هاوڵاتی عێراق داوای لە دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا کردووە بڕیارەکەی دادگای پاریس بناسێنێت  کە پەیوەندی هەیە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەرێکی تورکیا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سکاڵایەکی نوێی تۆمارکردوە کە تێیدا داوای لە دادگاکە کردوە "بڕیاری کۆتایی دادگای ناوبژیوانی پاریس بناسێت و جێبەجێی بکات". هەنگاوە نوێیەکەی عێراق دوای ئەوە دێت لە رۆژی 25ی مانگی رابردو وڵاتەکە توانی سکاڵایەک بباتەوە کە لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە تۆماری کردبو، ئەوەش وایکرد تورکیا  هەناردەکردنی نەوت ڕابگرێت، کە هاوتایە لەگەڵ نزیکەی 0.5٪ی دابینکردنی نەوتی جیهانی لە بەندەری جیهانی تورکییەوە و بەغدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی تورکیاوە بە نایاسایی دەزانێت. هاوکات عێراق لە 25ی مانگی سێدا ڕایگەیاند کە کەیسەکەی بردۆتەوە وبەپێی بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی پاریس، تورکیا دەبێت نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار  قەرەبوی عێراق بکاتەوە، چونکە بەبێ مۆڵەتی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی لە نێوان ساڵی 2014 بۆ 2018 فرۆشتوە. دوای راگرتنی هەناردەی نەوت بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردە، هەولێر رێککەوتنێکی کاتی لەگەل بە‌غداد واژۆ کرد، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردوەتەوە. بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک کە قسەیان رۆیتەرز کردوە، تورکیا پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەیەوێت ئەو دۆسیەیەک یەکلایی بکاتەوە کە پەیوەندیی بە ساڵی 2018ەوە هەیە، چونکە دوای سێ رۆژ لە دەرچونی بڕیارەکەی ئەو دادگایە ،وەزارەتی وزەی تورکیا رایگەیاند دادگای ناوبژیوانی پاریس فەرمانی بە عێراق کردوە قەرەبووی ئەنقەرە بکاتەوە.     

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردوەتەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی فڕۆکەکانی وڵاتەکەیەوە لە چوارچێوەی هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی شەشی شوبات، چەک و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی سوریا کردوە. رۆیتەرز ئەو زانیارییانەی لە زاری نۆ سەرچاوە لە سوریا و ئیسرائیل و ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە ئامانجی ئێران بەهێزکردنی توانای بەرگرییەکەی خۆی و رژێمی سوریا بوە لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل. بە پێی راپۆرتێک لە 50 رۆژدا دەیان فڕۆکەی تایبەت بە گەیاندنی فریاگوزاری و هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی سوریا لە لایەن ئێرانەوە بۆ گواستنەوەی چەک بەکار هێنراوە  و زۆربەی ئەو فڕۆکانەش چونەتە لازقیە و حەمما و دیمەشق لەو وڵاتە. ئێران لەو ماوەیەدا سیستمی قەڵغانی دژە موشەکی و کەرەستەی سەربازیی رادەستی رژێمی سوریا کردوە و ئەوەش هۆکاری زۆربونی هێرشەکانی ئیسرائیل بوە لە سوریا. رۆیتەرز ئاشکرای کردوە کە تەنها چەند رۆژێک دوای بومەلەرزەکەی شەشی شوبات کە تورکیا و سوریا گرتوەتەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران خۆی گەیاندوەتەوە سوریا. لە ماوەی رابردودا هێرشەکانی ئێسرائیل بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا زیادی کردوە و لە بەرامبەردا تاران رایگەیاندوە بە توندی وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و تۆڵەی کوژراوەکانی سوپای پاسداران دەکەنەوە.

هاوڵاتی ئەمریكییەكان بەهانای مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كەوتوون لە سلێمانی كە توركیا بەنیاز بووە لەرێگەی درۆنەوە تیرۆری بكات. هێرشەكەی ڕۆژی هەینی حەوتی نیسانی 2023 كە بەدرۆن كرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، تائێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، بەتایبەت كە پەنجەی گومان بۆ توركیا درێژكراوە و ڕووداوەكەش ناكۆكی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتركرد. ڕووداوەكە هیچ زیانێكی بە هەسەدە و ئەمریكیەكان نەگەیاند، سەرەتا هەسەدە ڕەتیكردەوە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسلێمانی بووبێت، بەڵام دواتر لەڕاگەیەندراوێكدا فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند فەرماندە مەزڵوم كۆبانی لەوكاتەدا لەسلێمانی بووە و تا بەسەلامەتی نەگەیشتووەتەوە ڕۆژئاوای كوردستان نەیانویستووە ئاشكرای بكەن. ڕووداوەكە لەمیدیای ناوخۆیی و جیهانی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، زانیاری جیاوازی لەسەر بڵاوكرایەوە، بەتایبەت كە هەفتەیەك پێش ئەو ڕووداوە توركیا گەشتەكانی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بەپاساوی چالاكبوونی پەكەكە لەناوچەكە داخست. هێشتا لایەنە فەرمیییە ئەمنییەكانی هەرێم توركیا بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار ناكات، هێرشەكە لەلایەن توركیاوە ئەنجامدراوە و پێش وەختە توركیا ئاگاداری چوونە دەرەوەی مەزڵوم عەبدی بووە لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەوردی چاودێرییان كردووە، بەپێی زانیاریەكان بەهۆی گەورەیی ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا(میت) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئاگاداركراوەتەوە و لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكەی كردووە. بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی، توركیا سەرەتا دڵنیا نەبووە لەو وەفدەی كە هاوڕێیەتی مەزڵوم عەبدییان كردووە، بەڵام دڵنیا بووە كە مەزڵوم عەبدی تێدایە و بڕیاری تیرۆركردنیان داوە، بەڵام پاش ئەوەی زانیویانە وەفدێكی سەربازی ئەمریكی لەگەڵیدان ئامانجەكەیان گۆڕیوە و لەبری بەئامانج گرتنی وەفدەكە و فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەشوێنێكی چۆڵەوانی فڕۆكەخانەی سلێمانییان داوە. ئەو وەفدەی عێراق كە دوای هێرشەكە هاتنە سلێمانی و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەرپەرشتی دەكرد دڵنیابوونەتەوە لەوەی هێرشەكە توركیا ئەنجامیداوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوتووە، هەرچەندە میدیاكانی توركیا وا باسی هێرشەكە دەكەن كە هەواڵگری وڵاتەكە ئەنجامیداوە. دوای ڕووداوەكە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لەزاری وتەبێژی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان ئەوەی ئاشكراكرد كە سێ بەرپرسی ئەمریكی هاوڕێیەتی مەزڵوم عەبدییان كردووە. هەر دوای هێرشەكە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند» ئەم دۆخە ترسناكە لە ئەنجامی داگیركردنی دامودەزگاكانی حكومەت و بەكارهێنانیان بوو بۆ كاری نایاسایی هاتۆتە ئاراوە و رەفتاری دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی حزبی لە سنووری سلێمانی كاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕوكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت». ئەم لێدوانە بەرپرسانی یەكێتی لەحكومەت و حزب نیگەران كرد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەپەیامێكدا ڕایگەیاند:» بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەكەین، بە ئامانج گرتنی فرۆكەخانەیەكی مەدەنی نەك تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵكو تەسعیدێكی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی كوردستان». هەروەها راشیگەیاند:» جوتیار عادل ووتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێك دەكات لە ناو حكومەتدا و بە هیچ شێوەیەك بۆی نیە بە ناوی هەموو حكومەتەوە قسە بكات». دوای یەكەم سەردانی وەفدێكی باڵای عێراق بەسەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ڕۆژی 10-4-2023 وەفدێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق هاتنە سلێمانی. عەباس زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق لەسلێمانییەوە رایگەیاند: سەردانی سلێمانیان كردوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەشێوەیەكی مەیدانی چوینەتە شوێنی بۆردومانەكە و راپۆرتی خۆمان لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین. هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئەو هێرشانەی ڕوویانداوە جێگای قبوڵكردن نیە، هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە كە لەسەر هەولێرو دهۆك و سلێمانی هەیە ڕابگیرێن، بەدڵنیاییەوە حكومەتی عێراقیش هەندێ ڕێكاری خۆی هەیە بۆ ئەوەی بەرامبەر ئەو وڵاتە بیگرێتە بەر». پێشتر فیلیپ ڤێنتورا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە ئاژانسی نۆڕس پرێسی ڕاگەیاندووە: پێنتاگۆن دژی هەر رێوشوێنێكە كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی هێزەكانی ئەمریكا بكات، هاوكات پشتیوانی واشنتنی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دووپاتكردەوە. پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، ئەو كاروانەی بەئامانجگیرا ئەمریكاییەكانی تێدا بووە، بەڵام هیچ زیانێكیان پێنەگەیشتووە. هەر لەبارەی هێرشەكەوە مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە بەئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە:»لەگەڵ وەفدێكی سەربازی هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزێكی ئەمریكایی و دژەتیرۆری سلێمانی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بوون، كاتێك هێرشكراوەتەسەر فڕۆكەخانەكە». ئاماژەی بەئەوەشكردووە:»ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لەگەڵ دەزگاكانی دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بە ئاگاداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، كە هەمیشە ئەنجامێكی باش بەدەستهاتووە لە بەرژەوەندی سەقامگیری هەردوو لایەنی عێراق و سووریا». ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای وەزارەتی بەرگری توركیا ئەوەی ئاشكراكردووە كە وڵاتەكەی هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان لەو ڕۆژەدا لەسلێمانی ئەنجام نەداوە، ئەویش بەو واتایەی توركیا نایەوێت بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە لەئەستۆ بگرێت، لەكاتێكدا پێش 24 كاتژمێر لەهێرشەكە ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند داخستنی ئاسمان بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی هەنگاوی دیكەی بەدوادادێت.  

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ بارانبارین لەسەرجەم ناوچەکان بەردەوامى ده‌بێت، بارانی بەلێزمە و هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت، سبەینێش شەپۆلى بارانبارین لاواز دەبێت لەسەر ناوچەکە و ناوە ناوە بارانبارینى مامناوەند و هەندێك کات لێزمە باران دەبێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوارشەممە بارانبارین لەسەرجەم ناوچەکان بەردەوامى ده‌بێت، باران بەلێزمە و هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت، سنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک و بەشێک لە ئیدارەى ڕاپەڕین ماوەى دابارینى تا کاتەکانى دواىنیوەڕۆ و ئێوارە  بە شێوەى لێزمەباران و تاوەبارانى بەهێز دەبێت.  زۆرترین بارانى پێشبینیکراویش لەشەودا "لە ناوچەکانى بەرزنجە، پێنجوێن، قەرەداغ، دەربەندیخان، ئیدارەى گەرمیان، کەلار و کفرى دەبێت."  کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ خێرایى با لە کاتەکانى دوانیوەڕۆ چالاک دەبێتەوە بۆ سەرووى 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ، دوو بۆ سێ پلە نزمدەبێتەوە.  ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، سبەی پێنجشەممە شەپۆلى بارانبارین لاواز دەبێت لەسەر ناوچەکەمان ناوە ناوە باران بارینى مامناوەند و هەندێك کات لێزمە باران دەبێت بە تایبەت لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئاستى دابارین زیاترە، هەندێ کات ئاسمان هەر هەورى دەبێتـ ئەگەرى تەزرە بارین هەیە بە هۆى نزمبونەوەى زیاترى پلەکانى گەرما.    بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی پێنجشەممە بەم جۆرەیە: هەولێر؛ 20 پلەى سیلیزى سلێمانی؛ 18 پلەى سیلیزى دهۆک؛ 17 پلەى سیلیزى کەرکووک؛ 23 پلەى سیلیزى هەڵەبجە؛ 21 پلەى سیلیزى زاخۆ؛ 18 پلەى سیلیزى سۆران؛ 18 پلەى سیلیزى گەرمیان؛ 27 پلەى سیلیزى 

هاوڵاتی حەسەن جەمال کاندیدی پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیادا دەکات رایگەیاند، دۆخێکی خراپ لە تورکیا هەیە، پێویستە کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکەکەسی بهێندرێت، لە رێگەی کۆمارێکی دیموکراتەوە وڵات ئاوەدان بکرێتەوە و سەرەتا کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی تورکیا حەسەن جەمال کە کاندیدی پارتی چەپی سەوزە لە پارێزگای ئەستەنبوڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و ئاماژەی بە دۆخی تورکیا و هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار کرد. حەسەن جەمال وتی، " ئەم هەڵبژاردنە مێژوویی و چارەنوسسازە. لە دۆخێکی هەستیارداین. لەم ٢٠ ساڵەی دواییدا تورکیا بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەڕێوە براوە، تورکیا بووەتە وڵاتی قەیرانەکان. بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان، پێویستە کۆمارێکی دیموکرات بنیات بنرێت. " حەسەن جەمال ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هەموو کێشەکانی تورکیا و بە تایبەتی کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەین. پێویستە لێبوردنی گشتی دەربکرێت و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن. رۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن. لە تورکیا، ماف، دادپەروەری مسۆگەر بکرێت و ئاشتی بەرقەرا ببێت. باسی ئەوەی کرد کە پێویستە هەوڵ بدرێت لەژێر چەتری پەرلەماندا، رۆحی هاوکاریکردن پێشبخرێت. تاوەکو ئێستا دۆخێک دروست کراوە کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، لایەنەکان یەکتریان وەک دوژمن بینیوە نەک وەک رکابەر و لەو دۆخەدا هیچ پێشکەوتنێک رووینەداوە و دۆخەکە خراپتر بووە. حەسەن جەمال کاندیدی پارتی چەپی سەوز دەشڵێت، " دەبێت کێشەی کورد ببرێتە پەرلەمان. بە شێوەیەکی ئارام و بێ ئەوەی پەلە بکرێت و پێویستە بە دانوستان و دیالۆگ باسی هەموو لایەنەکانی کێشەکە بکرێت. لە رابردوودا ئەزمونکراوە کە چارەسەری ئاسان نییە، بەڵام دەتوانین جێبەجێی بکەین. تاوەکو کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی دیکەی وەک ئابور، دادپەروەری و یاسا چارەسەر ناکرێت. لەم چوارچێوەیەدا موخاتەبی کێشەی کورد هەیە، پێویستە لەگەڵ لایەنەکانی کێشەکە دەست بە دیالۆگ بکرێت، لەبەرئەوەی تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ پێشکەوتنێک روونادات."

سەركۆ جەمال تادێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەرزدەبێتەوەو وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە  كەپاش پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق بەهای 100 دۆلار دەبێتە 138 هەزار دینار دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمانگی كانونی دووەمی 2023 بڕیاریدا بەهای دینار بەرزبكاتەوە بەرامبەر دۆلار كە بۆ هەر 100 دۆلارێك 130 هەزار دینار دیاریكراو بانكی ناوەندی بە 131 هەزار دینار دۆلار بفرۆشێتەوە. بانكی ناوەندی عێراق زیاتر لەمانگێكە خستنەڕووی دۆلاری زیادكردووە كەڕۆژانە 200 ملیۆن دۆلاری دەخاتەڕوو، ئەمەش هۆكاری سەرەكی بووە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار. بانكی ناوەندی لەمانگی كانونی دووەمدا دوو ملیارو 25 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو كە تێكڕای رۆژانە 92 ملیۆن دۆلار بووەو تێكڕای نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك 162 هەزار دینار بووە.  هەروەها لەمانگی شوباتدا كۆی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دوو ملیارو 550 ملیۆن دۆلار بووەو تێكڕای خستنەڕوو  رۆژانە 135 ملیۆن دۆلار بووەو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر دینار لەو مانگەدا 154 هەزار دینار بووە. هەر بەپێی داتا فەرمییەكانی بانكی ناوەندی عێراق لەمانگی ئازاردا بانكی ناوەندی عێراق سێ ملیارو 910 ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو كەتێكڕای رۆژانە 195 ملیۆن دۆلار بووەو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 151 هەزار دینار بووە. هاوكات، لە یانزە رۆژی مانگی نیساندا كۆی خستنەڕووی بانكی ناوەندی یەك ملیارو 795 ملیۆن دۆلار بووەو تێكڕای خستنەڕووی رۆژانە 225  ملیۆن دۆلار بووەو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 145 هەزار دینار بووە. بەرزترین بەهای دۆلار لەكۆتایی مانگی كانونی یەكەمی 2022 تۆمار كرا كە هەر سەد دۆلارێك گەیشتە 176 هەزار دینار. وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە دوو هۆكار وایكردووە بەهای 100 دۆلار بۆ 132 هەزار دانەبەزێت جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەپێی پرەنسیپی بانكی ناوەندی بێت 100 دۆلار نایەتە سەر 132 هەزار دینار، چونكە خۆی نرخی خستنە بازاڕ 131 هەزارەو ئەوان بە 132 دەیدەنە بانكەكان، بۆجێگیربوونیش لە 132 هەزار دینار كەمێك زەحمەتە ئەویش لەبەر دوو هۆكار». وتیشی:»یەكەم خزمەتگوزاری بانكی كە ماستەر كاردو بانك كارد دەدەنە هاووڵاتیان كە بەنرخی بانكی ناوەندییە ئەمەش عمولەی دەچێتە سەرو بەشێك لەخەڵك ئەو كارت بانكیانە بۆ بازرگانی بەكاردەهێنن، بۆیە پێشبینی دەكەم تا ماوەیەكی دیكە لە 140 تا 145 بەهای دینار بەرامبەر دۆلار یاری بكات». « پرۆژەیاسای بودجەش هۆكارێكی ترە كەقەبارەكەی گەورەیەو نزیكەی 200 ترلیۆن دینارەو بەشێكی زۆری بۆ بودجەی بەكاربردنە، بەڵام رەنگە ئەم كورتهێنانە كەمبكرێتەوە ئەمەش وادەكات نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كەمبكاتەوە». وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی وادەڵێت. جەبار گۆران، جەختی لەوەشكردەوە كە لەگەڵ پەسەندكردنی پڕۆژەی بودجەی 2023 زیاتر دادەبەزێت و ئەوكات سێ بۆ چوار هەزار دیناری دیكە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە.

بڵاوکراوەیەکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات ئێران بە نهێنی هەوڵی کڕینی سوتەمەنیی موشەک لە روسیا و چین دەدات. بڵاوکراوەی (پۆلیتیکۆ) لە ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ ژمارەیەک دامەزراوە و کارگەی بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان لە روسیا و چین بە نهێنی سەرقاڵی کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەگەری ئەوە هەیە دوای رێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆ موشەکی دروستکراوی ئێران لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت. ئاماژە بەوە کراوە؛ ئێران پێویستی بە سوتمەنی بەستو لە جۆری (Ammonium perchlorate) هەیە بۆ موشەکەکانی و تا ئێستا گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان بەرپرسێکی ئەو وڵاتە و کۆمپانیایەکی روسیا و کۆمپانیایەکی چین گەیشتوەتە قۆناغی رێککەوتن. بە پێی زانیارییەکانی ئەو بڵاوکراوەیە؛ کۆمپانیای (ئێف کەی پی) روسیا تایبەت بە بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکان دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە قۆناغی رێککەوتن و ئێران ئەو سوتەمەنیەی بۆ موشەکی بالیستی (زولفەقار) پێویستە. پۆلیتیکۆ ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئەگەری هەیە دوای دابینکردنی سوتەمنیی بەستو بۆ دروستکردنی هەزاران موشەک ئەوا ژمارەیەک لەو موشەکانە رادەستی روسیا بکرێن و لە هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێن. پێش ئەو بڵاوکراوەیەی ئەمریکا ژمارەیەک ئەفسەری ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە(مۆساد) لەگەڵ ئاشکراکردنی ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکانەی کە ئێران رادەستی روسیای کردوە رایانگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ویستویەتی ژمارەیەک موشەکی بالیستی رادەستی مۆسکۆ بکات بەڵام لە بڕیارەکەی بۆ رادەستکردنی موشەکەکان پاشگەز بوەتەوە.  

هاوڵاتی بانکەکان لە کوبا جارێکی دیکە پارەی نەختینەیی بە دۆلاری ئەمریکی وەرئەگرن، دوای ئەوەی قەدەغەکردنی ئەو کارە لە ڕۆژی دووشەممەدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵگیرا. نزیکەی دوو ساڵ بوو خەڵکی کوبا نەیانتوانیبوو دۆلار بە شێوەی کاش بخەنە سەر حسابەکانیان لە بانکەکان و دامەزراوە داراییەکانی دیکە. حکومەتی کوبا لە ساڵی ٢٠٢١دا قەدەغەکردنی هێنایە ئاراوە بە ئاماژەدان بە "بەردەوامی کێشەکان کە بەهۆی گەمارۆی بەردەوامی ئەمریکاوە دروستبوون". بڕیارنامەکەی بانکی ناوەندی کوبا ڕۆژی دووشەممە لە ڕۆژنامەی فەرمی کوبا بڵاوکرایەوە و دەستبەجێ کاریگەری هەبوو. ئاماژە بە کێشە ئابورییەکانی ئێستای کوبا ناکات بەڵکو زیادبوونی ئەم دواییەی گەشتیاری و "بوژانەوەی وردە وردەی پیشەسازی خزمەتگوزاری و کەرتی بەرهەمهێنان" وەک هۆکاری پشت هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە دەهێنرێتەوە. کوبا زیاتر لە شەش دەیە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە بەڵام ئەو سنووردارکردنە ئابووریانەی کە بەسەریدا دانرابوو لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا زیاتر توندتر کران. بڕیاریشە سبەی چوارشەممە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە "کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز" لە واشنتۆن ئەنجام بدەن و تاوتوێی کۆچبەران بکەن.

هاوڵاتی بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوای ناردنی هێز بۆ مەکسیک دەکەن، بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان. بەگوێرەی رۆژنامەی پۆلیتیکۆ کە لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەوە بڵاویکردۆتەوە، بانگەوازی زیاتر لە نێوان سیاسەتمەدارانی ئەمریکا هەیە بۆ ناردنی هێز بۆ مەکسیک بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەشکردووە، ئامادەیی هەندێک لە کۆمارییەکان بۆ دەرکردنی یاسا بە ئاشکرا یان پشتگیریکردن لە بەکارهێنانی سەربازی لە مەکسیک ئاماژەیەکە، بۆئەوەی کە بیرۆکەی ناردنی هێزی ئەمریکا بۆ مەکسیک بیرۆکەیەکی لەمێژینەیەوە و بۆ کاتی ئێستا ناگەڕێتەوە. لە بەرامبەردا دیموکراتەکان ئەگەرێکی لەو شێوەیە ڕەتدەکەنەوە، هەروەها جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت دەست بەو ئۆپەراسیۆنانە بکات. سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش، ژەنەڕاڵ مارک میلی، پێشتر نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بەم پێشنیازە بە "بەرگری یەک" دەربڕی و وتی، "بەرەنگاربونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان ئەرکی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسایە نەک سوپا و نابێت واشنتن بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی هێز بنێرێتە مەکسیک". ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی مەکسیک دژایەتی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکای بەم بیانوانە لە وڵاتەکەیدا کرد و جەختی لەوە کردۆتەوە، "ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ئەرکی هێزەکانی مەکسیکە نەک وڵاتێکی دیکە.   سەرچاوە: POLITICO

جەنگیز چاندار کاندیدی پارتی چەپی سەوز و رۆژنامەنووس، نووسەر و ئەکادیمی بەناوبانگی تورکیا رایگەیاند، لەم نزیکانەدا سەلاحەدین دەمیرتاش لە دەرەوە دەبینین. جەنگیز چاندار کە لە ئامەد سێیەم کاندیدی پارتی چەپی سەوزە تویتێکی لەبارەی رۆژبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەمە دوایین رۆژبوونی دەمیرتاشە لە زیندان و لە ماوەیەکی نزیکدا لە دەرەوە دەیبینین." جەنگیز چاندار نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەکادیمی تورکیا لە ساڵی ١٩٤٨دا لە ئەنقەرە لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٧٠دا بەشی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرەی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٩١ و ١٩٩٣دا راوێژکاری تایبەتی تورگوت ئوزاڵ سەرۆککۆماری ئەو کاتەی تورکیا بوو. چاندار چەندین زمان دەزانێت و لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا خاوەن کتێب و چەندین لێکۆلینەوەیە.

لیژنەی گشتی دادگای دەستوری بنەڕەتی تورکیا، لە دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلاندا (هەدەپە) لەبارەی بڕیاری پارتەکە کە نایەوێت بە زارەکی لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات کۆبووە و دۆسیەکەی بۆ ریپۆرتەری تایبەتی دادگاکە نارد. ئەمڕۆ دادگای دەستوری تورکیا لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووە و پێویست بۆ بەرپرسانی هەدەپە بە شێوەیەکی زارەکی لە دادگاکەدا بەرگری لە پارتەکەیان بکەن، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندبوو کە ئەوان ئامادە نین بە زارەکی بەرگریەکە بکەن. دادگاکە بڕیاریدا دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ ریپۆرتەری دادگەکە بنێردرێت. ریپۆرتەکەش بەگوێرەی دۆسیەکە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات و دواتر پێشکەشی ئەندامانی دادگاکەی دەکەن. چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو مانگێکی دیکە راپۆرتەکە ئامادە بکرێت. دواتر زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگاکە بۆ بڕیاردان لەبارەی داخستن یاخود دانەخستنی هەدەپە رۆژێک دیاری دەکات. پێشبینی دەکرێت، بڕیارەکە یەک دوو رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بدرێت. پێویستە لە ١٥ ئەندامی دادگای دەستوری ١٠ ئەندام بڕیاری داخستنی هەدەپە پەسەند بکەن. تاوەکو ئێستا کەمتر لە ١٠ ئەندامی دادگاکە لەدژی هەدەپە بڕیاریان داوە. ١٧ ئازاری ٢٠٢١، بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووریی تۆمار کرد بۆ داخستنی هەدەپە. ئەو تۆمەتە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بەهۆی کەموکورتییەوە رەتکرایەوە. سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمارکردەوە. دادگای دەستووریی بە کۆی دەنگی ئەندامانی دادگاکە، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ تۆمەتە نوێیەکەی قبوڵ کرد.

هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا لەو کاتەوەی ڕوسیا دەستی بە هێرشەکەی کردووە نزیک بووەتەوە لە 8500 کەس، بەڵام ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت. نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لەو کاتەوەی ڕوسیا دەستی بە هێرشەکەی کردووە نزیک بووەتەوە لە 8500 کەس و جگە لەو کەسانەی کوژراون، پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە 14 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون. هەروەها ئاژانسەکە وتی " نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو باوەڕەدایە کە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر بەرزترن چونکە وەرگرتنی زانیاری لە هەندێک شوێنەوە دواخراوە و زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان هێشتا چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەن." بۆ نمونە لە ماریوپۆل (لە ناوچەی دۆنێتسک) ، لیسیچانسک، پۆپاسنا و سیڤیرۆدۆنێتسک (لە هەرێمی لوهانسک) ، کە بڕوادەکرێت چەندین قوربانی مەدەنی لەو ناوچانە هەبێت." نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند تەنها لە نۆ ڕۆژی یەکەمی مانگی نیساندا کوژرانی 44 هاوڵاتی مەدەنی پشتڕاستکراوەتەوە، کە هەموویان جگە لە یەکێکیان بەهۆی " چەکی تەقەمەنییەوە بوون کە کاریگەری فراوانیان لەسەر ناوچەکە هەیە." هاوکات لە نوێترین زانیارییەکان لەسەر جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیادا: ڕوسیا و ئۆکرانیا سەدان بەندکراوی جەنگیان ئاڵوگۆڕ کردو هەندێک لە سەربازە ئازادکراوەکانی هەردوو وڵات لە دۆخێکی خراپدان و پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە. بێلاڕوس داوای دڵنیایی لە مۆسکۆ دەکات، سەرۆکی بیلاڕوس کە میوانداری ژمارەیەک سەربازی ڕوسیا دەکات داوای دڵنیایی دەکات کە ڕوسیا بەرگری لە بیلاڕوس دەکات ئەگەر هێرش بکرێتە سەری. کاربه ده ستانی ڕوسیا ده ڵێت 75٪ی با خمووت ده ستی به سه ردا گیرا وەو شەڕی بەردەوامە بۆ دەستگرتن بەسەر تەواوی ئەو ناوچەیەدا. سەرچاوە:voice of america

روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە سوتەمەنییەکەی رەوانەی ئێران دەکات و ئاژانسێکی هەواڵیش ئاشکرای دەکات ئەو سوتەمەنیانە لە سنوری کازاخستان و تورکمانستانەوە بۆ ئێران دەنێردرێت. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ لە دوو مانگی وەرزی زستانی ئەمساڵدا روسیا بڕێ 30 هەزار تۆن بەنزین و گازی بە شەمەندەفەر رەوانەی ئێران کردوە. ئاماژە بەوە کراوە؛ لە دوای هێرشی روسیا بۆ ئۆکرانیا، فرۆشی نەوت و سوتەمەنییەکانی روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە روبەڕوی کێشە بوەتەوە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی شەمەندەفەرەوە چەند جۆرێکی سوتەمەنیی رەوانەی ئێران کردوە. ئاژانسەکە رونی کردوەتەوە؛ روسیا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە بەنزین و گازی بەرهەمی وڵاتەکەی بە سنورەکانی وڵاتی کازاخستان و تورکمانستان بۆ ئێران رەوانە کردوە و ئەو وڵاتەش گواستویەتییەوە بۆ عێراق. بە پێی زانیارییەکانی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە رێککەوتنی بازرگانیی نێوان مۆسکۆ و تاران بۆ فرۆشتنی ئەو سوتەمەنیانەیان پشتڕاست کردوەتەوە بەڵام ئێران و روسیا ئامادە نەبون هەواڵەکە بۆ ئەو ئاژانسە پشتڕاست بکەنەوە. روسیا بەهۆی ئەوەی تێچوی رەوانەکردنی سوتەمەنیی بۆ ئێران لە رێگەی کەشتی و دەریاوە زۆرە بڕیاری داوە بە شەمەندەفەر بەنزین و گاز رەوانەی ئێران بکات کە تێچوی کەمترە.

بەهۆی ژەهراویبونی خوێندکاران ژمارەیەک خوێندکاری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران رەوانەی نەخۆشخانە کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە لە شارەکانی کامیاران و کرماشان زیاتر لە 82 خوێندکاری کچ بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 12 خوێندکاری کچ کە لە خوێندگەکەیاندا ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سینا لەو شارە کراون. لە شاری کرماشان زیاتر لە 60 خوێندکاری کچ رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون و بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی هەواڵ دۆخی تەندروستیی دوو خوێندکار ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە روداوی ژەهراویبون لە ژمارەیەک خوێندگەی شارەکانی ئەسفەهان ، تەبرێز، مەشهەد و گەناوە دوبارە بوەتەوە و دەیان خوێندکاری كچ رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ژەهراویبونی خوێندکاران زیاتر لە سێ مانگە بوەتە دیاردە لە رۆژهەڵات و ئێران و چالاکوانانی سیاسی، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە رێگەی چەند ماددەیەکی ژەهراویی بۆندار هێرش دەکرێتە سەر خوێندگەکان و قوربانییانیش زۆربەیان خوێندکارانی کچن. تا ئێستا جگە لە رەوانەکردنی دەیان خوێندکاری کچ بۆ نەخۆشخانەکان، مێرمنداڵێکی کورد لە شاری تاران بە ناوی کارۆ پەشابادی بەهۆی ژەهراویبون گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون. چەند سەرچاوەیەک لە ناو ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتوەتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە. پزیشکێک ئاشکرای کردوە لە روداوی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دژی خوێندکارانی کچ، چەند ماددەێک بە تێکەڵکراوی بەکار هێنراون کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت. محەمەدڕەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشکی لە نەخۆشانەیەکی تاران رایگەیاندوە لە نزیکەوە چاودێریی ژمارەیەک خوێندکاری کچی کردوە کە ژەهراویبون و هۆکارەکەشی هەڵمژینی چەند جۆرێک ماددەی کیمیاییە کە تێکەڵکراوە و کەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە کیمیاییانە دەستخەن و یان بەکاری بهێنن.    

هاوڵاتی ماڵپەڕی واشنتۆن ئێکزامیینەری ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکردەوەوتیایدا هاتووە،پێش هێرشەكە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیای لە ناوچەکە دەستنیشانکردووە و توركیا ئاگاداركراوەتەوە كە جێپێی ئەمریكییەكانیان هەڵگرتووە و کاربەدەستانی تورکیا  گرنگیانپێنەداوە.  لە ڕاپۆرتێكدا ماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەری ئەمریكی کە لە لایەن مایكل ڕۆبن، ڕۆژنامەنووس و لێكۆڵەرلەو ماڵپەڕەوە نوسراوە لەسەر هێرشەکەی حەوتی مانگی دەوڵەتی تورک بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی بڵاو کردووەتەوەو تیایدا هاتووە : رۆژی ٧/٤/٢٠٢٣، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی سەرەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە شەڕی داعش لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا. مەزڵوم عەبدی  لەگەڵ سەرکردایەتی ناوخۆیی کورد و بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووەوەتەوە گروپەکە بەیەکەوە بە کاروانێکەوە ڕۆیشتون بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ ئەوەی لە وێوە بۆ سوریا بگەڕێتەوە. مایكل ڕۆبن وەک خۆی دەڵێت: سەیری ڤیدیۆی كامێراكانی چاودێرییەكانی كردووە، كە پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری سی یو ڤی تێدەپەڕن، دوای سێ چركەش مووشەكێك لە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە تەقێندراوە. باسلەوەشدەکات کە پێشڕودانی هێرشەکە دەزگایهەواڵگری ئەمریکا شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دەستنیشانکردووە و داوایان لە تورکیا کردووە کە پاشەکشەی پێبکات بەڵام سودی نەبووە، هاوکات لە کاتێکدا هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان پێیان وابوو هێرشەکەی تورکیا بە مەبەست شکستی هێناوە و تەنها ئاگادارکردنەوەیەک بووە بۆ واشنتۆن . بەڵام ڕۆبن دەڵێت ،ڕاستییەکان ئەم تیۆرییە ڕەتدەکەنەوە وبە پێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی باران بارینی زۆرەوە، زەوییەکە توند و قوڕاوی بووە ئەمەشبۆتە هۆی ئەوەی موشەکەکە بچەقێتە قوڵای زەوییەکە ئەمەش تەقینەوەکەی دواخستووەو بۆتە هۆی ڕزگارکردنی گیانی ئەمریکییەکان و مەزڵووم کۆبانیش. لە ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەردا هاتووە کە لە كۆشكی سپیدا ئارەزویەكە هەیە، بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە بشاردرێتەوە و پەردەپۆش بكرێت و دەشڵێت: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە کە هەر كاردانەوەیەك پێش هەڵبژاردنەكانی توركیا ڕەنگە سوودی بۆ ئەردۆغان هەبێت. باسلەوەشکراوە ڕەنگە بایدن سزا بەسەر كۆمپانیای بایرەكتاردا بسەپێنێت، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆ توركیا دروستكردووە،کە بۆتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. هاوکات مایکڵ ڕۆبن دەشڵێت، دەبێت كۆشكی سپی  سنورێک بۆ پڕوپاگەندەکانی تورکیا دابنێت کە   دەڵێن فڕۆكەی بایراكتار ڕۆڵی سەرەكی لە شەڕی ئۆكرانیا هەبوو، تەنانەت ڤلادیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیاش دەڵێت: میدیاكانی ڕۆژئاوا قەبارەی كاریگەرییەكانی توركیایان لەسەر شەڕەكە گەورە کردووە. ڕاپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، کە دەبێت كۆشكی سپی ڕێككەوتنی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف ١٦ بە توركیا ڕەت بكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی كۆتایی بە گرێبەستەكە بهێنرێت بۆ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆیان، هەروەها ڕاگرتنی هەموو مامەڵەی هەواڵگری و هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ توركیا، چونكە توركیا ڕەتكردنەوەی هۆشدارییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بوونی ئەوان لە كاروانە ئامانجدارەكەدا جێگەی شەرمەزارییە. لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پێویستە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای هاكان فیدان، سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگری توركیا بدات و ڕێگری لە سەفەركردنی بكات، چونكە دەستی هەبووە لە بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانە، ئەمە جگە لەوەی پاڵَپشتییە بۆ لۆجستی و سەربازی توركیا، هەروەها پشتیوانی لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات. لە ڕاپۆرتەكەدا داوا لە ئەمریكا دەكات، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی توركیا بانگهێشت بكات، چونكە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا پێویستی بە پاككردنەوەی ناوخۆییە. ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی واشینگتۆن ئێکزامینەر