕۆژانە نەوت لە عێراقەوە بە هۆی بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە 400هەزار بەرمیل کەمتر بەرهەمدێت. هاوکات كۆمپانیای نەوتی گەڵف كی ستۆنی كەندی لە ڕاگەیاندراویكدا بڵاویكردوەتەوە، بەتەواوی كاركردنمان لە كێڵگەكانی شێخان وەستاندووە، بەڵام كارەكان بەردەوامن بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی، كە ماوەتەوە بۆ عەمباركردن. ئەوەشخراوەتەڕوو، بەردەوامی چاوەڕوانییەكان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وایكردووە، حكومەتی ئەمریكا داوا لە بەغدا و هەولێر بكات، بە زووترین كات ئەو ناكۆكییە هەڵپەسێردراوانەی لەسەر هەناردەكردنی نەوت هەیانە چارەسەرى بكەن. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دادگای نێوبژیوانی ژوری بازرگانی پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە بۆری لە بەندەری تورکیاوە بە نایاسای ناوبرد و عێراق توانی کەیسەکە بباتەوە. لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریسیش ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جیهانی تورکی ڕاگرتووە.
