هاوڵاتی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نەماوە كه زۆرترین قەرزاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتین و توانیویەتی 80%ی قهرزهكهی کەمبکاتەوە. لە راپۆرتێکدا کە هەفتەی ڕابردو لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژه بهوهكراوه، 19 وڵات هەن قەرزەکانیان زیاترە لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بهڵام عێراق له لیستهكهدا نیه، لە کۆی گشتیی ئەو وڵاتانەی قەرزدەر لە دامەزراوەی ئابوریی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، کە دەکاتە 94 وڵات. لەمبارەیەوە مەزهەر محهمهد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به رۆژنامهی سەباح-ی راگهیاندوه، "دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كه زۆرترین قەرزاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان لهسهر بابهتێكی سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان له وڵاتهدا و كاریگهری ئهرێنی لهسهر وڵاتهكه دهبێت." باسی لەوەشکردووە، "دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین قەرزی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)یان لایهن توانای قەرزکردنی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە و ئەوە هۆكارێكی باشه بۆ زیادكردنی وهبهرهێنان جگە لهوهی کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانی دەرەکی پەیوەست بە ئابوری عێراق دهبێت". ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، قەبارەی قەرزەکانی سهر عێراق نزیکەی 130 ملیار دۆلار بوە، بەپێی رێککەوتنەکە 100 ملیار دۆلاری لێ لێبڕدراوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاربو به 20 ساڵ بدرێتهوه لەگەڵ ماوەی ئیمتیازات کە شەش ساڵ بوە. هاوکات ئەو ڕاوێژکارە باسی لەوەشکردوە کە ، "عێراق لەوکاتەوەی ڕێککەوتنی پاریسی واژۆكردوه كه له 21ی 11ی 2004دا لەلایەن عادل عەبدولمەهدی وەزیری پێشوتری دارایی ئەوکاتەوە واژۆكراوه، ڕزگاری بوە لە 100 ملیار دۆلار قەرز كه لهسهری بوه، واتا 80%ی قهرزهكهی کەمکردوەتەوە".
هاوڵاتی لە ئاکامی پێکدادانەکانی دوێنێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزێکی نیمچەسەربازییە لە سوودان، ٥٦ مەدەنی کوژران. لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سوودان بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی لە ئاکامی پێکدادانەکانی دوێنێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، ٥٦ مەدەنی کوژران و ٥٩٥ کەسیش برینداربوون. لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سوودان داوای کردووە، دەستبەجێ ژیرانە کێشەکان چارەسەر بکرێن و پێکدادانەکان رابگیرێن، هەروەها رێڕەوی ئاسایشپارێزراو بکرێتەوە بۆ گواستنەوەی گیرخواردن بۆ ناوچەی پارێزراو و گەیاندنی فریاگوزاری سەرەتایی بە برینداران و دەستبەسەرکراوانیش ئازاد بکرێن. ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە یەكێتیی پزیشکانی سوودان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 27 کەس و بریندارانیشی بە 170 کەس هەژمارکردبوو. بە درێژایی شەوی رابردوو لە خەرتوومی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکە دەنگی تەقە بیستراوە و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆش دووکەڵ لە ژمارەیەک بنکەی سەربازی و باڵەخانە بەرز دەبووەوە. ناکۆکییەکان بەهۆی چاکسازیی سەربازیی کە داوا دەکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا بخرێتە سەر سوپا، ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو هێزەی بەدوای خۆیدا هێنا و دوێنێ ناکۆکییەکان گەیشتنە ئەوەی هێز بەرامبەر یەکتر بهێنن. هاوکات، بە درێژایی رۆژی شەممە، داوای ڕاگرتنی شەڕەکان بهردهوامبو كه لە لایهن نەتەوە یەکگرتووەکان، واشنتن، مۆسکۆ، پاریس، ڕۆما، ڕیاز، یەکێتی ئەفریقا، کۆمکاری عەرەبی، یەکێتی ئەوروپا و تەنانەت عەبدوڵڵا حەمدۆک، سەرۆک وەزیرانی پێشوی مەدەنی سودان دهكرا، بەڵام شهڕو پێكدادانهكان ههر بهردهوامبون. کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ ئهنجامدانی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لەسەر سودان راگەیاند، لەسەر داوای قاهیرە، کە بارەگاکانی له ڕیازه و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش داوای "دەستبەجێ ڕاگرتنی توندوتیژی" کرد. لایخۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای "دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان" کرد، لە تویتێکدا لە تویتەر نوسیویەتی، پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان)و هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی سودان دەکات.
هاوڵاتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە ئۆپراسۆنێکدا لە دێرەزۆر، سەرکردەیەکی داعشی بەناوی مەحمود سەعید دەستگیر کردووە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، هەسەدە بە پشتگیری هێزەکانیان، پلانێکی سەرکەوتووانەی بەڕێوەبردووە و مەحمود سەعید سەرکردەی داعشی دەستگیرکردووە کە شانەیەکی شاراوەی داعشی لەژێر دەستددا بووە. هاپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو شانەیەی داعش، چەک و تەقەمەنی بۆ چەکدارانی رێکخراوەکە ناردووە و لەنێو خەڵکیدا پارەی کۆکردووەتەوە. لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەوە جۆناسان فیریر وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و سوریا رایگەیاند، سەرکەوتنی ئەم ئۆپراسیۆنە، رێگری لە بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەکات و وتی، " هێزەکانی سوریای دیموکراتی، بۆ ئێمە وەک هاوکارێکی گرنگی داعش دەمێنێتەوە.
ئێران ئاماری بێکاریی لە وڵاتەکە بڵاو دەکاتەوە و پارێزگاکانی سنە و کرماشان زیاترین پشکی رێژەی بێکارییان بەردەکەوێت. ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردەوە؛ رێژەی گشتی بێکاریی لە وڵاتەکە گەیشتوەتەوە 9.7 % و پارێزگای سنە بە 20.5% زیاترین رێژەی بێکاریی لە نێوان 31 پارێزگا لەو وڵاتە تۆمار کردوە. دوای پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزگای کرماشان بە تۆمارکردنی 15.1% زیاترین رێژەی بێکاریی تۆمار کردوە و بەوەش دووەم پارێزگا بوە کە زیاترین رێژەی بێکاریی هەیە. بەرزبونەوەی نرخی بێکاریی لەو دوو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە نزیکەی 300 هەزار کەس کە زۆربەیان گەنج و لاون ناچارن کاری کۆڵبەریی بکەن. ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە رێژەی بێکاریی لە ساڵی 2022 لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو کەمی کردوە و گەیشتوەتە 9.7% بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان و زانیاریی شارەزایان رێژەی بێکاریی لە 13% زیاترە و ئەو ئامارانەی حکومەت ناڕاستن چونکە هەڵاوسانی ئابوریی لە وڵاتەکە بەرز بوەتەوە.
ئەمریکا بۆ ئاشکراکردنی زانیارییە دارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بڕی 15 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات دیاریی دەکات و رایدەگەیەنێت ئەو سوپایە بوەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە: هەر کەسێک زانیاریی سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکان و چۆنیەتی دابینکردنی پارە و داهاتی سوپای پاسدارانی ئێران رادەست بکرێت لە لایەن وەزارەتەکەوە خەڵات دەکرێت. لەو پەیامەی ئەمریکا لە تویتەر ئاماژە بەوەکراوە کە وەزارەتی دەرەوە لە چوارچێوەی (بەرنامەی خەڵات بۆ دادپەروەریی) بڕی 15 ملیۆن دۆلاری دیاریی کردوە بۆ ئاشکراکردنی زانیارییە داراییەکان و سەرچاوە ماددیەکانی سوپای پاسداران. وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا جەختی لەوە کردەوەتەوە ئەو رێوشوێنە نایاساییانەی گواستنەوە و مامەڵە داراییەکانی سوپای پاسداران هۆکارێکە بۆ دروستکردنی مەترسیی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان. ئەمریکا رایگەیاندوە سوپای پاسداران بە دروستکردنی کۆمپانیای (وەهمی) و دامەزراوەی راسپێردراو و چەندین رێوشوێنی دیکەی دارایی خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی واشنتۆن دزیوەتەوە.
نرخی دەرمان لە ئێران بەرز دەبێتەوە و هەندێک دەرمانیش کە زیاتر لە 60 ساڵە لە ناوخۆی وڵاتەکە دروست دەکرێت دەست ناکەوێت و داوا دەکرێت لە دەرە هاوردە بکرێن. عەلی فاتمی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، رایگەیاند؛ کەمبونەوەی سەرمایە و لاوازبونی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی دەرمان بوەتەوە هۆی کەمبونەوەی دەرمان لە وڵاتەکە بە جۆرێک کە تەنانت دەرزی و دەرمانی هەڵامەت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. فاتمی ئاماژەی بەوە کردوە کەمیی دەرمان نیگەرانیی پزیشکانی لێکەوتوەتەوە و دەرمانی خەمۆکی و دەرونی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمبون و لە هەندیک حاڵەتدا دابینکردنیان ئاستەمە. نرخی دەرمان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو لە نێوان 300 تا 700% هێندە بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینیوە و کە ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بوە. ساڵانی رابردو حکومەت لە ئێران زیاتر لە سێ ملیارد دۆلاری بۆ هاوردەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی تەرخان کردوە کە ئەو بڕە لە ئەمساڵدا بۆ یەک ملیارد و 400 ملیۆن دۆلار کەمی کردوە.
هاوڵاتی ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشکردنە سەر پارێزەر محەممەد یابە سۆفی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سێ کەس لەسەر هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە دەستگیر کراون. ئاسایشی هەولێر دەڵێت ، دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد 3 تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر کران. ڕاشیگەیاند، " لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت. " هەواڵی رفاندن و ئەشکەنجەدانی پاریزەرێک لە شاری هەولێرئەمڕۆ شەممە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە کە شەوی رابردوو لە ماڵەکەی خۆی رفێندرا و دوای سێ کاژێر لە ئەشکەنجەدان، ئازاد کراوە. ئەو پارێزەرە بە گوتەی خۆی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەڵێت، بە چوار کەس لێیانداوە کە یەکێکیان دەمامکدار بووە لەم بارەیەوەئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری بەو ڕوداوە ڕاگەیاند. دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایە سەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت. هاووڵاتییانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر 15ی نیسانی 2023
هاوڵاتی ساڵح موسلیم رایگەیاند، پێویستە کورد بەرابمەر بە کۆبوونەوی نێوان روسیا، ئێران، ئەنقەرە و دیمەشق وریابن و هەوڵ دەدرێت هێزێکی هاوبەشی تورکیا و سوریا و چەکدارەکان دژی کورد دروست بکرێت. ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، لەبارەی وتووێژەکانی نێوان ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و مۆسکۆ، مەرجەکانی دیمەشق بۆ ئەنقەرە بۆ ئاژانسی فورات قسەی کرد. موسلیم دەڵێت، " ڕژێمی سوریا دوژمنی کوردە. تورکیاش دوژمنی ستراتیژیی کوردە، لە کۆنەوە هەڵوێستی ئێران بۆ پرسی کورد روون بووەتەوە. روسیا دەیەوێت هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆی کۆبکاتەوە. لەبارەی لەناوبردنی کوردەکان لە سوریا کۆدەبنەوە. هەموو کێشەکانیان کوردە. لێرەدا ئامانج هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، کە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو گەلان دەکات،" باسی ئەوەشی کرد، ئەگەر روسیا بەڕاستی پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پەیوەندیمان هەیە، دەیتوانی لەگەڵ رژێم کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی نەکردووە. بە شێوەیەکی پراگماتیست نزیک دەبێتەوە و دەڵێت، 'من چۆن دەتوانم سوود لە لایەنەکان ورەبگرم؟' لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیانەوێت گەورەتریان بکەن. ئێمە هیوادارین لەو هەڵەیەیان بکشێنەوە". ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) ئەوەی خستەڕوو، کێشەکانی نێوان رژێمی دیمەشق و ئەنقەرە زۆر قووڵن و راشیگەیاند، "ئێمە باسی کۆچی ملیۆنان کەس دەکەین، باسی سەدان هەزار کەس دەکەین، کە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە قسە لەسەر وێرانکردنی سەدا ٧٠ی گوندەکان، شارەکان و ژێرخانەکانی سوریا دەکەین. هۆکاری هەموو ئەمانە تورکیایە. لە عەفرینەوە بۆ ئیدلب و گرێ سپی، چەندین ناوچەی داگیرکردووە و لە قاعیدەوە تاوەکو گروپەکانی تر ژمارەیەکی زۆر چەتەی بەو ناوچانەدا بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا پشتگیرییان کردووە. سەرباز و چەتەکانی خۆی پێکەوە لەو ناوچانەدا جیگیرکردووە. ئەمانە هەمووی پیلانگێڕانە لە دژی کورد و بەرێوەبەریی خۆسەر. لەسەر پرسی کورد ڕێککەوتوون. ئەی ئەوان لەسەر شتەکانی تر چۆن رێککەوتوون؟ ئەوان پلانیان ئەوەیە هێزێکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، تورکیا و چەتەکان دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروست بکەن".
هاوڵاتی شەڕ و پێکدادانی تووند لە پایتەختی سوودان لە نێوان سوپای وڵاتەکە و هێزی پشتیوانیی خێرای نیمچە سەربازی روویدا و دەنگی تەقینەوە لە هەموو شوێنێکی پایتەختی ئەو وڵاتە دەبیسترێت و مەترسیی کودەتا هەیە. هێزی پشتیوانیی خێراش دەڵێت، فڕۆکەخانەی خەرتووم و کۆشکی کۆمارییان کۆنتڕۆڵکردووە. بەپێی ئاژانسەکانی ھەواڵ، رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، دەنگی تەقە و تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ژمارەیەک بنکەی سوپای وڵاتەکە و وەزارەتی بەرگریی لە نێوەڕاستی خەرتوومی پایتەختی سوودان بیستراوەو پێکدادانەکان لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە باشوری خەرتووم و نزیک فڕۆکەخانە و باکوری شارەکە روویانداوە. ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سوپای سودان بەچەکی قورس و سوک ھێرشی کردووەتە سەریان و لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، سەرجەم پردەکانی خەرتوم داخران و ھێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکراوە، ھەروەھا تانک و زرێپۆش بەرەو شوێنی پێکدادانەکان جوڵێنران. سوپا ھەروەھا بە تانک و زرێپۆش ڕێگاکانی بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی لە ناوەڕاستی خەرتوم داخست. هاوکات نەبیل عەبدوڵلا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشی ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە خەرتووم و دەوروبەری سوودان کردووە و پێکدادانەکان بەردەوامن و سوپاش بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان". سوپای سوودان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری لە دۆخی وڵاتەکە دەدات و دەڵێت، وڵاتەکە "لە خاڵێکی مەترسیداری مێژووییدایە". سەرهەڵدانی تووندوتیژی دوای چەند هەفتەیەک لە قووڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتیی سوپای وڵات و سەرۆکی دیفاکتۆی سوودان و محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هات، لەسەر پلاندانان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی لەگەڵ سوپای سەرەکیی وڵاتەکە.
دوای نۆ رۆژ تەرمی دوو گەنجی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەنداوێکدا دەرهێنرانەوە. دوو گەنجی دانیشتوی شاری سەقز کە پێشتر کەوتبونە بەنداوی (عەباس ئاوا) لە نزیک شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ شەممە تەرمەکانیان دوای نۆ رۆژ لەو بەنداوە دەرهێنرایەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەفشین فەلاحی تەمەن 22 ساڵ و مەهدی رەحیمی تەمەن 23 ساڵ رۆژی پێنجشەممە بەلەمەکەیان لە بەنداوی عەباس ئاوا نوقم بوە و سەرەڕای گەڕانێکی زۆر لە لایەن تیمەکانی مەلوانی شارەکانی (سەقز،بۆکان، سنە، بانە) بەڵام بەهۆی بارانبارینەوە تەرمەکانیان دوای نۆ رۆژ لەو بەنداوە دۆزراوەتەوە. ئەو دوو گەنجە لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان کاری کۆڵبەریان کردوە و لە کاتی سەردانی بەنداوی عەباس ئاوا بەهۆی نوقبونی بەلەمەکەیانەوە خنکاون.
هاوڵاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سوپای تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە ناوچەکانی ناحیەی ئەتروشی سەر بە قەزای شێخانی پارێزگای نەینەوای بۆردومانکرد، تاوەکو ئێستاش زەرەر و زیانەکان نەزانراون. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێزەکانی سوپای تورکیا، شاخی بێخێریان لەناحیەی ئەتروش بۆردومان کرد، تاوەکو ئێستاش زەرەر و زیانەکان نەزانراون، بەهۆی مەترسی دوبارە بۆردومانکردنەوەش، هاوڵاتیان ناتوانن نزیکی شوێنی ئەو روداوە ببنەوە. هاوکات بۆردومانەكە دوای كاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ بووە و دووجار لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركەوە بۆردومان كراوە. بەپێی زانیارییەكان، بۆردومانەكە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی ناوچەكە دروست كردووە ولە سێ مانگدا ئەوە چوارەم جارە تورکیا هەمان شوێن بۆردوومان دەکات، ئەوەش بە بیانووی هەبوونی بارەگای پەکەکە لەو ناوچانە.
هاوڵاتی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ڕۆژی هەینی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری سلۆڤیانسکی ئۆکراینا، 9 کەس کوژران و 21ی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسی ئیدارەی سەربازییی ناوچەی دۆنێتسک، پاڤێل کیریلەنکۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە کە نزیکەی کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ناوخۆ رووسیا بە مووشەکی S-٣٠٠ ھێرشی کراوەتە سەر شاری سلۆڤیانسک. کیریلەنکۆ ئاماژەی بەوە داوە کە لە هێرشەکاندا پێنج باڵەخانە و پێنج خانوو زیانیان بەرکەوتووە و رایگەیاندووە: "زانراوە تا کاتژمێر ١٨.٠٠ 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21ی دیکەش برینداربوون". پاڤێل کیریلەنکۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەنگە حەوت کەس لەناو داروپەردووی باڵەخانەکاندا بن کە پێشبینی دەکرێت یەکێکیان منداڵێک بێت و رایگەیاندووە، تیمەکانی تەندروستی و گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لە کارەکانیان لە شوێنی رووداوەکە. لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە که رووسەکان "بە شێوەیەکی دڕندانە" شاری سلۆڤیانسکیان بۆردومان کردووە و رایگەیاندووە: "ئەوان ماڵەکانیان کردووەتە ئامانج. بەداخەوە بریندار و کوژراویش هەن".
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی بە چەکدارانی نزیک لە خۆی لە لوبنان و سوریا و عێراق راگەیاندوە و بەهۆی هێرشەکانی رابردوی ئەو چەکدارانە لە سوریا 23 سەربازی ئەمریکا برینداربون. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردوەتەوە؛ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەق-ی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەفتەی رابردودا سەردانی لوبنانی کردوە و ئامادەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی پێ راگەیاندون. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە قائانی لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیروت لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبوڵڵا-ی لوبنان و جیهادی ئیسلامی فەلەستین کۆبوەتەوە و پێی راگەیاندون کە ئێران زانیاریی هەیە ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارانی جیهادی ئیسلامی و حەماس لە سوریا و لوبنان. بە پێی زانیارییەکان وۆڵستریت جۆرناڵ، هاوکات لە دوای کۆبونەوە نهێنییەکانی قائانی لە لوبنان دەیان موشەک لەو وڵاتەوە و سێ موشەک لە سوریاوە ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کراوە و ئێران بەڵێنی داوە بۆ ئەنجامی هێرشی زیاتر موشەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی چەکدارانی نزیک لە خۆی لە سوریا و عێراق و لوبنان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم گروپە چەکدارە شیعەکانی ئەو وڵاتانە کۆبوەتەوە. سەرچاوەکانی ئەو رۆژنامەیە ئاشکراشیان کردوە سوپای پاسداران لە دوای کۆبونەوەکەی قائانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ چەکدارانی لە سوریا و لوبنان و عێراق رەوانە کردوە. لە لایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند؛ لە هێرشەکانی مانگی رابردوی چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا 23 سەرباز زیان بە مێشکیان گەیشتوە و ئەو سەربازانە لە ئێستادا چارەسەریان بۆ دەکرێت.
راپۆرتی – بێدار محەمەد ساڵێك لەمەوبەر وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەهێڵی شەمەندەفەر مەرزەكانی پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل پێكەوە دەبەستنەوە، بەڵام نەك ئەو هەنگاوە نەنرا، بەڵكو زیاتر لەدوو مانگە بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە نۆژەنكردنەوەو چاكسازی نێوان گوندەكانی ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان و پشتە راگیراوە. سالار محەمەد، بەڵێندەری پرۆژەكانی رێگەوبانی بەشی زۆری گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و كێڵگەی نەوتی چیا سورخ و مەرزی نێودەڵەتی پەروێزخانە، بەهاوڵاتی وت: «بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە كاركردنمان لەپرۆژەكە لە 25ی مانگی یەكی ئەمساڵەوە راگرتووە». وتیشی:» كەدەستمانكرد بەپرۆژەكە پێیان وتین پارەتان بۆ خەرجدەكەین، 75 ملیۆن دینارمان لەگیرفانی خۆمان خەرجكرد، لەكاتێكدا دەبوو بۆ ئەو پرۆژەیەو چەند پرۆژەیەكی تری ئەو سنورە لەسەر داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڕی 500 ملیۆن دینار خەرجبكرێت». «لەسەردانێکدا بۆ لای بەڕێوەبەری گومركی مەرزی پەروێزخان، وتی پارە هەیە بەڵام فەرمانی خەرجكردنی لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، دواتر پەیوەندیمان بەوەزارەتی داراییەوە كردو ئەوانیش وتیان رێكارەكانی خەرجكردنی پارەكە تەواو بووە بەڵام بۆ خەرج ناكرێت ئەوە نازانین» . ئەو بەڵێندەرەی گەرمیان وادەڵێت. ستار عەزیز، هاووڵاتیەكی گوندی جەبراوەیە لەسنوری پەروێزخان، بەهاوڵاتی وت:» دەبوو حكومەت بایەخی بەڕێگاوبانەكانی گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی پەروێزخان بدایە، چونكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی داهات بۆ حكومەت، كەچی بەبیانووی خەرجنەكردنی پارە ئەوە زیاتر لەدوو مانگە ئەو هەنگاوە راگیراوەو چاڵ و چۆڵی رێگاوبانەكان هەروەك خۆیەتی». وەك وەڵامێك بۆ گلەیی دانیشتوانی ناوچەكە، عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان بەهاوڵاتی وت:» چاوەڕوانی سەرووی خۆمانین بۆ خەرجكردنی پارەكە، بەدەر لەوە شەپۆلی باران بارینی ئەمدواییە كاریگەری هەبوو لەسەر راگرتنی پرۆژەكە». وتیشی:»بودجەی پرۆژەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیانەوە تەرخان دەكرێت، بەگوژمەی نزیكەی 500 ملیۆن دینارو ماوەی پرۆژەكەش 200 رۆژە، تائێستاش 80 ملیۆن دینار لەپرۆژەكە خەرجكراوە». جەمال كەریم, ئەنجومەنی گوندی رەزوار لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەهاوڵاتی وت:»ئەو رێگاوبانەی گوندەكەی ئێمەو گوندەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان رێگەی گەیشتنە بەگوندی چیا سورخ، ماوەی نزیكەی 100 ساڵە نەوتی لێدەردەهێنرێت، كەچی رێگاوبانەكان زۆر خراپن و ئۆتۆمبیلەكانمان هەمووی تێكشكاوە». وەستانی كاركردن لەپرۆژەكانی چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەكاتێكدایە لەكۆتایی مانگی سێی ساڵی رابردوو، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: گرێبەستێكمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیسپانی واژۆكردووە بۆ دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لەهەرێمی كوردستان و درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە و لەقۆناغی یەكەمدا مەرزەكانی پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل پێكەوە ببەستێتەوە.
هاوڵاتی ئاژانسی رۆیتەرز لهزاری سهرچاوهیهكهوه بڵاویكردهوه: کارپێکەری بۆرییە نەوتییەکان ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم پێنەگەیشتوە و بەعدا داوای لە تورکیا نەکردوە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە لە بەغدا بڵاویکردۆتەوە، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکیا لە وەستاندایە بۆ نزیکەی سێ هەفتە دوای ئەوەی عێراق لە دادگای پاریس کەیسێکی بردەوەو تیایدا بڕیاردرا کە دەبێت ئەنقەرە قەرەبووی بەغدابکاتەوە بۆ هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراوی نەوتی هەرێم. بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە بەغدا بدات بەهۆی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراوی نەوتی هەرێم لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018. هاوکات دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان وتووە کە بەغدا هێشتا داوای لە تورکیا نەکردووە بۆرییەکان بکاتەوە و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە . هەروەها لاوک غەفور، بەڕێوەبەری کاروباری میدیای دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو ئاژانسەی گوتووە،"هەر شتێک سەبارەت بە نەوت ئێستا لە دەستی بەغدا و تورکیادایە، پێویستە هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت". سەرچاوەیەکی جیاواز بە ڕۆیتەرزی وت تورکیا بەدوای دانوستاندنێکی تایبەتدا دەگەڕێت سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە وەک قەرەبوو بە عێراقی بدات. هەروەها عێراق داوای لە دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دادوەرییەی دژی تورکیا، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە دادگا تۆمارکراون.
