هاوڵاتی دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی موسڵ ، پارێزگاری نەینەوا واژۆی لەسەر گرێبەستی نوژەنکردنەوەی فڕۆکخانەی مۆسڵی نێودەولەتی دەکات. رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆکاروباری کارگێری بە هاوڵاتی وت"ئەمڕۆ لەمەراسیمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا هەروەها بەرپرسانی ئیداری پارێزگایەکە ، واژۆ لەسەر پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکخانەی نێودەوڵەتی مۆسڵ کرا" "فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی موسڵ لەلایەن کۆمپانیاییەکی تورکییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق بەردی بناغە بۆ نوژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە دانرا، بێگومان ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی زۆر باش لەبواری ئاوەدانکردنەوەی شارەکە هەروەها بەتەواوبونی پرۆژەکە تەواوی خەڵکی مۆسڵ و عیراق سوود لێی وەردەگرن" فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ لە1920بنیاتنراوە، ئەوکاتەی بەریتانیا حوکمی عیراقی دەکرد، لەساڵی1922لە فڕۆکەخانەی سەربازییەوە بۆ مەدەنی گۆڕا، ئەمە دووەمجارە ئیمزا لەسەر پڕۆژەی نوژەنکردنەی فڕۆکەخانەکە دەکرێت، پارساڵ لەکانونی دووەمی2021 کۆنوسێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق و کۆمپانیای فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی پاریس واژۆکرا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ حەوت ساڵە دەرگاکانی داخراون، لەناوەراستی 2014داعش دەستیگرت بەسەر فڕۆکەخانەدا وکردی بە بنکەیەکی سەربازی،جگە لە روخاندنی و وێرانکرنی، دەیان بۆمبی مەترسیداریشی دوای خۆی بەجێهێشت، بۆمبە چێنراوەکان بەهاوکاری دارایی ئەمریکا و لەرێی دوو کۆمپانیای تایبەتمەندەوە بە 18مانگ هەڵگیرانەوە، لەتشرینی دووەمی2019یشدا رادەستی حکومەتی خۆجێیی نەینەوا کرایەوە تا نۆژەنی بکاتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا رایگهیاند، لەرێگەی فراوانکردنییەوە، هاوپەیمانی ناتۆ بە هێزتر دەکەین، ئاماژەشی بەوەکرد دەرگای ناتۆ بۆ هەر وڵاتێک کراوەیە، کە مەرجی ئەندامبوونی تێداههبێت. جۆ بایدن سهرۆكی ئهمهریكا، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا پرۆتۆکۆڵی ئهندامبوونی ههریهك له فینلاند و سویدی له ریزی هاوپهیمانی ناتۆ پهسهندكردو وتیشی: سوید و فینلاند خاوەن هێزن و مەرجەکانی ئەندامبوونی ناتۆیان هەیە، هێزی ناتۆ و پابەندبوونی ئەمهریکا لە هاوپەیمانێتیەکە، لەجاران بەهێزترە. بایدن روونیكردهوه، بەر لەوەی زیانمان پێبگات، بەرەنگاری مەترسییەکان دەبینەوە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان نەخشەی داهاتوو ئاماده دهكهین. لهبارهی ههوڵهكانی سهرۆكی رووسیا بۆ بچووككردنهوهی ناتۆ، بایدن جهختی لهوه كردهوه، كه پوتن هەوڵی بچووککردنەوەی ناتۆیدا، بەڵام دوو ئەندامی دیکەش زیادبوون. بایدن وتیشی: "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هێڵی بەرگری رۆژهەڵاتی ناتۆ بەهێزتر دەکەین و دەتوانین لە ئەوروپا بەرەنگاری ئالنگارییە نوێیەکان ببینەوە".
