لە پشوەکانی نەورۆز روداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران زۆر بوە و فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی وڵاتەکەش دەڵێت زیاتر لە 500 کەس لە روداوی پێکدادنی ئۆتۆمبێلدا گیانیان لەدەست داوە. ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران، رایگەیاند؛ 15ی ئەم مانگەوەوە و لە ماوەی 13 رۆژدا زیاتر لە 290 ملیۆن هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە رێگای نێوان شارەکانی وڵاتەکەدا تۆمار کراوە کە بەراورد بە ساڵانی رابردو بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بە وتەی رادان لە ماوەی ئەو 13 رۆژدا زیاتر لە 500 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و هۆکاری زۆرینەی روداوەکانیشی بە تیژڕەوەیی لەقەڵەم داوە. پێشتر ئەحمەد شیرانی، سەرۆکی ناوەندی زانیاریی و کۆنتڕۆڵی هاتوچۆ لە ئێران رایگەیاندبوە کە لە سێ رۆژی سەرەتای پشوەکانی نەورۆز بەهۆی 111 روداوی هاتوچۆ، 125 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی دوو هەزار و 895 کەس برینداربون. بە وتەی شیرانی ئامارەکانی روداوی هاتوچۆ لە ئێران زۆر مەترسیدارن و ئەمساڵ رێژەی گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز 12% بەراورد بە ساڵی رابردو زیادی کردوە کە پێدەچێت ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "زۆریی بارانبارین و گلدانەوەی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا لە هەردوو وێستگە کارۆئاوییەکە". ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی ڕەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دووکانن.'' بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، "ئەو دوو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن، ئەوەش بە پێی پلانێک بۆ بەردانەوەی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوی حکومەتی فیدراڵ دادەڕێژرێت؛ بەم شێوەیە کارەبا لەو دوو وێستگەیە بەرهەم دەهێنرێت و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت." ئومێد ئەحمەد ڕاشیگەیاند: ''خۆشبەختانە هەردوو بەنداو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوێکی زۆریان گل داوەتەوە کە سەرووی ٣٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا ڕژاوەتە بەنداوەکان و ئێستادا ئاستی بەرزیی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان ٤٩٢.٤٣ مەترە و ڕێژەی ئاو ١٧٣ مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا. سەبارەت بە دەربەندیخانیش، بەرزیی ئاستی ئاو ٤٦٨.٨٠ مەترە و ڕێژەی گلدانەوەی ڕۆژانەی ئاو ١٧٣ مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.''
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەو 18 تانکی جەنگی لیۆپارد 2 وەی کە لەلایەن ئەڵمانیاوە بەڵێن دراوبوو بۆ پشتگیری ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا گەیشتوونەتە ئۆکرانیا ئەڵمانیا لە مانگی کانوونی دووەم ڕازی بوو کە ئەو جۆرە تانکە بۆ ئۆکرانیا دابین بکات کە بە باشترینەکانی جبەخانەی ڕۆژئاوا دادەنرێت و کیڤ دەڵێت زۆر گرنگە بۆ شکستهێنان بە داگیرکاری ڕوسیا بەڵام مۆسکۆ ڕایگەیاند دابینکردنی ئەو جۆرە تانکە ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات. سەبارەت بە گەیشتنی تانکەکان بۆریس پیستوریوس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە تویتەرێکدا وتی: "دڵنیام کە تانکەکان دەتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت لە ڕیزەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا". سەرچاوەیەکی ئەمنیش ڕایگەیاند جگە لە 18 تانک و 40 ئۆتۆمبێلی پیادەی ماردەری ئەڵمانی و دوو ئۆتۆمبێلی چاککردنەوەی زرێپۆشیش گەیشتوونەتە ئۆکرانیا. هاوکات سوپای ئەڵمانیا مەشقی بە ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن کار بە تانکەکان بکەن .و جگە لە ئۆتۆمبیلە ئەڵمانییەکان سێ تانکی لیۆپارد کە لەلایەن پرتوگالەوە بەخشرابوون گەیشتنە ئۆکرانیا.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون داوای کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئەتۆمیی گونجاو زیاد بکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی "Yonhap" لە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی کۆریای باکوور کە ئاژانسی ناوەندی کۆریا (KCNA)یە وەری گرتوون، کیم زانیاری وەرگرتووە لەبارەی توانای ئەتۆمی وڵاتەکەی لە دامەزراوەی چەکە ئەتۆمییەکان. کیم داوای کردووە بە "بێ کەموکوڕی" ئامادەکاری بکرێت بۆ بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکان "لە هەموو کات و هەموو شوێنێک" و گوتوویەتی: "نابێت هەرگیز بوەستین لە بەهێزکردنی توانای ئەتۆمیمان بۆ بەرپەرچدانەوە و دەبێت بەشێوەیەکی جێگیر توانای ئەتۆمیمان بەهێزتر بکەین". سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون داوایشی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئەتۆمیی گونجاو زیاد بکرێت. هاوکات بەگوێرەی راپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تاقیکردنەوەکانی چەک لە کۆریای باکوور چڕتر بوونەتەوە و گرژیەکانیش زیاتر بوون، ئەمەش بەهۆی مانۆڕە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور.
هاوڵاتی موراد قەرەیلان رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی روداوی هەلیکۆپتەرەکان کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٩ شەڕڤان ئەوانی غەمگین کردووە، بەڵام خۆشحاڵن کە فڕۆکەوانی کوردیش هەیە. موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە گەریلا تی ڤیدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە روداوی کەوتنە خوارەوەی دوو هەلیکۆپتەری هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان کرد. قەرەیلان وتی، " لە پارێزگای دهۆکی باشوری کوردستان روداوێکی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەر رویدا. راگەیەندرا ٩ ئەندامی قەسەدە شەهید بوون. بە گوێرەی زانیارییەکانمان ئەندامانی دژە تیرۆر بوون و لە شەڕی دژی داعش دا رۆلێکی گەورەیان بینیوە. هەندێک گەنجیش بەشداریان لە مەشق و راهێناندا کردبوو، ببوون بە فڕۆکەوان. ئێمە دەزانین کە لە سەردەمی شێخ مەحموود بەرزنجیەوە تاوەکو ئێستا هێزە داگیرکەرەکان بە فڕۆکە گەلەکەمان بۆردومان دەکەن و لەم رۆژشدا داگیرکەران ئێمە بۆردومان دەکەن. بە فڕۆکە هێرش دەکەن، بەڵام لە دەستی گەلەکەماندا هیچ ئامێرێکی بەو شێوەیەی نییە. بەڵام دیارە کە ئێستا ژمارەیەک گەنجی کورد فێری فڕۆکەوانی بوون و ئامێری فڕین بە کار دەهێنن. ئەمە جێی خۆشحاڵییە." موراد قەرەیلان دەشڵێت، ئەوان شەهیدبوونی ئەو فەرماندە و شەڕڤانانە بە زیانێکی گەورە دەبینین. وەک زیانێک بۆ هەموو گەلی کورد دەبینین و سەرەخۆشی لە فەرماندەی قەسەدە، خانەوادەی شەهیدان و گەلی رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەین." قەرەیلان باسی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لەم روداوەشدا کرد و وتی، " ژمارەیەک بەرپرسی باشوری کوردستان کاتێک باسی ئەم روداوە دەکەن بە زمانێکی بێ ڕێزی کە هیچ غەمگینییەکی پێوە دیار نییە قسە دەکەن. هەر کێشەیەکی ناوخۆییش هەبێت، بەڵام پێویستە هەڵوێستێکی بەم شێوەیە دەرنەبڕن و ئەم زمانە بە کار نەهێنرێت. دژایەتی دەبێت، بەڵام ئەم جۆرە دوژمنایەتییە جێگەی سەرسوڕمانە. هەر کوردێک کە بە شەهیدبوونی شەڕڤانی کورد نیگەران نەبێت، گومان لە کوردبوونی دەکرێت." هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، " شەڕڤانان ل رێگەدا رووبەرووی باران و زریان دەبنەوە. ڕێگەکەیان لێ تێک دەچێت و بەم شێوەیە هەلیکۆپتەرەکانیان دەکەونە خوارەوە. پێویستە بە شێوەیەکی ئەخلاقی و مرۆڤی هەڵوێست وەربگرین. پێویستە بەر لە هەموو شتێک غەمگینی خۆمان دەرببڕین."
کەنەدا قۆناغێکی دیکەی سزاکانی وڵاتەکەی دژی دامەزراوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش داوا لە دەسەڵاتی تاران دەکات توندوتیژیی دژی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکان راگرێت. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئەمڕۆ دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا دەیەمین پاکەیجی سزاکانی دژی دوو دامەزراوە و هەشت فەرماندەی ئەمنیی و سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد. لە بەیاننامەی وەزارەتی دەروەی کەنەدا هاتوە: ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ خراونەتە قۆناغی دیەمی لیستی ئەو سزایانەی کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوەوە راگەیەنراوە. ئاماژە بەوە کراوە چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی خراونەتە لیستی سزاکانەوە. بە پێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا؛ دوو دامەزراوەی ئەو وڵاتەش کە دەستیان هەبوە لە چاودێریکردنی هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت بە مەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پشتیوانی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خراونەتە لیستی سزاکانەوە. هاوکات مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە وتارێکیدا وتی: داوا لە رژێمی ئێران دەکەین سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵک راگرێت و بە نیازپاکییەوە گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت. کەنەدا لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی تا ئێستا 10 قۆناغی سزاکانی وڵاتەکەی دژی بەرپرسانی و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی راگەیاندوە.
بەریتانیا رایگەیاند بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە لایەن روسیاوە دژی ئۆکرانیا بەردەوامە و تەنها لە نزیکەی یەک مانگەدا 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەونی ئێرانی لەو جەنگەدا بەکارهاتوە. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە 25 رۆژی ئەم مانگەدا 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە دژی ئۆکرانیا بەکار هاتوە و لە مانگی رابردوشدا بۆ ماوەی 15 رۆژ هێرشی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە راگیراوە. وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کردوە؛ روسیا بە بەردەوامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید) لە ئێران وەردەگرێت کە زۆربەیان درۆنی خۆکوژن و توانای وێرانکارییان زۆرە. پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبو زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی روسیا کراوە و بڕیاربوە موشەکی ئێرانی رادەستی روسیا بکرێت بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری رادەستکردنی موشەک بە مۆسکۆ-یان راگرتوە.
هاوڵاتی شەمەندەفەر و فڕۆکە و سیستەمی گواستنەوەی گشتی ئەمڕۆ دووشەممە لە زۆربەی ناوچەو شارەکانی ئەڵمانیا وەستاون و کار ناکەن دوای ئەوەی یەکێتی کرێکاران داوای مانگرتنێکی سەرتاسەری یەک ڕۆژەی کرد بەهۆی ئەو کاریگەرییەی هەڵئاوسانی دارای لەو وڵاتە لەسەر موچەی ئەندامەکانی دروستی کردووە. ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە مانگرتنە 24کاتژمێرییەکەی ئەمڕۆ لە لایەن یەکێتی بازرگانی ڤێردی و یەکێتی هێڵی شەمەندەفەر و گواستنەوە EVG و یەکێتی کرێکارانی ئەو وڵاتەوە داواکرا بە شێوەیەک کاریگەری هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ناچار بوون بە پێ چەند کاتژمێرێک بڕۆن بۆ گەیشتنە سەر شوێنی کارەکانیان. ڤێردی بە ناوی نزیکەی 2.5 ملیۆن کارمەند لە کەرتی گشتی و لە گواستنەوەی گشتی و فڕۆکەخانەکاندا گفتوگۆ دەکات، لە کاتێکدا EVG بە ناوی نزیکەی 230,000 کارمەند لە کۆمپانیای دێوچە بان و پاس داواکاری پێشکەشدەکەن. هەریەک لە ڤێردی داوای زیادکردنی 10.5٪ کرێ دەکات، کە بەلایەنی کەمەوە 500 یۆرۆ (538 دۆلار) لە مانگێکدا بەرزدەبێتەوە، لە کاتێکدا EVG داوای 12٪ زیادکردن دەکات یان بەلایەنی کەمەوە 650 یۆرۆ لە مانگێکدا دەکات. بەهۆی مانگرتنەکەوە تێرمینالەکان بە زۆری چۆڵ بوون بە هەمانشێوە فڕۆکەخانەکانیش ، بە شێوەیەک دوو لە گەورەترین فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا لە میونخ و فرانکفۆرت، گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرت، لە کاتێکدا خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکان لە لایەن کارپێکەری هێڵی شەمەندەفەر دویچە باهن (DBN.UL). هەڵوەشێنرایەوە. بە گوێرەی مەزندەکانی کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکان ئەی دی ڤی تەنها بە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان 380هەزار گەشتیار کاریگەربوون و تەنها لە فرانکفۆرت نزیکەی 1200 گەشتی ئاسمانی بۆ 160 هەزار گەشتیار هەڵوەشایەوە وژمارەیەکی زۆر گەشتیار ناچاربوون لە ناو فڕۆکەخانە بمێننەوە. کارمەندەکان فشار دەکەن بۆئەوەی موچەکانیان زیاد بکرێت بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری هەڵئاوسان لەسەریان کە لە کە لە مانگی شوباتدا گەیشتە 9.3٪ ئەمیش بەهۆی ئەوەی کە پێش جەنگی ئۆکرانیا ئەڵمانیا بە ڕادەیەکی زۆر پشتی بە ڕوسیا بەستبوو بۆ بەدەستهێنانی گاز و لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکدایە و دەبێت بە نرخێکی گران لە وڵاتانی دیکە بیکڕن. هاوکات وتەبێژی دوێچە بان (بەرپرسی کۆمپانیای خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە) ڕۆژی دووشەممە وتی" ملیۆنەها سەرنشین کە پشت بە پاس و شەمەندەفەر دەبەستن بۆ چونە سەر کار و هاتوچۆکردن بەم مانگرتنە کاریگەربوون".
دەسەڵاتی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی چەک و گوللـەی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە کە پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن. ئەژماری فەرمی (تەسویر1500) لە تویتەر کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆمەڵێک بەڵگەی لەسەر ئەو چەک و گوللـانی کە دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەکاری هێناوە و بوەتە هۆی نابینابون و یان لەدەستدانی چاوی لانیکەم 570 کەس، بڵاو کردوەتەوە. لە بەڵگەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوللـەی ساچمەیی لە پێکهاتەکانی قوڕوقشم و فافۆن و ئاسنی بەکارهێنا لە کاتێکدا بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت ئەو گوللانە لە جۆری پلاستیک بێت و قەبارەی لە شەش ملیم زیاتر نەبێت. بە پێی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و ئاژاوە و یاساکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ نابێت بە گوللـەی ساچمەیی لە جۆری پلاستیکیش راستەوخۆ شوێنی هەستیاری جەستە وەک سەر و چاو بکرێتە ئامانج و بەکارهێنانی ئەو گوللانە لە کاتی مەترسیی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی لە ناوخۆی هەر وڵاتێکدا رێگەپێدراە. لە راپۆرتەکان و ئەو بەڵگە و گوللـە ساچمەییانەی کە لە لەشی بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرهێنراون و کۆکراونەتەوە، دەرکەوتوە قەبارەی ژمارەیەک لەو گوللـە ساچمەییانە یەک سانتی مەتر بوە و چوار ملیم لە ستانداردە جیهانییەکان گەورەتر بوە. زۆربەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا برینداربون هێزە ئەمنییەکانی ئێران شوێنی هەستیاری جەستەی خۆپیشاندەرانیان کردوەتەوە ئامانج و لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە 50 گوللـەی ساچمەیی لە لەشی بریندارەکاندا دەرهێنراوە. دەرکەوتوە بەشێک لەو گوللـە و چەکانەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە بۆ راوی بەراز و ئاژەڵە مەترسیدارەکان سودی لێوەردەگیرێت و بەکارهێنانی دژی مرۆڤ قەدەغەیە. لە ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاشکرابوە تەنها بەهۆی گوللـەی ساچمەییەوە 570 کەس چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەست داوە و نابینا بون و ژمارەیەکیشان بە هاوکاریی پزیشکانی نێودەوڵەتی و ئەوروپا رەوانەی وڵاتانی دەرەوەی ئێران کراون و چارەسەریان بۆ دەکرێت. لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 600 کەس بە گوللـە و تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 70 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و منداڵی نۆ ساڵ و شەش ساڵ و تەنانەت دوو ساڵان هەیە.
هاوڵاتی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ٦٠ هەزار ئاوارەی سوریا تورکیایان جێهێشووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. خولوسی ئاکار کە لە پارێزگای هاتای سەردانی بارەگایەکی سەربازی سوپاکەی لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا کرد بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی قسەی کرد. ئاکار لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان وتی، بە شەو و رۆژ سنورەکان لە رێگەی سیستمی دراگۆن (چاوی ئەژدەها) چاودێری سنورەکان دەکرێت و هیچ رێگەیەک نییە، ئاوارەکان سنورەکان تێپەڕێنن. خولوسی ئاکار دەڵێت، " ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن، ئاوارەی زیاتر هاتوونەتە نێو خاکی سوریا راست نییە. تورکیا تەکنیکی پێشکەوتووی هەیە کە لە مێژووی تورکیادا وێنەی نەبووە. باسی ئەوەشی کرد کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، بانگەشەیەک هەبووە کە ئاوارەکان هاتوونەتە نێو خاکی تورکیا، بەڵام هیچ شتێکی بەو شێوەیە نییە و دوای بومەلەرزەکە ٦٠ هەزار ئاوارەی سوریا خاکی تورکیایان جێهێشتووە و بە دڵی خۆیان چوونەتەوە وڵاتەکەیان.
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) لە مێژووی سیاسەتی تورکیادا، راستڕەوترین و دواکەتووترین بەرەیە و بووەتە هاوپەیمانی تالیبان. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وتارێکدا ئاماژەی بە دۆخی هەڵبژاردن لە تورکیا کرد و وتی، " هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) لە مێژووی سیاسەتی تورکیادا، راستڕەوترین و دواکەتووترین بەرەیە و بۆ هاوپەیمانی تالیبان گۆڕاوە. ئەم هاوپەیمانێتیەی تالیبان، دەیەوێت لەسەدا ٥١ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و لە پەرلەمان قۆڕخ بکات." دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتیان بەرەو وێرانەیەک برد. هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان نییە و ئەگەر تاوەکو ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون، ئەمە کەموکورتی و بەرپرسیاری ئۆپۆزسیۆنە و دەڵێت، " پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەموو هێزەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکان، ئابوری، دیموکراسی، دادپەروەری، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، گەشتیاری پەروەردە و تەندروستی خەرج بکات. هەروەها دەبێت لە بەرامبەر هاوپەیمانی تالیباندا گەل ئاگادار بکاتەوە." لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، " دیارە کە هاوپەیمانی تالیبان، پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لەسەر بناغەی رەشکردنی بەرامبەر و ئۆپراسیۆنەکان بەڕێوە دەبات. دیارە کە لە بانگەشەکەدا هەدەپە وەک دوژمن پێناسەی بۆکراوە. هەدەپە پێویستە لە بەرامبەر ئەم دۆخە هۆشیار و وریا بێت و بە باشی سیاسەتی چارەسەری خۆی بۆ هەموو تورکیا روون بکاتەوە. جگە لەوە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش هەندێک لایەن هەدەپە وەک دوژمن دەبینن. ئەو کەسانە کە لە چوارچێوەی فاشیزم و نەژادپەرستی بیر دەکەنەوە، وەها دەزانن تورکیا موڵکی باوکیانە. ئەو لایەنانە کاتێک گوێیان لە وشەی 'کورد' دەبێت، موی گیانیان هەڵدەستێت و پێیان باشترە لەگەڵ ئەردۆغاندا بن. لە بری ئەوەی کوردێک هەڵبژێرن کە داوای دیموکراسی و ئاشتی دەکات، دەچن هاوپەیمانی تالیبان هەڵدەبژێرن کە تاوەکو ئێستاش نازانن، گەورەترین هەڵبژاردن لەدەست دەدەن. دەمیرتاش هەروەها بانگەوازی لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد کە لە هەڵبژاردنەکاندا دوو رێگەیان هەیە، یان ئەفغانستان هەڵدەبژێرن یان سویسرا و وتی، " ئێوەی هاوڵاتی وڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە، چونکە مۆرەکە لای ئێوەیە."
بە پێنوسی: عامر شێخ خەمڵێنراوە کە تا ساڵی 2050 بە 10 ملیار کەس پێویستیان بە خۆراک دەبێت. هەسارەکەمان سەرچاوەی سروشتی زۆرە، بەڵام گەشەی دانیشتووان و گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێی درێژخایەن هەڕەشەن بۆ سەر ئەم سەرچاوانە. ئەو وڵاتانەی کە لە لەگەڵ ململانێ و پیسبوون و دارستانبڕین و ئاڵانگاری دیکەدا دەجەنگن، پێدەچێت قورسایی ئەم کاریگەرییە لە ئەستۆ بگرن. بۆ ئەوەی دانیشتوان لە سەرانسەری جیهاندا بپارێزین و هەسارەیەکی تەندروستتر بنیات بنێن، پێویستە بە ووردی بیر لەوە بکەینەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەرانسەردا دەتوانن چی بکەن بۆ هاندانی کردەوەی ئەرێنی. زۆرجار پێپسیکۆ وەک کۆمپانیایەکی خواردنەوە گازییەکان بیری لێدەکرێتەوە. بەڵام ڕاست نییە. ئێمە وەک کۆمپانیایەکی کشتوکاڵی خۆمان دەبینین لە ناوەڕۆکەکەماندا - ئێمە سەرچاوەی بەرهەمەکانمان لە سەرانسەری 60 وڵاتەوەیە و پشتگیری زیاتر لە 100,000 هەلی کشتوکاڵی دەکەین لە سەرانسەری جیهاندا. ئەو قەبارە و ئەزموونە ڕێگەی پێداوین لەوە تێبگەین کە کشتوکاڵی بەردەوام لە دڵی دابینکردنی خواستە لەسەر خۆراکە لەگەڵ گەشەکردنی دانیشتوانی جیهان. هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکییە لە پاراستن و پەرەپێدانی سەرچاوە سروشتییەکانمان. لە عێراقدا، پێویستە گرنگی بە کشتوکاڵی بەردەوام بدرێت، بە لەبەرچاوگرتنی کەمی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمی دابینکردنی ئاو لەم ناوچە جوگرافییەدا، کە نیگەرانییەکان لەبارەی ئاسایشی خۆراکەوە دروست دەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەپەلە بۆ پلاندانانی باش بۆ داهاتوو بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر قەیرانێک. و بێگومان کەرتی تایبەت ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە جوڵاندنی ئەم بابەتە، بەڵام ئایا ڕێگەیەک هەیە کە بتوانین هەوڵەکانمان بە یەک ئاڕاستەدا چڕ بکەینەوە لەم ڕۆژە جیهانییەی کشتوکاڵ؟ ڕێبەری ڕێنمایی بەهێزکردنی هاوبەشییەکان ئاڵۆزی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی بەو مانایەیە کە کاریگەریکردن لە کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان پێویستی بە هاوبەشی کاریگەرە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە. ئەمەش وەک پشتگیریکردنی جووتیارانی کەمدەرامەت، بەهێزکردنی ژنان و بەکارهێنانی سەرچاوە تەکنیکی و داراییەکان بۆ پەروەردەکردنی هاوبەشی نێوان پیشەسازییەکان. پێویستە کارە هاوبەشییەکان بەرەو بنیاتنانی خۆڕاگری کەشوهەوا و هاندانی توێژینەوەی کشتوکاڵی داهێنەرانە و داڕشتنی پلانی کارکردنی هاوبەشی تایبەت بە کاڵاکان لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان ئاڕاستە بکرێن بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی بەردەوام و سەرچاوەکان. هەروەها کۆمپانیاکان دەتوانن هاوبەشییە بەکۆمەڵەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پیشەسازیدا دەستپێبکەن کە سەرنجیان لەسەر کردار بێت – لەوانەش ڕکابەرەکان، بۆ پێشخستنی چارەسەرەکان لەبارەی ئاستەنگە کشتوکاڵییەکان، وەک دارستانبڕین، تێکچوونی زەوی، و دەردانی گازی گەرمی(GHG). پاڵپشتی جووتیاران زیندووکردنەوەی فراوانتری کشتوکاڵی بەشدار دەبێت لە پاراستن و دووبارە دروستکردنەوەی ئیکۆسیستەمەکان لە ڕێگەی باشترکردنی بەپیتی خاک، کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی بەشە ئاوییەکان و زیادکردنی جۆراوجۆری لایەنەکانی ژیان. نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەمەش کێڵگە ئەزموونییەکانمانە، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە بازرگانیکردنی چەمکی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی داهێنەرانە لە زۆرێک لە بازاڕەکاندا. خاڵێکی دیکەی گرنگ باشترکردنی بژێوی جووتیارانە لە ڕێگەی ئەو بیرکردنەوەی کە قازانج و بەرهەمهێنانی درێژخایەنی کێڵگەکان لە پێشینەدا بن بە گرنگیدان بە بەردەوامیی ژینگەیی و زیادکردنی بەرهەم و قازانج لەماوەیەکی کورتدا. و دروستکردنی بارودۆخی کارکردنی گونجاو و دابینکردنی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیادا کە کارایی لە کارەکاندا دروست دەکات، دەتوانێت ڕێگەیەکی دوور ببڕێت لە ڕزگاربوونی جووتیارانی کەمدەرامەت لە هەژاری. بۆ نموونە لە عێراق، هاوبەشی پێپسیکۆ لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانیدا یارمەتییەکی 250 هەزار دۆلاری لەخۆدەگرێت لەلایەن دامەزراوەی پێپسیکۆوە بۆ بەهێزکردنی جووتیارانی کەمدەرامەتی ناوخۆیی لەڕێگەی بنیاتنانی زنجیرەیەکی بەهێزتر و بەردەوامی دابینکردنی پەتاتە. ئەمەش جووتیارانی کەمدەرامەتی عێراقی بەهێز دەکات بۆ دامەزراندنی پەیوەندی بازاڕی متمانەپێکراو و دەستگەیشتن بە دارایی و زیادکردنی کوالێتی و بەرهەمی بەروبوومیان و دەستەبەرکردنی داهات و بژێوی ژیان، و پێشکەوتن بەرەو پێوەرە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان بۆ کشتوکاڵی بەردەوام. جووتیاران ڕاهێنان و پێشنیاری تەکنیکی لەسەر شێوازە کشتوکاڵییە باشەکان وەردەگرن، وەک بەکارهێنانی ئامانجدارانەی ئاودێری کە لە درێژخایەندا یارمەتیان دەدات بۆ گەشەپێدانی بەرهەمیان بە شێوەیەک کە زەوی و ئیکۆسیستەم و کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان دووبارە دروست بکاتەوە. وەبەرهێنان لە بازرگانیە دەستپێشخەرە داهێنەرەکاندا بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیایMAGNiTT، بازرگانیە دەستپێشخەرەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا زیاتر لە 1.2 ملیار دۆلاریان وەرگرتووە، کە 64% لە چاو ساڵی ڕابردوودا گەشەی کردووە و 12% زیادیکردووە لە چاو یەک ملیار دۆلار کە لە سەرجەم ساڵی 2020دا کۆکراوەتەوە –ئەمەش ئاماژەیە بۆ توانای بازرگانیە دەستپێشخەرەکان بۆ هاندانی گەشەی ئابووری بەرفراوان. دەبێت بزانین کە بازرگانیە دەستپێشخەرەکان بیرۆکەی زۆر داهێنەرانە و دەوڵەمەندیان هەیە کە دەتوانن پێشکەشی بکەن، هەروەها تایبەتمەندی نەرمی و کراوەیی و داهێنانیان هەیە کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی کاریگەری ئەرێنی خوازراو لە درێژخایەندا، ئەگەر سەرچاوەی و سەرمایە و تۆڕی گونجاوی پەیوەندییان بۆ دابین بکرێت.. گرنگە کە کارمەندانی کەرتی تایبەت زیاتر دەرفەتەکان دەستنیشان بکەن بۆ هاوکاری بازرگانیە دەستپێشخەرەکان لەسەر ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە داهێنانی خێرا هەیە – کە کشتوکاڵی بەردەوام یەکێکە لەوانە بەرنامەی Greenhouse Accelerator Programی ئەمساڵ، بانگهێشتی بازرگانیە دەستپێشخەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکات بۆ گۆڕانکاری دەستبەجێ لە بواری کشتوکاڵدا بۆ پەرەپێدانی چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، بەڕێوەبردنی کاراییەکان لە سەرانسەری شتومەک و پرۆسەکانی بەرهەمهێنان