هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری ئەمڕۆ سێشەممە دەچنە بەغدا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە. فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێمی کوردستان سەبارەت بەكۆبونەوەكەی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی بڵاویكردۆتەوە: لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی قۆناخە کۆتاییەکانی رێککەوتنی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەگوێرەی زانیاریەكان، لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدان مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی كۆدەبێتەوە، پاشانیش رێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لەنێوان وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم و بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) واژۆدەكرێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە توویتێکدا گوتی "بە ڕێگاوەم بەرەو بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغەکانی کۆتایی رێککەوتنمان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت". بەگوێرەی رێكەوتنی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و هەژمارێكی بانكی تایبەتیش بۆ داهاتەكەی دەكرێتەوە، هەروەها كڕیارانی نەوتیش راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكەن بۆ كڕینی نەوتەكەی هەرێم.
هاوڵاتی محەمەد شەیاع سودانی بۆ کەناڵی جەزیرە: هەرێمی کوردستان کاتی خۆی بە ناچاری و دوای بڕینی بۆدجەکەی، نەوتی خۆی فرۆشت. سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع ئەلسودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ئەو راستییەی درکاند کە هەرێمی کوردستان دوای بڕینی بۆدجەکەی لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 بە ناچاری دەستی بە فرۆشتنی نەوت کردوە. وتیشی ،هەرێم سەرباری بێ بودجەیی، تووشی شەڕی سەختی داعش بوو، و لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێم کرد و ئەوانیش بوونە بارگرانییەکی گەورە و هۆکاری کەمبوونەوەی خزمەتگوزاری، بۆیەش هەرێم بە ناچاری دەستی بە نەوت فرۆشتن کرد.. سودانی کە یەکەم گەورە بەرپرسی عێراقە کە ئەو راستییە دەدرکێنێ. باسی لەوەش کرد کە هەرێم بە هۆی فرۆشتنی ناچارییەوە هەندێ مەرجی ناڕەوای گرێبەستی کۆمپانیاکانی قبوڵ کردووە، هیواشی خواست بە دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز هەموو کێشەکانی نەوت و غاز و ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە کۆتاییان بێت. سوودانی باس لە رێککەوتنی لەسەر بودجەش دەکات و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنەی لەسەر یاسای بودجە کراوە دەتوانێت کۆتایی بەم کێشانە بێنێت و بودجەیەکی گشتگیربێت بۆ هەموو عێراقییەکان. لە هەمان کاتیشدا خۆمان بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکەین." جەخت دەکاتەوە کە بەشێک لە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە کە یەکێکیان پرسی نەوت و گازە و دەڵێت: "گەیشتووینەتە رێککەوتن و خراوەتە نێو یاسای بودجەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنە سەرەکییەکە. ماوەی شەش مانگیشمان دانابوو، هەرچەندە کەمێک دوادەکەوین، بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز دەربچێت، کە پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی تەواو رێک دەخات." محەمەد شیاع سودانی دەڵێت ئەو ئاڵنگارییەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گەندەڵییە نەک داعش، "داعش کۆتایی هات، گەندەڵی ئەو ئاڵنگارییەیە کە رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە". هەروەها "بەشێک لە گەندەڵی پارێزراوە، لەلایەن رووە سیاسی و فەرمییەکانەوە و ئەمەش ئاڵنگارییەکەیە. لە قۆناخی رابردوودا ئیرادەیەکی راستەقینە نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەرنا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی قورس نییە". سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق پێویستی بە فەلسەفەیەکی نوێی ئابووریی هەیە و دەڵێت: "دەبێت ئابووریمان لەسەر روانین و فەلسەفەیەکی نوێ بێت، نەک روانینی دیکتاتۆریانە کە لە رژێمی پێشوودا هەبوو".
ئێران رایگەیاند موشەکبارانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوەتە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندنی چەک کردن و دورخستنەوەی ئەو پارتانە بێت. محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە لە وتارێکدا رایگەیاند؛ لە ئەنجامی موشەکبارانەکانی پارتەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی(پارتەکانی رۆژهەڵات) لە هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە ئەو پارتانە لە چەک داماڵێت و دوریانخاتەوە. بە وتەتی باقری: لە سێ مانگی پاییز-ی ساڵی رابردو هەستیارترین کات بوە بۆ کۆماری ئیسلامی بەڵام بە توانای هێزە چەکدارەکان و سوپای پاسداران بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم چوار جار بە چڕی موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم و ناوچە سنورییەکان کردوە و هاوکات بە درۆنی خۆکوژ پەلاماری ئەو بنکانەی داوە کە بەهۆیە 22 کەس کوژراون کە کەسێکیان خەڵکی شاری کۆیە بوە لە هەرێمی کوردستان. پێشتر رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشکرای کرد کە بە فەرمی داوا لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم کراوە کە چەک دابنێن و بنکە و بارەگاکانیان لە زرگوێز و کۆیە لە ژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتوەکاندا ببێتە کامپی کەسانی مەدەنی و بە بێ چەک. فشارەكانی ئێران بۆ دوورخستنەوەو دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردن و رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشكرای دەكات پارتەكانی رۆژهەڵات سەرجەم داواكارییەكانی ئێرانیان كە لەڕێگەی شاندێكی هەرێمەوە پێوتراوە رەتكردووەتەوە.
پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند لە پشوەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا گەشت و هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی رابردو زۆرتر بوە و روداوەکانی هاتوچۆش زیاتر لە 16 هەزار قوربانیی لێکەوتوەتەوە. کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ لە 18ی مانگی ئازار تا سێی مانگی نیسان 821 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار کەسیش برینداربون. هادیانفەر، ئاماژەی بەوە کردوە رێژەی هاتوچۆ و گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 40% بەرزبوەتەوە بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بۆ 22% کەم بوەتەوە. بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی 18 رۆژی پشوەکانی نەورۆز لە ئێران رۆژانە زیاتر لە 45 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ دەرکەوتوە زیاترین گەشت بۆ پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران لە باکوری ئێران کراوە و دانیشتوانی تاران زیاترین گەشتیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کردوە.
پەروەردەی ئێران خوێندن لە کچانی بێسەرپۆش قەدەغە دەکات و لە خوێندنگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیەک خوێندکاری کچ ژەهراویکران. ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە بەیاننامەیە 16 خاڵیدا رایگەیاند؛ رێگە بەو کچانە نادرێت کە پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشی بە شێوازی کۆماری ئیسلامی نەبن. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ئەگەرچی ژمارەی ئەو کچانەی پابەندی یاسا و رێساکانی باڵاپۆش لە خوێندنگاکانی ئێراندا نابن کەمە بەڵام وەزارەتی پەروەردە هیچ خزمەتگوازرییەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان ناکات و لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش دەکرێن. بەیاننامەکەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستاش ناڕەزایەتیی لەسەر سەپاندنی یاسا توندەکانی تایبەت بە سەرپۆش لەو وڵاتە بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی توند کردوەتەوە و دەیان شوێنی گەشتیاریی داخراون بە بیانوی بونی کچان و ژنان بە بێ سەرپۆش. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات بڵاویان کردەوە رۆژی دووشەممە ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە خوێندنگەی( 22ی بەهمەن) لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ژەهراویکردنەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. نزیکەی سێ مانگە روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە زیاتر لە 100 کەسی بە تۆمەتی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار دەستگیر کردوە.
هاوڵاتی کەناڵی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ئەو باڵۆنە چینیەی لە لایەن ئەمریکاوە خرایە خوارەوە زانیاری هەواڵگری بنکەکانی سەربازی ئەمەریکای بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیکین گواستۆتەوە. کەناڵی ئێن بی سی بە ئاماژەدان بە گوتەی دوو بەرپرسی باڵای ئێستای ئەمەریکا و بەرپرسێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن رایگەیاند، باڵۆنەکە چەند جارێک بەسەر ئەو ناوچانەدا تێپەڕیوە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لێبووە زانیاری گواستۆتەوە پێش ئەوەی لە چواری مانگی دوودا بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بخرێتە خوارەوە . ئەو بەرپرسانە بە کەناڵەکەشیان گوتووە، زانیارییەکانی چین کۆیکردووەتەوە لە ڕێگەی ئەو باڵۆنەوە لە زانیاری نێردراوی ئەلکترۆنییەوە بووە لە ڕێگەی ئاماژە ئەلیکترۆنییەکانەوە ، کە دەتوانرێت لە سیستەمی چەکەوە یان ئەو پەیوەندییە تایبەتییانەی کارمەندەکان لە بنکەکاندا ئەنجامیان داوە وەربگیرێن ، دەشڵێن بە شێوەی وێنەی ڕاستەوخۆی بنکەکان نەبووە. هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەست نەبوون بۆ لێدواندان لەسەر بابەتەکەو وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەکین و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن وەڵامی داواکاری ئەو ئاژانسەیان نەداوەتەوە بۆ پێدانی هیچ لێدوانێک. ئەو باڵۆنە کە چین نکۆڵی لێدەکات بۆ کاری سیخوڕی بەکارهێنرابێت، هەفتەیەکی بەسەر ئەمەریکا و کەنەدا مایەوەو لە سەرەتای مانگی شوباتدا سوپای ئەمەریکا لەسەر فەرمانی جۆو بایدن لە کەناراوەکانی ئەتڵەسی خستیانە خوارەوە ،هاوکات ئەم ڕوداوەش وایلە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کرد سەردانەکەی بۆ پەکین دوابخات و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین گرژی زیاتر بکات.