هاوڵاتی میدیاکانی نزیک لەپەکەکە بڵاویانکردۆتەوە بە بیانووی ئەوەی خواردن و پێداویستی نەگات بە گەریلاكان، هێزەكانی پارتی لە ئاكرێ و ئامێدی گەمارۆیان خستووەتە سەر خەڵكی ناوچەكە و ڕێگەنادەن وەك پێویست كاڵا و شمەك لە شارەكانەوە ببەنەوە گوندەکان ئەمەش بە ئامانجی ڕێگەگرتن لە گەیشتنی خۆراك و پێویستی بە گەریلاكان. لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز)ی نزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردۆتەوە بە پێی ئەو زانیارییانەی لە خەڵكی ناوچەكە و هەندێ سەرچاوەی خۆجێی دەستكەوتوون، لە بەهاری ئەمساڵەوە، هێزەكانی (پارتی و ڕۆژ) ڕێگەیان نەداوە گوندنشینانی ناوچەی بادینان ئازادانە پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بكەن. ئەوەشیانخستۆتە ڕوو پێشتر خەڵكی ئەو گوندانە بە هۆی نەبوونی دەرفەت، خۆراك و پێداویستیان بۆ چەند مانگ و ساڵێك دەكڕی، بەڵام ئێستا هێزەکانی( پارتی و ڕۆژ) هاوڵاتیان ناچار دەكەن بە كیلۆ خۆراك بكڕن و ڕێگەیان پێنادەن بۆ ماوەیەكی زۆر پێداویستییەكانیان دابین بكەن. لەبارەی ئەوەی بۆچی پارتی گەمارۆی بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا سەپاندوە؟ خەڵكی ناوچەكە دەڵێن: پێیان وتووین: ئێوە خۆراك بە گەریلا دەدەن، هەر بۆیە ڕێگری دەكەین’ هاوڵاتیانی ناوچەكە ئاماژە بەوەش دەكەن، ڕێگەیان پێنادرێت زیاتر لە یەك بوتل غاز پڕبكەنەوە. ئەوەشیان خستۆتە ڕوو بەپێی سەرچاوەكان، ئەم سیاسەتە بە تایبەتی لە ناوچەی زێباریانی گوندەكانی ئاكرێ و دواتر لەگەڵ هێرشە تووندەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر هەندێك گوندی شیلادزێ، جێبەجێ كراوە. میدیاکە جەختیشی لەوەکردۆتەوە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا سوپای داگیركەری تورك لە پێناو ئەوەی خۆراك بۆ گەریلاكان نەچێت گەرمارۆی خستەسەر گوندنشینانی بۆتان، ئامەد و جولەمێرگ و سەرحەد و خەرزان و هتد.. ئەو كەسانەشی خۆراكی چەند مانگێكیان بۆ خۆیان دابین دەكرد، دەستبەسەریان كرد.
هاوڵاتی دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی هەفتەیەک، ئەمڕۆ تەرمی ئاوارەیەکی ئێزیدی دۆزرایەوە و پۆلیسی زاخۆش ڕایدەگەیەنێت ٢ کەسیان دەستگیرکردووە و بەدوای تاوانباری سەرەکیشدا دەگەڕێن، هاوسەری قوربانییەکەش داوادەکات کچەکەی بۆ بدۆزرێتەوە. عهقید نزار سلێمان حاجی بهڕێوهبهری پۆلیسی زاخۆ راگهیاند، دوای ههفتهیهک له بێسهروشوێنبونی هاوڵاتی فاروق میرزا خەڵەف و کچهکهی، بهرهبهیانی ئهمڕۆ سێشهممه تهرمی فاروق میرزا که تهمهنی 42 ساڵه و ئاوارهی قهزای شهنگال و نیشتهجێی کهمپی جهمشکۆی قهزای زاخۆیه، له باخێکی سنوری قهزای زاخۆ دۆزرایهوه، تا ئێستاش کچهکهی که تهمهنی شهش ساڵانه بێسهروشوێنه. دەشڵێت: "تهرمهکهی فاروق میرزا له پزیشکی دادی زاخۆیه و توێکاری بۆ ئهنجامدهدرێت، ئاسهواری پارچه ئاسن بهجهستهیهوه دیاربوه". ئاماژهی بهوهشکرد، لێکۆڵینهوهی وردی پۆلیس لهبارهی ئهو روداوه دهستیپێکردوه، کچ و هاوسهری خاوهنی ئهو باخهی که تهرمی فاروق میرزای تێدا دۆزراوهتهوه دهستگیرکراون و لهلایهن بهشی نههێشتنی تاوانهوه لێکۆڵینهوهیان لهگهڵ ئهنجامدهدرێت و گهڕان و بهدواداچونیش بۆ دهستگیرکردنی تۆمهتباری سهرهکی ئهو تاوانه دهستیپێکردوه. رۆژی 4ی ئەم مانگە فاروق میرزا تەمەن 42ساڵ لەگەڵ (ئاخین)ی کچی کە تەمەنی شەش ساڵانە لەکەمپی چەم مشکۆ دەچنە باخێک لە دەوروبەری زاخۆ، دواتر بێسەر شوێن دەبن، شەوی رابوردوو تەرمی فاروق بەکوژراوی دۆزرایەوە. لەوبارەیەوە سێڤێ باپیر هاوسەری فاروق بە هاوڵاتی ی وت" رۆژی 4ی ئاب فاروق تەلەفونی لە هاورێیەکیەوە پێگەیشت و داوایکرد لەباخەکەب سەردانی بکات، تەکسیەکی کرت لەگەڵ کچەکەم ئاخین ڕویشتن بەرەوە باخەکە، دەوروبەری کاتژمێر9ی شەو تەلەفونم بۆ فاروق کرد داخرابوو هەر بۆیە زۆر ترسام خێرا ئاگاداری پولیس و کەسوکاری خۆم