هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل –هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلا بە چەکی قورس لەچەندین ناوچەکانی زاپ وشەهید ئاخین وخاکورک وگردی ئێف ئێم هێرشی توندیان کردۆتە سەر سوپای تورکیا، هەروەها باسی لەوەش کردووە کە تورکیا چەکی قەدەغەکراوی لەدژی تیمە گەڕۆکەکانی گەریلا بەکارهیناوە. بەپێی وتەی هێزەکانی پاراستنی گەل هێرشەکان بەشێکی وەک تۆڵەسەندنەوە بووە لەو هێرشانەی ڕابردوو کە تێیدا چەکی قەدەغەکراو بەکارهێنرا دژی گەریلا و بۆردوومانی پێگەکانی پەکەکە لە شیلادزێ و ئاڤاشینیان، هەروەها وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژی کوشتنی شەهید ساڤاش مەرەش بووە. هاوکات، ئەمە یەکەم جار نیە سوپای تورکیا چەکی قەدەغەکراو دژی گەریلاکانی پەکەکە بەکاربهینێت، لە هێرشەکانی مانگی رابردووی بۆسەر چەندین بنکە وپێگەی پارتی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکانی شیلادزێ، ئاڤاشینیان، شەهید پیردۆغانی سەر بە گۆڕەپانی مەتینا لە ئامێدی تورکیا تۆمەتبارکرا بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی دژی گەریلا. لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیای لەلایەن تورکیاوە، ئاژانسی فورات نیوز چەند دیمەنێکی بڵاوکردەوە کە بەڕوونی ئەوەی نیشان دەدا تورکیا چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
هەدەپە بەم زووانە کاندیدەکەی ئاشکرا دەکات و ئەردۆغانیش دەڵێت پێنج مانگی دیکە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت
هاوڵاتی لە کاتێکدا کە کەمتر لە شەش مانگ بۆ وادەی یاسایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، بەڵام لە ئێستاوە، ئامادەکاری لایەنە سیاسیەکان بەو مەبەستە دەستی پێکردووە و ئەمڕۆ بەرپرسانی ئاکەپە، پارتی باش و هەدەپە لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە قسەیان کرد. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەمڕۆ لە چوارەمین کۆنگرەی رێکخستنی پارتەکەیدا لە پارێزگای قەرسی باکوری کوردستان قسەی کرد. بوڵدان رایگەیاند کە کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ماوەیەکی نزیکدا ئاشکرا دەکەن. هاوسەرۆکی هەدەپە وتی، " بڕیاری هەدەپە روون و ئاشکرایە، کە کاندیدی سەربەخۆی دەبێت. هەدەپە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، هاوبەشەکانمان، گەنجان و ژنان، لەم بارەیەوە راوێژ دەکات و کاندیدی خۆی لە زوترین کاتدا ئاشکرا دەکات." لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی پرۆژەیەکیدا کرد لە شاری ئەنتاڵیا و بۆ ئامادەبووان قسەی کرد. ئەردۆغان باسی لە وادەی هەڵبژاردنەکان کرد و وتی، " پێنج مانگمان لەبەردەمدا ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان." مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) جیا بووەوە و لە ئێستادا لە بەرەی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆندایە لە شاری موغلای تورکیا لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووە. هەرچەندە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دیاری بکەن، بەڵام ئاکشەنەر لە کۆبونەوە جەماوەریەکەدا، بە پێچەوانەی هەوڵەکانیان قسەی کرد و وتی، " ئێمە دەمانەوێت ببین بە یەکەم پارت لە تورکیا و منیش دەبم بە سەرۆکی وڵات." عەلی ئیحسان یاڤوز یاریدەدەری سەرۆکی ئاکەپە بۆ کاروباری هەڵبژاردن. دەکرێت وادەی هەڵبژاردن پێش بخرێت، بەڵام ئەمە بە واتای هەڵبژاردنی پێشوەختە نایەت و هەموو ئەو قسانەی کە لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، نەبوونەتە بڕیار و بە تەنیا قسەیە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش کە رایگەیاندووە، لە ئێستاوە دەستی بە کەمپەینی هەڵبژاردن کردووە، تویتێکی دیکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسە بکەن کە بڕیاریان نەداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، یان بیر لە بایکۆت دەکەنەوە و رازیان بکەن کە لەدژی دەسەڵات دەنگ بدەن.
هاوڵاتی لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوکراوەتەوە کە مانگی داهاتوو ڕۆبۆتیک لە دادگا وەک ڕاویژکاری یاسایی تۆمەتبارێک دەستبەکاردەبیت و ڕێنمایی دەکات کە لەکاتی دادگاییەکەیدا چی بڵێت. ماڵپەڕی نیو ساینتیست ماڵپەڕێکی زانستی و تەکنەلۆژیایە، بڵاویکردووەتەوە، تۆمەتبار تەنها ئەو شتانە دەڵێت کە ڕۆبۆتۆکە پێی وتووە، دۆسیەکەش کە ڕۆبۆتۆەکە کاری لەسەردەکات دۆسیەی تۆمەتبارێکە لەسەر کێشەی پسوڵەی هاتووچۆ. ڕۆبۆتەکە بەجۆرێک کار دەکات کە گوێ لەهەموو وتەکانی تۆمەتبارەکە دەگرێت و دواتر لێکدانەوەیان بۆ ئەکات وڕێنمایی دەدات بە کەسی سکاڵاکار. ڕۆبۆتەکە درووستکراوی کۆمپانیای " دوو نۆت پەی"، سەرەڕای ئەوەی دانیشتنەکەی دادگا لەمانگی داهاتوودا ئەنجام ئەدرێت بەڵام هیچ زانیاریەکی لەسەر شوێن وناوی تۆمەتبارەکەش ئاشکرا نەکردووە. هاوکات جۆشوا براودەر، دامەزرێنەر وبەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لەبارەی ڕۆبۆتەکەوە وتی، کاتێکی زۆری پێچوو تاوەکوو رۆبۆتەکە پابەند بێت بە زانیاریەکانەوە، هەروەها لەبارەی دادگاییەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەگەر رۆبۆتەکە دۆسیەکە بدۆڕێنێت لە دادگا ئەوا قەرەبووی تۆمەتبارەکە دەکاتەوە.
هاوڵاتی ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەنوسان لە باشوری سۆدان ڕایانگەیاند، شەش ڕۆژنامەنوس دەستگیرکران بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی کە تێیدا سەلڤا کییر، سەرۆکی باشوری سۆدان میز دەکا بەخۆیدا لە بۆنەیەکدا. سەرۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسان لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە پشتڕاست نەکراوەتەوە وگومان هەیە کە ئەو ڕۆژنامەنوسانەی دەستگیرکراون لەوکارەوە تێوەگلابن. هاوکات دەزگای پەخشی باشوری سودانیش رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک ئەو ڤیدیۆیانە پەخش نەکراون، ئەو جۆرە دەستگیرکردنانە بەجۆریکن کە هەرکاتێک بەرپرسەکان پەخشەکان بە نەگونجاو بزانن پەنا بۆ دەستگیرکردن ئەبەن. کۆمیتەی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، داوای ئازادکردنی بێ مەرجی ڕۆژنامەنوسەکانی کرد. دەستگیکردنی ئەم ڕۆژنامەنوسانە بۆ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک دەگەڕێتەوە کە لەمانگی کانوونی دووەمدا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبۆیەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا سەرۆک کۆمار لەکاتی وتنی سرودی نیشتیمانیدا میز دەکات بەخۆیدا؛ ئەمەش لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوکرایەوە. سەلڤا کییر، لە ساڵی ٢٠١١ وەک یەکەم سەرۆکی باشوری سۆدان دەستبەکاربوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەوە وڵاتەکە بە قەیرانێکی زۆری سیاسی و ئابوری وکارەساتی سرووشتیدا تێپەڕیووە.
هەناردەی غازی ئێران بۆ تورکیا رادەگیرێت و وڵاتەکەش هۆشداریی دەدات بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی غاز لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان. کۆمپانیای (بوتاش) بۆ گواستنەوە و بازرگانیی غاز و نەوت لە تورکیا رۆژی شەممە بڵاوی کردەوە؛ ئێران ئاستی هەناردەی غازی بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی زیاتر لە 70% کەم کردوەتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی کەمیی غاز لە کارگەکان و وێستگە کارەباییەکان. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی وزەی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە؛ ئێران هەناردەی غازەکەی بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەی 10 رۆژ راگرتوە. ئێران لە ساڵی رابردوشدا بەهۆی بەرزبونەوەی بەکارهێنانی غاز لە ناوخۆی وڵاتەکە بۆ ماوەی دو هەفتە هەناردەکردنی غازی بۆ تورکیا راگرت. کۆمپانیای بوتاش ئاماژەی بەوە کردوە؛ هۆکاری کەمکردنەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ تورکیا کێشەی تەکنیکییە لە هێڵەکانی گواستنەوەی غاز. ئێران بە گشتی 10% غازی تورکیا دابین دەکات و وڵاتەکەش بە سەرەکیترین کڕیاری غازی ئێران لەقەڵەم دەدرێت. ئێران لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما و سۆڵەوە روبەڕوی کەمی زیاتر لە 250 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەبێتەوە و بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو بڕە لە غاز، ناچارە هەناردەکردنی غاز بۆ تورکیا و هەندێکجاریش بۆ عێراق رابگرێت.
هاوڵاتی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم ئاشکرای دەکات جووڵەی بازرگانی لەدەروازە سنوورییەکانی حکومەتی هەرێم بەراورد بە ڕابردوو بە رێژەی 20% زیادیکردووە و بەردەوامیش هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی زیاتر بکرێت. لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان ڕایگەیاندووە: ''جموجۆڵی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان باشە بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بازرگان دەکرێت، قەبارەی بازرگانی بە رێژەی 20% زیادی کردووە.'' ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتیشی: ''دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و بازاڕیش هەیە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و ساردوسڕیی تێ دەکەوێت، بۆیە کاریگەریی دەبێت لەسەر بازاڕ و بازرگانیش، بەڵام گرنگە چاودێریی بازاڕ بکرێت بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلەکان گران نەکرێت، کە ئەوەش ئەرکی وەزارەتی بازرگانییە، چاودێری بکات، ئەگەرنا ئێمە خۆمان هەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین.'' بەڕێوبەری گشتی گومرگ گوتیشی، بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بکرێت و جووڵەی بازرگانییش باشتر و زیاتر بێت.
ئێران گەنجێکی کوردی لەسێدارە دا کە پاڵەوانی کاراتی و خاوەنی زیاتر لە 20 مدالیا بو و باوکیشی دەڵێت بەکرێکاری کوڕەکەمم گەورە کردبو و ئاواتم ئەوبو تەنها دڵنیابم کە هەناسە دەدات. دادگای باڵای ئێران دوای تێهەڵچونە بۆ دۆسیەکەی بڕیاری سێدارەی محەمەدمەهدی کەرەمی ئەو گەنجە کوردە تەمەن 22 ساڵەی دا و لە بەربەیانی رۆژی شەممەدا لەسێدارەدرا. مەهدی پێش ئەوەی لە سێدراە بدرێت مانی لەخواردن گرتبو وەک ناڕەزایەتییەک بە جێبەجێ کردنی سزاکەی بەڵام دواجار بە برسێتی لەسێدارە درا. ئەو کە خاوەنی دەیان مەدالیای پاڵەوانێتیی بواری وەرزشی کاراتی بو لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەج هاوکات لەگەڵ چوار کەسی دیکە تۆمەتبار کرابو بە بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و کوشتنی ئەندامێکی بەسیج-ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردبو کە ئەو گەنجە کوردە لە لایەن دادگاوە رێگەی پێنەدرابو بۆ بەرگریی لە خۆی پارێزە بگرێت. باوکی کەرەمی چەند رۆژێک پێش لەسێدارەدانی کوڕەکەی دەڵێت: من کرێکارم و کوڕەکەمم بە دەستفرۆشی و کرێکاریی گەورە کردوە و داوا دەکات کوڕەکەی لەسێدارە نەدەن و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێن بۆ ئەوەی تەنها دڵنیابێت لە هەناسەدان و ژیانی رۆڵەکەی. محەمەدمەهدی کەرەمی بەشداریی لە چلەیی مەرگی حەدیس نەجەفی یەکێک لە کوژراوەکانی شاری کەرەج کردبو کە لە رێوڕەسمە جاماوەریەکەدا پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و بەشداربواندا رویدا و بەهۆیە ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی روحەڵڵا عەجەمیان کوژرا. لە دۆسیەی کوژرانی عەجەمیان زیاتر لە 16 کەس سزای زیندان و سێدراەیان بەسەردا سەپێنرا و مەهەدی کەرەمیش تۆمەتبار کراو بە کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپا و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. کەرەمی خەڵکی شاری بیجار لە پارێزگای سنە-ی رۆژهەڵاتی کوردستان بو بەهۆی بژێوی ژیانیەوە لە شاری کەرەج نیشتەجێبو سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان دادگای باڵای ئێران جەختی لە لەسێدارەدانی ئەو گەنجە پاڵەوانەی کورد و محەمەد حسێنی کردەوە.
هاوڵاتی لەهێرشێکی ئاسمانی ڕووسیادا بۆسەر ئۆکرانیا، کارمەندیکی فریاگوزاری کوژرا و٤ کەسی دیکەس بریندار بوون. لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا جەختی کردەوە کە لەهەموو بەرەکانی جەنگ و بەهەموو جۆرێک جەنگ لەماوەی ئاگربەستەکەدا ڕاگیراوە وهێزەکانیان تەنها لەکاتێکدا تەقەیان کردووە کە بەرپەرچی هێرشەکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە. سەرەڕایی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن کۆشکی کریملینەوە، دوابەدوای ئاگربەستەکە لە ئاسمانی ئۆکرانیادا دووبارە زەنگی ئاگاداری جەنگ لێدرایەوە وپارێزگاری خێرسۆن ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشیکی ئاسمانی ڕووسیاوە بۆسەر خێرسۆن کارمەندێکی فریاگزاری کوژرا و ٤ کەسی دیکەس برینداربوون. هاوکات جگە لە هێرشەکانی سەر خێرسۆن، بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە هێرشی بەردەوام بۆسەر شاری کراماتۆرسکی ڕۆژهەڵاتیش کەوتۆتە بەردەوامە و زیاتر لە دەیان باڵەخانە بەوهۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات بەرپرسی ناوچەی لوهانسک سێرهی هایدای ڕایگەیاند ئاگربەستەکەی ڕووسیا درۆ و تەڵەیە، هەروەها داوای لە خەڵک کرد کە بەشداری لە جەژنەکانی کریسمس لە کێساکانی ئۆرسۆدۆکس نەکەن چونکە ئەگەری هێرشی زۆر هەیە. ئەم هێرشانەی ڕووسیا لەکاتێکدایە کە بەبۆنەی جەژنی کریسمی ئۆرسۆدۆکسەکانەوە ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی ڕوویسا ٣٦ کاتژمێر ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو، بەڵآم هەر زوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ئەوە تەڵەیە و ڕووسیا دەیەوێت لەوڕێگەیەوە پێشڕەویەکانی ئۆکرانیا ڕابگرێت وسەرباز وچەکی زیاتر ئامادە بکات.
هاوڵاتی حوکمەتی هیندستان لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی ڤاکسینێک بۆ رێگری کردن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ کچانی تەمەن ٩ -١٤ ساڵان تاقی دەکاتەوە، بەجۆرێک ڤاکسینەکە بە ڕێژەی ٪٩٧ کاریگەرە لەسەر ڤایرۆسەکە. بەڕێوبەری وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردەی هیندستان دەڵێت، ڤاکسینەکە دژی ڤایرۆسی ئێچ پی ڤیە، کە بەپێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی جۆرەکانی ئەو ڤایرۆسە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی درووستوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوبەری جێبەجێکاری سیرەم و ڤاکسین لە هیندستان ئاماژەی بەوەدا کە ڤاکسینەکە ئیش لەسەر چوار جۆری ڤایرۆسی "ئێچ پی ڤی دەکات". ڕاجێش بوشان بەڕێوبەری تەندرووستی وپەروەردەی هیندستان ڕایگەیاند، لەگەڵ بەکارهێنانی ڤاکسینەکەدا هەوڵدەدەن هۆشیاری خێزانەکان و دایکان وباوکان بەرزبکەینەوە و کار بۆ ئەوە بکەین کە زۆربەیان ڤاکسینەکە وەربگرن. لەبارەی کاریگەری ڤاکسینەکەوە، پسپۆڕێکی پزیشکی ژنان لە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی وتی، ڤاکسینەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا کاریگەری زۆرباشی دەبێت دژی شێرپەنجەی ملی منداڵدان. ئەم هەوڵەی هیندستان لەکاتێکدایە کە شێرپەنجەی ملی منداڵدان چوارەم جۆری شێرپەنجەی بەربڵاوە لە جیهاندا، هەروەها ڤایرۆسی " ئێچ پی ڤی" یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم جۆرەی شێرپەنجە.
بە بڕیاری خامنەیی فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی ئێران دەگۆڕدرێت و ئەو کەسەی دەستنیشانکراوە وەک فەرماندەی نوێ لە لیستی سزاکانی ئەمریکا وئەوروپادایە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە؛ بە بڕیارێکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەحەمدڕەزا رادان وەک فەرماندەی گشتیی نوێ هێزەکانی پۆلیسی وڵاتەکە دەستنیشان کراوە. گۆڕینی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە کاتێکدایە دوای کاردانەوە ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا ئەمینی سەرجەم فەرماندەکانی هێزی پۆلیس لە تاران و کرماشان و سنە و چەند شارێکی دیکە بەهۆی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندان لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە خرانە لیستی سزاکانەوە. ئەحمەدرەزا رادان کە بە بڕیاری خامنەیی بوەتەوە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیس پێشتر بەهۆی بڕیارە توندەکانی و فەرماندەیی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2009ی ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە سزا دراوە.
هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی هەیە، بۆ ئەوەی ناوماڵی کوردی یەک بخرێت و ئێستاش سەرقاڵی زەمینەسازییە، چونکە لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، دۆستانمان داوای یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی دەکەن. زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاندووە: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی هەیە، بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و ناوماڵی کوردی یەک بخرێت، چونکە یەکخستنی ناوماڵی کوردی زۆر پێویستە و دەستکەوتەکانمان پارێزراو دەبن و سەنگی کوردیش زیاتر دەبێت، بۆیە گرنگە کورد یەکگرتوو بن، لە ئێستاشدا ئامادەسازی دەکرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان". کەمال گوتیشی: "دۆستانمان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش بە تایبەت ئەمەریکا، داوای یەکڕیزیی کورد دەکەن، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و کێشەکانمان بە یەکگرتوویی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە چارەسەر بکەین". دەشڵێ: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە هەرچی کێشە و گرفتێک هەبێت چارەسەر بکرێت، ئەوەش هەمیشە لە بەرنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە ئێستا دەیەوێت دەرفەتێکی باش بڕەخسێت بۆ کۆبوونەوە و یەکخستنی ناوماڵی کوردی، چونکە هەمووان دەیانەوێت بە یەک تیم رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و چارەسەریان بکەین، بۆیە گرنگە لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن".
هاوڵاتی پرۆژەی ئاوەڕۆی چەمی هشكەڕوو لەناو شاری دهۆك بڕی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا بەڵام ماوەی 10 ساڵە پرۆژەكە تەواونەكراوەو پارەكەشی دیارنەماوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەنیدن پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی تر تائێستا تەواونەكراون و خەڵكی پارێزگاكە داوادەكەن دەست بەو پرۆژانە بكرێت، وەك نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، لەگەڵا دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك. پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ چەمی هشكەڕوو، یەكێكە لەپرۆژە ستراتیژییەكانی پارێزگای دهۆك، ئاوی پیس و زێرابی بەشێكی زۆر لەماڵانی دهۆك دەچێتە سەری و درێژییەكەی زیاتر لە 15 كێلومەترە هەر لەسەرەتای ناوەندی دهۆك تاكۆتایی شار درێژدەبێتەوە، زیاتر لە 10 ساڵ پێش ئێستاو لەسەردەمی تەمەر كۆچەر پارێزگاری پێشووتری دهۆك، پرۆژەكە درا بەكۆمپانیایەك و كوژمەی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا، بەڵام تەنیا لەسەدا 11ی تەواوكراوەو دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا. ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەروكایەتی شارەوانی دهۆك بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «ئەمساڵ بەپشتگیری پارێزگاری دهۆك هەڵسایین بەخاوێنكردنەوەو بەرفراوانكردنی رووباری هشكەڕوو، هەروەها بەدرێژایی 500 مەتری سێگۆشە دیوارمان دروستكردووە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كەئاوی رووبارەكە نزیكە لەماڵان تاوەكو لەكاتی لافاو زیانیان پێنەگات». وتیشی: «لەقوناغی دووەم هەڵساین بەخاوێنكردنەوەی رووبارەكە بەدرێژایی شەش كێلومەتر، ئێمە حەزدەكەین بەیانی پرۆژەكە دەستپێبكرێتەوە چونكە بۆ ئێمەش ناخۆش و قورسە هەموو ساڵێك خاوێنی بكەینەوە، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم بڕە پارەیەك تەرخان بكات بۆ دووبارە دروستكردنی دیواری كونكرێت». هاوكات نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، بەڵام تائێستا تەواونەكراوەن و كاركردنیش تیایاندا راگیراوەو هیچ وادەیەكیش بۆ تەواوكردنیان دیارینەكراوە. نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی فریاكەوتن لەشاری دهۆك لەساڵی 2012 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 108 ملیار دینارە، تەنها لەسەدا 30ی تەواوكراوە، زیاتر لەشەش ساڵە كاركردن لەپرۆژەكەدا وەستاوەو نازانرێ كەی دەستپێدەكرێتەوە. حەمزە رەزیكی بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:»پلانێك هەیە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كە ئەو نەخۆشخانەیە كە ئیشكردن تیایدا وەستاوە جارێكی تری ئیشی تیایدا بكرێتەوە بەڵام جارێ تەنها پلانەو هیچ پارەی بۆ دابیننەكراوە، دوای ماوەیەكی تر وردەكاری پلانەكە بۆ رای گشتی ئاشكرادەكەین». هاوكات سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» لەهیچ شوێنێكی دنیا نەبووە پارە بۆ پرۆژەیەك تەرخانبكرێت و دوای ماوەیەك بڵێن پارەی پرۆژەكە دیارنەماوە، پرۆژەی رووباری هشكەڕوو كەبڕیاربوو بكرێتە كونكرێت و پێش 10 ساڵ پارەی بۆ دابینكراو ماوەیەكی كەم ئیشی تێدا كرا تەنها لەسەدا 10ی پرۆژەكە تەواوكرا، بەدواداچوونمان بۆ پرۆژەكە كرد دەركەوت بەشێك لەپارەی پرۆژەكە دیارنیە، لەمە سەیرترم نەبینیوە، لەوانەیە زۆركەس بپرسن كەئێمە بۆچی وەكو پێویست بەدواداچوون بۆ پرۆژەكان و كێشەكان ناكەین، من پێیان دەڵێم ئەگەر بودجەی ساڵانە نەبێت نەزانین چەند پارە بۆ پرۆژەكان دابیندەكرێت چۆن بزانین چی پرۆژەیەك نەكراوە؟». «هەر جارێك كە پرسیار لەبەرپرسان دەكەین بۆچی فڵان پرۆژە وەستاوە، قسەی یەكەم و كوتاییان ئەوەیە دەڵێن پارە نیەو دۆخی هەرێم باش نیە، لەساڵی 2014 ەوە ئەم قسەیە بەردەوام دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كە دوو بۆ سێ ساڵە نرخی یەك بەرمیل نەوت نزیكەی 100 دولارە، جارجار بەغداش پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەهەموو شێوەیەك ئێستا دۆخی هەرێم باشە لەڕووی داراییەوە قسەی بەرپرسان تەنیا خۆدزینەوەو بیانوویەكە دەیانەوێت بەو قسەیە خەڵك رازی بكەن، لێرەوە دەپرسم بۆچی پرۆژەكانی هەولێر ناوەستن و بەردەوامن بەڵام لەدهۆك رێك بەپێچەوانەوەیە»، سەباح عەلی وای وت. تەواونەكردنی پرۆژە ستراتیژییەكان بوخاری ئیبراهیم، دانیشتووی پارێزگای دهۆكە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:» دروستكردنی رێگاوبان و خوێندنگاو باخچەو زۆر پرۆژەی تر لەسنوری پارێزگا باشە، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا چەند پرۆژەیەكی تر كەستراتیژی و زۆر گرنگن بۆ دانیشتووانی پارێزگای دهۆك ماوەیەكی زۆرە كاركردن تیایاندا وەستاوە، بەنموونە فڕۆكەخانەی دهۆك كەخەونی هەموو خەڵكی پارێزگایە، راستە ئەم پرۆژانە پێویستیان بەبڕە پارەیەكی زۆر هەیە بەڵام حكومەت دەتوانێت بۆ ساڵێك بەشێك لەپرۆژەكەی جێبەجێبكات تا تەواودەبێت». وتیشی:»بەتەواوبوونی فرۆكەخانەی دهۆك جووڵەیەكی زۆر لەبازرگانی و زۆر بواری تر پەیدادەبێت كەسوودی بۆ هەموو كەسێك دەبێت، داوا لەحكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگای دهۆك دەكەین پلانێك دابنێن بۆ تەواوكردنی پرۆژە ستراتیژییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، سلێمانی و هەولێر دەمێكە فرۆكەخانەیان هەیە، بۆچی ئەوەی دهۆك تەواونەكرا چاوەڕێی وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین». ساڵی رابردوو 72 پرۆژە كراون ساڵی رابردوو 72 پرۆژە بەكۆژمەی 37ملیارو 840 ملیۆن دینار جێبەجێكراون، هاوكات سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك رێژەی سەوزایی لەناوشاری دهۆك و دەوروبەری زیادكردووە، هەروەها ئەو پارەیەی لەپرۆژەكان خەرجكراوە زور زیاترە لەگەڵ ساڵی 2021و لەپلانی شارەوانیدایە رێژەی سەوزایی بگەیەنێتە لەسەدا 20 . ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەروكایەتی شارەوانی دهۆك بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» ساڵی رابردوو لەسنوری پارێزگای دهۆك 72 پرۆژە بەكۆژمەی 37ملیارو 840 ملیۆن دینار جێبەجێكراون، سەرچاوەی پرۆژەكانمان بەم شێوەیەن، پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار حەوت پرۆژە بەكۆژمەی 15 ملیار و 749 ملیۆن دینار، پرۆژەكانی پارێزگای دهۆك هەشت پرۆژە بەكۆژمەی 20 ملیار و 228 ملیۆن دینار، لەسەر داهاتی شارەوانی 57 پرۆژە بەكۆژمەی ملیارێك و 118 ملیۆن دینار». وتیشی:» ئەو پارەیەی ساڵی 2021 لەپرۆژەكان خەرجكراوە زۆر كەمتربووە بەراورد بەساڵی رابردوو. ساڵی 2021 كۆی پرۆژەكان 71 پرۆژە بووە بەكۆژمەی 11 ملیار دینار، بەڵام ساڵی رابردوو 72 پرۆژە بەكۆژمەی 37 ملیار دینارو 840 ملیۆن دینار جێبەجێكراون» 10» باخچە دروستكراون، لەگەڵ چاندنی هەزارو 810 نەمام، هەروەها چاندنی 192 هەزار و 408 گوڵی وەرزی و هەمیشەیی، چاندنی فریز 28 هەزارو 192 مەترچوارگوشە، هاووڵاتیانیش بە رووبەری دوو هەزارو 500 مەتری چوار گۆشە فریزیان كردووە، رێژەی سەوزایی بەراورد بەپارساڵ زیاد بووە، ئێستا رێژەكە لەسەدا 13و چەند پۆینتێكە، لەپلانماندایە رێژەیەكە زیاد بكەین بۆ لەسەدا 20»، ئیسماعیل مستەفا وای وت.
کەشناسی لە بڵاوکراویەکدا ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئاسمان بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە کات و شوێنی جیا جیا، لە کاتەکانی شەودا لە پارێزگای دهۆک و دەوروبەری ئەگەری دروسبوونی تەمێکی سووک هەیە، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. لەبارەی پلەی گەرما کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. ئاماژەی بەوەش کردوە، سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە کات و شوێنی جیا جیا، لە پارێزگای دهۆک و دەوروبەری ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، هەندێکجار بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. کەشناسێ بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە ڕاگەیاندوە: هەولێر: 11 سلێمانی: 9 دهۆک: 11 کەرکوک: 13 هەڵەبجە: 11 زاخۆ: 11 سۆران: 8 گەرمیان:
