هاوڵاتی ڕوسیا کە سەرکردەکەی بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراوە ڕۆژی شەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بووە هۆی توڕەیی ئۆکرانیا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی بە هەنگاوێکی بێمانا و وێرانکەر ناوی برد. دواین جار کە ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بە بەرپرسیاری هێشتنەوەی ئاشتی و بەرەنگاربونەوەی کردەوەی دەستدرێژییە نێودەوڵەتییەکانە لە مانگی شوباتی 2022 بوو کە سوپای مۆسکۆ هێرشێکی داگیرکارییان بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ،  رۆژی شەممە (1ـی نیسانی 2023) رووسیا بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، و لەلایەن ئۆکرانیاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. هاوکات لەلای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە لە توویتێکدا رایگەیاندووە، رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبینەوە کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام بدرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.  بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا نووسیویەتی: وەرگرتنی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە، شیاوی ئەوەیە ببێتە درۆی نیسان. هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیاش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا سەبارەت وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ڕوسیاوە وتی "بەداخەوە، ئێمە هەندێک هەواڵی بێمانا و وێرانکەرمان پێیە....." هەروەها ڕاشیگەیان لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ڕوسیا ڕۆژی هەینی منداڵێکی پێنج مانگ کوژراوە. سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات زۆر ئەستەمە شتێکی دیکە  وێنا بکەین کە زیاتر مایەپووچبوونی ئەو جۆرە دامەزراوانە بسەلمێنێت". سەرۆکایەتیەکە هەر مانگێک بە ئەلف و بێ لە نێوان 15 ئەندامی ئەنجومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێت و دەسوڕێتەوە. هەرچەندە ئەمە بە زۆری ڕووکارییە. رووسیا لە دوێنێ شەممەوە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات. بڕیار وایە سبەی دووشەممە (3ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی رووسیا ببەستێت و کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم مانگەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت.

ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد نزیکەی سێ هێندە زیادی کردوە و لە سێ مانگدا نزیکەی 50 کەس لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان بەندکراوی سیاسیی بون. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 48 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد 270% زیادی کردوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لانیکەم 141 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون. بە پێی ئامارەکان لە سێ مانگی ساڵی رابردو 13 کورد لە ئێران لەسێدراەدراون بۆیە رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد لە سێ مانگی ئەمساڵدا 270% واتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبوەتەوە. هەنگاو ناوی سێ بەندکراوی سیاسیی بڵاو کردوەتەوە کە لەو سێ مانگەدا لە زیندانەکانی کەرەج و کرماشان و ورمێ لەسێدارەدراون. لە زیندانی ورمێ 19 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون و لە زیندانی سنە سێ بەندکراو و لە زیندانی ئیلام دوو بەندکراو و لە کەرەج و بەندەرعەباس و ئەراک و چەند شارێکی دیکە 16 بەندکراوی کورد لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەسێدارە دراوە.

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برێڤەرمان دەڵێت باوەڕی بەوە هەیە ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە بۆ نیشتەجێکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ کاتێکی دیاریکراو دانرابێت بۆ ناردنی یەکەم وەجبەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە. حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت هەزارەها پەنابەر بۆ دوری زیاتر لە 6500کم (4000 میل) دوور بخاتەوە بۆ  ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا وەک بەشێک لە مامەڵەیەکی 120 ملیۆن پاوەندی (148 ملیۆن دۆلار) ،وەک چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لەو پەنابەرانەی  کە لە فەرەنسا بە بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. براڤێرمان لەلایەن لۆرا کوێنسبێرگ، پەیامنێری بی بی سی پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکی توندوتیژی لەسەر بەشەخۆراک لە کەمپێکی ڕواندا لە ساڵی 2018دا، کە پۆلیسی ڕواندا ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم پێنج پەنابەر گیانیان لەدەستداوە. لەو وەڵامدا گوتی ئاشنای ئەو کەیسە نییە بەڵام "لەسەر بنچینەیەکی بەهێز" کە دەڵێت ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە چارەسەرێکی دروستە بۆ کێشەی گەیشتنی پەنابەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا. لە وڵامێکی پرسیاری بێژەرێکی سکای نیوسیشدا گوتی  "ئێمە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە پرسی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا سەرکەوتنێکی زۆر بەهێزمان لە دادگای باڵا هەبوو. ئێمە ئێستا یاسادانانمان ناساندووە ئێمە دەمانەوێت بە خێرایی بجوڵێین بۆ گواستنەوەی خەڵک لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا. پلانەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، بەڵام یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی ناردنی یەکەم کۆمەڵەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە بە فەرمانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕاگیرا. هاوکات  دادگای باڵای لەندەن لە مانگی دوازدە بڕیاریدا کە پلانەکە یاساییە، بەڵام بەرهەڵستانی بڕیارەکە هەوڵدەدەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

سوپای ئێران رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندوە و دوای هۆشداریی پێدان لە ناوچەکە دروکەوتوەتەوە. سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جۆری(EP-3E) هێزی دەریاوانی ئەمریکا لە سنوری دەریای عومان هاوتوەتە سنوری ئاسمانی ئێران. سوپا ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو فڕۆکەیە دوای پێدانی هۆشداریی لە لایەن هێزی دەریاوانی سوپای ئێرانەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سنوری نێودەوڵەتیی ئاوەکانی ئەو ناوچەیە. فڕۆکەی جۆری(EP-3E) ئەمریکی تایبەتە بە جەنگی ئەلیکترۆنی و چاودێریی سەربازییە کە تەنها لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و ژاپۆن بەکاردەهێنرێن.  

هاوڵاتی زۆزان سەڤەن کچێکی کورد و مامۆستای خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان کە باوکی بەرپرسە لەنێو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داواکاری بۆ کاندیدی پەرلەمان پێشکەش بە پارتی چەپی سەوز کرد کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات و رایگەیاند، لەم رێگەیەوە دەست بە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەم." زۆزان سەڤەن وتی، " هەرچەندە باوکم داوای لێکردووم کە داواکاریەکەم بۆ کاندیدبوون لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بکشێنمەوە، بەڵام ئەمە هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆمە و دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرن." محەمەد سەڤەن باوکی زۆزان سەڤەن کە لەنێو رێکخستنەکانی ئاکەپەدا لە جۆلەمیرگ چالاکە لەبارەی کاندیدبوونی کچەکەی لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. محەمەد سەڤەن دەڵێت، " کچەکەم بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئەم بڕیارەی داوە. ڕای کچەکەمە. هیچ پەیوەندیەکی بە خانەوادەکەمانەوە نییە. ٢٠ ساڵە لەنێو ئاکەپەدا سیاسەت دەکەم. کچەکەم لە جۆلەمێرگ ناژی. ئەم هەنگاوەی منی زۆر نیگەران کردووە." زۆزان سەڤەن هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبەرامبەر قسەکانی باوکی نووسیویەتی، " خەڵک پێم دەڵێن ئایا داواکاریەکەت بۆ کاندیدبوون دەکشێنیتەوە یان نا؟ پێویستە بوو روونکردنەوە بدەم. بۆیەش لێرەوە رایدەگەیەنم، راستە پشتگیری باوکم گرنگ بوو بۆ من، بەڵام بەداخەوە کە لەدژی منە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکار کە لە تێکۆشانم بۆ ئازادی بکشێمەوە." لەلایەکی دیکەوە، پارتی چەپی سەوز لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " زۆزان خان، بەخێر بێیت، رێگەیەکی دروستت هەڵبژاردووە."

جەنەڕاڵێکی بەریتانیا هۆشداریی دەدات لە پەیوەندییەکانی ئێران و روسیا و دەڵێت: ئەو پەیوەندییانە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. جەنەڕاڵ مارتین سامپسۆن (سامی)، راوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند؛ ئەوەی بڕیارە ئێران لە بەرامبەر پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بە روسیا وەریگرێت سەقامگریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە ژێر هەڕەشەوە. سامپسۆن وتویەتی: چاوەڕێ ناکرێت پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران ببێتە مایەی خێر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەنگە ئێرانیش فڕۆکەی جەنگی و ئامێری تایبەت بە دروستکردنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتو لە روسیا وەرگرێت. ئەو جەنەڕاڵەی بەریتانیا جەختی لەوە کردوەتەوە؛ هاوکارییەکانی روسیا و سەرکێشییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتە مەترسیی گەورە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە رێگریی لە قوڵبونەوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران بکرێت. پێشتر رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردبوەوە کە روسیا ئامێری تایبەت بە چاودێریی ئەلیکترۆنیی هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت و ێنەگریی پێشکەوتو بۆ ناسینەوەی تۆمەتبارانی لە بەرامبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە.  

ئەمڕۆ یەكشەممە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان مەحسین مەندەلاوی ڕەوانەكردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی ڕاگەیاند. نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە و ڕایگەیاندووە : مەحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كرد. بەپێی بەیاننامەكە مەندەلاوی ئاڕاستەی كردووە لێكۆڵینەوە و گفتوگۆكانی خێراتر بكات بۆ ئەوەی لە نزیكترین دانیشتندا بیخاتە بەرنامەی كارەوە.

هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ناسنامەی پێنج گەریلای بڵاوكردەوە، كە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێكدا ناسنامەی پێنج شەهیدی بڵاوكردەوە، كە ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، گەلی کورد لە ڕێگەی ڕۆڵە بەنرخ و شکۆدارەکانی بۆ ئازادی بە هەموو شێوەیەک تێدەکۆشێت و هەبوونی خۆی دەپارێزێت و گەلی کورد بە ڕێپێوان و بەرخۆدانی فیدایی ڕۆڵەکانی هەنگاو بە هەنگاو ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت و بۆ پاراستنی هەبوونی گەلەکەمان لە قڕکردن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشی دوژمن بکات گەلەکەمان پێویستی بە تێکۆشانی گەورە هەیە. ئاماژەبەوەشکراوە، لەم دۆزەی ئازادیدا ڕۆڵە جوانەکان، شکۆدار و قاڕەمانەکانی گەلەکەمان بێ دوودڵی تێدەکۆشن و بەرەو شەهیدبوون ڕێدەکەن و هەر قارەمانێکمان تێکۆشان گەورەتر دەکات، باوەڕمان زیاتر دەکات و زیاتر نزیکی سەرکەوتنمان دەکاتەوە. دەشڵێن، لە ساڵی ٢٠١٧دا، کە یەکێک لە ساڵە هەرە سەختەکانی مێژووی تێکۆشانمان بوو، قارەمانەکانمان، کە هێرشەکانی دوژمنیان بێوەستان پووچەڵ کردەوە، هیوای ئازادیمانیان زیندوو کردەوە و بە فیداکاری بەرخۆدانیان کرد، تێکۆشانی ئێمەیان تاوەکو ئەمڕۆ هێنا. ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوڕێکانمان دەروێش، ئازاد، ئوزگور، سیدار و خەلیل لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک شەهیدانی خۆپاراستنی ئاپۆیی، کە پێشەنگایەتیان بۆ بەرخۆدان کرد، بە قارەمانێتی بەرخۆدانیان کرد و شەهید بوون. لە کۆتاى ڕاگەیەندراوەکەدا باسلەوەکراوە، ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستیەوە یادی ئەو هەڤاڵە بەنرخانە دەکەینەوە و بەڵێنی خۆمان لە بەرامبەر یادەوەرى و ئامانجیان دووبارە دەکەینەوە و سەرەخۆشی لە خانەوادە وڵاتپارێزەکانیان و گەموو گەلی کوردستان دەکەین. هەپەگە زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو شەهیدانە بەم جۆرە بڵاوكردەوە: ناسناو: دەروێش تەتۆیی ناو و پاشناو: دۆغوکان بۆزدەمیر شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: حەنیفە و موخلیس کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: ئازاد گەڤەر ناو و پاشناو: عەزیز تاتلی شوێنی لەدایکبوون: روحا دایک و باوک: سدیقا و عیزەت کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: ئوزگور جیلۆ ناو و پاشناو: ئیلهان ئاکدۆغان شوێنی لەدایکبوون: جۆلەمێرگ دایک و باوک: زەینەب و خالید کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: سیدار بۆتان ناو و پاشناو: رەجەب ئەسین شوێنی لەدایکبوون: وان دایک و باوک: هەردەمجان و سەلمان کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە. ناسناو: خەلیل داغ ناو و پاشناو: محەمەد ئەمین داکمان شوێنی لەدایکبوون: ئامەد دایک و باوک: بەسرا و ئەسەد کات و شوێنی شەهیدبوون: لە ساڵى ٢٠١٧ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهیدبووە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵو، فوئاد ئاکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، "تورکیا هەموو تواناکانی خۆی لە دوای بوومەلەرزەکە چڕ کردۆتەوە بۆ هاوکاری کردنی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، تا ئێستاش هاوکاری ماددی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار زیانلێکەوتوو دابەش کراوە، هەروەها حکوومەت توانیویەتی لە ماوەی سێ هەفتەی دوای کارەساتەکەدا لووتکەی قەیرانەکە تێپەڕێنێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا تیمەکانیان چوونەتە قۆناغی دووەمەوە "لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کارەساتەکەدا، هەنگاوەکانیان بەئاڕاستەی ئاوەدان­کردنەوە و نۆژەن­کردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە دەستپێکردووە". ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو، تا ئێستا نزیکەی 50%ی داروپەردوی بوومەلەرزەکە لابراون، هاوکات ئامانجیان لابردنی هەموو داروپەردوەکانە تا جەژنی ڕەمەزان، جگە لە شاری ئەنتاکیا کە لابردنی داروپەردوەکەی دوو هەفتە دوای جەژن تەواو دەبێت".

لەنێوان رۆژانی ٢٤-٣٠ی ئاداردا دوو هەزار و ٥٨٧ کۆچبەری نایاسایی لە سەرانسەری توركیادا ده‌ستگيركراون و هه‌زار و ٧٤١ کۆچبەری نائاسایی دیپۆرتی وڵاته‌كانیان كراونەتەوە. به‌پێی ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی كه‌ لە هەژماری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وەزارەتی ناوخۆی توركیادا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌فته‌ی ٢٤-٣٠ی ئاداردا له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌دا، دوو هەزار و ٥٨٧ کۆچبەری نایاسایی ده‌ستگيركراون كه‌ ٩٢٢یان ئه‌فغانی، ٣٩یان پاكستانی، هه‌زار و ٦٢٦یان له‌ ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه‌ بوون. هاوكات هه‌زار و ٧٤١ کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاته‌كانیان كراونه‌ته‌وه‌ کە ٤٩٣یان ئه‌فغانی، ٧١ کەسیان پاكستانی و هه‌زار و ١٧٧ کەسیان له‌ ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه‌ بوون و به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی چوونه‌ته‌ نێو توركیا. ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە دیپۆرتی وڵاته‌كانیان کراونەتەوە، گەیشتووەتە ٢٦ هەزار و ٢٨ کۆچبەر. له‌ هه‌مان ماوه‌دا، رێگری لە چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ٥٩ هەزار و ١٠٤ کۆچبەری نایاسایی بۆ تورکیا کراوه‌. ١٦ هەزار و ٣٤٤ کۆچبەری نایاسایی لە ناوەندەکانی ره‌وانه‌كردنه‌وه‌دان، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٣٣٠ کەسیان ئه‌فغانی، هه‌زار و ٩٤٥یان پاكستانی و ١٠ هەزار و ٦٩یان له‌ ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه‌ن.

شەوی هەینی 31-03-2023 پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، "زیاتر لە 40 قاچاخچیی کۆچبەران لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون، کە بەرپرسن لە بەقاچاخبردنی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کۆچبەر بۆ نێو یۆنان." پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، هێزەکانیان توانییان 55 کەسی دیکە دەستگیر بکەن، کە پەیوەندییان بەو 40  قاچاخچییەوە هەیە، ئەو باندە بەرپرسی دابینکردنی ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختە بوون بۆ کۆچبەرەکان. گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا باندەکە توانیویانە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ناسنامە و بەڵگەی ساختە دروست بکەن. بە گوتەی پۆلیسی یۆنان، تۆڕی قاچاخچییەکان لەسەر ئاستێكی گەورە کاریان کردووە، بە جۆرێك کە ژێرخانێكی تەواو پیشەییان بۆ بەقاچاخبردنی کۆچبەران دروستکردووە. پۆلیسی یۆنان راشیگەیاند، تۆڕەکە چەندین نووسینگە و شوێنێكی تایبەتیان لە ئەسینای پایتەخت و شاری تیسالۆنیکی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات لەنزیک دەریای ئیجەی بەرامبەر تورکیادا هەبووە. کاری ساختەکاری و دروستکردنی بەڵگە و ناسنامە ساختەکانیان لە 5 تاقیگەی تایبەت لەو دوو شارەدا کردووە. هەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی یۆنان، تۆڕەکە 12 یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ شاردنەوەی کۆچبەران هەبووە. لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئەو یەکانە، هێزەکانی پۆلیس 80 کۆچبەریان بە بەڵگەی ساختەوە دەستگیر کردووە، کە ئامادە کرابوون بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی دیکە. پۆلیسی یۆنان دەڵێت، تۆڕەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2022ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ساتی دەستگیرکردنیان زیاتر لە نۆ ملیۆن یۆرۆیان دەستکەوتووە؛ دادگەی تاوانەکانی یۆنان هەریەک لە ئەندامانی تۆڕەکەی بە 10 هەزار یۆرۆ سزاداوە. بە گوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 18 هەزار کۆچبەر بە قاچاخ چوونەتە یۆنان، لە کاتێكدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021دا کەمتر لە نۆ هەزار بووە.

ئازەربایجان رایگەیاند؛ هەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر کردوە. وەزارەتی ناوخۆی ئازەربایجان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند هەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکراون و میدیاکانی ئێران دەڵێن زۆربەی دەستگیرکراون کەسانی ئایینین . لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە سێ کەس لەو دەستگیرکراوانە خوێندنی ئایینییان لە ناوەندی خوێندنی ئایینیی شیعە لە شاری قوم تەواو کردوە. نزیکەی 85٪ی دانیشتوانی ئازەربایجان موسوڵمانی شیعەن و ئەوەش وای کردوە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرنجی لەسەر شیعەکانی ئەو وڵاتە بێت و دەسەڵاتی باکو چەند جارێک دژی هەوڵەکانی تاران وەستاوەتەوە. پێشتریش ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکد دەستگیرکردنی تۆڕێکی 39 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاندبون. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان زیادی کردوە و ناکۆکییەکانیش بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە رۆژی هەینی (27/1/2023)لە تاران توندیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە ئەو وڵاتە باڵیۆزخانەکەی بە تەواوەتی داخست و رایگەیاند تەنها کۆنسوڵخانەکەی لە شاری تەبرێز ئەرک و کارەکانی نێوان باکو و تاران جێبەجێ دەکات.

پۆلیسی ئێران ئاشکرای دەکات رێژەی تاوانی ئابوریی لە ساڵێکدا بەرزبوەتەوە 68 هەزار تۆمەتباری پەیوەندیدار بە بواری ئابوریی و داراییەوە دەستگیر کراون. سەعید مونتەزیرمەهدی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ لە 21ی مانگی ئازاری ساڵی رابردود تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە هۆی کاری قاچاخچێتی دەست بەسەر 43 هەزار ئۆتۆمبێلدا گیراوە و 68 هەزار تۆمەتباری ئابوریی لە وڵاتەکەدا دەستگیر کراون. بە وتەی مونتەزیرمەهدی ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە ئێران دەستگیر کراون، تۆمەتەکانیان پەیوەندیی بە تاوانە ئابورییەکانی جۆری سپیکردنەوەی پارە و قاچاخی و داگیرکردنی زەوی و شاردنەوە و کۆگاکردنی نایاسایی کاڵا و پێدوایستییەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی نرخ بوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی ئێران ئاماژە بەوە کراوە تاوانی داگیرکردنی زەوی بە رێژەی 60% بەراورد بە رابردو زیادی کردوە و هاوکات تاوانی سپیکردنەوەی پارە بە رێژەی 29% زیادی کردوە. وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەش کردوە کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانیکەم هەزار کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیر کراون.  

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا فۆرمی دەنگدانی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکرا کرد.   کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، فۆرمی دەنگدانی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکرا کرد کە بڕیارە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی فۆرمەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ژمارە یەک، موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی مەملەکەت ژمارە دوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و کاندیدی هاوپەیمانی گەل ژمارە سێ و سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی (ئاتا) لە ریزی چوارەمی فورمەکەدان. لەلایەکی دیکەوە، ١٠ی نیسان دوایین وادەیە کە پارتە سیاسیەکان ناوی کاندیدەکانیان و هاوپەیمانێتیەکان پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکەن، بۆ ئەوەی فۆرمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیش ئامادە و ئاشکرا بکرێت. لە ئیستادا سێ هاوپەیمانی بەهێز لە هەڵبژاردنەکاندا رکابەرایەتی یەکدی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان کە ئەوانیش ( هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی رەنج و ئازایە). بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان، دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ لە هەموو کاندیدەکانی دیکە زیاترە و دەسەڵات (ئاکەپە و مەهەپە) ئیدی ناتوانن زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان بەدەست بهێنن.

سەرۆکی کۆمپانیایەکی گەورەی راپرسی لە تورکیا دەڵێت، ٨٠٪ی گەنجانی تورکیا دەنگ بە پارتەکانی نێو هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پێکهێنراوە. نزیکەی شەش ملیۆن گەنج کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵدایە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٨ی ئایاردا لە تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە. ئەڕدال ئاکئاڵتون سەرۆکی کۆمپانیای 'بوپار'ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان لەم بارەیەوە بۆ رۆژنامەی جمهوریەتی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) قسەی کرد. ئەڕدال ئاکئاڵتون دەڵێت، " دەسەڵاتی سیاسی تورکیا هیچ پرۆژەیەکی بۆ گەنجان نەبووە کە پشتگیریان بکات و ئەمەش وادەکات، ئەگەری گۆڕانی دەسەڵات، ببێتە هۆی خۆشحاڵی گەنجان." ئاکئاڵتون ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆمپانیاکەیان، راپرسیەکی بە شیوەیەکی بەرەوڕوو لەگەڵ ٣ هەزار گەنج لە ١٢ هەرێمی تورکیا ئەنجامداوە و پرسیاری لە گەنجان کراوە کە دەنگ بە کام پارتی سیاسی تورکیا دەدەن؟ لە ئەنجامی راپرسیەکەیاندا دەرکەوتووە کە ٨٠٪ی گەنجانی تورکیا، ئامادە نین دەنگ بە پارتەکانی نێو هاوپەیمانی کۆمار بدەن کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات. ئەڕدال ئاکئاڵتون سەرۆکی کۆمپانیای 'بوپار' راشیگەیاند، بەگوێرەی راپرسیەکەیان ٨٠٪ی گەنجان ئاماژەیان بەوەکردووە کە لە دۆخی تورکیا نیگەرانن و دەیانەوێت وڵات جێبهێڵن، بەڵام ئەگەر دەسەڵات لە تورکیا بگۆڕدرێت، ئامادەن لە وڵات بمێننەوە و چاودێری دەسەڵاتی نوێ بکەن کە چی بۆ گەنجان پێیە. ئەڕدال ئاکیاڵتون لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت،" من لەو بڕویەدا نیم، هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) بتوانێت، زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی تورکیا بەدەست بهێنێت."