هاوڵاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژووره‌كانی بازرگانی عێراق كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تاوتوێكردنی به‌رزونزمی به‌های دراوه‌ بیانییه‌كان، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد. ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ یەکێتی ژورە بازرگانییەکان کۆبوەوە و رایگەیاند، بەمەبەستی جێگیرکردنی دراو بڕیاردراوە دەروازەی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان لە بانکی بازرگانی عێراق (TBI) بکرێتەوە و بانکی ناوەندی عێراقیش بەبەهای 500 مليۆن دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ بانکەکە دابین دەکات. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سوودانی بڕیاریداوه‌، دەروازەیەکی نوێ بۆ بازرگانان لە بانکی بازرگانی عێراق (TBI) دەکرێت بەمەبەستی کڕینی دراوی بیانی، و  بانکی ناوەندی بەبەهای 500 ملیۆن دۆلار پشتیوانی بانکی بازرگانی عێراق (TBI) دەکات . هەروەها  پرۆسەی هاوردەکردن و هەناردەکردن لەلایەن هەمو ئەو کۆمپانیایانەی لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون و لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن، دەستپێدەکات و هەمو کارئاسانییەکیان بۆ دەکرێت، هاوکات  ئاسانکاری بۆ هێنانی کاڵاکان دەکرێت و مەرجەکانی پێدانی بارمتە کەمدەکرێنەوە، هەروەها سزای دواکەوتنی هاوردەکردن هەڵدەوەشێنرێتەوە. ئاماژەبەوەشکراوە، کۆبونەوەی نێوان سەرۆک وەزیران، یەکێتی ژورە بازرگانییەکان، پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەڕێوەبەری دەروازە سنورییەکان، باج، گومرگ و پێشانگا بازرگانییەکان بەشێوەی هەفتانە بەردەوام دەبێت بۆ چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان و فەرمانگەی خانوبەرە، تۆماری کۆمپانیاکان، گەشەپێدانی پیشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان و بانکی رەشید و رافیدەین بۆ کۆبونەوەکانی داهاتو بانگهێشت دەکرێن و بەشداری دەکەن. هاوکات  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بڕیاریداوه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاری ده‌سته‌ی باجه‌كان بكات و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی به‌رزونزمی به‌های دراوه‌كان له‌ ئه‌ستۆی هه‌موو لایه‌نه‌كاندایه‌ و نابێت چیتر هاووڵاتییان بكرێنه‌ قوبانی.

هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە بەهای " ڕیاڵی ئێرانی" لەبازاڕدا  بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ یەکەم جار ٤٥٠ هەزار ڕیاڵی تێپەڕاند، بەمەش ڕیکۆردی پێوانەیی شکاند لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دا. محمەد ڕەزا فەردین، جێگیری بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی پشت هەڵاوسانی دراوەکان بانگەشەی میدیایی و گرژی وئاڵۆزیەکانی کۆمەڵگای ئێرانە.  ئەمە لەکاتێکدایە کە دوای دوورخستنەوەی بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ئێران، محەممەد ڕەزا فەرزین، جێگری عەلی ساڵح ئابادی  سوێندی خواردبوو، ٢٨٥ هەزار ڕیاڵ بەرامبەر دۆلار بهێڵێتەوە  بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکی  لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی نرخەکان لە ماوەی ڕێژەی هەڵاوسانی ٤٠٪ بە جێگیری بمێننەوە. لە  گەڵ ئەوەشدا لە کاتێکدا نرخی ڕیاڵ لە ڕۆژی شەممەدا بەوجۆرە دابەزیووە، بانکی ناوەندی بانگەشەی ئەوەی  کرد کە ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ (٣٢٦ ملیۆن دۆلار) لە پارەی ئێران لە عێراق وەرگیراوە، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و دەرزی لێدراوە بۆ بازاڕ.

