هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2022دا هێزەکانیان زیاتر لە 21 هەزار کەسیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکردوە و لەم کاتەشدا 10 هەزار و 637 کەسیان بە فەرمانی دادوەری دەستگیرکراون. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی رابردو هێزەکانیان نۆ هەزار و 303 دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر روداوی جۆراوجۆر کردوەتەوە و 90%ـی دۆسییەکان یەکلاییکراونەتەوە. وتیشی، بەراورد بە ساڵی 2021 روداوەکانی کوشتن کەمیکردوە، بەجۆرێک ساڵی رابردو 41 روداوی کوشتن هەبوە و ساڵی 2021ـیش 61 روداوی کوشتن هەبوە. باسی لەوەشکرد، ساڵی رابردو 212 کەس دەستگیرکراون کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق وهەرێم فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوە، هەروەها 690 دۆسیەی دیکەی تایبەت بە خراپ بەکارهێنانی ئامارەکانی پەیوەندیکردنیش هەبوە.
رێبەری ئێران خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتەکە بە ناپاکیی تۆمەتبار کرد و داوای کرد دادپەروەرانە سزا بدرێن. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێترین وتاریدا ئەمڕۆ دوشەممە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کردوە و داواشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کرد ئەو خۆپیشاندەرانە سزا بدرێن. بە وتەی خامنەیی ئەوانەی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە ئامانجیان رەخنە و چاکسازیی نەبوە و بەڵکو ویستویانە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو ببەن. رێبەری کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە گومان لە ناپاکیی خۆپیشاندەران نییە بۆیە دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە توندترین شێوە روبەڕوی ئەو کەسانە ببنەوە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە. خامنەیی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتویەتی: دەبێت سزاکان دژی خۆپیشاندەران کە ئەو بە ئاژاوەگێڕ و ناپاک ناوی هێناون، توند و دادپەروەرانە بێت. ئەو وتانەی رێبەری ئێران لە کاتێکدایە چەند رۆژ پێش ئێستا لە کۆبونەوەی لەگەڵ ژنانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی وتی نابێت هەر ژنێک کە سەرپۆش و باڵاپۆشی بە پێی یاساکانی شەرع نەبو بە دوژمنی دەسەڵات و دین لە ئێران
هاوڵاتی لە هێرشێکی مووشەکیی سوپای رووسیادا بۆسەر ناحیەی شیڤچینکۆڤ سەربە قەزای کوپیانسکی لە ناوچەی خارکێڤ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کەسێک گیانی لەدەست دا و حەوتی دیکەیش برینداربوون. کیریلۆ تیمۆشینکۆ جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا، بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی رووسیا هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر ناحیەی شیڤچینکۆڤ و مووشەکەکان لە بازاڕی ناحیەکە کەوتوونەتە خوارەوە. وتیشی، لە هێرشەکەدا، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵان گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لەسەر کارەکانیان. هاوکات،سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی ناوچەی خارکێڤ (پارێزگار)، ئۆلیگ سینیگوبۆڤ لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە لەنێو بریندارەکاندا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان هەیە. نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیاش باسی لەوە کرد کە پێشبینی دەکەن هێرشەکە لە رێگەی سیستمی مووشەکیی S-300ەوە ئەنجام درابێت.
حکومەتی یۆنان رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٣٠٠ قاچاخچی مرۆڤیان لەسەر سنوری تورکیا دەستگیرکردووە. حکومەتی یۆنان کە وڵاتەکەیان یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی قاچاخ بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئاماری بەرەنگاربوونەوە قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە ئاشکرا کرد. تەکیس تیۆدۆریکاکۆس وەزیری پاراستنی هاوڵاتیانی یۆنان بە رادیۆی سکای وڵاتەکەی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا تەنها هەزار و ٣٠٠ قاچاخچی مرۆڤ لە نزیک روباری مەریچ لەسەر سنووی تورکیا دەستگیرکراون. تیۆدۆریکاکۆس ئاماژەی بەوەکرد، هەر لەو ساڵەدا رێگری لە 256 هەزار پەنابەر کراوە کە روباری مەریچەوە بپەڕنەوە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی چوونە ناو یۆنانیان داوە، بەراورد بە ساڵی پێشوو دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٨٠٠ کەس. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩ هەزار و ١٥٧ کەس بووە. کۆماندۆکانی سنوری یۆنان بە پاڵپشتی هێزەکانی پاراستنی سنورەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵانی رابردوودا رێوشوێنی توندیان لە سنورە وشکانی و دەریاییەکان گرتووەتە بەر، بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ حکومەتی یۆنان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا کە دەیانەوێت بۆ ژیانێکی سەلامەت بچنە ئەوروپا. بە گوتەی حکومەتی ئەسینا، حکومەتی تورکیا گوشار دەخاتە سەر کۆچبەرەکان و پێیان دەڵێت 'یان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆتان یان بە نایاسایی دەچنە یۆنان'. دەسەڵاتدارانی یۆنان دەڵێن، فشارستنە سەر پەنابەرانی سوریا، بەرلە هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا زیادی کردووە.
بەفربارینی زۆر لە شاری وانی باکوری کوردستان هاوتوچۆ لەناو شارەکەدا ئاستەنگ دەکات و لە شاری قارسیش بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک 15 خوێندکار بونە قوربانیی. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، بڵاویکردە شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین ناوچەکانی پارێزگای وانی گرتوەتەوە و زیاتر لە 30 سانتیمەتر بەفر لەناوەندی شارەکەدا باریوە و رێگای نێوان گەڕەکەکانی شاری وان داخراون و تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی پاککردنەوە و کردنەوەی رێگاکەن. لەلایەکی دیکەوە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی وان ئەمڕۆ پرۆسەی خوێندن لە سەنتەری ئەو شارە راگیراوە و پشو راگەیەنرا. ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی سەرما و بەفر چند پارێزگایەکی باکوری کوردستانی گرتوەتەوە و ناوچەشاخاوییەکان زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە و رێگای دەیان گوند گیراون. هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بەیانى ئەمڕۆ لە سنورى شارۆچکەى زاروشاد لە پارێزگاى قەرس لە باکورى کوردستان، مینى پاسێکى گواستنەوەى خوێندکاران دواى ئەوەى شۆفێرەکەى کۆنتڕۆڵ لەدەست داوە وەردەگەڕاوە و بەوهۆیەوە خوێندکارێکى تەمەن 13 ساڵ گیانی لەدەستداوە و 14 خوێندکارى دیکە بریندار بون. سەرچاوەکانى هەواڵ لە باکورى کوردستان ئاشکرایان کردوە کە تیمەکانى فریاگوزاریی چونەتە شوێنى روداوەکە و سەرجەم خوێندکارە بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستوەتەو و شۆفێرى مینى پاسەکەی لەلایەن پۆلیسەوە بەمەبەستى لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنى هۆکارى روداوەکە دەستگیر کراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دوو شەممە 9ی کانونی یەکەمی 2023، کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانی کەمی پچڕپچڕ و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەتی ناوچە سنورییەکانی باکور، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی هەرێم رێژەی دابارین زیاتر دەبێت بە تایبەتی لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، پاشان کەش بەرەو سەقامگیر بون دەچێتەوە بۆکاتەکانی ئێوارە، ئەگەری دروستبونی تەمومژ هەیە زیاتر لە ناوچە بەرزەکاندا. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاند: "ئاسمان ساماڵ دەبێت، ئەگەری دروستبونی تەم هەیە بە تایبەتی لە کاتەکانی بەیانی زودا، پلەی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە وە لە ناوچە شاخاویەکانی سنوور نزمتر دەبنەو بە (1-2)یلە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە ڕاگەیاند: هەولێر: 11 پلەى سیلیزى سلێمانی: 8 پلەى سیلیزى دهۆک: 11 پلەى سیلیزى کەرکووک: 12 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 8 پلەى سیلیزى زاخۆ: 10 پلەى سیلیزى سۆران: 6 پلەى سیلیزى گەرمیان: 14 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا و وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاشکرایانکرد لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینی و ٥٠ سەربازی رووسی ئازادکران. لەوبارەیەوە سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا، ئاندرێ یەرماک لە پەیامێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند ٥٠ سەربازی ئۆکراینی لە ئەنجامی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا ئازادکراون. یەرماک، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دوایین دیل گۆڕینەوە نابێت و گوتی: “ئەرکمان، گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییەکانمانە و ئەمە جێبەجێ دەکەین”. هاوکات بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە ٥٠ سەربازی رووسی لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی ئازادکراون. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەش روونکراوەتەوە کە سەربازەکان بە فڕۆکەی وەزارەتەکە گەیەندراونەتە مۆسکۆی پایتەخت و چارەسەری پزیشکی و دەروونییان پێشکەش کراوە. جێگای ئاماژەیە دوایین گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرابوو.
هەدەپە دوای راگرتنی ئەژمارە بانکییەکانی کەمپینی هاوکاریی دارایی رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات دوای دیاریکردنی کاندەدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە تورکیا ئامادەن دانوستان لەگەڵ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بکەن. مەدحەد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، پارتەکەی ئەوان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە تورکیا دیاریی دەکەن بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە دەرگای دانوستانیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە داخەن. هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد کە دوای دەستنیشانکردنی کاندیدەکەیان ئەگەر کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوا بکات ئەوا ئەوان ئامادەن دانوستان بکەن لە پێناو پشتیوانیکردن یا نەکردنی کاندیی ئۆپۆزسیون لە هەڵبژاردنەکاندا. مەدحەد سانجار جەختی کردەوە، ئەگەر هەمو لایەنکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئێرادەیەکی هاوبەشیان هەبێت ، دەتوانن لە هەڵبژاردنەکانی پەلەمان و سەرۆک کۆماریی دا بەرامبەر دەسەڵات سەرکەوتن بەدەست بهێنن. لە لایەکی دیکەوەهەدەپە بەهۆی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی لە لایەن گەنجینەی تورکیا کەمپینی هاوکاریی و پشتیوانیی بۆ پارتەکەی رادەگەیەنێت. دوای ئەوەی دادگای دەستوری تورکیا بڕیاریدا ئەژمارە بانکییەکانی هەدەپە رابگرێت، ئەو پارتە لە ئێستادا ئامادەکاریی دەکات بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی. سایتی گازەتەدوڤار بلاوی کردوەتەوە؛ ئەگەر راگرتنی ئەژمارە بانکییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە نەبوایە ئەو پارتە تا 10ی ئەم مانگە نزیکەی نۆ ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەردەگرت و بە گشتی لە ئەمساڵدا نزیکەی 29 ملیۆن دۆلار دەدرایە هەدەپە. سەرچاوەکە ئاشکرای کرد هەدەپە بریارە تانە لە دادگای دەستوریی تورکیا بدات و هاوکات ئامادەکاریی دەکات بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی. ئەوەش لە کاتێکدا بەرپرسانی هەدەپە جەختیان کردوەتە هەدەپە و پارتەکانی کوردی پێش ئەو بە بەردەوامی لە هەرڵبژاردنەکاندا پشتیان بە هاوکاریی گەنجان و پشتیوانیی گەل بەستوە.
هاوڵاتی بەرپرسێکی ئێزیدییش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەڵێت، تا ئێستا پەرلەمانی ١١ وڵات دەنگیان لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزیدی داوەو وا بڕیاریشە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر بەجینۆسایدناساندنی پرسی کوردانی ئێزدی بدات و و ئەگەر ئەڵمانیاش بڕیار بدات کاریگەریی دەبێت. سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاندووە: "بڕیارە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی بدات، بڕیاردان لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لە جیھاندا، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەڵمانیاوە کە بەگشتی لەسەر ئاستی جیھان سەنگی خۆی ھەیە.'' بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان دەشڵێت: "لە ئەڵمانیا ٢٥٠ ھەتا ٣٠٠ ھەزار کوردی ئێزدی ھەن، لەبەر ئەوەیش بۆ ئێمەی کوردانی ئێزیدی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا گرنگیی خۆی ھەیە.'' سعود مستۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا ئێستا پەرلەمانی ١١ وڵاتی ئەورووپی دەنگیان داوە لەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزیدی ھاتووە و ھەوڵەکانی ئێمەیش چ وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چ وەکوو کوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پرسی کوردانی ئێزیدی بەجینۆساید بناسێندرێت.''
هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی ماڵپهڕی جیۆی فهرهنسی، باس لەوە كراوه، شێرپهنجهی خوێن، شێرپهنجهی لیكهڕژێنی دهرهقی، نهخۆشی باركنسۆن و چهندین جۆری دیكهی نهخۆشی خراونهته پاڵ ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا. لهوهتهی ههڵگیرساندنی جهنگی ئۆكرانیا له 24ـی شوباتی 2022ـهوه، لهبارهی تهندروستی پوتنهوه، پڕوپاگهندهی زۆر بڵاودهبنهوه، له بههاری ساڵی رابرودوش هەواڵێک لەبارەی خراپی تەندروستی پۆتن بڵاوکرایەوە بەڵام دواتر لاڤرۆڤی وهزیری دەرەوە ڕەتیکردوە لهبارهی جێگرهوهی سهرۆكی رووسیا، ئهو ماڵپهڕه باسی لهوه كردووه، به پێی ههمواری دهستووری رووسیا له ساڵی 2020، خولهكانی سهرۆكایهتی پوتن سفربوونهتهوه و دهستوور رێگهی به پوتن داوه تا ساڵی 2036 بمێنێتەوە ئهو ماڵپهڕه فهرهنسییه ئاماژە بەوە کردوە، ئهگهر پوتن له دهسهڵات كشایهو، نەما بەپێی مادەی چوارهمی ماددهی 92ـی دهستووری رووسیا، سهرۆك وهزیران دهسهڵاتهكه دهگرێته ئهستۆ، سهرۆك وهزیران دهتوانێت ڕاستەوخۆ بچێته شوێنی ، ئهگهر پۆتن بیهوێت كهسێك له شوێنهكهی خۆی دابنێت و جێی متمانهی ئهو بێت، ڕاستەوخۆ ناوی نیكۆڵای باترۆشیڤ سهرۆكی ئێستای ئهنجوومهنی ئاسایشی رووسیا دێته یادی رووسهكان، جگە له وهزیری بهرگری سێرگی شویگۆ باشترین بژاردهی پوتنه، ئهو ماڵپهره فهرهنسییه پێیوایه، نیكۆلای باترۆشیڤ دهستهڕاستی ڤلادیمیر پوتنه
دوو گەنجی دیکە لە ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و بۆ رێگریی لە جێبەجێکردنی سزای ئەو دوو گەنجە خۆپیشاندان لەبەردەم شوێنی زیندانییکردنیان کرا. شەوی یەکشەممە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەگەری لەسێدراەدانی دوو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک چونە بەردەم زیندانی (رەجایی شەهر) لە کەرەج و داوای راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجەیان کرد. محەمەد برۆغنی تەمەن 19 ساڵ و محەمەد قوبادلو تەمەن 22 ساڵ کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و شەوی یەکشەممە دوای گواستنەوەیان بۆ ژوری تاکەکەسی زیندان بە مەبەستی لەسێدارەدانیان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک چونە بەردەم زیندانی رەجایی شەهر. پارێزەری محەمەد برۆغنی، رایگەیاند؛ داوای تێهەڵچونەوە لە دادگای باڵای ئێران کراوە و دەبێت بە زوترین کات سزای سێدارەکە راگیرێت. تا ئێستا بە بەبیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 100 کەس سزای سێدارە دەیان گرێتەوە و سزای سێدارەی چوار گەنجیش جێبەجێ کراوە.
هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆی سەرۆکی پێشووی بەڕازیل هێرش دەکەنە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی ودادگای باڵا وکۆنگرێس. لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیمەنی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس وکۆشکی سەرۆکایەتی و دادگای باڵا لەلایەن لایەنگرانی جاییر بۆلڵسۆنارۆ دەردەکەوێت کە بەسەر دیوارەکان وبەربەستەکانی بیناکاندا سەردەکەون وپەنجەرەو کەلوپەلەکان دەشکێنن. بەرپرسان ڕایانگەیاندووە، کە ڕووداوەکە لەرۆژی یەکشەممەدا روویداوە کاتێک کە یاسادانەران وبەرپرسەکانی دیکە لەکاتی دەوامدا نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگرانی جایر بۆلسۆنارۆ شەقامەکانیان داخستووە و ئاگریان لە ئۆتۆمبێلەکان بەرداوە، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤای سەرۆکی نویی بەرازیل، لایەنگرانی جاییر بۆڵسۆنارۆ پێیان وایە ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش هاوشێوەی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکایە لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە کە گوایا ساختەکاری کراوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