کرد". وتیشی: "چوار رۆژ بەبەردەوامی بەدوای فاروق گەڕاین چوینە شوێنەکەی لەباخەکە هیچ شتێک بەدەستمان نەکەوت، شەوی رابوردو پولیس ئاگادارییان کردینەوە کەوا تەرمی فاروق لەناوباخەکەدا دۆزراوەتەوە، کچەکەش هێشتا بێسەر و شوێنە". هاوکات وتیشی"تەرمەکە رەوانەی پزیشکی داد لە دهۆک کراوە و هێشتا رادەستی ئێمە نەکراوە، هاوسەرەکەم بە ناحەق کوژرا ، خوا توڵەی ئێمە لەو کەسانە بکات کە فاروق یان کوشت، داوا لە دەزگا ئەمنیەکان دەکەم بەوردی لێکوڵینەوە بکەن و بەدوای کچەکەم دا بگەڕێن کە کە ئایە لەژیاندا ماوە یاخود ئەویش یان کوشتووە".
هاوڵاتی لەلێدوانێکدا سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە زیندانیانی بادینان، بڕیاری داواکاری گشتی لەبارەی چارەنوسی پێنج دەستگیرکراوى شیلادزێ لەبادینان بۆ سبەینێ دواخرا. بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندووە: بڕیاربوو ئەمڕۆ داواکاری گشتی بڕیار لەبارەی چارەنوسی ژمارەیەک لە گیراوانی بادینانەوە بدات بە ئازادکردنیان یاخود هێشتنەوەیان، بەڵام داواکاری گشتی بڕیاردانەکەی خستە سبەینێ بەهۆکاری ئامادە نەکردنی راپۆرتی توێژەری بەندیخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەستگیراوانی بادینان. پێشوتریش ئەو پارێزەرە ڕایگەیاندبوو دادگا لە 16ی مانگی حوزەیرانەوە داوای لە داواکاری گشتی کردووە رای خۆی لەبارەی ئازادکردنیانەوە بدات، بەڵام هەر دواخراوە، وتیشی "بڕیاری کۆتایی لەلای دادگایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە داواکاری گشتی کۆی پرۆسەکەی لە ئێمە راگرتووە، زۆر جار داواکاری گشتی دەڵێت ئازادکردنی بەمەرج نایانگرێتەوە، بەڵام دادگا بڕیارێکی دیکە دەدات و دەڵێت دەیانگرێتەوە، وەکو چۆن لە چەند دەستگیرکراوێکی دیکە هەبوون، پێش جەژن رازی بوون بە ئازادکردنیان، بەڵام دوای جەژن گوتیان شیکردنەوەی دیکەیان لەبەردەستدایە." رۆژی دووشەممە، 16-05-2022 دادگای 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد، کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو دەستگیرکراوانە دەرکرد. دەستگیرکراوەکانی شیلادزێ ئەمانەن: یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001 مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996 کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996 ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989 نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993 جێگای ئاماژەیە نزیکەی ٢٠ رۆژە دەستگیرکراوانی بادینان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و بەشێک لەو دەستگیرکراوانە ڕایانگەیاندووە ئەگەر بە یاسا ئازاد نەکرێن ئەوا دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان ببەنە دەرەوە.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە بەهاوکاری سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای دیالە دەستپێکردووە. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، تاڵب موسەوی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگاگە راگەیاند. بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، تاڵب موسەوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە رایگەیاندووە: پشت بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، سوپای عێراق و ھێزەکانی لیوای ٢٠، ٢٤، ٦٢ و ١١٠ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە باکووری قەزای میقدادییە (شارەبان) باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگاکە دەست پێ کردووە. ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە چوار میحوەری باکووری قەزای میقدادییە ئەنجام دەدرێت. موسەوى راشیگەیاندووە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە لە ناوچەکانی باکووری قەزای میقدادییە.
هاوڵاتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری شنۆ، کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد ئەمین ئەحمەدی ۳۰ خەڵکی گوندی لاجانی ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە کوژرا و لانی کەم دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی سوپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەرزاییەکانی گادەر تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و وێڕای کوژرانی کۆڵبەرێک دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی عەبدوڵڵا (زرار) ئەحمەدی (برای محەممەد ئەمین) و عوزێر سابری ئازەر ٤٥ ساڵە، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ بریندار بوون. محەمەمد ئەمین ئەحمەدی ٣٠ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە. زانیارییەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە لانی کەم ٦ کۆڵبەریش لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی وەحید سەعیدی، قارەمان پورعەلی و سەفەر مورادپوور هەر سێ خەڵکی ئورمیە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. هەروەها، چەندین سەر ئەسپی کۆڵبەرانیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردۆتەوە، ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە سنورى چەمچەماڵ دزیبوو و لە هەمانکاتیشدا تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا کردبوو، دەستگیر کران و لە ئێستادا ئەو کەسانە ڕادەستى دادگا کراون. لەو ڕاگەیەندراوەدا کە وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ سێ شەممە لە پەڕەى فەرمى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە ئەو کەسانەی کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاسنی تاوەرەکانی کارەبایان لە سنورى چەمچەماڵ دزیبوو و لە هەمانکتاتیشدا تەقەیان لە فنجان و تێلەکانی کارەبا کردبوو، دەستگیر کران. لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دەستگیرکراوەکان لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادگا کراون.
هاوڵاتی دوای ئهو نمایشه سهربازییهی ئهمڕۆ له گوڵهخانه ئهنجامیاندا، لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا فاتیح رەئووف، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست ئاشکرای دهکات ژمارهی پێشمهرگهکانی حزبهکهی نزیکهی پێنج ههزار پێشمهرگه دهبێت و ئاماژه بهوهشدهکات"ئەو مانۆڕە سەربازییهی که کردوویانە بۆ ترساندنی هیچ لایەنێک نییە. بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وتیشی: ئێستا زیاتر لە 4500 تاوەکو 5000 پێشمەرگەمان هەیە، بەشێکی ئەو پێشمەرگانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێکخراونەتەوە، جهختیشی کردهوه لهوهی هەمیشە پێشمەرگەکانیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە حیزبەکان هێزەکانیان هەڵوەشێننەوە. لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەو پێشمەرگانەوە، فاتیح رەئووف ئەوەی خستەڕوو، بەشێکیان خانەنشینن و بەشێکیان لەلایەن پارتی سۆسیالیستەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان خۆبەخشن. سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی چەک و جبەخانەکانی هێزەکانی پارتەکەی، ئەو بەرپرسەی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەشێکی ئەو چەکانە هی سەردەمی ئازادیی عێراقە، لەو کاتەدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی سۆسیالیستەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێکی دیکەیان لەکاتی شەڕەکاندا و بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعشدا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە هێزەکانمان دراوە." فاتیح رەئووف، ئاماژەی بەوەش کرد، "داوامان کردووە هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکبخرێتەوە."