هاوڵاتی نووسینگەی سەرۆکی فینلاند ڕایگەیاند، کە فینلاند ڕۆژی سێشەممە بەفەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ و هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتنبێرگ ئەم ڕاگەیاندنەی پشتڕاستکردەوە و وتی ئەم هەنگاوە فینلەندا سەلامەتتر دەکات. ئاژانسی هەواڵی سکاینیوز ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ،ڕۆژی سێشەممە فینلاند ئەو وڵاتەی کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ڕوسیادا هەیە، دوای داگیرکارییەکەی ساڵی ڕابردووی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوای ئەندامبونی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد بە ڕەسمی دەبێتە سی و یەکەمین ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە. هاوکات ئەمە یەکەم گەورەبوونی ناتۆیە لەو کاتەوەی مەقدوونیای باکوور لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە هاوپەیمانیەوە کردووە. هەروەها تورکیا کۆتا ئەندامی ناتۆ بوو کە مانگی ڕابردوو داواکارییەکەی فینلاندی بۆ ئەندام بوون قبوڵ کرد وتورکیا هێشتا ڕێگرە و ڕازینییە لە بە ئەندام بوونی سوید لەو هاوپەیمانێتییەکە. ناتۆ ،ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی کە بە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناودەبرێت، هاوپەیمانیەکی سەربازی نێوان حکومەتەکانی 30 وڵاتی ئەندامە- کە 28 وڵاتی ئەوروپی و دوو وڵاتی ئەمریکای باکوور دەگرێتەوە.
هاوڵاتی کۆمپانیایەکی راپرسی لە تورکیا، راپرسیەکی لەبارەی بۆچوونی هاوڵاتیان ئەنجامدا، لەبارەی وێنەیەک کە دەردەکەوێت کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن لەسەر بەرماڵێک لەگەڵ ژمارەیەک کەسی دیکەدا وەستاوە، زۆربەی بەشداربووانی راپرسیەکە دەڵێت، کلچدارئۆغلۆ بە بێئاگایانە لەسەر بەرماڵەکە وەستاوە. راپرسیەکە لەلایەن کۆمپانیای ئاکسۆیەوە ئەنجامدراوە و رای دەنگدەرانی چەند پارتێکی سیاسی لەم بارەیەوە وەرگرتووە و ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە: ئایا کلچدارئۆغلۆ بە ئەنقەست لەسەر بەرماڵەکە وێنەی گرتووە؟ لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە): بەڵێ ٥٥.٨٪، نە ٤٤.٢٪ لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): بەڵێ ٤.٨٪، نە ٩٥.٢٪ لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە): نە ١٠٠٪ لایەنگرانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە): بەڵێ ٥٤.٩٪، نە ٤٥.١٪ لایەنگرانی پارتی باش: بەڵێ ٩.٨٪، نە ٩٠.٢٪
هاوڵاتی سەرۆکی هێزی بەکرێگیراوی ڕوسی واگنەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا یەکشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئاڵای ڕوسیایان لەسەر باڵەخانەی ئیداری شاری باخموتی ئۆکرانیادا بەرزکردۆتەوەو دەستیانگرتووە بەسەریدا ، بەڵام سوپای ئۆکرانیا دەڵێت سەربازەکانی هێشتا لە شەقامە وێرانەکاندا شەڕ دەکەن. ئاژانسی هەوەڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە،سەرۆکی ڤاگنەر ئێڤگینی پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی یەکشەممە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە وتی هێزەکانی کە سەرکردایەتی هەڵمەتی کرێملینیان کردووە بۆ گەمارۆدان و گرتنی باخموت ئاڵای ڕوسیایان بەرزکردەوە لەسەر بینای ئیداری لە ناوەندی شارەکە و دەڵێت " لە ڕوانگەی یاساییەوە، باخموت دەستیبەسەردا گیراوە" باخموت شوێنی یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکە بووە، ئێستا لە ساڵی دووەمیدایە، لەگەڵ قوربانییەکی گەورە لە هەردوو لا و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی شارەکە بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بووە. بەڵام سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێشتا شەڕ لە باخموت و چەند شارۆچکەیەکی دیکە بەردەوامە و ڕایانگەیاند "هێرش بۆ سەر شاری باخموت بەردەوامە" لەگەڵ ئەوەشدا، بەرگریکارەکانمان بوێرانە شارەکە دەپارێزن." هاوکات شیکەرەوەی سەربازی ئۆکرانیا ئۆلێ ژدانۆڤ وتی شەڕ لە ناوەندی باخموتی بەردەوامە و هێزەکانی ئۆکرانیا 25 هێرشی ڕوسیایان بەرپەرچداوەتەوە بەڵام هێزەکانی ڕوسیا وێستگەی کانزای AZOMیان گرتووە.
هاوڵاتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد و بڕیارە ئەمشەو خوێندنەوەی یاسای بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بکرێت. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمشەو تایبەت بە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی رەشنوسی پرۆژەیاساکەش، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، سنوری ئیداری پارێزگاکە دیاریدەکرێت. پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکدێت و دەبێتە 19ەمین پارێزگای عێراق و پاش کۆبونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران و پەسەندکردنی لە کۆبونەوەکانی داهاتودا، لە وەقایعی فەرمی بڵاودەکرێتەوە و بەفەرمی رادەگەیەندرێت بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە سنوری ئیداری و قەزاو ناحیەکانی هەڵەبجە دیاریدەکرێت، لەماددەی سێیەمیشدا هاتوە، لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە ناوەڕۆکی یاساکە وەکو خۆی جێبەجێبکەن. لەکۆبونەوەی 13ی مانگی رابردو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەشی پەسەندکرد و وەک 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی و پاشانیش پرۆژەکەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد.
هاوڵاتی ڕوسیا کە سەرکردەکەی بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراوە ڕۆژی شەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بووە هۆی توڕەیی ئۆکرانیا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی بە هەنگاوێکی بێمانا و وێرانکەر ناوی برد. دواین جار کە ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بە بەرپرسیاری هێشتنەوەی ئاشتی و بەرەنگاربونەوەی کردەوەی دەستدرێژییە نێودەوڵەتییەکانە لە مانگی شوباتی 2022 بوو کە سوپای مۆسکۆ هێرشێکی داگیرکارییان بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ، رۆژی شەممە (1ـی نیسانی 2023) رووسیا بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، و لەلایەن ئۆکرانیاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. هاوکات لەلای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە لە توویتێکدا رایگەیاندووە، رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبینەوە کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام بدرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا نووسیویەتی: وەرگرتنی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە، شیاوی ئەوەیە ببێتە درۆی نیسان. هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیاش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا سەبارەت وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ڕوسیاوە وتی "بەداخەوە، ئێمە هەندێک هەواڵی بێمانا و وێرانکەرمان پێیە....." هەروەها ڕاشیگەیان لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ڕوسیا ڕۆژی هەینی منداڵێکی پێنج مانگ کوژراوە. سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات زۆر ئەستەمە شتێکی دیکە وێنا بکەین کە زیاتر مایەپووچبوونی ئەو جۆرە دامەزراوانە بسەلمێنێت". سەرۆکایەتیەکە هەر مانگێک بە ئەلف و بێ لە نێوان 15 ئەندامی ئەنجومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێت و دەسوڕێتەوە. هەرچەندە ئەمە بە زۆری ڕووکارییە. رووسیا لە دوێنێ شەممەوە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات. بڕیار وایە سبەی دووشەممە (3ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی رووسیا ببەستێت و کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم مانگەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت.
ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد نزیکەی سێ هێندە زیادی کردوە و لە سێ مانگدا نزیکەی 50 کەس لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان بەندکراوی سیاسیی بون. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 48 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد 270% زیادی کردوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لانیکەم 141 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون. بە پێی ئامارەکان لە سێ مانگی ساڵی رابردو 13 کورد لە ئێران لەسێدراەدراون بۆیە رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد لە سێ مانگی ئەمساڵدا 270% واتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبوەتەوە. هەنگاو ناوی سێ بەندکراوی سیاسیی بڵاو کردوەتەوە کە لەو سێ مانگەدا لە زیندانەکانی کەرەج و کرماشان و ورمێ لەسێدارەدراون. لە زیندانی ورمێ 19 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون و لە زیندانی سنە سێ بەندکراو و لە زیندانی ئیلام دوو بەندکراو و لە کەرەج و بەندەرعەباس و ئەراک و چەند شارێکی دیکە 16 بەندکراوی کورد لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەسێدارە دراوە.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برێڤەرمان دەڵێت باوەڕی بەوە هەیە ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە بۆ نیشتەجێکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ کاتێکی دیاریکراو دانرابێت بۆ ناردنی یەکەم وەجبەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە. حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت هەزارەها پەنابەر بۆ دوری زیاتر لە 6500کم (4000 میل) دوور بخاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا وەک بەشێک لە مامەڵەیەکی 120 ملیۆن پاوەندی (148 ملیۆن دۆلار) ،وەک چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لەو پەنابەرانەی کە لە فەرەنسا بە بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. براڤێرمان لەلایەن لۆرا کوێنسبێرگ، پەیامنێری بی بی سی پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکی توندوتیژی لەسەر بەشەخۆراک لە کەمپێکی ڕواندا لە ساڵی 2018دا، کە پۆلیسی ڕواندا ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم پێنج پەنابەر گیانیان لەدەستداوە. لەو وەڵامدا گوتی ئاشنای ئەو کەیسە نییە بەڵام "لەسەر بنچینەیەکی بەهێز" کە دەڵێت ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە چارەسەرێکی دروستە بۆ کێشەی گەیشتنی پەنابەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا. لە وڵامێکی پرسیاری بێژەرێکی سکای نیوسیشدا گوتی "ئێمە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە پرسی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا سەرکەوتنێکی زۆر بەهێزمان لە دادگای باڵا هەبوو. ئێمە ئێستا یاسادانانمان ناساندووە ئێمە دەمانەوێت بە خێرایی بجوڵێین بۆ گواستنەوەی خەڵک لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا. پلانەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، بەڵام یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی ناردنی یەکەم کۆمەڵەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە بە فەرمانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕاگیرا. هاوکات دادگای باڵای لەندەن لە مانگی دوازدە بڕیاریدا کە پلانەکە یاساییە، بەڵام بەرهەڵستانی بڕیارەکە هەوڵدەدەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.
سوپای ئێران رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندوە و دوای هۆشداریی پێدان لە ناوچەکە دروکەوتوەتەوە. سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جۆری(EP-3E) هێزی دەریاوانی ئەمریکا لە سنوری دەریای عومان هاوتوەتە سنوری ئاسمانی ئێران. سوپا ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو فڕۆکەیە دوای پێدانی هۆشداریی لە لایەن هێزی دەریاوانی سوپای ئێرانەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سنوری نێودەوڵەتیی ئاوەکانی ئەو ناوچەیە. فڕۆکەی جۆری(EP-3E) ئەمریکی تایبەتە بە جەنگی ئەلیکترۆنی و چاودێریی سەربازییە کە تەنها لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و ژاپۆن بەکاردەهێنرێن.
هاوڵاتی زۆزان سەڤەن کچێکی کورد و مامۆستای خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان کە باوکی بەرپرسە لەنێو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داواکاری بۆ کاندیدی پەرلەمان پێشکەش بە پارتی چەپی سەوز کرد کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات و رایگەیاند، لەم رێگەیەوە دەست بە تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەم." زۆزان سەڤەن وتی، " هەرچەندە باوکم داوای لێکردووم کە داواکاریەکەم بۆ کاندیدبوون لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز بکشێنمەوە، بەڵام ئەمە هەڵوێست و بیروبۆچوونی خۆمە و دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرن." محەمەد سەڤەن باوکی زۆزان سەڤەن کە لەنێو رێکخستنەکانی ئاکەپەدا لە جۆلەمیرگ چالاکە لەبارەی کاندیدبوونی کچەکەی لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. محەمەد سەڤەن دەڵێت، " کچەکەم بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئەم بڕیارەی داوە. ڕای کچەکەمە. هیچ پەیوەندیەکی بە خانەوادەکەمانەوە نییە. ٢٠ ساڵە لەنێو ئاکەپەدا سیاسەت دەکەم. کچەکەم لە جۆلەمێرگ ناژی. ئەم هەنگاوەی منی زۆر نیگەران کردووە." زۆزان سەڤەن هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبەرامبەر قسەکانی باوکی نووسیویەتی، " خەڵک پێم دەڵێن ئایا داواکاریەکەت بۆ کاندیدبوون دەکشێنیتەوە یان نا؟ پێویستە بوو روونکردنەوە بدەم. بۆیەش لێرەوە رایدەگەیەنم، راستە پشتگیری باوکم گرنگ بوو بۆ من، بەڵام بەداخەوە کە لەدژی منە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆکار کە لە تێکۆشانم بۆ ئازادی بکشێمەوە." لەلایەکی دیکەوە، پارتی چەپی سەوز لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " زۆزان خان، بەخێر بێیت، رێگەیەکی دروستت هەڵبژاردووە."
