قەرەیلان رایگەیاند، پێویستە دەوڵەتی فەڕەنسا ئەنجامدرانی پشت کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکات و لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی پاریس کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی فەڕەنسا ناچارە کە ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئاشکرا بکات. هەموو گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە دەکات. قەرەیلان وتی، " هەڵوێستی لایەنە دیموکراتەکانی فەرەنسا لەمبارەیەوە ئەرێنی و دۆستانەیە. پێویستە حکومەتیش بە هەمن شێوە هەڵوێست دەرببڕێت و تاوانباران ئاشکرا بکات. بۆ ئەوەش نابێت لەسەر حسابی تاریک و بەرژەوەندی ئابوری کە بووە هۆی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ بجووڵێتەوە." موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەشڵێت، دەوڵەتی فەرەنسا لەم رووبەرووە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری قێزەون لەبەرچاو دەگرێت، یان یاسا جێبەجێ دەکات. لەم کاتەدا ئەم دوو بژاردەیەی هەیە. زۆر ئاشكرایە کە ئەگەر هەڵوێستێکی راست و دادپەروەرانەی نەبێت، بەرپرسیاری کۆمەڵکوژیە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی فەرەنسا. ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە دژی ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، ئەندامی بزوتنەوەی کەلتوری هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزل شەهیدکران. دوێنێ ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، تەرمی هەرسێ کوردەکە، لە فەڕەنساوە گەیەندرانە باکور و باشوری کوردستان و بە رێورەسمی جەماوەری بەخاکسپێردران.
نیگار عومەر دانیشتوانی ناحیەی رزگاری كەبەشێكی زۆریان كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن بەدەست چەند گرفتی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن وەك كەمی قوتابخانەو نەبوونی ئاوەڕۆو قیرتاوو كۆنكرێت نەكردنی كۆڵانەكان. ناحیەی رزگاری لەساڵی 1987 وەك ئۆردوگایەكی زۆرەملێ لەنزیك قەزای كەلار دروستكرا، دانیشتوانەكەی نزیكەی 65 هەزار كەس دەبێت، بەزۆری كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن، تاوەكو ئێستاش بەشێكی كۆڵان و گەڕەكەكانی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی بۆ نەكراوە هاوڕێ نیزام چالاكی مەدەنی و دانیشتوی رزگاری بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:»ئێمە چەند گرفتێكمان هەیە وەك دانیشتوی ناحیەی رزگاری و گەڕەكی شاكەل شەقامێكی سەرەكی لەو گەڕەكەدا دروستكرابوو لەساڵی 2013، دواتر تێكدرا بەبیانوی ئەوەی بكرێتە دووساید، بەڵام تاوەكو ئێستا كاری تێدا ناكرێت و ئەمەش گرفتی بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەكە دروستكردوە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا، ئێمە دووجار گردبوونەوەمان ئەنجامدا بەڵام لایەنی پەیوەندیدار هیچ وەڵامێكی نەداوینەتەوە». وتیشی،» بەشێكی گەڕەکەكانی شاكەل تاوەكو ئێستا ئاوەڕۆیان نیەو بەڕوونی دیارە جیاوازی لەنێوان گەڕەکەكاندا دەكرێت و گەڕەكی شاكەل فەرامۆشكراوەو خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامنادەن و هەموو كۆڵانەكانی تاوەكو ئێستاش هەر خۆڵە». هاوكات یاسین جاف دانیشتوی گەڕەكی سەنگاوییەكانی ناحیەی رزگاری و بەهاوڵاتی وت:» گەڕەكی سەنگاوییەكان هەزارو 500 ماڵ دەبێت، هیچ خزمەتگوزاریەكی بۆ نەكراوەو كۆڵانەكانی ئاوەڕۆیان نیەو یاریگای وەرزشی بۆ نەكراوەو گەنجەكانی دەبێ لەكۆڵانەكاندا دانیشن، پاركێكیشی بۆ نەكراوە تاوەكو بتوانی ئیسراحەتێكی تێدا بكەیت». وتیشی:» ئەم گەڕەكە بەتەواوەتی پشتگوێخراوەو قوتابخانەشی تێدا نیەو منداڵەكانمان دەبێ رێگایەكی زۆر بڕۆن تادەگەن بەقوتابخانەو نەبونی ئاوەڕۆی ماڵان ژیانی لێ تاڵكردووین». سەبارەت بەنەبوونی خزمەتگوزاری لەناحیەكە، ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی رزگاری بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» زۆرێك لەگەڕەكەكانی شاكەل و راپەڕین و سەنگاوییەكان نەك خزمەتگوزاریی كەمی بۆكراوە، بەڵكو هەر هیچیان بۆ نەكراوە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو و لەوكاتەوەی ئێمەش دەسبەكاربووین بەهۆی گرفتی قەیرانی داراییەوە ناتوانین وەك پێویست بۆ ئەو گەڕەكانە خزمەتگوزاری ئەنجامبدەین». وتیشی:» شەقامی گەڕەكی شاكەل لەسەر پرۆژەی پترۆدۆلار بڕیاری ئەنجامدانی دراو ئێستاش ئەو پرۆژەیە راگیراوە، بەو هۆیەشەوە كاری شەقامەكە وەستاوەو چەندین جار داوامان لەحكومەتی هەرێم كردووە ئەو پرۆژەیە بگۆڕین بۆ سەر پرۆژەیەكی تر، بەڵام تاوەكو ئێستا نەكراوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» بڕیاردراوە ئاوەڕۆ بۆ بەشێك لەگەڕەكەكانی راپەڕین، شاكەل، و سەنگاوییەكان دروستبكەین و لەبەرنامەماندایە كاریان بۆ بكەین».
هاوڵاتی ماڵەپەڕەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ڕۆژی پێنج شەممە زمانی کوردیشی بۆ زیادکرا و کارا کرا، ماڵپەڕەکە لەلایەن پارێزەرانی سەڵاحەین دەمیرتاشەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت. لەماوەی ڕابردوودا سەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان" هەدەپە" ماڵپەڕێکی کردەوە وتێێدا تەنها چوار زمان هەبوون، ئەویش زمانەکانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، تورکی بوون، بەوهۆیەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆیەوە وهەربۆیە لەبەرواری ٥ی کانوونی دووەم زمانی کوردیشی بۆ زیادکرا. لەبارەی ئامانجی کردنەوەی ماڵپەڕەکەیەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە توێتیکدا ئاشکرای کرد و وتی، دەتوانن بۆچونەکانتان بگەێنن، هەر بۆچونێکتان هەبێت دڵنیابن لەلایەن پارێزەرەکانمەوە پێم دەگات وهەڵیاندەسەنگێنم، با دەستپێبکەین، بەختێکی باش ، ڕێگای من وئێوەش کراوەبێت.
ریاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدە رایگەیاند، روسیا دەیەوێت لە شەڕی ئوکراینادا، تورکیا پشتگیری بکات، بۆیەش هەوڵی نزیککردنەوەی سوریا و تورکیا دەدات و ئەوەش لە بەرژەوەندی تورکیادایە. ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز ئاماژەی بە کۆبونەوەکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و سوریا کرد و وتی، " تورکیا مۆڵەتی هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای وەرنەگرت و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئەمجارە رووی لە حکومەتی دیمەشق کرد و ویستی بە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەدەنە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی رێککەوتنەوە بێتە ناو خاکی سوریا، زیانێکی زۆر بەر بەرژەوەندییەکانی گەل دەکەوێت، هەروەها رێگە بۆ چەتەکان دەکاتەوە کە لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن. ئەمەش هەنگاوێک دەبێت بۆ دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکان بە تەواوی بخاتە سەر تورکیا وەک رووداوەکەی ئەسکەندەرون." ریاز دەرار سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد راکێشا و رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک سوودی بۆ حکومەتی دیمەشق نابێت، حکومەتی دیمەشق بەهۆی فشارەکانی روسیاوە ئەو کۆبوونەوانە قبوڵ دەکات و چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکات، تاوەکو کۆبوونەوەکان درێژتر بکرێنەوە، سوودی زیاتری بۆ روسیا دەبێت، چونکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی، هەوڵدەدات لە رێگەی تورکیاوە، لە شەڕی ئۆکراینادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تورکیاش سنوورەکانی بەڕووی روسیادا دەکاتەوە." هاوسەرۆکی مەسەدە دەشڵێت، پێویستە حکومەتی دیمەشق باش بزانێت کە گەل مافی هەیە و لەگەڵ گەلەکەی بۆ دروستکردنی وڵاتێکی نوێ هەوڵ بدات و پێویستە سیاسەتەکانی بگۆڕێت.
هاوڵاتی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ڕایگەیاند، لەمەودوا ژنان دەتوانن بەبێ ئەوەی مەحرەمێکیان لەگەڵدابێت سەردانی سعودیە بکەن و حەج وعومرە بکەن. هاوکات لەبارەی تەمەنی یاسایی بۆ بەجێهێنانی حەج وعومرە ڕایگەیاند، موسڵمانان کە تەمەنیان لەسەروو ١٢ ساڵیەوەیە دەتوانن ئەمساڵ ناویخۆیان تۆمار بکەن و حەج بکەن. ئەم بڕیارەی وەزارەتی حەج وعومرەی سعودیە لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوودا، هیشام بن سەعید وتەبێژی وەزارەتی حەج وعومرە ڕایگەیاندبوو ، ژنان دەتوانن بێ ئەوەی کەسێکی نزیک یان مەحرەمی خۆیان لەگەڵدا بێت دەتوانن ڤیزا وەربگرن وسەردانی سعودیە بکەن بەمەبەستی بەجێهێنانی حەج وعومرە.
هاوڵاتی وەزارەتی کشتووکاڵی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا ڤاکسینێکی پەسەند کرد بۆ هەنگەکان ڕێگری لەنەخۆشیەکی بەکتریای دەکات کە تووشی کرۆمەکەی هەنگەکان دەبێت و لەناویان دەبات. ڤاکسینەکەی لەژێر سەرپەرشتی کۆپانیایەکی بایۆتەکنۆلۆژی کە ڤاکسینەکەی بەرهەمهێناوە پەسەندی کردووە، ڤاکسینەکە دەکرێتە ناو دەردراوێکی تایبەتەوە کە شاژنەکە دەری ئەدات وکرۆمەکەکان دەیخۆن، بەمەش ڕێگری دەکات لەوەی کە هەنگەکان توشی نەخۆشی ناسراو بە " فۆڵبرۆدی ئەمریکی" ببن، کە نەخۆسیەکی بەکتریاییە و دەبێتە هۆی لەناوجوونی تەواوی شانەکە وبۆ لەناوبردنی پێویستی بە سوتاندنی تەواوی شانە هەنگوینەکەیە. ئانێت کڵایزەر، بەڕێوبەری جێبەجێکاری تەندرووستی ئاژەڵانە، لەبارەی ڤاکسینەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، ڤاکسینەکە دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ پاراستنی هەنگەکان. ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی ئەمریکا باس لەوە دەکات، نەخۆشی " فۆڵبۆردی ئەمریکی"، نەخۆشیەکانی دیکەی پەیوەست بە وردە زیندەوەرەکانی وەک مشەخۆرەکان و بەکتریاکان هۆکاری زۆرێک لەلەناوچونەکانی هەنگەکانن، هەروەها هەندێک جار ئەو هەنگانەی بە هەنگە کارکەرەکان ناسراون شاژنەکە و شانەکە جێدەهێڵن بەمەش شانەکە لەناو دەچێت، بۆیە ئەم ڤاکسینە لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نەخۆشیەیە لەناو هەنگەکاندا. هەنگەکان ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی تۆووەکانی رووەکدا، هاوکات لەگەڵ باڵندە و شەمشەمەکوێرەشدا گرنگیەکی زۆریان هەیە لەبواری کشتوکاڵیدا، بەگوێرەی ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی ئەمریکا دەڵێت بەرپرسیارن لە یەک لەسەر سێی بەروبومی دانەوێڵەی جیهان. هاوکات ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵانی ٢٠٠٦ بەدواوە بەنزیکەیی ڕێژەی هەنگەکان کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و کوردستان دوای 111 رۆژ بەردەوامە و لە شارەکانی (ئیلام، کرماشان، مالێ میر، یەزد) یادی کوژراوان کرایەوە و بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیش رایگەیاند دەبوایە بەهۆی هەڵەی پۆلیسی ئەخلاقەوە داوای لێبوردمان بکردایە. لە بوشەهەر و یەزد و تاران گەنجان بە سوتاندنی وێنە و پۆستەرەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی. ئەمڕۆ پێنجشەممە چلەی و حەوتەمی مەرگی چوار کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوچو و یادی لەدایکبونی کوژراوێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانیش لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوچو. بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر چلەی مەرگی شۆڕش نیکنام ئەو گەنجە تەمەن 33 ساڵەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد کوژرا بەڕێوچو. شۆڕش بەهۆی برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ گوازرایەوە بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییەوە دوای زیاتر لە هەفتەیەک بێهۆشی گیانی لەدەستدا. لە شاری کەنگاور لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر یادی چلەی مەرگی ئێحسان قاسمی فەڕ بەڕێوەچو و بەشداربوانیش دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە. ئێحسان کە تەمەنی 32 ساڵ و یەکێک لە وەزشکارە ناودارەکان بو بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا و تەرمەکەشی لە کەنگاوەر بەخاک سپێردرا. لە شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان مۆمۆی 33 ساڵەی تەمەن لەسەر گڵکۆی موحسین قەیسەری، بەڕێوچو کە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ئیلام کوژرا. لە شاری ماڵێ میر(ئیزە) لە پارێزگای خوزستان بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی حامید سەلەحشور و مەحمود ئەحمەدی دو کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بەڕێوچو و بەشداربوانیش رایانگەیاند؛ ئەو سەرە بۆ سەرشۆڕکردن نییە و دەسەڵات دەخاتە سەرئەژنو. لە شاری یەزد هاوشێوەی مەهاباد و ماڵێ میر بە رێوڕەسمی جەماوەریی چلەی مەهدی زارع ئەشکەزەری بەڕێوچو و بەشداربوانیش دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە پاشەکشێی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ هیچ بەرپرس و کەسێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی نەبونی سەرپۆش رێگریی لە خانمێک بکات بۆ بەکارهێنانی میترۆ و ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوە. ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی وتوشیەتی: پێش ئەوەی کۆمەڵگە بگۆڕین پێویستە بەرپرسان خۆیان بگۆڕن و هاوکات دان بە هەڵەی پۆلیسی ئەخلاقی وڵاتەکەدا دەنێت و دەڵێت دەبوایە داوای لێبوردمان بکردایە لەو کەموکۆڕییانەی پۆلیس و مەرگی ژینا ئەمینی. وتەکانی قاڵیباف لە کاتێکدایە پێشتریش عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوی رایگەیاند؛ ئەو ژن و کچانەی سەرپۆشیان نییە نابێت تۆمەتبار بکرێن بە لادان لەدین و دژایەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. واتسئاپ هاوکاریی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران دەکات کۆمپانیای مێتا خاوەنی تۆڕی پەیوەندیی واتسئاپ ئاشکرای کردوە بەهۆی زیادکردنی تایبەتمەندییەکەوە بەشداربوانی ناو وڵاتی ئێران دەتوانن رێگرییەکان و فیلتەر و سانسۆر لە ئینتەرنێتی وڵاتەکەیان تێپەڕێن و بە پارێزراوی پەیوەندیی بە کەسانی دیکەوە بکەن. ویل کەتکارت، بەڕێوبەری واتسئاپ ئاشکرای کردوە؛ ئەو تۆڕە بە زیادکردنی بەشێکی دیکە ئاسانکاریی کردوە بۆ ئەوەی بە بەکارهێنانی پڕۆکسی یان دژە سانسۆر و فیلتەر لەناو واتسئاپ، بەشداربوانی ئێران و هەر وڵاتێک کە هێلەکانی ئینتەرنێتیان هاوشیوەی ئەو وڵاتەیە و رێگریی و سانسۆرانەری لەسەرە لەمەودوا بە پارێزراوی بەردەوامبن لە پەیوەندییەکانیان. ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینیستاگرام و فەیسبوکی لە رێگەی سانسۆر و فیلتەرەوە روبەڕوی کێشە کردوەتەوە و لە ماوەی رابردوشدا واتسئاپ کە زیاترین بەکارهێنانی لە وڵاتەکە هەبو روبەڕوی کێشە بوەوە و بەشداربوانی ئەو تۆڕە بە رێژەی %80 لە یەکتر دابڕی. بە پێی نوێترین توێژینەوەی نێودەوڵەی؛ ئێران بە بەدەستهێنانی 92.1 پلە بۆ هەستکردن بە ناخۆشی و بێهیوایی بە هەشتەم وڵاتی جیهان ئەژمار دەکرێت کە زیاترین هەستی خۆشبەختی تێیدا لە ئاستێکی نزمدایە. بەفری سپی لەسەر گڵکۆی سوری کوژراوانی بۆکان گۆڕستانی بۆکان لە کاتی بەفر بارینی ئەمڕۆ پێنجشەممە و دەرکەوتنی ئەو گڵکۆیانەی بە تارای سور داپۆشراون مایەی سەرنجە بە تایبەت کە سەرما و بەفریش نەبێتە رێگر بۆ ئەوەی باوکێک لە سەر گڵکۆکەی رۆڵەکەی بە سرودی شەهیدان یادی بکاتەوە. لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆ 18 گەنج و لاو خوێنیان رژا و گیانیان بەخت کرد، ئێستا گڵگۆی ئەو گەنج و لاوانەی کە بە تارای سور داپۆشراون چێرۆکی شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنەخشێنن. لە 110 رۆژدا16 دەستگیرکراو لە ئێران بە ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە تا ئێستا 13 دەستگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و دەستەیەکی چاودێریی دۆخی دەستگیراوانیش ئاشکرای دەکات 16 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کوژراون. دەستەی بەدواداچون بۆ بارودۆخی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە 110 رۆژی خۆپیشاندانەکان بەهۆی لێدان و بەزۆر وەرگرتنی دانپێدانانی دەستگیرکراوان لە بەندیخانە و زیندانەکاندا، 16 کەس کوژران.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا کۆبنەوە، دواتر خۆی لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی حکومەتی دیمەشق کۆبێتەوە. لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەیدا، ئەردۆغان رایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە تەلەفون قسەی کردووە و وتی، " لەگەڵ پوتین باسی دۆخی سوریامان کرد. ئاماژەمان بە کۆبونەوەی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی کرد. هەوڵ دەدەین وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا چاویان بەیەک بکەوێت و دواتر بەگوێرەی ئەنجامەکان، من و بەشار ئەسەدیش کۆبینەوە." ئەردۆغان دەڵێت، لەگەڵ پوتین باسی لە پرسی یەپەگەش کردووە. دەیانەوێت یەپەگە لە تەل رەفعەت و منبج دەربکەن و بۆیەش پێویستە لەگەڵ حکومەتی ئەسەد هەماهەنگی بکەن. کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، بۆ لێدانە لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەسەدە. لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە رایانگەیاند، سوریا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تورکیا سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە رادیکالەکان هەڵبگرێت. نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە دانوستانەکانی سوریا و تورکیا ناکات. بەهۆی ئەوەی بەشار ئەسەد لە چاوی ئەمریکادا، بکوژی هاوڵاتیانی سوریایە و پشتگیری ئەمریکاشی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دووبارە کردەوە.
بەرپرسێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە پرسی سەرپۆشدا پاشکەشێ دەکات و دەڵێت پێش هەر گۆڕانکارییەک پێویستە بەرپرسان خۆیان بگۆڕن و ئاشکراشی دەکات کە پێشنیاری کردوە پۆلیس و بەرپرسان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی داوای لێبوردن بکات. محەمەدباقر قاڵیباف, سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ هیچ بەرپرس و کەسێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی نەبونی سەرپۆش رێگریی لە خانمێک بکات بۆ بەکارهێنانی میترۆ و ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوە. ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی وتوشیەتی: پێش ئەوەی کۆمەڵگە بگۆڕین پێویستە بەرپرسان خۆیان بگۆڕن و هاوکات دان بە هەڵەی پۆلیسی ئەخلاقی وڵاتەکەدا دەنێت و دەڵێت دەبوایە داوای لێبوردمان بکردایە لەو کەموکۆڕییانەی پۆلیس و مەرگی ژینا ئەمینی. وتەکانی قاڵیباف لە کاتێکدایە پێشتریش عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوی رایگەیاند؛ ئەو ژن و کچانەی سەرپۆشیان نییە نابێت تۆمەتبار بکرێن بە لادان لەدین و دژایەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی چوارشەممە لە کاتی وتاردان بۆ ژنانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی وتی: دۆخێک رویداوە کە وای کردوە هەندێک ژن و کچ کە پابەندبونیان بە باڵاپۆشییەوە گونجاو و تەواو نەبوە، تۆمەتبار بکرێن بە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەوان سەلماندیان لە ژێر کاریگەریی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا دژایەتی وڵاتەکەیان ناکەن. لێدوانی خامنەیی لە کاتێکدایە پێشتر رایگەیاندبو پاشەکشێ لە هیچ بنەمایەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش ناکەن.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا مانگانە ٣٠ هەزار کۆچبەر بە ڕێگای یاسایی بێنە ئەمریکا و وەربگیرێن، ئەم بڕیارەی جۆ بایدن لە چوارچیوەی پلانەکانیدایە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی لێشاوی کۆچبەران. بڕیارەکە کۆچبەرەکانی سنوری مەکسیک، ڤەنزوێلا،کوبا، نیکاراگوا، هایتی دەگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢١ ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەو سنورانە دەستبەسەرکراون کە نزیکەی ٢ ملیۆن ونیو کۆچبەر بوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێژەی ٪٢٤ لەسەد زیاتربووە. ئەم قەیرانانەی سنورەکان بەربەست وگرفتی گەورەی سیاسیان بۆ ئیدارەی جۆ بایدن درووستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارەی جۆ بایدن، تەنها دوای ڕۆژێک لەوە دێت کە رایگەیاندبوو هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکای باکور سەردانی سنورەکانی مەکسیک دەکات. بەپێی بڕیارەکە، ئەو کۆچبەرانەی وەردەگیرێن ڕێگەیان پێدەدرێت کە بۆماوەی دوو ساڵ لە ئەمریکا بژین و کاربکەن، ئەو کۆچبەرانە دەبێ بەڵگەنامەی پشکنینی ئەمنی ئەمریکا وسپۆنسەری داراییان هەبێت لە ئەمریکاوە. لەبەرامبەردا ئەو کۆچبەرانەشی کە بەڕێگەی نایاسایی دەچنە ناو ئەمریکا بەپێی ماددەی ٤٢ دەگەڕێندرێنەوە. لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەوە، بەرپرسێکی ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو شێوازە لە وەرگرتنی کۆچبەران کۆچی بەلێشاو وبێ پلانی زۆری پەنابەران و ناسەلامەت کەم دەکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ بەپێی ماددەی ٤٣ لە یاسایی ئەمریکا، دەسەڵاتداران ژمارەیەکی زۆری کۆچبەریان دەستبەسەر دەکرد وڕێگەیان پێنەدەدرا بۆ چوونە ناو ئەمریکا، بەپێی ئامارەکان تەنها لە مانگی کانوونی دووەم دا ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار کۆچبەر دەستبەسەرکراون و گەڕێندراونەتەوە، کە زۆربەیان لە سنورەکانی ڤەنزوێلا، کوبا و نیکاراگوا ویستویانە بەنایاسایی بچنە ئەمریکا.
هاوڵاتی هێزەکانی تورکیا پەلاماری خەڵک دەدەن و ڕێگە نادەن بەشداری بەخاکسپاردنی قوربانیەکی هێرشەکەی پاریس بکەن دوای گەڕاندنەوەی تەرمی میر پەروەر" محەمەد شیرین" بۆ ناوچەی موش، کە یەکیکە لە قوربانیەکانی هێرشەکەی پاریس، هێزەکانی تورکیا بەرەنگاری خەڵکی ناوچەکە دەبنەوە و ڕێگە نادەن بەشداری بەخاکسپاردنەکەی بکەن، ئاو و گازی فرمیسک ڕێژ بەکاردێنن دژی خۆپیشاندەرەکان و خۆپیشاندەرانیش بەبەرد پەلاماری هێزە ئەمنیەکان دەدەنەوە، بەهۆی ڕووداوەکەوە گرژی وئاڵۆزیەکی زۆر لە ناو خۆپیشاندانەکان درووست ووە.
وتەبێژی هەدەپە رایدەگەیەنێت، بریاری داخستنی ئەژمارە بانکیەکەی پارتەکەیان، ناتوانێت رێگری لە کارکردنیان بکات و وتی، " دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی دەستی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکان." ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە باڵەخانەی پارتەکەی لە ئەستەنبوڵ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی داخستنی ئەژماری بانکی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت ئەنجامدا. گونای بە توندی نارەزایی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای دەستووری دەربڕی و وتی، " ئێمە لە هیچ بڕیارێک سەبارەت بەم داواکارییە ئاگادار نەکراینەوە. ئەمڕۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی و بڕیارێکی دادگای دەستووری نییە. ئێمە لەبەردەم هەڵمەتێکی چەواشەکاریداین. ئەمڕۆ دادگای دەستووری بڕیارێکی تەواو سیاسی و شەرمەزارکەریداوە کە بەتاڵە لە بنەما یاساییەکان." گونای ئەوەی خستەڕوو، " ئەو بنەما یاساییانەی کە بڕیار بوو دادگای دەستووری جێبەجێی بکات، پێشێل کران. ئەم بڕیارە نارەوایە. لەلایەن گەلانی تورکیاوە شەرمەزار دەکرێت، بڕیارێکی قبوڵنەکراوە. دەبوو دادگای دەستووری بێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، داواکارییەکی نایاسایی لەو شێوەیە رەت بکردایەتەوە. هەموو رای گشتی تورکیا زۆر باش دەزانن کە لە چەند مانگی رابردوودا فشارێکی سیاسی زۆر جددی دروست لەسەر پارتەکەمان هەبووە. دادگای دەستووری بەپێی ئەو فشارە سیاسیانە بڕیاریداوە.دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی دەستی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکان. وتەبێژی هەدەپە راشیگەیاند، ئەم بڕیارە لە ویژدانی ملیۆنان کەسدا جێی نابێتەوە. گەورەترین گەنجینەی هەدەپە، هیوای گەلەکەمانە بۆ گۆڕانکاری و وتی، " بڕیارەکەی دادگای دەستووری، ئێمە ناترسێنێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان لە دژی فاشیزم زیاتر دەکات. ئێمە دڵسوزانەتر و بە ئیرادەتر تێدەکۆشین. ئێمە هیوامان بە داهاتوو هەیە، چونکە ئێمە گەورەتر دەبین. بە دڵنیاییەوە ئازادی و دیموکراسی بۆ ئەم هەرێمە دەهێنین. بە دڵنیاییەوە لەم بوارەدا سەردەکەوین. گەلی تورکیا سەردەکەوێت. حوکمڕانی فاشیست و ستەمکار بە دڵنیاییەوە لەناو دەچێت."
هاوڵاتی دوای ١١ ساڵ لەناكۆكی و دژایەتیكردن، بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە، لەسەر ئاستی باڵای هەواڵگری و سەربازی لەمۆسكۆ كۆبوونەوە، وەفدی توركی پێكهاتبوو لەخولوسی ئاكار وەزیری بەرگری و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری (میت)، و وەفدی سوری-ش پێكهاتبوو لە سوری عەلی محەمەد عەباس وەزیری بەرگری و شاندێكی هەواڵگری وڵاتەكەی، بەئامادەبوونی سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لەمۆسكۆ كۆبوونەوە، ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كەحكومەتی توركیا دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت و پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئاماژەی بەو پرسەدابوو و رایگەیاندبوو، كە دەیانەوێت پەیوەندیەكانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت میسرو سوریا ئاسایی بكەنەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان كەبەرپرسانی توركیاو سوریا ئاشكرایانكردووە، لەكۆبوونەوەكەدا، باسی سێ پرس كراوە كەبریتین لە، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لەتوركیاوە بۆ سوریا، توركیا دەیەوێت سوریا لەدژایەتیكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستاندا هاوكاری بكات و حكومەتی سوریاش مەرجی ئەوەی هەیە، توركیا لەنێو خاكی سوریا بچێتە دەرەوەو دەست لەپشتگیریكردنی گروپە توندڕەوەكانی باكوری حەلەب و پارێزگای ئیدلب هەڵبگرێت. خواستی رژێمی سوریا سەرچاوەیەكی باڵا لەنێو رژێمی سوریادا بەڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سوریای راگەیاندووە، ئەگەر دۆخەكە بەدڵی رژێمی سوریا نەبوایەو توركیا گوێی بەداواكاریەكانی دیمەشق نەگرتبایە، مۆسكۆ بەهیچ شێوەیەك، كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیەی لەنێوان بەرپرسانی توركیاو سوریا رێكنەدەخست و ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ پاراستنی سنورەكانی توركیا، دیمەشق بەردەوامی بەدانوستان و كۆبوونەوەكان لەگەڵ توركیا دەدات. لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی باڵای توركیا كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەكۆبوونەوەكەدا لایەنی توركیا پێداگیری لەسەر دژایەتیكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كردووەو داوای لەلایەنی بەرامبەر كردووە كەپێكەوە لەدژی یەپەگە هەنگاو بنێن. لەم مانگەدا دووەم كۆبوونەوە دەكەن هەرچەندە تاوەكو ئێستا لایەنی سوری بەشێوەیەكی ئاشكرا باسی لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیا نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی توركیا بەئاشكرا باسی بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان دەكەن و لەدوایین لێدوانیدا، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەگەرێكی زۆر هەیە لەنیوەی مانگی كانونی دووەم، واتە لەم مانگەدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامبدرێت. چاوشئۆغلۆ باسی ئەوەی كرد كەپێدەچێت كۆبوونەوەی دووەمیش هەر لەمۆسكۆ ئەنجامبدرێت و لەبارەی كشانەوەی سەربازانی وڵاتەكەشی وتی: نابێت بۆشاییەك دروست ببێت، چونكە «گروپە تیرۆریستییەكان»دەتوانن بۆشاییەكە پڕبكەنەوە. هاوكات خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا كەیەكێك بوو لەبەشداربووانی یەكەم كۆبوونەوەی سوریاو توركیا رایگەیاند، سەرەتا بەرپرسە هەواڵگریەكان، دواتر وەزیرەكان كۆبوونەوە و ئەگەر قۆناغەكە بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، ئەگەری هەیە سەرۆكەكانیش چاویان بەیەك بكەوێت. دیمەشق گۆمانی لە ئەردۆغان هەیە نەبیل تەعمە پەرلەمانتاری حزبی بەعسی سوریا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی یونایتد وۆرلد ئینتەرناشناڵ ئاماژەی بەهەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی سوریا كردو ئەوەی خستەڕوو، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان خۆی و ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای رەتكردووەتەوە. تەعمە رایگەیاند، توركیا لەساڵی ٢٠٢٣دا، دەكەوێتە دۆخێكی ئاڵۆزەوە، بەتایبەتی لەئێستادا كەهەڵبژاردن نزیكبووەتەوەو وتی، ئێمە وەك لایەنی سوری تاووتوێی ئەوە دەكەین كەئایا ئەردۆغان ئەم هەوڵانە بۆ هەڵبژاردن بەكاردەهێنێت یان نا؟ حەسەن حەسەن كەیەكێكە لەسیاسەتمەدارانی نزیك لەڕژێمی سوریاش لەبەرنامەیەكی كەناڵی ئەلخەبەری سوریا ئاماژەی بەمەرجەكانی سوریا كردو دەڵێت: دیمەشق، توركیا وەك وڵاتێكی داگیركەر دەبینێت و لەهەمان كاتدا پشتگیری لەو گروپە توندڕەوانە دەكات كەهێرش دەكەنەسەر هێزەكانی سوریا، سوریا پێی وایە كە پێویستە سەرەتا توركیا كۆتایی بەدۆخی داگیركەری بهێنێت و دەست لەپشتگیریكردنی ئەو گروپە تیرۆریستانە هەڵبگرێت. رۆژئاواو رێكەوتنی دیمەشق و ئەنقەرە ریاز دەڕار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی (مەسەدە) لەبارەی خۆنزیكکردنەوەی توركیا لەسوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز) قسەی كردو وتی: ئامانجی ئەردۆغان و پارتەكەی (ئاكەپە) ئەوەیە لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەون، سوریا پرسێكی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی توركیایەو خۆنزیكکردنەوەی توركیا لەسوریا، دوای ئەوە دێت كەهەوڵەكانی توركیا بۆ هێرش كردنەسەر رۆژئاوای كوردستان سەری نەگرت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی: وەزیری دارایی کۆمەڵێک بڕیاری بۆ خزمەتی خانەنشینان و شەفافیەت دەرکرد 🔶هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت چەند بڕیارێکی گرنگی لەبارەی بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکیەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان دەرکرد.. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە درێژەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ سلێمانی، ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، (٤و٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣) ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سەردان و کۆبونەوەکانى دوو ڕۆژى رابردوودیان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە دەستیان پێکردوە بۆ بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکیەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان، هاوکات دوای سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی چەندین بڕیاری لەوبارەوەیە دەرکرد. یەکەم: بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی تەرخان بکرێت بۆ خانەنشینی و کاربکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە دووەم: هەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان ڕێکبخرێتەوە سێیەم: سەرجەم دۆسییەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسیە و دیکۆمێنتەکان کارا بکرێت. چوارەم: بە ئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دروستکردنی کارتی زیرەکی موچەکانیان کە وەزارەتی دارایی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردوە، قۆناغەکانی کاراتر و تەواو بکرێت وەزیری دارایی و ئابوری بەڵێنیشدا بەپێی توانا و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان هاوکاری و پێداوییستییەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە فەراهەم بکرێت.