هاوڵاتی پسپۆڕێکی یاسایی عێراقی بڕوای وایە لەئێستادا سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کاربەڕێکەرن و ناتوانن داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو. ئەمیر دەعمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی لەلێدوانێکیدا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە" هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەگوێرەی میكانیزمی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بۆ سەرۆك كۆمار نادروستە، چونكە سەرۆك كۆمار لەلایەن پەرلەمانی ئێستاوە هەڵنەبژێردراوەو سەرۆك وەزیرانیش ولایەتەكەی تەواو بووە، بۆیە ناكرێت بودجە بۆ حكومەت تەرخان بكرێت بەمەبەستی سازدانی هەڵبژاردن. ئەو پسپۆڕە یاساییە جەخت لەوەدەکاتەوە کە "تاكە رێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردن سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتە بۆ ماوەیەكی كاتیی دیاریكراو، تاوەكو شەرعیەت وەربگرێت بەئاڕاستەی تەرخانكردنی بودجە بۆ سازدانی هەڵبژاردن". لەبارەی دادگای فیدڕاڵیشەوە ئەو پسپۆڕە پێی وایە" دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر ئەوە كردووە حكومەتە كاربەڕێكەرەكان ناتوانن ئەو بڕیارانە بدەن كە رەهەندی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتییان هەیە، واتە بەگوێرەی ئەم میكانیزمە ناتوانرێت پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە".
هاوڵاتی لەنوێترین لێدوانی خۆیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو وڵاتانه کرد که خاوەنی چەکی ئەتۆمین، پابەند بن بە بەڵێنەکانیان لەوەی نەبنە لایەنی یەکەم لە بەکارهێنانی جبەخانەی ئەتۆمی، ئاماژەشی بەوەکرد هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەی ئەتۆمی، کارێکی خۆکوژییە. لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەدا کە لە تۆکیۆ پایتەختی ژاپۆن سازیکرد و بەمەبەستی یادکردنەوەی قوربانییانی هێرشه ئەتۆمییەکەی ٦ی ئابی ساڵی ١٩٤، سەردانی شاری هێرۆشیمای کردبوو، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییدا بەو وڵاتانهی خاوەنی چەکی ئەتۆمین، لەوەی کە لەگەڵ هەڵکشانی گرژیی نێودەوڵەتییدا گەڕاونەتەوە بۆ کێبڕکێی پڕچەککردنی ئەتۆمیی. گوتێرێس داوای لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی کرد نەبنە لایەنی یەکەمی بەکارهێنانی ئەو چەکانە و بەڵێن بدەن هەڕەشە لەو وڵاتانە نەکەن کە چەکی ئەتۆمیان نییە و رایگەیاند: "بەرای من هیچ کەس قایل نییە بە بیرۆکەی جەنگی ئەتۆمی. ئەوە دەبێتە کارەسات بۆ هەسارەکەمان. ئەگەر هیچ کەس نەبێتە لایەنی یەکەمی بهکارهێنهری چەکی ئەتۆمی، ئەوا جەنگی ئەتۆمی روونادات". سەبارەت بە بۆردومانی رووسیا له شاری زاپۆریژیای ئۆکراینا لە ٤ی ئابدا کە گەورەترین بنکەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی لێیە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەی ئەتۆمی، کارێکی خۆکوژییە". ئەنتۆنیۆ گوتێرێس باسی لەوە کرد، ملیارهها دۆلار خەرج کراوە لە کێبڕکێی پڕچەککردندا، ئەوە لە کاتێکدایه کە پێویستە ئەو پارەیە تەرخان بکرێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، هەژاریی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی.
هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 10ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، كەسی یەكەمی بەشێكی زۆر لە حیزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن. فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە كەناڵی رووداوی راگەیاند:"ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە و رۆژی چوارشەممە 10ی مانگ كۆبوونەوەكە دەكرێت." وتیشی:" كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە ئامادەبوونی كەسی یەكەمی بەشێكی زۆری حیزبەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت".
هاوڵاتی گۆڤارى ئیکۆنۆمیک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کوردی سووریا هۆگری ئەو بازاڕە ڕەشەن کە بەهۆی ناردنی چەکێکی زۆرەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا دروست بووە. لەوبارەیەوە گۆڤاری ئیکۆنۆمیک تایمز ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەناردنی ژمارەیەکی زۆر چەکی سووک و قورس بۆ ئۆکرانیا بڵاو کردووەتەوە، کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە حکوومەتی ئۆکرانیا دراوە. هەر بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، پۆلیسی نێودەوڵەتی یان ئینتەرپۆل نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی ئەو چەکانە بچنە ناو بازاڕی ڕەشەوە و بکەونە دەستی گرووپە چەکدارەکان. ئیکۆنۆمیک تایمز ئاماژەی داوا بە لاواز بوونی چەکی کوردانی سووریا لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و بازاڕی ڕەشی قاچاخی چەک لە ئۆکراینا بە باشترین دەرفەت بۆ کوردانی سووریا دەزانێت. ئەم گۆڤارە ئاماژەشی داوە بە زۆر بوونی مووشەکی دژە تانک کە لەلایەن ڕۆژئاواوە دراوەتە ئۆکراینا و نووسیویەتی: هێزە کوردییەکانی سووریا دەتوانن ئەم چەکانە بەکار بهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تورکیا.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، مانۆڕە سەربازییەکانی لە دەورووبەری تایوان کە دوای سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی بۆ ئەو دوورگەیە دەستی پێ کرد و بڕیار بوو دوێنێ تەواو ببن، ئەمڕۆیش بەردەوام دەبن، ئەمە لەکاتێکدایە نیوەڕۆی دوێنێ کاتی ئەنجامدانی مانۆڕەکان تەواو بوو، بەڵام لەبارەی کۆتاییهاتنی کاتی مانۆڕەکەوە راگەیەندراو بڵاو نەکرایەوە. لەوبارەیەوە فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵات لە سوپای رزگاریخوازی میللی چین رایگەیاند کە لە مانۆڕە سەربازییەکانی ناوچە ئاوییەکانی دەورووبەری دوورگەی تایوان، "سەرنج دەخرێتە سەر تێکشاندنی ژێرئاوگەڕ و هێرشکردنە سەر کەشتی لە ئاسمانەوە".لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە شوێنی ئەنجامدانی مانۆڕەکان و کاتی کۆتایی هاتنیان نەدراوە. چین پێشتر رایگەیاندبوو کە مانۆڕەکان لە شەش ناوچە ئەنجام دەدرێن و لە چواری ئاب دەست پێ دەکەن و لە حەوتی ئاب تەواو دەبن. هەفتەی رابردوو نانسی پێلۆسی لەگەڵ پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد و ئەمەیش کاردانەوەی توندی چینی بەدوادا هات و بووە هۆی تەشەنەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین. بەم جۆرە نانسی پێلۆسی بووە یەکەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە دوای ٢٥ ساڵ سەردانی ئەو دوورگەیە بکات. پێشتر لە ١٩٩٧ کاتێک نەوت گرینگیچ ئەو پۆستەی هەبوو سەردانی تایوانی کرد.
هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەم مانگەدا (ئاب) لەتەواوی هەرێمدا دەست بە دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە دەکرێت کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دابوو. لەوبارەیەوە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 08-08-2022 بەمیدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە "بڕیارە ئەم مانگە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە بکرێت و هەوڵدەدرێت بە کەمترین ماوە تەواوبن". وتیشی: "یەکە نیشتەجێبوونەکان لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ هەن و بەیەکەوە دەست بە دروستکردنیان دەکرێ". سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کردووە: "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شوقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت." لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت هەڤاڵ سدیق دەڵێت: "هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪ بێت بە قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە یەک قۆناخ وەربگیرێت بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ." بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەو یەکانە "قۆناخی یەکەمە، بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون."