هاوڵاتی بەمەستی دابەزینی نرخی دۆلار بانکی ناوەندی بڕی خستەبازاڕی دۆلار زیاددەکات ، وابڕیارە سبەی رۆژی یەکشەممە 8/1/2023، بانکی ناوەندی عێراق بڕی 83 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینەیی بخاتە بازاڕەوە، هەروەها بڕی 28 ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی حەواڵە دەخاتە بازاڕەوە. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە ڕاگەیاندراوە و هێڵی هەژاری تێدا دیاری کراوە، ئەگەر بەهای 100 دۆلار بگاتە سەرووی  170 هەزار دیناری عێراقی، سێ ملیۆن هاووڵاتی دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریەوە. هەرچەندە حکومەتی بەغدا لە هەوڵدایە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بگەڕێنێتەوە نرخێکی جێگیر و دیاریکراو، بەڵام تائەم کاتە نرخی دینار لەهەڵکشان و داکشاندایە. جێی ئاماژەیە ئەم بڕیارە پاش ئەوە دێت کۆتایی هەفتەی پێشوو خۆپیشاندان و ناڕازیەتی پیشاندرا لەبەردەم بانکی ناوەندی عێراق دژی ناجێگیری و بەرزی نرخی دۆلار.

هاوڵاتی بەکارهێنانی کۆکاین، پەیوەندیی "ئابڕووبەرانە" و کوشتنی خەڵکی لە ئەفغانستان و چەندین پرسی مشتومڕهێنی دیکە بابەتی سەرەکیی کتێبێکی بیرەوەریی شازادەی بەریتانیان کە دەگوترێت "بە هەڵە" بڵاوکراوەتەوە.  لە کتێبێکدا بەناوی سپێر کە بریارە رۆژی سێشەممە بەفەرمی بڵاوبێتەوە وەشانە ئیسپانییەکەی "بە هەڵە" فرۆشراوە و چەندین نهێنی تایبەت بە شازادە بەریتانییەکە لەخۆدەگرێت، چەند کۆپییەکی دەست میدیاکان کەوتن و ناوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە.  بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیا جیهانییەکان بڵاوکراوەتەوە لە کتێبەکەدا باس لە کوشتنی 25 کەس دەکات لەماوەی ئەرکەکەی لە ئەفغانستان وچەند بابەتێکی دیکەی مشتومڕهێنەر باسکراون؛ وەکو بەکارهێنانی کۆکاین لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یەکەم پەیوەندیی "ئابڕووبەرانەی" سێکسی لەگەڵ کەسێکی لەخۆی گەورەتر لە حەوشەیەکی پشتەوەی مەیخانەیەک. لە کتێبەکەیدا شازادە هاری باس لەوە دەکات، ئەو کاتەی لە ساڵی 2012-2013 لە ئەفغانستان بووە، فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەری ئەپاچی بووە و دان بەوەدا دەنێت کە 25 "چەکداری" کوشتووە و دەڵێت وەک ئەوەی یاری شەترەنج بکات ئەفغانیەکانی لەسەر بۆردی یارییە سڕیونەتەوە. ئەم قسانەی شازادە بەریتانیەکە تاڵیبانی تووڕەکردووە وئه‌نه‌س حه‌قانی یاریده‌ده‌ری باڵای وه‌زیری ناوخۆی ئه‌فغانستان له‌ تویتێكدا نوسیویه‌تی، "به‌ڕێز هاری، ئه‌و 25 سه‌ربازه‌ی تایڵیبان كه‌ تۆ له‌ ماوه‌ی خزمه‌تی سه‌ربازیتدا كوشتوتن ئاژه‌ڵی مه‌ترسیدار و كوشنده‌ نه‌بون، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ مرۆڤ بون". هه‌روه‌ها، بیلال كه‌ریمی جێگری وته‌بێژی میرنشینی ئیسلامی ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی شازاده‌ هاری له‌باره‌یه‌وه‌ وتویه‌تی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یە كه‌ گشت داگیركارێك رابردویه‌كی تاوانكاری هه‌یه‌ و ده‌ستی به‌ كوشتنی كه‌سانی ئه‌و شوێنه‌ سوره‌ كه‌ ده‌ستی داگیركاره‌یان پێگه‌یاندوه‌".  لە کتێبەکەدا ئەو شازادەیە باس لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکات و دەڵێت،  کە چەند جارێک کۆکاینی بەکارهێناوە ئەو کاتەی هەرزەکار بووە و دەڵێت، ویستوویەتی "هەر شتێک بکات بۆ ئەوەی یاساکان بگۆڕێت". بابەتە بڵاوکراوەکان ئەوە لەخۆدەگرێت کە چۆن لە ساڵی 2019دا لە شەڕێکی تووند دا سەبارەت بە مێگن مارکڵی هاوسەرەکەی، هاری لەلایەن شازادە ویلیامی برا گەورەیەوە هێرشی جەستەیی کراوەتە سەری دەڵێت کە بریندار بووە، ئەوەش ڕوندەکاتەوە  شەڕەکەی لەگەڵ شازادە ولیام دوای ئەوە هات کە جنێوی بە مێگن داوە و پێیگوتووە "رەزا قوڕس" و "بێ ئەدەب".  بڵاوبونەوەی ئەم کتێبە و باسی کردنی چەندین بابەتی دیکەی پڕ مشتومڕو نهێنی لە کتێبەکەدا دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی  زیاتر بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە هەر خۆی دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 دا لەگەڵ مێگن بەریتانیای جێهێشت و چووە ئەمریکا، ئەو پارێزبەندییەی لەلایەن شانشینی بەریتانیاوە بۆی دابینکرابوو، لێی سەندرایەوە.  شازادە هاری، ئەندامێکی خێزانی شاهانەی بەریتانیا 10 ساڵ خزمەتی سەربازی هەیە و پلەی کاپتنە لە سوپای وڵاتەکەی و دووجار بە ئەرکی سەربازی چووەتە ئەفغانستان ولە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی ئەکتەری پێشوو مێگان مارکڵ و مناڵەکانی لە ئەمریکا دەژین.  

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن ڕایگەیاند دواکردنی ئاگربەستێکی 36 کاتژمێری دوای 10 مانگ لە جەنگ و هەزاران گیان لەدەستدان دەریدەخات کە سەرۆکی ڕووسیا هەوڵدەدات هەناسیەک بدات و بۆ ئۆکسجین دەگەڕێت. جۆ بایدن لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرەکانی وت: "من ناڕازیم لە وەڵامدانەوەی هەر شتێک کە پوتین دەیڵێت. ئەوەم پێسەیرە کە پوتین بەلایەوە ئاسای بوو لە ڕۆژی کریسمس و سەری ساڵدا نەخۆشخانە و دایەنگا و کڵێساکان بۆمباران بکات بەڵام ئێستە داوای ئاگربەست دەکات ، وابزانم ئەو هەوڵ دەدات هەندێک ئۆکسجین بدۆزێتەوە." سەبارەت بەم وتارەی بایدن باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنتن ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ ئیدارەی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە هیچ ئارەزوویەکیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی نییەو ئەوەشی خستەڕوو کە "تەنانەت" ئاگربەستێک کە بە یەکلایەنە ڕایگەیاندبوو وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی هەندێک ئۆکسجین ناوبراوە. پوتین ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی ئاگربەستی ٣٦ کاتژمێری لە شەڕی ١٠ مانگەدا دەرکرد و ڕایگەیاندبوو کە بە بۆنەی جەژنی کریسمسی مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکانی ڕووسیاوەیە. بەڵام ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەم هەڵوێستەیان بە فێڵێک ناو برد کە ئامانج لێی پێدانی کاتە بە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی سەرباز و کەرەستەکانی بەدرێژایی بەرەی ڕۆژهەڵات. هاوکات ئاژانسی هەواڵی (تاس)ی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوای ماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، بەرپرسانی پاڵپشتیکراوی ڕووسیا ئۆکرانیایان تۆمەتبار کرد بەوەی بە تۆپخانە شاری دۆنێتسکی تۆپباران کردووە. سەرەڕای ئەوەی هۆشداریی هێرشە ئاسمانییەکان لە چەند ناوچەیەکدا دەنگی دایەوە، بەڵام دوای کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، هیچ هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن بەرپرسانی ئۆکراینەوە ڕاپۆرت نەکرا.

هاوڵاتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمشەو سبەینێی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند لە ناوچە سنورییەکان پێشبینی بەفر بارین دەکرێت. کەشناسی سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمشەو گوتی ،ئەم شەو ئەگەرى نمە باران هەیە لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵات و باکورى ڕۆژهەڵاتى هەرێم هەروەها بەفرێکى کەم لە ناوچە سنوریەکانى هەرێم دەبارێت لە گەڵ دروست بوونى تەم و مژ لە کاتەکانى بەیانى زوودا لە ناوچەى جیا جیا. هەروەها سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ ڕایگەیاند، سبەى بەیانى شەممە پێشبینى دەکرێ ئاسمانى هەرێم هەورى تەواو بێت لە گەڵ دەسپێکردنى نمە باران لە کاتەکانى نیوەڕۆدا پاشان ڕێژەی باران بارین زیاتر دەبێت و زۆربەى ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە هاوکات بارستە هەوایەکى ساردى لە گەڵ دەبێت و بەفر لە ناوچە شاخاویەکان دەبارێت و پلەکانى گەرما زیاتر ڕوو لە دابەزین دەکات. سەبارەت بەڕێژەی باران بارینیش لە 12 کاتژمێری ڕابردودا، ڕونی کردەوە زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە حاجی ئۆمەران بوە بە بڕی 4.4 ملم و کەمترینیش لە پیرمام بووە بە بڕی 0.1 ملم بارانى 12 کاتژمێرى ڕابردوو: پیرمام 0.1 ملم سلێمانى 2.3 ملم چەچەماڵ 0.5 ملم بامەرنێ 0.4 ملم دەربەندیخان 0.6 ملم حاجى ئۆمەران 4.4 ملم هەڵشۆ 0.4 ملم سۆران 0.2 ملم

هاوڵاتی وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 کە پەیوەندی بە پەرەسەندنی حاڵەتەکان لە نەخۆشخانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، بەرلین لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. کارل لاوتێرباخ، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا لە تویتەر نووسیویەتی، "هیوادارین زستان تێپەڕێنین پێش ئەوەی جۆرێکی لەو جۆرە لەنێوانماندا بڵاوبێتەوە"، وتیشی "ئێمە چاودێری دەکەین تا بزانین کە ئایا ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە (XBB.1.5) تا چەند و تا چ ڕادەیەک لە ئەڵمانیایە." هاوکات، بەشێکی زۆری جیهان چاویان لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆڤید لە چینە، بەڵام شارەزایانی نەخۆشییە درمیەکان زیاتر نیگەرانن سەبارەت بە حاڵەتەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن ئێکس بی بی 1.5( Omicron XBB.1.5) کە زۆر درمیە و بەپێی زانیارییە فەرمییەکان هەفتەی ڕابردوو ، زیاتر لە 40%ی حاڵەتەکانی ئیستای ئەمەریکای پێکهێناوە. جێگەیباسە ،دکتۆر مایکل ئۆستەرهۆڵم، پسپۆڕی نەخۆشییە درمیەکان لە زانکۆی مینیسوتا لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، حەوت لە کۆی دە ویلایەتی ئەمەریکا کە بەرزبوونەوەی تووشبوون بە کۆڤیدیان لە نەخۆشخانەکانیان بینیوە، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتن، نەخۆشەکان حاڵەتەکانی XBB یان پێوە دەرکەوتوە.    

هاوڵاتی دوای هەشت ڕۆژ قەسەدە کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی بروسکەی جزیرەی راگەیاند وتی" زیاتر لە 200 چەتە دەستگیرکراون." هێزەکانی سوریای دیموکراتی – قەسەدە،لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆتایهاتنی ئۆپراسیۆنی جەزیرەی ڕاگەیاند کە لە لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە بەشداری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنی بروسکەی جزیرەیان لە دژی داعش دەستپێکرد و ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام بوو. باسی لەوەشکردووە،" ئۆپەراسیۆنەکە لە ٥٥ گوند و ناوچەی هۆل و تل حەمس و تل براک و چەند شوێنێکیش لە سێ شارۆچکە و ناوچە فراوانەکانی سنوری سوریا و عێراق ئەنجام دراوە." ئەوەشی رونکردوەتەوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا،" ١٠٢ ئەندام و گومنالێکراو هەیە و سی کەس لەوانە لەئامادەکردن و گەیاندنی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو بۆ شانە تیرۆریستییەکان کە لەمانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ هێرشیان کردە سەر زیندانی غوێران بەشدار بون."  

هاوڵاتی  لەکاردانەوەی کاریکاتێرەکەی خامنەیی و پیاوانی ئاینی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی فەڕەنسی لە تاران داخست. وەزارەتی دەرەوەی ئێران یەکەم هەڵوێستی خۆی دژی کاریکاتێرەکەی خامنەیی کە لە گۆڤاری چارلی ئێبدۆی فەڕەنسیدا بڵاوکرایەوە ڕاگەیاند و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی فەڕەنسی لە تاران داخست. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاد ئەمە یەکەم هەنگاوە لە دژی ئەو کاریکاتێرەی کە لە گۆڤارێکی تەنز ئامێزدا سوکایەتی بە کەسایەتی ئاینی وڕابەری باڵای ئێران دەکات وپاڵپشتی لە ناڕەزایەتیەکانی ئێران دەکات. هەروەها هەڕەشەی کاردانەوەی توندتری کرد لەبەرامبەردا ئەگەرفەڕەنسا لێپرسینەوە لە بکەرانی بڵاوکردنەوەی ڕق وکینە نەکات. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا بە کەناڵی ئێڵ سی ئای تیڤی ڕاگەیاندووە کە "ئازادی ڕۆژنامەگەری لە فەرەنسا بوونی هەیە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات و کوفرکردن لە فەرەنسا بەپێی یاساکانی فەرەنسا تاوان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا وتی، کردەوەی سووکایەتیکردن و هێرشکردن و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر دژی دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی وڵاتەکەی بەبێ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە نابێت. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ناسر کەنانی بانگهێشتی باڵیۆزی فەرەنسای لە تاران کرد تا پێیڕابگەێنێت کە "مافی ئەوەی نییە بە بیانووی ئازادی قسەکردن بیانوو بۆ بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی وڵاتانی دیکە و نەتەوە ئیسلامیەکان بهێنێتەوە. پەیمانگای تویژینەوەی فەڕەنسیش لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وتوون ئێران بە پەیوەندیە کلتوری وفەرهەنگیەکانیدا دەچێتەوە لەگەڵ فەڕەنسا، هەروەها بە کاروچالاکیەکانی فەڕەنساش لە ئێران. کاردانەوەکان دوای بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکانی ئایەتولڵا خومەینی وپیاوانی ئاینی ئێران دێت لە دوایەمین چاپی گۆڤاری چارلی ئیبدۆ کە نزیکەی ٣٠ کاریکاتێرن، بەشێوازێکی تەنز ئامێز یادی هەشت ساڵەی هێرشی ئیسلامیە سونەکانی کردەوە لەبەرامبەر کاریکاتێری پەیامبەری موسڵمانان کە لە گۆڤاری چارلی ئیبدۆ بڵاوکرابۆوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەڕووداوەکانی ئێڕان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران کردووە. گۆڤاری چارلی ئیبدۆ ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە ٣٠٠ وێنە وکاریکاتێری جیاواز بۆ گۆڤاری چارلی ئیبدۆ چووە کە وێنە ونمونەی جیاواز لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بۆ گۆڤارەکە چووە کەسوکایەتی بە ئایەتوڵلا خومەینی دەکەن؛ لەیەکێک لە یەکێک لە کاریکاتیرەکاندا ڕیزێک لە پیاوانی ئاینی ئێران دەچنە ناو ئەندامی زاوزێی ژنیکەوە ولەسەری نوسراوە مەلاکان بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێی هاتوون. پەیمانگای تویژینەوەی فەڕەنسی لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسایە، ساڵی ٢٠١٣ -٢٠٢١ لەسەردەمی ڕۆحانیدا کرایەوە دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو داخرابوو لە ئێران.

هاوڵاتی ڕۆژی پێنجشەممە ئەفغانستان  بە سەرۆکایەتی تاڵیبان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت لە حەوزی ئامو داریا و پەرەپێدانی یەدەگی نەوت لە پارێزگای سار پول لە باکووری ئەفغانستان. گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی شێخ شەهابودین دێلاوەر وەزیری  نەوتی و وزەی وەکالەت و بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوت و غازی ئاسیای ناوەڕاستی شینجیانگ لە مەراسیمێکدا کە لە کابولی پایتەخت بەڕێوەچوو واژۆکرا. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانستی بەختار، لە زاری شێص شەهابودین دیلاوەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە  وانگ یوی باڵیۆزی چین لە ئەفغانستان و مەلا عەبدولغەنی جێگیری سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە حوکمەتی تاڵیبان لەم دواییانەدا کۆمەڵێك بڕیاری گرنگی لەبارەی ئابوریەوە داوە کە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخ وگوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان دەبێت. وەزیری نەوت و وزەی ئەفغانستان لەبارەی گرێبەستەکەوە وتی، کۆمپانیەکە بەپێی گرێبەستەکە بۆی هەیە لە ڕووبەڕی ٤٥٠٠ کیلۆمەتر جوارگۆشەدا نەوت وکانزاکانی ژێر زەوی دەربهێنێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمپانیاکە بەپێی ستاندارە جیهانیەکان کارەکانی دەکات. هاوکات ئەمەش یەکەم گرێبەستی ئابوری ئەفغانستانە لەدوای حوکمی تاڵیبانەوە لەساڵی ٢٠٢١ دا.

ئەمریکا جارێکی دیکە دژایەتیکردنی خۆی بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا پیشاندا و رایگەیاند، پشتگیری لە کۆبونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان ناکات. نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، جارێکی دیکە ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا کرد و وتی، " رژێمی دیمەشق، هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە ببێتە هۆکاری ئەوەی، هاوپەیمانێکمان یان وڵاتێکی دیکە دەست بە پرۆسەی خۆنزیککردنەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان بکەن." پرایس دەشڵێت، سیاسەتمان لە سوریا نەگۆڕاوە. خەڵکی سوریا ١٢ ساڵە لەنێو ئازادی شەڕدایە. ئێمە وەک ئەمریکا پشتگیری لە هەموو چارەسەریەک دەکەین کە لە چوارجێوەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هەر وڵاتێک کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا دەدات، پێویستە بیر لەوە بکاتەوە کە پەیوەندیەکان چۆن دەتوانن سوودێک بە خەڵکی سوریا بگەیەنێت و وتی، " بۆ چارەسەریەکی سیاسی، هەوڵەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لە چوارچێوەی  ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەردەوام دەبێت." دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەی (ئاکەپە) رایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە تەلەفون قسەی کردووە و وتی، " لەگەڵ پوتین باسی دۆخی سوریامان کرد. ئاماژەمان بە کۆبونەوەی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی کرد. هەوڵ دەدەین وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا چاویان بەیەک بکەوێت و دواتر بەگوێرەی ئەنجامەکان، من و بەشار ئەسەدیش کۆبینەوە." کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، بۆ لێدانە لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەسەدە. لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە رایانگەیاند، سوریا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تورکیا سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە رادیکالەکان هەڵبگرێت. نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە دانوستانەکانی سوریا و تورکیا ناکات. بەهۆی ئەوەی بەشار ئەسەد لە چاوی ئەمریکادا، بکوژی هاوڵاتیانی سوریایە و پشتگیری ئەمریکاشی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دووبارە کردەوە.

هاوڵاتی وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری بەسرە کاتژمێر 7ی سەرلەئێوارە یارییەکانی جامی کەنداوی 25 بە یاریی نێوان عێراق و عومان دەستپێبکات و ئاهەنگێکی سەرنجڕاکێشی بۆ رێکدەخرێت و هەزاران هاندەر و دەیان بەرپرس لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە ئامادەی ئاهەنگی کردنەوەی ببن.   سیروان نەجمەدین، سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکانی جامی کەنداوی 25 ڕایگەیاندووە " ئامادەکارییەکی زۆرباش کراوە و پێشبینی شتێکی زۆرباش دەکەین، ئامادەکارییەکی زۆر زۆر کراوە، تەنیا لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا نزیکەی 5 هەزار بەشداردەبن، ئەمە ئاسان نییە، سێ کۆمپانیای تایبەتمەند بە رێکخستنی ئاهەنگەکان سەرپەرشتی دەکەن کە هەمان کاریان بۆ یارییەکانی مۆندیالیش کردووە." لەبارەی بەکارهێنانی سیستمی ڤار و ئامادەیی سیستمەکە بۆ پاڵەوانێتییەکە سیروان نەجمەدین دەڵێت " سەد لە سەد ئامادەییە، پێش چوار لە هەردوو یاریگەکە تێستی کراوە، لە یاریگەی مینا کێشەیەکی بچووکی لەرووی رووناکییەوە هەبوو، بەڵام کۆمپانیاییەکی تورکی هات و کێشەکەی چارەسەکرد و سیستمەکە بەتەواوی ئامادەیە و کێشەی نییە، هەندێک ناوبژیوان تایبەت بە ڤاریش هاتوون کە تەنیا کار لەسەر ئەو سیستمە دەکەن و دوو ناوبژیوانی عێراقیشی لەگەڵە و هەموو شتەکان بە تەواوی ئامادەیە."   ئەو کۆمپانیایەی ئاهەنگەکانی بەر لە ئەنجامدانی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەری رێکخست، بۆ جامی کەنداویش کاریکردووە و سەرپەرشتی ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

قەرەیلان رایگەیاند، پێویستە دەوڵەتی فەڕەنسا ئەنجامدرانی پشت کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکات و لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی پاریس کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی فەڕەنسا ناچارە کە ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئاشکرا بکات. هەموو گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەو هەنگاوە دەکات. قەرەیلان وتی، " هەڵوێستی لایەنە دیموکراتەکانی فەرەنسا لەمبارەیەوە ئەرێنی و دۆستانەیە. پێویستە حکومەتیش بە هەمن شێوە هەڵوێست دەرببڕێت و تاوانباران ئاشکرا بکات. بۆ ئەوەش نابێت لەسەر حسابی تاریک و بەرژەوەندی ئابوری کە بووە هۆی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ بجووڵێتەوە." موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دەشڵێت، دەوڵەتی فەرەنسا لەم رووبەرووە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە. یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری قێزەون لەبەرچاو دەگرێت، یان یاسا جێبەجێ دەکات. لەم کاتەدا ئەم دوو بژاردەیەی هەیە. زۆر ئاشكرایە کە ئەگەر هەڵوێستێکی راست و دادپەروەرانەی نەبێت، بەرپرسیاری کۆمەڵکوژیە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی فەرەنسا. ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە دژی ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی)، ئەندامی بزوتنەوەی کەلتوری هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزل شەهیدکران. دوێنێ ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، تەرمی هەرسێ کوردەکە، لە فەڕەنساوە گەیەندرانە باکور و باشوری کوردستان و بە رێورەسمی جەماوەری بەخاکسپێردران.

نیگار عومەر دانیشتوانی ناحیەی رزگاری كەبەشێكی زۆریان كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن بەدەست چەند گرفتی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن وەك كەمی قوتابخانەو نەبوونی ئاوەڕۆو قیرتاوو كۆنكرێت نەكردنی كۆڵانەكان. ناحیەی رزگاری لەساڵی 1987 وەك ئۆردوگایەكی زۆرەملێ لەنزیك قەزای كەلار دروستكرا، دانیشتوانەكەی نزیكەی 65 هەزار كەس دەبێت، بەزۆری كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن، تاوەكو ئێستاش بەشێكی كۆڵان و گەڕەكەكانی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی بۆ نەكراوە هاوڕێ نیزام چالاكی مەدەنی و دانیشتوی رزگاری بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:»ئێمە چەند گرفتێكمان هەیە وەك دانیشتوی ناحیەی رزگاری و گەڕەكی شاكەل شەقامێكی سەرەكی لەو گەڕەكەدا دروستكرابوو لەساڵی 2013، دواتر تێكدرا بەبیانوی ئەوەی بكرێتە دووساید، بەڵام تاوەكو ئێستا كاری تێدا ناكرێت و ئەمەش گرفتی بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەكە دروستكردوە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا، ئێمە دووجار گردبوونەوەمان ئەنجامدا بەڵام لایەنی پەیوەندیدار هیچ وەڵامێكی نەداوینەتەوە». وتیشی،» بەشێكی گەڕەکەكانی شاكەل تاوەكو ئێستا ئاوەڕۆیان نیەو بەڕوونی دیارە جیاوازی لەنێوان گەڕەکەكاندا دەكرێت و گەڕەكی شاكەل فەرامۆشكراوەو خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامنادەن و هەموو كۆڵانەكانی تاوەكو ئێستاش هەر خۆڵە». هاوكات یاسین جاف دانیشتوی گەڕەكی سەنگاوییەكانی ناحیەی رزگاری و بەهاوڵاتی وت:» گەڕەكی سەنگاوییەكان هەزارو 500 ماڵ دەبێت، هیچ خزمەتگوزاریەكی بۆ نەكراوەو كۆڵانەكانی ئاوەڕۆیان نیەو یاریگای وەرزشی بۆ نەكراوەو گەنجەكانی دەبێ لەكۆڵانەكاندا دانیشن، پاركێكیشی بۆ نەكراوە تاوەكو بتوانی ئیسراحەتێكی تێدا بكەیت». وتیشی:» ئەم گەڕەكە بەتەواوەتی پشتگوێخراوەو قوتابخانەشی تێدا نیەو منداڵەكانمان دەبێ رێگایەكی زۆر بڕۆن تادەگەن بەقوتابخانەو نەبونی ئاوەڕۆی ماڵان ژیانی لێ تاڵكردووین». سەبارەت بەنەبوونی خزمەتگوزاری لەناحیەكە، ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی رزگاری بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» زۆرێك لەگەڕەكەكانی شاكەل و راپەڕین و سەنگاوییەكان نەك خزمەتگوزاریی كەمی بۆكراوە، بەڵكو هەر هیچیان بۆ نەكراوە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو و لەوكاتەوەی ئێمەش دەسبەكاربووین بەهۆی گرفتی قەیرانی داراییەوە ناتوانین وەك پێویست بۆ ئەو گەڕەكانە خزمەتگوزاری ئەنجامبدەین». وتیشی:» شەقامی گەڕەكی شاكەل لەسەر پرۆژەی پترۆدۆلار بڕیاری ئەنجامدانی دراو ئێستاش ئەو پرۆژەیە راگیراوە، بەو هۆیەشەوە كاری شەقامەكە وەستاوەو چەندین جار داوامان لەحكومەتی هەرێم كردووە ئەو پرۆژەیە بگۆڕین بۆ سەر پرۆژەیەكی تر، بەڵام تاوەكو ئێستا نەكراوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» بڕیاردراوە ئاوەڕۆ بۆ بەشێك لەگەڕەكەكانی راپەڕین، شاكەل، و سەنگاوییەكان دروستبكەین و لەبەرنامەماندایە كاریان بۆ بكەین».

هاوڵاتی ماڵەپەڕەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ڕۆژی پێنج شەممە زمانی کوردیشی بۆ زیادکرا و کارا کرا، ماڵپەڕەکە لەلایەن پارێزەرانی سەڵاحەین دەمیرتاشەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوە دەبرێت. لەماوەی ڕابردوودا سەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان" هەدەپە" ماڵپەڕێکی کردەوە وتێێدا تەنها چوار زمان هەبوون، ئەویش زمانەکانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، تورکی بوون، بەوهۆیەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆیەوە وهەربۆیە لەبەرواری ٥ی کانوونی دووەم زمانی کوردیشی بۆ زیادکرا. لەبارەی ئامانجی کردنەوەی ماڵپەڕەکەیەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە توێتیکدا ئاشکرای کرد و وتی، دەتوانن بۆچونەکانتان بگەێنن، هەر بۆچونێکتان هەبێت دڵنیابن لەلایەن پارێزەرەکانمەوە پێم دەگات وهەڵیاندەسەنگێنم، با دەستپێبکەین، بەختێکی باش ، ڕێگای من وئێوەش کراوەبێت.  

ریاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدە رایگەیاند، روسیا دەیەوێت لە شەڕی ئوکراینادا، تورکیا پشتگیری بکات، بۆیەش هەوڵی نزیککردنەوەی سوریا و تورکیا دەدات و ئەوەش لە بەرژەوەندی تورکیادایە. ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز ئاماژەی بە کۆبونەوەکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و سوریا کرد و وتی، " تورکیا مۆڵەتی هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای وەرنەگرت و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئەمجارە رووی لە حکومەتی دیمەشق کرد و ویستی بە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەدەنە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی رێککەوتنەوە بێتە ناو خاکی سوریا، زیانێکی زۆر بەر بەرژەوەندییەکانی گەل دەکەوێت، هەروەها رێگە بۆ چەتەکان دەکاتەوە کە لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن. ئەمەش هەنگاوێک دەبێت بۆ دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکان بە تەواوی بخاتە سەر تورکیا وەک رووداوەکەی ئەسکەندەرون." ریاز دەرار سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد راکێشا و رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک سوودی بۆ حکومەتی دیمەشق نابێت، حکومەتی دیمەشق بەهۆی فشارەکانی روسیاوە ئەو کۆبوونەوانە قبوڵ دەکات و چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکات، تاوەکو کۆبوونەوەکان درێژتر بکرێنەوە، سوودی زیاتری بۆ روسیا دەبێت، چونکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی، هەوڵدەدات لە رێگەی تورکیاوە، لە شەڕی ئۆکراینادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تورکیاش سنوورەکانی بەڕووی روسیادا دەکاتەوە." هاوسەرۆکی مەسەدە دەشڵێت، پێویستە حکومەتی دیمەشق باش بزانێت کە گەل مافی هەیە و لەگەڵ گەلەکەی بۆ دروستکردنی وڵاتێکی نوێ  هەوڵ بدات و  پێویستە سیاسەتەکانی بگۆڕێت.

هاوڵاتی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ڕایگەیاند، لەمەودوا ژنان دەتوانن بەبێ ئەوەی مەحرەمێکیان لەگەڵدابێت سەردانی سعودیە بکەن و حەج وعومرە بکەن. هاوکات لەبارەی تەمەنی یاسایی بۆ بەجێهێنانی حەج وعومرە ڕایگەیاند، موسڵمانان کە تەمەنیان لەسەروو ١٢ ساڵیەوەیە دەتوانن ئەمساڵ ناویخۆیان تۆمار بکەن و حەج بکەن. ئەم بڕیارەی وەزارەتی حەج وعومرەی سعودیە لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوودا، هیشام بن سەعید وتەبێژی وەزارەتی حەج وعومرە  ڕایگەیاندبوو ، ژنان دەتوانن بێ ئەوەی کەسێکی نزیک یان مەحرەمی خۆیان لەگەڵدا بێت دەتوانن ڤیزا وەربگرن وسەردانی سعودیە بکەن بەمەبەستی بەجێهێنانی حەج وعومرە.