بۆ زیادکردنی کارە بەردەوامەکان لە کشتوکاڵدا و داهێنان لەگەڵ بەرهەم و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان بۆ پشتگیری ئاسایشی خۆراکی ناوچەیی؛ و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و دیجیتاڵکردنی پرۆسەکانی کشتوکاڵی بۆگەیشتن بە بەردەوامیی. هاوبەشکردنی باشترین پراکتیزەکان هاوبەشکردنی باشترین پراکتیزەکان و وانە فێربووەکان لە سەرانسەری جیهان هەنگاوێکی گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکان و هەنگاونان بەرەو پێشەوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانمان، هەروەها دەبێت سوود لەو زانیاری و ئەزموونە گەورەیە وەربگرین کە کەرتی تایبەت خاوەنییەتی لەبری ئەوەی کات بەفیڕۆ بدەین لە کارکردن لەسەر ئەو شتانەی کە پێشتر چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە. و کاتێک داڕێژەرانی سیاسەت و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە کاردەکەن، و ئێمە پشتگیرییەکی پێویست لە هاوبەشەکان کەرتەکە وەردەگرین، و پرۆسەی جێبەجێکردنی پراکتیکەکان لە شوێنە ناوخۆییەکاندا نەرمتر دەبێت و پێویستی بە هیلاکی کەمتر دەبێت. بۆ نموونە، بۆ بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، زۆرکردنی بەردەستبوونی بەرهەمە سەرچاوە بەردەوامەکان لەمڕۆدا، و بەشداریکردن لە گۆڕانکاری درێژخایەن لە سەرانسەری سیستەمی کشتوکاڵیدا – لایەنەکان دەتوانن چارەسەرەکانی وەک سەرچاوەی ڕاستەوخۆی بەرهەم لە جووتیارانەوە و ڕاهێنانی جووتیاران لەسەر کشتوکاڵی ناو کێڵگەکان و کاراکردنی سەرچاوەکان بدۆزنەوە بە ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی پێداویستی و ئاودێری، تەکنیکەکانی پاراستنی ڕووەک، مافی کرێکاران، و نەخۆشیەکان. لە پێپسیکۆ، بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی و کاریگەریی ناوخۆیی جووتیاران، ئێمە تۆڕێک لە کێڵگە ئەزموونیییەکان گەشە پێدەدەین کە باشترین پراکتیزە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆیی تێیدا دەتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و جووتیارانی ناوخۆیی دەتوانن چاودێری بکەن و لە هاوپیشەکانیان فێربن. بۆ نموونە لایەنە ئارەزومەندەکان دەتوانن بەدواداچوون بۆ ئەو چارەسەرانە بکەن کە لەبەردەستیاندایە وەک سەرچاوەگرتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ڕاستەوخۆ لە جووتیارانەوە، ڕاهێنانی ڕاستەوخۆیان لە بواری کشتوکاڵدا، باشترکردنی کارایی بەکارهێنانی قوم و تەکنیکەکانی ئاودێری و پاراستنی ڕووەک و مامەڵەکردن لەگەڵ مێرووەکان و پاراستنی مافی کرێکاران، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و فراوانکردنی بەردەستبوونی بەرهەم لە سەرچاوە بەردەوامەکانەوە، بەم شێوەیە بەشدارە لە گۆڕانکارییە درێژخایەنەکانی ڕیشەیی لە سیستەمی کشتوکاڵدا. بۆ ئەوەی سوود لە شارەزایی و کاریگەری جووتیارانی ناوخۆیی وەربگرێت، کۆمپانیای پێپسیکۆ تۆڕی کێڵگە ئەزموونیەکانی فراوانتر دەکات کە باشترین پراکتیزە ناوخۆییەکان جێبەجێ دەکەن و دەرفەتی فێربوون و بەدەستهێنانی ئەزموون لە هاوبەشەکانیان بۆ جووتیاران دەڕەخسێنن. کشتوکاڵی بەردەوام بەبێ هاوپەیمانییەکی فراوانی لایەنەکان بەدەست ناهێنرێت. ئەمە گەشتێکی دوور و درێژە، بەڵام ئەگەر پێکەوە کاربکەین بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان، دەتوانین نەمانی برسێتی بکەینە ڕاستی و داهاتوویەکی بەردەوام بۆ هەموومان مسۆگەر بکەین.
لە ئامارەکانی ئێراندا ئاشکرا دەبێت لە یەکساڵدا هەڵاوسانی ئابوریی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی هەڵاوسان لە مێژوی 50 ساڵی وڵاتەکەدا لەقەڵەم دەدرێت. بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە ئامارەکانی مانگی رابردوی ئەو وڵاتەی بڵاو کردوە کە تا ئێستا هەڵاوسانی ئابوریی بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی رابردودا 63.9% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی هەڵاوسانی ئابوریی لە 21 مانگی رابردو تا 22ی ئەم مانگە لە ئێران، هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە 46.5% کە ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2022دا هەڵاوسانی ئابوریی نزیکەی 70% بەرز بوەتەوە. ئاماژە بەوە کراوە لە مانگی ئازاری ئەم ساڵدا زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکانی ئێران تۆمار کراوە و ئەوەش زیاترین هەڵاوسانی یەک مانگی، 50 ساڵی مێژوی وڵاتەکەی لێکەوتوەتەوە. هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لە کاتێکدا لە ئەمساڵدا بەهای تمەن نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلار و زۆربەی دراوەکانی جیهان تۆمار کرد و لە یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار لە ئێران گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەم درا. دراوی تمەن نزیکەی 96%ی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدستداوە و ئەوەش وا دەکات بە بەردەوامیی هەڵاوسانی ئابوریی ئێران بەرز ببێتەوە.
هاوڵاتی لەدوای بڕیارەکەی فڕەنسا سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیەوە، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا میکانزم و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، هاوکات هەریەک لە حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کۆبۆوە کە شاندەکە لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەکالەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتبوو. هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا میکانزم و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، ئەمەش دوابەدوای بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 23ـی ئاداری 2023ـی دەستەی دادوەرانی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە داوایەکی عێراق کە لە دژی تورکیا بەرزیکردبووە، بەهۆی سەرپێچیکردنی رێککەوتنی ساڵی 1973ـی هێڵی بۆڕیی عێراق و تورکیا، کە لە دەقەکەیدا هاتوو "پێویستە حکومەتی تورکیا، گوێڕایەڵی رێنماییەکانی لایەنی عێراقی بێت لەبارەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق بۆ سەرجەم ناوەندەکانی کۆگاکردن و رۆیشتن و وێستگەی کۆتایی". هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردن و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابووریی و یاسایی و بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و گەیاندنی حکومی و ژمارەیەک بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندارەکان ئامادەبوون. ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، لە رۆژی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەکلایی کراوەتەوە و کۆماری عێراق براوەیە و دادگای پاریس بە فەرمی رایگەیاند، تورکیا پێشێلکاری لە رێکەوتننامەی هێڵی بۆرییە نەوتەکانی عێراق کردووە. دواتر نوسینگەی گواستنەوەی نەوتی عێراقی نووسراوێکی ئاڕاستەی بەندەری جەیهان کرد بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و تورکیاش بە بڕیارەکانی دادگای پاریس پابەندبوو. لەو بارەیەوە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا. وتیشی، "سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە".
هاوڵاتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕوس جێگیر دەکات. ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لە بیلاروس داوە وەک ناردنی ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ناتۆ لەسەر بەردەوامی پشتگیری سەربازیان بۆ ئۆکرانیا و پشتگیریکردنی بەردەوامی ڕۆژئاوا. پوتین ئاماژەی بەوەشکردوە ، ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نابێت و بەراوردی کردووە بە جێگیرکردنی چەکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا. ویلایەتە یەکگرتووەکان زلهێزەکەی دیکەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا بە وریایی کاردانەوەی پیشانداوە بەرامبەر بە لێدوانەکەی پوتین، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتەکە دەڵێت هیچ نیشانەیەک نییە کە مۆسکۆ پلانی دانابێت چەکە ناوکییەکانی بەکاربهێنێت. پوتین لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنێکی وڵاتەکەی باسی لەوەشکرد، ڕووسیا کۆنترۆڵ بۆ بیلاروس ناگوێزێتەوە ،بەڵام ئەمە لەوانەیە یەکەم جار بێت لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە کە ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات ئەو جۆرە چەکانە جێگیردەکات . وتیشی "لێرەش هیچ شتێکی نائاسایی نییە، یەکەم، ئەمریکا بۆ دەیان ساڵە ئەم کارە دەکات "، دەشڵێت کە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی خۆیان لە خاکی وڵاتە هاوپەیمانەکانیان بڵاوکردۆتەوە. هەروەها ڕووسیا لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە تیمەکانی کارپێکردنی ئەو چەکانە دەکات. هاوکات لە وڵامی ئەم بڕیارەدا ئۆلیکسی دانیلۆڤ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ئەمەی بە بە "هەنگاوێک بۆ ناسەقامگیری ناوخۆیی" بیلاروسی ناوبرد و گوتی" پلانی ڕوسیا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلارۆس ئەو وڵاتە ناسەقامگیر دەکات کە لەلایەن مۆسکۆوە بارمتە گیراوە." هاوکات شیکەرەوەکان لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW) وتیان کە مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی تا ئێستا "زۆر نزم ماوەتەوە". بەڵام کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی ناوکی، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی پوتن مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبات . لە 24ی شوباتی 2022دا ڕوسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و دوای 13مانگ تا ئێستا بەردەوامە .
