دوو گەنجی دیکە لە ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و بۆ رێگریی لە جێبەجێکردنی سزای ئەو دوو گەنجە خۆپیشاندان لەبەردەم شوێنی زیندانییکردنیان کرا. شەوی یەکشەممە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەگەری لەسێدراەدانی دوو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک چونە بەردەم زیندانی (رەجایی شەهر) لە کەرەج و داوای راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجەیان کرد. محەمەد برۆغنی تەمەن 19 ساڵ و محەمەد قوبادلو تەمەن 22 ساڵ کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و شەوی یەکشەممە دوای گواستنەوەیان بۆ ژوری تاکەکەسی زیندان بە مەبەستی لەسێدارەدانیان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک چونە بەردەم زیندانی رەجایی شەهر. پارێزەری محەمەد برۆغنی، رایگەیاند؛ داوای تێهەڵچونەوە لە دادگای باڵای ئێران کراوە و دەبێت بە زوترین کات سزای سێدارەکە راگیرێت. تا ئێستا بە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 100 کەس سزای سێدارە دەیان گرێتەوە و سزای سێدارەی چوار گەنجیش جێبەجێ کراوە.

هاوڵاتی  

 

هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل هێرش دەکەنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ودادگای باڵا وکۆنگرێس. لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیمەنی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس وکۆشکی سەرۆکایەتی و دادگای باڵا لەلایەن لایەنگرانی جاییر بۆلڵسۆنارۆ دەردەکەوێت کە بەسەر دیوارەکان وبەربەستەکانی بیناکاندا سەردەکەون وپەنجەرەو کەلوپەلەکان دەشکێنن. بەرپرسان ڕایانگەیاندووە، کە ڕووداوەکە لەرۆژی یەکشەممەدا روویداوە کاتێک کە یاسادانەران وبەرپرسەکانی دیکە لەکاتی دەوامدا نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگرانی جایر بۆلسۆنارۆ شەقامەکانیان داخستووە و ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەکان بەرداوە، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤای سەرۆکی نویی بەرازیل، لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆ پێیان وایە ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش هاوشێوەی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکایە لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە کە گوایا ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا.

 

هاوڵاتی بەگوێرەی راپرسیەک کە ١٤ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا کراوە، پارتی دیموکراتی گەلان دەتوانێت ٧٠.٧٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپەش دەڵێت، دەتوانن کاندیدی سەربەخۆیان هەبێت و پێیان وایە دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنن، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی پەروین بوڵدان لەبارەی کاندیدی سەربەخۆ دەربڕێ. کۆمپانیای سپیکتروم  هاوسی تایبەت بە لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لە پارێزگاکانی ئاگری، بەدلیس، ئامەد، قەرس، ئیغدر، مێردین، کوش، شرنەخ، ئورفا، وانی باکوری کوردستان و ئەو هەرێمانەی کە زۆرترین دانیشتوانی کوردن لە ئەستەنبوڵ، مێرسین، کۆنیا و بورسای تورکیا ئەنجامدا. هەزار و ٩٣٤ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. لە راپرسیەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە دەنگ بە کام هاوپەیمانی دەدەیت؟ و ئەندامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە؛ هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و شەش پارتی چەپ) ٧٠.٧٪ هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) ٩.٤٪ هاوپەیمانی گەل ( جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ) ٩.٢٪ پارتەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتیەکان ١.٢٪ بایکۆت ٤.٢٪ بێبڕیار ٥.٢٪ نامەوێت وڵام بدەمەوە ٠.١٪ لەلایەکی دیکەوە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەی ریکخستنی پارتەکەیدا لە پارێزگای ئیغدری باکوری کوردستان قسەی کرد و وتی، " چاوی هەموو کەسێک لە هەدەپەیە کە پشتگیری لە هاوپەیمانی گەل دەکات یان نا؟ ستراتیژی هەدەپە وەک هەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەبێت یان نا؟ دوێنێ لە قەرس قسەم کرد. وتم هەدەپە کاندیدی خۆی دەبێت. هەموو کەسێک باسی کاندیدەکەی هەدەپە دەکات. باسە بۆچی هەدەپە کاندیدی نەبێت. هەدەپە جیاوازی چییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە. هەدەپە لەم وڵاتە ئیرادەیەکە. هەدەپە پارتێکی سیاسیە. ئیرادەی گۆڕانکاریشی لەم وڵاتەدا هەیە و دەتوانێت کاندیدی خۆشی هەبێت." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە نوسینێگدا پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی پەروین بوڵدان دەربڕی و وتی، " ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیر لە سەردانی هەدەپە و گفتوگۆی کراوە و دانوستان لەگەڵ هەدەپە نەکاتەوە، هەدەپە دەتوانێت کاندیدێکی هاوبەشی بۆ هاوپەیمانێتیەکەی هەبێت.

ئەمڕۆ 114 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە و دژی سێدارە و سەرکوت، دوکان و بازاڕەکانی زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و چالاکی و شێوازی جیاواز لەگەڵ یادکردنەوەی سێیەم ساڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، ناڕەزایەتیی دژی سوپای پاسداران و سزای سێدارە لە وڵاتەکە بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیس لە سنە و تاران و ئەسفەهان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دا.   ئەمڕۆ لە شاری سەقز دوکان و بازاڕەکان نەکراونەوە و لەسەر گڵکۆی دو قوربانیی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە و خەڵکی ئەو شارەش پشتیوانیی خۆیان بۆ شاری جوانڕۆ دوبارە کردەوە. لە شاری سەقز بە رێوڕەسمێکی جەماوەریی یادی سێ ساڵەی گیانلەدەستدانی دو قوربانیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کرایەوە کە بەهۆی موشەکەکانی سوپای پاسداران لە ئاسمانی تاران تێکشکێنرا و سەرجەم 176 سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانییەکەی گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکیان کورد بون. هاوکات لەگەڵ سەقز لە شارەکانی سنە و بۆکان و ئیلام و کرماشان و مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵات دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. بە گشتی تا ئێستا لە ماوەی 114 رۆژی ناڕەزیەتییەکاندا زیاتر لە  20 رۆژ، مانگرتنی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچوە و دوکان و بازاڕەکان نەکراونەتەوە. رۆژی یەکشەممە لە زانکۆی هونەر لە تاران و چەند ناوچەیەکی ئەو شارە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکانیش بڵاویان بە خۆپیشاندەران کرد.   گەنجانی سنە و مەهاباد شەوی یەکشەممە لە چەند شەقامێکی شارەکانیان بە کردنەوەی ئاگر ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە ئەسفەهان و قەزوێن و تاران رێپێوان و خۆپیشاندان بەڕێوچو.   ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەمشەوی (سنە، مەهاباد، قەزوێن، تاران) هاوکات لەگەڵ لە شاری ئەنزەلی لە باکوری ئێران و قەزوێن لە زانکۆ و شوێنە سەرەکییەکانی تاران و ئەسفەهان خۆپیشاندان بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە.     لە بەلجیکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و سویسڕا یادی سێیەمین ساڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کرایەوە و لە خۆپیشاندانەکاندا دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە کە بە بیانوی تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولەیمانی بە موشک ئەو فڕۆکەیەی تێکشکاندا.               تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە زیاتر لە پێنج رۆژە شاری جوانڕۆ بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی و هێزی ئەمنی تەنراوە و کەشی سەبازیی بەسەر ئەو شارەدا سەپێنراوە. ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردوە ئەمڕۆ دادگایەکی ئێران لە شاری تاران سزای دو ساڵ زیندانیی بەسەر مەهسا فەرهادی خەڵکی شاری سنەدا سەپاندوە. فەرهادی کە کوردە و دانیشتوی شاری تاران بوە تۆمەتی هاندان و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەسەردا سەپێنراوە. دەستگیرکردنی گەنجان و لاوانی کورد لە شارەکانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سنە بەردەوامە و یەکیک لە دەستگیرکراونیش چالاکوانێکی ژن بوە لە شاری بانە.    هەواڵگریی ئێران بڵاوی کردەوە 16 کەسیان لە پارێزگای خوراسان دەستگیر کردوە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رۆڵیان هەبوە لە هاندانی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی و توندوتیژیی. بە پێی بەیاننامەیەک کە دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئێتڵاعات) بڵاوی کردوەتەوە ئەو 16 کەسە لە رێگەی ئەندامانی نهێنیی و شارەزای تەکنەلۆژیا چاودێریی کراون و دەرکەوتوە رۆڵیان هەبوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بانگەشە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە وڵاتەکەدا و دواتر دەستگیر کراون.   ڤیدیۆ؛ دایکێکی کورد دوای چوار ساڵ گۆڕی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت دایکی حامید سەیف پەناهی، کە لە پێکدادانێکدا لەگەڵ چەکدارانی دەسەڵاتی ئێران گیانی لەدەستدا، دوای چوار ساڵ گۆڕی کوڕەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت. سەیف پەناهی، پێشمەرگەی یەکێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بو کە لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا لە مەریوان دەکەونە بۆسەی هێزە چەکداراەکانی ئێران و تەنها یەک کەسیان بە برینداری دەکەوێتە دەست ئەو هێزانە و سێ کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن .  رامین حسێن پەناهی لەو شەڕ و پێکدادانەدا بە برینداری دەستگیر دەکرێت کە ئەویش دواتر لەسێدارە درا. ڤیدیۆ؛ چیرۆکی لەسێدارەدانی بێکەسێک بەرەبەیانی رۆژی شەممە سەیدمحەمەد حسێنی و مەحەمەد مەهدی کەرەمی لەسێدارەدارن و هەر ئەو رۆژە تەرمی هەردوکیان بەخاک سپێردران بەڵام  محەمەد کەس نەبو لەسەر گڵکۆکەی ئامادەبێت و شینی بۆ بگێڕێ ، یان بە داگیرسانی مۆمێک یادی بکاتەوە چونکە ئەو گەنجە لەسێدارە داروە دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون و تەنها برایەکی هەبوە کە ئەویش بێسەروشوێنە. ئازاری چیرۆکی بێکەسیی محەمەد وای لە دایک و باوکی جەرگ سوتاوی مەهدی کەرەمی کرد کە بچنە سەر گڵکۆکەی ئەو گەنجە و هاوشێوەی رۆڵەی خۆیان(مەهدی) شینی ئەویش بکەن و بە داگیرساندنی مۆمیش یادی بکەنەوە.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ وەزارەتی خویندنی باڵا وتویژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی سەرەکی وەزارەتەکە رایگەیاند، کە وڵاتی ڕووسیای فیدراڵ ٦٠ زەماڵەی خوێندنی بەکالۆریۆس وماستەر ودکتۆرا  بۆ خویندکاران وفەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەێنێت  بۆ ساڵی خویندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤. لەگەڵ ئەوەشدا  وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاند هەرکەسێک بەو زەماڵەیە قەبوڵ بکرێت حوکمەتی ڕووسیا سەرجەم تێچووی خویندنەکەی دەگرێتە ئەستۆ، لە راگەیندراوەکەدا  تەواوی مەرجەکان بۆ وەرگرتنی زەماڵەکە خراونەتە ڕوو.   ئەوانەی خوازیارن دەتوانن لەم  لینکەوە داواکاری خویندن پێشکەش بکەن: https://education-in-russia.com     دەقی ڕاگەێندراوەکە: وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە ڕوسیا ڕادەگەیەنێت وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە وڵاتی ڕوسیای فیدرال ٦٠ زەمالەى خوێندنى (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکات، بەمەبەستی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بەم شێوەی خوارەوە. هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕوسیا دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، تکایە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن: 1.بەکالۆریۆس: • پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. • پێویستە لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت. • بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستیان لە (٨٥%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەو بەرێزانەشی کە داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستیان لە (٨٠%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو بەرێزانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانیستیان لە (٧٥%) کەمتر نەبێت. • کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەى وردەکاری زیاتر سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن. تێبینی: • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەری زەمالەکە دەبێت، وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکى لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تاکو دەرچونی ئەنجامەکان، بە هیچ شێوەیەک پێشکەشکار سەردانی وەزارەت نەکات. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە: Scholarship.digital.gov.krd 2. ماستەر: • پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. • پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو سال خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە. • پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت. • پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت). • کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. • کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن. تێبینی: • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نیە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە: Scholarship.digital.gov.krd 3. دکتۆرا: • پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت. • پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە. • دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠%) کەمتر نەبێت. • داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت). • کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. • کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وولاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن. تێبینى: • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکە دەبێتیە، ، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نیە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پڕبکاتەوە: Scholarship.digital.gov.krd سەرنج: هەرکەسێک مەرج و ڕێنماییەکانى ئاماژە پێکراوى خوێندنەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.    

هاوڵاتی ئۆکرانیا ئەو بانگەشەیەی ڕووسیا ڕەت ئەکاتەوە کە دەڵێت لە یەک هێرشی موشەکیدا ٦٠٠ سەربازی ئۆکرانیمان کوشتووە،هەروەها  بە " پڕوپاگەندە" ناوزەندی ئەکات. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، بانگەشەی ئەوەی کرد  لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو دەیان سەربازەی ڕووسیا کە لەشەوی سەری ساڵ کرانە ئامانج، ڕووسیا لە کۆمەڵێک هێرشی موشەکیدا بۆسەر دوو باڵەخانە کە سەربازانی ئۆکرانیا لە شاری کراماتۆرسکی تێیدا نیشتەجێبوون، نزیکەی ٦٠٠ سەربازی ئۆکرانیایان کوشتووە. دوابەدوای بانگەشەی مۆسکۆ سەبارەت بەو هێرشە موشەکیانە و کوشتنی ئەو ژمارە سەربازە، وتەبیژی سوپای ئۆکرانیا سێرهی چێرێڤاتی ڕاستەوخۆ بانگەشەکەی ڕەتکردەوە وڕایگەیاند، ئەمە بەشێکی دیکەی پڕوپاگەندەکانی ڕووسیایە. وەزارەتی بەرگری رووسیا وتیشی، لەو دوو باڵەخانەیەدا نزیکەی هەزار و٣٠٠ سەربازی ئۆکرانی هەبوون،هاوکات لەگەڵ بانگەشەی کوشتنی ٦٠٠ سەربازدا مۆسکۆ هیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتە ڕوو. هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بانگەشەکەی ڕووسیا وڕەتکردنەوەی ئەو ژمارە سەربازە لەلایەن ئۆکرانیاوە، بەپێی دەزگای رۆژنامەوانی ئەی ئێف پی تەنها لە سەوی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە ئاگاداری نزیکەی ٤ تەقینەوە بوون لە شاری کراماتۆرسکی ناوچەی دۆنێتسک.

هاوڵاتی دەسسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، سزای زیندانیکردنی ماوە درێژیان بەسەر چوار کەسدا سەپاندووە بەتۆمەتی ئەوەی ئەو چوار کەسە هانی خەڵکیان داوە بۆ مانگرتنی سەرتاسەری وهەروەها زیان گەیاندن بە موڵک وماڵی گشتی. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە پارێزگای هورمزگان  رایگەیاند، ئەو چوار کەسە هەریەکەیان بەماوەی جیا جیا کە لە نێوان ١-١٠ ساڵدایە سزای زیندانیکردنیان بۆدەرکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا غەرامەش کراون، هەروەها وتیشی هۆکاری سزادانیان بانگەشە کردن وهاندانی خەڵک بووە بۆ مانگرتن و داوایان لە شۆفێری بارهەڵگرەکان کردووە مانگرتن ڕابگەێنن. ئەوانەی سزادراون دوانیان سزاکانیان ٥ ساڵ و١٠ ساڵە،هاوکات دوانی دیکەیان غەرامەکراون وسزای ساڵێکیس زیندانیان بۆدەرکراوە. لەبارەی سزادراوەکانەوە، ماڵپەڕی میزانی ئێرانی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕاگەیاند کە هیچ زانیاریەکە لەبارەی ئەوکەسانە وناسنامەیانەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام سزای ١-١٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی تێکدانی ئاسایسی نیشتیمانی و هاندان بۆ خۆپیشاندان. ئەمە لەکاتێکدایە دوینێ ئێران سزای سێدارەی بەسەردا دوان لەو خۆپیشاندەرانەی کە دەستگیرکرابوون جێبەجێکرد، بەوەش ژمارەی ئەوکەسانەی کە لەسێدارەدراون لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە گەیشتە ٤ کەس و سەرجەمیشیان پیاو بوون.  

بڕیارە کۆبونەوەی دەستەی هاوبەشی عێراق و ئێران بۆ بەدوادچون لەسەر دۆسیەی کوشتنی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بەڕێوەبچیت و سەرەڕای فشارەکان بەغداد داواکاریی تاران رەت دەکاتەوە.   ئێران رایگەیاند؛ کۆبونەوەی دەستەی هاوبەشی بەدواداچون بۆ دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی رۆژی دوشەممە تاران بەڕێودەچێت و رۆژنامەیەکیش ئاشکرای دەکات؛ کۆماری ئیسلامی داوای لە بەغداد کردوە ئەو فەرماندە کوژراوە بە میوانی فەرمی عێراق لەقەڵەم بدرێت. رۆژنامەی(شەرقلئەوسەت) بلاوی کردەتەوە؛ بۆ ئەوەی دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بجوڵێنرێت، تاران فشارەکانی لەسەر بەغداد زیاد کردوە بۆ ئەوەی عێراق قاسم سولەیمانی پێش کوژرانی وەک میوانی فەرمی وڵاتەکەی لەقەڵەم بدرێت. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبونەوەی هەفتەی رابردوی لەگەڵ محەمەدشیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردوە؛ بەیاننامەیەک بە ناوی حکومەتی عێراق بڵاو بکرێتەوە و قاسم سولەیمانیش پێش کوشتنی لە لایەن ئەمریکاوە بە میوانی فەرمی عێراق لەو بەیاننامەدا ناوی بهێنرێت. شەرقلئەوسەت ئاماژەی بەوە کردوە کە لە بەرامبەر ئەو داوایەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، حکومەتی عێراق پێشنیاری کردوە بەیاننامەی سێیەم ساڵمەرگی کوژرانی سولەیمانی دەبێت بەشێوەیەک بنوسرێت کە ئەمریکا نیگەران نەکات.

هاوڵاتی ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید رایگەیاند، تورکیا هەندێک داواکاری هەیە کە سوید ناتوانێت جێبەجێیان بکات. ئولف کریستەرسۆن سەرۆکوەزیری سوید لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی رێکخراوێکی تایبەت بە ئازادی رادەربرینی وڵاتەکەیدا، ئاماژەی بە پرۆسەی ئەندامێتی فینلەندا و سوید لە رێکخراوی ناتۆ کرد و وتی، " تورکیا لەلایەک پشتگیری لە هەنگاوەکانمان دەکات و لەلایەکی دیکەوە، باسی ئەو شتانە دەکات کە ناتوانین جێبەجێی بکەین." تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید کە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵێ رابردوو سەردانی تورکیای کردبوو، رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا، وڵاتەکەی تائێستا سێ داواکراوی رادەستی تورکیا کردووەتەوە، بەڵام ناسنامەى ئەو کەسانەى ئاشکرانەکردووە کە رادەستکراونەتەوە. حکومەتی سوید له حەوتی ئازاری ئەمساڵدا، پڕۆژه یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سزادان، بۆ بەتاوان ناساندنی چالاکی رێکخراوەکانی دژی تورکیا و هەڵکردنی ئاڵای ئەو رێکخراوانە رەوانەی پەرلەمان دەکات. سەرەتای ساڵی رابردوو، سوید و فینلەندا بەهۆی مەترسیەکانی روسیا، داوای ئەندامێتیان لە ناتۆدا کرد، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون داڵدەداوە. لە ٢٨ى حوزەیرانى ساڵی رابردوودا لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد. بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، ئەو وڵاتانە چەندین داواکراوی ئەندامی پەکەکە، پارتە چەپەکان و گولەنیەکان رادەستی تورکیا بکەنەوە.

هاوڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دامه‌زراندن به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی بۆ ئەو مێردمنداڵانه‌ ده‌ركرد كه‌ لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەمەنیان گەیشتووه‌تە سەروو 18 ساڵ. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (8ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: لە درێژەی ھەوڵەکانی خاتوو کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەلایەتی بۆ نەوجەوانانی ناو خانەکانی کوڕان و کچانی بێسەرپەرشت، مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دامەزراندنی ئەو مێردمنداڵانه‌ی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەمەنیان گەیشتووه‌تە سەروو 18 ساڵ بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی، خەرج کردنی مووچەکانیان بە پێی رێنمایی دارایی ژمارە 10ی ساڵی 2019 دەبێت. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دامه‌زراندنیان بۆ ده‌رچووه‌، نابێت لە ھیچ دامودەزگایەکی حکومەت مووچەی دیكه‌ی هه‌بێت. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "ئەم دامەزراندە بەردەوام دەبێت".

هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی كۆمەڵێك بلیت فرۆشی یارییەكانی كەنداو 25ی لە بازاڕی ڕەش ڕاگەیاند. ئاژانسی هەواڵی عێراقی لەزاری لیوا سەعد معەن بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەك فرۆشیاری بلیتەكانی بۆ چوونە ناو یاریگاكان لە كەنداوی 25 لە (بازاڕی رەش) دەستگیركرد، ئاماژەشی بۆ ئەوەکرد سەرپێچیكاران بەپێی مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. مەعن وتیشی: ئەو كۆمپانیایە كە بەرپرسە لە فرۆشتنی بلیتەكان میكانیزمێكی داناوە بۆ ئەوەی خەڵك لە ڕێگەی خوێنەری ئەلیكترۆنیەوە بچنە ژوورەوە و لە ئەگەری نەخوێندنەوەی لەلایەن ئامێرەكەوە، بلیتەكە بە ساختە دادەنرێت، سەرپێچیكاریش بەرپرسیارێتی خۆی و دەرئەنجامە یاساییەكانی لە ئەستۆ دەگرێت.

هاوڵاتی بەرپرسانی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دەڵێن پۆلیسی وڵاتەکە هاوڵاتییەکی ئێرانییان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ژەهری کوشندە و سیانید و ڕیسینی دەستکەوتبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێک " کە پاڵنەرەکەی ئیسلامی " بووبێت. داواکاری گشتیی دوسڵدۆرف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەنجێکی ئێرانیی تەمەن ٣٢ ساڵان کە دانیشتووی شاری کاسترۆپ راوکسێل-ە، بەتۆمەتی دابینکردنی برێک ماددەی کیمیایی لە جۆری ریسین و سیانۆر و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی، دەستبەسەر کراوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنێک بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و پسپۆڕانی پەیمانگای رۆبەرت کۆخ (RKI) بۆسەر ناونیشانی گومانلێکراوەکە ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا گۆمانلێکراوە ئێرانییەکە و کەسێک کە لەگەڵیدا بووە دەستبەسەرکران و بردرانە بنکەی پۆلیس بۆ لێپرسینەوە. بەپێی دەزگاکانی هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەندامان یاخود لایەنگرانی دۆسییە ئیسلامییەکان لە ساڵی 2021 دا لە سەدا 1.5 کەمیکردووە و گەیشتۆتە 28,290 کەس، هۆکاری ئەوەشییان گەڕاندۆتەوە بۆ " دابڕانی سەربازیی " چەکدارانی ڕێکخراوی داعش. جێگەیباسە لە 19 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2016 دا ئانیس ئامری کە پەناخوازێکی تونسی بوو و پەیوەندی بە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە هەبوو، بە بارهەڵگرێکەوە خۆی کرد بە قەرەباڵغییەکدا لە بازاڕێکی کریسمس لە ڕۆژئاوای بەرلین و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.