ئێران لە بەرامبەر بەتیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران هەڕەشەی کشانەوە لە رێککەوتنی نێودەوڵەتیی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیی دەکات و وەزیری دەرەوە دەڵێت،ئەگەری کاردانەوەی چاوەڕوان نەکراو هەیە. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تویتەر بڵاوی کردەوە؛ پەرلەمانی وڵاتەکەی ئامادەکاریی دەکات بۆ کاردانەوە دی سوپای ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە دژی سوپای پاسداران بڕیار دەدەن. عەبدوڵڵاهیان نوسیویەتی: ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداریی لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردوە کە حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران ئامادەی بوە و تاوتوێی کاردانەوەکانی وڵاتەکەمان کراوە بەرامبەر سوپای ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا کە دژی سوپای پاسداران هەڵوێستیان وەرگرتوە. هەر لە لێدوانێکی دیکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە عەبدوڵاهییان وتی: لەگەڵ جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا قسەی کردوە و بۆڕێل رایگەیاندوە؛ مەرج نییە گەڵاڵەی پەسندکراوی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوەش تەنها هەستێکی تایبەتی پەرلەمانتاران بوە. وەزیری درەوەی ئێران ئاشکرای کردوە کە ئەگەر ئەوروپا بڕیارەکە دژی سوپای پاسداران جێبەجێ بکات، دور نییە کۆماری ئیسلامی بڕیاری کشانەوە بدات لە پەیمانی ریگریی لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی (ئێن پی تی). عەبدوڵاهیان وتوشیەتی: جگە لە ژمارەیەکی کەم لە سەرکردەکانی ئەوروپا زۆرینەی سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتانە خاوەنی ئەزمون نین بۆیە پێشنیار دەکەین هەنگاوەکانیان ژیرانە بنێن و پێداچونەوە بە هەڵسوکەوتەکانیان بکەن چونکە بە پێچەوانە ئەگەر هەمو شتێکی چاوەڕوان نەکراو نییە.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان ، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی مێردین كه‌ تێیدا 5 هاووڵاتیی شاری دهۆك كوژران،  ناوی ( ف. أ )ـه‌، خه‌ڵكی نسێبینه‌   لەزانیاریەکاندا هاتوە بکوژ له بەشی میکانیک لە کۆمەڵگه‌ی ئەڤرۆستیی شاری دهۆک بۆ ماوەی چه‌ند ساڵێك کاریکردووە  بەپێی زانیارییەکان ، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربیانیەکان هەبووه‌ و ئاگەداربووە کە ئەو رۆژە پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک سەردانی تورکیا دەکەن و پێش ئه‌وان سه‌ردانی مێردینی كردووه و‌ پلانی كوشتنیان داناوه‌.

كاوە ڕەش/ بەریتانیا   ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، گەورە  داواكراوێكی كورد، كەسەرۆكی باندێكی قاچاغچیەتی كردن بوە بەكۆچبەری نایاساییەوە، لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر لەبەریتانیا، دەسگیركراوە. ئەو قاچاغچییە کوردە پێشتر لێكوڵینەوەی لەگەڵ كراوە، بەڵام بەر لەوەی ڕۆژی دادگایی بێت، لەحوکمەکەی هەڵاتبوو، بۆیە دوای گەڕانەوەی لەفڕۆكەخانە دەستگیرکرا. (ت، ن)تەمەن ٤٥ساڵ و دانیشتوی شارۆچكەی ئۆڵدهامە لەنزیك مانچەستەری بەریتانیا. ئەو بەتاوانی هێنانی كۆچبەری نایاسای لەعێڕاق و ئێرانەوە بەپشتی لۆری بۆ بەریتانیا  لەدیسەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەغیابی سزای هەشت ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ چوارهاوكاری دیكەی لەباندەكەی.   دادگا پێشتر گوێبیستی كەیسی ئەو تاوانبارە بووە، کەچۆن لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆتە بابەتی لێکۆڵینەوەی دەزگای تاوانی نیشتمانی، بەریتانیا. هەروەها ئەو سەرۆکایەتی گروپێکی ڕێكخراوی تاوانکاری  كردوەو کەدەستیان هەبووە، لەگواستنەوەی کۆچبەری نایاسایی لەعێراق و ئێرانەوە بۆ بەریتانیاو لەپشتی لۆریە بارهەڵگرەکاندا شاردویانەوە.  دوای ئەوەی لە٩ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەنەبووە لەڕۆژی دادگای كردنی، فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دەرچووە. دواجاریش ڕۆژی هەینی ٢٠ی كانونی دووەمی ٢٠٢٣ لەكاتی گەشتكردنی لەئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی مانچستەر  دەستگیركراوە.   بڕیاربوو ڕۆژی (21ی 1) بۆ ماوەیەکی کورت لەبەردەم دادگای مانچستەر ئامادەبێت، بەڵام وا پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە 23ی 1 بگەڕێنەوە دادگای شاهانەو بەشێوەیەكی فەرمی سزاكەی بەسەردا بسەپێنرێت. ڕیچارد هاریسۆن، بەرپرس لەئاژانسی تاوانی نیشتیمانی  ئاماژەی بەوەكردووە، كە تۆمەتبارەكە، قاچاغچیەكی مەترسیدارو گەورە بووە، کەگروپی تاوانكاری کۆچبەرانی لەبەر دەست بووە، ئەو بۆ دەستكەوتی ماددی سودی لەكۆچبەرە لاوازەکان بینوەو هیچ دەربەستی مەترسییەكانی سەرژیانی كۆچبەران نەبووە، بەڵكو ئامانجی تەنها كۆكردنەوەی قازانجی ماددی بووە. ئەو بەرپرسە دەڵێ، خۆشحاڵم کەئێستا ڕووبەڕووی دادگایی كردن دەبێتەوە لەسەر ئەو تاوانانەی کەئەنجامی داون. هەروەها دەشڵێت، تاوانبارە هەڵاتووەکان هەرگیز لەژێر چاودێری ئێمە دەرناچن و لەهەر شوێنێك بێ شوێن پێیان هەڵدەگرین.  تیشی: دەمەوێ زۆرسوپاسی هاوکارەکانمان بکەم لەپۆلیسی فڕۆكەخانەی مانچستەر، بۆ هاوکاریکردنیان و دڵنیابوون لەوەی کەبەخێرایی ئەو تاوانبارەیان دەستگیركردوە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەسەر بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە سوپای وڵاتانی ئەوروپا و رۆژنامەیەکی کۆماری ئیسلامیش هەڕەشەی راگرتنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان دەکات. محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی کاردانەوەی دژی سوپای وڵاتانی ئەوروپا دەبێت ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. قاڵیباف رایگەیاند؛ لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا، ئێران رێوشوێنی تایبەت دژی سوپای وڵاتانی ئەندامی ئەکێتی ئەوروپا لە ناوچەکە دەگرێتەبەر و ئامادەکاریی دەکات بۆ کاردانەوەی گونجاو لەبەرامبەر هەنگاوەکانی ئەوروپا. پێشتر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری ئێران رایانگەیاندبو؛ ئەگەر ئەوروپا هەنگاوەکەی بۆ بەتیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا پەرمانی ئێران سوپای وڵاتانی ئەندانی یەکێتی ئەوروپا دەخاتە لیستی تیرۆری  کۆماری ئیسلامیەوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی کەیهان کە زمانحاڵی باڵی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە؛ نوسیویەتی ئەگەر سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا دەبێت سەرجەم پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و  ئەوروپا راگیرێت.    

وەزارەتی بازرگانی عێراق محمد حەنون رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی کۆگاکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە بازاڕی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکان بە نرخی پاڵپشتیکرا و بۆ بریکارەکان، لە رۆژی یەک شەممەوە تەبەقێک ھێلکە بە 4 ھەزار و ٧75 دینار و فەردەیەک ئارد بە ٤٠ ھەزار دینار بۆ بریکارەکان دابین دەکات، نرخەکان بەو شێوەیە جێگیر دەبێت. ئەوت ئەوەشی ڕاگەیاند، بریکارەکان دەتوانن بەو نرخە دیاریکراوە ھێلکە و ئارد لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکڕن، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی کەلوپەل و خۆراکە بە نرخێکی گونجاو بۆ ھاووڵاتیان. وتەبێژەکەی  ئەوەشی وت، بڕیارە لە داھاتوودا نرخی مریشک ھەرزان بکەن بە شێوەیەک نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستا دابەزێنرێت ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبن بۆ جێگیرکردنی نرخی خۆراکەکانی تر. لەدێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی چاودێری وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووری لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چاودێری بازاڕ دەکەن و لێپێچینەوەی یاسایی دەکەن لەحاڵەتی دەستکاریکردنی نرخەکان.

هاوڵاتی هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، سوتاندنی قورئاناین لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە لەدژی هەرجۆرە هەوڵێکن بۆ دژایەتیکردنی ئایینەکان. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە بەجیا دوو تویتیان لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن راستڕەوێکی دانیمارکی – سویدی بڵاوکردەوە. پەروین بوڵدان لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، " هێرشکردنە سەر هەر پیرۆزی و ئایینێک قبوڵ ناکرێت. ئیدانەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، کتێبی پیرۆزی باوەڕی ئیسلام لە سوید دەکەین. ئێمە دژی هەموو جۆرە قسە و کردارێکی جەمسەرگەرین کە گەلان و ئایینەکان رووبەرووی یەکدی دەکەنەوە." هەروەها میدحاد سانجاریش ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە سوید دەکەین. هێرشکردنە سەر بیروباوەڕ و پیرۆزیەکان بە هەموو پاساوێک رەت دەکەینەوە. ئێمە دژی هەموو جۆرە کارێکین کە گەلان و ئایینەکان دابەش بکات و دوژمنایەتیان بکات." راسمۆس بالۆدان کە سەرکردەی پارتێکی توندڕەوە، دوێنێ لەبەرامبەر کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، نوسخەیەکی قورئانی سووتاند، لە بەرامبەر دژایەتیکردنی تورکیا بۆ ئەندامیتی سوید لە ناتۆدا. ئەوەش کاردانەوەی توندی بەرپرسان و پارتە سیاسیەکان تورکیای بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە گەڕەکی شێخمەقسوودی پارێزگای حەلەبی سوریا، باڵەخانەیەکی کوردان داڕما و بەوهۆیەوە ٧ کەس گیانیان لەدەستدا و هەڵمەتی گەڕان بەدوای نزیکەی ١٥ کەس بەردەوامە. کاتژمێر دوو و جارەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی لە گەڕەکی شیخمەقسوودی پارێزگای حەلەب کە بە گەڕەکی کوردەکان دەناسرێت داڕما.  بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵیەکانی رۆژئاوای کوردستان، ٣٠ کەس لەو باڵەخانەیەدا دەژیان. بەگوێرەی ئامارەکان تاوکو ئیستا تەرمی ٧ کەس دەرهێنراون و ١٠ کەسیش رزگارکراون. هەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی گەڕەکەکە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەلدایە و خەڵکی گەڕەکەکە بۆ رزگاکردنی نزیکەی ١٥ کەس بەردەوامە. بەگوێرەی زانیاریەکان، باڵەخانەکە بەهۆی شەڕی ١١ ساڵەی سوریاوە زیانێکی زۆری پێگەیشبوو و بەوهۆیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ داڕماوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی 2022ی زایینیدا لانی کەم 52 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە شارەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لە سێدارە دراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی 51 کەسیان ئاشکرا بوە. ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٤ حاڵەت واتە ٨٪ زیادی کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی فیرووز مووسالوو و خەڵکی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەرجەم پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لانی کە بەپێی پێوەری یاسا ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی بێبەری بوو، لە سێدارە درا. بەپێی ئەم بەڵگەنامانەی کە لە بەردەستدایە، ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ملهوڕانە نەیانهێشتووە دۆسیەکەی بنێردرێت بۆ دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی و لە کۆتاییدا لە سێدارەیان داوە. هەروەها لەو ساڵەدا دوو ژن بە ناوەکانی فەرانەک بەهەشتی و سوهەیلا عابیدی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە شارەکانی سنە و ئورمیە سزاکەیان جێبەجێ کران و لەسێدارەدران. جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان بەپیی ئاماری ڕێکخراوەکە بەم شێوەیه؛ سیاسی: 1حاڵەت، $2ی کۆی حاڵەتەکان کوشتنی بەئەنقەست: ٣٤ حاڵەت، ٥٦٪ی کۆی حاڵەتەکان تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان: 15 حاڵەت، %29ی کۆی حاڵەتەکان دزیی چەکدارانە: ٢ حاڵەت، ٤٪ ی کۆی حاڵەتەکان بەپێی بەڵگە کۆکراوەکانی تیمی یاساییی هەنگاو، زۆرترین ژمارەی لە سێدارە دراوان لە بەندیخانەکانی ئورمیە و خوڕەم‌ئاوا بووە کە هەر کامیان 9حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام و کەرەج هەر کامیان 8 حاڵەت، کرماشان 6 حاڵەت، ئەراک 5حاڵەت، سنە 4حاڵەت و بەندیخانەکانی حکوومەت لە ئەلیگوودەرز، میاندواو و یەزد هەر کامیان یەک حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە.

لە ساڵێکدا 45 هەزار کەس لە پایتەختی ئێران بەهۆی پیسبونی کەش و هەوا گیانیان لەدەست دەدەن. محەمەدسادق حەسەنوەند، سەرۆکی ناوەندنی توێژینەوە لە پیسبونی کەش و هەوا لە ئێران ئاشکرای کردوە پیسبونی ژینگەی تاران شەش هێندەی پێوەرە جیهانییەکان و ئەوەش قوربانیی زۆری لێدەکەوێتەوە. حەسەنوەند وتویەتی: لە رابردودا ساڵانە 300 هەزار ئۆتۆمبێل نوێ جێگای ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیان دەگرتەوە بەڵام لە ئێستادا ئەو پڕۆسەیە لە سفر نزیک بوەتەوە هیچ ئۆتۆمبێلێکی کۆن لەناوبرێت و لەسەر شەقامەکان ژینگە پیس دەکەن. ئێران شەشەم وڵاتی جیهانە لە روی بونی غازە زیانبەخشەکانەوە و بە نوێترین توێژینەوە رێژەی غازی دوانۆکسیدی کاربۆن لە وڵاتە گەیشتوەتە 750 ملیۆن تەن و بەوەش زیاترین رێژەی ئەو غازەی دوای چین، ئەمریکا، ژاپۆن، هندستان و روسیا تۆمار کردوە. سزا نێودەوڵەتییەکان ئێرانی ناچار کردوە نەوتی رەش بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنێت و ئەوەش پیسبونی کەش و هەوا و ژینگەی وڵاتەکەی بە تایبەت تارانی پایتەختی زیادتر کردوە.  

کۆمپانیای بەناوبانگی تایبەت بە فیلم نێتفلێکس ئاماری هاوبەشانی بۆ ساڵی 2022 ئاشکرا کرد بەپێی راپۆرتی چارەکی چوارەمی نێتفلێکس، ژمارەی هاوبەشانی لەو ماوەیەدا 7.7 ملیۆن هاوبەش زیادیکردووە کە زیاتر بوو لە ژمارەی پێشبینیکراو کە 4.6 ملیۆن هاوبەش بوو. بەوپێیەش ژمارەی هاوبەشەکانی نێتفلێکس بەرزبووەتەوە بۆ 230 ملیۆن و 750 هەزار هاوبەش.    کۆمپانیایەکە، داهاتەکانی لە چارەکی چوارەمدا 7.82 ملیار دۆلار بووە کە بە رێژەی 2٪ زیاتر بووە لە داهاتەکانی چارەکی چوارەمی ساڵی 2021، لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی داهاتەکانی کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.   نێتفلێکس لە 2022 نزیکی 5ملیار قەرزی داوەتەوە.  هەرچەندە داهاتی پلاتفۆرمی نێتفلێکس زیادیکردووە، بەڵام داهاتی پوختە یان قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەم کەمیکردووە.

هاوڵاتی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە سوید، سیاستەمەداری ڕاستڕەوی سویدی-دانیمارکی ڕاسموس پالودان کۆپیەکی لە قورئان سوتاند، ئەوەش ناڕەزایی تورکیای لێکەوتەوە وبەهۆیەوە سەردانەکەی وەزیری بەرگری سویدی هەڵوەشاندەوە. خۆپیشاندانەکان دژی ناڕەزایی و بیانووەکانی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە بەئەندامبونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ بەڕێوەچوو.  

هآوڵاتی جۆن کیربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی  کۆشکی سپی ڕایگەیاند، گروپی سەربازی ڤاگنەر"ڕێکخراوێکی تاوانبارە کە دڕندەیی بەرفراوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدات. جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ڤاگنەر کە لەلایەن یڤگنی پریگۆژین، بازرگانێکی نزیک لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پشتگیری ئەکرێت ، نزیکەی ٥٠ هەزار چەکداری لە ئۆکرانیا هەیە، کە لەسەدا ٨٠ی ئەو چەکدارانە لە زیندانەکانی ڕووسیا وەرگیراون، هەروەها وتیشی،  ڤاگنەر "رێکخراوێکی تاوانبارە کە دڕندەیی بەرفراوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدات." هەروەها جۆن کێربی وتیشی،  ئێمە بێ وەستان کاردەکەین بۆ دەستنیشانکردن و تێکدان و ئاشکراکردن و ئامانجکردنی ئەو کەسانەی کە پشتگیری گروپی سەربازی  ڤاگنەر دەکەن، هەروەها وێنەی هەواڵگریی ئەمریکای نیشان دا کە کۆریای باکوور چەک بۆ ڤاگنەر دابین دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی لە ئۆکرانیا، هاوکات  جۆن کێربی ئاماژەی بەوەدا، وێنەکان لە  ١٨-١٩ی ئەم مانگە، ئۆتۆمبێلی سەربازی و کەشتی  ڕووسیا دەردەخەن کە دەچنە ناو کۆریای باکوور و بارێکی موشەک و مووشەکی پیادە هەڵدەگرن و دەگەڕێنەوە بۆ ڕووسیا. وتەبێژی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە ئەمریکا زانیاری هەواڵگری خۆی سەبارەت بە کڕینی چەکی ڤاگنەر لە کۆریای باکوور پێشکەش بە یەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سزاکانی کۆریای باکوور کردووە،  ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی چەک لە کۆریای باکورەوە ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە. هاوکات  گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی ڤاگنەر وەک ڕێکخراوێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەستنیشان دەکات، بەمەش دەیخاتە لیستی  گروپە مافیاییەکانی ئیتاڵیا و تاوانکارە ڕێکخراوەکانی ژاپۆن و ڕووسیا. ئەم بریارەی ئەمریکا لەسەر گروپی ڤاگنەری سەربە ڕوسیا ڕێگە بە جێبەجێکردنی فراوانتری سزاکان دەدات دژی  گروپەکە، ناساندنی ڤاگنەر بە "رێکخراوی تاوانکاری نێودەوڵەتی" بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ئەمریکا 13581 دەبێتە هۆی داخستنی هەر ڕێگەیەک بۆ  هەر سەروەت و سامانێکی ئەمریکی لە ڤاگنەر و قەدەغەکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە دابینکردنی پارە، کاڵا یان خزمەتگوزاری بۆ گروپەکە.          

ناڕەزایەتییە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و لە تاران و کرمان چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران سوتێنران و لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک چالاکوان و گەنج دەستگیرکان ئۆسترالیا ئامادەکاریی بۆ تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران دەکات و ئەمریکاش جارێکی دیکە هۆشداریی توندی دایە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی. لە تاران و ئەردەبیل و کەرەج و کرمان بە دروشم نوسین و سوتاندنی چەند بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسداران ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبو و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیک گەنجان و چالاکوان دەستگیرکران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ لە کامیاران، دێلوران، سنە و بۆکان و مەریوان ژمارەیەک گەنجی دیکە دەستگیرکراون. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ بەرەبەیانی رۆژی شەممە شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی سوپای پاسداران و هێزێکی نەناسراو لە بازگەیەکی ناوچەی ناچیت لە شاری بۆکان رویداوە کە بەهۆیە چەکدارێکی سوپا کوژراوە و سێ چەکدرای دیکەی ئەو سوپایە برینداربون. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە؛ دەیان کەس لە شاری زاهیدان بە بیانوی بەشداریی لە 16یەمین هەینی ناڕەڕایەتییەکان و نوێژکردن لە مزگەوتی گەورەی شارەکە دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە . ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ ناسنامەی 713 خوێندکاری زانکۆ ئاشکرابوە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون و چوار خوێندکاریی زانکۆی عەللامە لە تاران سزای 11 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. بەشداریی زۆرینەی دانیشتوانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان لە نوێترین راپرسی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران دەکەوتوە؛ 61٪ی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتەکە جارێک بۆ 10 جار بەشداریی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیان کردوە. ناوەندی داتا و زانیارییەکان لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لەو راپرسییەی کە لەسەر دۆخەکە ئەنجامی داوە دەرکەوتوە لە هەر 10 کەسی دانیشتوی ئێران لە چوار مانگی رابردودا لانیکەم شەش کەس ئەگەر بۆ جارێکیش بێت بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کردوە. راگرتنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێران رایگەیاند؛ فیلتەرکردنی ئینیستاگرام و واتساپ لە وڵاتەکە بەردەوام دەبێت بەڵام تۆڕی کۆمەڵایەتیی کڵاب هاوس لە چەند رۆژی داهاتودا فیلتەر و رێگریی لەسەر نامێنێت. وتەکانی زارعپور لە کاتێکدایە دوای چەند رۆژێک لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تۆڕی پەیوەندیی واتساپ لە ئێران راگیرا و دواتر دەسەڵات بڕیاری فیلتەرکردن و راگرتنی ئینیستاگرامی دا بەڵام دانیشتونی وڵاتەکە بە بەکارهێنانی ڤی پی ئێن و پڕۆگرامەکانی ناسراو بە ئانتی فیلتەر تا ئیستا سود لەو دوو تۆڕە وەردەگرن بۆ پەیوەندیی و بڵاوکردنەوە هەواڵی تایبەت بە ناڕەزایەتییەکان. هەنگاوەکانی ئەوروپا سێ سەرۆکایەتییەکی ئێران کۆ دەکاتەوە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ کۆبونەوە و سەرەڕای ئیدانەکردنی هەنگاوەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەتیرۆرست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران، رایانگەیاند؛ ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان و جەنگی هاوبەشە لە دژی کۆماری ئیسلامی. سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەزگای داد لە ئێران دوای کۆبونەوەکە داوایان لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ئەوروپا کرد دژی بریاری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ بەتیرۆریست ناساندی سوپای پاسداران هەڵوێست وەرگرن و ئیدانەی ئەو هەنگاوە بکەن. چالاکوانانی کورد و ئێران لە ئەوروپا خۆپیشاندان و گردبونەوەیان دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوا و خۆپیشاندەران لە وڵاتی سوید داوایان کرد مزگەوتی ئیمام عەلی لە شاری ستۆکهۆڵم لەو ولاتە کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە هاوشێوەی ناوندێکی سیخوڕی بەکار دەهێنرێت دابخرێت. لە شارەکانی میلبۆرن، سیدنی، ئادێلاید، هامبۆرگ، کۆڵن، بەرلین، کۆپنهاگ، ئۆکەندا، بارسێلۆنا و چەند شارێکی دیکەی جیهان خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوچو. سزادانی سوپای پاسداران دەبێت بە پرسێکی سەرەکیی وڵاتان سارا هۆنسۆن یانگ، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئۆسترالیا رایگەیاند؛ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆر-ی وڵاتەکە. نۆربێت رۆتگەن، ئەندامی دەستەی پەیوەدنییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی وڵاتەکەی تایبەت بە دۆخی ئێران : رەخنەی لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گرت کە تا ئیستا  سوپای پاسداران لە ئەڵمانیا و ئەوروپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. هۆشداریی دوبارەی ئەمریکا جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند؛ کات بۆ سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی بە خێرایی تێدەپەڕێت و بە هێچ شێویەک رێگە نادرێت ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. ئەو لە زاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ هیچ کاتێک رێگە نادەن ئاستی توانای ئەتۆمیی ئێران بگاتە قۆناغی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی و ویلایەتەیەکگرتوەکان سورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی.